بابه ته كان

زیندوو کردنه‌وه‌ی ڕێبازی پێشه‌وا قاز

زیندوو کردنه‌وه‌ی ڕێبازی پێشه‌وا قازی

مه‌ولوود به‌هرامیان

چه‌ند
ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر له‌گه‌ڵ براده‌رێکی کوردی ئێرانی دانیشتووی یه‌کێک له وڵاتانی ئه‌وروپا
قسه‌مان ده‌کرد. ئه‌م براده‌ره باسه‌که‌ی به پرسیارێک له من ده‌سپێکرد. ئه‌و له
منی پرسی ئایا هه‌واڵی پێکهاتنی پارتێکی تازه‌ له‌ژێر ناوی
PDKR ت بیستووه؟ منیش له‌وڵامدا وتم نه‌خێر
ئاوه‌ها هه‌واڵێکم نه‌بیستووه.

پاشان من پرسیارم لێکرد که کێن ئه‌و که‌سانه‌ی
ده‌یانهه‌وێ ئه‌م ڕێکخراوه‌یه پێکبێنن؟ ئه‌و له‌وه‌ڵامدا وتی: “چه‌ند که‌سایه‌تییه‌کی
ئه‌کادمیی دڵسۆزی دانیشتووی ئه‌وروپان‌و زۆربه‌شیان له ڕابردوودا ئه‌ندامی حزبێکی
سه‌ره‌کی کوردستان بوونه.” لێم پرسی ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌وان له پێکهێنانی ئه‌م
پارته نوێیه چییه؟ له وڵامدا ئاماژه‌ی پێدا که ئێمه پێمانوایه حدکا له ڕێبازی سه‌ره‌کی
خۆی، واته ڕێبازی پێشه‌وای نه‌مر قازی محه‌ممه‌د، دوور که‌وتۆته‌وه و به لارێدا
چووه و وتی که ئێمه باوه‌ڕمان به شێوازی توندوتیژی بۆ ده‌سته‌به‌رکردنی مافه‌کانی
گه‌لی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان نییه‌و ئێمه وه‌کو شوێنکه‌وتووانی پێشه‌وا ڕێگه‌ی
دیالۆگمان بۆ چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانمان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیدا هه‌ڵبژاردووه‌و
پێشمانوایه ئه‌م کێشه‌یه ڕێگه‌چاره‌ی ده‌ره‌کی نییه‌و نابێ ئه‌و فاکته‌ره موتڵه‌ق
بکرێ‌و ده‌بێ له نێوخۆی وڵات، واته ئێران، چاره‌سه‌ر بکرێ.

ئه‌و
وتی ئێمه درووشمی “ڕووخانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران” ڕه‌ت ده‌که‌ینه‌وه‌و
پێمان وایه نابێ ببین به دارده‌ستی ویلایه‌ته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکاو وڵاتانی
به‌رژه‌وه‌ندیخوازی ڕۆژئاوا، و پێشمانوایه که دیپلۆماسیی ئێستای پارته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات،
به‌تایبه‌ت حدکا، بۆ وه‌دیهاتنی ئاواته‌کانی گه‌لی کورد له‌م به‌شه‌ی کوردستانی
خۆشه‌ویستدا زۆر ناکارامه و نه‌زۆکه. ئه‌م براده‌ره جه‌ختی کرد که ئێمه ده‌مانهه‌وێ
به‌ شێوه‌ی خه‌باتی مه‌ده‌‌نی بۆ وه‌دیهاتنی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رگرتنی مافه‌کانی
گه‌لی کورد تێبکۆشین.

ئه‌و درێژه‌ی دا: “ئێمه سیاسه‌تی ‘یه‌کسانی
ده‌رفه‌ته‌کان’ واته (برابری فرصتها) به جێگه‌ی سوسیال دیموکراسی ڕه‌چاوده‌که‌ین‌و
له ڕۆژی ۲ی ڕێبه‌ندانی ئه‌مساڵ ۱۳۸۵ یان له ۱۰ی خاکه‌لێوه‌ی ۱۳۸۶دا ئیعلامیی مه‌وجوودیه‌ت
ده‌که‌ین.”

من لێره‌دا له‌سه‌ر ئه‌م پارته که بڕیار
وایه بێته مه‌یدانی سیاسه‌ته‌وه له هیچ بارێکه‌وه قسه‌ ناکه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه که
پێموایه تا نووسراوه‌یه‌کی فه‌رمی که هه‌ڵگری ئامانج، دروشم‌و پرۆگرامی پارتی ئه‌وان
بێ، قسه‌کردن له شتی نادیار‌و کووللی بێ ئاکامه‌و وه‌کو هاویشتنی پلار له شه‌ودایه.

ئیجازه‌م بده‌ن ئه‌م هه‌واڵه بکه‌م به
بیانوویه‌ک و چه‌ند بۆچوونی خۆمتان سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. و حدک و چۆنیه‌تی
لادان‌و دێگه‌ردیسیان بۆ حدکای ئێستا بۆ خوێنه‌رانی به‌ڕێز ئاشکرا بکه‌م.

له‌راستیدا کۆمه‌ڵه‌ی ژیانه‌وه‌ی کوردستان
(ژ.ک.) که له ساڵی۱۳۲۱ له مه‌هاباد دامه‌زرا له بنه‌ڕه‌تدا ڕێکخراوه‌یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی/
ئیسلامی
بوو؛ ئه‌وه‌تا ئه‌گه‌ر سه‌یری به‌ڵگه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه‌و ئه‌م
ڕێکخراوه‌یه بکه‌ین بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که یه‌که‌م به‌یاننامه‌ی که ئه‌وان ده‌ریانکرد
به “بسم‌الله الرحمن الرحیم” و ئایه‌تی قورئان ده‌سپێده‌کاو ته‌واوی ئه‌ندامانیشی
بۆ ئه‌وه‌ی که ببنه ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه سوێندیان به “قورئانی پیرۆز”
خواردوه.

پێکهاته‌ی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه که زۆربه‌ی ئه‌ندامانی
له مامۆستایانی ئایینی پێکهاتبوو و جه‌نابی پێشه‌وایش ئه‌ندامی ژماره ۴۰۰ی ئه‌م
کۆمه‌ڵه‌یه‌و خۆی پێشه‌نگی ئایینی‌و قازیی کێشه‌ شه‌رعییه‌کانی خه‌ڵکی شاری سابلاغ‌و
ناوچه‌ی موکریان به‌گشتی بووه، به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گری دیکه‌یه که ڕه‌نگدانه‌وه‌ی
ئیسلامی ئه‌م کۆمه‌ڵه پیرۆزه‌مان بۆ ده‌سه‌لمێنێ‌.

به بڕوای من گۆڕانی ژ.ک. بۆ حیزبی دێموکراتی
کوردستان نوخته وه‌رچه‌رخانێک بوو بۆ ئه‌وه‌ی پێکهاته‌ی نهێنی ژ.ک. بۆ خه‌باتی
ئاشکرا بێته گۆڕه‌پانی کرده‌وه‌و له کرده‌وه‌شدا توانی کۆماری کوردستان له مه‌هاباد
له ۲ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۲۴ وه‌کو ئه‌زموونێکی سه‌رکه‌وتوو بۆ ئێمه‌ی کورد به‌دیبێنێ؛
مخابن ئه‌م کۆماره به‌هۆی پشتتێکردنی دۆستانی‌و هێندێک هۆکاری دیکه که بابه‌تی
باسه‌که‌ی من نین له ته‌مه‌‌نی یانزه‌مانگیدا جوانه‌مه‌رگ بوو…

له‌دوای ڕووخانی کۆمارو شه‌هیدبوونی پێشه‌وای
گه‌وره قازی، دیاره مێژووی حدک بوو به مێژوویه‌کی ته‌م و مژاویی‌و به زۆر قۆناغی
نادیارو ووندا تێپه‌‌ڕی؛ به‌تایبه‌ت نفووزی حیزبی تووده‌و کاریگه‌ری ئه‌ندێشه‌ی چه‌پ
کارێکی زۆری کرده سه‌ر ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تی حیزبی پێشه‌وا قازی‌و له‌ئاکامدا
هه‌تا ئێستاش – به‌داخه‌وه – که‌ش‌وهه‌وایه‌کی دژه ئایین به‌سه‌ریدا کشاوه‌.

به ئێستایشه‌وه زۆربه‌ی هه‌ره‌ زۆری ڕێبه‌ران،
کاربه‌ده‌ستان و ئه‌ندامانی ساکاری ئه‌م حیزبه‌یش بێدینی‌و دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئایین
له بیر، هه‌زرو کرده‌وه‌یاندا به‌رجه‌سته ده‌بێته‌وه‌و پێیانوایه که ئیسلام ئاسته‌نگێکی
زۆر گه‌وره‌‌یه له‌به‌رده‌م کێشه‌کانی گه‌لی کورددا. ڕه‌نگه له ته‌سریحاتی فه‌رمیاندا
ئاوه‌ها شتێک خۆی پیشان نه‌دات به‌ڵام له هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌ندامه‌کانیاندا زۆر به‌ڕوونی
ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه.

ئه‌گه‌ر چاوێک به مێژوویی جووڵانه‌وه‌ی
ڕزگاریخوازانه‌ی کورد له کوردستانی ئێران بخشێنین زۆر به ئاشکرا بۆمان ده‌رده‌که‌وێ
که له چله‌کان‌و په‌نجاکانی هه‌تاویدا زۆربه‌ی کادێران‌و پێشمه‌رگه‌کانی نهێنی
حدکا فه‌قێ‌و مامۆستاکانی کوردستان بوون‌و حوجره‌ی مزگه‌وته‌کان مه‌کۆی تێکۆشه‌ران‌و
دڵسۆزانی باوه‌ڕداری نه‌ته‌وه‌که‌مان بوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه به له‌ژێر کارتێکردنی
بیری چه‌پ‌و به‌رجه‌سته‌بوونه‌وه‌ی که‌سایه‌تی دوکتۆر قاسملوو – له‌گه‌ڵ ڕێزی زۆرم
بۆ ئه‌و که‌سایه‌ته به‌ڕێزه – وه‌کوو ڕێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموکرات ورده ورده ڕه‌نگی
ئایینیی حیزب کاڵ بووه‌و بیرۆکه‌ی نه‌ته‌وه‌یی-دینی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. و دێموکراتی سه‌رده‌می
پێشه‌واو ئه‌حمه‌د تۆفیق که بیرێکی نوێخوازی سه‌رده‌میانه‌و گونجاو له‌گه‌ڵ شوناسی
کورد به مێژوو و ئایین‌و زمانه‌وه بوو جێگه‌ی خۆیدا به بیرۆکه‌ی سۆسیالیزمی
دیموکراتیکی -به‌ده‌ر له هه‌ر جۆره به‌هادان به به‌ها ئه‌خلاقی‌ ئیسلامیه‌کانی
ئایینی زۆرینه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کورد- و له په‌روه‌رده‌ی کادێرو هه‌ڵسووڕاوانی خۆیاندا
هیچ جێگایه‌ک بۆ یاسا، فه‌رمان و به‌هاکانی ئیسلامی دانه‌نرا.

به باوه‌ڕی من کاڵبوونه‌وه‌ی ڕه‌نگی ئایینی
له پێڕه‌و و پڕۆگرام‌و په‌روه‌رده‌ی ئه‌م حیزبه نه ته‌نیا زه‌ربه‌ی لێداوه بگره به
نیسبه‌تی کۆمه‌ڵگه‌ی کوردی که کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی زۆرینه موسوڵمانه، جۆره
نامۆبوونێکیشی بۆ ئه‌وان له‌لای خه‌ڵک دروست کردووه. به هیوای ئه‌مه که بگه‌ڕێنه‌وه
بۆ سه‌رچاوه سه‌ره‌کییه‌که که هه‌مان ئامانجه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک. و پێشه‌وایه‌ تا
بۆ جارێکی دیکه شاهیدی سه‌ربه‌رزی نه‌ته‌وه‌که‌مان بین‌و چیتر لاسای خه‌ڵکی نامۆ
به فه‌رهه‌نگ‌و پێکها‌ته‌ی جڤاتی کورده‌واری نه‌که‌ینه‌وه.

نمایش بیشتر

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا