بابه ته كانبه شی کوردیبیروڕامطالب جدید

دکتۆر عەلی قەرەداغی ،تاوانبارکردنی ئیسلام بە پشتیوانی توندڕەوی، تێنەگەیشتنە لە جەوهەری ئیسلام

دکتۆر عەلی قەرەداغی ،تاوانبارکردنی ئیسلام بە پشتیوانی توندڕەوی، تێنەگەیشتنە لە جەوهەری ئیسلام

دکتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری گشتی یەکێتی جیهانی زانایانی مسوڵمان جەختی کردەوە لەسەر ئەوەی کە ڕەوا نیە تیرۆر بخرێتە پاڵ ئاینە ئاسمانیەکان، چونکە تیرۆر ئاینی نیە، پاشان ووتی هەموو ئاینە ئاسمانیەکان ئامانجیان بڵاوکردنەوەی سۆزرو خۆشەویستیە و ئاشتیە لە نێو گەلانی جیهاندا، لەبەر ئەوە جائیزنیە کە تیرۆر بەهیچ ئاینێکی ئاسمانیەوە بلکینرێت، بەتایبەتیش ئیسلام، کە بەداخەوە لە ئێستادا بەتاکە ئاینی پشتیوانی لە توندڕەوی دنیا دەکرێت، کە ئەمەش لە ڕووی واقیع و دەق و زانستەوە ڕاست نیە .

ئەم ووتانەی قەرەداغی لە میانی بەشداری کردنی لە کۆبوونەوەی دووەمی گفتوگۆی ئاینەکان کە لە دۆحەی پایتەختی قەتەر بەسترا لە ژێر ناوی (شێوازو هۆکارەکانی بەلەرزە خستنی ئاسایشی فیکری و ئەخلاقی) لە ڕۆژی یەکەمدا دکتۆر قەرەداغی ووتەیەکی پێشکەش کرد بەناوی (ئاسایشی ڕۆحی و فیکری لە ژێر ڕۆشنایی ڕێنمایەکانی ئایندا) ئەویش بە بەشداری زیاتر لە (۵۰۰) کەسایەتی دەرەوەو ناوەوەی قەتەر بوو .

دکتۆر قەرەداغی ووتی هەموو لایەک بەڕونی ئەوە دەزانێت کە مسوڵمانانی فەڵەستین لە ئێستادا زۆر ترین گرفتیان هەیە بەدەست توندڕەوی جولەکە ئیسرائیلیەکانەوە، لەگەڵ ڕودانی ئەو دەقە نوێیەشدا، بەڵام نابینین کە ئاینی جولەکە بەتوندڕەوی تاوانبار بکرێت .

پاشان ووتی مێژوو ئەوەمان بۆ دەردەخات کە خاچ پەرستەکان چیان کرد بە مسوڵمانانی بۆسنەو هەرسک، بەڵام کەس ئاینی مەسیحی تاوانبار نەکرد، هەروەها بوزیەکان و هندۆسەکان، بینیمان چیان کرد بە مسوڵمانانی بۆرما لە کوشتن و سەربڕین .

بەڵام هیچ کەس بە توندڕەو ناوی نەبردن، بەڵام ئایا بۆچی شەوو ڕۆژ ئیسلام تاوانبار دەکرێت بە توندڕەوی و تیرۆر، لەکاتێکدا کە قورئانەکەی بە (بسم الله الرحمن الرحیم) دەست پێ دەکات کە ئەمەش بەڵگەی سۆزو بەزەییە بۆ هەموو جیهانیان .

دکتۆر قەرەداغی داوای لە ئامادەبووان کرد لە هەموو ئاینەکان کە لەسەر کۆمەڵێک پێشنیار ڕێک بکەون، ئەویش لە پێناو بڵاوکردنەوەی ئاشتی و ڕێکەوتن و پێکەوە ژیان لە نێوان هەموو گەلانی جیهاندا سەرەڕای، جیاوازی ئاینەکانیان، لەوانەش :

یەکەم / ئێمە خاوەنی ئاینەکان لەسەر ئاستی جیهان پێویستە لە گوتارەکاندا واز لە تاوانبارکردنی یەکتر بهێنین و تاوانی توندڕەویش نەخەینە پاڵ هیچ ئاینێک .

دووەم / دەستبکەین بە چاکسازی بۆ چوونی فیکری توندڕەوەکان .

سێیەم / سەرکردە ئاینیەکان هەموو ئاینە ئاسمانیەکانی لەسەر کۆمەڵە ڕێسایەک ڕێک بکەوین، بۆ ئەوەی زیاتر هاوکاری تێگەیشتنمان لەگەڵ یەکتر هەبێت .

چوارەم / هەموومان هەوڵبدەین کە توندڕەوی ئاینی و زوڵم و ستەمکاری نەهێڵێن .

پێنجەم / ئەو ڕاستیە چەسپاوە کە ناکرێت فیکری توندڕەوی بەتەنها بەهێز چارەسەر بکرێت، ناکرێت فیکری ئیسلامی بە فیکری عەلمانی چارەسەر بکەین، بەڵکو چارەسەر لە فیکری ئیسلامی میانڕەو دایە .

پاشان دکتۆر قەرەداغی داوای کرد کە لەسەر ئاستی جیهانی کۆنگرەیەک ساز بکرێت بۆ ڕێگەگرتن لە سوکایەتی بەهەر ئاستێک، بەپێویستی زانی هەر لەم کۆنگرەیەدا ئەوەش یەکلابکرێتەوە .

پاشان ووتی ئیسلام هاتووە بۆ ئەوەی پارێزگاری لەهەموو ناوەندەکانی خوا پەرستی بکات لە (کەنیسەو مەعبدو مزگەوت) و تەنانەت جیهاد دژی هەرکەسێک بکات ڕێگە لە ئازادی ئاینی بگرێت، لە ئێستادا تێگەیشتنی هەڵە لە ئیسلام هەیە، دەبێت ئەو هەڵانە ڕاست بکرێنەوەو تێگەیشتنی باش دروست بکرێن، لە کۆتایدا ووتی پێویستە ئێمە نەچینە ناو خاڵە ناکۆکەکان و زۆرتر جەخت لەسەر خاڵە هاوبەشەکان بکەینەوە ئەویش بۆ ئەوەی بواری یەکتر ناسین و پێکەوە ژیان فەراهەم بکەین بۆ هەموو گەلان و ئاینەکان .

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا