خانه ---> به شی کوردی ---> سیکۆلاریزم ، دیموکراسی ، دەقی گوتەكانی عەلی باپیر لە دیبەیتی ساڵ
علی باپیر، ملا بختیار
علی باپیر، ملا بختیار

سیکۆلاریزم ، دیموکراسی ، دەقی گوتەكانی عەلی باپیر لە دیبەیتی ساڵ

سیکۆلاریزم ، دیموکراسی ، دەقی گوتەكانی عەلی باپیر لە دیبەیتی ساڵ

سیکۆلاریزم :

سیکۆلاریزم، جۆڵانەوەیەکی کۆمەڵایەتییە دەیەوێت خەڵک لە گرینگیدان بە رۆژی دوایی لابدات و روویان پێ بسووڕێنێت بەرەو گرنگیپێدان تەنیا بە ژیانی دونیا، ئەویش بەهۆی ئەوەی خەڵک لە سەدەکانی نێوەڕاستدا، واتە خەڵکی ئەوروپا، حەزو ئارەزوویەکی تووندیان بۆ پشتێکردنی دونیا بیرکردنەوە لە خواو رۆژی دوایی هەبوو، ئینجا بۆ بەرهەڵستیکردنی ئەو حەزوو ئارەزووە، سیکۆلاریزم لە میانەی گەشەپێدانی مرۆڤاگەراییدا خۆی رانواند و خەڵک لە چاخی رێنیسانسدا پەیوەستبوونی تووندی خۆیان بە بەرهەم دەستکەوتە کولتوورییە مرۆییەکانەوە پێسانداو قەناعەتیان پەیدا کرد کە دەگونجێت ئاواتەکانیان لەم ژیانە دونیایەدا بێننەدی.

ئیدی بەمجۆرە رووکردنە سیکۆلاریزم لەسەرجەم مێژووی تازەدا لە پەرسەندندابوو وەک بزاڤێکی دژی ئایینی دژی مەسیحیەت.

پێموایە کورترین پێناسە بۆ سیکۆلاریزم ئەوەیە کە (کلۆس جفرای) دەڵێت: بریتییە لە لابردنی هەر مەرجەعێکی ئایینی.

لەلایەکی دیکەوە “جوڵ فێری” بۆ سیکۆلاریزم دەڵێت: بریتییە لە رێکخستنی کۆمەڵگا بەبێ خوا، دەشکرێت بڵێین بە سەرتەرگرتنی مرۆڤ و پشتگوێخستنی خوا ئەوەش پێناسەیەکی دیکەی سیکۆلاریزمە.

منیش دەڵێم، سیکۆلاریزم ئایینێکی زەمینی مرۆڤکردە، بۆ جێگرتنەوەی ئایینی ئاسمانی خوا.

یەکەم کەس کە بۆیەکەمجار وشەی سیکۆلاریزمی بەکارهێنا (جۆرج جەیکۆب هۆلایۆک) بوو لە ساڵی 1954، نامیلکەیەکی بەناوی (سیکۆلاریزمی ئینگلیزی) نووسی.

سیکۆلاریستەکان، هەم کەسانی خواناسیان لەنێودا هەیە، هەم کەسانی خوا نەناسیش، واتە مولحید، هەردوو بەرەیان تێدابوون، بۆیە جۆرج هۆلایۆک خواناس بووە، بەڵام چارلس براگدلو بابایەکی مولحید بووە، کە لە کتێبێکیدا کە لە ساڵی 1896 نووسیویەتی دەڵێت: دەرئەنجامی لۆژیکی وەرگرتنی سیکۆلاریزم بریتییە لە ئیلحاد، کاتی خۆی چاڵس براگدلو، بەرپرسی کۆمەڵەی سیکۆلاریستانی بەریتانیا بووە.

دیارە ئێمە سیکۆلاریزمما هەیە وەکو فیکرە، سیکۆلاریزەیشنمان هەیە وەکو پراکتیزەکردن و پیادەکردن، واتە عەلمانیەت و عەلمەنە.

سیکۆلاریزمی گشتگیر هەیە، یاخود سیکۆلاریزمی سەخت و تووند کە دەیەوێت هەموو شتیكی بخاتە ژێر هەیمنە و هەژموونی خۆیەوە، سیکۆلاریزمی جوزئیمان هەیە، یان سیکۆلاریزمی نەرم  کە بەوەندە ئیکتیفا دەکات دەوڵەت و دین لە یەک جودا بێتەوە، بەڵام نایەوێت بچێتە نێو هەموو جومگەکانەوە، نایەوێت ببێت بە بەدیل بۆ هەموو شتێک.

من پێموایە سیکۆلاریزم بە گشتی یان دەڵێت خوا بوونی نییە و ئایین راست نییە، یاخوود دەڵێت ئەگەر خوا هەشبێت مافی ئەوەی نییە دەستوەربداتە کاروباری مرۆڤ، بەڵام کام خوا، ئەو خوایەی لە تەسەوری کڵێسادا دروستبووە، ئەو خوایەی کە ئەرستۆ دەیگوت: خوا بوونەوەری وەکو سەعات خستووەتەگەڕ و لێی گەڕاوە، نەک ئەو خوایەی کە ئیسلام پێناسەی دەکات هەمیشە لەگەڵ بەندەکانیەتی و موشریان دەخوات و بەسەریان رادەگات، و نەک ئەو ئایینەی لەگەڵ رەوتی ژیاندا دەڕوات، ئەو ئایینە کە بەربەستبوو لەبەردەم پێشکەوتن و ئازدی عەقڵ.

بەسەرهاتی سەرهەڵانی سیکۆلاریزم لە رۆژئاوادا، بەسەرهاتێکی دوورو درێژە، بەڵام بە کورتییەکەی دوای ئەوەی کڵێسا تەنازولی کرد بۆ رۆم، قوستەنتین یەکێک لە پاشایەکانی رۆم کە لە 280 تا 337ی زاینی ژیاوە، لە کۆبوونەوەی نیقیەدا لە 335 بڕیاریدا بە رەسمی ئایینی موسیحی بگۆڕێت تەفلیف، لەجیاتی یەک خوا پەرستی کە ئەسڵی دینی مەسیح وابووە، بەرنامەی هەموو پێخەمبەران بەو شێوەیە بوون، ئەو گۆڕی بە باب، کوڕ روحی قودس، لەو کاتەوە دیارە پاپا دەسەڵاتی زۆری پەیداکرد و چینی ئەکریلۆس، ئەوەی پێیدەڵێن پیاوانی ئایینی پەیدابوون، لەوکاتەوە وردە وردە پیۆکراسی سەریهەڵدا، واتە حکومی خوایی، حکومەتی دینی، کە بەداخەوە دەلێم زۆر لە سیکۆلاریستەکانی ئێمە تا ئێستاش جیاوازی ناکەن لەنێوان حکوتەی ئیسلامی تا حکومەتی دینی، کە حکومەتی ئیسلامی شەرعیەتی و رەوایەتی لەخەڵک وەردەگرێت، بەڵام حکومەتی دینی شەرعیەت دەڵێت من وەکیلی خوا و سێبەری خودام.

ئینجا لەوکاتەوە، کە لادان و ئینحیراف لە دینی مەسیحیدا سەریهەڵدا، لە راستیدا کڵێسا جۆرە دینێکی دیکەی تایبەتی هێنا شوێنی دینی مەسیحی لەوکاتەوە خەڵی رۆژئاو بەگشتی کەوتنە مەینەتییەوە، لە رووی عەقیدەیی و فیکرییەوە، چ لە رووی گۆڕین و دەستکاریکردنی کتێبی پیرۆزەوە، چ لە رووی دادگاکانی پشکنین، سانسۆری عەقائید، کە ژمارەیەکیان لە بیرمەندانی ئەوروپا سووتاند و گالیلۆ تۆبەی پێکرا لەبەر ئەوەی گوتبووی زەوی خڕە و رەنگە بشخولێتەوە، تۆبەی پێکرا ئەگەرنا ئەویش بە مەرەدی ئەوان دەچوو.

دیرۆزاک، یەکێک لە زانایەکان لە کتێبی مێژووی رەشی کەنسیە دەڵێت بەس لە ئیسپانیا لە ماوەی دوو سێ ساڵدا 30 هەزار کەس یان سووتێندران یان ئیعدامکران، لەسەر ئەوەی کە شتانێکایان دەگوت پێچەوانەی ئەو عەقیدانەبوو کە کڵێسا تەبەنی کردبوون.

لەڕووی سیاسییەوە وەکو گوتم پیۆکراسی بوو بە سیستەمی حکومڕانی، لە رووی ئابوورییەوە قەشەو پاپایەکان بەناوی دینەوە سەروەت و سامانێکی زۆریان قۆرخکردبوو بۆخۆیان،  لە رووی تێکچوونی ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە شەڕی کاپۆلیک پرۆتستانت، کە شەڕیان هەبووە 100 ساڵ دەوامی کردووە، 30 ساڵ دەوامی کردووە، بە ملیۆنان کەسی تێدا کوژرا، ئیدی سەرئەنجام کڵێسا عەقڵی بیرمەندانی کۆت و زنجیرکردبوو  تاکو بیرۆکە ئەفسانەییەکانی ئاشکرا نەبن، دڵ و دەروونیشیانی بەناوی کەهنووتەوە زەوتکردبوو، پاپا و چینی ئەکریلۆس خۆیان کردبوو بە سێبەر و وەکیلی خوا، ژیانیا تووشی وەساتن و جمود کردبوو و دژی هەر تازە گەرییەک بوون و گۆشەگیری و رەبەنیان تەبەنی کردبوو، کڵێساش ببوو بە بەشێک لە سیستەمی ستەمکارانەی پیۆکراسی، و سێکوچکەی پاپا پادشاو دەرەبەگ ببوونە مڵۆزمێک بۆ گیانی خەڵکی رۆژئاوا، ئیدی خەڵکی رۆژئاوا کە ئەوەی بینی لەگەڵ ئەو واقیعە دژوارە رووبەڕوو بوونەوە، بیرایان لە رێدەربازکردنێک و رێگە چارەسەرێک کردەوە، کە سەرەتا مارتن لۆپەر لە ئەڵمانیا جووڵانەوەی پرۆتستانتی بەرپاکرد لە کۆتایی سەدەی پازدە و سەرەتای سەدەی شانزە، کاڵفن لە فەرەنسا ئەویش بە هەمان شێوە ئەوانە لە کێسا راپەڕین، رایانەگەیاند کە دەبێت مۆرڤ ئازاد بێت و هەر کەسێک بۆی هەیە کتێبی پرۆز بخوێنێتەوە، کە پێشتر قۆرخکرابوو، تەنیا پیاوانی دینی بۆیان هەبوو کتێبی پیرۆز بخوێننەوە، بڕیاریاندا کە کەهانە نییە و نهێنی پیرۆز نییە و تاک راستەوخۆ بۆی هەیە خوا ببەرستێت و لە دەرەوەی کڵێساش مرۆڤ بۆی هەی رزگار بێت و خەڵک بۆی هەیە تێگەیشتی عەقڵانی هەبێت بۆ کتێبی پیرۆز.

لە ئاکامدا شۆڕشی فەرەنسا لە ساڵی 1789 روویداو لەوە بەدوا سیکۆلاریزم، کە پێشتر وەکو بیرۆکەیەک چەکەرەی کردبوو، ئینجا وەکو پراکتیک لە زۆر لە کۆمەڵاگاکانی ئەوروپا هاتەدی.

سیکۆلاریزم لە کۆمەڵگایەکی ئیسلام تێگەیشتوودا پاساوی نییە، جاری یەکەم مێژووی ئیسلام و موسڵمانان پێچوانەی مێژووی کڵێسا و نەسرانییەکانە، عیسا بۆ قۆناخێکی دیاریکراو هاتبوو(سەلامی خوای لێبێت)، بەڵام ئیسلام بۆ هەموو بەشەرییەت هاتووە، کتێبەکەی عیسا زۆر دەستکاری کرا، خوا یەک ئینجیلی بۆ عیسا ناردبوو بەڵام ئێستا نەسرانییەکان 4 ئینجیلیان لەبەردەستدایە ئەو چوارەش لەنێو 70 ئینجلیدا هەڵبژێردراون، تەنانەت (جلین برنتن) لە کتێبێکیدا دەڵێت بێگومان مەسیحیەتی زاڵبوو لە کۆبوونەوەی نیقییەدا، کە کرا بە عەقیدەی رەسمی گەورەترین ئیمپراتۆریەتی دونیا، زۆر جیابوو لەو مەسیحیەتەی ، کە مەسیحیەکانی جەلیل بەڕێوەیان دەبرد، پاشان نەسرانییەکان هەتا دەستگرتوو بوون بە ئایینەکەی خۆیانەوە، دواکەتووبوون، کە دەستیان لێی بەردا، بەرەو پێشچوون، بەپێچەوانەی موسڵمانانەوە، هەتا ئێمە دەستمان بە ئیسلامەوەبوو،  لە پێشەوەبووین، دەستمان لە ئیسلام شووشتبوو بەرەو دواوە چووینەوە، دواتر هیچکام لەو هۆکارانەی، کە خەڵکی رۆژئاوایان لە کڵێسا سڵەماندەوە لە ئیسلامدا بوونیان نییە، لەرووی عەقیدەیی و فیکری و زانستییەوە ئێمە دەیان ئایەت و بەڵکو سەدان ئایەت و فەرمایشتی پێخەمبەرمان هەیە (سڵاوی خوای لێبێت)، بیرکردنەوە لەسەر ئینسان فەرز دەکەن، بەدوای زانست گەڕان فەرز دەکەن، تەماشکردنی شروش لەسەر ئینسان فەرز دەکەن، دواتر لە رووی ژیان و گوزەرانەوە ئیسلام هیچ ناکۆکییەک نابینێت لەنێو ئەوەدا، کە ئینسان لە دونیادا بژیێت ئیمانی بە دواڕۆژیش هەبێت، لە دونیادا بژیێت، بەڵام دواڕۆژیشی لەبیر نەچێت، لەنێو خەڵکدابێت، بەڵام خواش بناسێت، هیچ ناکۆکییەک نییە، کە دەتوانین دەیان ئایەت و فەرموودە لەوبارەیەوە بهێنینەوە.

لەڕووی سیاسییەوە بناخەی حکومڕانی لە ئیسلامدا شوورایە، و حکومڕان وەکیلی خوا نییە، بەڵکو وەکیلی خەڵکە و خەڵک رەوایەتی پێدەدات و خەڵکیش دەتوانێت رەوایەتی لێبستێنێتەوە، بە پێچەوانەی پیۆکراسییەوە، زانایان رێزدارن، بەڵام چینێکی تایبەت نین و هیچ ماف و ئیمتیازێکی تایبەتیان نییە، ئەگەر لە هەندێک شوێنی جیهانی ئیسلامی دەبینی ئەزموونی ئایینی کڵێسا و پاپا و قەشە دووبارە دەبێتەوە، ئەوە لەسەر ئیسلام حیساب ناکرێت، چونکە لە قورئان و سوننەتدا ویلایەتی شوڕامان هەیە، ئێمە ویلایەتی فەقیهمان نییە، خەڵک لەنێو خۆیاندا راوێژ دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری دونیای خۆیان.

لەڕووی ئابوورییەوە، هیچ کەس مافی زیاتری نییە بە نیعمەتەکانی خواوە، بلێت وەڵام من پاپام، قەشەم، عالمی دینیم و مافم لەتۆ زیاتر، هەموو وەکو یەکە.

لەڕووی دەمارگیریی و تەبایی و پێکەوە ژیانەوە، لە ئیسلامدا، بەڵێ موسڵمانان هەڵەیان هەبووە، بەڵام هیچ موسڵمانێک بەڵگەیەکی شەرعی بەدەستەوە نییە کە دەستی بچێتە نەک خوێنی موسڵمانێک، بەڵکو نا موسڵمانێکیش بە ناحەق، بەڵکو کوشتنی ئینسانێک وەکو ئینسان چاوپۆشی لەوە بکە کە چ دینێکی هەیە، بە گەورەترین گوناح دانراوە وەکو ئەوەی هەموو خەڵکی سەر زەوی کوشتبێت.

لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئیسلام ئایینی فیترەتە، خوا هەموو نیعمەتەکانی  بۆ مرۆڤەکان خوڵقاندوون، بەڵکو هەموو بوونەوەرەکانی بۆ خوڵقاندون ئینسان تێیدا جێنشینایەتی خوا بکات.

بە کورتی، ئەگەر سیکۆلاریزم مرۆڤ بە سەنتەر دەگرێت و ئیسلامیش نرۆڤ بە سەنتەر دەگرێت، بەڵام نەک وەک بەدیلی خوا، بەڵکو وەک بەدیلی خەلیفەو جێنشینی خوا.

سەبارەت بەدیموکراسی:

جۆزیف سەمپیتەر، لە پێناسەی دیموکراسیدا دەڵێت: دیموکراسی سیستمێکی سیاسییە کە تێیدا کاربەدەستان کێبرکێ دەکەن بۆ گەیشتن بە دەسەڵات لە رێگەی بەدەستهێنانی دەنگی خەڵکەوە،و کاربەدەستانی سیاسی لە رێی هەڵبژاردنەکانەوە دیاری دەکرێن.

رۆبێڵ داڵ، لە پێناسەی دیموکراسیدا دەڵێت: سیستەمی دیموکراسی، سیستەمێکە رەوایەتی لە خەڵک وەردەگرێت و مانەوەشی پەیوەستە بە رەزامەندی خەڵکەوە.

کارل پۆپەر، لە پێناسەی دیموکراسیدا دەڵێت: دیموکراسی سیستەمێکە هاووڵاتیان تێیدا دەتوانن بەبێ خوێنڕشتن کاربەدستانی خۆیان بگۆڕن.

شاپیرۆ، لە پێناسەی دیموکراسیدا دەڵێت: دیموکراسی خوازیارە بۆ کۆمەڵێک دامەزراوە، کە بوار دەڕەخسێنن، خەڵک کاربەدەستانیان دابنێن و لاشیانبەرن.

فرانسیس فۆکۆیاما، لە پێناسەی دیموکراسیدا دەڵێت: دیموکراسی سێ شتی پێویستن، دامەزاراوەکان، سەروەری یاساو لێپرسینەوە.

دەتوانین بڵێین دیموکراسی ئەو سیستەمەیە کە خەك مافی هەبێت لە دانانی حکومڕانان و رەخنەلێگرتن و لابردنیان.

سەرگوزوشتەی دیموکراسی، ئایا راستە وەکو بەداخەوە دەلێم لەلای زۆربەی خەڵکی دونیا بووەتە قەناعەت، کە دیموکراسی سیستەمێکە لە یۆنانەوە هاتووە، لە ئەوروپاوە هاتووە ئایا ئەمە راستە؟

من سەیری کۆمەڵێک کتێبی مێژوویم کردووە، کە لە راستید دیموکراسی نەک وەکو ناوەکەی، وەکو نێوەڕۆکەکەی، ئەویە خەڵک بەرپرسانی خۆیان دابنێن بۆشیان هەبێت چاودێریان بکەن و بۆشیان هەبێت لێیان بپرسنەوە، ئەوە نێوەڕۆکی دیموکراسییە.

ئەم نێوەڕۆکە لە مێژووی بەشەریەتدا شتێکی زۆر لە مێژینەیە، ئەگەر سەیری قورئان بکەین، خوای پەروەردگار، کە باسی مەلیکەی سەبەئـ دەکات باس لە شاژنی سەبەئـ، دەڵێت: ئەی خەڵکینە کاربەدستان مشوورخۆرەکان، راتان چییە تا ئێوە بڕیار نەدەن من هیچ بڕیارێک نادەم، گەڕانەوە بۆ رای خەڵک لە قورئاندا هاتووە.

رائول ماگلابوس، لە کتێبێکیدا کە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی عەرەبی بەناوی (ئیرادەت شعوب)، 1991 لە قوبرس چاپکراوە، دەڵێت: دیموکراسی بەر لە دەسەڵاتی رۆمانەکان لە باکووری ئەوروپا هەبوو لە نەرویج و دانیمارک و ئایسلەندا، ماگلابوس ئەوەش دەڵێت: سیستەمی دیموکراسی لەنێو هیدە سوورەکانی ئەمریکاشدا هەبووە، بە هەڵبژاردن سەرۆکی خۆیان داناوە، کە بە زمانی خۆیان ساخیمیان پێ گوتووە.

ماگلابوس دەشڵێت: لە وڵاتی مابەینە نەهرەین،  کە 4500 ساڵ ئەو سیستەمە  باو بووە، بە تایبەت لە شاری ئیبلا، کە دانیشتوانەکەی 30 هەزار کەس بوونە، 12 هەزار کارمەندی هەبووە، کە وڵاتێکی 250 هەزار کەسی بووە.

ئیف شمێل، لە کتێبی “ئەلسیاسە فی شەرق ئەلقدیم” و سامۆئێل نوح کرێمەر لە مێژووی سۆمەر دەڵێت: 3 هەزار ساڵ پێش زاین ئەو ناوچانە مەبەست لێی ناوچەکانی نێوان دوو رووبارەکە، دوو ئەنجوومەن بەڕێوەیان بردوون، ئەنجوومەنێک بۆ خەڵکی بەتەمەن،  ئەنجوومەنێکیش بۆ کەسانی جەنگاوەر.

رائول ماگلابوس دەڵێت: لە هیندیش بەر لە 6 سەدە بەر لە زاینن، کۆمەڵی کۆمار هەبوون، 12 کۆمار هەبوون، کە سەرۆکی یەکێکیان بابی بوزا بووە، کە سەرۆکەکان پێیان گوتووە (راجا).

حاڵەتی ئاسایی و حالاتی فیتری و خۆرسکی مرۆڤ، ئەوەیە هیچ کەس پێی خۆش نییە بچەوسێنرێتەوە، هیج پێی خۆش نییە حیسابی بۆ نەکرێت، کەواتە ئەو نێوەرۆکە، من ناڵیم وشەی دیموکراسی، ئەم نێوەرۆک و موحتەوایە، کە خەڵک هەموویان بەشداربن لە دەسەڵات و حکومڕانیدا، شتێکی لەمێژینەیە لە ژیانی مرۆڤدا، شتێک نییە لە ئەوروپا هەڵقوڵابێت، پێش ئەوەی لە ئەسیناو یۆنان ببێت.

دیموکراسییەت لە یۆنان هەموو لایەک ئەوە دزانێت راستەوخۆ بووە، نوێنەرایەتی نەبووە، خەڵک راستەوخۆ لە گۆڕەپانێک کۆبووەتەوەو رای خۆیان داوە، تەنیا پیاوانیش بۆیان هەبووە، تەنیا ئازادەکانیش بۆیان هەبووە، تەنیا یۆنانییەکانیش بۆیان هەبووە.

دیموکراسی رۆژئاوایی، کە دوایی خەڵک لەتاو کڵێسا رایکردوو، گەڕا بۆ سیستەمێکی حکومڕانی ، کە بتواننبە تەبایی پێکەوە بژین، مێژوی خۆیان هەڵکۆڵی و دیموکراسییەتیان دەرهێنایەوە بە شێوە یۆنانییەکەی،  کە بەم شێوەیەی ئێستا نەبوو، تەنیا دەوڵەمەندەکان بۆیان هەبوو دەنگ بدەن ، دوایی ئەو مەرجەیان لابرد، تەنیا پیاوان بۆیان هەبوو، دواتر وردە وردە ئافرەتانیشیان بەشداری پێکرد،  تا بەم شێوەیەی ئێستا گەیشتووە، ئەو دیموکراسییەتە بەردەوام رەخنەی لێدەگیرێت و چاک دەکرێت و دەستکاری دەکرێت، دیموکراسییەتی هەر وڵاتێکیش جیایە لەوەی دیکە، هەر کامێکیان مۆرکی تایبەتی خۆی هەیە.

بەراوردێک لە نێوان دیموکراسی و سیستەمی حکومڕانی لە ئیسلامدا:

لە ئیسلامدا سیستەمی حکومڕانی بناخەکەی بریتییە لە شووراو خەڵک و جەماوەر سەرچاوەی دەسەڵاتە و حکومەتە لە ئیسلامدا مەدەنییە، نەک ئایینی و پیۆکراسی، واتە خەڵک رەوایەتی بەدەسەڵات دەدات، کارو چالاکی سیاسیی مافی هەموو هاووڵاتییانە بەبێ هەڵاواردن، بە موسڵمان و نا موسڵمانەوە، مادام لە کۆمەڵهگادابن مافیان هەیە، دەستیان هەبێت لە دانانی بەرپرسانی خۆیان و رۆڵیان هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵاتیاندا.

دەوڵەتی ئیسلامی دەستی کراوە بووە بۆ وەرگرتنی هەر بیرۆکەو ئامرازو هۆکارێک، کە کۆمەڵگا بەرەو پێش دەبات، حکومڕانان لە ئیسلامدا لە بنەڕەتدا پیرۆز نین تاوەکو پیرۆزیان لە دابڕندرێت، جیا لە خوا کەس پیرۆز نییە، رەخنە لێگرتن لە حکومڕانانی ستەمکار گەورەترین جیهادە لە ئیسلامدا.

بەڕای بەندە هەرچەندە دیموکراسی وەک هەر بیرۆکەیەکی دیکە، کە زادەی بیر و هۆشی مرۆڤە بێ کەموکوڕی نییە، بەڵام پێموایە بە گشتی باشترین شتێکە کە مرۆڤ بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کۆمەڵگاو دەوڵەت بەرهەمی هێناوە، باشترین شتێکە کە مرۆڤ بەرهەمی هێناوە.

بەڕای من، ئەو بنەمایانەی دیموکراسی، خەڵک سەرچاوەی دەسەڵاتبوون، هەڵبژاردن، لە یەکجیاکردنەوەی سێ دەسەڵاتەکان، سەروەری یاسا،  دابینکردنی ماف و ئازادییەکان بۆ هەموو لایەک، حکومکردنی زۆرینەو  پاراستنی مافی کەمینە،  دەستاودەستکردنی دەسەڵات بە ئاشتیانە، ئیسلام هیچ ناکۆکی نەک لەگەڵ ئەوانەدا نییە، بەڵکو ئەوانە لەپێش ئەوەی لە ئەوروپاو رۆژئاوا ئەم دیموکراسییە بێت، لە سیستەمی حکومڕانی ئیسلامیدا لەسەردەمی چوار خەلیفەکان و لەسەردەمی بەشێکی دیکە لە حکومڕانان ئەم بنەمایانە هەموویان رەچاوکراون.

ئەنجام:

بێگومان هەر ئایین بەرنامەیەک، دەبێت ئامانجی ئەوەبێت لە واقیعدا بەرجەستە ببێت و مایەی بەرەوپێشبردنی ژیانی خەڵک و بەختەوەری خەڵک بێت، خوای پەروەردگار دەفەرمووێت: کتێبمان بۆ تۆ  ناردووەتە خوارەوە بۆ خەڵک بە حەق.

قورئان بۆ خەڵک هاتووە، بۆ بەختەوەرکردنی خەڵک بۆ ئەوەی خەڵک بەشێوەیەک بژین، کە بەختەوەری دونیاو سەرفرازی دواڕۆژبن، بەڵام ئایا ئێمە لەم هەرێمی کوردستانەدا بابێین ئەو سیستەمی حکومڕانییە، کە باسی سیکۆلاریزم دەکەین و باسی دیموکراسی دەکەین، با لە مەحەکیان بدەین.

من دەڵێم لە وڵاتێکی ئیسلامیدا، کە خەڵک لە ئیسلام تێگەیشتبێت، سیکۆلاریزم پاساوی بوونی نییە، چونکە لە راستیدا هەموو ئەو شتانەی، کە تۆ بۆیان لە سیکۆلاریزمدا دەکڕی، لە ئیسلامەکەی خۆتدا هەن بە باشترهاوکات کۆمەڵێک کەموکوڕی لە سیکۆلاریزمدا هەیە، بە تایبەت حیساب نەکردن بۆ خوا و قیامەت، لە ئیسلامدا بێگومان ئەوەشی تێدا نییە، واتە چاکەکانی سیکۆلاریزمی هەموو تێدایە و لە خراپەکانیشی دوورە، بەڵگەشم بۆ ئەوە ، ئەوەیە، کە  سەیری پانایی و درێژایی جیهانی ئیسلامی بکەن، لە کوێدا کۆمەڵگایەکی موسڵمان ئەو سیکۆلاریزمەی قبوڵکردووە، مادام لە ئیسلامدا تێگەیشتبێت، قبوڵنەکراوە.

بەداخەوە مەسرەفێکی  زۆر لە پارەی موسڵمانان لە سیکۆلاریزم کراوە، پشتیوانی دەرەکیشیان لێکراوە، کەچی هەر رەوایەتی پەیدا نەکردووە، ئێستاشی لەگەڵدابێت، سیکۆلاریستەکانمان بەشەرمە لەژێر لێوەوە باسی سیکۆلاریزمەکەی خۆیان دەکەن.

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *