ژیاننانمەی مامۆستا شێخ جەلال شێخ عەبدوڵڵا دەمەیەوی
ژیاننانمەی مامۆستا شێخ جەلال شێخ عەبدوڵڵا دەمەیەوی
مامۆستا شێخ جەلال کوڕی شێخ عەبدوڵڵای دەمەیەوی لەگوندی (دەمەیەو)ی ناوچەی هەورامانی ئێران لەساڵی ( ۱۳۴۴هـ ـ ۱۹۱۹ز ) لە باوک ودایکێکی خواناس هاتۆتە دنیاوە، کە هەردووکیان مورید و مەنسوبی شێخی ضیاء الدین و شێخى نجم الدین وشێخى علاء الدین بوون ، کە چاوی کراوەتەوە لە لای باوکی دەستی بە خوێندنی قورئانی پیرۆز کردووە، و دوای تەواو کردنی قورئانی پیرۆز دەستی کردووە بە خوێندنی کتێبە باوەکانی ئەو کاتە بە کوردی و فارسی، و دواتر چووەتە حوجرە و لە ناوچەکەدا چاکی لێهەڵماڵیوە بۆ خوێندنی زانستە ئیسلامییەکان، و سەرەتا دەستی کردووە بە خوێندنی ( تصریف الزنجانی ) تا باسی ( تنبیە ) لە خزمەت مامۆستا مەلا عەلی صەفاخانە، لە گوندی ( بارام ئاوا ) و دواتر لە وەرزی پاییزدا کە ( ۱۵ ) ڕۆژ لە مانگی (شوال)ی ساڵی(۱۳۵۹)ی کۆچی تێپەڕی کردبوو، لە گەڵ مامۆستا ( شێخ جەلیل )ی برا گەورەیدا ڕۆیشتووە بۆ گوندی ( مەسۆ ) لە ناوچەی ( پێنجوێن ) و لە لای ئەو دەستی کردووە بە خوێندنی (عەوامیلەین ) و تەواوکردنی ( تصریف الزنجانی ) ودواتر ( انموذج ) و ( إظهار )و دوای تێپەڕبوونی (۱۸) مانگ دەستی کردووە بە خوێندنی ( تصریف ملا علی ) هەر لە لای مامۆستا شیخ جەلیل و زۆر بە وردی و دڵسۆزانە پێی خوێندووە، و ئەوەی لە لای ئەو خوێندویەتی لەبەری کردووە، و دوای ئەوە ڕۆیشتووەتە گوندی (ئەڵمانە) بۆ خزمەت (حاجی سەیید بابە شێخی ئەڵمانە)، و لەوێ دەستی کردووە بە تەواو کردنی (تەصریفى مەلا عەلی) لە لای (مەلا حەمەدەمینی پایگەلان) کە موجازی حاجی سەیید بابە شێخ بووە و لەوێ خەریکی پێش نوێژی و تەدریس بووە، و دوای تەصریفی مەلا عەلی دەستی کردووە بە خوێندن ولەبەر کردنی ( وضع وإستعاره ) هەر لە لای ئەو، و لەو کاتەدا کە لە ئەڵمانە بووه لە ساڵی ( ۱۳۶۱ هـ ) کارەساتی وەفاتی باوکی (شێخ عەبدوڵڵای دەمەیەوی) بەسەردا هاتووە، و زۆر کاریگەریی لە سەری هەبووە، و دوای ئەوە دەستی کردووەتە خوێندن و لەبەر کردنی کتێبی (مەلا جامی ) تا نزیکەی باسی (المرفوعات)، و دواتر لە گەڵ مامۆستادا چووە بۆ گوندی (پایگەلان) ئەمە لەساڵی ( ۱۳۶۳ هـ ) و هەربەردەوام بووە لەسەر خوێندنی (مەلا جامی) و دوای تەواو بوونی زستان و هەر لەو ساڵەدا چووەتە شاری (سنە) و لە لای (مەلا صدیقی کوڕی مامۆستا عبدالعظیم موجتەهیدی) لە مزگەوتی ( والی ) دامەزراوە، و لە مانگی ڕەمەزانی ئەو ساڵەدا چووەتە مەدرەسەی (مەلا موحەممەدی گورجی)، و ماوەی حەوت مانگ لە سنەدا ماوەتەوە و زۆرینەی ئەوەی لەبەری کردووە، بیری چۆتەوە!!!
و لە پایزی ئەو ساڵەدا ئەوێی بەجێهێشتووە، و چووە بۆ ئاوایی ( وەیسە ) بۆ خزمەتی مامۆستا مەلا ئەحمەد و دەستی بە خوێندنی (شرح سیوطی ) کردووە و لەو کاتەدا گرانی داکەوتووە، ساڵی ( ۱۳۶۴ هـ ) و دوای بەسەربردنی زستان و بەهار چووە بۆ ( سەعد ئاباد – سەدَاوا ) بۆلای مامۆستا مەلا سەعیدی سەدَاوا، و لە خزمەتیدا درێژەی بە خوێندنی ( شرح سیوطی ) داوە، و( گەلەنبەوی – شەرح منطق )ی لەوێ تەواو کردووە و لە ساڵی (۱۳۶۵هـ)چووەتە گوندی (بناوەسوتە)ـی، ناوچەی پێنجوێن، دیسان بۆ خزمەت مامۆستا مەلا ئەحمەدی وەیسە، ودەستی بە خوێندنی (عبدالله یەزدی) کردووە، لە مەنطیقدا، و لە پایزی ئەو ساڵەدا چووە بۆ گوندی ( کانی سێف ) و دوای حەوت ڕۆژ لە گەڵ ( مامۆستا مەلا مەحمود )دا، چوونەتە گوندی (سیاوناو)، و دوای خوێندنی (گلنبوی آداب)، و ( مقولات عشره ) بە ماوەیەکی کەم، بە هۆی ئەوەی کە جێگای مانەوەی فەقێ و حوجرەی نەبووە، و زستان و بەفروباران دەستی پێکردووە، مامۆستا چووەتە شارۆچکەی (خورماڵ – گوڵ عومەر رضی الله عنە) له هەورامانی عێراق و لە خزمەت مامۆستا ( سەیید عارفی چۆڕی ) لە وەچەکانی زانای گەورە ( مەلا ئەبوبەکری موصەننیفی چۆڕی) لە ساڵی ( ۱۳۶۶ هـ ) دامەزراوە، و لەوێ دەستی کردووە بە خوێندنی ( گلنبوی برهان ) و کە نزیکی تەواوکردن کەوتۆتەوە، گەرمای شارەزوور دەستی پێ کردووە، دەڕواتە گوندی ( نزارە ) لە ناوچەی پێنجوێن، بۆ خزمەت مامۆستا ( شێَخ حسێنی مەریوان ) کە ئەوکات لە (نزارە )دا دەبێت، و لەوێ لە ساڵی ( ۱۳۶۷ هـ) ( گلنبوی برهان )ی تەواو کردووە، ودەستی کردووە بە خوێندنی ( شەرح عەقائیدی نەسەفی )و هەروەها ( فرائض شرح المنهج ) و هەندێ لە (علم الحساب )ی خوێندووە، و پاشان چووەتە گوندی ( پریس )ی ناوچەی هەڵەبجە ، بۆ خزمەتی ( مامۆستا مەلا عەزیزی پریس ) و لەوێ زۆر نەماوەتەوە و گەڕاوەتەوە بۆ خورماڵ بۆ خزمەتی (مامۆستا سەیید عارف ) و بە هۆی بێ خۆراکی و نەبوونیەوە لەو کاتەدا، لەوێش نەیتوانیوە بمێنێتەوە، بۆیە گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەی مەریوان و دیسان ڕۆیشتووەتەوە خزمەت ( حاجی سەیید بابە شێخ ) لە گوندی (ئەڵمانە) لەساڵی ( ۱۳۶۸ هـ ) و دەستی کردووەتەوە بە تەواوکردنی ( شرح عقائد نسفی ) لە باسی (تەکوین) تا کۆتایییەکەی و دەستی کردووە بە خوێندنی ( مختصر ) لە زانستی ( بلاغه) داو دوای تەواوکردنی دەستی کردووە بە خوێندنی کتێبی ( جمع الجوامع ) لە زانستی ( أصول الفقەـ )دا، و دوای ئەوەی کە مانەوەی درێژەی کێشاوە لەگوندی ( ئەڵمانە ) و ساڵەکانی ( ۱۳۶۸ – ۱۳۶۹ – ۱۳۷۰ هـ)ی تێپەڕاندووە، بڕیاریداوە کە یان ڕوو بکاتە گوندی (بالک) بۆ خزمەتی مامۆستا ( مەلا باقر) یان بۆ (بیارە) بۆ خزمەتی مامۆستا ( مەلا عبدالکریمی مدرّس ) و دوای بیرکردنەوە نسیبی دەگاتە ( بیارە) لە کاتێکدا کە هێشتا شێخی (علاء الدین) لە ژیاندا دەبێت، و لە خزمەتی مامۆستا مەلا عبدالکریمی مدرس دا درێژە بە خوێندنی ( جمع الجوامع ) دەدات و دەستیش دەکات بە خوێندنی ( تفسیر البیضاوی )، و هەروەها مامۆستا شێخ جەلال لە فیقهی ئیسلامیدا ( فتح القریب ) و( فتح المعین ) باسی (عیبادات وموعامەلات ) و (منهاج الطالبین ) تا کۆتایی باسی ( تەڵاق )و نزیکەی نیوەی ( شرح المنهج ) و باسی نیکاح وتەڵاق لە (تحفه المحتاج) و تەفسیری بەیضاوی ( ساڵێک لەئەڵمانە و چوار مانگ لە بیارەدا ) خوێندووە.
و دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ، و گۆڕانی بارودۆخ مامۆستا عبدالکریمی مدرس بیارە جێ دەهێڵێت، و دەڕواتە سلێمانی و دواتر کەرکوک و دواتر بەغداد، لەم کاتەدا مامۆستا شیخ جلال و ( دە ) فەقێی تر بە بێ مامۆستا لە بیارەدا دەمێننەوە و شێخی (علاء الدین) فەرمانی پێدەکات کە دەرسیان پێ بڵێتەوە، و لە ماوەی پێنج مانگدا ئەو فەرمانە جێ بەجێ دەکات، و پێشی دەفەرموێت کە پێش دەرسەکە بیر لە (الرابطه المعنویه ) لە گەڵ شێخ دا بکاتەوە و دواتر مۆتاڵای دەرسەکە بکات، و ئینجا بە فەقێکانى بڵێتەوە، و مامۆستا دەفەرموێت: لەم حاڵەتە صۆفیانەیە زۆر سودم وەرگرت وکاریگەریی زۆر بەهێزی لەسەرم هەبوو و دواتر لەسەر بڕیاری شێخى (علاء الدین) و دواى ڕاوێژ بە زیاتر لە سەد زانای پایەبەرزی هەردوو دیوی کوردستانی عێراق و ئێران بڕیار دەدرێت لەسەر دیاری کردنی مامۆستا (شێخ محمد بالیسانی) وەک مودەڕیس لە بیارەدا ، وپاشان بە فەرمانی حاجی بابە شێخ و لە خزمەتی مامۆستا بالیسانی دا بۆ جاری سێهەم سەفەر دەکاتەوە بۆ گوندی ( ئەڵمانە ) و ئەمجارەش لەوێ دەمێنێتەوە، و دەست دەکاتەوە بە خوێندن لە خزمەتیدا و دوای تەواوکردنی بەرگی دووەمی (جمع الجوامع) و خوێندنی (تشریح الافلاک) و تەواوکردنی کتێبی ( تهذیب الکلام ) و دوای بەسەر بردنی پێنج ساڵ خوێندن لە خزمەتیدا، ئیجازەی مەلایەتی لە خزمەتی حاجی سەیید بابە شێخ دا لەڕۆژی ( ۵شەممە ۲۲ ذی القعده ۱۳۷۱ هـ ) وەردەگرێت، هەروەک لەهەمان کاتیشدا ئیجازەی لە خزمەتی (شێخى علاء الدین) و (شێخ محمد عثمان سراج الدین النقشبندی) کوڕیدا وەرگرتووە، و مامۆستا شێخ جەلال تێکڕا دوانزە ساڵ لە خزمەت زانایانی بەرزی هەورامان و کوردستاندا بووە، و دواتر زیاتر لە ( ۵۴ ) ساڵ لە خزمەتی ئایین و زانستدا بووە، و زیاتری کاتی لە گوندی (نژمار)ی ناوچەی مەریوان بەسەر بردووە، و لە تێکڕای تەمەنی خزمەتی دا (لەو پەنجاوچوار ساڵە، تەنها دوو ساڵی بێ فەقێ بووە) و بەردەوام حوجرەکەی جمەی هاتووە، لە تامەزرۆیانی زانستە شەرعییەکان، ولەو ماوەیەشدا سەرجەم کتێبەکانی حوجرەی وتۆتەوە، جگە لە (تهذیب الکلام) کە ئەویش قەدەرەن فەقێ ڕێک نەکەوتووە، ئەو کتێبە بخوێنێ! و دەبێت بۆ مێژوویش بنووسرێت کە خەڵکی ئاوایی (نژمار) ڕێزێکی بێ سنووریان لە مامۆستا و فەقێکانی بە بەردەوامی گرتووە، و دوای گەیشتنی تەمەنی بە نزیکەی ( ۹۰) ساڵ ، و زۆر بێ توانا بوونی ، ناچار گوندی ( نژمار ) بەجێ دەهێڵێت و دەچێتە شارۆچکەی ( کانی دینار ) هەر لەناوچەی ( مەریوان ) و تا له به روارى (۱۷/۱۱/۲۰۱۶) دا، کۆچی دوایى کرد.
إِنَّا لِلّهِ ۆإِنَّـا إِڵیْهِ رَاجِعونَ
ــ ئەو مامۆستا پایەبەرزانەی کە مامۆستا شێخ جەلال لە ماوەی تەمەنیدا، لە خزمەتیاندا خوێندوویەتی، یان لە خزمەتیدا خوێندوویانە، یان بەیەکگەیشتوون ومولاقات لە نێوانیاندا هەبووە:
- مامۆستا مەلاعبدالکریمی مدرس، لەخزمەتیا خوێندوویەتی .
- حاجی سەیید بابە شێخی ئەڵمانە – کاژاوی، ئیجازەی داوە .
- مامۆستا مەلا باقری بالک .
- مەلا مەحموودی دەرەتفێ .
- سەیید شەریفی کانی سانان .
- مامۆستا مەلا عارفی ولەژێر .
- مەلا مەحموودی سیاوناو .
- مەلا سەعیدی سەدَاوا .
- مەلا حەمەمینی ئەسپەرێز .
- مەلا عارفی بانەی پێنجوێن .
- مەلا ئیسماعیلی پێنجوێن .
- شێخ حسێنی گڵە – نزارە .
- مەلا حەمەمینی پێنجوێن .
- ملا محەممەدی شێخەڵمارێن .
- مامۆستا مەلا عەزیزی پریس .
- مەلا صاڵحی هەڵەبجە .
- مەلا بەهای بیارە .
- مەلا صاحێبی تەوێڵە .
- مەلا محەممەدی مەلا بەهاو .
- شێخ عومەری بالیسان .
- شێخ محەممەدی بالیسان .
- مەلا مەحموودی بێخود – شاعیر .
- مەلا حەسەنی عەبابەیلێ .
- مامۆستا سەیید عەلی کاژاوی .
- مەلا مەجیدی سەڵواوا .
- مەلا قادری دەگاگا .
- مەلا ئەسعەدی بۆڕیەری .
- مەلا حەمەمینی پایگەلان .
- مەلا ئەحمەدی ژان .
- مەلا حەمەمینی کەنعان – د