بابه ته كان

چه‌مکی ره‌خنه‌ له‌ کاری رۆشه‌نبیری دا

چه‌مکی ره‌خنه‌ له‌ کاری رۆشه‌نبیری دا
 (م . سه‌لاحه‌دین محه‌مد به‌هائه‌دین)

ڕۆشنبیران کۆمه‌ڵێکن که‌ خوای گه‌وره‌ به‌هره‌ی پێداون و ده‌یخه‌نه‌ خزمه‌ت کۆمه‌ڵگه‌و که‌سانی ده‌وروبه‌ریان ، ئێمه‌ به‌رده‌وام باسی پڕۆژه‌ی له‌بار ده‌که‌ین بۆ ڕۆشنبیران و ئه‌دیبان ، پێشمان وایه‌ که‌ هه‌ر پرۆژه‌یه‌ک رێک و ته‌ڕیب نه‌بێ تووشی گرفت ده‌بێ، مافی هه‌ر که‌سێکیشه‌ که‌ ڕه‌خنه‌ له‌ ناواخن و میکانزمی پرۆژه‌کان بگرێت و ئێمه‌ ڕه‌خنه‌ به‌ گرنگ ده‌زانین و به‌ قسه‌ کردن له‌ سه‌ر ئه‌م بابه‌تانه‌ به‌یه‌که‌وه‌ هه‌نگاونانی به‌ پێز ده‌هاوێژین.
ئێمه‌ ڕوانینمان بۆ که‌سی رۆشنبیرو که‌سی سیاسی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌کرێ که‌سێک بڕوانێته‌ شتێک له‌ ڕوانگه‌یه‌ک و ئه‌وی دیکه‌ به‌ جۆرێکی دیکه‌ تێی بڕوانێ و جیاوازی له‌کاری که‌سه‌که‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌ردووکیش بۆ گه‌یشتن به‌و مه‌به‌سته‌ی که‌ کاری بۆ ده‌کات تێڕوانینی خۆی هه‌یه‌…بۆیه‌ پێویسته‌ که‌ هه‌وڵی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو تێڕوانینه‌که‌ بده‌ین نه‌وه‌ک لێکی بترازێنین چونکه‌ هه‌موومان له‌ ناو یه‌ک پرۆژه‌دا کارده‌که‌ین و، نابێ به‌که‌می سه‌یری یه‌کترو تێڕوانینی یه‌کتر بکه‌ین ، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌بێ رێز له‌یه‌کتر بگرین و که‌س خۆی به‌ هه‌موو شت نه‌زانێء که‌سیش ئه‌وی دیکه‌ به‌ میوان نه‌زانێ، چونکه‌ هه‌موومان له‌م پرۆژه‌دا ماندوو بووین و ته‌واوکه‌ری یه‌کترین.
لێره‌دا پێویسته‌ بزانین که‌ چۆن ببینه‌ ته‌واوکه‌ری یه‌کترو هه‌مووشمان له‌ کاردابین ،ئاشکرایه‌ که‌ هه‌رکه‌سێک کار بکات قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌بێت،ئێمه‌ نابێ له‌ ره‌خنه‌ بترسین، به‌لًَکو ده‌بێ ڕه‌خنه‌ لای ئێمه‌ شتێکی گرنگ بێت له‌ ژیانماندا، ترسان له‌ ره‌خنه‌ شته‌کان ون ده‌کات و گۆڕانکاریان به‌سه‌رنایه‌ت و دواتر که‌سیش ناتوانی بیگۆڕیت ، به‌ڵام ده‌بێ ڕه‌خنه‌ بۆ بوونیادنان بێت، چونکه‌ ڕه‌خنه‌ش وه‌کو هه‌موو شته‌کانی دیکه‌ ئادابی خۆی هه‌یه‌ و ده‌بێ ڕیعایه‌ت بکرێت، دیاریشه‌ ڕه‌خنه‌گری بواری شه‌رعی ..ئایینی ده‌بێ وشیار بێت و به‌رگی ئایینی و نا ئایینی تێکه‌ڵ نه‌کات .
ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌که‌ش ده‌رباره‌ی سیاسه‌ت یان هزر بوو وا باش نییه‌ که‌ خۆی به‌ کامڵ بزانێت و به‌رامبه‌ره‌که‌ی ســـفر بکات، بۆیه‌ گه‌ر به‌ ئادابی ڕه‌خنه‌ی بوونیادنه‌ر کار نه‌که‌ین ئه‌وه‌ غه‌در له‌ به‌رامبه‌رو ده‌وروبه‌ر له‌خۆمان ده‌که‌ین.

خاڵێکی دیکه‌ی گرنگ ، ئه‌میش ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ر کارێک ئه‌نجام بده‌یت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کاری مرۆڤه‌ ئه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ نابێ له‌ سنووری راستکردنه‌وه‌و ئادابی چاکسازی ده‌ربچێت و نابێ له‌ بازنه‌ی تۆمه‌تباریدا ئه‌نجام بدرێت، چونکه‌ گه‌ر جووله‌ی به‌رنامه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ هه‌ر کارو بزاڤێکدا نه‌ما ئه‌و کاره‌ به‌ره‌و نه‌مان ده‌چێت، بۆیه‌ ده‌بێ ئاداب و سنووردانانه‌کان باس بکه‌ین.

لای ئێمه‌ ڕۆحی خۆ هێشتنه‌وه‌و پاراستنی (ئایینی… نه‌ته‌وه‌یی) ئه‌ڕکێکی گه‌وره‌یه‌، گه‌ر بمانه‌وێ ناسنامه‌که‌مان بپارێزین ده‌بێ کاری بۆبکه‌ین، گه‌ربمانه‌وێ ئه‌م پرۆژه‌ ژیاریه‌ی (یه‌کگرتوو) بپارێزین ده‌بێ هه‌وڵ بده‌ین که‌ ناسنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و به‌هاکانیان له‌ په‌لاماره‌کانی به‌رامبه‌ر بپارێزین ئه‌مه‌ش ئه‌رکی ته‌واوی ئێمه‌یه‌ .

ڕه‌نگه‌ کاره‌ سیاسیه‌کان ته‌واو بن ،حیزبه‌کانی دیکه‌ شتێکی دیارکراویان هه‌یه‌و داوای ده‌که‌ن …پاشان ده‌چێته‌ کورسی ده‌سه‌ڵات ، به‌ڵام ئێمه‌ له‌و بابه‌ته‌ نین به‌ڵکو پێویسته‌ ئه‌م شۆڕش و رۆحیه‌ته‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌ی به‌رده‌م هێرشه‌کانی سه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌ په‌ره‌ پێبده‌ین و خه‌می بخۆین .
 
پڕۆژه‌ی ئێمه‌ له‌ میانه‌ی کاره‌سیاسیه‌کاندا ته‌واو نابێ ، چونکه‌ پڕۆژه‌ی ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌کی ژیاریه‌و لایه‌نی ڕۆشنبیری تیایدا لایه‌نێکی زۆر ده‌گرێت، ئێمه‌ له‌ ساڵانی په‌نجاکاندا ئه‌م کاره‌مان کردووه‌…دواتر له‌(کۆمه‌ڵه‌ی نووسه‌ران) به‌ڵام ئه‌وه‌ گرنگه‌ که‌ (قه‌ڵه‌م) ئه‌ساسه‌ له‌ پرۆژه‌که‌ماندا ،فیکریش له‌م جۆره‌یه‌ و کاری مرۆڤه‌و مه‌حکومه‌ به‌ کاریگه‌ری ده‌وروبه‌ر، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێناسه‌ی سه‌روه‌ری میلله‌ت و کۆمه‌ڵ ده‌پارێزێت، بۆ نموونه‌ حیزبی شیوعی وه‌کو هه‌موو حیزبه‌کانی دیکه‌ حیزبه‌ به‌ڵام له‌ رووی فیکریه‌وه‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ دوای ئایینه‌کان دێت ، چونکه‌ خاوه‌نی ئایدۆلۆژیه‌تێکی خۆیه‌تی و مارکسیه‌تیش فه‌لسه‌فه‌یه‌که‌و چه‌ندین لق و پۆپی لێ بۆته‌وه‌ ، گه‌ر له‌ رووی سیاسیه‌وه‌ شکستی هێنابێ ئه‌وه‌له‌رووی ئایدۆلۆژیه‌ته‌وه‌ له‌کاردایه‌ ، بۆیه‌ پێویسته‌ کار له‌سه‌ر ئه‌و بۆچونه‌ بکه‌ین که‌ ئێمه‌ش خاوه‌نی پڕۆژه‌ی خۆمانین و ده‌بێ کار له‌سه‌ر پڕۆژه‌ی خۆمان بکه‌ین که‌ هه‌ڵقوڵاوی ئیسلامه‌ و ئه‌وه‌ سه‌نه‌دو پاڵپشتی ته‌واوی ئێمه‌یه‌ .
ڕووبه‌رێکی فراوان له‌ کاری موسڵمانێک یان حیزبێکی ئیسلامی پێویستی به‌ خستنه‌گه‌ڕی (فیکر)هه‌یه‌ و ده‌بێ فیکره‌که‌ی زیندوو بێ ، گه‌ر وانه‌بێ به‌رده‌وام نابێ کاره‌که‌ی کۆتا ده‌بێو هیچ په‌یامێکی نابێت.
له‌م ڕووه‌وه‌ کاری نووسین و ئه‌ده‌ب و هونه‌ر له‌گه‌ل کاری سیاسی ته‌واوکه‌ری یه‌کتر ده‌بن، جا ئێمه‌ گه‌ر بمانه‌وێ مێژوویه‌کی پڕ سه‌روه‌ری بۆخۆمان تۆمار بکه‌ین ده‌بێ گرنگیه‌کی ته‌واو به‌ لایه‌نی ڕۆشنبیری بده‌ین، هه‌روه‌ها گه‌ر که‌سێکی ساده‌ یان ڕۆشنبیرێک له‌لایه‌نی ئایینی یان نه‌ته‌وه‌یی له‌ ئێمه‌ دووربێ….ئه‌وه‌ له‌ لایه‌نه‌ مرۆڤایه‌تیه‌که‌ی سوود مه‌ند بووه‌ ، لای ئێمه‌ فیکر پیرۆز نییه‌ به‌ڵام به‌ڕێزه‌ ، هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی به‌ڕێزه‌وه‌ سه‌یری بیریاران نه‌کات ئه‌وه‌ که‌سێکی ناته‌واوه‌.

ڕۆژانه‌ موماره‌سه‌ی سیاسه‌ت ده‌که‌ین و قسه‌ی زۆری تێدا ده‌که‌ین، بۆ نموونه‌ یه‌کێک له‌م قسانه‌ (سه‌د وشه‌) ده‌بێژێ و ڕه‌نگه‌ له‌و ئه‌وه‌نده‌ قسانه‌ (په‌نجا وشه‌)ی زیاد گووتوبێ… به‌ڵام پێویسته‌ رێزی (په‌نجا وشه‌)باشه‌که‌ی دیکه‌ بگیرێت و ده‌بێ ئاگامان له‌ هاوسه‌نگی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌کانی پرۆژه‌که‌مان ببێ و له‌ یه‌کتر نه‌ترازێین .

ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی زۆر شتی گه‌وره‌ له‌ رۆشنبیرانمان ده‌که‌ین و ده‌بێ له‌ناو (یه‌کگرتوو)دا رۆڵی سه‌ره‌کی ببینن، چونکه‌ یه‌کگرتوو له‌وه‌ته‌ی پێگه‌ی له‌ کوردستانی خۆشه‌ویستماندا هه‌یه‌ له‌ دیدی زۆر له‌ ڕۆشنبیرانی به‌ ویژدان دوا رۆژی ڕوونه‌و به‌هێزه‌و توانیویه‌تی به‌ گه‌وره‌یی له‌ سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێ چونکه‌ خاوه‌نی لێکدانه‌وه‌و خوێندنه‌وه‌ی خۆیه‌تی له‌ سه‌ر ئاین و مرۆڤ و ماف و ئه‌رک و گه‌ل و نیشتیمان، جا پێویسته‌ له‌ داهاتووشداو له‌م قۆناغه‌ هه‌ستیاره‌شدا ئه‌وه‌نده‌ی پێمان ده‌کرێ کاری باش بۆ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌که‌مان ئه‌نجام بده‌ین و زیاتر هه‌نگاوه‌کانی رابووردومان به‌ره‌و پێش ببه‌ین .

……………………………………………………………………

* وتارێکی به‌ڕێزیان بوو له‌ سیمیناری رۆشنبیران له‌(سلێمانی ــــ به‌رواری ۲۷/۴/۲۰۰۴)خوێندرایه‌وه‌ .

نمایش بیشتر

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا