معماری
خانه ---> به شی کوردی ---> بابه ته كان ---> به‌ره‌و هه‌ڵوێستێكی‌ یه‌كگرتووا

به‌ره‌و هه‌ڵوێستێكی‌ یه‌كگرتووا

به‌ره‌و هه‌ڵوێستێكی‌ یه‌كگرتووانه‌ی‌ كوردستانی‌ له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌ركۆماری‌
دا

سمایل شه‌ره‌فی‌

دوای‌ كشانه‌وه‌ی‌ سه‌ید محه‌مه‌د خاته‌می‌، سه‌رۆكۆماری‌ پێشووی‌ ئێران له‌
كاندیدابوون بۆ پۆستی‌ سه‌ركۆماریی‌ ئه‌م ده‌وه‌ره‌یه‌، فه‌زای‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان
شۆكێكی‌ گه‌وره‌ی‌ وێكه‌وت و به‌تایبه‌ت بۆ به‌ره‌ی‌ به‌ناو رێفۆرمخواز كه‌ خه‌ریكبوون خۆیان رێك ده‌خست زۆر به‌ گران
ته‌واو بوو.

ئه‌وه‌ش بووته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ زۆرێك له‌ لێكدانه‌وه‌و
پێش بینییه‌كان پێش ئه‌وه‌ی‌ بخرێنه‌ سه‌ر كاغه‌زو له‌ راگه‌یه‌نه‌كان دا بڵاوببنه‌وه‌
هه‌ڵوه‌شێنه‌وه‌و به‌گشتی‌ فه‌زاكه‌ سه‌رله‌نوێ‌ بێده‌نگییه‌كی‌ ره‌ها به‌ سه‌ری‌
دا زاڵ بوو.

خاته‌می‌ دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كشانه‌وه‌ی‌ خۆی‌ له‌ كاندیدابوون بۆ پۆستی‌ سه‌ركۆماری‌
رایگه‌یاند به‌ ده‌ربڕینی‌ پشتیوانیی‌ خۆی‌ له‌ میر حوسێنی‌ موسه‌وی‌ تا راده‌یه‌ك
یارمه‌تیی‌ به‌ لایه‌نگرانی‌ خۆی‌ و رێفورمخوازان كرد كه‌ زووتر خۆیان له‌ سه‌رلێشێواوی‌
رزگار بكه‌ن و بڕیاری‌ خۆیان بده‌ن. ئه‌وه‌یش نه‌ك له‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ له‌ ده‌وری‌
موسه‌وی‌، به‌ڵكو ساغبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌یكه‌ بێ‌ خاته‌میش به‌شداری‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان
دا بكه‌ن.

له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ قۆڵی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ رێژیم تا ئێستا جیا له‌ مه‌حمود
ئه‌حمه‌دی‌ نژاد ¬ـ ئه‌ویش نه‌ك به‌ شێوه‌ی‌ ره‌سمی‌ ـ وه‌ك كاندیدای‌ خۆیان
چاویان له‌ كه‌س نه‌بڕیوه‌و به‌ پێی‌ لێكدانه‌وه‌ی‌ خۆیان نایانه‌وێ‌ پڕوپاگه‌نده‌ی‌
پێشوه‌خت ده‌ست پێ‌ بكه‌ن.

ئه‌وه‌ی‌ تا ئیستا له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژادنه‌كانی‌ ئه‌م ده‌وره‌یه‌
له‌ هه‌ڵبژادنه‌كانی‌ سه‌رۆكۆماری‌دا قسه‌ و باسی‌ له‌ سه‌ر كراوه‌ چۆنیه‌تی‌
خۆپێناسه‌ كردن و ده‌ركه‌وتنی‌ رێفۆرمخوازانه‌ كه‌ به‌ بوونی‌ مێهدی‌ كه‌ڕوبی‌ و
پێداگری‌ له‌ سه‌ر مانه‌وه‌ی‌ له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا به‌ جۆرێك یه‌كریزی‌ و یه‌كهه‌ڵوێستیی‌
رێكخراو و لایه‌نه‌ رێفۆرمخوازه‌كانی‌ خستۆته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

به‌و هۆیه‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خاته‌می‌ داوای‌ له‌ رێفۆرمخوازان و لایه‌نگرانی‌
خۆی‌ كردوه‌ له‌ ده‌وری‌ موسه‌وی‌ كۆبوونه‌وه‌ و هه‌روه‌ها راگه‌یاندنی‌ پشتیوانیی‌
چه‌ند لایه‌نێكی‌ وه‌ك “كارگوزارانی‌ سازه‌نده‌گی‌” و “رێكخراوی‌
موجاهدینی‌ ئینقلابی‌ ئیسلامی‌” و چه‌ند كۆڕو لایه‌نی‌ دیكه‌، وێده‌چێ‌
میرحوسێن موسه‌وی‌ توانیبێتی‌ تا راده‌یه‌ك وه‌ك دیارترین كاندیدای‌ پۆستی‌ سه‌ركۆماری‌
ده‌ركه‌وێ‌. به‌ڵام ئه‌م ده‌ركه‌وتنه‌ وێناچێ‌ ساغبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ره‌های‌ له‌ پشت
بێ‌.

موسه‌وی‌ جیا له‌وه‌یكه‌ زیاتر له‌ 20 ساڵه‌ دوور له‌ ناوه‌نده‌كانی‌ ده‌سه‌ڵات
و بڕیاردان كاری‌ كردوه‌و تاراده‌یه‌ك بۆ به‌ره‌ی‌ نوێ‌ نه‌ناسراوه‌، تا ئیٍَستا
نه‌یتوانیوه‌ ـ به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ خاته‌می‌ ـ به‌ ئاخێوێكی‌ نوێ‌ و تایبه‌ته‌وه‌
بێته‌ مه‌یدان و جیا له‌ هێندێك دروشمی‌ وه‌ك “هه‌ڵگرتنی‌ گه‌شته‌كانی‌
ئیرشاد” و باسكردن له‌ گۆڕینی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌كی‌، ئه‌ویش به‌ شێوه‌ی‌
ناڕوون، شتێكی‌ كۆنكرێتی‌ ئه‌وتۆو روونی‌ وه‌ك به‌رنامه‌ی‌ كار باس نه‌كردوه‌ كه‌
بتوانێ‌ سه‌رنجی‌ ئاڵوگۆڕخوازان و بژارده‌كان بۆ لای‌ خۆی‌ راكێشێ‌. به‌ شێوه‌یه‌ك
كه‌ هێندێك له‌ لایه‌نگرانی‌ خاته‌می‌ به‌ گومانه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ رێفۆرمخوازبوونی‌
موسه‌وی‌ و پێیان وایه‌ خاوه‌نی‌ ” گوتار” َكی‌ كۆنسێرڤاته‌.

داوای‌ هێندێك له‌ رێفۆرمخوازان له‌ عه‌بدوڵڵا نووری‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ خۆی‌ بۆ پۆستی‌ سه‌ركۆماری‌ كاندیدا بكا، سه‌لمێنه‌ری‌
ئه‌و راستییه‌یه‌ كه‌ موسه‌وی‌ ناتوانێ‌ ببێته‌ ناوه‌ندێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ سه‌رجه‌م
رێفۆرمخوازانی‌ حكوومه‌تی‌ له‌ ده‌وری‌ یه‌ك. ئه‌وه‌ش تا راده‌یه‌ك دووره‌ دیمه‌نی‌
هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئه‌م دوره‌یه‌شی‌ لێڵ و ئاڵۆزتر كردوه‌.

به‌ڵام هه‌مووی‌ ئه‌مانه‌ی‌ باسكران ریزبه‌ندی‌
و لێكدانه‌وه‌ی‌ هه‌ڵوێستی‌ توێژێك له‌ خه‌ڵكی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ ئێران بوون كه‌ به‌
هۆی‌ نه‌بوونی‌ حیزب و رێكخراوی‌ ئازاد، ناكرێ‌ به‌ نوێنه‌ری‌ خه‌ڵكی‌ ئێران و
پێكهاته‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ نێو ئه‌م وڵاته‌یان له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین. بۆیه‌ بێگومان
ده‌توانین بڵێین هه‌روه‌ك ده‌وره‌كانی‌ پێشوو له‌م قۆناغه‌ش له‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا خه‌ڵك هیچ رۆڵێكی‌ پێ‌ نه‌دراوه‌و
له‌ قۆناغی‌ دوایش دا كه‌ به‌ قۆناغی‌ “ته‌ئید سه‌لاحییه‌تی‌
كاندیداكان” ناسراوه‌، ئه‌وه‌ شورای‌ نیگابانه‌ كه‌ دیاریی‌ ده‌كا كێ‌ له‌ مه‌یدانه‌كه‌دا
بمێنێته‌وه‌و به‌ خه‌ڵك راده‌سپێری‌ كه‌ له‌ نێو ئه‌م چه‌ند كه‌سه‌دا كه‌ ئێمه‌ ـ
نه‌ك ئێوه‌ ـ دیاریمان كردوه‌ ده‌توانن یه‌كیان هه‌ڵبژێرن.

كۆی‌ ئه‌م هۆكارانه‌ش بۆنه‌ته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ كه‌
تا ئێستا هه‌ڵوێستی‌ خه‌ڵكی‌ ئێران به‌ گشتی‌ به‌ نیسبه‌ت هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌
ناڕوون بێ‌ و له‌م باره‌یه‌وه‌ بێ‌ مه‌یلییه‌كی‌ زۆر به‌ سه‌ریان دا زاڵ بێ‌.

له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان و جۆری‌ روانینی‌ كورده‌كان
بۆ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژادن له‌ ئێران دا ده‌بێ‌ بڵێین كه‌ كوردستان هه‌میشه‌ له‌ چاو
شوێنه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئیران هه‌ڵوێست و روانگه‌ی‌ جیاوازو تایبه‌ت به‌ خۆی‌ هه‌بووه‌و
هه‌یه‌. خه‌ڵكی‌ كوردستان وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ به‌شخوراو و ژێرده‌ست هه‌میشه‌ ئه‌و
مافه‌ی‌ به‌ خۆی‌ داوه‌ كه‌ له‌ روانگه‌ی‌ “شوناسخوازییه‌وه‌” له‌
رووداو و مه‌سه‌له‌كانی‌ ده‌ورووبه‌ری‌ بڕوانێ‌ و به‌ قازانجی‌ ده‌سته‌به‌ركردنی‌
مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و شوناسه‌كه‌ی هه‌ڵوێست بگرێ‌. بۆیه‌ له‌ زۆربه‌ی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان
دا كه‌ باسێك له‌ ماف و ئازادییه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی‌ نه‌هاتۆته‌ گۆڕی‌ به‌ هه‌ر
شێوه‌یه‌ك كه‌ بۆی‌ لوابێ‌ “نا” ی‌ به‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داسه‌پێنه‌ر گوتوه‌و
له‌ ژێر رووناكایی‌ ئه‌م مه‌نتقه‌ سیاسییه‌دا خه‌باتی‌ ده‌یان ساڵه‌ی‌ دژ به‌
رێژیمی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ئێران گرتۆته‌ پێش و به‌ رێنمایی‌ وه‌رگرتن له‌ حیزب و
لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ خۆی‌ له‌ مه‌جالی‌ جۆراوجۆردا لێبڕاوانه‌ هه‌ڵوێستی‌
گرتووه‌.

له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ده‌وره‌یه‌ له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ سه‌رۆكۆماری‌
دا ـ هه‌رچه‌ند تا ئێستا هیچ كام له‌ كاندیدا دیاره‌كانی‌ ئه‌م پۆسته‌ له‌ به‌نامه‌كانیان
دا شتێكیان به‌ قازانجی‌ مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ نێو چوارچێوه‌ی‌
“ئێران” نه‌كردوه‌ ـ ئه‌مجاره‌یان حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌
كوردستان هه‌وڵیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌ وردبینی‌ زیاتره‌وه‌ لێی‌ بڕوانن و له‌گه‌ڵ
خوێندنه‌وه‌ی‌ هه‌لومه‌رجه‌كه‌دا به‌ “قورسایی‌ زیاتره‌وه‌” هه‌ڵوێست
بگرن. هه‌ر بۆیه‌ تا ئێستاش ئه‌م پرۆسه‌یه‌ له‌ ژێر چاودێری‌ و خوێندنه‌وه‌ دایه‌و
هه‌ڵوێستی‌ یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌ له‌ حیزبه‌ كان و ته‌نانه‌ت ورده‌ ته‌یفه‌ كوردییه‌كانی‌
نێوخۆی‌ وڵاتیش به‌ چاو ناكه‌وێ‌.

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ ده‌كرێ‌ لێره‌دا هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ له‌ سه‌ر بكه‌ین و ده‌كرێ‌
وه‌ك جیاوازی‌ له‌گه‌ڵ قۆناغه‌كانی‌ پێشووی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان سه‌یری‌ بكه‌ین جۆری‌
روانینی‌ كورده‌كانه‌ بۆ ئه‌م جۆره‌ مه‌جالانه‌. “هه‌ڵوێستی‌ چالاكانه‌”
بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌جاله‌ سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و یه‌ك له‌وان
هه‌ڵبژاردنه‌كان، خوێندنه‌وه‌یه‌كی‌ مه‌نتقییه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵی‌
رابردوودا به‌ نیسبه‌ت ئه‌م قۆناغه‌ له‌ خه‌باتی‌ سیاسیی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌
رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستانه‌وه‌ هاتۆته‌ گۆڕێ‌.

ئه‌م جۆره‌ له‌ مه‌نتقی‌ سیاسی‌ لانیكه‌م له‌ ماوه‌ی‌ یه‌ك ساڵی‌ رابردوودا
چه‌ند ده‌سكه‌وتێكی‌ سیاسیی‌ به‌رچاوی‌ لێ‌ كه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ ده‌كرێ‌ به‌ كورتی‌
ئاماژه‌یان پێ‌ بكه‌ین: دانیشتن و دیالۆگی‌
نێوان حیزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌ مه‌به‌ستی‌ گرتنه‌به‌ری‌ هه‌ڵوێستی‌ هاوبه‌ش
له‌سه‌ر پرسه‌ گرینگه‌كان، هاندانی‌ ناڕاسته‌وخۆی‌ ورده‌ ته‌یفه‌كانی‌ نێوخۆی‌
كوردستان بۆ فورمووله‌كردنی‌ داخوازییه‌كانیان له‌ چوارچێوه‌ی‌ ئامانجه‌ كانی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌یان
داو دانوستان له‌گه‌ڵ هێندیك له‌كاندیداكان و له‌ هه‌مووی‌ گرینگتر په‌ره‌پێدان به‌
گوتاری‌ سیاسی‌ ـ مه‌ده‌نی‌ له‌ نێو بزووتنه‌وه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك ژنان،
خوێندكاران و چالاكانی‌ مه‌ده‌نی‌ دا.

دوا وته‌:

به‌ پێی‌ ئه‌وه‌ كه‌ له‌ كاتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان (22ی‌ جۆزه‌ردان) نزیك ده‌بینه‌وه‌
و به‌ تێگه‌یشتن له‌و راستییه‌ كه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌
كوردستان پرۆسه‌ی‌ رێكخستن و سازماندانی‌ خه‌ڵك ـ له‌ رێگای‌ جۆراوجۆره‌وه‌ ـ زۆر
به‌ خێرایی‌ ناچێته‌ پێش، پێویسته‌ حیزب و رێكخراوه‌كانی‌ كوردستان، ره‌وته‌كانی‌
نێوخۆی‌ وڵات و بژارده‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ خێراتر هه‌ڵوێستی‌ یه‌كگرتووانه‌ی‌ خۆیان
ده‌رببرَن و به‌ دانیشتن و پێوه‌ندی‌ گرتن له‌گه‌ڵ یه‌كتری‌ و ساغبوونه‌وه‌ له‌ سه‌ر
هه‌ڵوێستێكی‌ هاوبه‌ش “به‌ به‌شداریكردن یان هه‌ڵبژاردنی‌ سیاسه‌تی‌
بایكۆت”، نیشان بده‌ن كه‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان
ده‌توانن یه‌كگرتووانه‌ ئیراده‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ییان بخه‌نه‌ڕوو.

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

تلگرام نوگرا »»» مطالب سایت + عکس + کلیپ + نوشته های کوتاه متنوع + با ما همراه باشید . eslahe@

قالب وردپرس