کووبانی و شه‌نگال زه‌خمی هه‌ڵه‌بجه‌يان کولانده‌وه
کووبانی و شه‌نگال زه‌خمی هه‌ڵه‌بجه‌يان کولانده‌وه
ماموستا عه‌لی ره‌حمانی
- به بۆنه‌ی کاره‌ساتی بۆمبارانی کیمیایی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید، شاعیر و ئه‌دیبی کورد، جه‌ماڵ حه‌بیب الله “بێ‌دار”، کۆمه‌ڵه هۆنراوه‌یه‌کی له ژێر ناونیشانی “ناڵه‌ی هه‌ڵه‌بجه” له ساڵی 1368 هه‌تاویدا بڵاو کرده‌وه. له سه‌ر داوای کاک جه‌مال، پێشه‌کیه‌کم بۆ نووسی. ئه توانم بڵێم ده‌رده دڵێ بوو، به بۆنه‌ی ئه‌و کاره‌ساته دڵته‌زێنه‌وه – وه‌ک پێشه‌کی نووسیم-. له پاش تێپه‌ڕبوونی نزیکی 26 ساڵ به سه‌ر نووسینی ئه‌و پێشه‌کییه‌دا، زستانی ئه‌م ساڵی 1393 ی هه‌تاوی، هاتمه سه‌ر ئه‌وه بۆ ساڵیادی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه، هه‌ر ئه‌و پێشه‌کیه به بازێ ده‌سکاری وێژه‌یی و ناوه‌ڕۆکی و که‌م و زیادکردنی بازێ شت بڵاو که‌مه‌وه.
- وه ئه‌وه‌ش که پاڵی پێوه نام هه‌ڵسم به‌م کاره، چه‌ن شت بوو:
یه‌که‌م، ساڕ‌ێژ نه‌بوونی ئه‌و زه‌خم و رووداوه.
دووهه‌م، کولاندنه‌وه‌ی به بۆنه‌ی کاره‌ساتی کووبانی و شه‌نگاڵ و کوردستانه‌وه.
سێهه‌م، کوشت و کوشتار و سه‌ربڕین و ئاواره‌یی و ده‌ربه ده‌ری و ماڵ وێرانی خه‌ڵکێکی زۆر له جێگه و شوێنی خۆیان، به ده‌ستی که‌سانێ به ناوی ئیسلامه‌وه، وه له ژێر دروشم و ئاڵایه‌کدا به ناونیشانی که‌لیمه‌ی پیرۆزی لا اله الا الله، محمد رسول الله، نووسراو له سه‌ر پهڕویهکی ره‌شی وه‌کوو دڵی ره‌ش و بێبه‌زه‌یی خۆیان. به‌م کاره ناشیرین و دزێوه‌یان کارێکیان کرد که ئاده‌میزاد شه‌رم ئه‌کات بیان نووسێ و باسیان کات. چوونکه قه‌ڵه‌م له رووی نایه. به ڕاستی ته‌نیا کارێ که کردیان، دینیان له پێش چاوی خه‌ڵك خست و ناشیرینیان کرد، به شێوه‌یه‌ک، نه‌یارانی ئیسلام ئاواتیان هه‌ر ئه‌مه بوو. ئه‌مان به‌دییان هانی. که ئیسلام و دین خوا هه‌ر ئه‌مه‌یه که ئه‌م چه‌تانه ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن، وه هه‌ر ئه‌مه بوو که ساڵه‌هایه، بێداری ئیسلامی هه‌وڵی بۆ ئه‌ده‌ن وه ئه‌وه‌یه که دڵسۆزانی دین زۆرێکیان له‌و پێناوه‌دا گیانیان به‌خت کردوو سه‌ریان نایه‌وه و به ناحه‌ق و ناڕه‌وا کوشتنیان.
جا ئه‌مانه و شتانێکیتر ههڵیاننام له پاش ئه‌م ماوه دوور و درێژه ئه‌و پێشه‌کیه به ده‌سکاریه‌وه بیخه‌مه به‌ر ده‌س خوێنه‌رانی ئازیز.
- هه‌ر وه‌کوو وتم، نه‌یارانی دین، له زۆر مێژه‌وه، به بیانوون که ئیسلام ناشیرین که‌ن له به‌ر چاوی کۆمه‌ڵگا. هه‌ر له سه‌ره‌تای هه‌ڵهاتنی رۆژی ئیسلامه‌وه، به پیلانی زۆره‌وه ده‌س به‌کار بوون و به نه‌خشه‌ی جۆراوجۆره‌وه هاتنه مه‌یدان. ته‌نانه‌ت تا ئه‌و راده‌یه گه‌یشتن که هێز و توانای ئیسلام و پایه بنه‌ڕه‌تیه‌کانی، له دڵی موسڵماناندا لابه‌رن یان لاوازیان که‌ن. به جیاکردنه‌وه‌ی ئیسلام له ژیانی خه‌ڵک، که گوایه دین و ژیان دوورن له یه‌که‌وه و هه‌ر دۆڵێکیان به بابایه سپاردووه.
له پاش نه‌مانی ئیداره‌ی خوله‌فای راشیدین و شوورا و گوێ نه‌دان به رای خه‌ڵك، دووشتی ئه‌ساسی بوون به هۆی ئه‌وه که زیاتر زه‌مینه فه‌راهه‌م بێ بۆ سه‌رگرتنی ئه‌م پیلانانه و جێبه‌جێ کردنی ئه‌و نه‌خشانه.
به فه‌رمووده‌ی ئیمام مه‌ودوودی:
یه‌که‌م: که‌م بوونه‌وه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که باش ته‌ربییه‌ت بوبوون له ئیسلامدا و شاگردی چاک بوون بۆ قورئان و ئیسلام.
دووهه‌م: گه‌وره بوون و پان و به‌رین بوونی وڵاتی ئیسلامی.
ئه‌مانه و شتانیتر، بوو به هۆی ئه‌وه که موسڵمانانی دڵسۆز پیا نه‌گه‌ن و فریا نه‌که‌ون که به چاکی، په‌روه‌رده‌ی ئه‌وانه بکه‌ن که تازه ئه‌هاتنه ریزی موسڵمانانه‌وه و به‌و جۆره‌ی پێویست بوو باریان بێنن.
له سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه که‌سانێ هاتنه ناو موسڵمانان که هه‌ر ناوێکیان بیستبوو له ئیسلام وه هه‌ر به ره‌سم موسڵمان بوون نه‌ک به راستی. وه هه‌ر له ناو ئه‌و تازه موسڵمانانه‌دا، کاربه‌ده‌ست و بهڕیهوبهری کاروباری موسڵمانان دروست بوو. وه ئه‌گه‌ر به وردی ته‌ماشا که‌ین ئه‌م شته له نزیکی کۆتایی زه‌مانی خوله‌فای راشدینه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد و گه‌رای دانرا. وه له پاش نه‌مانی ئه‌وانیش، درگا بۆ پاشایه‌تی که‌مکه‌م کرایه‌وه. وه هه‌ر له سه‌رده‌می موعاویه‌وه، بنه‌ڕه‌ته‌که‌ی به‌م شێوه دانرا که هه‌وڵیدا بۆ ئه‌وه‌ی یه‌زیدی کوڕی بکه‌ن به جێگه‌داری، یان رۆشنتر بڵێم بیکات به پاشا و ده‌سه‌ڵاتدار به ناڕه‌وا. ئه‌م کاره‌ی ئه‌و بوو به بنیاتێ بۆ دامه‌زراندنی مه‌لیکی عضوض و گازگر به کورسی و ده‌سه‌ڵاتا و به زۆر سه‌پاندی به سه‌ر خه‌ڵکا. کوڕ له جێگه‌ی باوکا و پاشا له دوای پاشا کردیان به عورف و عاده‌ت له کۆمه‌ڵگای ئیسلامی‌دا. به داخه‌وه ئه‌م کاریشه به ئاشکرا رێگه‌ی بۆ نه‌یارانی دین نزیک کرده‌وه که له که‌میندا بوون بۆ تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه. چونکه ئه‌و فه‌رمانڕه‌واو پاشایانه که هاتنه سه‌ر کار، نه‌خشه و پیلانه‌کانی ئه‌وانیان به چاکی جێبه‌جێ ئه‌کرد، ئاگاهانه یا نائاگاهانه. وه موسلمانانیان به شتی بێهووده‌وه سه‌رگه‌رم کرد و بۆ پاراستنی کورسی و ده‌سه‌ڵاتیان، خه‌ڵکیان ئه‌دا به شه‌ڕ و خۆیان سه‌یریان ئه‌کرد. وه له‌م لایشه‌وه دڵسۆزانی دین هه‌م خۆیان غه‌ریب که‌وتن وه هه‌م قسه و ره‌فتار و گوفتاریان. ته‌نانه‌ت که‌وتنه ژێر ئه‌شکه‌نجه و ئازاره‌وه له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه. به‌تایبه‌تی ئه‌و زانایانه‌ی که رخنه‌یان گرتایه لێیان و به قسه‌کانیان له‌رزه‌یان خستایه به کورسییه‌کانیان.
- 4. له‌م رووه‌وه یه‌کێک له‌و پیلان و نه‌خشانه‌یان، خراپ که‌ڵک وه‌رگرتن له ئایه‌ت و نیشانه جیاوازه‌کانی ره‌نگ و زوان و ره‌گه‌ز بوو که ئه‌مانه ئایه‌تی خوان، هه‌ر وه‌کوو هه‌ر ئایهتێکیتر، که عه‌زه‌مه‌ت و گه‌وره‌یی خوا پیشان ئه‌ده‌ن وه داوای ئه‌وه‌ی کردووه که ئه‌م ئایه‌تانه ئه‌بێ بپارێزرێن و په‌رده نه‌هێنرێ به‌سه‌ریانا و زه‌مینه‌ی چاک که‌ڵك وه‌رگرتن لێیان فه‌راهه‌م بکرێ.
به‌ڵام به‌داخه‌وه نه‌یارانی دین، هه‌ر بهدهسگرتن به ئه‌م شتانه‌و له‌م جیاوازیانه، زیاده‌ره‌وییان دروس کرد و ره‌گه‌زه‌کانیان به‌ر دایه گیانی یه‌کوو، یه‌کتریان پێ سه‌رکوت کردن. وه گه‌رای جیایی و دووبه‌ره‌کییان له ناو موسڵمانانا دانا. ئه‌و ئیسلامه‌ی که به یه‌ک چاو ته‌ماشای ئه‌م ره‌گه زانه ئه‌کات و زیادهبهشانهی به ره‌گه‌زێکی تایبه‌ت نه‌داوه و له‌مباره‌وه قه‌ده‌غه‌ی کردووه بان و خوار و ره‌سمی و غه‌یره ڕه‌سمی.
به داخه‌وه ئه‌وه‌ی که له درێژایی مێژوودا جووله‌که‌کان خۆیان به‌و شتانه و نموونه‌یان له خه‌ڵک جیاکرده‌وه و ئه‌یانوت: شعب الله‌ی موختارین و گه‌لی ههڵبژێریاوین. هه‌ر ئه‌و سیپاڵه دارزاوه و هه‌ر ئه‌و فیکره خۆ به‌گه‌وره زانینه، به پینه‌کراوی و به بازێ رووکه‌شه‌وه، هانیانهوه بۆ ناو ئێمه که له فیکری شۆڤینی ئه‌وانه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ته‌نانه‌ت ره‌گه‌زپه‌رستی عه‌ره‌بی وا هه‌یه شانازی ئه‌کات به محمدی عه‌ره‌به‌وه، به‌ڵام شانازی ناکات به محمدی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام و رحمهتهن للعالهمینهوه. هه‌ر به‌م بۆنه‌وه ئه‌یه‌وێ ته‌واوی ره‌گه‌زه‌کان ژێرده‌ستیان بن، رێک وه‌کوو ئه‌وه‌ی کوردێ له رووی نه‌زانینه‌وه، بڵێ، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئیبراهیم پێغه‌مبه‌ر کورد بووه، له خاکی پاکی کوردوستاندا، که بێشکه‌ی دووهه‌می مرۆڤایه‌تییه، سه‌ری هه‌ڵداوه و باوکی پێغه‌مبه‌ران بووه، له‌به‌ر ئه‌مانه، ئه‌بێ هه‌ر کورد حهسێب بێ، وه هه‌ر زوانی کوردی ره‌سمی و فه‌رمی بێت. له هه‌موو جێگه و خاک و نیشتمانێکا هه‌ر ئێمه رهسمییهتمان هه‌یه، ته‌نانه‌ت له واتیکان و تلاڤیڤیشا ئێمه خاوه‌نی ماڵ و خاک و نیشتیمانی هه‌موو رهگهزهکانین، وه ئه‌بێ هه‌موو کاربه‌ده‌ستان و لێپرسراوانی ئیداری، سه‌ر و خوار، گشتی کورد بن، بێ پرسی ئێمه نابێ هیچ کارێ بکرێ، وه ئێمه ته‌ئیدی هه‌ر که‌سێ نه‌که‌ین ره‌سمییه‌تی نییه، وه ئه‌بێ ته‌واوی ره‌گه‌زه جیاوازه‌کان ژێرده‌ستی ئێمه‌بن. لیباسی کوردی له‌به‌ر که‌ن، جامانه و ئاغابانوویشیان به‌سه‌ره‌وه بێ، ئه‌بێ به کوردی بخوێنن و به کوردی بنووسن و به کوردی قسه بکه‌ن و نابێ لههجهیشیان بێ.
قسه‌ی واو ده‌ستووری واو قانوونی واو، نه مهنتیقییهو نه مه‌عقووله، چ قانوون و یاسایه‌کی ئینسانی شتی وای به‌لاوه مه‌عقووله، تا ئیسلام ئه‌مه‌ی به لاوه باش بێت؟ قورئان نه‌ک ئه‌م بیرکردنه‌وانه به هیچ شێوه به دروس نازانێ، به‌ڵکه زیاده‌ڕه‌وی له دینیشا، له عیبادهتیشا به دروس نازانێ و قه‌ده‌غه‌ی ئه‌کات. وه‌کوو ئه‌فه‌رموێ:
قُلْ يَا أَهْلَ الْكِتَابِ لاَ تَغْلُواْ فِي دِينِكُمْ …
[ بڵێ: ئه‌ی ئه‌هلی کتێب به ناڕه‌وا و ناهه‌ق، له ئایینه‌که‌تاندا زیاده‌ڕه‌وی مه‌که‌ن…مائیده/77]
ته‌نانه‌ت موسڵمانان بێ‌دار ئه‌کاته‌وه که شوێنی ئه‌م زیاده‌ڕه‌ویانه نه‌که‌ون، وه‌کوو ئه‌فه‌رموێ:
لَّيْسَ بِأَمَانِيِّكُمْ وَلا أَمَانِيِّ أَهْلِ الْكِتَابِ مَن يَعْمَلْ سُوءاً يُجْزَ بِهِ…
[ئه‌م پاداشه به حه‌ز و ئاره‌زووی ئێوه و ئه‌هلی کتێب نایه‌ته دی، که‌سێ کاری خراپ بکا، هه‌ر به‌و ده‌قه تۆڵه‌ی لێده‌سه‌نرێته‌وه… نیساـ/ 123 ]
به ئاوات و ئاره‌زووی ئێوه و ئه‌هلی کتێب نییه، له‌م رووه‌وه هه‌ر که‌س کاری خراپ کات، جه‌زای وه‌ر ئه‌گرێ. وه‌کوو ئه‌وه‌ی بفه‌رموێ: خوا په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی و ناسراوی و دۆستایه‌تی و پارتیبازی له گه‌ڵ هیچ ره‌گه‌ز و ئایینێکی تایبه‌تا نییه. ئه‌وان بڵێن ئێمه شعب الله موختارین و ئێوه‌یش بڵێن ئۆمه‌تی پێغه‌مبه‌ری ئاخر زهمانین، وه به‌م ئاوات و ئارهزووانهوه بتانه‌وێ رزگار بن. نه‌خێر، وانییه، به‌ڵکه رزگاربوونتان به بیروباوه‌ڕی سالم و کرده‌وه‌ی چاک و خزمه‌ت به خه‌ڵکه.
- 5. ئیسلام ئیفرات و ته‌فریت و زیاده‌ڕه‌وی له هه‌موو شتێکا، ته‌نانه‌ت له دین و عیباده‌تیشدا قه‌ده‌غه ئه‌کات و به‌رپه‌رچی ئه‌داته‌وه. به ڵام نه‌یارانی ئیسلام و دۆستانی نائاگا له دین، هاتن هه‌ر ئه‌م ره‌وشته‌یان گرته‌به‌ر و به کرده‌وه‌یان خۆیان به شعب الله‌ی موختار دانا‌و سه‌رکوتکردنی ره‌گه‌ز به ره‌گه‌ز بوو به به‌ڵا بۆ گیانی خه‌ڵک ، که له ئه‌نجامدا هاڵاوی ره‌ش و سووتێنه‌ری زۆرێ له گه‌لانی گرته‌وه. گه لی هه‌ژارو لاره‌مل و چه‌وساوه‌ی کوردیش بوو به قوربانی ئه‌م سته‌مه به ده‌ستی چینی زۆردار و ره‌گه‌زپه‌رست و سته‌مکاره‌وه له درێژایی مێژوودا. ئه‌ویش ته‌نیا تاوانی کورد ئه‌مه‌یه که ئه‌ڵێ: من هه‌م. خوا درووسی کردووم، به ده‌س خۆم نه‌بووه، نه دروس بوونم، نه کورد بوونم.
که هه‌م، حه‌ق و حقۆق و مافێکم هه‌یه، که خوا پێی‌داوم، هه‌ر وه کوو خه‌ڵکیتر، ئه‌ڵێم ئه‌مه‌وێ تا گیانم تیابێ. ماڵ و جێگه و شوێن و خاک و نیشتمانم هه‌یه، خوا پێی‌داوم، ئازادم که‌ن تیا بژیم. ئازادم که‌ن به زوانی خۆم قسه بکه‌م، و بنووسم و بخوێنم، بۆ ئه‌وه ئایه‌ته‌که‌ی خوا جوان ده‌رکه‌وێ، ئازادم که‌ن که خاوه‌نی خۆم بم، کوێخاو زاوتم ناوێ به سه‌رمه‌وه بێ، ئازادم که‌ن ناسنامه‌ی خۆم که‌هه‌مه و کوردم، به سینه‌مه‌وه بێ. ئازادم که‌ن بۆ خۆم بژیم. خوا عه‌قڵ و ئاوه‌زو مه‌عریفه‌ت و شناخت و ده‌رکی پێداوم، ئه‌توانم کاروباری خۆم، خۆم جێبه‌جێی که‌م. وه‌لێ موجبیر و حجر قه‌بووڵ ناکه‌م به سه‌رمه‌وه بێ.
بڕوام پێبکه‌ن تاوانی کورد له درێژایی مێژوودا هه‌ر ئائه‌مه‌یه. ده‌ی کام له‌م داواکاریانه دژی ئیسلام و عه‌قڵ و مه‌نتیقه؟ وه پێچه‌وانه‌ی کام یاسایه که بۆ خزمه‌ت به خه‌ڵك دانرابێ؟! وه کام له‌مانه بۆنی ره‌گه‌زپه‌رستی ئه‌دات؟! فه‌رموون ئێوه و خوا بیڵێن! به‌ڵام سته‌مکار ده‌سه چه‌وره‌که‌ی خۆیی به سه‌ر کوردا ئه‌سڕێ و ئه‌ڵێ: کورد ره‌گه‌زپه‌رسته!
کورد به زوانی حاڵ و قاڵ ئه‌ڵێ: عه‌داله‌تم ئه‌وێ، به عه‌داڵه‌ت ره‌فتار که‌ن له گه‌ڵما. ئیسلامیش دروس بوون و دامه‌زراندن و جێبه‌جێ کردنی قیست و عه‌داله‌ت به فه‌لسه‌فه‌ی ریساله‌ت دائه‌نێ، وه‌کوو له سووره‌تی حه‌دید، ئایه‌تی 25 دا ئه‌ڵێ، ئیسلام داوا له پێغه‌مبه‌ر و موسڵمانان ئه‌کات که به عه‌داله‌ت ره‌فتار که‌ن. ته‌نانه‌ت له گه‌ڵ نهیارانیشیانا. وه‌کوو ئه‌فه‌رموێ:
… وَلاَ يَجْرِمَنَّكُمْ شَنَآنُ قَوْمٍ عَلَى أَلاَّ تَعْدِلُواْ اعْدِلُواْ هُوَ أَقْرَبُ لِلتَّقْوَى ( …
[کینه‌ی هۆزێک هه‌ڵتان نه‌نێ له سه‌ر ئه‌وه‌ی که دادگه‌ری ئه‌نجام نه‌ده‌ن، دادگه‌ری بکه‌ن چونکه دادگه‌ری نزیکتره له ته‌قواو له خوداتهرسی… مائیده/ 8 ]
خوا به پێغه‌مبه‌ر ئه‌فه‌رموێ:
… وَأُمِرْتُ لِأَعْدِلَ بَيْنَكُمُ …
[فه‌رمانیشم پێدراوه، له نێوانتاندا دادگه‌ری دابین بکه‌م… شوورا/ 15 ]
مه‌جال و دائیره و ئه‌ڵقه‌ی عه‌دڵ وه‌سیع و به‌ربڵاوه، دائیره‌ی ئیجتیماعی ئه‌گرێته به‌ر. نموونه‌ی، خه‌ڵک و وڵات و هه‌موو کۆمه‌ڵگا و بنه‌ماڵه و خانه‌واده و هه‌موو پێوه‌ندیه ئیجتیماعییهکان به هه‌موو لایه‌نه‌کانیانه‌وه: دائیره‌ی ئیقتیسادی ئه‌گرێته به‌ر، ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به ژیانه‌وه بێ. دائیره‌ی سیاسی ئه‌گرێته به‌ر، ئه‌وه‌ی پێوه‌ندی به‌م لایه‌نه‌وه بێ، گشتی دائه‌گرێ، نموونه‌ی ئازادی، سه‌ربه‌خۆیی و ده‌سه‌ڵات و هه‌موو شێوه‌کانی ئیداره و حقووق و مافه‌کان، ته‌نانه‌ت عه‌دڵ له گه‌ڵ خۆ‌یا وه‌کوو شه‌خسییه‌ت و زه‌وقی، حه‌زه‌کانی، تواناییه‌کانی، عه‌لاقه‌ی به جوانی و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر و سروشت ئه‌گرێته‌به‌ر. دائیره‌ی فیکر و عیلم و زانین و فه‌رهه‌نگ و سه‌حه‌ت و ته‌ندوروستی و له‌شساخی و خواردن و خواردنه‌وه و وه‌خت و کات. عه‌دڵ لانه‌دانه له رێگه‌ی راست، عه‌دڵ لانه‌دانه له میانه‌ڕه‌وی، عه‌دڵ حوکم کردنه به حه‌ق و قه‌زاوه‌ته به حه‌ق، عه‌دڵ سه‌رتاپای ژیان ئه‌گرێته‌به‌ر. خوای گه‌وره ده‌ستووری پێداوه:
* إِنَّ اللّهَ يَأْمُرُكُمْ أَن تُؤدُّواْ الأَمَانَاتِ إِلَى أَهْلِهَا وَإِذَا حَكَمْتُم بَيْنَ النَّاسِ أَن تَحْكُمُواْ بِالْعَدْلِ …
[خودا فه‌رمانتان پێده‌دا، سپارده‌کان بده‌نه‌وه به خاوه‌نه‌کانیان، هه‌رکاتێکیش له ناو خه‌ڵکا فهرمانتاندا، به دادگه‌ری فه‌رمان بده‌ن… نیساـ / 58 ]
هه‌ر وه‌کوو له جێگهیتردا ئه‌فه‌رموێ:
* ¨ إِنَّ اللّهَ يَأْمُرُ بِالْعَدْلِ وَالإِحْسَانِ وَإِيتَاء ذِي الْقُرْبَى وَيَنْهَى عَنِ الْفَحْشَاء وَالْمُنكَرِ وَالْبَغْيِ يَعِظُكُمْ لَعَلَّكُمْ تَذَكَّرُونَ
[به‌راستی خودا فه‌رمان ده‌دا به دادگه‌ری و چاکه‌کاری و ده‌ست گورۆیی خزم و که‌س و کار، هه‌روه‌ها فه‌رمانیش ده‌دا به ئه‌نجام نه‌دانی کاری ناشیرین و کرده‌وه‌ی ناپه‌سه‌ند و سه‌رکه‌شی و سته‌م، ئامۆژگاریتان ده‌کا به‌و هیوایه‌ی که په‌ند وه‌رگرن. … نه‌حل/ 90 ]
خه‌تای ئیسلام چییه که نه‌یارانی دین و سته‌مکاران، به زۆر و سته‌م له گه‌ڵ خه‌ڵکی فه‌قیرو هه‌ژارا رووبه‌ڕوو ئه‌بن و عه‌داله‌ت به ده‌گمه‌ن ئه‌بینرێ له کۆمه‌ڵگادا؟!
تاوانی کورد چییه ئه‌ڵێ: ئازادم که‌ن با ئازاد بم و هاوار ئه‌کات. راس ئه‌کات، دینیش هه‌روا ئه‌ڵێ و له پێش ئه‌ما داوای کردووه‌و. هه‌ر له ئه‌ساسدا دین بۆ ئه‌وه هاتوووه که کۆت و زنجیر له ده‌س و پێی خه‌ڵک بکاته‌وه. ئازاد کردنیان له ده‌س سته‌م، ئازادکردنیان له ده‌س ئه‌و که‌سانه‌ی که خۆیان کردووه به خوا به سه‌ر خه‌ڵکه‌وه، ئازادکردنیان له ده‌س جه‌هل و نه‌زانین و هه‌وا په‌رستی و خه‌ڵک په‌رستی و داروبه‌رد په‌رستی، وه‌کوو ئه‌فه‌رموێ:
… وَيَضَعُ عَنْهُمْ إِصْرَهُمْ وَالأَغْلاَلَ الَّتِي كَانَتْ عَلَيْهِمْ … ئه‌عراف/ 157
[…باره گران و ئه‌رک و یاسا قورسه‌کانیان له سه‌رشان و کۆڵ لا ده‌بات…]
کوردی هه‌ژار کۆت و زنجیر کراوه و زوانهکهیشی خه‌ریکه له ناو ئه‌برێ بۆ ئه‌وه هاواری پێ نه‌کات و نهیشزانێ به زوانی خۆی هاوار کات و بڵێ ده‌س و پێم به‌سراوه، یارمه‌تیم بده‌ن بۆ ئه‌وه ئازاد بم.
- 6. کورد ئه‌ڵێ: منیش دروسکراوی خوام له رێگه‌ی خوادا ئازادم که‌ن و به عه‌داله‌ت رهفتارکهن له گه‌ڵما. ده‌ی ئه‌مه که‌ی ره‌گه‌زپه‌ره‌ستییه؟!
خوای گه‌وره کاتێ ویست و ئیراده‌ی هاته‌سه‌ر ئه‌وه که ئه‌م دونیا ئاوه‌دان کاته‌وه، ئاده‌میزادی دروس کرد، وه موختار‌و ئازادیش دروسی کردن، ته‌نانه‌ت له ئیمان و باوهڕهێنانیشدا به خوا، ئازادی کردن، به ده‌قی ئه‌و به‌رنامه که بۆیی ناردوون، داوای لێ کردوون که رێگه‌ی ته‌قوا و خۆپاراستن و عه‌داله‌ت بگرنه‌به‌ر، بۆ ئه‌وه‌ی که: سته‌م نه‌مێنێ له کۆمه‌ڵگادا. وه یه‌کێک له‌و شتانه‌ی که له قورئاندا زیاتر باسی لێکراوه و جه‌خت کراوه‌ته سه‌ری و به دزێو‌و ناشیرین ناوبراوه، خراپی گوناهی زولم و سته‌م و بێعهدالهتییه.
- 7. خه‌تای کورد چییه که خوا به ویست و ئیراده‌ی خۆی ئاده‌میزادی وه‌کوو یه‌ک دروس نه‌کردووه؟! به‌ڵکه جیاوازی زۆر ئه‌بینرێ له نێوانیانا، وه ئه‌م جیاوازیانه به ئیراده و ویستی خودایه. یانێ جه‌عل و خه‌لقی خۆیه‌تی، یانێ جه‌بره، هه‌ر له به‌ر ئه‌مه‌یه، ئازادی دروس کردوون، که هه‌ر که‌س وه‌کوو خۆی بێ و تێک نه‌درێ و نهشێوێنرێ. بۆ نموونه جیاوازی ره‌نگ و نه‌ژاد و ره‌گه‌ز و سه‌لیقه و حه‌زو پێخۆش‌بوون و پێناخۆشبوون و شه‌و و رۆژ و ژن و پیاو، ته‌نانه‌ت هه‌ر وه‌کوو وتم له ئیمان و بێ ئیمانیشدا ئازادی کردوون و زۆری لێ نه‌کردوون، چونکه زوڵم و سته‌می له سه‌ر خۆی حه‌رام و قه‌ده‌غه کردووه، به ته‌ریقی ئه‌ولا حه‌رام و قه‌ده‌غه‌یشی کردووه که خه‌ڵکیش سته‌م بکه‌ن له یه‌ک. له‌م رووه‌وه ره‌سمییه‌تی داوه به هه‌موو ره‌گه‌زه‌کان، بێ جیاوازی وه ئه‌م سه‌رزه‌وییه‌ی بۆ هه‌موان دروس کردووه و خاک و نیشتمانی هه‌موویانی و خۆیانی به ڕه‌سمی ناسیوه. ره‌سمی بوون و ئازادبوونیان به ده‌ستی خۆیان نییه، خوا وای دروسکردوون. ئه‌و جیاوازیانه جه‌علی خوایه و ره‌سمی بوونیان ئایه‌تی خوای له‌سه‌ره، هه‌ر جیاوازییه‌کان خۆیان ئایه‌تی خوان. وه‌کوو له سووره‌تی رووم، ئایه‌تی 22 باس ئه‌کات.[1] خوای گه‌وره ئه‌م ئایه‌ته له ناو کۆمه‌ڵێ ئایه‌تا باس ئه‌کات که هه‌ر هه‌موویان به ئایه‌ت ناو ئه‌بات. وه‌کوو ئایه‌تی خه‌ڵقی ئینسان، وه‌کوو ئایه‌تی دروس بوونی ژن و پیاو، وه‌کوو ئایه‌تی نیعمه‌تی خه‌و، وه هه‌ر وه‌ها…
که‌وایه پشتگوێ خستنی ئایه‌تی خوا گوناهی گه‌وره‌یه، رێز دانه‌نان بۆ ئایه‌ت و نیشانه‌کانی، نیسبه‌تدانی بێهوودهکارییه له کاره بهجێگهکانی خوا:
… رَبَّنَا مَا خَلَقْتَ هَذا بَاطِلاً سُبْحَانَكَ فَقِنَا عَذَابَ النَّارِ .
[ئه‌ی په‌روه‌ردگاری ئێمه! ئائهمانهت هه‌روا به پووچی و بێهووده درووست نه‌کردووه پاکی و خاوێنی بۆ تۆیه، که‌واته بمانپارێزه له سزای ئاگر. ئالی عیمران/ 191 ]
هه‌روه‌ها له سووره‌تی ئیبراهیمدا، ئایه‌تی 4 ئه‌فه‌رموێ بۆ هه‌ر نه‌ژادێ و ره‌گه‌زێ به زوانی خۆیان پێغه‌مبه‌رمان بۆ ناردوون.[2] شتێ که خوا خه‌لقی کردووه و ره‌سمییه‌تی پێداوه، ره‌گه‌زی باڵاده‌س و ده‌سه‌ڵاتدار به منه‌ته‌وه باسی لێئه‌کات. وه‌کوو ئه‌وه‌ی له هه‌مانه‌ی خۆی ئه‌به‌خشێ و خێروخێرات ئه‌کات به خه‌ڵک. کاتێ کورد دروشمی کوردبوونی بێ زیاده‌ڕه‌وی به‌رز ئه‌کاته‌وه و هه‌وڵ ئه‌دات ناسنامه‌ی ب