کۆ مەڵایەتی کلتووری سیاسیمقالات ارسالی

یەکگرتووش وەک نەهزەی تونسی کرد

یەکگرتووش وەک نەهزەی تونسی کرد

عادل باخەوان بەراوردێکی جوانی کردووە لەنێوان نەهزەی تونس و یەکگرتووی کوردستان و لەنێوان کەسایەتی ڕاشید غەنوشی و سەڵاحەدین محمد بەهادیندا کە دەڵێت :”لەنێوان ئەم دوو حیزبەدا چەندین خاڵی هاوبەش هەن. مێژووی دروستکردنی یەکەم رووبەری جوڵانەوەیان دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی پەنجاکانی سەدەی رابردوو. وەکو یەک، دوو منداڵی شەرعیی قوتابخانەی ئیخوانن. لە مێژووی سیاسیی هەردووکیاندا، دوو دیکتاتۆری خوێناوی، بن عەلی نەهزە و سەدامی یەکگرتوو، ئامادەن و ئەم دوو دیکتاتۆرە بە دوو دەستی پۆڵایین لە نەوەکانی ئەم قوتابخانە سیاسیە فیکریەیان داوە و لیستی ژمارەی قوربانیەکانیان درێژە. هەردوو حیزب بەقۆناغی ئیسلامیزمدا تێپەڕیون (ئیسلامیزم بەمانای تێکۆشان لەپێناوی دروستکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی کە نەک هەر شەریعەت جێبەجێ دەکات، بەڵکو ئیسلامیش ئایدیۆلۆژیا فەرمیەکەی دەبێت). هەردوو حیزب لە پاش دوو راپەڕینی مەزنەوە و بە فەرمی دەبن بە دوو هێزی سەرەکی لەنێو کێڵگەی سیاسی نیشتمانیدا، یەکگرتوو پاش راپەڕینی ۱۹۹۱ و نەهزەش پاش راپەڕینی ۲۰۱۱٫ خاڵێکی هاوبەشی بەهێزی نێوان ئەم دوو حیزبە بریتیە لە ئامادەیی دوو کەسایەتی کاریزماتیک لە سەری سەرەوەی پەیکەرەکەیاندا: راشید غەنووشی لە تونس و سەلاحەدین بەهائەدین لە کوردستان. دوو ئەکتەر بەدرێژایی مێژووی ئەم دوو حیزبە، بەتایبەتی لە هەشتاکانی سەدەی رابردووەوە تا ئێستا، ئەم دوو ئەکتەرە: راشید غەنووشی و سەلاحەدین بەهائەدین، وەک دوو سەرمایە، دوو سەرچاوە، دوو سامبۆل، دوو زاتی تا ئاستێکی بەرز تەقدیسکراو لە یادەوەریی دەستەجەمعی ئەندام و لایەنگرانیاندا بیناکراون. لەم دوو حیزبەدا، دەکرێت مۆڵەت بە زۆر شت بدرێت، بەڵام دەستبردن بۆ قودسیەتی ئەم دوو سەرمایە رەمزیە، جۆرێکە لە گوناه کە رەنگە هەرکەسێک بیکات، ـ ــ ـ ـ ـ ـ ـ ـ، دواتر نەفرەتی لێبکرێت و بە پەراوێزەکان بسپێردرێت. خاڵێک کە جێگای تێبینییە و دەکرێت بەخێرایی ئاماژەی پێبدەین، بریتییە لەوەی کە غەنووشی و بەهائەدین بەرهەمی قوتابخانەی دنیایین و سەر بەو گرووپە کۆمەڵایەتییە نین کە لە مێژووی موسوڵماناندا بە “زانایانی ئاینی” ناسراون. هەروەک چۆن لە قوتابخانەی جمهوریەتدا خوێندوویانە، ئاواش مامۆستای هەمان قوتابخانە بوون. بە زمانێکی دی، دوو کەسی دنیایین کە لەسەری سەرەوەی هەرەمی دوو حیزبی ئاینیدان.”

باخەوان ئاماژەیەکی وردی بەهەندێ خاڵی لێکچونی ئەو دوو هێزە و ئەو دوو کارێکتەرە کردووە لەم کۆنگرەیەدا یەکگرتووەکان بەدەنگێکی بەرز و باش وەک تونسیانکرد بە گەڕاندنەوەی غەنوشی کوردستان بۆ شوێنی خۆی چونکە ئەوەی لە تونس دەکرێت بریتی نیە لە پەراوێزخستنی کاریزماکەیان وەک زۆرجار لێرە لەبەرگی جیاواز جیاوازدا بانگەشەی بۆ دەکرێت ئەوەی لە تونس ڕویدا بریتی بوو لە دانانەوەی غەنوشی بە ۸۰۰ دەنگ بۆ ئەوەی قۆناغی ڕاگوزەری نەهزە وتونس سەرپەرشتی بکات بەهەمان شێوەیش یەکگرتوو مامۆستا سەڵاحەدینیان دانایەوە بە ۸۰۱ دەنگ بۆ سەرپەرشی کردنی قۆناغی ڕاگوزەری یەکگرتوو و کوردستان لەگەڵ ئەوەی کە دەبێت زۆر بەجددی ژینگە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فیکریە جیاوازەکەی کوردستان و تونس لەبەرچاو بگرین ئەگینا توشی هەڵەی بەخەیاڵی کەناردەریاکانی تونس پیاسەکردن لە سەهۆڵەکە و بەرچایخانەی مەچکۆی و شەعب نامانگەیەنێتە هیچ جێیەک

ئەبێت ئەوەمان لەبەرچاوبێت کە نەهزەی تونس کۆنگرەی دەیەمیەتی و یەکگرتوو کۆنگرەی حەوتەم ئەبێت لەبەرچاومانبێت نەهزە ئێستا سەرۆکی پەرلەمان و حیزبی یەکەمی تونسە و یەکگرتو هێزی چوارەم و بێ دەسەڵات لەبڕیار و بودجەی هەرێم ئەبێت لەبەرچاومان بێت تونس کێشەی نەتەوەیی نیە و کوردستان هێشتا کێشەی نەتەوەیی هەیە و دەنگی هێزە نەتەوەییەکان بیستراوترە لە هێزێکی مەدەنی ئەبێت لەبەرچاومان بێت تونس عەلمانیەتێکی دیکتاتۆر و توندڕەوی کۆمەڵایەتی دەیان ساڵ دەسەڵاتداربووە و سەرپۆش و هەموو ڕەمزێکی ئیسلامی قەدەغەبووە و زۆرئاساییە ئێستا ئافرەتێکی دیندار هەبێت سەرپۆشی نەبێت چونکە لەخوێندن و کارکردندا قەدەغەبووە پێچەوانەی عێراق کە عەلمانیەتێکی دیکتاتۆر بوو بەڵام لەڕوی کۆمەڵایەتیەوە ڕوکەشی دینی دەپۆشی کە لەم دواییەوە پشتیوانێکی گەورەی گەشەی سەلەفی مەدخەلی بوو لەعێراق لەژێر ناونیشانی هەڵمەتی ئیمانی و لەکوردستانیش بەهەمان شێوە دەسەڵاتداران نەک دژایەتی شکڵگەرایی دینی ناکەن بەڵکو پشتیوانی مەدخەلین وەک لوتکەی شکڵگەرایی دینی و زیاد لەوە یەکیەتی و پارتی موزایەدەی دینیش بەسەر ئیسلامیەکاندا دەکەن

لەوەیش گرنگتر ئەبێت لەبەرچاومانبێت لەتونس هەڵبژاردنی ڕاستەقینە هەیە دوای بەهاری کەلانی ۲۰۱۱ و شۆڕشی ئاشتیانەی تونس و لەکوردستان سەرۆکی پەرلەمان چەند چەکدارێکی حزبی ڕێگەی نادەن بچێتە پەرلەمان و هێزی یەکەمی سلێمانیش بیت ناتوانیت پارێزگارت هەبێت و هێزی دووەمی کوردستانیش بیت بە ۲۴ کورسیەوە بەقەدەر هێزێکی کارتۆنی ڕەنگ و بودجەت نابێت

لەپێش هەر هەموو ئەوانەوە پێویستە بەڕونی ئەوە بزانین کە کۆپیکردنی هەر تەجروبەیەک هەڵەیە و کاتی خۆشی دەهۆڵی زۆز بۆ کۆپی کردنی تەجروبەی ئاک پارتی لێدرا ئێستا ناویشی لەهیچ باسێکی ئەم پرۆسەیەدا نابرێت

ئەگەر هەمو ئەوانەی سەرەوە لەبەرچاوبگرین لەگەڵ بەراوردەکەی ڕێزدار عادل باخەواندا ئەتوانین بڵێین یەکگرتووش بەبێ چاولێگەری هەمان ئەوەی کرد کە نەهزەکردی دانانەوەی غەنوشی کوردستان بۆ سەرپەرشتی کردنی قۆناغێکی ڕاگوزەر و هەستیاری یەکگرتوو و کوردستان ئەم قۆناغە ڕا گوزەرە وەک نەشتەرگەری چاندنی گورچیلە وایە پێویستی بەدکتۆرێکی سەرپەرشتیاری زۆر شارەزاو جێگەی متمانەیە کە لەکەشێکی گونجاودا پرۆسەی گۆڕینی گورچیلەکە ئەنجامبدا کە توشی ژەهراوی بون نەبێت ئەگەر نا نەک گورچیلە گۆڕینەکە نابێتە هۆی زیندوکردنەوەی و هەستانەو بەڵکو لە پزیشیکی دادوەری ئەنوسرێت بەهۆی شکست لەگۆڕینی گورچیلەکەیدا و نەبونی کات و ژینگەی گونجاو بووە هۆی مردن و لەناوچونی یەکجارەکی.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا