ڕەمەزان و مرۆڤ
ڕەمەزان و مرۆڤ
“واهاتەوە بەهاری دینو ئیمان
گوڵبارانە لەزەویو عەرزوعاسمانْ”
جەهانگیربابایی سەردەشت
خوای دلۆڤان ،بۆ دەستەمۆکردنی نەوسی سەرکێش، چەنها قۆناغو وانەی داناون هەتا مرۆڤ بتوانێ بە بڕینو لەکارهێنانی ئەو ئەزموونانە، خۆی دابمەزرێنێو نەوسی بەڕەڵای بێنێتە ژێر ڕەکێفی خۆی.
بێگومان ، ڕۆژوو گرتن یەکێک لەو قوناغانانەیە کە مرۆڤی تێدا پەروەردە دەبێ سەدان ئەزموون و وانەی تێدان کە خوای گەورە، بۆ سەروەری وڕێزی ئینسان، دایمەزراندوە دانانی مانگی ڕەمەزان، بۆ پەروەردەی رووحی و ساغو سڵامەتی جەستە و ئامادەکاری ئینسان بۆ کۆمەڵگایەکی تەندرووست و وەلانانی خوو خدەکانی مرۆڤە کە لە دەستیان وەزاڵە هاتوە .
تەرخانکردنی ڕۆژوو و خۆپاراستن،ئەوپەڕی خۆشەویستیو مرۆڤ دۆستی تێدایە.نیشان دەدا کە ژیانی ئینسان، بۆ خوای دڵسۆز،چەندە گرینگە.
ژیانی ئەوڕۆی مرۆڤ، لەباری رووحی و مەعنەویدا، ڕووخاوە، وای لێهاتوە کە پەنا بۆ توندوتیژیو خۆکوشتنو پێشێلکردنی مافە سەرەتاییەکان دەبا. دڵێکی نەخۆشو رووحێکی نائارامو مێشکێکی سەرگەردان و بێ پلان.
لە باری جەستەوەش ڕۆژ بەڕۆژ نەخۆشی جۆراوجۆروسەیرو سەمەرو نەناسیاو، هێرشی بۆدێنن کە زانیاری پزشکی بەو پەڕی پێشکەوتن،بەرهەڵستیان نایە.
ئاوڕدانەوە و گەڕانەوەیەک بۆ ئیسلامو وانەپەروەردە ڕووحیەکەی، تەنیا هومێدێکە کە بتوانێکاروانی مرۆڤی سەرلێشێواوو ماڵوێران، بەرەو مەنزڵگەو پێگەی خۆی بگەیێنێ. زۆرینەی ئێمە وادەزانین خەڵکانی دانیشتووی ڕۆژئاوا، بێ نوقسانن و کێشەو گرفتیان، نیە . بەڵام بەپێچەوانە کاربەدەستانو سیاسەتمەدارەکانی ئەوانن بۆ بەرژەوەندی خۆیان، خۆ لەکارو باری وڵاتانی هەژار هەڵدەقوتێننو فوو لە ئاگری شەڕو ئاژاوەنانەوە دەکەن.ئەگەر رووحێکی پاکو هەستێکی مڕۆڤ دۆستانەیان هەبا، هەرگیز دەستیان لە قوڕگی هەژاران، نەدەنا.
مانگی ڕەمەزان ئەوکارگە ئینسانسازەیە کە پیاوو ژنی جوامێرو رووح بەرزو بەئەمەگ باردێنێ ،ئەو مرۆڤەی کە بتوانێ خۆیو هاوڕەگەزەکانی، بەرەو ئاستێکی سەرتر لە فریشتەکان ، بەرزکاتەوە بەجۆرێک کە خوای ئازیز، تاریفی بکا.ئینسانێک کە ڕواڵەتو دەروونی یەک بن.
خوشکانو برایانی ئازیزو خۆشەویستم، هیوادارین تیشکی پڕ خێرو بەرەکەتی ڕەمەزان، رووحو جەستەمان، پڕ نوور بکاو لە پیتو خۆشیەکانی بێ بەبەش نەبین بە وتەی پێغەمبەری خۆشەویست، کەسێک، بە باوەڕو یەقینەوە بەڕۆژوو بێ خوای گەورە لە تەواوی گوناەو تاوانەکانی خۆش دەبێ. نەخواردن و نەخوارنەوە و یارمەتی ماڵیو …بەشێکی بچووکی ، ئەرکی ڕۆژوەوانە.
ڕۆژوو ، کۆلێژێکە کە مرۆڤێک ساز دەکا کە بەڕاستی ئەرکی مرۆڤایەتی بەجێ بێنێ.بەسەر خۆیدا زاڵ بێ، کەسێک لەوکۆڵێژە دەرچێ دەبێ ڕووحێکی گەورەو سینگێکی فرەوان و بیرێکی بەربڵاوی هەبێ. مرۆڤەکان بەچاوێک سەریر بکا، ڕەنگو زمانو ناوچەوئایینو بۆچوونو باوەڕ، کاریگەری نەبێ و هەمووان بە مرۆڤێکی بەڕێزی دەستکردی خوای دلۆڤان بزانێ. وەک دکتۆرێکی لێدێ کە هەرنەخۆشێک پەنای بۆ دێنێ، بەهانایەوە دەچێ.
ژیانی پێغەمبەری ئازیزو یارانی، پڕە لەو هەڵس و کەوتەمرۆڤایەتیانە.
یەهوودیو مەسیحیو موسوڵمانو ڕەشو سپیو زەردو سوور، مانای نەبوو، کێ زیاتر خزمەتی کردبایە جێگای ڕێز بوو.
?????????
جەهانگیربابایی سەردەشت ـ بەهاری ۹۶
@jahangirhonrava