به شی کوردیشيعر و ئه ده بمطالب جدید

کەڕەنای بەهاریی

کەڕەنای بەهاریی

دیسان لەم تەمەنە کورتە ، وا نەوبەهار گەڕایەوە … فەرهەنگەکەی پەڕە پەڕە کرایەوە … بەفری چیا دڵۆپ دڵۆپ توایەوە … جارێکی تر گیا لە خاکا ڕوایەوە … چرۆی گۆپکەی درەخت پشکوا و گەڵا گەڵا کرایەوە … دەشت و نزار ڕازایەوە … بەم کەڕەنای بەهارییە زیندەوەریش بوژایەوە … مەلومۆر و مێشومەگەز خولایەوە … باڵندەش لە گەشتی دووری گەرمەسێری گەڕایەوە .
.
ئەم بەهارە تازە لاوە … ڕەشماڵێکی وای هەڵداوە … لە گشت لاوە … سفرەیەکی ڕاخراوە … دەنگی مەلە … خوڕەی ئاوە … قاڕە و باعە و بۆڕە و جیکەی تازە زاوە … کەژوکۆ وەها خەمڵاوە … چی منداڵ و ژن و پیاوە خرۆشاوە … جوتیار وا لەناو دێبەردا … گیاچن بۆ دەشت ملی ناوە .
.
جار جار بارانێ دەبارێ بەسەر گوڵی بۆن عەنبەرا … پەلکە زێڕینە لەو بەرا … چەتری دەگێڕێ بەسەرا … وەک چارشێوێک کەدرابێت بەسەری خاتو دولبەرا … ئەوەندەی تر ڕەونەقی دەکا بەبەرا … دیسان خۆر دەکەوێتەوە … گیا بەڕویدا دەشنێتەوە … زەماوەندی گوڵ و دارە و دەستیان لەیەک نابێتەوە .
.
وەرزی ناوازەی بەهاریی … لە چرۆ و پەلکی چنار و مازووداری … لە سوریی گوڵی هەناری … لە چوزی سەر بنجی پاری … بریقەی ئاوی بناری … هەنگی ئازای گەرمەکاری … ڕێچکەی مێروولە و تۆماری … دیمەنی هەزار هەزاری … لە ڕوباری … لە کەناری … لەپێدەشتی … لە نزاری … بە هیچ کەس ناکرێ ژماری .
.
وەرزی بەهار … پڕ لە گوڵی ئاڵوواڵ و … ڕاوی داڵ و … بەزم‌وڕەزم و قرپ‌وقاڵ و … لەنجەی داری بەر شەماڵ و … کەوی گەردن‌پڕلەخاڵ و …هەزار هەزار نەخش و نیگار … ئادەمی بۆ بینایی خۆت جار لەدوای جار ناخەیتە کار … بۆ نەخشاوی پەروەردگار … بۆ ئەو خامەی کە کەوتە کار … ئەو خەتانەی کردە نیگار … تۆوی بچووکی کردە دار … کوخی زستانی کردە شار .
.
کاتێ فەرمانی خودایی بەهار دێنێ … دەسەڵاتی خۆی دەنوێنێ … هەور بەقار دەگرمێنێ … تاوە باران دەبارێنێ … گیا دەڕوێنێ … زیندەوەران دەجۆشێنێ … سەرو خوار وا دەنەخشێنێ … بەهار بەحەشر دەچوێنێ … ژیران بەئاگا دەهێنێ … بەڵام گێلان هەر لە غەفڵەتدا ڕۆدەچن … کە دەڕوانیت ، لە بەرد دەچن … دەڵێی مەستن ، ڕانامێنن ، دێن و دەچن … دەڕۆن و لاناکەنەوە … بۆ ساتێ بیرناکەنەوە … چاویلکە چڵکنەکانی چاوی دڵ پاک‌ناکەنەوە .
.
هەموو ساڵێک کە بەهار سەردەداتەوە ، ئەم ژینە نوێ دەکاتەوە … پێشانگایەک دەکاتەوە … خەم لە دڵدا دەشواتەوە .
.
بەهار جوانترین وانەیە … چی دەبینی ، ئەندازەیە و پێوانەیە … ئەم خەریکی بەزم و سەما و ئەو خەریکی هێلانەیە … قژی قەرسیل لەبەر شەماڵدا شانەیە … مەل لەدوای گوڵ پەروانەیە … پەککو بەهار سفرەیەکی پڕ بەخششی شاهانەیە … ئەوەی کە لێی ڕانامێنێ ماڵی دڵی وێرانەیە .
.
خامە لە وەسفی بەهارا دەسەوسانە … ئەوەی دەیڵێت ؛ دەنگی بلوێری شوانە … هەرچی بڵێت هەر ناتەواو … ئەو قەشەنگ و ئەم حەپەساو … ئەو خێرایە و ئەم خاوەخاو … بۆ ئەم نەوبەهاری ساڵە … ئەم ئاهەنگ و کەرنەڤاڵە ، ئەم گوڵزارو ئاڵوواڵە … ئەم چنراوو خەت‌وخاڵە … خامەکەی من هەرچی بڵێت ، وڕێنەیە و گڕوگاڵە .
.
خودا ئەم وەرزی بەهارە … هێمای لوتکەی تواناییە … ئاماژەی ڕوونی توانست و داناییە … بەڵگەی هێنانی جیهانی کۆتاییە … تا تێبگەین بەهەشتیش وەک بەهارێکە و هەرگیز هەرگیز بەسەرناچێ … بەڵام بەهارەکەی بەهەشت لە جوانی و خان‌ومانیدا لەم بەهارەی دنیا ناچێ .
.
دەسا خوایە … دوای ئەم بەهارە کاتیە … بمانکە بە گەشتیاری ئەو بەهارە بێ‌کۆتاییە .
_ــ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_
بەهاری ۲۷۱۶
مانگی ۳ی ۲۰۱۶
۲۰۱۶/۳/۱۶
مامۆستا غەریب پێنجوێنی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا