له کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ـه‌وه تا ماڵاوایی
له کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ـه‌وه تا ماڵاوایی له سازمانی خه‌بات _ ۲
[دیمانه له‌گه‌ڵ شێخ جه‌لاله‌دینی حوسێنی، که‌سایه‌تیی سیاسیی/ ئایینی کوردستانی ئێران]
خالید محه‌ممه‌دزاده ۲۰۰۷.۰۲.۰۲
" کوڕه ئه‌وه‌نده‌ی پێ نه‌چوو حیزبی دێموکراتیان سواری وڵات کرد و کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک.یان گسک دا. حیزبی دێموکرت له باکۆ ته‌شکیل بوو. له باک‌و دیکته‌یان کرد. گه‌وره‌یان کرد و هێنایان له‌وێ دایانبه‌زاند. قازی محه‌ممه‌د بۆخۆی بێزار بووه له حیزبی دێموکرات."
مامۆستا ساڵی چه‌ند بووی به ئه‌ندامی کومه‌ڵه‌ی ژ.. ک.؟
– من له ساڵی ۱۳۲۴دا له ناوچه‌ی بۆکان بوومه ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. و سوێندخۆری کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. بووم. زۆر به ئیمان خه‌ریک بووین و خیانه‌تمان به هیچ جۆرێک نه‌کرد. کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. فیش وه‌ک حیزبی دێموکرات نه‌بوو که له دوایه په‌یدا ببێ. له‌نێو خودی میلله‌تدا سه‌رچاوه‌ی گرت.
ئه‌ی چون ئاشنا بوون به کۆمه‌ڵه؟
– من له سه‌را ده‌مخوێند. زستانی ۱۳۲۳ بوو. به‌هار که چوومه موکریان مامۆستا شێخ عێزه‌دین له موکریان بوو، له حه‌مامیانی بۆکان بوو. دیاره مه‌سه‌له‌ی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. مه‌تره‌ح بوو. ئه‌منیش جه‌وان بووم و ۱۸ ساڵ ته‌مه‌نم بوو. ته‌شکیلاته‌که هه‌بوو. ته‌بلیغاتیان بۆ کردم و منیش قبووڵم کرد. مامۆستا شێخ عێزه‌دین پێشتر ببوو به ئه‌ندام.
مه‌رجی به ئه‌ندامبوون له کۆمه‌له چ بوو؟
– مه‌رج و شت نه‌بوو. ته‌نیا حه‌وت سوێندیان ده‌دای و کورد بوایهتی و به‌س.
کارت چ بوو له کۆمه‌ڵه؟
– کار نه‌بوو. کورد بوایهتی ته‌واو بوو و ئاماده به.
واته تو هیچ مهسئوولیهتێکت نه‌بووه؟
– نه‌وه‌ڵڵا برا گیان. ته‌نیا وه‌ک سه‌ربازێک بووم.
ئه‌ی چون له به‌رنامه‌کانی کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ئاگادار ده‌بووی؟
– کوره ئه‌وه‌نده‌ی پێ نه‌چوو حیزبی دێموکراتیان سواری وڵات کرد و کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک.یان گسکدا. حیزبی دێموکرت له باکۆ ته‌شکیل بوو. له باکۆ دیکته‌یان کرد. گه‌وره‌یان کرد و هێنایان له‌وێ دایانبه‌زاند.
تۆ ئه‌و کات ناڕازی بووی که کۆمه‌ڵه بوو به حیزبی دێموکرات؟
– کوره هی وا هه‌بوو هه‌ر به خۆی نه‌زانیبوو که ئه‌و کۆماره له‌سه‌ر حیزبی دێموکرات دامه‌زراوه.
کۆمه‌ڵه چۆن کرا به حیزبی دێموکرات؟
– رووس ناوچه‌ی ئازه‌ربایجانی داگیرکردبوو به کوردستانه‌که‌شیه‌وه، که عیباره‌ته له ناوچه‌ی موکریان تا شیمال، که ئه‌گه‌ر حکومه‌تی کوردستان سه‌ریبگرتایه، کوردستان دیسان دابه‌ش ده‌کرایه‌وه. جنووبی له‌گه‌ل نه‌بوو، سه‌قزی له‌گه‌ل نه‌بوو، بانه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بوو، سنه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌بوو.
بۆخۆت قازی محه‌ممه‌دت دیبوو؟
– به قسه نا به‌ڵام زۆرم دیبوو. ماشێنێکی فۆردی ئاڵمانی هه‌بوو. پیاوێکی زۆر به‌ڕێز بوو. پاتۆلهکهی کورت بوو. گۆره‌وی هه‌ڵده‌کێشا. ده‌یانگوت وه‌رزش ده‌کا. هه‌ر به منداڵی به‌ڕێز بوون. ده‌هات سڵاوی ده‌کرد. پیاوێکی زۆر ئه‌هلی عیبادهت نه‌بوو، به‌ڵام زۆر موسڵمان بوو، خۆشه‌ویستی مه‌لاکان بوو، خوشه‌ویستی خه‌ڵک بوو. ئه‌هلی موتالا بوو.
ئه‌ی چون کرا به سه‌رۆکی حیزبی دێموکرات؟
– له‌به‌ر ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی، چونکه ئه‌و موقته‌در بوو. تایفه‌یه‌کی هه‌ڵسووڕاو بوون و له باری ماڵییه‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند بوون، ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو له وڵات‌دا. شتێک که له هه‌مووی زیاتر بوو به هۆی زه‌قبوونه‌وه‌ی قازی محه‌ممه‌د و ئه‌وه‌ی که بیکه‌ن به سه‌رۆک نه‌ک ته‌نیا مه‌سه‌له عیلمییه‌که‌ی و نفووزه دینییه‌که‌ی بێ، بنه‌ماڵه‌یه‌کی دینی بوون. له سیاسه‌تی ناوچه‌که‌شدا هه‌میشه ناسراو بوون. شتێکی دیکه که بوو به هۆی زه‌قبوونه‌وه‌ی ته‌واوی قازی محه‌ممه‌د ئه‌وه بوو که کاتیک که ڕه‌زا شا ڕووخا، حه‌مه‌ڕه‌شید خان هات له بانه و سه‌قز ده‌سه‌ڵاتداره‌تی کرد. مهنگۆرهکانیش ویستیان لاسایی حه‌مه‌ڕه‌شید خان بکه‌نه‌وه و ویستیان بچنه مه‌هاباد. قازی محه‌ممه‌د ڕێبه‌ری خه‌ڵکی مه‌هابادی کرد له به‌رانبه‌ر مه‌نگوڕه‌کان و شاره‌که‌ی پاراست و ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ی تر قازیی زه‌ق کرده‌وه. له کوردستانی ئازه‌ربایجانیش مه‌هاباد مه‌رکه‌ز بوو.
مامۆستا تۆ ڕۆژی ڕاگه‌یاندنی کۆمار له کوێ بووی؟
– من له بۆکان بووم، له حه‌مامیان. من سوخته بووم، ده‌مخوێند. مامۆستا شێخ عیزه‌دین و ئه‌وانی تر چوون بۆ مه‌راسیمی دامه‌زرانی کۆمار له بۆکان و هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له‌سه‌ر حه‌وزی بۆکان. هه‌ژاریش شیعره‌که‌ی خوێنده‌وه.
ئێوه دوای کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. به ڕه‌سمی بوون به ئه‌ندامی حیزبی دێموکرات؟
– نا.
بۆ؟
– ئێمه هه‌میشه کوردایه‌تیمان له‌گه‌ڵ دینمان ویستووه. نه‌قسێک له دینی خۆمان نابینین. دینه‌که‌شمان هانمان ده‌دا که دیفاع واجیبه له هه‌ژاران. کوردایهتیشمان ناکۆکییه‌کی له‌گه‌ڵ دینمان نییه. کوردایه‌تیمان بۆ ڕه‌فعی سته‌مه. دینه‌که‌شمان ئه‌وه‌مان پێ ده‌ڵێ. دینه‌که‌مان کوردایه‌تیمان پێ ده‌ڵێ. چونکه موسڵمانه‌کانی دیکه‌ی دراوسێمان به‌پێی ئیسلام ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵمان نه‌کردووه. ئه‌گه‌ر به‌پێی ئیسلام ڕه‌فتاریان بکردایه زۆڵمیان له برا دینییه‌که‌ی خۆیان نه‌ده‌کرد. جا برایه‌تیمان برایه‌تی و ماڵمان جیایه‌تی!
دوای ئه‌وه چیتان کرد که نه‌چوونه‌وه نێو حیزبه‌وه؟
– دوای ئه‌وه شیعرم داده‌نا که ڕۆژنامه‌ی کوردستانی کۆماری شیعرێکی منیشی تێدایه. دیاره ڕۆژێک له شوێنێک هێندێ قسه‌ی خراپم بیست. هاتمه‌وه بۆ ماڵه‌وه به مامۆستا شیخ عیزهدینم گوت ئه‌مانه باری ئیعتقادییان خراپه. ئه‌مه‌ش بوو به هۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی زۆر که‌س.
دێموکراته‌کان باری ئیعتیقادییان خراپ بوو؟
– ئه‌ی چۆن! زۆریان تووده‌یی بوون. یه‌کێک له هه‌موان که زۆر ئامۆژگاریی منی کرد حاجی ڕه‌حمان ئاغای باوکی کاک سه‌لاحی موهته‌دی بوو که زۆری ته‌شویق کردم بۆ‌نێو کۆمه‌ڵه‌ی ژ. ک. ئه‌و خۆی هه‌ر ساڵی ۱۳۲۵ گه‌ڕایه‌وه و موخالیفه‌تی کرد و تێکڕا یاغی بوون له کۆمار. ئه‌وانه‌ی که پێشتر پشتیوانیی کۆمه‌ڵه بوون دواتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ماهیه‌تی کۆمار و حیزبی دێموکراتیان له باری ئیعتقادییهوه ناسی، دواتر گه‌ڕانه‌وه.
باشه ئه‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێوه و وهسڵنهبوونی که‌سایه‌تییه ئایینییه‌کان به حیزبی دێموکرات و کۆمار نه‌بوو به هۆی زه‌ربه‌لێدان له کۆمار؟
– ئه‌م زه‌ربه هه‌ر له‌و ناحیه‌یه‌وه نه‌بوو. ئه‌سڵه‌ن ئه‌رکانی حکومه‌ته‌که زۆریان ناته‌واو بوون. زۆریان له‌ژێره‌وه پێوه‌ندیان به حکومه‌تی شاوه هه‌بوو. جگه له‌وه‌ش ڕووسه‌کان بۆخۆیان شت بوون. تازه ڕووسیش به‌پێی ته‌وافوقێک که پێشتر له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی ئێران کرابوو ده‌بوا بچێته ده‌رێ. له زۆر لاوه که‌مکاری و دژایه‌تی هه‌بوو کاکه گیان.
تۆ دوای کۆماری کوردستان گه‌ڕایته‌وه بانه؟
نا، هه‌ر له موکریان مامه‌وه و فه‌قێ بووم و ده‌مخوێند.
کاری سیاسیت نه‌کرد؟
– جا کاری سیاسی که‌س نه‌یده‌کرد تا ئێمه بیکه‌ین. نائۆمێدییهک به‌سه‌ر وڵات‌دا هات. دیاره هه‌مووشمان پێمان ناخۆش بوو. ڕۆژێک قازی محه‌ممه‌د له که‌لی سه‌را به‌پیر ئه‌رته‌شی شا و سه‌رله‌شکه‌ر هومایونی چوو له‌گه‌ڵ حاجی بابا شێخی سه‌رۆک وه‌زیران. دواتر هاتن بۆ حه‌مامیان فه‌قێکان چووبوون بۆ ماڵی ئاغا بۆ چێشت و نان. ئه‌وان هاتن چوون بۆ ماڵی محموود ئاغا که باپیری عومه‌ری ئیلخانیزادهیه. چاو لێ که، دڵمان به چی خۆش بوو: پرسیم قازی پێش که‌وتبوو یان سه‌رله‌شکه‌ر هومایونی؟ وتیان وه‌ڵا قازی پێش که‌وتبوو. نه‌مده‌زانی ئه‌وه‌ی که ده‌گیردرێ و ئه‌سیر ده‌بێ، ده‌بێ پێش بکه‌وێ!
ئه‌ی مامۆستا شێخ عیزه‌دین له‌و کاته‌دا له کوێ بوو؟ ئێوه چیتان کرد؟
– ئێمه هه‌میشه پشتیوانیی کوردایه‌تیمان کردووه. ئێمه ڕه‌سمه‌ن نه چه‌پ بووین و نه له حیزبی دێموکرات دا بووین و نه له کۆمه‌ڵه‌شدا بووین و نه له توودهشدا بووین. ئێمه هه‌میشه پشتیوانیی موخالیفانی شامان کردووه. من له بانه بووم، حوجره‌که‌م هه‌میشه وه‌ک بنکه‌ی سیاسی وابوو.
ئه‌ی له ڕاپه‌ڕینه جووتیارییه‌که‌ی ناوچه‌ی موکریان ئێوه له کوێ بوون و هه‌ڵوێستتان چون بوو؟
– مامۆستا شێخ عیزه‌دین موره‌ته‌ب له مه‌نته‌قه‌دا بوو. ئه‌و له گوڵێ بوو. ئه‌و هاوکاری جووتیاره‌کانی ده‌کرد. دوایی که موسه‌دیق ڕووخا و شا هاته‌وه و فیۆدال که‌وتنه‌خۆ دژ به جووتیاران، هێندێک مه‌لا که هاوکارییان کردبوو که‌وتنه‌به‌ر هێرشی فیۆداله‌کان. مامۆستا شێخ عیزه‌دین ناسراو بوو. هه‌رچه‌ند ئاغا ده‌چنه حه‌وشه‌ی ماڵی مامۆستا به‌ڵام دواتر گه‌ڕانه‌وه. مامۆستا هه‌میشه هاوکاریی شۆڕش بووه. ئێمه حیزبی دێموکرات و حیزبه‌کانی دیکه که دژی شا بوون هه‌میشه هاوکاریمان کردوون. من له‌ڕێگه‌ی فه‌قێکانی خۆمه‌وه خه‌ڵکم ڕزگار کردووه. یه‌کیان محه‌ممه‌دی شافیعییه که ئێستا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه‌یه. ئه‌و ده‌زانێ که من چۆن هاوکاریم کردوون. من بۆخۆیشم حیزبی نه‌بووم.
حکومه‌تی موسه‌دیق لای تو چۆن حکومه‌تێک بوو؟
– موسه‌دیق وه‌ک خۆی بۆ عه‌بدولکه‌ریم قاسمی نووسیبوو که وریابه شیوعی و تووده لێت تێک نه‌ده‌ن. موسه‌دیق ده‌یویست حکومه‌تێکی پارلمانی و خه‌ڵکی بێ ئیراده‌ی شا هه‌بێ. ئه‌و نه‌یده‌ویست ڕێژیمی شا بگۆڕێ. چونکه شا خوی وه‌ک سه‌مبۆلێک ده‌یویست بمێنێ. به‌ڵام کۆمۆنیسته‌کان سووئی ئیستفاده‌یان له موسه‌دیق کرد و ئه‌وان ئه‌م کاره‌ی ئه‌ویان کرد به حه‌ره‌که‌تێکی مارکسیستی. ئه‌وه بوو ئه‌مریکا وه‌خۆکه‌وت، پشتیوانی شای کرد. موسه‌دیق ده‌یویست حکومه‌تێکی میللی پێک‌بێنێ.
مامۆستا، تا ئێستا زیندان چوویت؟ گیراویت؟
– نه الحمدالله ئه‌وه‌نده عاقڵ بووم نه‌چووم. به‌قه‌د هه‌موو که‌سێک کارم کردووه و نه‌مهێشتووه بمگرن.
واته تۆ زه‌مانی شا نه‌گیرای؟
– نه‌وه‌ڵڵا! زۆریشیان ناخۆشدهویستم. به‌ڵام قه‌ت به‌ڵگه‌م به‌ده‌ستیانه‌وه نه‌دا. هه‌میشه سیخوڕیشییان به سه‌رمه‌وه بوو. حه‌تتا پێیان وا بوو من بۆ عه‌بدولناسر کار ده‌که‌م. که عهبدولناسریشم خۆشده‌ویست له داخی جووله‌که بوو.
مامۆستا پێوه‌ندیی تۆ له‌گه‌ڵ ڕاپه‌ڕینه‌که‌ی ۴۶ و ۴۷ چون بوو؟
– مه‌لا ئاواره فه‌قێ بوو، سووخته بوو. ئه‌و کاغه‌زێکی بۆ من نوسیبوو بۆ کوردایه‌تی و ئه‌وانه. که‌س نه‌یزانی بۆچی خۆی ته‌حویل دا یان ته‌حویلیان دا. به‌هه‌رحاڵ، من ئاگام له‌و داروده‌سته‌یه هه‌بوو.
ئه‌و ڕاپه‌ڕینه چۆن بوو؟
– وه‌ڵڵا نهێنییه‌کانیم ئاگا لێ نین. من خهبهرکانیم ده‌زانی و ئه‌گه‌ر کاریشیان به من بوایه وه‌ک په‌نادان و هاوکاریکردن کارم کردووه له‌گه‌ڵیان. به‌ڵام من ڕه‌سمه‌ن نه‌بوومه ئه‌ندامی حیزب.
به‌ڵام وه‌ک بزانم تۆ هاوکاریی زۆری مه‌لا ئاواره و مه‌لا قادری وێردیت کردبوو؟
– قادری وێردی که باوکی هه‌ڵات، خۆی منداڵ بوو. ساڵی ۱۳۳۸ که مه‌لا ڕه‌حیم هه‌ڵات قادری نارده ماڵی ئێمه که ده‌رسی پێ بڵێم. له‌دوایه که مه‌لا ڕه‌حیم هاته‌وه هاتوچووی گه‌رمی له‌گه‌ڵ من هه‌بوو. ئه‌و دڵی ئێشابوو له جه‌ماعه‌تی حیزبییه‌کان، و هاته‌وه. دیاره حیکایه‌تی قادر زۆره. ئه‌و هاتوچووی بانه‌ی ده‌کرد و ڕۆژێک گیرا و بردیان و به ئیفلیجی ناردیانه‌وه. له‌سه‌ر ته‌ختی بیمارستان که‌وتبوو، چووم بۆلای. ئه‌ملا و ئه‌ولایم ماچ کرد. دیاره ساواکییان له‌لا دانابوو. دوایه خاڵۆزایه‌کی باوکی بردی بۆ تاران بۆلای دوکتۆر. دوکتۆر ده‌ڵێ چیته؟ ئه‌ویش جه‌ریانی بۆ ده‌گێڕێته‌وه. به‌هه‌رحاڵ، فهلهجییهکی چاک ده‌بێ و ماڵی هاته‌وه بانه و بوو به سه‌رکاریگه‌ری جاده که ئه‌و کات جاده‌ی سه‌رده‌شت- بانه‌یان دروست ده‌کرد. دواتر قادر خۆی و ژنه‌که‌یشی هه‌ڵاتن و دیسان ده‌ستیکرده‌وه به هاتوچوو. ڕۆژێک نیوه‌ڕۆ له که‌وشکه‌نی مزگه‌وت که‌وشی خۆڵاوی لێ‌بوو. دوایی له فه‌قێیه‌کم پرسی گوتم ئه‌وه کێ بوو. گوتی براده‌رانن. گوتم ئه‌و خۆ پاره‌که لێره بووه هه‌موو که‌سێک ده‌یناسێ، چون نوێژی نیوه‌ڕۆ هاتۆته‌وه؟ پاشان داوای کردبوو که من چاوم پێی بکه‌وێ. دیم ڕه‌فیقی له‌گه‌ڵدایه، وتم پێی بڵێن با نه‌یه‌ت. وتیان بۆ؟ وتم به‌ته‌نیا دێت باشتره ئه‌گینا له‌گه‌ڵ که‌س نه‌یه‌ت چون من له ڕه‌فیقه‌که‌ی ئه‌مین نیم. ساڵی دواتر هاته‌وه بۆ‌نێو شار، به‌رکه‌وت و شه‌هید بوو. حوجره‌که‌ی منیش دوانی لێ بوو. گوتم بڕۆن خۆتان حه‌شار بده‌ن.
فه‌قێکانی تۆ پێوه‌ندیان به ڕاپه‌ڕینه‌که‌وه هه‌بووه؟
– به‌ڵێ، به‌ڵێ. بۆخۆیشم ئاگام لێ بوو. به‌ڵام عه‌رزت که‌م، من ڕه‌سمی ئه‌ندام نه‌بووم.
هاوکاریت کردوون؟
– چۆن نه‌مکردوون؟ مه‌لا عومه‌ر عه‌سری هه‌ڵاتبوو؛ ئه‌وم ده‌رباز کرد تا چوو. من هاوکاریان بووم.
ئه‌ی مه‌لا ئاواره؟
– گوتم ئه‌و فه‌قێ بوو لام له‌گه‌ل براکه‌ی. ئه‌و کاته‌ی له شۆڕش بوو کاغه‌زێکی بۆ نووسیبوم.
ئه‌ی له کاتی ڕاپه‌ڕینی گه‌لانی ئێران له کوێ بووی؟
– که‌س له شا ڕازی نه‌بوو. من له بانه بووم. مامۆستا شیخ عیزه‌دین له مه‌هاباد بوو. کاک ئه‌حمه‌د موفتیزاده له سنه بوو. به‌گه‌رمی له ڕاپه‌ریندا به‌شداریمان کرد. خه‌ڵکمان بزواند. ده‌توانم عه‌رزت بکه‌م ته‌ئسیری زۆر زۆر گه‌وره‌مان هه‌بوو.
کاری تۆ له بانه چی بوو؟
– پێش خه‌ڵک ده‌که‌وتم. شا له‌سه‌ر ته‌خت بوو. پاییزی ۵۷ دوو کوڕ که هه‌ر دووکیان ناویان ناسر بوو و هه‌ر دووکیشیان ناوی باوکیان مسته‌فا بوو له‌ژێر تراکتۆر که‌وتبوون. یه‌کیان مردبوو، یه‌کیان زیندوو بوو. به ژاندارمم گوت وه‌رن با لایانبه‌رین. گوتیان تا ڕه‌ئیس دادگا و نوێنه‌ری دادگا نه‌یه‌ت ئێمه کارمان پێیان نییه و ئه‌وه‌ی تریش مرد. له ناشتنی جه‌نازه‌که‌یان به‌شداریم کرد و خه‌ڵکێکی زۆر کۆببوونه‌وه. تازه کوردستانی عێراق ڕاگوێزرابوو، خه‌ڵکانێکی فرسه‌تته‌ڵه‌ب ئه‌چوون ماڵیان به هه‌رزان له‌و خه‌ڵکی کوردستانی عێراقه ده‌کڕێ که ئێمه زۆری پێ قه‌ڵس بووین. ئیتر کوڕان هاتن وتیان مامۆستا ده‌بێ قسه‌یه‌کمان بۆ بکه‌ی له‌سه‌ر قه‌بران. باسی کوردستانی عێراقم کرد. هێرشم کرده‌سه‌ر ڕێژیمی عێراق. هێرشم کرده‌سه‌ر ئه‌و که‌سانه که که‌لوپه‌لی ئه‌و خه‌ڵکه ئاواره به هه‌رزان ده‌کڕن. یه‌کڕاست بوو به دروودگوتن و خه‌ڵک به‌ره‌و نێو شار به‌ڕێکه‌وتن.
خه‌ڵک به قازانجی تۆ دروشمیان ده‌دا؟
– نا بێ قه‌زابی، بۆ به قازانجی من؟ به قازانجی شۆڕش دروشمیان ده‌دا. دوو ڕۆژ دوایی هاتنه‌به‌ر ده‌رگا و گوتیان مامۆستا پێشمان که‌وه. منیش ڕۆیشتم. له خیابان ڕاوه‌ستاین و خه‌ڵک زۆر هاتبوون. له‌وێ ده‌ستمکرد به قسه و گوتم: نێوچاوانم له پێش نێوچاوانتان و منداله‌کانم له‌پێش منداڵه‌کانتانه. هێرشم برده‌سه‌ر ساواک. به حه‌قیقه‌ت من ئیحساسات دایگرتبووم. ده‌وڵه‌ت مابوو. شته‌که ته‌قییه‌وه. هه‌رچه‌ند دواتر ساواک منیان بانگ کرد و گوتیان ده‌بێ ئه‌و خه‌ڵکه ئارام بکه‌یته‌وه. منیش گوتم ئه‌و خه‌ڵکه ئه‌وه ده‌که‌ن که له هه‌موو ئێران‌دا ده‌کرێ. ئیتر دواتر وای لێهات وه‌زعه‌که گۆڕا و من چه‌کم هێنایه بانه. ئه‌وه‌ڵ شار که چه‌کی هاتۆته نێو، شاری بانه بوو.
ئه‌و چه‌کانه‌ت له کوێ هێنان؟
– له دیهاته‌وه چه‌کیان ده‌کڕێ. ئه‌و چه‌کانه‌ش که له زه‌مانی شادا درابوون به خه‌ڵک ئه‌وانه‌شمان هێنان و ئاماده‌مان کردن. ته‌نانه‌ت له کرندوه ده‌هاتن له بانه چه‌کیان ده‌کڕێ.
هاوکات سازمانی خه‌باتت دادمهزراند؟
– نا، خه‌به‌رێک له سازمانی خه‌بات نه‌بوو. ئه‌من کوردایه‌تیم ده‌ویست.
مامۆستا، ئێستا که باسی هێنانی چه‌کت کرد بیرم که‌وته‌وه ده‌ڵێن تۆ کاتی خۆی چه‌کی باشت له ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌رگرتووه، ئه‌مه ڕاسته؟ ئه‌و چه‌کانه‌تان له کێ وه‌رده‌گرت؟
– به‌ڵێ له ده‌وڵه‌تی عێراقم وه‌رده‌گرت. بۆ، ئێستاش هه‌ر تاوانه؟! مامۆستا شێخ عیزه‌دین بۆخۆی ڕه‌زایه‌تی دابوو که چه‌ک وه‌ربگرین. له دوایه به مامۆستا شێخ عیزهدینیان ئه‌وه‌نده گوت به‌عسیه به‌عسیه. ئه‌وه بۆخۆیشی له مه‌روێ بوو که یه‌که‌م مه‌لاقاتمان هه‌بوو له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی عێراق ساڵی ۱۳۵۸. جا با پێت بڵێم، مامۆستا شێخ عیزه‌دین و ئێمه زۆر پێش ئه‌وه‌ی بۆخۆمان مهلاقاتی ده‌وڵه‌تی عێراق بکه‌ین له سه‌رده‌شت به دوکتۆر قاسملوو و مه‌لا حه‌سه‌نی ڕه‌ستگاری گوتبوو که ئه‌وه ده‌وڵه‌ت هێرشمان بۆ ده‌کا، ئێمه ههڵدهکهندرێین، به‌شکه‌م قسه‌یه‌کمان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراق بۆ بکه‌ن. که حیزبی دێموکرات به ئێمه‌ی ده‌گوت وابه‌سته. مامۆستا په‌نای بۆ ئه‌وان بردبوو. هاته‌وه بانه گوتی وام کردووه. گوتم بێ قه‌زابی بۆ وات کردووه؟ ئه‌وه ده‌وڵه‌تی عێراق په‌یتا په‌یتا ده‌نێرێ بۆلای من. ئێمه چ ئیحتاجێکمان به حیزبی دێموکراته؟ هه‌ستام چوومه سه‌رده‌شت گوتم داوامان بۆ مه‌که‌ن.
به کێت گوت؟
– به مه‌لا حه‌سه‌نی ڕهستگارم گوت. گوتم بۆ ده‌چم به حیزبی دێموکرات بڵێم. یانی مامۆستا شێخ عیزه‌دین په‌نای بۆ ئه‌وان ده‌برد. ئه‌وان بابان ئاوه‌دان بوون لای ده‌وڵه‌تی عێراق، که‌چی به ئێمه‌یان ده‌گوت وابه‌سته‌ن.
مامۆستا، من چاوپێکه‌وتنێکم له‌گه‌ڵ عه‌لیڕه‌زا نووریزاده هه‌بووه. ئه‌و ده‌ڵێ دوکتۆر قاسملوو قه‌ت چه‌کی له ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌رنه‌گرتووه؛ ده‌ڵێ باجه‌که‌شی دا، تاوانهکشی دا.
– لاحول ولا قوه الله بالله. ئازووقه‌ی نیزیکی ۷۰ هه‌زار تا ۸۰ هه‌زار چه‌کداری ڕه‌سمه‌ن له ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌رده‌گرت به خوا. ساڵی ۱۳۶۱ چوومه گڵۆلان بۆ سه‌ره‌خۆشی شه‌هیدانی یه‌کشه‌وه، سمکۆ ناوێک مه‌سئولی ڕێکخراوی حیزب بوو له‌وێ. شه‌و له مزگه‌وت قسه‌م کرد بۆ خه‌ڵکه‌که. ئه‌و ده‌ستیکرد به پرسیارنووسین. گوتی ئێوه چه‌ک له کوێ وه‌رده‌گرن؟ گوتم له‌و جێگایه وه‌رده‌گرم که ئێوه لێتان وه‌رگرتبوو پێش ئێمه. بۆ خه‌ڵکه‌که‌م شه‌رح دا که خه‌باتی چه‌کداری بێ کۆمه‌کی ده‌ره‌وه ناکرێ. ئێمه خۆمان نه‌فرۆشتوه. ئه‌وانیش له‌به‌ر چاوجوانی ئێمه نییه کۆمه‌ک به ئێمه ده‌که‌ن. ئێمه دوژمنی دوژمنه‌که‌ی ئه‌وانین بۆیه هاوکاریمان ده‌که‌ن. ئێمه‌ش به نۆکه‌ری بوونی ئه‌وان وه‌ریناگرین. مامۆستا شێخ عیزه‌دین ئه‌وه‌نده ته‌بلیغاتیان له‌سه‌ر کردبوو و گوتبوویان به‌عسیه، ئیعلامییه‌ی ده‌رده‌کرد له‌سه‌ر من. پێمگوت ئه‌من به قسه‌ی خۆت چه‌کم له به‌عس وه‌رگرتووه. ده‌یگوت من که‌ی وام گوتووه. گوتم باشه من هێزی نیزامییم به ناوی ده‌فته‌ری تۆوه ته‌شکیل ده‌دا. تۆیش ده‌تگوت من هێزی نیزامییم نییه مانای ئه‌وه نییه که دژی من بێ. له بێژوێ دواتر چووم بۆ خزمه‌تی، گوتی نۆردون سیهانۆک ده‌ڵێ هیچ شۆڕشێکی موسهلیحانه به‌بێ کۆمه‌کی ده‌ره‌وه نابێ. گوتم جا قۆربان، ئه‌ی بۆ تا ئێستا ئه‌و حه‌دیسه‌ت بۆ نهخوێندین؟ قوربان جا درۆی بۆ چییه؟ تاوان نییه. باوه‌ڕ که کاک خالید، ئه‌وان ۱۰ هه‌زار که‌س ئازووقه‌یان وه‌رده‌گرت. تا تفه‌نگێک به ئێمه ده‌درا سه‌د تفه‌نگ به حیزبی دێموکرات ده‌درا. جا خۆشییه‌که‌ی ئه‌وه بوو که کۆمه‌ڵه له ئێمه‌شی وه‌رده‌گرت و ته‌بلیغاتی ده‌کرد به دژی ئێمه. وه‌ڵڵا خوا ڕه‌حمی کرد ڕۆژێک کۆمه‌ڵه ئه‌وه‌نده تینیان بۆ هات ڕۆژێک منیان بانگ کرد به زمان مامۆستا شێخ عیزه‌دین‌ـه‌وه بۆ حاجی که‌ند. کاک عه‌بدوڵڵای موهته‌دی گوتی جا وه‌ڵڵا ئێمه هیچمان نییه و هیچ کۆمه‌کمان نییه، ئه‌گه‌ر کۆمه‌کێکمان پێ بکه‌ی. به‌و عه‌بدوڵڵای ئیقدامییه که هێشتا نه‌چوبووه ده‌رێ گوتم کۆمه‌ڵه و مامۆستا شێخ عیزه‌دین ده‌یانه‌وێ دووباره ڕوو بکه‌نه‌وه ده‌وڵه‌تی عێراق. گوتی به چی؟ گوتم زۆر ده‌م له فه‌قیری و بێ چه‌کی ده‌ده‌ن. وه‌ڵڵا به‌هاری ۱۳۶۱ له بڵه‌سه‌ن دیم که ئاغایان چه‌کیان وه‌رگرتووه و له چه‌می چۆمان ده‌یپه‌ڕێننه‌وه. به براده‌رێکم گوت سه‌لامیان بگه‌یه‌نه و بڵێ خه‌رمان به‌ره‌که‌ت!
که‌واته هه‌موو وه‌ریانگرتووه؟
– کوڕه کێ وه‌رینه‌گرتووه بابا؟ ته‌نیا موفتیزاده وه‌رینه‌گرتووه. مامۆستا شێخ عیزهدینیش وه‌ریگرتووه؛ وه‌ریگرتووه بۆ نیگابانی خۆی. دواتریش یه‌کێتیی نیشتمانی چه‌که‌کانی نۆشی گیان کرد.
کێی تر وه‌ریگرتووه؟
– وه‌ی به قوربانت بم، یانی تۆ نازانی؟! له گاپێلۆن له ماڵی مامۆستا شیخ عیزه‌دین دانیشتنێکمان بوو. دوکتۆر قاسملوو به پێکه‌نینه‌وه گوتی مامۆستا شێخ جه‌لال ئێمه‌ی فێری ئێره کرد. گوتم به‌ڵێ کاک دوکتۆر هاته شوێنمان و هێنامانی بۆ ئێره!
بێینه‌وه سه‌رده‌می شۆڕشی ئێران. باشه له بانه له ڕێبه‌ندانی ۱۳۵۷دا جگه له تۆ که‌سایه‌تیی و جه‌ریانی سیاسیی دیکه هه‌بوون؟
– وه‌ک جه‌ریان نا، نه‌بوون. کۆمه‌ڵه تازه دامه‌زرابوو. حیزبی دێموکراتیش بوو. به‌ڵام وه‌ک جه‌ریان که‌س کاری نه‌ده‌کرد. یانی حه‌ره‌که‌تێکی جه‌ماوه‌ری بوو من ڕێبهریهکهیم ده‌کرد. دیاره ئه‌فرادی وابه‌سته به جه‌ریانگه‌لی سیاسی هه‌بوون، به‌ڵام وه‌ک جه‌ریان کاریان نه‌ده‌کرد.
ئه‌ی شورای شاری بانه چۆن دامه‌زرا؟
– ئێمه شورامان ته‌شکیل دا که عهشایریشمان تێ‌خستبوو. هه‌رچه‌ند نوێنه‌ری دیاریکراوه‌ی لایه‌نه سیاسییه‌کان نه‌بوو تێیدا، به‌ڵام دوایی دیار بوون. عه‌بدوڵڵای ئیقدامی هه‌بوو له‌گه‌ڵ چریک بوو، ڕه‌شید خان هه‌بوو، تاهیر شه‌عبانی له‌گه‌ڵ بوو. عه‌بدوڵڵای نه‌علبه‌ندی بوو. به‌هه‌رحاڵ، ئێمه ستادێکی به‌ڕێوه‌به‌ریمان دانا و نه‌مانهێشت ده‌وڵه‌ت ده‌ست بکاته‌وه و پادگان بکه‌وێته‌کار. ئێمه‌ش به میتینگ و ته‌بلیغات و ڕێپێوان خه‌ڵکمان ده‌هێنایه سه‌حنه. ئه‌من هه‌رچه‌ندم بۆ کرا هه‌وڵم دا سووتان و شیشهشکاندن و ده‌ستدرێژیکردن نه‌مێنێ. ده‌وڵه‌ت هێشتا مابوو. ئێمه هه‌ر هه‌وڵمان دا خه‌ڵکه‌که به هیواشی ئاماده بکه‌ین. په‌یکه‌ری شا مابوو. ڕۆژێک له متینگێکدا تا لامکردوه چه‌ند شیشهیهکیان شکاند و ماڵی ساواکییهکیان سووتاند و تانگێکش که‌وته نێو شار و هێندێکیان کوشت. ئه‌گینا له‌وه زیاتر نه‌مهێشت زه‌ره‌ر بکه‌وێ. له‌وه به‌دوا ده‌ستوه‌شاندن نه‌بوو. ئه‌و ڕۆژه‌ی شا رووخا و به‌ختیار نه‌ما، ئه‌و ڕۆژه خه‌ڵک هێرشیان برده‌سه‌ر پادگان.
تۆ ده‌ستووری گرتنی پادگانت دابوو؟
– نا، به مه‌به‌ستی گرتنی نا.
خه‌ڵک چووبوون که پادگان تاڵان بکه‌ن؟ ئه‌ی تۆ ئه‌و کاته له کوێ بووی؟
من له ماڵ بووم. که زانیم هه‌ستام ڕۆیشتم. زۆر سپاسیان ده‌که‌م که به قسه‌یان کردم. گوتم کاکه، ئێمه ده‌ست له پادگان ناده‌ین. پادگان ڕاده‌گرین. مه‌به‌ستم ئه‌وه بوو چه‌که‌که به تاڵان نه‌ڕوا. هه‌موو جۆرێک خه‌ڵکی تێدا بوو و شته‌که‌ش ڕوویده‌دا و له ده‌ست شۆڕشیش ده‌چووه ده‌رێ. ئه‌و کاته عه‌بایه‌کی درێژم له‌به‌ردا بوو و ده‌ستم به‌رز کرده‌وه و ڕامگه‌یاند با بڕۆینه‌وه بۆ شار. هه‌موویان به قسه‌یان کردم. دوو که‌س نه‌بێ که یه‌کیان گوتی جا بێ قه‌زابی بۆ لێمان تووڕه ده‌بێ. ئه‌و دواتر له‌لایه‌ن حیزبی دێموکراته‌وه کوژرا. ئێمه پادگانمان ڕاگرت تا هاوین و هاوینیش دابه‌شم کرد به‌سه‌ر ئه‌حزابدا. دوای ئه‌وه بوومه مه‌سئولی کومیته (نیزیکه‌ی ۶ مانگ من مه‌سئولی کومیته‌ی شار بووم). له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نیا دوو دزی کرا. مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه زۆر زۆر زاڵ بووم به‌سه‌ر شاردا. ئه‌م وه‌زعه ڕاگیرا تا ده‌عوه‌ت کراین بۆ مه‌هاباد، بۆ لویی جه‌رگه.
له بانه‌وه هه‌ر تۆ چووی؟
– من و عه‌بدوڵڵای ئیقدامی چووین وه‌ک نوێنه‌ری شاری بانه. له‌وێ کۆبوونه‌وه بوو. داریوش فروهه‌ر و سه‌باغیان هاتبوون بۆ مه‌هاباد وه‌ک نوێنه‌ری ده‌وڵه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی بزانن خواستی خه‌ڵکی کورد چییه؟ خواستی میلله‌تی کورد کرا به ۸ مادده. مادده‌یه‌کیان زۆر بێکه‌ڵک بوو، زۆر خراپ بوو.
تۆ ڕازی بووی له هه‌ر ۸ مادده‌که؟
– نا!
بۆ؟
– له هه‌مووی ڕازی نه‌بووم.
ڕات له‌سه‌ر مادده‌ی ۸ چییه؟
– مادده‌ی ۸ی قه‌تعنامه پێشنیارییه‌که‌ی نوێنه‌رانی کورد به هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت له ۳۰‌ی ڕێبه‌ندانی ۱۳۵۸دا دژ به دڵسۆزان و خه‌باتگێڕانی نێو چه‌رخی خه‌بات و خوێندانی کوردستانی عێراق بوو که به پیلانێکی نێوده‌وڵه‌تی و به‌تایبه‌ت سێ ده‌وڵه‌تی داگیرکه‌ری کوردستان موباره‌زه‌ی چه‌کداریان ڕاوه‌ستا و ناچار بوون که بێنه ئێرانه‌وه. ئه‌و مادده‌یه بێ وه‌فایی و بێ ڕه‌حمی بوو له‌گه‌ڵ ئه‌و کورده لێقه‌وماوانه.
سه‌رچاوه‌ی پێشنیاری ئه‌و مادده‌یه له کوێ ڕا هات؟
– پێشنیاری ئه‌و مادده‌یه و تهئیدهکهی له ده‌روونی کوردایه‌تییه‌وه نه‌هات به‌ڵکو له ده‌روونی مارکسیستی و به ناو زیددی ئیمپهریالیستییهوه هات. چونکه شۆڕشی کوردستانی عێراق له‌و چوارده ساڵه‌دا له‌لایه‌ن شای ئێرانی وابه‌سته به ئه‌مریکاوه پشتیوانی ده‌کرا، هه‌رچه‌ند ڕهسمهنً کۆڕه‌که له نوێنه‌ری ئه‌حزاب پێک نه‌هاتبوو به‌ڵکو نوێنه‌ری گه‌لی کوردی ناوچه‌کان بوون به‌ڵام که‌سانی سه‌روه ئه‌حزابه به ناو دژی ئیمپه‌ریالیسته‌کان له‌و کۆڕه‌دا زۆرینه بوون، ئه‌و مادده‌یان چه‌سپاند. ڕێبه‌رانی پارتی به ناو قیاده موه‌قه‌ته هه‌وڵی ئاشتیان دا و کوڕه‌کانی مه‌لا مسته‌فا، کاک ئیدریس و کاک مه‌سعود، له نه‌غه‌ده له ماڵی حاجی مه‌لا صاڵحی ڕه‌حیمی و به هه‌وڵی حاجی مه‌لا برایمی ڕه‌وه‌ندی شنۆیی له‌گه‌ڵ مامۆستا شێخ عیزه‌دین کۆبوونه‌وه که چاره‌سه‌ریی ئه‌و مه‌وزوعه بکه‌ن و ئه‌و دووری و بێزارییه بکه‌ن به دۆستایه‌تی و برایه‌تی کوردانه به‌ڵام لایه‌نه چه‌په‌کان به گه‌وره و بچووکیانه‌وه تا ته‌رازووی مارکسیستیان له‌لا قورس‌تر بوو تا کوردایه‌تی، یان هه‌ر کوردایه‌تیان له تاتهرازوودا نهبووو. سه‌رانی پارتی دیموکرات و "قیادهموقت"یان به عه‌واملی سیا و ساواک و میتی تورکیا ناوده‌برد و ته‌نانه‌ت شه‌خسی مه‌لا مسته‌فایان که له ئه‌مریکا له موعالهجهدا بوو له‌و ئیتهامه دهرنهدههاویشت، به‌ڵکو له‌و مادده‌دا ناویان بوو. درێژه‌یان به‌و جبههگیرییه دا و کۆبوونه‌وه‌که له‌گه‌ڵ مامۆستا شێخ غیزهدینیان بێ ئاکام کرد.
ئه‌م مادده‌یه پێشنیاری کێ بوو؟