كاك ئه‌حمه‌دى ؛ دڵسۆزى كورد و كوردست
سه‌ره‌تاى
ژیانى
كاك ئه‌حمه‌د
له‌نێو خێزانێكى دینــدار و خــوانـاسـدا له ساڵى 1936ى زاینی‌دا [له
شاری سنه] هاتۆته‌دنیاوه ، له ته‌مه‌نى منداڵی‌دا لاى باوكى فێرى خوێنده‌وارى
بووه‌و تێكه‌ڵى فه‌قێكانى “حوجره” ى كردووه په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ مزگه‌وتى
دار الاحسان ى سنه‌دا گه‌رم و گوڕ بووه، به‌تایبه‌تى چونكه باوكى زانایه‌كى به‌ناوبانگ
بووه و به‌رده‌وام له په‌نجا فه‌قێ كه‌مترى نه‌بووه.
هه‌ر
له ته‌مه‌نى هه‌رزه‌كاریدا كه‌سایه‌تییه‌كى هه‌ستیار بووه و زۆر به‌زه‌یى به
چینى هه‌ژاران و چه‌وساواندا هاتۆته‌وه ، به‌تایبه‌تى له ماڵیان چاپه‌ز و ئاشپه‌ز
و خزمه‌تگوزار هه‌بووه ، باوكى له زانا ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان بووه.
خۆى بۆى
گێرِامهوه: كاتێ كه یه‌كێك له‌و خه‌ڵكه مه‌حرومه
شتێكى ده‌شكاند، من پێم ده‌وت: هه‌ركه‌سێك سه‌ر و دڵى گرتى بڵێ ئه‌حمه‌د
شكاندوویه‌تى.. ئیتر به‌و ره‌فتاره سه‌رسام بوون و زۆر خۆشیان ده‌ویستم..هه‌روه‌ها
به سروشت سوپاس بۆ خوا هه‌رچى فیز و خۆ به‌گه‌وره‌زانینه له دڵ و ده‌روونمدا
جێى نه‌ده‌بۆوه.. له‌به‌رئه‌وه به گشتى خۆشه‌ویست بووم لاى هه‌موو ئه‌وانه‌ى كه
به‌رخوردم له ته‌كیاندا هه‌بوو.
خۆى بۆى
گێرِامهوه :جارێكیان
ئه‌فسه‌رێكى پایه‌به‌رز كرابوو به فه‌رمانده‌ى بنكه‌ى سه‌ربازى سنه، رۆژێكیان
باوكم په‌یوه‌ندى پێوه‌كرد و بۆ نێوڕۆخوانێك داوه‌تى كرد.
سه‌ره‌نجام حاڵه‌تى نائاسایى له ماڵه‌وه
به‌ڕێ ده‌چێت ، جۆره‌ها خۆراك ئاماده ده‌كرێت “اسراف و تبذیر” كه
خۆشیم لێى نه‌ده‌هات به ئاشكرا دیاربوو، به‌تایبه‌ت كه بیر ده‌كه‌مه‌وه
له‌و خه‌ڵكه مه‌حروم و بێ به‌شه‌ى كه به‌زه‌حمه‌ت به نانهسكى ده‌ژین.
سه‌رنجم دا سفره‌كه زۆر به‌دیققه‌ت
رێك ده‌خه‌ن، پێنج جۆر گۆشت به جۆره‌ها شێوه ئاماده كرابوو، پێنج جۆر برنج
لێنرابوو، جگه له جۆره‌ها شله و جۆره‌ها زه‌ڵاته و سه‌وزه و..شتى تر. هه‌ربۆیه
له ناخى خۆمدا بڕیارمدا: شه‌رتبێ ده‌مى لێ نه‌ده‌م.
سه‌یر له‌وه‌دابوو كاتێ ئه‌فسه‌ره‌كه
و هاوهڵانى هاتن سه‌رسام بوون و دیاربوو سفره‌ى وایان نه‌دیبوو ، بۆیه كه‌س ده‌مى
لێ نه‌دا ، تا وێنه‌گرێك دێت و وێنه‌یه‌ك له سفره و خوانه‌كه ده‌گرێت.
ئیتر له‌ناخمدا ده‌كوڵام و
بڕیارمدا هه‌ر كه سنه به‌جێبێڵم و به‌شوێن زانستى شه‌رعیدا بگه‌ڕێم..!!
له
كوردستانى باشووردا:له
سه‌ره‌تاى په‌نجاكاندا كاك ئه‌حمه‌د سنوورى به‌زاند و له كوردستانى خۆرهه‌ڵاته‌وه
رووى كرده كوردستانى باشوور و لێره به خزمه‌ت هه‌ندێ له زانایانى ته‌وێڵه و
بیاره و هه‌ڵه‌بجه شاد بوو، كه به‌ناوبانگترینیان مامۆستا مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمى
مودهرِیس بوو، هه‌روه‌ها سه‌ردانى ژماره‌یه‌ك له دێهاته‌كانى ئه‌و ناوچه‌یه‌ى
كردووه به مه‌به‌ستى خوێندن یان سه‌ردانى دۆستان و هاوهڵانى.
له رهمهزانهكانیشدا ده‌بووه مه‌لاى
ره‌مه‌زان و هه‌ر ساڵه‌ى له ئاواییه‌كى شاره‌زوردا ره‌مه‌زانى به‌سه‌ر ده‌برد و
جه‌ژنى بۆ خه‌ڵكه‌كه ساز ده‌دا.
ساڵێكیان رێى ده‌كه‌وێته یه‌كێك له‌و
دێهاتانه و له وتارى جه‌ژندا كورته بابه‌تێكى قیامه‌ت پێشكه‌ش ده‌كات و هانى خه‌ڵكه‌كه
ده‌دات بۆ ده‌ستپاكى و دوره‌په‌رێزى له حه‌رامخۆرى. نمونه‌یه‌ك ده‌هینێته‌وه و
ده‌ڵێت:
ئه‌ى موسڵمانینه.. كه‌س له قیامه‌تدا
له‌به‌رده‌م دادگاى پڕِ له دادى خواییدا ناتوانێت نكوڵى له هیچ كام له كرده‌وه‌كانى
بكات، چونكه ده‌ست و چاو و قاچ و پێست … هه‌موو دێنه زمان، شته دزراوه‌كان
دێنه مه‌یدان و شایه‌تى له‌سه‌ر دزه‌كه ده‌ده‌ن.. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر كه‌سێك بزنێكى دزى
بێت بزنه‌كه دێته مه‌یدان و شایه‌تى له دزه‌كه ده‌دات!!
جا فه‌رمووى: هه‌ركه ئه‌مه‌م وت ،
كابرایه‌ك وتاره‌كه‌ى پێبڕیم و وتى: مامۆستا.. مامۆستا.. به‌ڕاست خوای ته‌عالا
بزنه‌كه زیندوو ده‌كاته‌وه و ئاوا ده‌یهێنێته مه‌یدان..؟! وتم: به‌ڵێ:
دڵنیابه ، كابرا وتى: سا به‌خوا شتێكى باشه، منیش ڕیشى ده‌گرم و ده‌یده‌مه‌وه
ده‌ست خاوه‌نى!!
ئیتر خه‌ڵكه‌كه هه‌موو دایانه قاقاى
پێكه‌نین، جا كه پێكه‌نینه‌كه‌یان نیشته‌وه تێم گه‌یاندن، قیامه‌ت شوێنى لێپرسینه‌وه‌یه
هیچ كرده‌وه‌یه‌ك له خواى گه‌وره په‌نهان نیه، چى بچێنیت ئه‌وه ده‌دوریته‌وه.
كه‌وا
و سهڵتهكهى
دواى دوو سێ ساڵ هه‌واڵ ده‌چێته‌وه
بۆ ماڵى باوكى كاك ئه‌حمه‌د ده‌رباره‌ى كه‌وا و سه‌ڵته‌ى شڕ و پێناویهكهى ئه‌وانیش
سه‌ریان سوڕ ده‌مێنێ، چونكه به‌رده‌وام پاره و پووڵى بۆ ده‌نێرن كه خزمه‌تى خۆى
پێ بكات، به‌ڵام كاكه ئه‌حمه‌د كه‌سایه‌تییه‌كى به‌خشنده و هاوهڵدۆست بوو،
ئاسووده نه‌ده‌بوو پۆشاكى تازه‌ى له‌به‌ردابێت و هاوه‌ڵه‌كانى گیرفانیان به‌تاڵ
بێ ، بۆیه ده‌یبه‌خشییه‌وه به‌سه‌ریاندا.
تا سه‌ره‌نجام باوكى یه‌كێك له
خزمانى به‌تایبه‌تى نارد به هه‌ندێ پاره‌وه تا له سلێمانى كه‌واو سه‌ڵته‌ى تازه‌ى
بۆ بكرِێت.. خۆى ده‌ڵێت:
ئیتر خزمه‌كه له‌كۆڵم نه‌بۆوه ده‌ستى
به‌رنه‌دام تا كردمى به شارى سلێمانیدا و كه‌وا و سه‌ڵته‌ى تازه‌ى بۆ كرِیم.
گهرِانهوه
بۆ شارى سنه
كاك ئه‌حمه‌د
ده‌ڵێت: دواى چه‌ند ساڵێك هه‌ستم كرد شتێك له زانسته شه‌رعییه‌كان شاره‌زابووم
بڕِیارمدا بگهرِێمهوه بۆ شارى سنه، كه گه‌یشتمه ئه‌وێ دایك و باوك و
خزمان پێشوازییه‌كى گه‌رمیان لێ كردم..
دواى چه‌ند رۆژێ له خزمه‌ت باوكمدا
چووین بۆ مزگه‌وتى دار الاحسان نزیكه‌ى په‌نجا فه‌قێیه‌ك ئاماده‌بوون كه باوكم
رۆژانه ده‌رسى پێ ده‌وتن، دیاربوو ده‌یویست تاقیم بكاته‌وه بۆیه وتى: ئه‌مه ئه‌حمه‌دى
كوڕِمه و چه‌ند ساڵێكه له كوردستانى عێراقه، له‌وه ده‌چێت به زانستێكى فره‌وه
گهڕِابێتهوه،حه‌ز ده‌كه‌م له‌مه‌ولا له‌باتى من ئه‌و وانه‌تان پێ بڵێت ، پێم
باشه هه‌ر ئێستا ناوى خواى لێ بێنێ و رووى تێ كردم و وتى: فه‌رموو ئه‌حمه‌د بزانم..
كاك ئه‌حمه‌د فه‌رمووى: منیش ناوى
خوام لێ هێنا و زۆر به جوانى و رِێكوپێكى وانه‌كانم وته‌وه، هه‌ستم ده‌كرد كه
هه‌ر هه‌موو “ته‌وفیقاتى ئیلاهى” بوو، چونكه
من خۆم ئاماده نه‌كردبوو بابه‌ته‌كه‌ش قورس بوو، ژماره‌ى فه‌قێكانیش زۆر بوون و
هه‌موو له ئاستێكى به‌رزدا بوون.
جا
وه‌كو شێوازێكى نوێ وتم: جا ئێسته كێ شتێك تێنه‌گه‌یشتووه، یان پرسیارێكى هه‌یه،
با بفه‌رموێ!!
به‌و شێوه‌یه وانه‌كه تا نزیكى نیوهرِۆى
خایاند دوور له بێزارى و ماندوو بوون و بێ تاقه‌تى.
پاشان سه‌رنجى باوكم دا ره‌نگى گه‌شابۆوه
هه‌ر سوپاسى خواى ده‌كرد، دوایى وتى پێم: ئه‌حمه‌د گیان له راستیدا من ویستم
تاقیت بكه‌مه‌وه و برِوام وا نه‌بوو ئه‌وه‌نده زانستى شه‌رعیت به‌ده‌ست هێنابێت،
ئیتر له‌مه‌ودوا له‌م كاره پیرۆزه‌دا ده‌بێ به‌رده‌وام بیت.
ئه‌ندامێتى
حیزبى دیموكراتی کوردستان
كاكه ئه‌حمه‌د جگه له‌وه‌ى كه‌سایه‌تییه‌كى
زاناى لێ ده‌رچوو ، هه‌ست و سۆزێكى نهتهوایهتیشى بۆ دروست بوو، چونكه گه‌لى
كوردى ده‌بینى چه‌وساوه و به‌ش مه‌ینه‌ته، خوێندن و نووسینى به زمانى خۆى لێ قه‌ده‌غه
كراوه، هه‌ر بۆیه په‌یوه‌ندى كرد به پارتى دیموكراته‌وه و بوویه ئه‌ندامێكى
چالاك له نێو ریزه‌كانیدا و وه‌كو نوسه‌رێك به‌شدارى ده‌كرد له بڵاوكراوه‌كانیدا.
هه‌ر بۆیه داى ماوه‌یه‌ك زانرا و ده‌ستگیركرا
و له گرتووخانه‌یه‌ك له تاران به‌ندكرا.
له
گرتوخانه‌دا
له‌نێو به‌ندیخانه‌دا كاك ئه‌حمه‌د ره‌وشت
به‌رزى و دیندارى پێوه دیاربوو، ئه‌وانه‌ى ئاشت ده‌كرده‌وه كه ده‌بووه
كێشه‌یان، به‌رخودانى هه‌بوو زۆرجار به‌شه خۆراكهكهى خۆى ده‌به‌خشى به كه‌سێك
كه به‌شى كه‌م بوو یان تێرى نه‌ده‌خوارد ، هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ هه‌ندێ كه‌سایه‌تى
ئاشنایه‌تى په‌یدا كرد، وه‌كو “حجة الاسلام باهنر” كه دواتر بوو به
سه‌ره‌ك وه‌زیران.. پرسیم له كاك ئه‌حمه‌د: ئه‌ى ئه‌م
رِێبازى ئێستات چۆن گرته‌به‌ر..
فه‌رمووى: له
كاتى زیندانى كردن‌دا بووم شه‌وێك خه‌ونێكى سه‌یرم بینى: به خزمه‌ت پێغه‌مبه‌ر
-درودو سڵاوى خواى له‌سه‌ر- گه‌یشتم، ئه‌و ته‌شریفى دانیشتبوو، منیش وه‌كوو
منداڵێكى ته‌مه‌ن حه‌وت هه‌شت ساڵان ده‌ستم خستبووه سه‌ر شانى پیرۆزى، ئه‌ویش
قورئانێكى به ده‌سته‌وه بوو، هه‌وڵى ده‌دا قورئانم به وردى فێر بكات.. چه‌ند
ئایه‌ت و سوره‌تێكى پێ وتم، كتوپرِ خه‌به‌رم بووه‌وه، خه‌وم زرِا، هه‌ستم به
گۆرِانێكى زۆر ده‌كرد له دڵ و ده‌رونمدا، ئه‌سرین له چاوانم بارى، له دڵى خۆمدا
ده‌موت: ئه‌مه به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه من شاره‌زاییم له قورئان كاڵ و
كرچ و كه‌مه، ده‌بێ له‌مه‌ودوا به وردى سه‌رنجى بده‌م و بیكه‌مه په‌یامى رزگارى
بۆ گه‌له‌كه‌م.
ئه‌و شه‌وه‌م به شه‌ونوێژ به‌سه‌ربرد
و دیمه‌نى پێغه‌مبه‌ر -درود وسڵاوى خواى له‌سه‌ر- هه‌ر له‌به‌ر چاوان بوو، كاتێ
قورئانم ده‌خوێند له نوێژه‌كاندا ده‌توت تازه ده‌یخوێنم و نهم خوێندووه‌ته‌وه
و نهم بیستووه، دوایى كه رۆژ بۆوه هه‌وڵمدا قورئانێكم په‌یدا كرد و ده‌ستم
كرده ده‌وركردنه‌وه و تێفكرین و رامان له ئایه‌ته‌كان، ده‌مخوێنده‌وه، بیرم ده‌كرده‌وه
له فه‌رمانه‌كان تا چ ئاستێك من و ئه‌و خه‌ڵكه پابه‌ندین پێوه‌ى!!
هه‌ستم كرد له شوێنى ئایه‌ته‌كاندا
كه مرۆڤایه‌تى به درێژایى مێژوو گیرۆده‌ى ده‌ستى سته‌مكار و ملهورِهكانه.
مرۆڤایه‌تى
دوو ده‌سته‌ى سه‌ره‌كیه له‌لایه‌كه‌وه..
هه‌یانه ئیماندار و ده‌ست و دڵ پاك و
خواناسه. هه‌شیانه بێ ئیمان و درِنده و خوێنرِێژ و ناپاك، لهلایهكىتریشهوه
ده‌سته‌یه‌كیان “مستكبر” و زاڵم و سته‌مكار ، ده‌سته‌یه‌كیش
“مستضعف” و چه‌وساوه و لاواز و گه‌له‌كه‌ى منیش له‌م ده‌سته دوانییه
ده‌هاته به‌رچاو بۆیه برِیارمدا هه‌ر كه ئازاد كرام هه‌وڵ بده‌م به‌م قورئانه
گه‌له‌كه‌م رزگار بكه‌م.. ئه‌وسا ئیتر شێوازى گفتوگۆم گۆرِى، سه‌ره‌تا ژماره‌یه‌كى
كه‌مم له خزمان و دۆستان كۆكرده‌وه به ده‌ورى خۆمدا ده‌ستمان كرد به
خوێندنى قورئان و لێكدانه‌وه‌ى واتاكانى.. دواى یه‌ك دوو ساڵ كه زۆر بووین بینایه‌كمان
به‌كرێ گرت و ناومان نا “مه‌دره‌سه قورئانى سنه” هه‌فته‌ى جارێك بۆ
برایان و جارێكیشیان بۆ خوشكان، دواى نوێژى عه‌سر تێیدا كۆده‌بووینه‌وه، سه‌ره‌تا
ده‌ستم كرد به وتنه‌وه‌ى پێشه‌كی ته‌فسیرى”فی ظلال القرآ‌ن”ى سه‌ید قوتب
له چه‌ند وانه‌یه‌كدا، له‌وه‌ودوا هه‌ر له روانگه‌ى قورئانه‌وه، باسى كێشه
كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسى و ئابوورییه‌كان هاتنه نێو دهرسهكانهوه..
له‌لایه‌ن ده‌زگاى ساواكه‌وه پێمان
زانرا، چه‌ند جار بانگیان كردم.. جارجار به ته‌ماعى ماددى هه‌وڵیان له‌گه‌ڵدا
ده‌دام كه یان وازبێنم، یان هاوكاریان بكه‌م!! پاشان كه سوودى نه‌بوو كه‌وتنه
ههرِهشه و گورِهشه… له‌و رۆژگاره‌دا هاوسه‌ره‌كه‌م توشى نه‌خۆشى شێرپه‌نجه
بووبوو، وتیان ده‌یبه‌ین بۆ ئیسرائیل بۆ چاره‌سه‌رى به‌مه‌رجێ تۆ یان وازبێنى یان
هاوكاریمان بكه‌یت ..
به‌ڵام من هه‌میشه پێم ده‌وتن من
وانه‌ى قورئان ده‌ڵێمه‌وه ئێوه‌ش وه‌رن قورئان فێربن!
دواى ماوه‌یه‌ك زانیم كه بزوتنه‌وه‌یه‌كى
رزگارى خوازى له‌نێو شیعه مه‌زهه‌به‌كاندا هه‌یه بۆ به‌رپاكردنى حكومه‌تێكى
ئیسلامى له‌ئێراندا كه به رابه‌رى ئایهتوڵڵاى خومهینىیه، بۆیه منیش په‌یوه‌ندیم
پێوه كرد و نامه‌م بۆ نارد و پشتیوانى گه‌لى كوردى موسڵمانم بۆ باس كرد له‌گه‌ڵ
بارودۆخى ئێستادا.
سه‌ره‌نجام چه‌ند قوتابخانه‌یه‌كى
ترمان له مه‌ریوان و چه‌ند شارێكیتر كرده‌وه و چه‌ندین مامۆستا و قووتابى و
رۆشنبیر به‌ده‌وریدا كۆبوونه‌وه.
سه‌ره‌تاى
شۆرِش
له كۆتایى ساڵى 1978 دا سه‌ره‌تاى
شۆرِش ده‌ستى پێ كرد، له تاران و ته‌برێز و ئه‌سفه‌هان، خه‌ڵكێكى زۆر بوونه
قوربانى ، له كوردستانیش هه‌ندێ جموجوڵ ده‌ستى پێ كرد و شریتێكى زۆر كه دژى
رژێمى شا بوو بڵاوكرایه‌وه..
سه‌ره‌نجام شۆرِش سه‌رى گرت و ئایه‌توڵڵا
خومه‌ینى گهرِایهوه بۆ تاران، له گۆرستانى به‌هه‌شتى زه‌هرا وتارێكیدا، یه‌كسه‌ر
دوا به‌دواى ئه‌و كاك ئه‌حمه‌دى موفتى زاده، وتارێكى پێشكه‌ش كرد، به‌ڵام به‌هه‌ر
هۆیه‌ك بوو په‌رده‌یه‌كیان هێنا به‌روویدا و هه‌ر ده‌نگه‌كه‌ى ده‌بیسرا.
له
كوردستاندا
دواى چه‌ند مانگێك له‌سه‌رانسه‌رى
ئێران‌دا ریفراندۆمێك ئه‌نجامدرا بۆ به‌ده‌ست هێنانى راى جه‌ماوه‌ر بۆ كۆمارى
ئیسلامى ، له كوردستانیشدا رایه‌كى زۆرى بۆ كۆكرایه‌وه..
شایانى باسه له‌و رۆژگاره‌دا حكومه‌ت
متمانه‌ى به لایه‌نگرانى كاك ئه‌حمه‌د هه‌بوو، بۆیه پۆستى فه‌رماندارى (قائیقام)
و پۆستى (شهردارى) و په‌روه‌رده و فێركردن( آموزش و پرورش)ى به‌وان سپارد و
دواتریش پارێزگارى (استاندار) ى كوردستان یه‌كێك له‌لایه‌نگرانى مهدرهسهكهى
كاك ئه‌حمه‌د بوو له هه‌مانكاتدا گروپه ماركسییه‌كان ره‌شبین بوون و چاویان به
ئیسلامدا به‌گشتى هه‌ڵنه‌ده‌هات، هه‌ر بۆیه له هاوینى 1979ز په‌لامارى بنكه‌یه‌كیان
دان و 13 كه‌سى تێدابوو 11ى شه‌هید كرا‌و یه‌كێك كه به سه‌ختى برینداربوو پاشان
رزگارى بوو له‌گه‌ڵ یه‌كێكى تریاندا.
له هه‌ندێ له شارهكانىتریش یاخى
بوون له ده‌وڵه‌ت به‌رپابوو “ئایه‌توڵڵا خومه‌ینى” په‌یامێكى ده‌ركرد و
داواى له سوپا و سوپاى پاسداران و جه‌ماوه‌ر كرد هه‌ڵمه‌ت به‌رن بۆ رزگاركردنى
كوردستان له چنگى له‌خوا بێ خه‌به‌ران: ئیتر ئه‌وه‌بوو له ماوه‌یه‌كى كه‌مدا هه‌موو
چه‌كداره‌كان به ناچارى په‌نایان برد بۆ حكومه‌تى به‌عس كه دوژمنى سه‌رسه‌ختى گه‌لى
كوردى عێراق بوو..
به‌ڵام دواى چه‌ند مانگێك كه‌وته
گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ئه‌و نه‌یارانه‌دا و سه‌ره‌نجام رِێكهوتن له‌سه‌رئه‌وه‌ى كه به‌شێك
له كوردستانیان پێ بسپێرن.
ئه‌وانیش دژ به ئیسلام بوون به‌گشتى
و شوێنكه‌وتووانى كاك ئه‌حمه‌د به‌تایبه‌تى، هه‌ر بۆیه لایه‌نگرانى كاكه ئه‌حمه‌د
ئه‌وه‌یان كه ناسراو بوون ناچارى كۆچ كردن بوون بۆ كرماشان و هه‌ندێ شوێنی‌تر.
یه‌كه‌م
دیدارم له‌گه‌ڵ كاك ئه‌حمه‌ددا
نووسه‌رى ئه‌م بیره‌وه‌رییانه له
16/9/1979 داواى زهحمهتێكى زۆر گه‌یشته مه‌ریوان و له‌وێ ده‌رفه‌تم بۆ ره‌خسا كه
هه‌ندێ چالاكى ئه‌نجام بده‌م له “مه‌دره‌سه‌ى قورئان” ى مه‌ریوان و
رادیۆدا، به‌ڵام دواى مانگێك كه ئه‌و رِێككهوتنهى باسمان كرد روویدا، بۆ ئه‌وه‌ى
جارێكى تر خوێنرِێژى روو نه‌دات، برِیار درا روو بكه‌نه كرماشان.
جا له‌وێ له‌گه‌ڵ چه‌ند برایه‌كدا
چووین بۆ سه‌ردانى كاك ئه‌حمه‌د.
شایانى باسه به‌نده نامه‌یه‌كى
“مامۆستا سه‌ڵاحه‌دین ئه‌مینداری ئێستای یه‌کگرتووی ئیسلامی کوردستان”م
پێ بوو كه تێیدا هه‌ندێ پێشنیارى نووسیبوو بۆ كاك ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ پێناسینى به‌نده‌دا،
سه‌ره‌تا زۆر به گه‌رمى به‌خێرهاتنى هه‌موومانى كرد.. پاشان كه نامه‌كه‌ى خوێنده‌وه
زیاتر به‌خێرهاتنى كردم و فه‌رمووى:”له ئهیامێكى پڕ له تقلبات و سه‌یردا
هاتوون ان شاءالله به‌خێر و سه‌ربه‌رزى هه‌موولایه‌ك ده‌گوزه‌رێ”
پاشان كه زانى برایان برِیاریان داوه
بچن بۆ تاران بۆ ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌كانى میلله‌ت و مانگرتن له شوراى ئیسلامى
و دیدار له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى شۆرِشدا بیرێكى قووڵى كرده‌وه و فه‌رمووى: كارێكى
چاك و به‌ره‌كه‌تداره انشاءالله، به‌ڵام وریابن با كاره‌كانتان هه‌میشه به مه‌شوره‌ت
و پرس و را بێت، رۆژنامه‌نووسان دێن بۆ سه‌ردانتان دوو كه‌سى قسه‌زان دیارى بكه‌ن
بۆ گفتوگۆ و وه‌ڵامدانه‌وه..
ئیتر له‌وێ داخوازییه‌كان له نامه‌یه‌كدا
رِێكخرا و بۆ پۆسته‌ریش خاڵه گرنگه‌كانى نووسرا و له‌سه‌ر دیوارى هۆڵى پشودان له
ئه‌نجومه‌ن هه‌ڵواسرا كه گرنگترینان:
• چاك كردنى ماده‌ى 12 بوو كه مهزههبگهرایى
تێدا نه‌هێڵرێ.
• لابردنى سته‌مى میللى، مهزههبىو ته‌به‌قاتى.
• گرنگیدان به ئاوه‌دانى كوردستان له
رووى به‌رپاكردنى كارخانه، ته‌ندروستى و خوێندنه‌وه.
• داننان به مافى خودموختاری بۆ
كوردستان.
به‌ڵام
دواى یه‌ك مانگ مانگرتن و رۆژانه گفتوگۆ له‌گه‌ڵ سه‌رانى حكومه‌تدا، هیچ وه‌ڵامێك
نه‌دراینه‌وه، ناچار روومان كرده چه‌ند شارێك، به مه‌رجێك له یه‌كترى دانهبرِێین،
ئێمه كه گروپێكى 15 كه‌سى بووین روومان كرده شارى ئیسفه‌هان و له‌وێ هه‌ندێ له
برایان چه‌ند نامیلكه‌یه‌كیان ئاماده كرد به‌ناوى “یه‌كێتى لاوانى موسڵمانى كوردستان“، هه‌روه‌ها هه‌ندێ
وانه‌ى رۆژانه و ئه‌نجام دانى نوێژه‌كان به كۆمه‌ڵ و وتار و نوێژ له رۆژانى هه‌ینیدا
رێكخرا.
ئه‌وسا
له جه‌ژنى ره‌مه‌زاندا به سه‌ردان گهرِاینهوه بۆ كرماشان به‌تایبه‌ت چونكه
زۆر تامهزۆرى دیدارى كاك ئه‌حمه‌د بووین، كه گه‌یشتینه ئه‌وێ دیاربوو ئه‌ویش
تامه‌زرۆى دیدارى ئێمه بوو، بۆیه پێشوازییه‌كى گه‌رمى لێ كردین و هه‌ندێ بابه‌تى
ئیمانى له روانگه‌ى قورئان و ژیاننامه‌ى پێغه‌مبه‌رى-درود و سڵاوى خواى له‌سه‌ر-
له‌كاتى جیاجیادا بۆ باس كردین، خانوویه‌كى كۆنى جوله‌كه‌یه‌كیان گرتبوو به‌كرێ،
هه‌ندێ شوێنى نهێنى سه‌یرى تێدا بوو كه دواى چه‌ند مانگێك پێى زانرا… له‌وێ له‌كاتى
خۆیدا بانگ ده‌درا و نوێژه‌كان هه‌ندێ جار به ئیمامه‌تى كاك ئه‌حمه‌د و هه‌ندێ
جاریش به ئیمامه‌تى به‌نده ئه‌نجام ده‌درا.
شه‌وێكیان له
خزمه‌تیدا چووین بۆ سه‌ردانى كۆمه‌ڵێك له لایه‌نگرانى له بنكه‌یه‌كدا.. زۆربه‌یان
قوتابى دانشگا و مامۆستا بوون. دیاربوو وانه‌یه‌كى حه‌فتانه‌ى هه‌بوو، بابه‌تێكى
به‌پێزى ئاماده كردبوو، له‌ژێر ناونیشانى “دین و ئینسان” له كۆتاییدا
عه‌رزم كرد ئه‌گه‌ر مۆڵه‌ت بده‌ن حه‌ز ده‌كه‌م له‌نێو ئه‌م برایانه‌دا بمێنمه‌وه..ئه‌ویش
بێ وه‌ستان و دوو دڵى فه‌رمووى : ئه‌مه فڵانه كه‌سه و له كوردستانى
عێراقه‌وه هاتووه واى دانێن كه خۆمم و به‌رده‌وام له خزمه‌تتان دام ، سودى لێ
وه‌ربگرن و گوێ بیستى رێنموییهكانى بن .
له
تاران
دواى چه‌ند مانگێك له‌نێو ئه‌و
برایانه‌دا فرسه‌تم هێنا نامیلكه‌یه‌كم ئاماده كرد ده‌رباره‌ى ژیاننامه‌ى پێشه‌واى
شه‌هید حه‌سه‌ن ئه‌لبه‌ننا و بردم بۆ تاران بۆ به‌چاپ گه‌یاندنى.
كاك ئه‌حمه‌دیش له تاران بوو، چووین
بۆ خزمه‌تى و كاتێكى پرِ به‌ره‌كه‌تمان پێكه‌وه برده سه‌ر، هه‌ندێ بابه‌تى
ئاماده كردبوو ده‌رباره‌ى هه‌وڵ و كۆششه‌كانى بۆ چاكسازى له كۆمارى
ئیسلامی‌دا بۆ ته‌رجومه كردن بۆ عه‌ره‌بى و ناردمان بۆ چه‌ند گۆڤارێكى ئیسلامى ده‌ره‌وه..
هه‌روه‌ها نامیلكه‌كانى پێشه‌واى شه‌هیدم
به دیارى بۆ برد جگه له چه‌ند وتارێكى رۆژانى هه‌ینى خوالێخۆشبوو عه‌بدولحه‌مید
كوشك.
به‌رپا
كردنى كۆنفرانسێك بۆ ئه‌هلى سوننه
كاك ئه‌حمه‌د هه‌میشه له بیرى ئه‌هلى
سوننه‌دا بوو به گشتى و گه‌لى كوردى موسڵمان به‌تایبه‌تى، زۆر هه‌وڵى دا كه
رِێرهوى ده‌وڵه‌ت مه‌زهه‌بى ته‌سك نه‌بێت و ئیسلامییه‌كى پرِ له داد و خه‌مخۆرى
چه‌وساوان بێت، هه‌میشه دوپاتى ده‌كرده‌وه كه ئاینى ئیسلام له مه‌زهه‌ب گه‌وره‌تره.
كۆتا وتارى له”حوسهینییهى
ئیرِشاد” كه مزگه‌وتێكى گه‌وره‌یه له‌ناو جه‌رگه‌ى تاران‌دا پێشكه‌ش كرد و
له هه‌وڵه‌كانى بۆ چاكسازى دواو له كۆتاییدا نائومێدى خۆى راگه‌یاند.
له‌وه‌ودوا
كاك ئه‌حمه‌د په‌یوه‌ندى كرد به كه‌سایه‌تییه ناوداره‌كانى ئه‌هلى سوننه‌وه له
كوردستان و سیستان و بلوچستان .
پاشان له تاران كۆبوونه‌وه‌یه‌كى چه‌ند
رۆژه‌ى ئه‌نجامدا، سه‌ره‌تاكه‌ى خۆى له ماوه‌ى چوار كاتژمێردا له هه‌وڵه‌كانى
خۆى دواو هه‌ڵوێستى حكومه‌تیشى باس كرد.
پاشان گه‌لێك بابه‌ت تاوتوێ كران و شه‌هید
ناسرى سوبحانى په‌سه‌ند كرا به هاوكارى كاك ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكى تردا.
شایانى باسه ئاگادارى وه‌زاره‌تى
كێشوه‌ر (ناوخۆ) كرابوو دوو نوێنه‌ریان وه‌كو چاو‌دێر ئاماده بوون..له
كۆتایی كۆنفرانسه‌كه‌دا به‌یاننامه‌یه‌كیان ئاراسته‌ى حكومه‌ت كرد و له‌توێیدا نیه‌ت
پاكى و دڵسۆزى خۆیان دووپات كرده‌وه له‌گه‌ڵ جه‌خت كردنه‌وه له‌سه‌ر داواكارییه‌كانى
ئه‌هلى سوننه به گشتى و لابردنى سته‌م له‌سه‌ر سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌كان به‌تایبه‌تى.
هه‌ڵوێستى
كاك ئه‌حمه‌د ده‌رباره‌ى جیهاد
له‌و رۆژگاره‌دا
كه كۆمه‌ڵه ماركسییه‌كان ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بوو به‌سه‌ر هه‌ندێ شار و شارۆچكه‌ى
كوردستاندا ده‌ستیان كرد به دژایه‌تى ئیسلام و ره‌وشته به‌رزه‌كان به گشتى و
لایه‌نگرانى كاكه ئه‌حمه‌د به‌تایبه‌تى، هه‌ردوو خانهوادى شبلى و نمكى كه هه‌ر
یه‌كه‌یان ژماره‌یه‌كیان له ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌دا لێ شه‌هیدكرا، جگه له شه‌هیدكردنى
چهندههاى تر به‌شێوه‌یه‌كى درِندانه.بێ گومان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ى ماركسییه‌كان
بوو به هۆى جۆش و خرۆشى ده‌روونى لاوانى لایه‌نگرانى كاك ئه‌حمه‌د به‌تایبه‌تى
چه‌كیش ئاسان به‌ده‌ست ده‌هات، تا ئه‌وانیش تۆڵه‌ى شه‌هیدان بكه‌نه‌وه و سنورێك
دابنێن بۆ سه‌ركه‌شى ماركسییه‌كان.
دیار بوو كاك ئه‌حمه‌د ئه‌و كاردانه‌وه‌یه‌ى
به هیچ شێوه‌یه‌ك لا په‌سند نه‌بوو، هه‌تا كار گه‌یشته ئه‌وه‌ى كه هه‌ندێكیان
هاتن بۆ لاى به‌نده و دواى باسكردنى بارودۆخه‌كه داوایان له به‌نده كرد كه په‌یامه‌كه‌یان
بگه‌یه‌نم، چونكه ده‌یانزانى كاك ئه‌حمه‌د رِێزى تایبه‌تى هه‌یه بۆمان و ره‌نگه
گوێ بیست ببێ.شایانى باسه منیش رام هه‌روه‌ك راى كاك ئه‌حمه‌د وابوو به‌ڵام
له‌به‌ر دڵى براكان پهیامهكهیانم گه‌یاند..
كاك ئه‌حمه‌د به هه‌ندێ گرژییه‌وه
فه‌رمووى: سوێند به خوا ئه‌گه‌ر دانه دانه بمانكوژن، به ره‌واى نازانم ده‌ست
بده‌ینه چه‌ك، با شه‌هید بكرێین و سینگمان خوێناوى بێت باشتره له‌وه‌ى ده‌ستمان
خوێناوى بێت به خوێنى خه‌ڵكانێك كه نامانناسن و نازانن ئێمه چه‌نده دڵسۆزى ئه‌وان
و گه‌لى كوردستانین، جیهادى ئهمرِۆى ئێمه جیهادى خۆگرى و ئارامگرتنه.
درێژدان
به خه‌باتى سیاسى
له هاوینى
ساڵى 1982 كاك ئه‌حمه‌د و ئه‌ندامانى شوراكه‌ى برِیاریاندا كه درێژه بده‌ن به
خه‌باتى سیاسى، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته كۆنگره‌یه‌كى فراوانیان به ئاشكرا له كرماشان
سازدا و سه‌رله‌نوێ زانایان و كه‌سایه‌تییه خهمخۆرهكانى كوردستان و ناوچه
سوننى نشینهكانیان كۆكرده‌وه كه ژماره‌یان له 200 كه‌س زیاتر بوو. سه‌ره‌تا
كاك ئه‌حمه‌د له‌سه‌ر كۆڵنه‌دان و خه‌باتى سیاسى ره‌خنه‌ى ئاشكراى له سه‌رانى
ده‌وڵه‌ت و هه‌ڵوێستیان گرت.
كۆنگره‌كه چه‌ند رۆژێكى خایاند و، ده‌وڵه‌ت
به پیلانگێرِ و گێره‌شێوێن ناوزه‌دى كردن و برِیارى گرتنى زانا و كه‌سایه‌تییه
ناوداره‌كانى دا.
كاك ئه‌حمه‌دیش سه‌فه‌رى كرد بۆ تاران
تا له نزیكه‌وه سه‌رانى حكومه‌ت تێبگه‌یه‌نێ كه ئێمه پیلانگێرِ نین و داواى
مافى ره‌واى خۆمان ده‌كه‌ین، به‌ڵام دواى چه‌ند رۆژێك له گرتووخانه‌دا توندكرا!!
له
به‌ندیخانه‌دا
كاك ئه‌حمه‌د له به‌ندیخانه‌دا نمونه‌ى
خۆگرى و ئارامگرى بوو، هه‌ركه هه‌لى بۆ برِهخسایه ئامۆژگارى پاسه‌وانان و
پاسدارانى ده‌كرد، هه‌رچه‌نده فه‌رمان وابوو كه له شوێنى ناشایسته‌دا به‌ند
بكرێ.. ئیتر ئه‌وه‌بوو سه‌رماى زستان و گه‌رماى هاوین و بێ خزمه‌تى كارى تێ كرد و
له كۆتا ساڵى ته‌مه‌نیدا به ته‌واوى ته‌ندروستى خراپ بوو.. كاك ئه‌حمه‌د نزیكه‌ى 10
دانه ساڵ له زینداندا مایه‌وه زۆر كه‌م ده‌یانهێشت سه‌ردانى بكرێت، سه‌ردانه‌كانیش
له پشتى په‌نجه‌ره‌وه بوو هه‌روه‌ها ده‌بوایه به ته‌له‌فۆن و به فارسى قسه
بكه‌ن و بۆ ماوه‌ى چه‌ند خوله‌كێك و چاودێریش به دیارییه‌وه ده‌وه‌ستا!.
شێعرهكانى
له زینداندا
له زینداندا دوور له برا و هاوهڵانى،
دوور له خزم و خوێشانى فرسه‌تێكى فراوانى هه‌بوو بۆ بیركردنه‌وه و تێفكرین، هه‌ر
بۆیه چه‌ند نامیلكه شیعرێكى نووسى له خۆشه‌ویستى خوا گه‌وره و پێغه‌مبه‌رى
ئازیز‌و هاوهڵانى، كه هه‌ندێكى دواى وه‌فاتى بوونه سروودى پرِ جۆش و خرۆش و
تۆمار كران و په‌خش كرانه‌وه له كوردستانى رۆژهه‌ڵات و باشووردا.
هه‌روه‌ها
شیعره‌كان له زه‌م كردنى سته‌مكاران و زۆردارانى تێدابوو جگه له به‌زه‌یى و سۆز
بۆ هه‌ژاران و نه‌داران و چه‌وساوه‌كان.
شیاوى
باسه شاكارى شیعره‌كانى: ئه‌و نامیلكهیهیه كه به‌ناوى مهولودنامهوه هه‌ندێكى
گه‌یشته ده‌ست لایه‌نگرانى و به‌داخه‌وه زۆر به‌شى فه‌وتا، كه بهرِاستى
ژیاننامهیهكى پرِ سۆز و جۆش و خرۆش و به ده‌نگى یه‌كێك له شاگردانى تۆماركراوه
و ژماره‌یه‌كى زۆرى لێ كۆپى كراوه.
مۆڵه‌ت
پێدانى
له ساڵانى كۆتایى ته‌مه‌نیدا كه ته‌ندروستى
روو له خراپى بوو جارجارێك بۆ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك مۆڵه‌تیان پێ ده‌دا و له ماڵى
خزمانى له تاران‌دا بۆ ماوه‌یه‌ك ده‌حه‌وایه‌وه، جا هه‌ر كه برا و دۆستان و
شاگردان و لایه‌نگرانى پێیان ده‌زانى ده‌سته ده‌سته و پۆل پۆل ده‌چوون بۆ سه‌ردانى،
ئه‌ویش به‌و حاڵه‌وه چه‌ند بیتوانیایه گفتوگۆى بۆ ده‌كردن، وه‌ڵامى پرسیاره‌كانى
ده‌دانه‌وه، هانى ده‌دان بۆ ته‌قوا و دیندارى، بۆ پابه‌ندبوون به نوێژ و رۆژووه
فه‌رزه‌كان ، هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانى سوننه‌ته‌كان..
جا سه‌یر له‌وه‌دابوو ئا له‌و فرسهتانهدا
كه‌سانێكى گۆشكراو به بیروباوهرِى ماركسى له كوردستانى ئێران و عێراقه‌وه سه‌ردانیان
ده‌كرد، ئه‌ویش به باس و خواسى پرِ له زانستى و زانیارى قه‌ناعه‌تى پێ كردن و
پێى ده‌سه‌لماندن كه ئیسلام ئاینى رزگارى و سه‌رفرازى و پێكه‌وه ژیان و به‌خته‌وه‌رییه
بۆ هه‌ردوو ژیان، بۆ دنیا پێش قیامه‌ت.
یه‌كێك له‌وانه بۆى گێرِامهوه كه
من ته‌نها دوو سه‌عات به خزمه‌تى كاك ئه‌حمه‌د گه‌یشتم، هه‌رچى بیروبۆچوونه به‌شێوه‌یه‌كى
حه‌كیمانه هه‌ڵیوه‌شانده‌وه و ئاینى پیرۆزى ئیسلامى له‌جێ دانا.
نووسینه‌كانى
كاك ئه‌حمه‌د
كاك ئه‌حمه‌د له سه‌ره‌تاى شۆرِشى
ئیسلامى ئێران‌دا نامیلكه‌یه‌كى نووسى به‌ناوى “دیالێکتیکی ئیسلامى” كه
رۆڵێكى سه‌ره‌كى بینى له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى بیروباوهرِى ماددى (ماتریالیستى) و
چه‌سپاندنى عه‌قیده‌ى ئیسلامى.
هه‌روه‌ها چه‌ند نامیلكه‌یه‌كى تریش
به چاپ گه‌یه‌نرا به تایبه‌ت ئه‌و نامه و به‌یاننامانه‌ى كه ئاراسته‌ى سه‌رانى
ده‌وڵه‌تى كردبوو ده‌رباره‌ى كێشه‌ى گه‌لى كورد و ناونرا “دربارهى
كردستان” كه ژماره‌یه‌كى زۆرى به چاپ گه‌یه‌نرا و بڵاوكرایه‌وه له سه‌رانسه‌رى
ئێران‌دا و له توێیدا خه‌مخۆرى كاك ئه‌حمه‌د زۆر به‌دى ده‌كرێت ده‌رباره‌ى كێشه‌ى
ره‌واى گه‌لى كوردستانى رۆژهه‌ڵات، جگه له‌وانه‌ش كاك ئه‌حمه‌د نزیكه‌ى 400 ـ 500
كاسێتى تۆماركراوى ماوه جگه له ژماره‌یه‌كى زۆرى تر‌ى كه فه‌وتاون و له‌ناوچوون
یان باش تۆمار نه‌كراون، هه‌موویشى به هه‌ردوو زمانى كوردى و فارسى، هه‌روه‌ها هه‌ندێ
ئایه‌ت یان فه‌رمووده‌ى هه‌ڵده‌بژارد و ته‌رجه‌مه‌ى كوردى و فارسى له
ژێریاندا نووسى و فه‌رمانى ده‌دا ببێته پۆسكارت و بڵاو بكرێته‌وه: بۆ
نموونه ئایه‌تى: [تِلْكَ الدَّارُ الآخِرَةُ نَجْعَلُهَا لِلَّذینَ لاَ
یُرِیدُونَ عُلُوًّا فِی الارض وَلاَ فَسَادًا وَالْعَاقِبَةُ لِلْمُتَّقِینَ]
سوره‌تى(القصص) ئایه‌تى(83).
هه‌روه‌ها
فه‌رمووده‌ى “لایدخل الجنة من كان فی قلبه مثقال ذرة من كبر”
زوهد
و دنیانه‌ویستى كاك ئه‌حمه‌د
كاك ئه‌حمه‌د
تا له سنه‌دا بوو ماڵه‌كه‌ى كه به میراتى بۆى مابۆوه، باره‌گایه‌ك بوو بۆ
كۆبوونه‌وه و وانه خوێندن و چاره‌سه‌ركردنى كێشه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، هه‌ندێ
ماڵه خزمى هه‌ژارى له ده‌ورى خۆى كۆكردبۆوه.. پاشان كه كۆچى كرد بۆ كرماشان و
هه‌مه‌دان ئه‌وى تریشى به‌خشى به یه‌ك دوو ماڵى تر..
براكان هه‌وڵیاندا قهمهرهیهكى پهیكانى
نوێى بۆ بێنن، به‌ڵام ئه‌و ده‌یفه‌رموو: ئه‌م په‌یكانه عه‌یبى چییه، ئه‌وه‌ته
دهرِوا بهرِێوه، ئه‌گه‌ر پوڵتان فره‌س بیده‌ن به هه‌ژاران!!
كاك ئه‌حمه‌د له خواردن و خواردنه‌وه‌شدا
زۆر ده‌ستى پێوه ده‌گرت و ده‌یوت: ئێسته خه‌ڵكانێكى زۆر له‌م سه‌ر زه‌مینه‌دا هه‌ن
نانه رِهقیان به زه‌حمه‌ت ده‌ست ده‌كه‌وێت، جا ئێمه كه ناتوانین به هانایانه‌وه
بچین، هیچ نه‌بێ با ئیسراف و زێدهرِۆیى تێدا نه‌كه‌ین.
له‌به‌رئه‌وه كه‌م جار سێ جۆر خۆراكى
ده‌خوارد، نان و چاو ماشى پێكه‌وه نه‌ده‌خوارد و شاگردانیشى له‌سه‌ر په‌روه‌رده
ده‌كرد.
میوه‌ى گرانبه‌هاشى نهدهكرِى و
دیارى به ده‌گمه‌ن وه‌رده‌گرت.
كاك
ئه‌حمه‌د و كۆمه‌ڵى (اخوان المسلمین)
كاك ئه‌حمه‌د “برایان“ى زۆر خۆش ده‌ویست، هه‌ركه‌سێك له‌وان
سه‌ردانى بكردایه رِێزى زۆرى بۆ دهردهبرِین و هه‌میشه له‌نێو لایه‌نگرانیدا به
قه‌در و رِێزهوه ناوى ده‌بردن و به مه‌دره‌سه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتووى ده‌زانى له
په‌روه‌رده‌كردندا و هانى ده‌دان كه ئه‌وانیش قه‌در و رِێزیان بزانن.
كاك
ئه‌حمه‌د و سه‌فه‌رى حه‌ج
كاك ئه‌حمه‌د له حه‌فتاكاندا ئه‌و سهرفهرهى
كردووه و چاوى رووناك بووه‌وه به دیدارى كه‌عبه‌ى پیرۆز و شوێنى هاتنه دنیاى
“محمد”.. بێگومان جارجار له كه‌عبه‌ى پیرۆز
راده‌ما و به قوڵایى مێژوودا روودهچوو و به‌سه‌رهاتى ئیبراهیم و ئیسماعیلى ده‌هاته‌وه
بیر- سه‌لامى خوایان له‌سه‌ربێ- ئه‌سرینى رِێز و خۆشه‌ویستى بۆ دهردهبرِین.. سه‌فا
و مهروهشى به شه‌وقه‌وه ئه‌نجام ده‌دا و نزاى خێرى بۆ هاجه‌ره خاتوون (دایكى
ئیسماعیل) ده‌كرد و ده‌چووه ئه‌و جیهانه‌ى كه چۆڵه‌وانییه‌ك بوو ئافره‌تێكى باوهرِدار
و منداڵێكى ساوا.. پاشان له مینا یادى تاقى كردنه‌وه سه‌خته‌كه‌ى ئیبراهیم و
ئیسماعیل و هاجه‌ره خاتوونى ده‌كرده‌وه و نه‌فرینى له شه‌یتان ده‌كرد.. جا كه
گهرِایهوه بۆ مه‌ككه بیرى له رۆژگارى هه‌تیوى و بێ نازى محه‌ممه‌د ده‌كرده‌وه
و ورده ورده له خزمه‌تیدا سیره‌تى موباره‌كى ده‌هێنایه‌وه یاد هه‌تا هاتنه
خواره‌وه‌ى”وه‌حى” و پێغه‌مبه‌رایه‌تى و هه‌ڵوێستى ملهورِهكانى مه‌ككه
و تائیف و ئیسرا و میعراج…پاشان له چوونى بۆ مه‌دینه‌دا بیرى
كرده‌وه به چ زه‌حمه‌تێك ئه‌و ئازیزه و هاوهڵانى بهرِێزى ئه‌و ماوه‌یه‌یان
برِیوه تا ئاینیان سه‌لامه‌ت بێ و به سه‌لامه‌تى بیگه‌یه‌نن به نه‌وه‌ى دواى
خۆیان.. كاتێ كه گه‌یشته مزگه‌وتى مه‌دینه و به به‌ر ئارامگاى سه‌ردارى
مرۆڤایه‌تیدا گوزه‌رى كرد ئه‌سرینى له دیده‌ى ده‌بارى و نه‌یده‌زانى چۆن رِێز و
خۆشه‌ویستى خۆى بۆ ئه‌و زاته و ئه‌بوبه‌كر و عومه‌رى یاوه‌رى دهرببرِێت..
كاك
ئه‌حمه‌د و رادیۆی سنه:له سه‌ره‌تاى حه‌فتاكاندا كاك ئه‌حمه‌د دواى قورئانى به‌یانى
به‌رنامه‌یه‌كى هه‌بوو له رادیۆى سنه و په‌خش ده‌كرا، كه هه‌موو جارێك بریتى
بوو له پهخشانێكى جوان و پرِ مانا كه له ناخى ده‌روونى پرِ له ئیمانیه‌وه هه‌ڵده‌قوڵا
و ناخى گوێ بیستى ده‌هه‌ژان و نهێنى خۆى و بوونه‌وه‌رى وه‌بیر ده‌هێنایه‌وه:
بۆ نموونه ده‌یفه‌رموو:دیسان
وا به‌رى به‌یان روبهندى له‌سه‌ر رومه‌تى هه‌ستى لادا.هه‌ستى سه‌رى خه‌وان، تا
جارێكى تریش سه‌رپۆشى تاریكى له دیمه‌نى هه‌بوو لادا و هه‌بوو ره‌نگى ژیان وه‌رگرێته‌وه..
دیسان ته‌لیسمى حه‌یات، ئه‌و ته‌لیسمه
، كه نه تیشكى عه‌قڵى ده‌گاتێ، نه باڵى بهرزهفرِهى زانست شه‌پۆلى سیحراوى
خۆى كشان له‌سه‌ره گیانله‌به‌ران، له دێ له بێستان، له شار و له ده‌شت و ده‌ران،
كه له خه‌وى قورس راچه‌نن بكه‌ونه جموجۆڵ و هاتوچۆ به‌شى خۆ له سفره‌ى راخراوى
نیعمه‌تى جۆراوجۆر وه‌رگرن، قافڵه‌ى ژیان تا ئه‌و شوێنه‌ى بۆى دیارى كراوه وهپێشخهن.خودایه،
حیكمه‌تى تۆ بوو كه له ره‌حمه‌تى تۆ به گیاندا‌رێك بهشێكىدا، ده‌نا هه‌موو هه‌ر
له‌م ئاو و خاكه‌ن و هه‌ر به‌م ئاو و خاكه زیندوون.خودایه، ئه‌گه‌ر ره‌حمه‌تى تۆ نه‌با،
نه ئاو و گڵ ده‌سه‌ڵاتى گرتن و دانى حه‌یاتى هه‌بوو نه ته‌بیعه‌ت و حه‌یات هێزى
دروستكردنى ئه‌نواع.
ئه‌ى
ئینسان:تۆش هه‌ر له‌م ئاو و گڵهیت و هه‌ر به‌م
حه‌یاته‌وه، تۆ كه به‌شێكى له گیاندارانى خاكى بیر له ده‌سه‌ڵاتى خاوه‌نى هه‌بوو
كه‌وه كه تۆى هه‌ر له‌م ته‌بیعه‌ت و حه‌یاته دروست كردووه، با وه‌كو نهباڵى
په‌له‌وه‌ر و نه پهرِى ماسى پێداوى، دیسان تواناى پێداویى كه له ئه‌سیران به‌رزتر
ههڵدهفرِێت، و له ماسیان توندتر و توندتر مه‌له ده‌كه‌یت..
كۆتایى
ژیانى ئه‌م شێره پیاوه:له رۆژگارى كۆتایى ته‌مه‌نیدا نه‌خۆشى زۆرى بۆ هێنا گه‌یه‌نرایه
یه‌كێك له نه‌خۆشخانه‌كانى تاران، یاران زۆر بۆى به‌په‌رۆش بوون، به‌ڵام ویستى
خوا وایه كه ده‌بێ هه‌موومان یه‌كه یه‌كه بگهرِێینهوه بۆ لاى ، هه‌ر بۆیه
له ساتێكى دیاریكراودا گیانى پاكى به‌رزبۆوه بۆ لاى په‌روه‌ردگارى مه‌زن، بۆ لاى
پێغه‌مبه‌ران و راستگۆیان و شه‌هیدان و چاكان، كه بێگومان ئه‌وانه چاكترین یار و
یاوه‌رن.
پاشان جه‌نازه‌ى پیرۆزى هێنرایه‌وه
بۆ شارى سنه و ویسترا به دزییه‌وه ئه‌سپه‌رده بكرێت.. به‌ڵام جه‌ماوه‌رى
موسڵمانى شارى سنه و ده‌وروبه‌رى پێیان زانى و خه‌ڵكێكى زۆر كۆبوونه‌وه و به
رِێز و قهدرێكى زۆره‌وه به ده‌م ئه‌سرینى سارێژهوه له دیده‌ى برایان و خۆشه‌ویستانه‌وه
له گۆرِستانى حه‌مه باقر له‌ناو جه‌رگه‌ى شارى سنه‌دا ئه‌سپارده كرا.
به‌نده دواى 24 ساڵ له دابرِان له
دیدارى سه‌ردانى ئارامگهكهیم كرد.. ئارامگه‌یه‌كى ساده و ساكار ماوه‌یه‌ك
دانیشتم له ژوورى سه‌رى یادگاریى و بیره‌وه‌رى زۆر هات به یادمدا، ئه‌سرینى رِێز
و خۆشه‌ویستیم هه‌ڵوه‌ران بۆ براى گه‌وره‌و بێ نازم بۆ براى خه‌مخۆر و نه‌حه‌ساوه
له دنیاى فانیدا..

به
ئومێدى ئه‌وه‌ى له سایه‌ى ره‌حمه‌تى خوادا..
به‌نده‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌و و نموونه‌ى ئه‌ودا
كۆبینه‌وه انشاء الله، چونكه دڵم خۆشه به‌وه‌ى كه ئێمه له‌سه‌ر خۆشه‌ویستى
خوا كۆبووینه‌وه و كه جیاش بووینه‌وه هه‌ر سۆز و خۆشه‌ویستیمان بۆ یه‌كترى هه‌بوو
، فه‌رمووده‌ى :”رجلان تحابّا فی الله اجتمعا علیه و
تفرقا علیه” مژده‌یه بۆ ئێمه‌مانان.سا خوایه له براى گه‌وره و ئازیزم
خۆش ببیت و پله به‌رزه‌كانى فیرده‌وسى پێ ببه‌خشیت و یارمه‌تى پهیرِهوانیشى بده‌یت
بۆ پابه‌ند بوون به ئاینه‌كه‌ت و یه‌ك دڵى و یه‌ك ریزى بكه‌یته كاڵاى باڵایان.شایانى
باسه كاك ئه‌حمه‌دى دواى وه‌فاتى هاوسه‌رى به وه‌فاى له حه‌فتاكاندا، ژنى نه‌هێنا
و هه‌ندێ جار هه‌ڵوێستى جوانى ئه‌وه‌ى باس ده‌كرد له رۆژگارى نه‌هاتنى و نه‌هامه‌تیدا،تاقه
یادگارییه‌ك كه بۆى مابۆوه كورِێكى ژیره به ناوى “حه‌مه ژیان”.
تێبینییه‌كى
گرنگ :ئه‌م
چه‌ند دێره له ژیانى كاك ئه‌حمه‌د له روانگه‌ى دید و بۆچوونى به‌نده‌وه ره‌نگه
دهها هه‌ڵوێستى ئیمانى و دڵسۆزى مه‌ردانه‌ى تر‌ى هه‌بێ كه له‌لاى دۆستان و لایه‌نگرانى
هه‌بێ و ئێمه نه‌مانبیستبێ.
له راستیدا ژیاننامه‌ى تێر و ته‌واوى
ره‌نگه له چه‌ند بهرگێگدا ئه‌گه‌ر بنوسرێت ئه‌وسا له‌وانه‌یه مافى خۆى
بده‌ینێ .
سه‌رچاوه:نیشتمان



