بابه ته كان
مرۆڤ بۆچی خۆی ده‌کوژێت؟
مرۆڤ خۆی ده‌کوژێت؟
به‌رزان ئه‌بوبه‌کر ڕه‌شید
دیارده‌ی خۆکوشتن دیارده‌یه‌کی باو‌و قێزه‌ونی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تییه، ئه‌گه‌ر جاران ته‌نها له نێو ده‌وڵه‌ته هه‌ژاره‌کانی جیهانی سێهه‌مدا باو‌و بڵاو بووبێت، ئه‌وا ئه‌مڕۆ دیارده‌یه‌کی باوی نێو کۆمه‌ڵگه‌و ده‌وڵه‌ته پێشکه‌وتووه‌کانی جیهانه، بۆ نموونه یابان که ته‌واوی مرۆڤایه‌تی ئیره‌یی به پێشکهوتنو ته‌کنه‌لۆژیاو ناوبانگ‌و بیری به‌هێزو کارامه‌ییان ده‌بات، ته‌نها له ساڵی ۲۰۰۹دا (۳۰۱۸۱) که‌س خۆیان کوشتووه که زۆربه‌یان له ره‌گه‌زی نێرینه بوون!
وڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا که سه‌رکردایه‌تی ته‌واوی جیهان ده‌که‌ن، له‌م دیارده‌یه نه‌ک خاڵی نییه به‌ڵکو رێژه‌ی خۆکووشتن له‌و وڵاته‌ش رێژه‌یه‌کی نا ئاساییه ته‌نها له ساڵی ۲۰۰۹دا (۲۹۰۰۰) حاڵه‌تی خۆکووشتن تۆمار کراوه، به‌پێی ئامارێک که له رۆژنامه‌ی (ی‌و إس تودی) ئه‌مریکی رۆژانه (80) حاڵه‌تی خۆکوشتن رووده‌دات!
گۆڤاری (ژی لانست)ی به‌ریتانی که له 18ی نیسانی ۲۰۰۹ ده‌رچووه ئاماژه به‌وه ده‌کات که ساڵانه له جیهاندا یه‌ک ملیۆن که‌س خۆیان ده‌کوژن، به‌م پێیه‌ش هه‌موو (۴۰) چرکه‌یه‌ک له جیهاندا که‌سێک خۆی ده‌کوژێت!
ئه‌م دیارده‌یه بۆته نه‌ریتێکی نێگه‌تیڤی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تی، بۆیه پێویسته چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌و دیارده‌یه بدۆزرێته‌وه.
ره‌نگه هۆکاری خۆکوشتن به شێوه‌یه‌کی گشتی بریتی بێت له نهبوونیو نهداریو گرفته داراییه‌کانو خهمۆکیو کێشه کۆمهڵایهتیو خێزانییهکانو نه‌گه‌یشتن به ئاوات‌و هیواکانو رهشبینیو بێ هیوایی… هتد، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێستا له نێو خۆکوژاندا که‌سانێک هه‌ن زۆربه‌یان خاوه‌ن بڕوانامه‌و سه‌روه‌تێکی بێ شومارنو هیچ کام له‌و گرفتانه‌یان نییه!
به هه‌رحاڵ ئه‌وه‌ی لێره‌دا مه‌به‌ستمانه باسی لێوه بکه‌ین ئه‌وه نییه که بزانین رۆژانه‌و ساڵانه چه‌ند که‌س خۆیان ده‌کوژن، به‌ڵکو ده‌مانه‌وێت له‌وه بدوێین که بۆچی مرۆڤ په‌نا بۆ خۆکوشتن ده‌بات؟
۱- دروست بوونی فه‌راغی رۆحی: چۆن مرۆڤ به‌رده‌وام پێویستی به خۆراک‌و هه‌ناسه‌دان هه‌یه، هه‌رواش لایه‌نی رۆحی مرۆڤ پێویستی به خۆراک هه‌یه، پێشه‌وا ئیبن قه‌ییم له‌و باره‌یه‌وه ده‌ڵێت: (جه‌سته چه‌ند پێویستی به هه‌ناسه‌دانه، رۆح زیاتر پێویستی به خۆراکه)! به‌ڵام خۆراکی رۆح جیاوازه له خۆراکی جه‌سته، خۆراکی رۆح له‌سه‌ر سفره‌و خوانه‌کان ده‌ست ناکه‌وێت، له نێو بازاڕه‌کان نافرۆشرێت، به پاره‌و سهروهتو سامان به ده‌ست نایه‌ت، بۆیه مرۆڤ کاتێک خواردن به رۆحی نادات فه‌راغێکی بۆ دروست ده‌بێت که نازانێت چۆن پڕی بکاته‌وه، ئه‌مه‌ش یه‌کێکه له هۆکاره سه‌ره‌کییه‌کان که مرۆڤ له ئه‌نجامی ئه‌و فه‌راغه رۆحییهدا که نازانێت چۆن پڕی کاته‌وه بۆیه وا ده‌زانێت خۆکوشتن چاره‌سه‌ره‌و له ئاکامدا په‌نا بۆ خۆکوشتن ده‌بات!
که‌واته بۆئه‌وه‌ی ئه‌و فه‌راغه پڕ بکه‌یته‌وه، بۆئه‌وه‌ی دڵت هه‌میشه ئاسوده‌و ئارام بێت، رۆژانه خواردن به رۆحت بده،
باشترین خۆراک بۆ رۆح بریتییه له په‌رستنی په‌روه‌ردگاری باڵاده‌ست.
۲- ده‌سته‌وسان له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌رکردنی کێشه‌کانی رۆژگار: مرۆڤ گه‌لێک که په‌نا بۆ خۆکوشتن ده‌به‌ن، که‌سانێکن که شکستخواردوون له به‌رده‌م کۆسپ‌و ناڕه‌حه‌تییه‌کانی ژیان، له ئه‌نجامی که‌م توانایی‌و بڕوا به‌خۆ نهبوونو نه دۆزینه‌وه‌ی رێگه چاره‌یه‌ک بۆ کێشه‌کانی ژیانیان په‌نا بۆ خۆکوشتن ده‌به‌ن، مرۆڤی ئازا‌و ژیر له به‌رامبه‌ر ناڕه‌حه‌تییه‌کانی رۆژگار نه‌ک هه‌ر چۆک دانادات، به‌ڵکو به‌رده‌وام له هه‌وڵی چاره‌سه‌رکردنیاندایه، مرۆڤی ژیر دڵنیایه رۆژگاره ناخۆشییه‌کانی ژیان به‌رده‌وام نین، کورد وته‌نی ته‌نگانه به‌ری کورته!
۳- خۆکوژان وا ده‌زانن مردن خاڵی کۆتاییه: ئه‌و که‌سانه‌ی خۆیان ده‌کوژن پێیان وایه ژیانی دنیا کۆتا ژیانه‌و به ده‌رچوونیان له دنیا هه‌موو شتێک کۆتایی دێت، ئه‌مه‌ش بۆچونێکی زۆر هه‌ڵه‌یه‌و له راستییه‌وه دووره، ژیانی دنیا بریتییه له چه‌ند رۆژێکی که‌م ئه‌مڕۆ یا سبه‌ی کۆتایی پێ دێت، که‌واته نایه‌وێت به‌ر له هاتنی کۆتایی ئه‌و چه‌ند رۆژه که‌مه به ده‌ستی خۆت کۆتایی پێ بێنیت، مرۆڤ له‌م ژینه‌دا له به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌دایه، ده‌توانیت به رۆژگاره که‌مه‌کانی ژینت، ژیانێکی هه‌میشه‌یی پڕ له خۆشی‌و شادی به ده‌ست بهێنیت، ئێستا با پێکه‌وه بیرێک له گه‌ردون بکه‌ینه‌وه تا به‌هۆیه‌وه زیاتر بۆمان روون ببێته‌وه که ژین‌و مردنمان بێ هۆ نییه‌و مردنیش کۆتایی رێگه نییه:
* ئایا هیچ کات بیرت له هه‌ڵهاتنی رۆژو تاریکایی شه‌و نه‌کردۆته‌وه؟
پرسیارت له خۆت نه‌کردووه بۆچی له‌سه‌ر زه‌وی شه‌و رۆژ دروست بووه؟ ره‌نگه وه‌ڵامه‌که‌ی زۆر سانا بێت!
* ئایا هیچ کات له هه‌ڵوه‌رینی گه‌ڵای درهختهکانو دووباره نوێبوونه‌وه‌یان ورد بوویته‌وه؟!
* ئایا بیرت له دره‌خته هه‌میشه سه‌وزه‌کان کردۆته‌وه؟
* ئایا له رۆژگاره‌کانی به‌هاردا سه‌رنجی زه‌ویت داوه چۆن دوای مردن‌و وشکبوونی سه‌ر له نوێ زیندوو ده‌بێته‌وه؟
* ساتێک ته‌نها دانیشتووی له شه‌وگارێکی ساماڵدا تا بیر له ئهستێرهکانو ورده‌کارییه‌کانیان بکه‌یته‌وه؟
* هیچ کات گه‌شتت کردووه بۆ رۆخی ده‌ریاو بیرت له ده‌ریاو ژیانی زینده‌وه‌رانی نێو ئاو کردبێته‌وه؟
* قه‌د بووه کاتێک به لای چیایه‌کدا تێ پهڕیتو پرسیار له خۆت بکه‌یت سه‌باره‌ت به جوانی‌و به‌هێزی سروشته‌که‌ی؟
ئه‌مانه‌و چه‌ندین پرسیاری دیکه، ئه‌وه‌ت بۆ روون ناکاته‌وه که مردن کۆتایی رێگه نییه!
که‌واته با پێکه‌وه بڕیار بده‌ین که وه‌کو مرۆڤێکی به‌هێزو لێهاتوو ژیر، شکست نه‌خۆین له به‌رامبه‌ر ناڕهحهتیو کێشه‌کانی ژیان، له بری شکست با هه‌وڵی چاره‌سه‌رو په‌ند وه‌رگرتن بده‌ین! با ئێمه‌ش وه‌کو مرۆڤه سه‌رکه‌وتووه‌کان خشتێک له دیواری ئه‌م ژینه‌دا دابنێین‌و سوودێک به کۆمه‌ڵگه‌و مرۆڤایه‌تی بگهنین، به هیوای ژیانێکی خۆش‌و بۆ ئاسووده بۆ هه‌مووان!
له گۆڤاری بڕیار بڵاو کراوه‌ته‌وه