بابه ته كان

سته‌م له‌ ته‌رازووی ئیسلامدا

عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب:« ئه‌وه‌ له‌ که‌یه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌تان کردۆته‌ به‌نده‌ی ئه‌ڵقه‌ به‌گوێی خۆتان، له‌ کاتێکدا ئه‌وانه‌ ئازادو سه‌ربه‌ست له‌ دایک بوون؟!»

سته‌م له‌ ته‌رازووی ئیسلامدا

سه‌ردار شه‌مامی / s_shamami@yahoo.com

پێشه‌کی

له‌ باری زمانه‌وانیوه سته‌م واته‌‌ دانانی هه‌ر شتێک له‌ غه‌یری جێگه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی یان، پێشێل کردنی مافی ڕه‌وای تاقم‌وکه‌سانێک بۆ به‌رژه‌وه‌ندی تاقم‌و که‌سانێکی تر.

 

هه‌رچه‌ند که‌ مرۆڤ بونه‌وه‌رێکی به‌ ئاوه‌زو تێگه‌یشتوو‌یه‌و هه‌وڵ ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر شتێک له‌ جێگه‌ی خۆیدا دابنێ، به‌ڵام هه‌موو کات سێبه‌ری سه‌ربزێوی‌و یاخیگه‌ری ده‌ستی به‌ سه‌ر داگرتووه‌و بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌ تایبه‌تیه‌کانی خۆی‌و گه‌لی پێوه‌ندیدار به‌ خۆی هه‌وڵی داوه‌و مافی که‌سانێکی تری پیشێل کردوه‌.

 

مرۆڤ هه‌ڵگری هه‌وێنی چاکه‌ و خراپه‌یه‌[ فألهمها فجورها و تقواها( شمس / ۸) ] یانی هه‌م چاکه‌ی له‌ده‌ست دێ‌و هه‌م خراپه‌؛ جا له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی جیهان له‌به‌ر چاوان بریقه‌دارو خۆشه‌ویسته‌‌و به‌ خۆشیه‌کانی مرۆڤ فریو ده‌دا، هه‌موو کات لایه‌نی خراپه‌کاری به‌ سه‌ر لایه‌نی چاکه‌کاریدا سه‌رکه‌وتن، به‌ ده‌ست دێنێ‌و مرۆڤه‌کان به‌ره‌و هه‌ڵه‌و هه‌ڵدێر ده‌باو له‌سه‌ر راسته‌ شه‌قام، نایانهێڵێته‌وه‌؛ مرۆڤ بۆ ورووژاندنی لایه‌نی چاکه‌کاری پێویستی به‌ جیابوونه‌وه‌ له‌ زه‌وی هه‌یه‌و ده‌بێ به‌رز بێته‌وه‌ بۆ ئاسمان‌و په‌یامی ئاسمانی له‌گه‌ڵ لایه‌نی دنیایه‌که‌یدا تێکهه‌ڵکێش بکات‌و ئۆگرێتی لایه‌نی دنیایی پێ هاوسه‌نگ بکا.

 

به‌ درێژایی مێژوو تاقمی زۆردار بۆ به‌رز ڕاگرتنی لایه‌نی به‌رژه‌وه‌ندی خۆی، هه‌وڵی داوه‌ تاقمی بێ‌هێز بچه‌وسێنێته‌وه‌، خوای باڵا ده‌ستیش هه‌ر به‌ درێژایی مێژوو بۆ خاشه‌بڕ کردنی ده‌ستی زۆردار له‌سه‌ر بێده‌سه‌ڵات‌و بێ‌هێزه‌کان پێغه‌مبه‌رانێکی ڕه‌وانه‌ کردوه‌ تاکوو ژیارێکی پڕ له‌ ته‌بایی و خۆشه‌ویستی له‌ نێو کۆمه‌ڵگه‌دا دروست بکه‌ن‌و ژینی پڕ له‌ مه‌ینه‌ت‌و په‌ژاره‌و چه‌وساندنه‌وه‌ بنه‌بڕ بکه‌ن. هه‌ر بۆیه‌ش کاتێک بۆ ژیان‌و به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ران ده‌ڕوانی، ده‌بینی ته‌نیا گه‌لی چه‌وساوه‌و ژێرده‌ست پێشوازیان له‌ بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌ران کردوه‌و ته‌نیا چه‌وسێنه‌ران‌و سته‌مکاران بوون که‌ به‌رهه‌ڵستی بانگه‌وازی پێغه‌مبه‌رانیان کردۆته‌وه‌‌.

 

ئه‌و واتایه‌ی که‌ پێویسته‌ لێره‌دا ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م ئه‌مه‌یه‌ که‌ نه‌ته‌وه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ئیسلامه‌وه‌ جێی ڕێزه‌‌و تێکۆشان له‌ پێناو سه‌ربه‌رزی گه‌لدا پیرۆز‌ه‌! هه‌ر بۆیه‌ش هه‌موو پێغه‌مبه‌ران زۆر به‌ سه‌ربه‌رزیه‌وه‌ ڕوویان کردوه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆیان‌و وتوویانه‌ ( یا قوم) گه‌لۆ ! ئه‌ی خزمینه! … یان هه‌ر بۆیه‌ش خوا پێغه‌مبه‌رێکی وه‌ک موسا ده‌نێرێ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ نه‌ته‌وه‌که‌ی له‌ ده‌ست زوڵم‌و زۆری فیرعه‌ونه‌ خۆ‌ویسته‌کانی میسر ڕزگار بکات.

 

پێویسته‌ ئه‌مه‌ش بزانین که‌ گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهات‌و وته‌ی پێغه‌مبه‌رانی پێشوو ته‌نیا بۆ په‌ند‌و ئامۆژگاری لایه‌نگرانی ئایینی ئیسلامه‌؛ یانی بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ په‌یڕه‌وانی ئایینی ئیسلام له‌ به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ران که‌ڵک وه‌رگرن‌و له‌ ڕووداوه‌ جۆراوجۆره‌کانی دنیادا هه‌ڵوێستێکی پێغه‌مبه‌رانه‌ به‌رامبه‌ر به‌ لایه‌نی ڕووبه‌ڕوویان بگرن‌و به‌رهه‌ڵستی هه‌موو چه‌شنه‌ خراپه‌کاریه‌ک بده‌نه‌وه‌؛ خوای باڵا ده‌ست پاش گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاتی موساو فیرعه‌وه‌ن ده‌فه‌رموێ: إِن فی ذلک لعبره لمن یخشى ﴿ نازعات / ۲۶﴾ به‌ ڕاستی ئا له‌و به‌سه‌رهاته‌دا په‌ندو ئامۆژگاری هه‌یه‌ بۆ هه‌ر که‌سێک له‌ خوا بترسێ.

 

به‌م بۆنه‌وه‌ تێکۆشان بۆ‌ ڕزگاری گه‌ل له‌ ده‌ست زوڵم‌و زۆر به‌ کارێکی پێغه‌مبه‌رانه‌ دێته‌ ئه‌ژمار‌‌‌و هه‌ر موسوڵمانێک له‌ برپه‌رچ دانه‌وه‌ی سته‌مدا به‌رپرسیاره‌‌و ده‌بێ به‌رهه‌ڵستی زۆری زۆرداران بکات‌و گیانی له‌و پێناوه‌دا به‌خت بکا.

 

قوڕئان دژی سته‌مه‌:

 

کاتێک که‌ لاپه‌ڕه‌کانی قوڕئانی پیرۆز‌و فه‌رمووده‌کانی پێغه‌مبه‌ری ئازیز هه‌ڵده‌ده‌یته‌وه‌ بۆت ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا په‌یامی ئایینی ئیسلام ڕزگاری مرۆڤایه‌تییه‌ له‌ چه‌وساندنه‌وه‌‌و سۆزو عیشق‌و ره‌حم‌و به‌زه‌ییه‌ سه‌باره‌ت به‌ مرۆڤ‌و‌ نه‌ ته‌نیا به‌ مرۆڤ به‌ڵکوو بگره‌ سه‌باره‌ت به‌ ته‌واوی گیان له‌به‌ران ره‌حم‌و به‌زیی هه‌یه‌.

 

قوڕئانی پیرۆز دژی هه‌ر چه‌شنه‌ سته‌م‌و زوڵم‌و زۆرێکه‌‌و ددان به‌ هیچ جۆره‌ سته‌مێک دا ناهێنێ‌و‌ بۆ سڕینه‌وی زوڵم‌و زۆری زۆرداران ته‌واوی تواناکانی خۆی ده‌خاته‌ گه‌ڕ‌و بڕواداران هان ده‌دا بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ده‌سته‌مۆی هیچ زوڵم‌و زۆرێک نه‌بن‌و‌ به‌ هیچ مه‌رجێک له‌ ئاست سته‌می سته‌مکاران به‌ قڕو قه‌پی نه‌مێننه‌وه‌. خوای باڵا ده‌ست ده‌فه‌رموێ: وما لکم لا تقاتلون فی سبیل الله والمستضعفین من الرجال والنساء والولدان الذین یقولون ربنا أخرجنا من هذه القریه الظالم أهلها واجعل لنا من لدنک ولیا واجعل لنا من لدنک نصیرا ﴿ نساء/ ۷۵﴾ ئه‌ی ئیمانداران! ئه‌وه‌ چیتانه‌و بۆچی ناجه‌نگن له‌ پێناوی ڕه‌زامه‌ندی خوادا‌و ڕزگارکردنی لاوازکراو‌و چه‌وساوه‌کان، له‌و پیاوان‌و ئافره‌تان‌و منداڵانه‌ی که‌ ده‌ڵێن: په‌روه‌ردگارا تۆ ڕزگارمان بکه‌ له‌م شاره‌ی که‌ خه‌ڵکه‌که‌ی سته‌مکارن‌و له‌لایه‌ن خۆته‌وه‌ پشتیوان‌و یارمه‌تی ده‌رێکمان بۆ بنێره‌.

 

پێویسته‌ ئه‌وه‌ش بزانین که‌ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی سته‌م له‌ روانگه‌ی ئایینی ئیسلامه‌وه‌ ته‌نیا بۆ ڕزگاری گه‌لی موسڵمان نییه‌، به‌ڵکوو بۆ ته‌واوی مرۆڤه‌کانه‌ به‌ هه‌ر بیرو بڕوایه‌که‌وه‌ که‌ هه‌یانه‌؛ وه‌ک خوا ده‌فه‌رموێ: ولولا دفع اللـه الناس بعضهم ببعض لهدمت صوامع وبیع وصلوات ومساجد یذکر فیها اسم اللـه کثیرا ﴿حج /۴۰﴾

 

خۆ ئه‌گه‌ر خوا خه‌ڵکی نه‌دا به‌ یه‌کداو حه‌ق دژی به‌تاڵ نه‌وه‌ستێ، هه‌رچی شوێنی خواپه‌ره‌ستی جووله‌که‌‌و گاور هه‌یه‌ له‌ خه‌ڵوه‌تگه‌و کڵێساو که‌نیسه‌، هه‌روه‌ها مزگه‌وتانیش که‌ ناوی خوای زۆر تێدا ده‌برێت، هه‌مووی کاول ده‌کرێت.

 

که‌ دیاره‌ لێره‌دا فه‌رمان به‌ موسڵمان ده‌درێ، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌ڵستی هه‌موو چه‌شنه‌ کاول‌کردنێک ببنه‌وه‌‌و دژی ڕابوه‌ستن.

 

له‌ ئا‌یه‌تێکی تردا قوڕئانی پیرۆز چه‌وسێنه‌ران به‌ سزاو ئازاری پاشه‌ڕۆژ ده‌ترسێنێ‌و هه‌قستێنی چه‌وسێنراوان به‌ کارێکی باش پێناسه‌ ده‌کات: والذین إِذا أَصابهم البغی هم ینتصرون ( شوری/ ۳۹) ئه‌وانه‌ی که‌ ده‌ست درێژیان کرایه‌ سه‌ر، ده‌سته‌وسان ناوه‌ستن‌و به‌رگری له‌ خۆیان ده‌که‌ن.

 

یان: ولمن انتصر بعد ظلمه فأولئک ما علیهم من سبیل *إنما السبیل على الذین یظلمون الناس ویبغون فی الارض بغیر الحق أولئک لهم عذاب ألیم ﴿ شوری /۴۱- ۴۲﴾ له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی مافی خۆی ده‌ستێنێ، دوای ئه‌وه‌ی که‌ سته‌می لێکراوه‌، ئه‌وانه‌ لێپرسراو نابن، ئه‌گه‌ر له‌ سنوور لانه‌ده‌ن… * بێگومان ته‌نیا ئه‌وانه‌ به‌رپرس ده‌بن که‌ سته‌م له‌ خه‌ڵکی ده‌که‌ن‌و ده‌ستدرێژی ده‌که‌ن به‌ ناهه‌ق له‌ زه‌ویدا، ئا ئه‌وانه‌ سزاو ئازاری به‌ ئێشیان بۆ هه‌یه‌.

 

یان: ولا تحسبن الله غافلا عما یعمل الظالمون إنما یؤخرهم لیوم تشخص فیه‌ الأبصار (ابراهیم/ ۴۲ ) واگومان مه‌به‌ که‌ خوا بێ ئاگایه‌ له‌و کارو کرده‌وه‌یه‌ی سته‌مکاران ده‌یکه‌ن، به‌ڕاستی خوا سزاکه‌یان دوا ئه‌خات بۆ ڕۆژێک که‌ چاوه‌کانیان تیایدا ئه‌بڵه‌ق ده‌بن.

 

پێغه‌مبه‌ر‌و یارانی دژی سته‌من:

 

به‌م پێیه‌ کاتێک بۆ ژیان‌و به‌سه‌رهاتی پێغه‌مبه‌ر‌و یارانی ده‌ڕوانین، ده‌بینین که‌ بۆ سڕینه‌وه‌ی سته‌م له‌ سه‌ر گۆی زه‌وی هه‌وڵ‌و ده‌ورێکی به‌رفراوانیان گێڕاوه‌‌و له‌ ئاست هیچ زاڵمێک سه‌ری به‌رزیان دا نه‌نه‌واندوه‌.

 

ئه‌گه‌ر بخوازین بۆ ئه‌م به‌شه‌ ئاماژه‌ به‌ ژیانی پێغه‌مبه‌ر بکه‌ین ئه‌شێ بڵێین هه‌موو ژیانی پێغه‌مبه‌ر بۆ ڕزگاری چه‌وساوه‌کان‌و لێقه‌وماوه‌کان -‌ ژن، کۆیله‌، هه‌ژارو نه‌داره‌کان – له‌ ده‌ست زل هێزه‌ خۆ‌ویسته‌کان بووه‌.

 

په‌یمانی جوامێران (حلف الفضول) له‌ ژیانی پێغه‌مبه‌ردا باشترین به‌ڵگه‌یه‌ له‌ سه‌ر دژایه‌تی کردنی بۆ سته‌مکاران‌و چه‌وسێنه‌ران؛ ئه‌م په‌یمانه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ دامه‌زرا که‌: دادپه‌روه‌ری بڵاو بکه‌نه‌وه‌‌و نه‌یه‌ڵن زوڵم‌و سته‌م له‌ وڵاتیانا بکرێ‌و یارمه‌تی سته‌ملێکراو بده‌ن‌و مافی بۆ بسێننه‌وه‌و ده‌ستی زاڵم ببه‌ستن‌.‌ موحه‌ممه‌د له‌م په‌یمان به‌ستنه‌دا به‌شدار بوو، کاتێک له‌ مه‌دینه‌ ده‌وڵه‌تی دامه‌زراندو هێزو توانایی به‌ ده‌ست هێنا ئاوه‌های ده‌فه‌رموو: له‌گه‌ڵ مامه‌کانما له‌ ماڵی عه‌بدوڵڵای کوڕی جودعان حازری (حلف‌الفضول) بووم‌و‌ ئه‌و په‌یمانه‌‌ به‌ سامانی جیهان ناگۆڕمه‌وه‌و‌ ئه‌گه‌ر ئێسته‌ش گاس بکرێم بۆ په‌یمانێکی وه‌ها ئامه‌ده‌م بۆ هاوبه‌شی تێیدا.

 

ئه‌م فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ر یانی: ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تانی دنیا په‌یمانم له‌گه‌ڵدا ببه‌ستن بۆ ڕووخاندنی کۆشک‌و قه‌ڵای هه‌رچی زاڵمه‌؛ ئه‌وا من ئاماده‌م هاوبه‌شییان له‌گه‌ڵدا بکه‌م.

 

پێغه‌مبه‌ر ( دخ ) نه‌ ته‌نیا بۆ خۆی دژی زاڵم ڕاده‌وه‌ستاو یارمه‌تی مه‌زڵوومی ده‌دا به‌ڵکوو یارانی تێکۆشه‌ریشی بۆ ته‌مبێ کردنی زاڵم هه‌موو سنوورێکیان ده‌به‌زاندو ده‌ستی یارمه‌تیان به‌ هه‌موو سته‌ملێکراوێک ده‌دا.

 

شایه‌تی‌و به‌ڵگه‌ له‌ ژیانی یارانی پێغه‌مبه‌ر (دخ) سه‌باره‌ت به‌ دژایه‌تی کردنی زوڵم‌و سته‌م زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ که‌ من بمهه‌وێ له‌م چه‌ند بڕگه‌دا کوورتی بکه‌مه‌وه‌، به‌ڵام وه‌ک فارس ده‌ڵێن- مشت نمونه‌ی خروار است- ئاماژه‌ به‌ ڕووداوێک له‌ ژیانی جێگری دووهه‌می پێغه‌مبه‌ر؛ عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب ده‌که‌م:

 

عه‌مری کوڕی عاس ناوی ئه‌و فه‌رمانده‌ به‌ هێزه‌یه‌ که‌ توانی وڵاتی فه‌له‌ستین و میسر و لیبیا بێنێته‌ ژێر ڕکێفی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییه‌وه‌و‌ له‌ هێزو زوڵم‌و زۆری ڕۆمه‌کان پاکیان بکاته‌وه‌، ئه‌م فه‌رمانده‌ تێکۆشه‌ره‌ به‌ فه‌رمانی ئه‌میری موسڵمانان ده‌بێته‌ والی‌و کاربه‌ده‌ستی وڵاتی میسر که‌ دانیشتوانی هه‌ندێکیان موسڵمان بووبوون و هه‌ندێکیش له‌ سه‌ر ئایینی «قبط» مابوونه‌وه‌.

 

ڕۆژێک مه‌حه‌ممه‌دی کوڕی عه‌مر له‌ گه‌ڵ دانه‌یه‌ک له‌ قیبتیه‌کان به‌ ئه‌سپ کێبه‌رکێ ده‌که‌ن، قیبتیه‌که‌ پێشی کوڕه‌که‌ی عه‌مری دایه‌وه‌، ئه‌ویش چونکه‌ خۆی به‌ کوڕی والی ده‌زانی، پێی ناخۆش بوو پێشی بدرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ قه‌مچی کابرای داگرت‌و ده‌یگوت: ها بیگره‌ له‌ کوڕی گه‌وره‌ماڵان.

 

قیبتیه‌که‌ که‌ ناوبانگی دادپه‌روه‌ری خه‌لیفه‌ی بیستبوو هاواری برده‌ به‌ر عومه‌رو وتی: ئه‌ی ئه‌میری ئیمانداران! په‌نام پێ هێناوی له‌ ده‌ست زوڵم؛ پاشان به‌ وردی به‌سه‌رهاته‌که‌ی بۆ گێڕایه‌وه‌؛ عومه‌ر فه‌رمانی دا په‌یکێک بۆ عه‌مر بنێرن که‌ له‌ گه‌ڵ مه‌حه‌ممه‌دی کوڕیدا، خێرا خۆیان بگه‌یه‌ننه‌ مه‌دینه‌.

 

کاتێک که‌ عه‌مرو کوڕه‌که‌ی گه‌یشتنه‌ لای عومه‌ر، عومه‌ر قه‌مچیه‌که‌ی دایه‌ ده‌ست قیبتیه‌که‌و فه‌رمووی کوڕی گه‌وره‌ ماڵانی پێ دابگره‌و تۆڵه‌ی خۆتی لێ بکه‌وه‌! پاش ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی تۆڵه‌ی خۆی له‌ مه‌حه‌ممه‌دی کوڕی عه‌مر کرده‌وه‌، عومه‌ر ڕووی کرده‌ قیبتیه‌که‌و فه‌رمووی:

 

قه‌مچیه‌که‌ت ئاراسته‌ی سه‌ره‌ ڕووتاوه‌که‌ی عه‌مریش بکه‌، چوونکه‌ کوڕکه‌ی به‌ پشتیوانی باوکی توانیویتی ده‌ستدرێژی بکاته‌ سه‌ر تۆ؛

 

قیبتیه‌که‌ وتی: ئه‌ی ئه‌میری ئیمانداران! کوره‌که‌ی لێمی داوه‌ وا تۆڵه‌ی خۆشم لێکرده‌وه‌.

 

عومه‌ر وتی: به‌ خوا ئه‌گه‌ر ئه‌ویشت به‌ قه‌مچی دابگرتایه‌ته‌وه،‌ ده‌ستمان نه‌ده‌گرتی‌، هه‌تا خۆت وازت لێ نه‌هێنابایه‌.

 

پاشان خه‌لیفه‌ ڕووی له‌ عه‌مر کردو ئه‌و فه‌رمووده‌ شیرینه‌ی به‌ گوێدا دا که‌ ئێستاش هه‌ر ده‌وترێته‌وه‌ و بۆته‌ درووشمی ڕاسته‌قینه‌ی مافی مرۆڤ، که‌ ووتی:

 

ئه‌رێ عه‌مر! «متی إستعبدتم الناس و قد ولدتهم أمهاتهم أحرارا» ئه‌وه‌ ئه‌و خه‌ڵکه‌تان که‌ی کردۆته‌ به‌نده‌ی ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێی خۆتان، له‌ کاتێکدا ئه‌وانه‌ به‌ ئازادو سه‌ربه‌ست له‌ دایک بوونه؟

 

خاڵی کۆتایی:

 

له‌ کۆتاییدا ده‌مهه‌وێ بڵێم، پێویسته‌ هه‌موو ئه‌وه‌ بزانین که‌ چه‌مکی «قیتال» واته‌ شه‌ڕکردن له‌ ئایینی ئیسلامدا ته‌نیا بۆ ڕزگاری گه‌لی چه‌وسێنراوه‌ له‌ ده‌ست چه‌وسێنه‌ران‌و سته‌مکاران بووه‌. وه‌ک خوای دلۆڤانی به‌هێز ده‌فه‌رموێ: اذن للذین یقاتلون بأنهم ظلموا و أن الله‌ علی نصرهم لقدیر ﴿حج/۳۹﴾ مۆڵه‌ت دراوه‌ به‌و ئیماندارانه‌ی شه‌ڕیان پێ ده‌گێڕن، که‌ بجه‌نگن و به‌رهه‌ڵستی بکه‌ن چونکه‌ به‌ڕاستی سته‌ملێکراون، بێگومان خوا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ که‌ سه‌ریان بخات و سه‌رکه‌وتنیان پێ ببه‌خشێ.

 

قیتال یانی له‌ به‌ین بردنی ئه‌و ئاسته‌نگ‌و کۆسپانه‌ی ده‌خرێنه‌ سه‌ر ڕێگه‌ی پێشکه‌وتووی مرۆڤه‌کان؛ یانی خه‌بات له‌ پێناو دڕاندنی ئه‌و په‌رده‌ و سه‌رپۆشانه‌ی ده‌کێشرێن به‌ سه‌ر مێشک‌و بیری مرۆڤه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی مافی ڕه‌وای خۆیان نه‌ناسن و له‌ پێناویدا تێنه‌کۆشن.

 

جا بۆیه‌ ڕوو ده‌که‌مه‌ ئه‌و تاقمه‌ له‌ ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌م که هه‌قیان بۆ ڕوون نه‌بۆته‌وه‌و ده‌ڵێم بێ ئاگایانه‌ دژایه‌تی ئایینی ئیسلام مه‌که‌ن و بۆ سرینه‌وه‌ی تێمه‌کۆشن چوونکه:‌

 

یه‌که‌م: ئایینی ئیسلام پشتگیری له‌ نه‌ته‌وه‌ ده‌کاو پوتانسیه‌لێکی له‌بڕان‌نه‌هاتووی له‌ پێناو خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ ڕابردووو داهاتوو هه‌بووه‌و هه‌یه‌تی‌.

 

دووهه‌م: هه‌وڵ‌و ته‌قه‌للایه‌کی بێ که‌ڵک‌و بێ ئاکامه‌.

 

سێهه‌م: به‌شێکی زۆر له‌ وزه‌کان له‌ شتی بێ که‌ڵک دا ده‌فه‌وتێن.

 

چوواره‌م: بێحوڕمه‌تی کردنه‌ به‌ مێژووی چه‌ندین سه‌ده‌ی گه‌لی کوردو هه‌موو خه‌باتکارانی موسوڵمانی پێشه‌نگی کوردایه‌تی.

 

نمایش بیشتر

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا