کۆڵبەر
هەنگاو بە هەنگاوی دەنگی کوێستان
هەنگاوتان دەشکێ.
لەسەر بەرد و… زریکەی نان و
هاواری نەداری و… تەقینەوەی مین.
هەنگاوتان دەشکێ.
لەناو کلیلەی بەفر و
لە ئامێزی خوێن و
لە کڕیوەی با و بۆراندا،
لە سەر شاشەی نامۆی سنووردا.
هەنگاوتان دەشکێ.
تا ئەو سەری بەرخۆدان و ئازادی،
تاکوو ناخی شێعری من،
تاکوو بەرزایی تەتە و لووتکەی شاهۆ.
تاکوو لەگەڵتانا هەنگاو ئەنێ،
شەپۆلی زرێبار و پرچی ئاویەر و شەونمی هەوەتوو.
ئێوە شاخ و نسارن و،
منیش شێعرێکی سپی و،
لە گەڵتانم؛
لەگەڵ پیاو و ژن و منداڵ و ئاواتەکانتانا.
ئێوە کۆڵبەرن وەک نان و ئاو،
کۆڵبەرن بۆ بژێوی
تاڵێ قژی کوردستان و فرمێسکن
لەگەڵ ئازاری
سنوورە داخراوەکان.
عەزیز کەرەمی
۲۷ /۹/۹۸ ی هەتاوی