به شی کوردیبیروڕامطالب جدید

پرسی هەڵاوێردنی کاری بانگەواز لە کاری سیاسی

پرسی هەڵاوێردنی کاری بانگەواز لە کاری سیاسی

 

نوسەر: مه‌ولود باوه‌موراد

ئەم پرۆسەیە بەمانە ناکرێت:

سەردەمێکە مشتومڕی گەرم و سارد و گفتوگۆی ڕاموایە و ڕاموانیە لەسەر جیاکردنەوە و لێکهەوێردنی کار و چالاکی بانگەواز لەکار و چالاکی سیاسی ناوەندە سیاسی و حزبیەکەی حزب و کۆمەڵە ئیسلامیەکانی گرتووەتەوە، کە تائەمساتەش بووەتە مایەی سەرقاڵیەکی بێئەنجام و نیگەرانیەکی ناپێویست، و هەنێجاریش بووەتە شەماعەتی پیاهەڵواسینی شکست و ئەگەری بەدیهێنانی حەزەکان.

*جیاکردنەوەی کاری بانگەواز لەکاری سیاسەت، بەخەت و هێڵی پان و درێژی پەیکەری ڕێکخستنی حزب و جێگۆڕکێی شوێن و ڕێکخستنەوەی پەیوەندی هەریەکەیان لەناو ئۆرگانەکانی حزب بە ئۆرگانەکانی حزبەوە ناکرێت.

*جیاکردنەوەی کاری بانگەواز و کاری سیاسی، بەچەلەحانێی حەز و هەندێجار تۆمەت و تموح و ئارەزووی هەندێک کە وادەزانن لەبواێکیاندا کارەکتەری لێوەشاوە و کاراترن، دەبێ‌ پێگەکانیان لەکۆی حزب و جەماعەتدا بپارێزن ناکرێت.

*جیاکردنەوەی کاری بانگەواز و کاری سیاسی، بە تەنها دڵسۆزی و دڵگەرمی و خەمی حزب و جەماعەتەکە بۆ پێشخستن و گەشەکردنی یان وەک هەوڵێک بۆ قوتاربوونی لەقەیرانی بچوکبوونەوە و کزبوونی ڕۆڵی سیاسی حزب و کۆمەڵە سیاسیە ئیسلامیەکان ناکرێت.
*جیاکردنەوەی کاری بانگەواز لەکاری سیاسی، بەچاولێکردن و لاساییکردنەوەی حزب و کۆمەڵە سیاسیەکانی هەناوی تەوژمی ئیسلامیی وڵاتانیتر، کە هەلومەرجی زاتی و بابەتی ژینگە سیاسیەکە و ئیرادەی قیادی تایبەت بەخۆیان هەیە ناکرێت.

*جیاکردنەوەی کاری بانگەواز و کاری سیاسی، بە ئیدانەکردن و سەرکۆنەکردن و کەمبایەخکردنی کەلتور و مێژووی ڕابردووی حزب و جەماعەت و کۆمەڵە ئیسلامیە سیاسیەکان ناو حەرەکەی ئیسلامیی ناکرێت.

*جیاکردنەوەی کاری بانگەواز و کاری سیاسی، بەو خیاڵە فەتازیایەی وابزانێت بەجیاکردنەوەی ئەم دووکایە، ئیتر سواری ئەسپی تەروادە دەبێت، و دنیا بەنوری بانگەواز و سیاسەت بە شەوقی عەدالەت دەکاتە شامی شەریف ناکرێت.

*جیاکردنەوەی کاری بانگەواز و سیاسەت، هەرگیز بەوانەی کە بانگەواز بەکۆمەڵێ‌ وەعز و نەسیحەتی دور لە زانستی بانگەواز و حیکمەت و جیدال بیلحوسنا و ئەوانەی سیاسەت بەڕۆژانەی سیاسەت و سیاسەتی ڕۆژدەبینن، ناکرێت.

*جیاکردنەوەی کاری بانگەواز لەکاری سیاسی، بە ویست و تەمای قوتاربوون لەقەیرانە ناوخۆیەکان، بەمەبەستی خۆخستنە بەر دیدی جەماوەر و ژینگە سیاسیەکە بە کڵێشەیەکی نوێ‌ و بەرگێکی جیاوازەوە ناکرێت.

*جیاکردنەوەی کاری بانگەواز لە کاری سیاسی، بە وعەقڵیەت و تێگەشتنانەی کە پێیان وایە پرۆسەی جیاکردنەوە وەک دابەشکردنی تیمی یاری وایە هەرکەسە بڕواتە لایەکی گەمەکە ناکرێت.
………………………

خەمی جیاکردنەوە و فیکری جیاکردنەوە
(۲- ۴)

تەنها فاکتەری سەرەکی سەرگرتنی ئەم پرۆسەیە بەرلەهەرشتێ‌ هەبوونی بیر و دید و هۆشیاریەکی قوڵا و فراوانە بەرامبەر بەحەقیقەت و جەوهەری هەردووکایەکە، واتە سەرچاوەی جیاکردنەوە، دەبێت فیکری جیاکردنەوە بێت، لەسەر کۆمەڵێ‌ ڕێساو پاساوی ئامانجدار ڕاگیرابێت، وەڵامی دەیان بۆچی و لەبەرچی بداتەوە، ئەم هەنگاوە ناونانرێت نوێبوونەوە، وداڕشتنەوەی فیکریی، بەڵکو گۆڕینی فیکرە لەسەر شێوازی کارکردنی نوێ‌ و میکانیزمی نوێ‌ و پێویستیەکانی پسپۆڕی و تواناو دیدی کارکردن لەهەربواێکیاندا.

ئەم پرۆسەیە وەک هەندێک وایبۆدەچن یان دەیانەوێت وای ناوزەدبکەن!! گۆڕینی سەوابت و نەگۆڕەکان نیە، بەقەدەر ئەوەندەی مومارەسەکردنی هەربەشێکە لەشوێن و جێگەی خۆیاندا.

ئەگەر هەر حزب و کۆمەڵەیەکی ئیسلامیی کە سیاسەت بەخەم و پێویستی یەکەمی خۆیدەزانێت لەسەر بیرۆکەی-شمولیەتی- گشتگیربوونی ئیسلام بۆ تەواوی کایەکانی ژیان، لەگەڵا ئەوەشدا کاری سیاسی خۆی لەسەر تیۆری و فیکر و ئەندێشەیەکی سیاسی چواچێوەداری دەسنیشانکراوی ڕون و ڕۆشن دانەڕشتبَی دەربارەی دەوڵەت و سیستمی سیاسی و ڕێکخستن و ئیدارەی کاروباری گشتی کۆمەڵگە و دەسەڵات و حوکمڕانی؟ کەواتە فەلسەفەی سیاسیبوون و سیاسەتکردنیان سەرلەبەری وەڵامدانەوەی پێویستیەکانی سیاسەتی ڕۆژ و ڕۆژانەی سیاسەتی ناو ژینگە سیاسیەکەیە، کە ڕوداو و گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسیە هەمیشە گۆڕاوەکان دەخولقێنن و پێدراوەکانی دروستدەکەن.

خۆ دڵنیاین لەوەی کە شەرعیەت و ڕاستی کاری بانگەواز بەدەقی تەفسیلی ڕون و ئاشکرای قورئان و سوننەت دانپیانراوە، نەک هەرئەوە، بەڵکو میکانیزم و ڕێساکان و نموونەکانیشی بۆ دەسنیشانکراوە.

کاتێک حزب و کۆمەڵە و ڕێکخستنی سیاسی ئیسلامیی، هەردوو کایەکەی لەخۆیدا کۆکردوەتەوە، خۆی تووشی دوفاقەیی کارکردن دەکات، لەلایەک بۆحزبی بوونی، بەرنامەیەکی سیاسی لەپەیڕەوی ناوخۆدا داناوە، کۆمەڵێک خاڵا و بەشی پرەنسیپ و چەمک و دیدی سیاسی گواستراوە ئەملا و ئەولای تێدا جێگیرکراوە، وەک پێویستی حزب بوون و مەرجەکانی مۆڵەت وەرگرتن، بەرنامەی سیاسی بەزۆریی تەنها ڕۆڵی لە مۆڵەت وەرگرتندا هەیە، و لەکاتی موناقەشەکانی لیژنەی گۆنگرە و هۆڵی کۆنگرە و نووسینەوەی بەرنامەی هەڵبژاردندا، چاوپیاخشاندنی لەلایەن ژمارەیەکی دیاریکراوەوە پێدەبڕێت؟ و کەمترین ڕۆڵ لە داڕشتنی فیکری سیاسی و قوڵکردنەوە و دروستکردنی ڕوئیا و وێناکردنی سیاسیدا ناگێرێت، ناسنامەی سیاسی بۆ حزب دروستناکات، نابێتە بابەتێک خەباتی سیاسی لەپێناوهێنانەدیدا بکرێت، نابێتە مادە و بابەتی کردەیی پرۆژەی ئیسلاحگەرانە.

لەبەرامبەر ئەمەدا حزب و کۆمەڵەی سیاسی ئیسلامیی، لەناوخۆدا بەرنامەی پەروەدەیی جەماعەی هەیە، بۆ پێگەیاندی تاکی موسڵمان و پابەند بە ئیسلام، لەناو ڕێکخستن و لایەنگرانیدا پیادەیدەکات وەک ڕاپەڕاندنی ئەرکی جەماعەیەکی ئیسلامیی.

کاری بانگەوازیش بەحوکمی ڕەسەنایەتی شەرعی – قورئان و فەرمودە – وە بەحوکمی زاڵبوونی کەلتوری بانگەواز لەناو حزب و کۆمەڵە ئیسلامیەکاندا، لەلای سێهەمەوە بەهۆی ئاسانی و حازردەستی و لە بەردەستبوونی کەرەسە و ئامرازەکانی بانگەواز، لەگوتاری وەعز و سەرگوزەشتەی کاری ساڵحانی مێژووی ئیسلام و سەرمەشقبوونیان بۆ کار و ڕەفتاری ژیان لە دنیانەویستی و ئەخلاقی تاک و تەزکیەی نەفس و دەست و دەمپاکی مێژوویی ژیانی ئەوان، هەڕەشەکردن و سەرکۆنەکردنی دیاردە ناشەرعیەکانی ژیانی کۆمەڵگە و مونکەرات، و هەندێجار خۆخزاندنە ناو تیژکردنەوەی شەڕی مەزهەبی و تایفی، لەکۆی گشتیدا لەوە دەگەین کە ئەم بانگەوازەی دەویسترێت لە سیاسەت جیابکرێتەوە، لەسەر زانستی بانگەواز و ڕێسا و بنەماکانی بانگەواز و پسپۆریەت دانەمەزراوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا