بابه ته كان

له یادی۶۱ سالیادی کوماری مهاباد

له یادی۶۱ سالیادی کوماری مهاباد

د.سه‌لاحه‌دین خه‌دیو
دووی ڕێبه‌ندانی ئه‌مساڵ ۶۱ ساڵی ته‌واو به‌ سه‌ر ڕووداوی مێژوویی ڕاگه‌یاندنی کۆماری کوردستان له‌ مه‌هاباد تێپه‌ڕی. زێده‌ڕه‌ویمان نه‌کردووه‌ ئه‌گه‌ر بڵێین، دره‌وشانه‌وه‌ و کووژانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی کۆمار یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ ڕووداوه‌ گرینگه‌کانی سه‌ده‌ی بیستی مێژووی کورد بوو که‌ شوێنه‌واری ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆی فراوانی له‌ سه‌ر گۆڕانکارییه‌کانی دوایی، لانیکه‌م کوردستانه‌کانی ئێران و عێراق به‌جێ هێشت. ئه‌مڕۆ ۶۱ ساڵ دوای ئه‌م ئه‌زموونه‌، زۆر فاکتۆری جیاواز و جۆراوجۆری وه‌ک پچڕانه‌ یه‌ک له‌ دوای ‌یه‌که‌کانی ئه‌زموونه‌ سیاسییه‌کانی کوردستانی ئێران له‌ دوای کۆمار و هه‌ژاری و لاوازی فه‌رهه‌نگی مێژوونووسی له‌ کوردستان (که‌ ته‌نانه‌ت مێژووی هاوچه‌رخیش ده‌گرێته‌وه‌) و هه‌روه‌ها سیاسه‌ت‌لێدراوی (سیاست‌زدگی) زۆربه‌ی ڕه‌هه‌نده‌کانی ژیان له‌م ده‌ڤه‌ره‌، کۆماری کوردستانیان وه‌ک ده‌قێکی مێژوویی لێکردووه‌، که‌ چه‌ندین ڕاڤه‌ و خوێندنه‌وه‌ جیا جیا هه‌ڵده‌گرێ.

له‌ پشتی هه‌ر کام له‌م خوێندنه‌وه‌ تایبه‌تیانه‌ش‌دا هێزێک یان لایه‌نێکی سیاسی به‌دی ده‌کرێ. جێی خۆیه‌تی که‌ ئاماژه‌ به‌م ڕاستییه‌ش بکرێ که‌ میراتگری سه‌ره‌کی و فه‌رمی کۆمار ئه‌مڕۆکه‌ ئه‌وه‌نده‌ تووشی لاوازی و قه‌یران هاتووه‌ که‌ نه‌توانێ به‌ ته‌نێ خاوه‌ندارێتی بکا و ته‌نانه‌ت له‌ نێو لیستی به‌ ڕێژه‌ دوور و درێژی داواکاره‌کانی(مدعیان) تا ڕاده‌یه‌کیش بخرێته‌ په‌راوێزه‌وه‌. وه‌ک دیار بێ، له‌ نێوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌، حیزبێکی گه‌نج به‌ڵام به‌هێز له‌ ڕێی ئامێر و ڕاگه‌یاندنه‌ به‌ربڵاوه‌کانییه‌وه‌ (وه‌ک ڕادیۆ و تلویزیۆن و… که‌ ئه‌وده‌م حیزبه‌کانی دی خاوه‌نی نه‌بوون)، تا ڕاده‌یه‌کی زۆر «یادی» کۆماری کوردستانی زیندوو کرده‌وه‌ و به‌ واتایه‌ک بردییه‌ ناو جه‌رگه‌ی کۆمه‌لانی خه‌ڵکه‌وه‌. ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م حیزبه‌ ده‌وڵه‌مه‌ند کردنی گوتاری «سه‌ربه‌خۆیی‌خوازی» و «کوردستانی گه‌وره‌» بوو که‌ ئه‌وده‌م بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌کرد و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێداویستی زۆری به‌ هێمایه‌کی وه‌ک کۆماری کوردستان هه‌بوو. له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دوایی‌دا خوێندنه‌وه‌یه‌کی دیکه‌ له‌ لایه‌ن پارتێکی ده‌سه‌ڵاتداری ئه‌ودیو هاتوته ئاراوه‌، که‌ تێده‌کۆشێ به‌ زه‌ق‌کردنه‌وه‌ی له راده به ده ری ده‌وری سه‌رکرده‌که‌ی، که‌ڵکێکی سیاسی و حیزبی له‌م ئه‌زموونه‌ وه‌رگرێ. دیاره‌ که‌ له‌ په‌نای ئه‌مانه‌ش‌دا، چه‌ندین ورده‌هه‌ڵوێست و خوێندنه‌وه‌ی دیکه‌ش هه‌ن، که‌ زۆر شیاوی باس نین.وه‌ک هه وڵی نه‌زۆکی هه‌ندێک که‌س و ره‌وت که تێده‌کۆشن به به‌رزنرخاندن و په‌سند کردنی زیاتری ئه‌زموونی کومه‌ڵه‌ی ژ.کاف ،ئه‌م گومانه به هێز که‌ن که ره‌سه‌نایه‌تی و بایه‌خی کومه‌ڵه له کۆمار و حیزبی دیموکرات زیاتره.وێده‌چی هۆکاری سه‌ره‌کی ئه‌م هه‌وڵه شه‌ریک نه‌بوونی ئه‌م که‌س یا ره‌وتانه‌ ،له شانازییه‌کانی کۆمار دابێ.

هه‌ڵبه‌ت هاوکات له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕه‌وته‌ی باسی لێکرا، چه‌ن هه‌وڵێکی به‌رچاویش بۆ ڕووخاندن و پیرۆزی‌داڕنین له‌ کۆمار هه‌بووه‌ که‌ گرینگترینیان، بابه‌ته‌کانی گۆڤاری «چشم‌انداز ایران» و چه‌ند کتێب و نامیلکه‌ی دیکه‌ن ، که‌ له‌ چوارچێوه‌ی گوتارێکی ئێران‌خوازانه‌دا و له‌ به‌ستێنی نیگه‌رانی له‌ په‌ره‌گرتنی ناسیۆنالیزمی شوناس‌خوازانه‌ی کورد، کۆماری کوردستان وه‌ک هێمای ئه‌م بزاڤه‌ ده‌کوتن. به‌ڵام ده‌کرێ کۆمار وه‌ک ئه‌زموونێکی سه‌رکه‌وتوو و دیمۆکراسییانه‌ی «خۆ به‌ڕێوه‌بردنی کورد » ببێته‌، سه‌رچاوه‌ی ته‌ئویل و خوێندنه‌وه‌یه‌کی تازه‌ بۆ ئه‌م بزاڤه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئێستا و چالاکانی سیاسی و فه‌رهه‌نگی وه‌ک به‌رچاوترین و گرینگ‌ترین نوێنه‌ره‌کانی. مێژوونووسێکی ئینگلیسی ده‌ڵێ: «ڕووداوه‌کانی ڕابردوو له‌ خودی خۆیان‌دا گرینگ نین. به‌ڵکوو بایه‌خی ناسینی وان له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ به‌ره‌و لێکۆڵینه‌وه‌ و نرخاندنی ورد و کۆنکرێتی داهاتوو ڕێنوێنی ده‌که‌ن. مێژوویه‌ک که‌ یارمه‌تی ئه‌م ئامانجه‌ نه‌دا، به‌قه‌را بڵیتی ئوتوبۆس بێ‌بایه‌خه‌.» به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئه‌ده‌بیاتی ڕۆشنبیری و ڕۆژنامه‌گه‌ری ئه‌مڕۆمان‌دا، هه‌ژاری و ده‌سکورتێکی گه‌وره‌ی «تاریخی» وه‌به‌ر چاو ده‌که‌وێ، ئێمه‌ ئه‌مڕۆ پێویستمان به‌ گوتارێک هه‌یه‌ که‌ بتوانێ کارکردێکی «کاربوردی» به‌ مێژوو ببه‌خشێ، خوێندنه‌وه‌ی زانستی و بێ‌لایه‌نانه‌ و وردبینانه‌ی کۆماری کوردستان و باقی ئه‌زموونه‌ سه‌رکه‌وتووه‌کانی دیکه‌، ده‌توانێ به‌ردی بناغه‌ی زۆر قاڵب و ماناکانی ئه‌ندیشه‌ی سیاسیمان پێک‌بێنێ. ئه‌مڕۆ له‌ زۆربه‌ی ئه‌م شتانه‌ی که‌ له‌ گۆڤار و ڕۆژنامه‌کانمان‌دا ده‌نووسرێن چه‌شنێک تیۆری‌لێدراوی (ئه‌ویش نازانستی و ناشیانه‌ و ته‌رجه‌مه‌یی) په‌ڕگیرانه‌ ده‌بینرێ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌رزی واقیع و به‌ ده‌سته‌وه‌دانی لێکدانه‌وه‌ی شیکارانه‌ و کۆنکرێت مه‌ودایه‌کی زۆری هه‌یه‌. ناسینی مێژوو و کاربوردی کردنی، ده‌توانێ ئه‌م مه‌ودا و که‌لێنه‌ پڕ کاته‌وه‌. کۆمه‌ڵگایه‌ک که‌ ناسیاوێکی قووڵی له‌ ڕابردوو و مێژووی خۆی نه‌بێ، له‌ ناسینی ئه‌مڕۆ و داهاتووشی‌دا، تووشی گرفت ده‌بێ. که‌وا بوو گه‌ڕانه‌وه‌ی زانستی بۆ مێژوو و به‌تایبه‌تی کۆماری کوردستان وه‌ک ئه‌زموونێکی نموونه‌، پێداویستێکی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ و پێوه‌ندێکی ئورگانیکیشی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ داخوازییه‌کانی ئه‌م بزاڤه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئێستا بۆ خۆبه‌ڕێوه‌‌بردنی شارستانیانه و دیموکراتیکی گه‌لی کورد.دیاره که‌س بۆی نییه پیش له‌ ته‌ئویل و خوێندنه‌وه‌ی ئازادانه‌ی خه‌ڵکی دیکه بگرێ.به‌ڵام بۆ سه‌ر لێنه‌شێوانی زیاتر له‌وه‌ی که ئێستا هه‌یه ،ده‌کرێ ته‌ئویله‌کانمان له کۆماری کوردستان له دوو ته‌وه‌ره‌ی  دیاریکراوی «زانستی » و «سیاسی » دا ،جێ بکرێنه‌وه.خوێندنه‌وه‌ی زانستی به‌م مانایه که ئازادی ته‌واو بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ی مێژوویی له‌م به‌ستێنه قاییل بین و ده‌مارگرژی سیاسی نه‌بێته ئاسته‌نگ له به‌رده‌م ئازادی ئاکادیمیک دا.«عیلم » له ساده‌ترین پێناسه‌ی خۆی دا،به مانای دووباره نیشاندانی راستییه‌کانی جیهانی کۆنکرێته.خوێندنه‌وه‌ی مێژوویی کۆماری کوردستانیش له‌م بازنه‌یه ناچێته ده‌ر و به بێ پێخوش بوون و یان پێناخۆش بوونی ئێمه‌مانان گشت ره‌هه‌نده پۆزیتیڤ و نگه‌تیڤه‌کان و یان خاڵه به‌هێز و لاوازه‌کانی له خۆ ده‌گری.جگه له‌و ئه‌رکه ئه‌خلاقییه‌ی له سۆنگه‌ی ملکه‌چی له به‌رانبه‌ر زانست دا له سه‌ر شانمانه ،چالاک بوونی ئه‌م مه‌یدانه زۆر قازانجی وه‌ک به‌رگری له چه‌واشه‌کاری و شێواندنی روخساری مێژوو و هه‌روه‌ها کاربوردیی‌کردنی «خوێندنه‌وه‌ی سیاسیانه‌شی» ده‌بێ.جیاوازی ئه‌م خوێندنه‌وه له گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی زانستی له‌مه دایه که به ته‌نیا پشت به راستییه مێژووییه‌کان نابه‌ستێ و جۆرێک «مه‌سڵه‌حه‌تی سیاسی »ش له‌به‌ر چاو ده‌گرێ.به‌ڵام لێره‌دا له‌به‌ر چاوگرتنی دوو مه‌رج گرینگه:


یه‌که‌م: راده‌ی زاوییه‌گرتن له گه‌ڵ ئه‌سڵی شته‌که نه‌گاته ئاستێک که ئیدی کۆمار نه‌ناسرێته‌وه و ئه‌رزیشی کاربوردی خۆی له ده‌ست بدا.یانی وای لێبێ که له عاله‌می ئیمکاندا ئیدی نه‌کرێ ئیستراتیژی سیاسی  لێهه‌ڵینجێندرێ.بۆ نموونه وا پێشاندرێ که کۆمار نموونه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆییخوازی ته‌واوی وه‌ک  ئه‌مریکای سه‌ده‌ی ۱۸ بووه!


دووهه‌م؛ مه‌رجی دووهه‌م ئه‌وه‌یه که هه‌وڵ بدرێ ، بازنه‌ی ئه‌م مه‌سڵه‌حه‌ته‌ی که باسی لێ کرا هه‌رچی زیاتر بکرێته‌وه و له پاوانی تاقم و حیزب و که‌س بچێته ده‌ر و به ته‌واو مانا گشتی و نه‌ته‌وه‌یی بێ.پێداویستی حاشاهه‌ڵنه‌گری ئه‌م چاخه لێکگرێدانی گونجاو و وه‌ستایانه‌ی ئه‌م دوو ته‌ئویله له کۆماره.

سه رچاوه : نیشتمان

یک دیدگاه

  1. دوست عزیز از حذف نظر شما متأسفم !
    اما بهتر است که بدانید اینجا محل فحاشی و توهین و تکفیر دیگران نیست حتی اگر این عمل به نظر شما صدرصد درست باشد . شما اگر در این کار صادق و راستگو بوده و نمی ترسید چرا در سایت خود این کار را نمیکنید .
    خواهشمندیم از ارسال اینگونه نظرات و نوشته ها خودداری کنید .
    در ضمن اگر خیلی دلتان می خواهد که مقالات شما در سایت نوگرا قرار بگیرد ( به روی چشم ) ما یک سری مقاله برایتان ارسال میکنیم شما در سایتتان قرار دهید ما هم مطالب شما را قرار می دهیم .

    با تشکر مدیریت سایت نوگرا

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا