به شی کوردیبیروڕامطالب جدیدناودارانی کورد

​ سوبحـــــــــانی و ڕوحانیەتی قورئـان ، مەرگـی سوبحانـــــــیی و بە ڕەمزبـوون

​ سوبحـــــــــانی و ڕوحانیەتی قورئـان ، مەرگـی سوبحانـــــــیی و بە ڕەمزبـوون

لە پەراوێزی (کۆنفرانسی ناسری سوبحانی)دا”۱″:

نەبەز هەورامی

کە دەگوترێ سوبحانی پیاوێکی قورئانیی بوو، زێتر ڕێبازە تەفسیریە ناوازەکەی، ڕووبەر و قووڵاییە فیقهیەکەی، ئاستە زانستیە بەرزەکەی ــ بە گشتی ــ لەبەرچاو دەگیرێت..، لە کاتێکدا ئەو کە دەچووە نێو قوڵایی دەریای قورئان و بە گەوهەرە زانستیەکانی بیر و هۆشی ئاوەدان دەکردەوە، شەپۆلی (ڕوحیی) ئایەتەکانیش دەڕژایە نێو ڕوحیەوە و لە عیبادەت و ئەخلاقیدا دەدرەوشایەوە.

قورئانی پیرۆز وەک چۆن زانست و شەریعەت و هیدایەتە، ڕوح و ڕوحانیەتیشە..( و کژلک انزلنا الیک روحا من امرنا/الشوری/۵۱)، زمانە هونەریە پڕ لە ڕەمز و ڕاز و پڕ لە مۆسیقاکەشی، ئاوێنەی پڕ لە تیشکی دیوە ڕۆحیەکەیەتی.

فریشتەی (وەحی)ش لە قورئاندا بە ڕوح، (الروح الامین/الشعراو/۱۹۳)،

(روح القدس/النحل/۱۰۲) ناو براوە، کە لە سەرچاوە خوداییەکەی روحەوە، قورئانی بۆ موحەممەدی پەیامبەر(د.خ) دادەبەزاند، موحەممەدێک کە هەر بە مناڵیی ــ بە دەستی فریشتە ــ روحی بۆ لە خۆگرتنی قورئان تیفتیفە درابوو.

بەشێکی گەورە لە وەزیفەی پێغەمبەران(س)، پاراستنی دیوی روحی مرۆڤەکان و هاوسەنگ کردنی بووە لەگەڵ دیوە مادیەکەی ژیانیدا لە ڕێگەی (وەحی)ەوە (یلقی الروح من امره علی من یشاو من عباده/غافر/۱۵)، لەم ئایەتەشدا دیسان (وەحی) بە (روح) ناوبراوە.”۲″

لە ئایەتێکی دیکەشدا کاری ئەوان بانگکردنی مرۆڤ بووە بۆ زیندووبوونەوە (استجیبوا لله و للرسول اژا دعاکم لما یحیکم/الانفال۲۴)، دیارە زیندوویەتیەش بە پلەی یەکەم لە ڕوحەوەیە.

ئەو کۆمەڵگەیەی عیسای کوڕی مەریەمی(س) بە پێغەمبەر بۆ نێردرا، هێندە لە دیوە شەهوانیەکەی ژیاندا ڕۆچوو بوو، هیچ مانایەکی بۆ روحانیەت و مەعنەویەت و ئەخلاقی بەرز نەهێشتبۆوە، بۆیە خودا پێغەمبەرێکیان بۆ دەنێرێ، هێندەی کە ڕوحە جەستە نیە، یان با بڵیم جەستەی لە نێو روحیدا تواوەتەوە(..رسول الله و کلمته القاها الی مریم و روح منه/النساو/۱۷۱). لەدایکبوونی ئەو لە نەفخی روحی خودایی

(فنفخنا فیه من روحنا/التحریم/۱۲) و پاشان بەرزکردنەوەی بەڕێوەڕەسمێکی مەلەکوتیانە(بل رفعه الله الیه../النساو/۱۵۷)، هەروەها موعجیزەکانی کە نەفخی روحی خوداییان دەخستەوە نێو ژیان، ئەو ڕاستیە دەردەخەن.”۳″

قورئان لە هەمان کاتدا نووریشە، نوور وەک مانایەکی ڕوون و بینراوی هەیە، مانایەکی مەعنەویی و روحیشی هەیە.

ئەم نوورە هێندێک لە تیشکەکانی بۆ ڕۆشنکردنەوەی هەنگاوی نێو بەڕرانیەت و هێندێکی دیکەیان بۆ ڕۆشنکردنەوەی بەسیرەت و ڕێگەی جەووانیەتە..، بۆ ئەوەی روح جاروبار بە هەوا و ژینگەی ئاسمانیی بگاتەوە و بتوانێ لە غوربەتی سەرزەویدا هەڵبکات و هەناسە بدات، پاشان ئەم دوو ڕێگەیەش تەواوکەری یەکدی بن لە ئاوەدانکردنەوەی ژیانی دونیا و قیامەتدا (ربنا اتمم لنا نورنا…./التحریم/۸).”۴″

سوبحانیی ــ بە تەواویی ــ هەستی بەو ڕاستیەی سەرەوە، بەو دوو دیویەی قورئان کردبوو.

ئەگەر لە قۆناغی سەرەتای پێگەیشتنیدا لە ڕێگەی پابەندبوون بە تەریقەتی نەقشبەندییەوە، بەرخوردی لەگەڵ روحانیەت کردبێ و ڕێگەی تەزکیەیەکی زیندوانەی گرتبێتەبەر، لە (۱۰ ــ۱۲) ساڵی کۆتایی ژیانیدا، چڕتر و راستەوخۆ ئەو بەرخوردەی لەگەڵ روحانیەتی قورئانی پیرۆزدا کردووە، ئەو هەمیشە ــ بە ئامادەییەکی تەواوەوە ــ لە کاتە بەرەکەتدارەکاندا ــ لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی زەینیدا بە تیشکە زمانیی و زانستیەکانی قورئان، ڕوحیشی ئاوەدان کردۆتەوە.

زۆرن ئەو کەسانەی قورئانیان بە دەق یان بە تەفسیرەوە لەبەرکردووە، بەڵام روحانیەتی قورئانیان بە بەری رۆحیاندا نەکردووە، بۆیە دەبینین وەک مەلێکی یەک باڵ لە جووڵەدان.

سوبحانیی لەسەر چەند بازنەیەکی گەورە بەردەوام لە بزوتندا بوو، (بازنەی کاری دەعەوی، بواری کۆمەڵایەتی، کایەی زانستی و ئەخلاقیی، مەیدانی بەشداریکردنێکی مەسئولانەی جووڵەی سیاسیش).

ئەگەر خاوەنی ئەم روحە قورئانیە زیندووە نەبوایە، نەیدەتوانی لە ساڵانێکی کەمدا و لە دۆخێکی زۆر نائاسایی ژیاندا ــ کە بەردەوام لە ژێر چەندین جۆر لە فشاردا بوو ــ ژیانێک وەک لە زیندانێکی گەڕۆکدا بووبێت ــ ئەو هەموو بەرهەم و بەخشش و داهێنانە پێشکەش بکات.

ئاخر تا روح زیندووتر بێت، جەستە و هەستەکانیش زیندووتر و پڕجووڵەتر دەبن.”۵″

لە قورئانیشدا یەکێک لە ماناکانی روح، هێز و پێداگریی و خۆڕاگرییە

( و ایدهم بروح منه/المجادلە۲۲).

لەو سەرچاوە روحیەی خۆیشیەوە، قسەی لەسەر تەزکیەکردن و بەرزبوونەوە و باڵاکردن دەکرد و دەینووسی.

مەرگـــــــــی سوبحانـــــــیی و بە ڕەمزبــــــــــوون:

جوڵە روحی و زانستی و دەعەویەکەی سوبحانی خێرابوو، لەوە دەچوو هەناسەی ئەو ژیانەی لە ئایەتەکانی(وسارعوا…)،( واسعوا..)وە وەرگرتبێت، بۆیە بە زوویی وەزیفەی بەندایەتی خۆی لە ژیاندا جێبەجێ کرد، ئیدی هەر دەبوو وەها زووش بگەڕێتەوە.”۶″

مەرگی ئەو لەو تەمەنە کەمەدا، لە لوتکەی بانگەواز و بەخشش و بەرهەمی داهێنەرانەدا، شتێکی سەیر و نامۆ نەبوو، تەواو لەگەڵ جووڵە و بەرزبوونەوە بەردەوامە روحیەکەیدا کۆک و تەبا بوو.

نابێ وابزانین تەنیا بەرزیی ئاستە زانستی و ئەخلاقیەکەی هۆکاری بەرزبوونەوە و درەوشانەوەی ناوی سوبحانی بن، دەبێ ژیانە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەشی، زیندانییکردن و مەرگیشی، بە هەمان شێوە، مایەی ناودارکردن و بە ڕەمزکردنی بن، بە ڕەمزکردن لەسەر ئاستی جیهانیی ئیسلامیی.(کە بە داخەوە هێشتا لە کوردستانیشدا وەک پێویست نەناسراوە) “۷”

مەنسووری حەللاج ــ وەک شەهیدی دەستی ستەم ــ ستەمی دەسەڵاتێکی ئیسلامی لادەر ــ کە بووە بە ڕەمزێکی گەورەی جیهانیی بۆ حەقگۆیی ــ بەشێکی لەبەر دونیابینی و بیروبۆچوونەکانی، بەشێکیشی لەبەر بوێریەکەی و بەرهەڵستکاریەکەی بەرانبەر بە دەسەڵاتدارانی ستەمکار، بەشێکی دیکەشی لەبەر شێوازی کوشتنی بوو.

سوبحانیش لە ڕۆژگار و سەردەمەکەی خۆیدا، خاوەنی دونیابینیەکی تایبەت، دارای کۆمەڵێ بیروبۆچوونی قورئانیی نوێ و ناوازە بوو، بوێرانە و جوامێرانە بۆیان ژیا، بەرانبەر هەردوو دەسەڵاتە ستەمکارە فارسیەکەش(دەسەڵاتی دیکتاتۆری بنەماڵەیی شاهنشاهیی) و (دەسەڵاتی شیعە مەزهەبی توندڕەو)، شۆڕشگێڕانە ــ بە وتار و بە نووسین و بە کردەوە ــ بە دوور لە وروژاندنی خەڵک بۆ توندیی و تیژی ــ بەڵکو بە هاندانیشیان بۆ خەباتی مەدەنیانە ــ هەڵوێستی گرت و بەرهەڵستکاریی کرد، ئەرکی زانایانە و ڕێبەرانە و نیشتیمانیانەی خۆی بە ئەنجام گەیاند، لە ئاکامیشدا لەسەر حەقگۆیی و هەڵوێستەکانی توندی زیندان کرا… لە دوا کاتەکانی ژیاندا دواهەمین ڕکاتەکانی نوێژی عیشق و عروجی دابەست.. ئازایانە چووە سەردار و بوو بە شەهیدی عیشق و ئازادی.”۸″

ئەگەر لە سێدارەدانی سوبحانیش وەک حەللاج بە ئاشکرایی بوایە، ئەو ڕاستیانەمان زێتر بۆ ڕوون دەبوونەوە..”۹″

ژیانی ئەو هەر دەبوو بگات بەسەر دار، چونکە بەردەوام لە سەرکەوتن و بەرزبوونەوەدا بوو:

لە ئولکەی عیشقەدا بێ چوونە سەردار

بە ئاسانی مەزانە بوونە سەردار

هەیە گەر عیشقی سەرداریی لەسەرتا

بکە مەشقێ لەوانەی چوونە سەردار(مەحوی)

ئەو وا هەستی دەکرد خودا (ناصر ــ سەرخەر)ی بیروبۆچوونەکانیەتی، لەو پێناوەشدا وەک چۆن هەموو کاتەکانی ژیانی بەخشی، دەبوو ڕوحیشی ببەخشێ..

سوبحانی وەک دوعای قورئانیانەی بۆ چۆنێتی ژیانی دەکرد، بۆ چۆنێتی مەرگیشی دەیکرد، مەرگێک تەواوکاری ژیانی بێت.

هەتا حەق (ناصر)ە هەر حەقمە مەنزوور

وەکو (مەنصوور) ئەگەر بمکەن بە دارا(مەحوی)

ــــــــــــــــــــــــ

۱ــ ڕۆژانی ۲۸/۲۹ ــ ۳/۲۰۱۵/هۆڵی تەوار/سلێمانی، لە لایەن (ناوەندی هەژان)ەوە ئەم کۆنفرانسە بەڕێوەچوو.

۲ــ لەبارەی روحانیەتی قورئانەوە نووسینی تایبەتمان لەبەردەستدایە.

۳ــ لە بابەتێکدا (وێنەی مەسیح لە قورئانی پیرۆزدا)لەم بارەوە شتێکمان نووسیوە(ڕۆژنامەی یەکگرتوو/۵۲۱ ــ ۵۲۳/۱/۲۰۰۵).

۴ــ ماوای ڕوح لە نێوان ئاسمان و زەمیندا/نەبەز هەورامی/ڕۆژنامەی یەکگرتوو/۲۰۰۶.

۵ــ مامۆستا تەحسین حەمەغەریب لە کۆنفراسەکەدا، لە ڕوانگەیەکی دیکەوە (خەیاڵی ناسری سوبحانی) ئاماژەی بەم خاڵە کرد، داهێنانەکانی ئەوی بە دەرەنجامی بوونی خەیاڵی داهێنەرانەی سوبحانی زانی.

۶ــ ئەو بەندایەتیەی خۆی لێیتێگەشتبوو، بڕوانە ناسری سوبحانی/ بەندایەتی/چاپی یەکەم/۲۰۰۶/دەزگای بەرهەم.

۷ــ ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا بۆ سوبحانیی کراوە ــ بە بەچاپگەیاندنی نووسینەکانی ــ بە تایبەت لە ڕێگەی دەزگای بەرهەمەوە ــ بەم کۆنفرانسەشەوە، دەبوو زۆر زووتر بۆی بکرایە، ڕووی دەمم لە ناوەندی (هەژان) نیە، ئەوەی ئەم ناوەندە کردی ــ بەدەر لە لاوازیی چەند بابەتێک لە بابەتەکان و وردە کەمیوکوڕیی تەکنیکی ـــ کارێکی گەورە و جوان بوو، پێشتر کاری دیکەشی بۆ مامۆستا کردووە، ڕووی دەمم لە تەواوی دۆستان و نیزیکانی سوبحانیە، لە چەندین قەڵەم بەدەستی دیکەیە..، لە خۆمە کە لەم پەرێزەدا تەنیا ئەم (پەراوێز)ەم پێبڕاوە، دەبوو زۆر زووتر ژیان و بەرهەمەکانی مامۆستا بەچاپ بگەیەندرانایە و بخرانایەتە بەر لێکۆڵینەوە و خوێندنەوە و ڕەخنەکردن، دەبوو ئێستە بەرهەمی بەرهەمەکانی و لێکۆڵینەوە لێیان، لە بەرنامەیەکی زانستی و پەروەردەیی و دەعەویدا، بدرەوشایەتەوە، کەچی تازە لەسەرەتای ناساندنی ئەم زانایەداین، ئەوە ڕاستە دۆست و هاوڕێ نیزیکەکانی باش دەیناسن و هێندێک کەسیش بە هەوڵی خۆیان چوونەتە مەیدانی ناسین و ناساندنیەوە، بەڵام زانایانی پێشەوا موڵکی گەل و نەتەوەن، بۆیە دەبێ کردە و کۆششیان بۆ هەموو نەتەوەکەیان و پاشان بۆ هەموو موسڵمانان بێ.

۸ــ بەراوردکردنی سوبحانیی بە حەللاج تەنیا لە ڕووی هێندێک هەڵوێستەوەیە، حەللاج وەک (ڕەمز)ی حەقگۆیی و شەهیدی دەستی ستەم.

۹ــ بۆ پوختەی ژیانی سوبحانی و چۆنێتی دەستگیرکردن و شەهیدکردنی، بڕوانە: مامۆستا ناسری سوبحانی ــ شەهیدی ئازادی بیروڕا/کتێبی یەکەم/چاپی یەکەم/۲۰۰۶/لە بڵاوکراوەکانی (دەزگای بەرهەم) بۆ بەرهەمەکانی ناوبراو.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا