معماری
خانه ---> به شی کوردی ---> كەڕەنای بەهاریی
بهار
بهار

كەڕەنای بەهاریی

كەڕەنای بەهاریی

دیسان لەم تەمەنە كورتە ، وا نەوبەهار گەڕایەوە … فەرهەنگەكەی پەڕە پەڕە كرایەوە … بەفری چیا دڵۆپ دڵۆپ توایەوە … جارێكی تر گیا لە خاكا ڕوایەوە … چرۆی گۆپكەی درەخت پشكوا و گەڵا گەڵا كرایەوە … دەشت و نزار ڕازایەوە … بەم كەڕەنای بەهارییە زیندەوەریش بوژایەوە … مەلومۆر و مێشومەگەز خولایەوە … باڵندەش لە گەشتی دووری گەرمەسێری گەڕایەوە .
.
ئەم بەهارە تازە لاوە … ڕەشماڵێكی وای هەڵداوە … لە گشت لاوە … سفرەیەكی ڕاخراوە … دەنگی مەلە … خوڕەی ئاوە … قاڕە و باعە و بۆڕە و جیكەی تازە زاوە … كەژوكۆ وەها خەمڵاوە … چی منداڵ و ژن و پیاوە خرۆشاوە … جوتیار وا لەناو دێبەردا … گیاچن بۆ دەشت ملی ناوە .
.
جار جار بارانێ دەبارێ بەسەر گوڵی بۆن عەنبەرا … پەلكە زێڕینە لەو بەرا … چەتری دەگێڕێ بەسەرا … وەك چارشێوێك كەدرابێت بەسەری خاتو دولبەرا … ئەوەندەی تر ڕەونەقی دەكا بەبەرا … دیسان خۆر دەكەوێتەوە … گیا بەڕویدا دەشنێتەوە … زەماوەندی گوڵ و دارە و دەستیان لەیەك نابێتەوە .
.
وەرزی ناوازەی بەهاریی … لە چرۆ و پەلكی چنار و مازووداری … لە سوریی گوڵی هەناری … لە چوزی سەر بنجی پاری … بریقەی ئاوی بناری … هەنگی ئازای گەرمەكاری … ڕێچكەی مێروولە و تۆماری … دیمەنی هەزار هەزاری … لە ڕوباری … لە كەناری … لەپێدەشتی … لە نزاری … بە هیچ كەس ناكرێ ژماری .
.
وەرزی بەهار … پڕ لە گوڵی ئاڵوواڵ و … ڕاوی داڵ و … بەزم‌وڕەزم و قرپ‌وقاڵ و … لەنجەی داری بەر شەماڵ و … كەوی گەردن‌پڕلەخاڵ و …هەزار هەزار نەخش و نیگار … ئادەمی بۆ بینایی خۆت جار لەدوای جار ناخەیتە كار … بۆ نەخشاوی پەروەردگار … بۆ ئەو خامەی كە كەوتە كار … ئەو خەتانەی كردە نیگار … تۆوی بچووكی كردە دار … كوخی زستانی كردە شار .
.
كاتێ فەرمانی خودایی بەهار دێنێ … دەسەڵاتی خۆی دەنوێنێ … هەور بەقار دەگرمێنێ … تاوە باران دەبارێنێ … گیا دەڕوێنێ … زیندەوەران دەجۆشێنێ … سەرو خوار وا دەنەخشێنێ … بەهار بەحەشر دەچوێنێ … ژیران بەئاگا دەهێنێ … بەڵام گێلان هەر لە غەفڵەتدا ڕۆدەچن … كە دەڕوانیت ، لە بەرد دەچن … دەڵێی مەستن ، ڕانامێنن ، دێن و دەچن … دەڕۆن و لاناكەنەوە … بۆ ساتێ بیرناكەنەوە … چاویلكە چڵكنەكانی چاوی دڵ پاك‌ناكەنەوە .
.
هەموو ساڵێك كە بەهار سەردەداتەوە ، ئەم ژینە نوێ دەكاتەوە … پێشانگایەك دەكاتەوە … خەم لە دڵدا دەشواتەوە .
.
بەهار جوانترین وانەیە … چی دەبینی ، ئەندازەیە و پێوانەیە … ئەم خەریكی بەزم و سەما و ئەو خەریكی هێلانەیە … قژی قەرسیل لەبەر شەماڵدا شانەیە … مەل لەدوای گوڵ پەروانەیە … پەككو بەهار سفرەیەكی پڕ بەخششی شاهانەیە … ئەوەی كە لێی ڕانامێنێ ماڵی دڵی وێرانەیە .
.
خامە لە وەسفی بەهارا دەسەوسانە … ئەوەی دەیڵێت ؛ دەنگی بلوێری شوانە … هەرچی بڵێت هەر ناتەواو … ئەو قەشەنگ و ئەم حەپەساو … ئەو خێرایە و ئەم خاوەخاو … بۆ ئەم نەوبەهاری ساڵە … ئەم ئاهەنگ و كەرنەڤاڵە ، ئەم گوڵزارو ئاڵوواڵە … ئەم چنراوو خەت‌وخاڵە … خامەكەی من هەرچی بڵێت ، وڕێنەیە و گڕوگاڵە .
.
خودا ئەم وەرزی بەهارە … هێمای لوتكەی تواناییە … ئاماژەی ڕوونی توانست و داناییە … بەڵگەی هێنانی جیهانی كۆتاییە … تا تێبگەین بەهەشتیش وەك بەهارێكە و هەرگیز هەرگیز بەسەرناچێ … بەڵام بەهارەكەی بەهەشت لە جوانی و خان‌ومانیدا لەم بەهارەی دنیا ناچێ .
.
دەسا خوایە … دوای ئەم بەهارە كاتیە … بمانكە بە گەشتیاری ئەو بەهارە بێ‌كۆتاییە .
_ــ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_ـ_
بەهاری 2716
مانگی 3ی 2016
2016/3/16
مامۆستا غەریب پێنجوێنی

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

قالب وردپرس