بیروڕا

ئیسلامیه‌کان وئه‌زمونى حوکم کردن

ئیسلامیه‌کان وئه‌زمونى حوکم کردنئیسلامیه‌کان وئه‌زمونى حوکم کردن

ئارام کۆیی

کاتێک که‌ پرسیار له‌ سه‌رکرده‌یه‌کى پارتى دادو گه‌شه‌پێدانى مه‌غریبى ده‌کرێت سه‌باره‌ت به‌ ئاره‌زووى ئیسلامیه‌کان به‌ گه‌یشتن به‌ حوکم و ده‌سه‌لاَت،له‌ وه‌لاَم دا گوتى،ئه‌وه‌ جه‌نگێکه‌ له‌ پێشمان هه‌ر ده‌بى بیکه‌ین،وه‌ پرسیار له‌ راشد غه‌نوشى ده‌کرێت له‌ حاڵه‌تى ئاماده‌باشی پارتى نه‌هزه‌ بۆ موماره‌سه‌کردنى حوکم،ئه‌ویش ده‌ڵێت،ناترسێم له‌ حوکم کردن به‌لاَم لێزانین وئه‌زمونمان که‌مه‌،له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌زمونى ئیسلامى عه‌ره‌بى هاوچه‌رخى سه‌رکه‌وتوو به‌دى ناکرێت له‌ فه‌رمانره‌وایی دا.

 

پرسیارى یه‌که‌م که‌ به‌رده‌وام رووبه‌روى ئیسلامیه‌کان ده‌کرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌،هه‌ڵوێستتان چیه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئازادییه‌ تایبه‌تیه‌کانى خه‌ڵک کاتێک ده‌گه‌نه‌ ده‌سه‌لاَت؟زۆر جار له‌ په‌ناى ئه‌و پرسیاره‌وه‌ حه‌زێکى شاراوه‌ هه‌یه‌ بۆ ئیحراجکردن و وه‌ خستنه‌ رووى نیازه‌کانیان له‌ دژى کۆمه‌ڵگه‌،به‌لاَم وه‌لاَمى ئیسلامیه‌کان له‌ ئێستادا روونه‌،له‌م باره‌یه‌وه‌ [عه‌بدلئیلاه کیران]ئه‌میندارى گشتى پارتى دادو گه‌شه‌پێدانى مه‌غریبى جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌وا حزب ناچێته‌ ناوکاروبارى تایبه‌تى مه‌ غریبیه‌کانه‌وه‌ وه‌ حوکم ده‌که‌ین به‌ تێروانینێکى سیاسیانه‌ نه‌وه‌ک ئاینى،

 

وه‌کاتێک رۆژنامه‌نوسێک پێداگرى ده‌کات وه‌ پرسیارله‌ هه‌ڵوێستى حزب ده‌کات له‌ فه‌رزکردنى بالاَپۆشى ونیقاب به‌سه‌ر ئافره‌تان؟،ئه‌و پیاوه‌ ده‌ڵێت،ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت تووشى شکستێکى یه‌کجارى بین ئه‌وا ئه‌و کاره‌ ده‌که‌ین"،وه‌هه‌ر به‌م چه‌شنه‌ش کاتێک پرسیارى ئه‌و بابه‌ته‌ له‌[راشد غه‌نوشی]ده‌کرێت جه‌خت له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌ که‌"نه‌هزه‌ نایه‌وێت شه‌ریعه‌ت له‌ تونس جێبه‌جىَ بکات به‌ڵکو ده‌یه‌وێت ئازادى جیێبه‌جىَ بکات"،وه‌له‌و هه‌واڵه‌ سه‌مه‌رانه‌ى که‌ له‌ غه‌نوشى یه‌وه‌ گواستراوه‌ته‌وه‌ دوابه‌دواى سه‌رکه‌وتنى حزبه‌که‌ى له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کان دا ئه‌وه‌یه‌ رۆژنامه‌نوسێک پرسیارى لىَ ده‌کات و ده‌ڵێت"ئایا ئێوه‌ رێگرى ده‌که‌ن له‌ رابواردنى که‌نار ده‌ریاکان"وه‌لاَمه‌که‌ى بریتى یه‌ له‌وه‌ى که‌ رێگرى ناکه‌ین،بۆ رۆژى دواتر زۆربه‌ى رۆژنامه‌کانى فه‌ره‌نسا ئه‌و هه‌واڵه‌ى له‌ پێشه‌وه‌ى لاپه‌ره‌کانیان دابه‌زاند.

 

وه‌ هه‌ر له‌و سه‌مه‌رانه‌ى په‌یوه‌ندیدار به‌م بابه‌ته‌وه‌ نوسه‌رو روناکبیرى میسرى[فه‌همى هوه‌یدى]ده‌گێرێته‌وه‌ که‌ رۆژنامه‌نووسێکى سویدى سه‌ردانى کردوه‌و ئه‌و پرسیاره‌ى ئاراسته‌کردووه‌ که‌ ئایا ئه‌گه‌ر ئیسلامیه‌کان حوکم بگرنه‌ ده‌ست هه‌ڵوێستیان چى ده‌بێت له‌به‌رامبه‌ر ره‌قس وهه‌ڵپه‌رکىَ ى رۆژهه‌لاَتى؟ئه‌و پیاوه‌ پرسیاره‌که‌ى لاسه‌یر بوو به‌ رۆژنامه‌نووسه‌که‌ى گوت"نامه‌وىَ باوه‌ر به‌وه‌ بکه‌م که‌ تۆ له‌ سویده‌وه‌ هاتوى بۆ میسر وه‌ هیچ کارێکت نه‌بێت ته‌نها داهاتووى هه‌ڵپه‌رکىَ ى رۆژهه‌لاَتى نه‌بێت".

 

ئه‌وه‌ى لێره‌دا من مه‌به‌ستمه‌ ئه‌و شێوازه‌ وێناکردنه‌یه‌ که‌ بۆ ئیسلامیه‌کان داتاشراوه‌ ده‌رباره‌ى ئازادییه‌کانى خه‌ڵک کاتێک ده‌گه‌نه‌ ده‌سه‌لاَت وه‌ ئه‌و وێنا کردنه‌ ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ روو که‌ ئیسلامیه‌کان دژى ئازادییه‌ گشتى و تاکه‌که‌سیه‌کانن،ره‌نگه‌ هه‌ندێ له‌ هه‌ڵسوکه‌وتى ئیسلامیه‌ توندره‌وه‌کان یارمه‌تیده‌ر بوبێت بۆ پێداگرى کردن له‌م بابه‌ته‌،به‌لاَم له‌راستیدا ئه‌وه‌ دروست نیه‌،ته‌نیا به‌کاریان هێناوه‌ وه‌ک رێگاچاره‌یه‌کى سیاسی بۆ دورخستنه‌وه‌ى ئیسلامیه‌کان و ناشیرین کردنیان،به‌لاَم خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ست وهۆشى خه‌ڵک ئه‌و جادوه‌ى به‌تاڵ کردۆته‌وه‌،هه‌روه‌ک له‌ چه‌ندین ئه‌زمونى هه‌ڵبژاردن دا بینیمان ئیسلامیه‌کان زۆرترین ده‌نگیان به‌ده‌ست هێنا.

 

بابه‌تێکى تر هه‌یه‌ که‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ نه‌بوونى تێگه‌یشتنێکى راست ودروست بۆ ئیسلام له‌لایه‌ن هه‌ندىَ له‌ ده‌سته‌و کۆمه‌ڵى نا موسڵمان له‌ کۆمه‌ڵگه‌دا،ئه‌و که‌سانه‌ وا گومان ده‌به‌ ن له‌ به‌رئه‌وه‌ى نمونه‌ى ئه‌و ده‌سه‌لاَته‌ هاو چه‌رخانه‌ى ئێستا که‌ له‌ژێر په‌رده‌ى ئیسلام دا ده‌رچونه‌ یان به‌ هۆی ده‌مارگیرییان له‌ دژى ئیسلام،ئه‌وا ئیسلامیه‌کان هه‌ڵده‌ستن به‌ جێبه‌جێکردنى شه‌ریعه‌ت به‌واتاى جیاکردنه‌وه‌ى حه‌لاَڵ و حه‌رام وه‌ دانانى حه‌د و سزا به‌ سه‌ر ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ پابه‌ند نابن به‌ حوکمه‌ ئیسلامیه‌کان وه‌ چونه‌ نێو ئازادیه‌کانى خه‌ڵک و…هتد،ئه‌وه‌ش به‌ دڵنیایی یه‌وه‌ تێگه‌یشتنێکى هه‌ڵه‌یه‌،یه‌ک ناگرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌قاسیدى ئیسلام وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاکانى ئه‌زمونى حوکمى ئیسلامی که‌ تیایدا چاکسازى کۆمه‌ڵگه‌ له‌ رێگه‌ى سه‌پاندنى حوکمه‌کانه‌وه‌ نه‌بوه‌ به‌ڵکو له‌ رێگه‌ى بانگه‌وازو په‌روه‌رده‌وه‌ بووه‌ وه‌ به‌ پله‌ به‌ندى.

 

من باوه‌ر ناکه‌م ئه‌مرۆ ئیسلامیه‌کان خۆیان به‌وه‌لاَم دانه‌وه‌ى ئه‌وجۆره‌ پرسیارانه‌ سه‌رقاڵ بکه‌ن له‌ وێنه‌ى [پۆشینى حیجاب]ویا قه‌ده‌ غه‌کردنى[مه‌ى خواردنه‌وه‌]یان هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى که‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ئازادى تاکه‌ که‌سییه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ پێویستییان به‌ چاکسازى کۆمه‌لاَیه‌تى گشتگیر هه‌یه‌ که‌ ئیسلامیه‌کان و خه‌ڵکى تریش تیایدا به‌شدار بن،

 

ئه‌مه‌ش نه‌ک به‌ فشار به‌ڵکو له‌رێگه‌ى قه‌ناعه‌ت پێ هێنانییان،به‌ڵکو پێم وایه‌ ئیسلامیه‌کان سه‌رقاڵن به‌ کاروباره‌ سه‌ه‌تاییه‌کانى خه‌ڵک له‌ پێشه‌ وه‌یاندا ئازادیه‌ گشتیه‌کان ودیموکراسی هه‌روه‌ها روبه‌رووبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و گه‌شه‌پێدانى کۆمه‌ڵگه‌ وه‌ بنبرکردنى هه‌ژاری و بێکارى وچه‌سپاندنى دادگه‌ری کۆمه‌لاَیه‌تى ،سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌ مافی خۆمانه‌ پرسیار له‌ ئیسلامییه‌کان بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیا بین که‌ ئه‌وان هاتوون بۆ ئه‌وه‌ى موماره‌سه‌ى سیاسه‌ت بکه‌ن نه‌ک ئامۆژگارى و ووتاردان،چاوه‌روانى وه‌لاَمه‌کانیان ده‌بین له‌ گۆره‌پانى حوکم دا،پاشان ده‌کرىَ فه‌رمان بده‌ین له‌سه‌ر ئه‌زموونه‌که‌یان وهه‌ڵسه‌نگاندنى ئه‌دایان.

نمایش بیشتر

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا