به شی کوردیکۆ مەڵایەتی کلتووری سیاسیمطالب جدید

فیلمی « حریم سلطان » هەوڵێکه‌ بۆ شێواندنی کەسایه‌تی سوڵتان سلێمان

فیلمی « حریم سلطان » هەوڵێکه‌ بۆ شێواندنی کەسایه‌تی سوڵتان سلێمان

جهاد خاوەری

ئەم ناونیشانەی داومە بە بابەتەکە تەنها بۆ ئەوە نیە بەتەنها ڕووم لەو درامایە بێت، بەڵکو تەنها وەکو نمونەی دیاری ئەو بوارە هێناومەتەوە کەلەچاو هەموو فیلم و دراماکانی کە تاوەکو ئێستا دەرکراون بڵاوتر و بەرچاوترە

زنجیرەی تورکی “حریم السلطان، دەرباری سوڵتان” یان “القرن الذهبی، سەدەی زێڕین” کە لەلایەن میریال ئوکای یلماز شاهین نوسراوە. ئەم درامایە خۆی لە ۱۲۴حەلقە زیاتر دەدات و تیایدا باس لە کەسێتی سوڵتان سولەیمانی قانونی دەکات لە ڕووی سۆزداریەوە و ئەوە بەدەر دەخات کە سوڵتان چەندە لە دەربار و حەرەمی خۆیدا خەریکی شەراب خواردن و شەهوەتبازی و ژن بووە، بەمەش مێژووی ئەم کەسایەتیە دەشێوێنێت کە وەک رەجەب تەیب ئۆردوگان دەڵێ “سوڵتانەکەی ئێمە ۳۰ساڵ بەسەر ئەسپەوە بوو بۆ ئەوەی ئاینی ئیسلام بگەیەنێتە خەڵکی” هەروەها دەڵێ “ئەوەی لەم زنجیرەدا نیشان ئەدرێ‌ باپیرەی ئێمە نیە و ئێمە سوڵتانێکی بەو جۆرە ناناسین”. بەڕاستی ئەوەی تۆزقاڵێ لە مێژووی کەسێتی سوڵتانی خوێندبێتەوە لەبیر تیژی و ئیمانداری و ئازایەتی ئەم کەسە تێدەگا کە زنجیرەکە جگە لە سەرنج ڕاکێشانی خەڵکی و کۆکردنەوەی بینەر هیچی تر نیە و هیچ واقیعیەتێکی مێژوویی نیە جگە لە ناوی کەسێتیەکان نەبێ.

هەڵەیەکی دی ناو ئەم درامایە ئەوەیە وەکو دەرهێنەر و نوسەرەکەی دانیان پیا ناوە ئەمان سودیان لە وێنەکانی رۆژهەلاتناسەکان بینیوە لە کاتێکدا ئێمە دەزانین زۆرێک لەو وێنانەی رۆژهەلاتناسان بەتایبەتی ئەوانەی دەربار یان خەیاڵی خۆیان بووە یان بۆ نیشاندانی خیلافەتی عوسمانی بووە بە دەوڵەتێکی شەهوانی هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو رقە گەورەیە دەگەرێتەوە کە گەورە و بەهێزانی ئەم دەوڵەتە بۆ چەندین سەدە ئەوروپایان سەرشۆر کردبوو لەبەرامبەر دەسەڵاتەکەیان. هەربۆیە شێوازی جلوبەرگی ئافرەتانی چ کەنیزەک و چ سەربەستی دەربار هەموی دوورە لە واقیعی مێژووییەوە و ئەوە رشوون و ئاشکرایە کە ئەندامانی حەرەم چ ئەوانەی ژنی سوڵتان بون و چ ئەوانەی کەنیزەکی بون هەمویان پابەندی ئاینیان هەبووە و داپۆشراو و مولتەزیم بون و دەرسی قورئان و وانەی ئاینیان بووە و دەورەی زانستی و خوێندەواریان بووە و هەروەها گرنگی بەکارەکانیان دراوە و دەرفەتیان بۆ رەخسێنراوە ئەوە نەبووە هەر خەریکی جوانکاری و سەرنجبردنی خەلیفە بوبن بەڵکو بە چەندان کەنیزەکی دەربار شویان بە کەسانی دەرەوەی کۆشک کردووە و خەلیفەی یارمەتی داون بۆ ئەوەی بەیەک بگەن.

ئەم درامایە لەگەڵ ئەوەی ۷۰هەزار سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە بۆ ئەوەی راگیرێ بەلاچم کەناڵەکانی راگەیاندنی خۆمان لە ئێستادا لە سێ کەناڵەوە بە زمانی کوردی پەخش ئەکرێ‌!

ئەوەی دەمەوێ‌ لێرەدا بە کورتی ئاماژەی پێ بدەم ئەوەیە چ وڵاتانی عەرەبی و تورکی عەلمانی و چ خۆرئاوا بۆ شاردنەوەی دیوی شەهوانی سەرۆکەکانی خۆیان ئەم جۆرە حەلقە و مسلسلانە دەردەکەن کە ئەگەر ژیانی هەریەکە لەو هونەرمەندانە هەر خۆیان بگرین کە ئەو رۆڵە دەبینن ژیانی خۆیان پڕیەتی لە هەوراز و نشێو و زوعفی سۆزداری و تەڵاقداری و چەندان دەردی نائومێدی بە هەمان شێوەش ئەو سەرۆکانەی لە ساحەی عەلمانیەکاندا بون ئەگەر بەدرێژایی حاڵیان تەماشا بکەن چەندان نمونەی قێزەونی وەکو دەسەڵاتەکەی “زین العابدین بن علی” کە ژنەکەی “لیلی تەرابلوسی” دەستەمۆی کردبوو یان “سۆزان موبارەک” کە بەتەواوی دەسەڵاتی “حوسنی موبارەک”ی قۆرخ کردبوو، یان هەریەکە لە دەسەڵاتدارانی تری ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا کە ئەگەر مێژووی وڵاتانی ئەوروپا هەڵبدەینەوە بە سەدان نمونەی لایەنی جنسی و کاریگەری لەسەر بارودۆخی وڵاتەکەیان دەبینین. هەربۆیە پێم وایە ئەم هەوڵەی لە “حریم السلطان” دراوە شتێکی نوێ‌ نیە و بەمەشەوە ناوەسترێ‌ وەک دەبینین چەندین درامای تر لە پاش ئەوە دەرکراوە چ لە تورکیا و چ لە وڵاتانی تر

کەنیزەک کێیە و چ مافێکیان هەبووە لە حەرەم سەرادا؟!

* کەنیزەک بە هەر ئافرەتێک وتراوە کەلە شەرەکاندا بە دیل گیراوە. داهێنراوی موسڵمانان نیە، تاوەکو بەڕوی موسڵماندا بدرێ‌ بەڵام بەشانازیەوە باشترین مامەڵە مامەڵەی موسڵمانان بووە لەگەڵیدا کە بەچەندان کەنیزەک بونەتە وەلی عەهد و دەسەڵاتدار و ژنی سوڵتان و خەلیفەکان و دایکی خەلیفە و سوڵتانەکان.

* کەنیزەک بەڵێ لە کۆشکدا بووە بەڵام ئازادبووە شوو بە کێ‌ بکات، کەنیزەکی وا هەبووە سێ جار خەلیفە چۆتە داوای شوی پێنەکردووە دوایی شوی بەیەکێکی تر کردووە و خەلیفەش هاوکاری کردووە بۆ ئەوەی بەیەک بگەن.

* هەموو مانەوەی کەنیزەک لە کۆشکدا ۸ساڵ بووە ، مەگەر کەنیزەک لە پاش ئەوە خۆی حەزی کردبێ بمێنێتەوە ئەگەر نا ئازادبووە بۆ هەر کوێیەک بڕوات بۆیە ئەو ماوەش هێڵراوەتەوە تاوەکو توشی هەڵە و لادان نەبێ هەروەکو ئێستا لە خوارووی عێراق دەبینین بەهۆی شەرەوە بە چەندان ئافرەت رۆژانە توشی تاوان و لارێی دێن و هەموشی بەهۆی نەمانی مێرد و سەرپەرشتیاریانەوەیە کەلەبەر پەیداکردنی ژیان و حاڵی توشی وەها کاری لارێی دەبێ. هەروەها کەنیزەکە بەتەمەنەکان لەلایەن گەنجەکانیانەوە خزمەت کراون و رێزیان لێگیراوە.

* پێویست بووە لەسەر سەرجەم ئەندامانی ناو حەرەم نوێژ بکەن و هەرکەس پابەند نەبوایە بە توندی سزا دەدرا. پاشانیش فێری قورئان خوێندن دەکران و خەتمیان دەکرد.

به‌ڵام سوڵتان سلێمانی قانونی کێیە؟

ناوی سولەیمان کوڕی سەلیم کوڕی بایزید کوڕی محمد فاتیحە، لە ۶ی نوفمبری ۱۴۹۴ز لەدایک بووە. دەیەمین سوڵتانی عوسمانی و ۸۰هەمین خەلیفەی موسڵمانانە. لە ۵ی نۆڤمبری ۱۵۶۶ و لەتەمەنی ۷۱ساڵیدا وەفاتی کردووە. ئەم خەلیفە نازناوی قانونی لێنراوە بەهۆی دادپەروەری لەگەڵ ژێردەستەکانیدا و دەوڵەتەکەی گەیاندۆتە ئەوپەری سەردەمی زێرینی و گەشە و فراوانخوازی بە رادەیەک مێژونوسان دەڵێن سەردەمی فراوانخوازی ئەم سوڵتانە خۆی بەتەنها هاوتایە لەگەڵ هەموو سوڵتانەکانی تری ئەم دەوڵەتە چونکە توانی سنوری دەوڵەتی عوسمانی بکاتە دووئەوەندەی خۆی. هەروەها شارەزا و تێگەیشتوو و لەخواترسێکی بێوێنە بووە و زانایانی لە دەوری خۆی کۆکردۆتەوە و گرنگیەکی زۆری لە ئاوەدانکردنەوە و گەشەسەندنی وڵاتەکەی داوە لە روی بازرگانی و بیناسازی و …. هەروەها شاعیر و ئەدیب و زمانزان بووە هەریەکە لە زمانەکانی تورکی و عەرەبی و فارسی و سربی زانیوە …. ئایا خەلیفەیەک بەم بەهێزیە ئەکرێ‌ ئەوەندە شەهوانی و مەیخۆر و سەرخۆش و سەرمەست بوبێ بە شەواندا و بەرۆژیشدا ئەوەندە بیر تیژ و خواناس بوبێت؟؟!!!

سەرچاوەکان :

۱. الحریم فی قصر العثمانی: دکتوره ماجده صلاح مخلوف

۲. حریم السلطان: سمیر فراج

۳. ویکیپیدیا موسوعه الحره

۴. ماڵپه‌ڕی بزاڤ پرێس

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا