به شی کوردیکۆ مەڵایەتی کلتووری سیاسیمطالب جدید

ماموستا عەلی ڕەحمانی ، بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا شەماڵ موفتی

بە ناوی خوای گەورە

بە بۆنەی کۆچی دوایی مامۆستا شەماڵ موفتی

لە درێژایی مێژووی موسڵماناندا کەسانێک هەڵکەوتوون کە بە کردەوە و ڕەفتاریان، بە گوفتار و ووتاریان، نەک ئەوەی چوونەتە ناو کۆمەڵگاوە بەڵکوو چووونەتە ناو دڵەکانیشەوە. وەکووو وتراوە: “فەتحی دڵەکان دژوارترە لە فەتحی وڵاتان.” زۆرکات فەتحی وڵات بە زۆر بووە و کراوە؛ بەڵام پاش ماوەیەک وڵاتیان پێ چۆڵ کردوون.
وەکوو ئەزانین فەتحی دڵ بەزۆر ناکرێ، چوونە ناو دەروونەوە و دامەزراندن تیایا لە گشت کەسێ نایە. زۆر کات ڕێکەوتووە کەسانێک بە زانیاری زۆر و فەساحەت و بەلاغەتەوە کاریان کردووە و زەحمەتیان کێشاوە بۆ ئەوەی جێگەی خۆیان کەنەوە لە کۆمەڵگا و لە دڵەکانا؛ سەرئەنجام نەیانتوانیوە و کاریان بۆ لە پێش نەچووە. بەڵام پێغەمبەران و شوێن‌کەوتووانی ڕاستی ئەوان لە پێش ئەووەی لە کۆمەڵگادا جێگەی خۆیان کەنەوە، چوونەتە ناو دڵەکانەوە و پاشان لە دڵەکانەوە چوونەتە ناو کۆمەڵگاوە.
یەکێ لەو کەسانەی کە لەم سەردەمی ئێمەدا بە گوفتاری ئارام و هێدی خۆی، بە دڵسۆزی و ووتاری چووە ناو دڵی خەڵکەوە مامۆستا شەماڵ موفتی بوو، خوا لێی خۆشبێ.

وەکوو ئاگادارین ئەدەبیاتی هیدایەت تایبەتمەندی خۆی هەیە کە سەرچاوەی لە قورئان و ئەدەبیاتی هیدایەتی پێغەمبەرانەوە گرتووە. لە گەڵ دڵ و دەروونا قسە ئەکات، لە دەروونەوە هەڵئەقوڵێ و لە پێشدا لە دەروونەوە ئاڵ و گۆڕ دروست ئەکات و ئەیورووژێنێ. ئەو کەسانەی ئەو ڕێگە ئەگرنە بەر ئەچنە دڵەکانەوە و فەتحی ئەکەن.
لە تایبەتمەندیەکانی ئەو کەسانە ڕەحم و خۆشەویستییە بۆ هەموو خەڵک، بۆ هەموو گیان‌لەبەران. ئارامن و ئارام ئەدوێن.گوزەشت و چاوپۆشی کاڵای باڵایانە. بە دەلیل و بەڵگەوە ئەدوێن. بانگەوازیان ڕازاوەتەوە بە ڕەوشت و هەڵسوکەوتی جوانیان. زیاتر بە کردەوە و ڕەفتاریان بانگەواز ئەکەن.
ئەوەی من بزانم واللە اعلم ئەمانە تایبەتمەندی مامۆستا شەماڵ موفتی بوو. خوای لێ خۆش بێ. داواکارم لە خوای ڕەحمان و ڕەحیم لە ڕیزی خۆشەویستانی کۆی کاتەوە.

کۆچی دوایی مامۆستا شەماڵ کەلێن و خەسارێکی گەورە بوو بۆ کوردستان و بۆ موسڵمانان و بانگەوازی ئیسلامی سەردەم. لە خوا داواکارم پاداشی باشی دڵسۆزییەکانی بۆ دەعوەت و موسڵمانان لە بارەگای بەرزی خوای گەورە وەربگرێ. بە جێگەیە هەموولایەکمان سەرخۆشی بەیەک بڵێین، چونکە خەسارەتەکە ڕووی لە هەموو لایەک کردووە.

لەم ڕووەوە سەرەخۆشی و پرسەی خۆم ئاراستەی بنەماڵەی بەڕێزیان و هەموو ئەو خوشک و برایانە و هاوسەنگەرانی و کاروانی بێداری ئیسلامی ئەکەم، ئەوانەی کە تەمەنێکی پیرۆزە ماندوونەناسانە خزمەت ئەکەن.
خوا لە هەموو لایەک ڕازی بێ و جێگەی مامۆستای کۆچ کردویشمان بە کەرەمی خۆی پڕ کاتەوە.

انا للە و انا الیە راجعون

سنە – عەلی ڕەحمانی ۹۴/۱۲/۱

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا