بابه ته كان
مرۆڤ بۆچی خۆی ده‌كوژێت؟
مرۆڤ خۆی ده‌كوژێت؟
به‌رزان ئه‌بوبه‌کر ڕه‌شید
دیارده‌ی خۆكوشتن دیارده‌یه‌كی باو‌و قێزه‌ونی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه، ئه‌گه‌ر جاران ته‌نها له نێو ده‌وڵه‌ته هه‌ژاره‌كانی جیهانی سێهه‌مدا باو‌و بڵاو بووبێت، ئه‌وا ئه‌مڕۆ دیارده‌یه‌كی باوی نێو كۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌ته پێشكه‌وتووه‌كانی جیهانه، بۆ نموونه یابان كه ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ئیره‌یی به پێشكه‌وتن‌و ته‌كنه‌لۆژیاو ناوبانگ‌و بیری به‌هێزو كارامه‌ییان ده‌بات، ته‌نها له ساڵی 2009دا (30181) كه‌س خۆیان كوشتووه كه زۆربه‌یان له ره‌گه‌زی نێرینه بوون!
وڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كه سه‌ركردایه‌تی ته‌واوی جیهان ده‌كه‌ن، له‌م دیارده‌یه نه‌ك خاڵی نییه به‌ڵكو رێژه‌ی خۆكووشتن له‌و وڵاته‌ش رێژه‌یه‌كی نا ئاساییه ته‌نها له ساڵی 2009دا (29000) حاڵه‌تی خۆكووشتن تۆمار كراوه، به‌پێی ئامارێك كه له رۆژنامه‌ی (ی‌و إس تودی) ئه‌مریكی رۆژانه (80) حاڵه‌تی خۆكوشتن رووده‌دات!
گۆڤاری (ژی لانست)ی به‌ریتانی كه له 18ی نیسانی 2009 ده‌رچووه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه ساڵانه له جیهاندا یه‌ك ملیۆن كه‌س خۆیان ده‌كوژن، به‌م پێیه‌ش هه‌موو (40) چركه‌یه‌ك له جیهاندا كه‌سێك خۆی ده‌كوژێت!
ئه‌م دیارده‌یه بۆته نه‌ریتێكی نێگه‌تیڤی نێو كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، بۆیه پێویسته چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و دیارده‌یه بدۆزرێته‌وه.
ره‌نگه هۆكاری خۆكوشتن به شێوه‌یه‌كی گشتی بریتی بێت له نهبوونیو نهداریو گرفته داراییهكانو خه‌مۆكی‌و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و خێزانییهكانو نه‌گه‌یشتن به ئاوات‌و هیواكانو رهشبینیو بێ هیوایی… هتد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێستا له نێو خۆكوژاندا كه‌سانێك هه‌ن زۆربه‌یان خاوه‌ن بڕوانامه‌و سه‌روه‌تێكی بێ شومارنو هیچ كام له‌و گرفتانه‌یان نییه!
به هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه باسی لێوه بكه‌ین ئه‌وه نییه كه بزانین رۆژانه‌و ساڵانه چه‌ند كه‌س خۆیان ده‌كوژن، به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت له‌وه بدوێین كه بۆچی مرۆڤ په‌نا بۆ خۆكوشتن ده‌بات؟
1- دروست بوونی فه‌راغی رۆحی: چۆن مرۆڤ به‌رده‌وام پێویستی به خۆراك‌و هه‌ناسه‌دان هه‌یه، هه‌رواش لایه‌نی رۆحی مرۆڤ پێویستی به خۆراك هه‌یه، پێشه‌وا ئیبن قه‌ییم له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (جه‌سته چه‌ند پێویستی به هه‌ناسه‌دانه، رۆح زیاتر پێویستی به خۆراكه)! به‌ڵام خۆراكی رۆح جیاوازه له خۆراكی جه‌سته، خۆراكی رۆح له‌سه‌ر سفره‌و خوانه‌كان ده‌ست ناكه‌وێت، له نێو بازاڕه‌كان نافرۆشرێت، به پاره‌و سهروهتو سامان به ده‌ست نایه‌ت، بۆیه مرۆڤ كاتێك خواردن به رۆحی نادات فه‌راغێكی بۆ دروست ده‌بێت كه نازانێت چۆن پڕی بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش یه‌كێكه له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان كه مرۆڤ له ئه‌نجامی ئه‌و فه‌راغه رۆحییهدا كه نازانێت چۆن پڕی كاته‌وه بۆیه وا ده‌زانێت خۆكوشتن چاره‌سه‌ره‌و له ئاكامدا په‌نا بۆ خۆكوشتن ده‌بات!
كه‌واته بۆئه‌وه‌ی ئه‌و فه‌راغه پڕ بكه‌یته‌وه، بۆئه‌وه‌ی دڵت هه‌میشه ئاسوده‌و ئارام بێت، رۆژانه خواردن به رۆحت بده،
باشترین خۆراك بۆ رۆح بریتییه له په‌رستنی په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست.
2- ده‌سته‌وسان له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی رۆژگار: مرۆڤ گه‌لێك كه په‌نا بۆ خۆكوشتن ده‌به‌ن، كه‌سانێكن كه شكستخواردوون له به‌رده‌م كۆسپ‌و ناڕه‌حه‌تییه‌كانی ژیان، له ئه‌نجامی كه‌م توانایی‌و بڕوا به‌خۆ نهبوونو نه دۆزینه‌وه‌ی رێگه چاره‌یه‌ك بۆ كێشه‌كانی ژیانیان په‌نا بۆ خۆكوشتن ده‌به‌ن، مرۆڤی ئازا‌و ژیر له به‌رامبه‌ر ناڕه‌حه‌تییه‌كانی رۆژگار نه‌ك هه‌ر چۆك دانادات، به‌ڵكو به‌رده‌وام له هه‌وڵی چارهسهركردنیاندایه، مرۆڤی ژیر دڵنیایه رۆژگاره ناخۆشییه‌كانی ژیان به‌رده‌وام نین، كورد وته‌نی ته‌نگانه به‌ری كورته!
3- خۆكوژان وا ده‌زانن مردن خاڵی كۆتاییه: ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان ده‌كوژن پێیان وایه ژیانی دنیا كۆتا ژیانه‌و به ده‌رچوونیان له دنیا هه‌موو شتێك كۆتایی دێت، ئه‌مه‌ش بۆچونێكی زۆر هه‌ڵه‌یه‌و له راستییه‌وه دووره، ژیانی دنیا بریتییه له چه‌ند رۆژێكی كه‌م ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی كۆتایی پێ دێت، كه‌واته نایه‌وێت به‌ر له هاتنی كۆتایی ئه‌و چه‌ند رۆژه كه‌مه به ده‌ستی خۆت كۆتایی پێ بێنیت، مرۆڤ له‌م ژینه‌دا له به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌دایه، ده‌توانیت به رۆژگاره كه‌مه‌كانی ژینت، ژیانێكی هه‌میشه‌یی پڕ له خۆشی‌و شادی به ده‌ست بهێنیت، ئێستا با پێكه‌وه بیرێك له گه‌ردون بكه‌ینه‌وه تا به‌هۆیه‌وه زیاتر بۆمان روون ببێته‌وه كه ژین‌و مردنمان بێ هۆ نییه‌و مردنیش كۆتایی رێگه نییه:
* ئایا هیچ كات بیرت له هه‌ڵهاتنی رۆژو تاریكایی شه‌و نه‌كردۆته‌وه؟
پرسیارت له خۆت نه‌كردووه بۆچی له‌سه‌ر زه‌وی شه‌و رۆژ دروست بووه؟ ره‌نگه وه‌ڵامه‌كه‌ی زۆر سانا بێت!
* ئایا هیچ كات له هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵای درهختهكانو دووباره نوێبوونه‌وه‌یان ورد بوویته‌وه؟!
* ئایا بیرت له دره‌خته هه‌میشه سه‌وزه‌كان كردۆته‌وه؟
* ئایا له رۆژگاره‌كانی به‌هاردا سه‌رنجی زه‌ویت داوه چۆن دوای مردن‌و وشكبوونی سه‌ر له نوێ زیندوو ده‌بێته‌وه؟
* ساتێك ته‌نها دانیشتووی له شه‌وگارێكی ساماڵدا تا بیر له ئهستێرهكانو ورده‌كارییه‌كانیان بكه‌یته‌وه؟
* هیچ كات گه‌شتت كردووه بۆ رۆخی ده‌ریاو بیرت له ده‌ریاو ژیانی زینده‌وه‌رانی نێو ئاو كردبێته‌وه؟
* قه‌د بووه كاتێك به لای چیایه‌كدا تێ پهڕیتو پرسیار له خۆت بكه‌یت سه‌باره‌ت به جوانی‌و به‌هێزی سروشته‌كه‌ی؟
ئه‌مانه‌و چه‌ندین پرسیاری دیكه، ئه‌وه‌ت بۆ روون ناكاته‌وه كه مردن كۆتایی رێگه نییه!
كه‌واته با پێكه‌وه بڕیار بده‌ین كه وه‌كو مرۆڤێكی به‌هێزو لێهاتوو ژیر، شكست نه‌خۆین له به‌رامبه‌ر ناڕهحهتیو كێشه‌كانی ژیان، له بری شكست با هه‌وڵی چاره‌سه‌رو په‌ند وه‌رگرتن بده‌ین! با ئێمه‌ش وه‌كو مرۆڤه سه‌ركه‌وتووه‌كان خشتێك له دیواری ئه‌م ژینه‌دا دابنێین‌و سوودێك به كۆمه‌ڵگه‌و مرۆڤایه‌تی بگهنین، به هیوای ژیانێكی خۆش‌و بۆ ئاسووده بۆ هه‌مووان!
له گۆڤاری بڕیار بڵاو کراوه‌ته‌وه