بابه ته كان

گرانی ماره‌یی ئایه‌ ئافره‌تان له‌ ته‌ڵاق

گرانی ماره‌یی ئایه‌ ئافره‌تان له‌ ته‌ڵاقدان ده‌پارێزێت؟

ئه‌مڕۆ له‌ زۆر کۆمه‌ڵگه‌دا ده‌بینرێت دیارده‌ی ته‌ڵاق په‌ره‌ی سه‌ندووه‌و له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری خۆشماندا به‌شێوه‌یه‌کی ترسناک ته‌شه‌نه‌ی کردووه‌.. بێگومان به‌پێی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆش هۆکاره‌کانی ته‌ڵاق زیاتر بوونه‌ وه‌ک له‌ ساڵانی ڕابردوو، به‌دڵنیاییه‌وه‌ زۆر له‌و ئامێره‌ پێشکه‌وتووانه‌ی سه‌رده‌م وه‌کو ئینته‌رنێت و سه‌ته‌لایت و مۆبایل (به‌تایبه‌ت کامیره‌دار) و شتی تر به‌داخه‌وه‌ بونه‌ته‌ هۆکارێکی تری ڕوودانی حاڵه‌تی ته‌ڵاقدان به‌هۆی خراپ به‌کارهێنانی.. هه‌روه‌ها به‌هۆی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی به‌سه‌ر ڕه‌فتاری تاکه‌کاندا دێت هۆکارێکی ترن.. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی باسه‌که‌مانه‌ به‌داخه‌وه‌ هۆکارێکی تر هه‌یه‌ که‌ زۆر له‌ خه‌ڵکی ئه‌مڕۆ تووشی بوونه‌ و ئه‌و ژن و ژن خواستنه‌ له‌ بارێکی پڕ سۆز و به‌زه‌یی و خۆشه‌ویستیه‌وه‌ بۆ بارێکی پڕ له‌ ئه‌رک وکێشه‌و ماندوویه‌تی، ئه‌ویش پێداگرتنه‌ له‌سه‌ر گرانی ماره‌یی و شیربایی.

پاش ئه‌وه‌ی ژنهێنان و شووکردن له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌که‌ماندا له‌ڕۆژانێکی ڕابردوو زۆر ئاسان و ساکار بوو به‌ڵام له‌ ئه‌مڕۆی مادده‌دا قورسترین کاره‌ گه‌ر ئه‌و ئه‌رک و ماندویه‌تیه‌شی هه‌یه‌تی وه‌لاوه‌ی بخه‌ین. پاش ئه‌وه‌ی تا دوێنێ ده‌مانبیست که‌ فڵانه‌ ئافره‌ت شیرباییه‌که‌ی ته‌نها شتێکی ساده‌و ساکار بووه‌ یان مسقاڵێک زێڕ، ئه‌مڕۆ بووه‌ته‌ هۆکارێکی له‌ناوبردنی پاره‌یکی زۆر له‌خۆڕا و کۆمه‌ڵ کردنی قه‌رزێکی زۆر به‌سه‌ر خێزانه‌که‌وه‌.

خۆگه‌ر بڕوانینه‌ ماره‌ییش له‌ ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا ده‌بینین خوای گه‌وره‌ ماره‌یی وه‌کو به‌خششێکی ڕه‌مزی داناوه‌ له‌لایه‌ن پیاوه‌که‌وه‌ ده‌درێت به‌ ئافره‌ته‌که‌ وه‌کو نیشانه‌یه‌کی خۆشه‌ویستی و وه‌فا و دڵسۆزی بۆی، هه‌روه‌ها وه‌کو دڵنیاکه‌ره‌وه‌یه‌ک له‌ حه‌ز وویستی به‌ ژیان بردنه‌سه‌ر له‌گه‌ڵی له‌نێو ماڵێکدا، هه‌روه‌ها بۆ ئاماده‌بوونی له‌ هه‌ڵگرتنی هه‌موو ئه‌رکه‌کانی ژن ومێردایه‌تی که‌ خوای گه‌وره‌ له‌سه‌ری داناوه‌ وه‌کو چاودێری و به‌خێوکردنی وبه‌خشینی هه‌موو تواناکانی بۆ به‌خته‌وه‌ری و ڕه‌زامه‌ندی کردنی.

به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ ده‌بینین به‌شوودانی کچ بۆته‌ تجاره‌تێکی قازانج و ئافره‌ته‌که‌ش پێی ده‌کرێته‌ شتومه‌کێکی گرانبا و پیاوه‌که‌ش به‌ نه‌یچیرێکی به‌نرخ، که‌سوکاری کچه‌که‌ به‌وه‌ دڵخۆش ده‌بن که‌ کوڕه‌که‌یان بارقورس کردووه‌ به‌و ئه‌رک و ماره‌ییه‌ زۆره‌و خستویانه‌ته‌ ژێر قه‌رزێکی زۆره‌وه‌و چه‌نده‌ها مه‌رجی گه‌وره‌ که‌ چیتر تا له‌ژیاندایه‌ ناتوانێت بیر له‌ ته‌ڵاقدانی کچه‌که‌یان بکاته‌وه‌.

به‌م پێیه‌ وا گومان ده‌به‌ن که‌ به‌رژه‌وه‌ندی کچه‌که‌یانیان پاراستوه‌و ئیتر توشی سته‌م و توندوتیژی پیاوه‌که‌ نایه‌ته‌وه‌, واهه‌ست ده‌که‌ن که‌ فه‌خر و شانازیان بۆ کچه‌که‌یان بنیات ناوه‌ له‌نێو خزم و که‌سوکاریاندا.. بێگومان ئه‌م بۆچونه‌ هه‌ڵه‌ و نادروستانه‌ دیارده‌یه‌کن له‌و دیارده‌ نه‌فامی و دواکه‌وتووه‌ی زاڵ بووه‌ به‌سه‌ر مێشک و هۆشماندا. یان ئه‌م بۆچونه‌ ترسناکانه‌ ده‌ره‌نجام و کاردانه‌وه‌یه‌کی سروشتی بێت لای زۆر له‌ دایک وباوکانی کچان به‌هۆی ئه‌و خراپه‌کاری و کاره‌ ناڕه‌وایانه‌ی پیاوان ده‌یکه‌ن و تاکو وه‌فا و دڵسۆزی بۆته‌ پێدراوێکی زۆر ده‌گمه‌ن لای که‌م که‌سیان نه‌بێت نابینرێته‌وه‌و خیانه‌ت و سته‌مه‌م و ته‌ڵاقدانیش زۆر بووه‌ و زمانی توندو تیژی له‌ناو ماڵان و ئیهانه‌ و سوکایه‌تی کردنی پیاو به‌ ژنه‌که‌ی و لێدانی و ده‌ربه‌ده‌رکردنی و به‌بێ به‌ش کردنی له‌ منداڵه‌کانی بڵاوه‌ی کردووه‌و بێ ئه‌وه‌ی خه‌می ماره‌ییه‌که‌ی بخوات یان هه‌ر به‌رپرسیارێتیه‌کی تر له‌ئاستی ژنه‌که‌یدا. هه‌رچه‌نده‌ ئه‌م بیانویانه‌ش به‌هێزن به‌ڵام ئێمه‌ ئه‌ڵێین هه‌ڵه‌ به‌ هه‌ڵه‌ چاره‌سه‌ر ناکرێت، کێشه‌ کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانیش به‌ کاردانه‌وه‌ی نادروست و ناڕه‌وا چاک ناکرێته‌وه‌ به‌ڵکو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ زیاتر تینی تێ ده‌کات و گه‌وره‌تری ده‌کاته‌وه‌.

گرانبایی له‌ ماره‌یی و شیرباییدا به‌ ناخۆشی و تاڵی ده‌شکێته‌وه‌ به‌سه‌ر ژیانی هاوسه‌رێتی

تاکو کاره‌کان بخه‌ینه‌ ناو تای ته‌رازوی خۆی و ته‌م ومژه‌کان له‌سه‌ر ڕاستیه‌کان لابه‌رین و ئه‌وه‌ی چه‌وته‌ ڕاستی بکه‌ینه‌وه‌، پێویسته‌ ئه‌و تێڕوانینه‌ ئیسلامیه‌ سه‌باره‌ت به‌ ماره‌یی و شووکردنه‌ ڕوون بکه‌ینه‌وه‌ که‌ کۆمه‌ڵگه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌ بۆ پارسه‌نگی خۆی له‌ژێر سێبه‌ری قورئان و سوننه‌تی پێغه‌مبه‌رمان (د.خ):

یه‌که‌م: گرانی ماره‌یی نرخ و به‌های ئافره‌ته‌که‌ ناپارێزێت:

زۆر له‌ دایک و باوکان وا گومان ده‌به‌ن که‌ نرخ و به‌های کچه‌که‌یان به‌ستراوه‌ (تا ئاستێکی زۆر) به‌ ماره‌ییه‌که‌یه‌وه‌ پێش شووکردنی، به‌لایانه‌وه‌ ئه‌و ئافره‌ته‌ی ماره‌ییه‌که‌ی که‌مه‌، لای مێرده‌که‌ی نرخی که‌م ده‌بێت جگه‌ له‌ براده‌ر و خزمانی, واته‌ چه‌ند ماره‌ییه‌که‌ی به‌رز بێت ئه‌وه‌نده‌ کچه‌که‌ له‌به‌رچاوی خه‌ڵکدا به‌رز ده‌بێت وه‌هه‌روه‌ها به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌. بۆیه‌ زۆر حاڵه‌تی داواکاری که‌ کچ و کوڕه‌که‌ به‌یه‌کتر ڕازین دوای ڕاگه‌یاندنی بڕی ماره‌ییه‌ داواکراوه‌که‌ یه‌کسه‌ر کوڕه‌که‌ پاشه‌کشێ ده‌کات چونکه‌ له‌ توانایدا نیه‌.

کوڕه‌که‌ ماره‌ییه‌کی گونجاوی ده‌وێت توانای هه‌بێت به‌سه‌ریدا، باوکی کچه‌که‌ش ماره‌ییه‌کی زۆری ده‌وێت له‌ناو خه‌ڵکدا ده‌رکه‌وێت که‌ کچه‌که‌ی بێ نرخ و به‌ها نیه‌، لێره‌دا کێشه‌و ناکۆکی دروست ده‌بێت و هه‌مووان جیا ده‌بنه‌وه‌و دڵه‌کان له‌یه‌کتر دوور ده‌که‌ونه‌وه‌و خۆشی و شادی هه‌مووان به‌جێ ده‌هێڵێت.

هۆکاره‌که‌شی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌و بۆچونه‌ هه‌ڵه‌یه‌ که‌ هیچ په‌یوه‌ندی نیه‌ به‌ واقعه‌وه‌، ئه‌گینا ماره‌یی به‌رز چ سوودی هه‌یه‌ گه‌ر کچه‌که‌ شوو بکات به‌ کوڕێک ڕێزی لێ نه‌گرێت و هیچ به‌ها وقیمه‌تێکی بۆ دانه‌نێت به‌ڵکو بیشیچه‌وسێنێته‌وه‌!

ماره‌یی گران چ سوودێک ده‌گه‌یه‌نێت گه‌ر مێرده‌که‌ی ده‌ستی درێژ بێت و زمانی درێژتر و له‌ کچه‌که‌ بدات و جنێو به‌ که‌سوکاری بدات!

بێگومان ژنه‌که‌ له‌م حاڵه‌ته‌دا له‌هه‌موو مافه‌کانی خۆش ده‌بێت و بگره‌ له‌ پاره‌ی خۆشی ده‌به‌خشێت ته‌نها له‌و دۆزه‌خه‌ ڕزگاری ببێت تیادا ده‌ژێت.. ئافره‌ت هه‌ست به‌ نرخ و به‌های ڕاستێتی خۆی ناکات مه‌گه‌ر کاتێک نه‌بێت که‌ شووی به‌ پیاوێک کردبێت له‌ خواترس بێت و دواڕۆژ له‌یه‌ک بداته‌وه‌، ڕێزی لێ بگرێت و وه‌فادار بێت بۆی، هه‌ربۆیه‌ پێغه‌مبه‌ری نازدارمان ئامۆژگاریمان ده‌کات و ده‌فه‌رموێت: (إذا جاءکم من ترضون دینه وخلقه فزوجوه إلا تفعلوا تکن فتنه فی الأرض وفساد کبیر) رواه الترمذی. واته‌: گه‌ر یه‌کێک هاته‌ داخوازبێنی کچه‌که‌تان (یان خوشکه‌که‌تان) و له‌ دین  ڕه‌وشت و ڕه‌فتاری ڕازین ئه‌وا بیده‌نێ, خۆ گه‌ر وانه‌که‌ن (واته‌ دین و ڕه‌وشت نه‌که‌نه‌ پێوه‌ر) بێشک خراپه‌کاری و ئاشوبه‌یه‌کی گه‌وره‌ بڵاوده‌بێته‌وه‌ له‌سه‌ر زه‌وی.

ئه‌م پیاوه‌ گه‌نجینه‌یه‌کی گرنگه‌ که‌ ده‌بێت هه‌موو باوکان به‌شوێنیدا بگه‌ڕێن بۆ کچه‌کانیان، ئه‌گینا گه‌نجینه‌ی ماڵ و سامان هیچ کێشی نیه‌ گه‌ر کچه‌که‌یان له‌ دۆزه‌خێکدا بژێ..

ده‌بێت که‌سوکاری کچه‌ بزانن که‌ به‌ره‌که‌ت و خۆشی و به‌خته‌وه‌ری ڕه‌ها بۆ کچه‌که‌یان ته‌نها له‌ پاره‌و ماره‌یی زۆر نیه‌، چونکه‌ سه‌روه‌ت و سامان مه‌رج نیه‌ هه‌میشه‌ بمێنێت، به‌ڵکو به‌خته‌وه‌ری ڕاسته‌قینه‌ جێبه‌جێ نابێت مه‌گه‌ر زه‌واجه‌که‌ به‌ ساکاری و پێویستی که‌مه‌وه‌ به‌ڕێ بخرێت، هه‌ر بۆیه‌ پێغه‌مبه‌ری خۆشه‌ویستمان ئه‌م خاڵه‌مان به‌یاد ده‌خاته‌وه‌و له‌فه‌رمووده‌یه‌کیدا ده‌ڵێت (إن أعظم النکاح برکه أیسره مؤونه) بێگومان زۆرترین زه‌واجێک به‌ره‌که‌ت و به‌خته‌وه‌ری به‌دوادا بێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ماره‌یی و پێداویستی که‌م پێویست کردووه‌.

دووه‌م: ماره‌یی زۆر کچه‌که‌ ناپارێزێت له‌ ته‌ڵاقدان:

زۆر له‌ دایک و باوکان هه‌ن گومان ده‌به‌ن گه‌ر ماره‌یی کچه‌کانیان به‌رز و زۆر بکه‌ن ده‌یان پارێزن له‌ سته‌م وجه‌وری پیاوه‌کانیان و چیتر نایان چه‌وسێننه‌وه‌ چ جای بوێرن ته‌ڵاقیان بده‌ن.

بێگومان هه‌رکات پیاوانێک ڕق لێبوونه‌وه‌و ناحه‌زی دروست بوو له‌ناو دڵیان به‌رامبه‌ر به‌ ژنه‌کانیان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر چه‌نده‌ها ڕێگه‌ و ئامراز تاکو پاڵه‌په‌ستۆ بخه‌نه‌ سه‌ریان و واز له‌ ماره‌ییه‌که‌یان بهێنن و داوای ته‌ڵاق به‌بێ به‌رامبه‌ر بکه‌ن. له‌وانه‌یه‌ هه‌ریه‌ک له‌ئێمه‌ش ئه‌م حاڵه‌تانه‌ی بیستبێت له‌ناو کۆمه‌ڵگه‌ی خۆماندا.

په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر لێدان و سوکایه‌تی کردن و نه‌نوستن پێکه‌وه‌و خیانه‌ت و بگره‌ ژیانی ناو ماڵ ده‌که‌نه‌ دۆزه‌خێک له‌ ژنه‌که‌ که‌ نه‌توانێت چیتر ئارام بگرێت و خۆی ده‌دات به‌ ده‌سته‌وه‌و تکا ده‌کات به‌زه‌یی پیادا بێته‌وه‌و ته‌ڵاقی بدات به‌بێ به‌رامبه‌ر وه‌کو باسمان کرد.

بۆیه‌ با هه‌موو دایک و باوکان بزانن که‌ گرانی ماره‌یی چاره‌سه‌ر نیه‌و ناشبێته‌ پارێزه‌رێک بۆ کچه‌کانیان له‌ده‌ست سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌.

خۆ گه‌ر گریمان ماره‌یی گران ئافره‌ته‌که‌ ده‌پارێزێت له‌ ته‌ڵاق، به‌ڵام ئایه‌ ده‌یپارێزێت له‌وه‌ی ژنی به‌سه‌ردا نه‌هێنرێت؟ یان خیانه‌تی له‌گه‌ڵدا نه‌کرێت؟ یان ده‌یپارێزێت له‌ سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ی پیاوه‌که‌؟ پێمان وانیه‌ وابێت, به‌پێچه‌وانه‌وه‌، هه‌ندێ له‌ پیاوان که‌ ناتوانن ژنه‌کانیان ته‌ڵاق بده‌ن که‌ سه‌ده‌ها هه‌زار دۆلاره‌ ماره‌ییه‌که‌یان په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر تاوانی کوشتن که‌ ئه‌مه‌ له‌ واقعی دونیاماندا ڕووی داوه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ وڵاتی خۆمان سوپاس بۆ خوا ڕوودانی ده‌گمه‌نه‌ یان نیه‌.

که‌واته‌ بۆچونی ماره‌یی زۆر و گران ژنه‌که‌ ده‌پارێزێت له‌ ته‌ڵاق بۆچونێکی خه‌یاڵی و دووره‌ له‌ ڕاستیه‌وه‌.

سێیه‌م: ماره‌یی مافێکه‌ له‌ مافه‌کانی ژنه‌که‌ نه‌ک حبرێک بێت له‌سه‌ر کاغه‌ز بنوسرێت:

زۆر له‌ کچ و کوڕانی ئه‌مڕۆ ده‌ڵێن ماره‌یی ته‌نها حبرێکه‌ له‌سه‌ر کاغه‌ز و هیچی تیادا نیه‌ با دایک و باوکانمان بیسه‌پێننه‌ سه‌رمان که‌ چه‌ند بنوسرێ.

به‌ڵکو زۆر له‌ گه‌نجان له‌خۆیانه‌وه‌و به‌بێ بیرکردنه‌وه‌یه‌ک ماره‌ییه‌کی خه‌یاڵی ده‌نوسن بۆ هاوسه‌ره‌کانیان زیاد له‌ توانای دارایی خۆی به‌ چه‌نده‌ها ئه‌وه‌نده‌.

مه‌به‌ستیانش هیچ نیه‌ ته‌نها خۆ گه‌وره‌کردن و باس کردنیان نه‌بێت که‌ فڵانه‌ کوڕ ماره‌یی ئه‌وه‌نده‌ی داناوه‌ بۆ ژنه‌که‌ی. بێ ئه‌وه‌ی بزانن که‌ ماره‌یی مافێکه‌ خوای گه‌وره‌  دایناوه‌ بۆ ژنه‌که‌ و ده‌بێت ئه‌و کاته‌ پێی بدرێت نه‌ک پیاوه‌که‌ بینوسێت و نه‌یدات یان پشت گوێی بخات.

هه‌رچه‌نده‌ له‌ عورف و داب و نه‌ریتی خۆماندا ماره‌یی ده‌کرێته‌ (معجل و مؤخر)، (معجل) هه‌ر ئه‌و کاته‌ پێی ده‌درێت و (مؤخر)یش ته‌نها حبرێکه‌ له‌سه‌ر کاغه‌ز مه‌گه‌ر به‌ ته‌ڵاق یان مردن بدرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ئیتر ماره‌یی وون بکرێت و له‌بیر بکرێت. خوای گه‌وره‌ حه‌رامی کردووه‌ له‌سه‌ر پیاوان ده‌ست ببه‌ن بۆ ماره‌یی و سامانی ژنه‌کانیان به‌بێ حه‌ق و ئیزنی خۆیان له‌م دوو ئایه‌ته‌دا: ((وَآتُوا النِّسَاءَ صَدُقَاتِهِنَّ نِحْلَهً فَإِنْ طِبْنَ لَکُمْ عَنْ شَیْءٍ مِنْهُ نَفْساً فَکُلُوهُ هَنِیئاً مَرِیئاً) (النساء:۴)، (وَإِنْ أَرَدْتُمُ اسْتِبْدَالَ زَوْجٍ مَکَانَ زَوْجٍ وَآتَیْتُمْ إِحْدَاهُنَّ قِنْطَاراً فَلا تَأْخُذُوا مِنْهُ شَیْئاً أَتَأْخُذُونَهُ بُهْتَاناً وَإِثْماً مُبِیناً) (النساء:۲۰).

ده‌بێ پیاوان باش بزانن ئه‌و ماره‌ییه‌ گه‌ر ناوی (مؤخر)یشی لێ بنرێت له‌سه‌ریان هه‌ر قه‌رزه‌و هه‌رکات پاره‌یان هه‌بوو ده‌بێت بیده‌نه‌وه‌ به‌ ژنه‌کانیان، خۆ گه‌ر نه‌یده‌نه‌وه‌و مردن یه‌خه‌ی گرتن, لێره‌دا به‌پێی شه‌رع میراته‌که‌ی دابه‌ش ناکرێت به‌سه‌ر که‌سدا تاکو بڕی ماره‌ییه‌ (مؤخر)ه‌که‌ی لێ ده‌ر نه‌کرێت و ژنه‌که‌ مافی ته‌واوه‌تی خۆی وه‌رنه‌گرێت, پاشان چی مابێته‌وه‌ له‌ میراته‌که‌ی دابه‌ش ده‌کرێت.

ده‌بێت بزانین گه‌ر پیاو بڕێک ماره‌یی به‌خشی به‌ ژنه‌که‌ی و بڕێکی تری ناو لێنا (مؤخر) و ته‌نها له‌سه‌ر کاغه‌ز نوسیانه‌وه‌ ئه‌وا ده‌بێت نیه‌تی هه‌بێت پێی بداته‌وه‌ ئێستا بێت یان پاشه‌ڕۆژ، خۆ گه‌ر نییه‌تی وابوو سته‌م له‌ ژنه‌که‌ بکات و بۆی نه‌گێڕێته‌وه‌ ئه‌وا به‌پێی شه‌رع دزی کردووه‌ لێی به‌پێی فه‌رمووده‌یه‌کی پێغه‌مبه‌ر (صلى الله علیه وسلم) که‌ ده‌فه‌رموێت: (أیما رجل تزوج امرأه على ما قل من المهر أو کثر، ولیس فی نفسه أن یؤدی إلیها حقها خدعها ولم یؤد إلیها حقها لقی الله یوم القیامه وهو سارق) رواه الطبرانی. واته‌: هه‌ر پیاوێک ژنێکی خواست به‌ ماره‌ییه‌ک (که‌م بێت یان زۆر) و نیازی نه‌بوو مافه‌که‌ی پێ بدات و فێڵی لێ کرد, له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا لای خوای گه‌وره‌ به‌ دز ده‌ژمێردرێت.

چواره‌م: ماره‌یی به‌خشش و دیاریه‌ نه‌ک نرخێک بۆ ژنه‌که‌:

به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی ڕه‌فتاری زۆر له‌ خه‌ڵی ناو کۆمه‌ڵگه‌ی موسڵمانان له‌ عه‌قد و ماره‌یی کچه‌کانیانه‌وه‌، له‌لایه‌ن ناحه‌زانی ئیسلامه‌وه‌ زۆر تیر هاوێشتراوه‌و تانه‌و ته‌شه‌ر له‌ ئیسلام دراوه‌ که‌ گوایه‌ ئیسلام ئافره‌ت ئیهانه‌ ده‌کات به‌و ماره‌ییه‌ی بۆی ده‌درێت و کراوه‌ به‌ کاڵایه‌ک ده‌کڕدرێت و ده‌فرۆشرێت، پیاوه‌که‌ وه‌کو به‌نده‌یه‌ک ده‌یکڕێت و ده‌توانێت چی لێ بکات.

بێگومان له‌ ڕێزگرتنی ئیسلام بۆ ئافره‌ت بێ نرخی نه‌کردووه‌ بفرۆشرێت و بکڕدرێت، هه‌رکه‌سێک بیه‌وێت ده‌ستی بکه‌وێت و هه‌رکاتیش نه‌یه‌وێت فڕێی بدات به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ ئه‌رک و به‌رپرسیارێتیه‌کی بێته‌ سه‌ر. له‌ ڕێزگرتنی ئیسلام بۆ ئافره‌ت ئه‌وه‌یه‌ که‌ پیاو بڕێک له‌ سامانی خۆی ببه‌خشێت به‌ ژنه‌که‌ وه‌کو نرخێکی مه‌عنه‌وی نه‌ک ماددی، وه‌کو نیشانه‌یه‌ک بۆ خۆشه‌ویستی و وه‌فا و دڵسۆزیه‌ک نه‌ک نرخێک بۆ لاشه‌ی ئافره‌ته‌که‌ هه‌روه‌کو چۆن ناحه‌زانی ئیسلام بیانه‌وێ لێکی بده‌نه‌وه‌.

پێنجه‌م: دژ وه‌ستان به‌رامبه‌ر به‌ ماره‌یی زۆر وگران مانای ئه‌وه‌ نیه‌ بڕه‌که‌ی دیاری بکرێت:

کاتێک باس له‌وه‌ ده‌کرێت ماره‌یی گونجاو نیه‌ زۆر بێت و پێویسته‌ له‌ ئاستی توانای پیاوه‌که‌ بێت، ئه‌مه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ بانگه‌شه‌ی دیاری کردنی ده‌که‌ین و بڕێکی بڕیار له‌سه‌ر بدرێت و تێنه‌په‌ڕێت له‌و بڕه‌، به‌ڵکو مه‌به‌ستمان ووریاکردنه‌وه‌یه‌ له‌وه‌ی به‌رزی و گرانی ماره‌یی نه‌بێته‌ عورف و نه‌ریتێکی بڵاو وه‌کو ئه‌مڕۆ که‌ ئیتر ژن نه‌هێنرێت و کچان شوو نه‌که‌ن به‌هۆیه‌وه‌و خێزان پێک نه‌هێنرێت به‌بێ دانانی ئه‌م ماره‌ییه‌ زۆره‌، چونکه‌ ئه‌مه‌ سته‌مێکی گه‌وره‌یه‌ بۆ هه‌ژاران و ئه‌و که‌سانه‌ی توانای داراییان دیاری کراوه‌ له‌نێو میلله‌ته‌که‌ماندا و هیچ شک نابه‌ن.

ئیسلامیش دان به‌ توانا جیاوازه‌کانی مرۆڤ ده‌نێت و له‌ زۆر کاتیشدا مه‌رج نیه‌ توانای هه‌بێت، هه‌ربۆیه‌ یاسا و بنه‌ماکانی به‌پێی سروشت و فیتڕه‌تی مرۆڤه‌وه‌ داناوه‌ به‌ به‌راورد کردنی تواناکانی.

له‌ سه‌رده‌می ئیمام عومه‌ری کوڕی خه‌تتاب کاتێک ماره‌یی ژنان زۆر به‌رز بویه‌وه‌، ویستی ئیجتیهاد بکات و هه‌روه‌کو شتومه‌کی بازار نرخی ماره‌ییش دیاری بکرێت و تێنه‌په‌ڕێت له (۴۰۰) درهه‌م ئه‌مه‌ش بۆ شوێنکه‌وتنی سوننه‌تی پێغه‌مبه‌ر له‌ که‌میی ماره‌یی، بۆیه‌ له‌ناو خه‌ڵکه‌که‌ وه‌ستا و پێیانی ڕاگه‌یاند, به‌ڵام ژنێک ڕێی پێ گرت و پێی فرموو: ئه‌ی ئه‌میری موئمنین تۆ ڕێت له‌ خه‌ڵکی گرتووه‌ که‌ ماره‌یی ژنان له (۴۰۰) درهه‌م زیاتر نه‌بێت؟ ووتی: به‌ڵێ. ئافره‌ته‌که‌ش ووتی: ئه‌ی نه‌تبیستووه‌ که‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (وَآتَیْتُمْ إِحْدَاهُنَّ قِنْطَاراً) (النساء: ۲۰) ؟

ئه‌ویش فه‌رمووی: خوایه‌ گیان لێم ببوره‌ هه‌ڵه‌ بووم، هه‌موو خه‌ڵکی له‌ عومه‌ر زیره‌ک ترن. بۆیه‌ گه‌ڕایه‌وه‌و چووه‌ سه‌ر مینبه‌ر و به‌خه‌ڵکی ڕاگه‌یاند که‌ پێشتر ڕێی لێ گرتون ماره‌یی له (۴۰۰) درهه‌م زیاتر بێت، به‌ڵام هه‌رکه‌سێ بییه‌وێت زیاتر بدات با بیکات و هیچی تیادا نیه‌.

ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت که‌ ئافره‌تان هه‌یشه‌ به‌رگریان له‌ مافی خۆیان کردووه‌و هیچ که‌س بۆی نیه‌ ئه‌گه‌ریش سه‌رۆکی وڵات بێت مافه‌کانیان بخوات. هه‌موو مه‌به‌سته‌که‌ش ئه‌وه‌یه‌ که‌ مه‌سه‌له‌ی ماره‌یی ناتوانرێت بڕه‌که‌ی دیاری بکرێت و سنووردار بێت به‌ڵکو ده‌بێت ڕه‌چاوی باری دارایی و توانای کوڕه‌که‌ بگیردرێت.

هه‌موو بنه‌ماکانی ئیسلام له‌سه‌ر ئاسانکاری دامه‌زراوه‌ نه‌ک توندی و قورسی، وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ژن هێنان و شووکردن یه‌کێکه‌ له‌ سوننه‌ته‌کانی ژیان، بۆیه‌ قورس کردنی باری ماره‌یی و بونه‌ به‌ربه‌ست له‌لایه‌ن تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگه‌وه‌ ده‌بێته‌ ڕێگرییه‌ک که‌ نه‌ خوای گه‌وره‌ نه‌ پێغه‌مبه‌ر ڕێیان پێ داوه‌ چونکه‌ خوای گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێت: (یُرِیدُ اللَّهُ بِکُمُ الْیُسْرَ وَلا یُرِیدُ بِکُمُ الْعُسْرَ) (البقره: ۱۸۵) واته‌: خوای گه‌وره‌ ئاسانکاری بۆ ئێوه‌ ده‌وێت و نایه‌وێت قورسی له‌سه‌رتان ببێت.

شه‌شه‌م: به‌رز و گرانی ماره‌یی ده‌ره‌نجامێکی ترسناک و ڕوخێنه‌ری لێ ده‌وه‌شێته‌وه‌ وه‌کو:

۱- دوورکه‌وتنه‌وه‌ی گه‌نجان له‌ ژن هێنان.

۲- بڵاوبوونه‌وه‌ی قه‌یره‌یی له‌نێو کۆمه‌ڵگه‌دا.

۳- بڵاوبوونه‌وه‌ی داوێن پسی و به‌دڕه‌وشتی وه‌کو ئه‌لته‌رناتیڤێک بۆ زه‌واج, کاتێک کوڕ نه‌توانێت ژن بهێنێت ناچار په‌نا ده‌باته‌ به‌ر کاری به‌ر ڕه‌وشتی بۆ تێرکردنی ئاره‌زووه‌کانی.

۴- نه‌مانی سۆز و به‌زه‌یی و به‌ره‌که‌ت له‌نێو ماڵ و خێزانه‌کاندا.

۵- به‌هۆی دواکه‌وتن له‌ ژن هێنان و شووکردن کۆمه‌ڵگه‌که‌ ده‌بێته‌ کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی پیر واته‌ ڕێژه‌ی گه‌نج و ته‌مه‌ن نزم که‌متر ده‌بێته‌وه‌.

۶- خێزان دوچاری کێشه‌ی ئابووری ده‌بێته‌وه‌ به‌هۆی کۆبوونه‌وه‌ی قه‌رز له‌سه‌ری.

۷- سته‌م کردن له‌ ئافره‌ت له‌لایه‌ن پیاوه‌که‌یه‌وه‌، هه‌روه‌ها په‌نابردنی پیاوه‌که‌ بۆ به‌ر خیانه‌ت گه‌ر توانای نه‌بێت ژنه‌که‌ی ته‌ڵاق بدات به‌هۆی زۆری ماره‌ییه‌که‌یه‌وه‌.

۸- فه‌وتانی میراتی میراتگره‌کان پاش مردنی پیاوه‌که‌، چونکه‌ ماره‌یی ژنه‌که‌ی لێ ده‌رده‌هێنرێت که‌ له‌وانه‌یه‌ چه‌نده‌ها ئه‌وه‌نده‌ی سامانه‌که‌ی بێت.

۹- بڵاوبوونه‌وه‌ی دڵ ڕه‌قی و حه‌زپێ نه‌کردن، بۆنمونه‌ پیاوه‌که‌ ڕقی له‌ که‌سوکاری ژنه‌که‌ی ده‌بێته‌وه‌ چونکه‌ ماره‌ییه‌کی ئێجگار زۆریان سه‌پاندۆته‌ سه‌ری.

۱۰- بڵاوبوونه‌وه‌ی ڕق و کینه‌ له‌نێو ژن وپیاوه‌که‌ کاتێک مێرده‌که‌ سه‌یری ژنه‌که‌ی ده‌کات وه‌کو بار گرانییه‌کی ئابوری قورس به‌سه‌ر کۆڵێوه‌و ناتوانێت به‌ ئاسانی لێی ڕزگار بێت.

حه‌وته‌م: یاسای ماره‌یی له‌ ئیسلامدا یاسای سۆز و به‌زه‌ییه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی به‌تێکڕا:

بێگومان له‌ سروشت و خوی ئافره‌ت و فیتڕه‌تی حه‌ز ده‌کات هه‌میشه‌ داواکراو و مه‌رغوب بێت، هه‌روه‌ها شایه‌نی ئه‌وه‌ بێت پیاوه‌که‌ شتێکی گران به‌ها و به‌نرخی له‌پێناودا سه‌رف بکات و خۆشه‌ویستی خۆی بۆ ئافره‌ته‌که‌ ده‌ربڕێت و وه‌کو ڕێزێک بێت بۆ مێینه‌یه‌تی و جوانێتیه‌که‌ی.

بۆیه‌ ده‌بینین هه‌موو داب ونه‌ریتی میلله‌تان له‌ جیهانی پان و به‌ریندا به‌و شێوه‌ بنیات نراوه‌ که‌ پیاوه‌که‌ بڕواته‌ داخوازی ئافره‌ته‌که‌ نه‌ک ئافره‌ته‌که‌ داوای پیاوه‌که‌ بکات، مه‌گه‌ر چه‌ند حاڵاتێکی که‌م نه‌بێت ڕووی دابێت. هه‌ربۆیه‌ خوای گه‌وره‌ش یاسای ماره‌یی داناوه‌ و کردویه‌تی به‌ مه‌رجێکی ئه‌و گرێبه‌سته‌ ژنهێنانه‌ (عقد الزواج)، ئه‌مه‌ش دان پێنانێکه‌ به‌ فیتڕه‌ت و سروشتی ئافره‌ت و هه‌رچی هه‌ستێکی سۆز و عاتیفه‌ی تیادایه‌ که‌ خوای گه‌وره‌ بۆی داناوه‌.

 له‌لایه‌ن: ماڵپه‌ڕی خوشکان

 

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا