بیروڕا

جوانترین دیمەن…

جوانترین دیمەن…

نووسەر: ماموستا ھێمن

نەدی و بدی نیم، وەک کارگ بە شریخەی ھەوری بەهاری ھەڵنە تۆقاوم، ئەگەر ھەڵوی بەرە فڕ نه بم بازی چاو دووراویش نیم، ئەگەر شێری خەوتوو نەبم خۆ رێوی گەڕیدەم.

ناز پەروەردە و ھەتاو نەدیونیم، جەفاکێش و جیھان دیدەم. گەرمێن و کوێستانم لێک داوە، ھەوراز و نشێوم بڕیوە، دەشت و بێروونم پێواوە، بەرکە و ژرد و تەرت وتەلانی ئەستەمدا سەرکەوتووملە  بەخڕ و شێو و دۆڵاندا تێپەڕیوم، لەگەوە و کوێرەڕی و لاپاڵان ھالاوم.

 لە کێوی سەرکەش و شاخی ھەڵەمووتو ھەار بە ھەزار ئارەقی ماندوویی و شەکەتیم ئەستریوە. لەزێی خوڕ و چۆمی مەندم داوە. لە دەروو وگەرووگایان ئاوا بووم.

لە بناری کێوێکی بەرز و رەقەن و سەخت و قووچ لە دایک بووم، بە ژەکی شێرە ژنێکی کورد رۆژووم کراوەتەوە و فرچکم گرتووە،لە سەر بێژینگ لە فێڵی ئاڵ و شەوە پلرێزراوم، گوێزە بانەم بۆ کراوە و لە لانک نراوم، سەر سینگەم پێداروە و بە دەسراز پێچراوملە  لایە لایەی کوردیم بۆ  کراوە و گوڵزارەی موت و موروو و کووژەکە و گوێ ماسیلەم بۆ  ھەڵاوەسراوە، دارە دارەم کردووە، بەرەو و رەوە پێم گرتووە.

بە شیر و ماست و توێ شیر و پپپەنیر و مەیلە و لۆرک و شیرێژورۆن بە خێو کراوم، ئاوی سارد و زوڵاڵ و روون و بێ خەوشی کانیاوم خواردۆتەوە.

شیوەڵە و پەڕەوازەبووم، لە نێو باخ و باخچە ئاڵو وباڵوو، گێلاس، شێلانە،ھەرمێ، سێو، ترێ، بادام و سنجووم رنیوە، لە بێستان ، ھاورێ ، ترێزوو، کالیار، شووتی، کاڵەک، گڕکە و فاتە بوڕم خواردووە.

لە دارە گوێزان جۆلانەم ھەڵاوە سیوە بە سپی چناری بەرز و لووس ھەڵچووم، شەوی مانگەشەو، قەرەقەرێ و خۆشاردنێکی و ھەی جۆیەنم کردووە.

بە رۆژ ھەلووکێن تۆەو راکردنێ و ھەمزەلم کردووە، گەورەتربووم فێری مێشێنو جگێن و ئەسکەملە بووم. بە جۆرابێن و کاڵە مستێن و فەنەی بێدەنگ و گەڕەلاوژە، شەوانی درێژی ساردی زستانم گەیانۆتە رۆژ، مژ و تەم، ھەورو ھەڵا و کڕێوە و باڕن و بەفری سپی و خاوێنی یەک نوام دیوە.گەیومە تەمەنی مێر منداڵی ، فێری سواری و راو بووم، رمبازی و شەرانخێوی و تەراتم کردووە تەقڵەم دا کوتاوە، جلیتم ھاویشتووە و پێدا دراوە.

دەستم بە جڵەو جەمام بووە. بەڵام ئەسپم لە سەر گوڵی مافوورە گێڕاوەتەوە، شوێنم گێڕاوە شینکەی مات و مەلوولم لە خوزە و گەرمەڵانی دەپەڕاندووە و تاژی چێ و خێرام تێبەر داوە.

سیاسووتی بە ھارێ، کۆلکەرەش و مێڕۆژان چوومە راوەکەو و داوم چەقاندووە و تفەنگم تەقاندووە. لە نێوە چووم و سەرەرای ئەو وەزریش و یاری یانەی لادێیانە خەریکی کارو کاسبی بووم، ناوم داشتووە، کەشاوم کێڵلوە، مەڵغانم گێڕاوە، گێرەم ولێ خۆڕیوە، خۆیانم ھەڵداوەتەوە و لە بەر شنەی زریانی فێنک شەنم کردووە، مالووسکم زرینگاندۆنەوە، باڵەکەوم کردووە، و خەرمانم ھەڵگرتووە.

ئاژوڵداریم کردووە، لەتەڕ و قوڕی بەھارێدا، لە کاتی « بخۆ و بلەرزە»  داچوومە ھەواری زەنوێر و سازگار و چادر و رەشماڵم لە سەرکانی سارد و زوپاپ ھەڵداوە،لە بن چادر دانیشتووم و خوناوەی بارانی نەرم دیوە، مەڕم لە بێر داوە و لابێرم گرتووە و زۆر جاریش خۆم لە سەر بەرد بێر دانیشتووم و مەڕم بۆ شەنگە بێریان گرتووە،ھاوێرم کردووە و زاوەماکم لێ خوڕیوە، مەڕی نەبانم گرتووە و بەرخی مێچکەم مێژاندووە.

پاڵێنان مەڕم لە بەندەنی فێنک ھەڵکردووە، مەڕم لەوەڕاندووە و بەرخم چەلاندووە و لە بەر خۆمەوە بەیت و لاوک و حەیرانم گوتووە، لە نواڵە بژوێن و زەمەند ، مەڕم شێوەخوارداوە و لە حەوشەی گەرم و بانەگردا رامگرتووە، و دەزبینم گرتووە و سەگم لە ورگی دزو جنوک و درندە بەرداوە و گیانی ئاژەلی ترسەنوکی بی ئازاری فەقیرم پاراستووە.

شەوێنان بە بزووتنی مەڕی دەس بێنێ راپەرێوم و بە وریایی چ تاریکە شەو بووبێ و چ مانگە شەو تا مڕ تێری خواردوە و کەوتۆتەوە بە دوای دا رۆیو و پاش سەخەوێکی خۆش وەک شوانێکی باش پێش گزنگی ھەتاو مەڕم لە بەر رۆژێکی کاتۆر ھەڵکردووە و چێشتاوێ لە دەراوێکی خاوێن چێشتانگاوم داوە و ھەڵم کردۆتە بەر رۆژێکی باگر بۆ نوستن و سانەوە و خۆشم لە بەر سێبەری گا بەردێک سەرخوێکم شکاندووە.پاش ئەوەی مێگەلەکەم ساوەتەوە، بەرەو تاوڵ نێری کێشم کردووە.

 وە ژیانی من بوو لە کوردەواری بە رواڵت ژیانێکی ساکار و خۆش بوو بەڵام وەک پەزەکانم قەت ترسی گورگم لە زگ دەرنەدەچوو، چونکە جاروبار گورگە مێشەکانی خۆماڵی ، گورگە برسی یە کانی بەرتیل خۆر، بەدفەڕ، ۱یاوکوژی سەردەمی تاغووتیان تێبەر دەدام و ئەوی خوارد بووم لە بن ددانیان دەر دێنام. ئاخری دەریان پەڕاندم و ھێلانەیان لێ شێواندم، پەنام بردە بەر ئەوانەی کە گیانیان لە سەر بەری دەس دانابوو،لەوێش نەسامەوە زۆرم ناپاڵم و راکێت بە سەر سەری دا باری، زۆرم خانووی رووخاو گوندی سووتاو دین.

گەلێکم تەرمی شەڵاڵی خوێنی شەھیدان دیت و کرووزەی ھەتیوەی بێ دایک و باب و شینی دایکی رۆڵە کوژراو و ھەناسەی ھەژاری لێقەو ماو بیست، گرمەی تۆژ دایان چڵەکاندم،وێژەی گوللە لە پەسێوانی خزاندم.لەو ماوە دا وەک حەریق دەڵێ: « گوند و شاری کوردستانی ئەو دیو نەبوو نەیگەڕێم جا نازانم سەرم بە ھەموو ماڵێک دا کردووە یا نا»لە سۆنی را تا قەڵادزێ راپەڕیوم و تێ ھەڵبوومە بۆ  بەرزایەکانی پشت ھێرۆ داگەڕامەوە بۆ  لای ماوت و شینکایەتی لە سەر چاوەی زەلم ئاوم خواردۆتەوە……..

—————————————-

کتێب : چەپکێ گوڵ چەپکێ نێرگز / ناوی نووسەر: ھێمن / چاپی: یەکەم ساڵی ۱۹۹۷ز / چاپمەنی : تیشک

 

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا