بابه ته كانمطالب جدید

کاک ئەحمەدى موفتى زادە و ڕۆحى نوێژ

کاک ئەحمەدى موفتى زادە و ڕۆحى نوێژ

نوسه ر: مودریک عه‌لی عارف

هەر یەکێک لەو عیبادەت و بەندایەتییانەى کە خواى گەورە و تاکە (مەعبود)ى حەق، فەرزى کردووە لە سەر بەندە (عابید) و خواپەرستەکانى، دوو ڕەهەندى زۆر گرنگ و پێویستیان تێدایە، کە بریتین لە لایەنى ڕووکار و ناوەڕۆک، کە دەبێ وەک پێویست و بەو چەشنەى کە خواى گەورە داواى دەکات و پێغەمبەرى خۆشەویست() ڕوونى کردووەتەوە ئەنجام بدرێن، ئێمە لێرەدا ـ تەنها وەک نموونەیەک ـ یەکێک لەو عیبادەت و بەندایەتییانە هەڵدەبژێرین و قسەى لەسەر دەکەین، کە ئەویش (نوێژ)ى کۆڵەکە و پایەى سەرەکى دینە، بۆ ئەم مەبەستەش  هەوڵ دەدەین لە ڕوانگەى تێڕوانینى ڕۆحى و مەعنەوییەتگەراى مامۆستاى خواناس و زاناى پایە بەرز و سەرکردەى نەبەرد و ئەدیب و شاعیرى عاشق و خوادۆست، کاک (ئەحمەدى موفتى زادە)وە، ناوەڕۆک و ڕۆحى نوێژکردن بخەینە ڕوو.

یەکەم/ لایەنە ڕووکار و جەستەیى و ماددییەکەى نوێژ: هەر یەکێک لەو عیبادەت و بەندایەتیانەى کە خوا فەرزى کردوون لەسەر بەندەکانى، یاخود هانى داون بۆ ئەنجامدانیان، ڕووکارێکى دەرەکى و شکڵ و شێوازێکى فیزیکى و ماددییان هەیە، کە پێویستە جەستەى مرۆڤ هەستێ بە ئەنجامدانى، بۆ نموونە: ئەنجامدانى نوێژ، پێویستى بە پاک و خاوێنى جەستە و پۆشاک و شوێن هەیە، پێویستى بە ڕوو کردنە (قیبلە) ڕووگە هەیە، پێویستى بە خوێندنى چەند ئایەتێکى قورئانى پیرۆز و هەندێ زیکر و ویرد هەیە، پێویستى بە هەندێ جوڵەى جەستەیى وەک وەستان و چەمینەوە و چوون بە سوژدەدا هەیە، کە ئەمانە بریتین لە ڕووکارە دەرەکییەکە و بە مانایەکى دیکە لایەن فیقهییەکەى نوێژن، ئەڵبەتە بە بێ ئەنجامدانى ئەو گوفتار و کردارانەش ئەو نوێژە پێى ناوترێ نوێژ، مەگەر لە هەندێ حاڵەتى تایبەت و دەگمەنى وەک نەبوون و دەست نەکەوتنى ئاو و نەزانینى قیبلە و نەتوانینى جوڵە و وەستان و چەمینەوەکان لەبەر نەخۆشى و هتد…، کە ئەوانەش لە شەریعەتدا ڕێگە پێدراون و بە عوزر هەژمار کراون.

دووەم/ ناوەڕۆک و لایەنى ڕۆحى و مەعنەوى نوێژ: سەرەکیترین پێویستى مەعنەوى نوێژ، ئامادەبوونى دڵ و ڕۆحە، نوێژى بێ ناوەڕۆک وەک مرۆڤى بێ ڕۆح و جەستەى بێ گیان وایە، وەک خواردنێک وایە کە هیچ جۆرە تام و چێژێکى تێدا نەبێ، نوێژ پێویستى بە نییەتى ساغ و پاک و ئیخلاس و دڵسۆزى هەیە، پێویستى بە ئامادەیى و حزوورى دڵ و زەین هەیە، پێویستى بە باڵاکردن و گەشەکردن و ناسکبوونەوەى ڕۆح و گیان هەیە، پێویستى بە تێگەیشتنى قوڵى عەقڵى و بزووانى قەلبى و حاڵى بوون لە فەلسەفە و مەبەستى ئەو گوفتار و ڕەفتارانە هەیە کە تیایدا ئەنجام دەدرێن.

لەم بوارەدا کاک (ئەحمەدى موفتى زادە) وەک کەسێکى باوەڕ قاییم و هەست ناسک و موشتاقى خۆشەویستى خوا و تامەزرۆى عیشقى پێغەمبەرى خۆشەویست()، بەو حاڵەتە ڕۆحى و مەعنەوییە بەرزەوە کە هەیبووە و تیایدا ژیاوە، چ لە ئازادى و چ لە زیندان و بەندى ئینفیرادیدا، زۆر ڕاشکاوانە گلەیى و گازندە لە ئەنجامدانى نوێژەکانى خۆى دەکات و گاڵتەى بەو جۆرە نوێژانە دێ کە ئەو ئەنجامیان دەدات، چونکە هەستى کردووە کە دڵ و ڕۆحى وەک پێویست ئامادە نەبووە و نەیتوانى مافى نوێژەکەى بدات و چێژیان لێوەرگرێ.

ئەو زاتە ڕۆحانى و ڕەببانییە مەعنەوییەتگەرایە، بڕواى وایە کە نابێ نوێژ بەو چەشنە بێ ڕۆحە ئەنجامبدرێ، نابێ نوێژ بێ ناوەڕۆک و خاڵى بێ لە تام و چێژى مەعنەوى، بەڵکو دەبێ بەو پەڕى ئامادەیى ڕۆح و دڵەوە ئەنجام بدرێ، ڕەنگە ئەم قەناعەت و بۆچوونەشى هەر لە خودى قورئانەوە بۆ دروست بووبێ، کە قورئان زۆر ڕاشکاوانە باسى (اِقَامَەُ الْێَلاە) دەکات، نەک (ڕدَاءُ الْێَلاە)، واتە بەرپاکردنى نوێژ، نەک جێبەجێ کردن و ئەنجامدانى نوێژ.

لەپاش ئەم پێشەکییە، بە پێویستى دەزانم پێکەوە سەرێک بدەین لە دیوانە شیعرییەکەى کاک (ئەحمەدى موفتى زادە) و تەنها چەند نموونەیەکى کەم لە شیعرەکانى لەبارەى چۆنیەتى بەجێهێنانى نوێژەوە بخوێنینەوە و بخەینە ڕوو، کە زۆر شیاوى هەڵوێستەکردن و لەسەر وەستانن، شایانى ئەوەن کە زۆر بە قوڵى لێیان وورد ببینەوە، بە چەشنى خودى مامۆستا (موفتى زادە) لێیان تێبگەین و ڕاڤە و شرۆڤەیان بکەین، بەڵکو بگەین بەو چێژى ڕۆح و ناوەڕۆکى نوێژەى کە (کاک ئەحمەد) پێى گەیشتووە و ویستوویەتى پێیبگات.

لە یەکێک لە هۆنراوەکانیدا، بە ناوى: (کاتێ دڵ وێڵە بۆ ئەملاو ئەولا) باسى نوێژ دەکات و گلەیى و شەکواى حاڵى جەستە و ڕۆحى خۆى بەیان دەکات، هەر لە یەکەم ویردى سوننەتى نوێژەکەشەوە دەست پێدەکات، کە بریتییە لە دوعاى: (ۆجَهْتُ ۆجْهِێ لِڵژِى فَگَرَ الْسَمَاواتِ ۆالڕرْچِ حَنِیْفَاً ۆمَا ڕنَا مِنَ الْمُشْڕکِیْنَ اِنَ ێَلاتِى ۆنُسُکِى ۆمَحْێاێ ۆمَمَاتِى للهِ رَبِ الْعَاڵمِینَ.)

کاک ئەحمەد ئەوا دەستپێدەکات و دەڵێ: هەر لە سەرەتاى نوێژەکەمەوە، کاتێک کە ویردى (ۆجَهْتُ ۆجْهِێ) دەخوێنم،ئەو کاتە هەست دەکەم کە خوێندنەوەکەم چەنێک بێ ڕۆح و بەبێ ئامادەیى دڵمە، بۆیە ئەو خوێندنى (ۆجَهْتُ ۆجْهِێ)یەم وەک قاڵە قاڵ کردن و ژاوە ژاوکردن وایە، چونکە لەو کاتەدا کە دەڵێم: (ۆجَهْتُ ۆجْهِێ)و بڕیارە ڕووى ڕووخسار و دڵم کردبێتە ئەو خوایەى کە ئاسمانەکان و زەوى دروست کردووە، هەروەها بڕیارمداوە کە منیش موسڵمانانە و بە باوەڕێکى پاکەوە بەندایەتى بکەم و هیچ کەس و هیچ شتێک نەکەمە هاوبەشى بەندایەتییەکەى، لەگەڵ ئەوەشدا بڕیارم داوە کە نوێژ و ڕۆژوو و ژیان و مردنم هەموو بۆ خوابێ، بەڵام لەو کاتەدا دڵم وێڵ و سەرگەردان و بێ ئاگایە و هەر بەملا و بەولادا دەڕوات و هۆشم بەلاى نوێژەکەوە نییە، ئیدى ئا لەو کاتەدا گوێم لە ورتە ورتى هەموو ئەندامەکانى جەستەم دەبێ و گاڵتەى دێ بە نوێژەکەم و تانەم لێدەدات و پێم دەڵێ: ئەرێ کابرا! ئەتۆ شەرم بتگرێ و خەجاڵەت بکێشە بۆ ئەو نوێژەى کە ئەنجامى دەدەى، ئاخر نوێژ کەى وادەبێ؟ خۆ تۆ هیچ ئاگات لە نوێژەکەت نییە و نازانى لەبەردەم کێدا وەستاویت و بۆ کێ نوێژ دەکەیت؟ کاک ئەحمەد ئاوا بەم شێوەیەى خوارەوە لەم دوو بەیتەدا، ئەم عەرزى حاڵەى خۆى و نوێژخوێنە هاوشێوەکانى دەکات و دەبێژێ:

لە تەک قاڵ قاڵ (ۆجَهْتُ ۆجْهِى)م

کاتێ دڵ وێڵە بۆ ئەملا و ئەولا

ورتەى تان و پۆى تەنم ئەژنەوم:

ئاخر خەجاڵەت بکێشە کاورا!

جارێکى دیکە (کاک ئەحمەد) دەکەوێتە وێزەى گیانى بێ ڕەمەقى و گلە و بناشت لە حاڵى خۆى دەکات بۆ ئەو نوێژە کرچ و کاڵ و بێ ڕۆحەى کە ئەنجامى دەدات، ئەمجار گلەییەکەى لە وێستگەى بەر لە کۆتایى نوێژ (واتە لە سوژدە)ەوە دەست پێدەکات و لە شیعرى (کە بۆ سوژدە ئەچم)دا دەڵێ: بەم هەموو بەلاکەوتن و چەمینەوەیەى کە بۆ سوژدە دەچم و سەر و نێوچاوم دەخەمە سوژدەگا، دەبینم کە هەموو هەستى و بوونەوەر مات و بێدەنگە، بەو بێدەنگییەى خۆى و بە زمانى حاڵ پێم دەڵێ: ئەمە کەى بەندایەتى و عیبادەتە کە تۆ ئەنجامى دەدەى؟! کەى نوێژکردن بۆ خواى خاوەنى عەزەمەت و جەلال و تاقانە مەعبود ئاوا دەبێ؟! دواتر هەموو خانەکانى جەستەم ـ لە تەوقى سەرمەوە تا نوکى پێم ـ ئەوانیش دێنەوە زمان و سەریان سوڕ دەمێنێ لەم نوێژ و بەندایەتییەى من و بە سەرسوڕمانێکەوە و بە تەشەر و توانجەوە پێم دەڵێن: ئا ئەمە چ بەزم و نەزمێکە و نوێژ کەى ئاوا دەبێ؟! بۆیە مامۆستا (موفتى زادە) بە چەشنێکى زۆر خەمبارانە و پەشێو حاڵانە، ئەم سەکاڵا و گازندانە لە خۆى دەکات و لەم هۆنراوە دوو بەیتییەشدا دەڵێ:

بەم هەمگە کلابوونە کە بۆ سوژدە ئەچم

هەستى هەموو ماتە: ئامە کەى بەندەگییە؟!

سیللولى تەنم، لە تەوقى سەر تا بەرى پێ

سەریان سڕ ئەمێنێ: ئیتر ئەم نزمە چیە؟!

ئەم پیاوە خواناسە خوادۆستە، لەتاو خەمخواردنى بۆ نوێژەکانى و لە ترسى قبوڵ نەبوونى ڕاز و نیازەکانى لاى خوا، زۆر لە خەمى ناوەڕۆک و ڕۆحى نوێژەکانى و لایەنە مەعنەوییەکانى ئەو بەندایەتییە پڕ چێژ و لەززەتە ئیمانییەدا بووە، بۆیە وادیارە هەرکاتێ لە نوێژێکى خۆى ڕازى نەبووبێ، هاوار و ناڵە و فوغانى لێ بەرز بووتەوە و کەتووەتە گلەیى کردن لە نەفسى خۆى، ئەمانەشى هەندێ جار بە شیعر و هۆنراوە ناسکەکانى دەربڕیوە، بۆ ئەوەى ببنە پەند و وانەیەک بۆ کەسانى دیکەش.

لە شیعرى (دڵ بەرەو هەوەس)دا، ئەم زانا خواویست و خواپەرستە، گلەیى و سکاڵاکانى دەگەینێتە ترۆپک و نەفسى خۆى تەواو ژێر پێ دەخات، وەک کەسێکى بەتەمەن چۆن گاڵتە و قۆشمە بە مناڵێک دەکات و توانج و تەشەرى لێ دەگرێ، ئەمیش بەو شێوەیە توانج و پلار لە خۆى دەدات بۆ ئەو نوێژە کرچ و کاڵ و بێ ڕۆحەى کە ئەنجامى داوە، کاک (ئەحمەدى موفتى زادە) ئەمجارەیان ئاوا دەڵێ: لە کاتێکدا کە ڕووى ڕووخسارم کردووتە قیبلە و ماڵى خوا، بەڵام هەر لەو کاتەدا دەبینم کە ڕووى دڵم لاى هەوا و هەوەس و تێرکردنى حەز و ئارەزووەکانمە، بۆیە لەبەر ئەوەى کە بەو چەشنە نوێژەکەم دەخوێنم و ڕۆح و دڵم لاى ئەو کەسە نییە کە نوێژەکەى بۆ دەخوێنم، لەوەش زیاتر هەر هۆشم ئەوەتا بەلاى هەوا و هەوەسەکانى نەفسمەوە، بۆیە هەر لەکاتى یەکەم سڵاودانەوەى دوایین ڕکاتى نوێژەکەمدا، گوێم لە دەنگى گلەیى و بناشتى نەفسى پەرێشان و نیگەرانم دەبێت، کە بە تانە و پلارەوە پێمدەڵێ: زۆر مەمنونم یارۆ، حەیفت نەکرد بۆ خۆت و لاى لایەیەک کە کردت، واتە نوێژەکەت هیچ جیاوازى نەبوو لەگەڵ لاى لایەکردنێکدا کە دایکێک بۆ خەوتنى کۆرپەکەى دەیکات و جارى وا هەیە ئەو کەسەى لایەلایەکە دەکات، بەدەم خەوەنوچکەوە لایە لایەکەى دەڵێ، وەک ئەوە وایە پێى بڵێ: دەک داڕزێى و عەمرت نەمێنێ کابرا، بۆ خۆت و نوێژێک کە کردت.

کاک ئەحمەد، ئەم بێتاقەتى و دڵ نیگەرانییەى خۆى و ئەم شەکواى حاڵەى، لەم دوو بەیتەى خوارەوەدا و بەم زمانە پاراوە ڕەوانبێژەوە دەردەبڕێ و دەڵێ:

ڕو بەرەو قیبلە و دڵ بەرەو هەوەس

لە تەک سڵامى ئاخر ڕکاعەت

دێتە گوێم دەنگى نەفسى نیگەران:

مەمنونم یارۆ لە لاى لایەکەت.

لەگەڵ ئەم هەمووە گلەیى و بێتاقەتى و گازندانەى مامۆستا (موفتى زادە)دا لە خۆى، بەڵام وا دیارە هەندێ جاریش هێندە چێژ و تامى ڕۆحى و مەعنەوى لە نوێژ چەشتووە، دڵ و ڕۆحى نغرۆ و لێوانلێو کردووە لە مەحەببەت و خۆشەویستى ئیلاهیدا و هەستى بە ئارامى و ئاسودەییەکى ڕۆحى و دەروونى تەواو کردووە.

نموونەى ئەم چەشنە حاڵەتەشى، لە شیعرى (خۆزگەم بە سوجدەى)دا، زۆر بە جوانى باس دەکات و دەڵێ: خۆزگەم بەو بەندە نوێژخوێنەى کە لە سایەى خوێندنى ویرد و دوعاى (ۆجَهْتُ ۆجْهِى)دا، بۆ تاوێک و چەند چرکەساتێک لە گڕ و بڵێسەى ئاگرى سوتێنەرى دونیا حەساوەتەوە، خۆزگەم بەو کەسەى کە هێندە بە ئامادەیى ڕۆحى و حزوورى دڵەوە نوێژەکەى دەخوێنێ و دەچێ بە سوجدەدا و نێو چاوى بەندەیى و ملکەچبوونى تەواو بۆ خوا دەخاتە زەوى، بە چەشنێک لە خوا نزیک دەبێتەوە و هەست بە نزیکى لە خواى میهرەبان دەکات، خەریکە لە دڵ و دەروونیدا شوێنێک بۆ فریشتەکانى خواش نەمێنێتەوە، چونکە کاتى سوجدە نزیکترین شوێن و نزیکترین کاتى لیقا و پەیوەندى بەندەیە لە خواوە، وەک لەم فەرموودەیەدا هاتووە کە پێشەوا (موسلیم) لە (ئەبو هورەیرە)وە دەیگێڕێتەوە بۆمان کە پێغەمبەر() فەرموویەتى: (ڕقْرَبُ مَا ێکُونُ الْعَبْدُ مِنْ رَبِهِ ۆهُۆ سَاجِدٌ فَڕکْپِرُواْ الْدُعَاءَ.) واتە: نزیکترین کات و شوێنێک کە بەندە لە پەروەردگارییەوە نزیک بێ، لە کاتى سوجدەدایە، بۆیە دوعا و نزاى زۆرى تێدا بکەن.)

کرۆکى ماناى ئەم دوو بەیتەى (کاک ئەحمەد) کە لە خوارەوە دەیانخەینە بەرچاوى بەڕێزتان، ئەوەمان نیشان دەدەن کە تام و چێژى بەندایەتى و نوێژکردن و ڕاز و نیاز لەگەڵ خوادا هێندە زۆرە، دەگاتە ئەو ئاستەى کە وەختە مرۆڤ بیرى بچێتەوە کە دەبێ باوەڕى بە فریشتەکانى خواش ببێت و خۆشى بوێن و جێیەکیان لە دڵیدا هەبێ، مامۆستا (موفتى زادە) ئاوا دەڵێ:

خۆزگەم بەوە لە سێوەرى (ۆجَهْتُ ۆجْهِى)ا

تاوێ لە تاوى ئاگرى دنیا حەسایەوە

خۆزگەم بە سوجدەى ئەوکەسە وا نزیکئەبێ

جێ بۆ مەلایکەیش نەمێنێ بە لایەوە.

ئەمە کۆمەڵە بەیتە شیعرییانەى خرانە ڕوو، چەند نموونەیەکى کەم بوون لە دید و تێڕوانینى مەعنەوییانە و ڕۆحییانەى مامۆستاى خۆشەویست کاک (ئەحمەدى موفتى زادە) بۆ نوێژ و ڕۆحى نوێژ، وەک یەکێک لە گرنگترین بەندایەتى و خواپەرستییەکان و وێستگەى ڕاز و نیازکردن لەگەڵ خواى (مەعبود)ى میهرەباندا، خوایەک کە شایستەى ئەوەیە و بەڵکو زۆر پێویستە کە بە ئامادەیى و حزوورى دڵ و ڕۆحەوە بەندایەتى بکرێت، پێویستە وەک چۆن لە کاتى ئەنجامدانى بەندایەتییەکاندا، ئەندامەکانى جەستەمان دەجوڵێن، بە هەمان شێوە دەبێ دڵ و ڕۆحیشمان لە هەمان کاتدا ببزووێ و دڵمان وەجد و جەزبە بیگرێ، بۆ ئەوەى بچینە ڕیزى ئەو بەندە باوەڕدارانەوە کە: [اِژَاْ ژُکِرَ اللهُ ۆجِڵتْ قُلُوبُهُمْ ۆاِژَاْ تُلِێتْ عَڵیْهِمْ آێاتُهُ زَادَتْهُمْ اِیْمَانَاً ۆعَڵى رَبِهِمْ ێتَۆکَلُونَ.]ڕلڕنفال/۲.

* تێبینى: شیعرەکان لە کتێبى دیوانە شیعرى (دیاریێ بۆ یاران)ى کاک (ئەحمەدى موفتى زادە) چاپى یەکەم، زستانى (۱۳۸۶)ى هەتاوى، لە بڵاوکراوەکانى (مەکتەب قورئانى کوردستان)ەوە، لە لاپەڕەکانى (۲۸) و (۳۲) و (۱۱۰)ەوە وەرگیراون.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا