ڕه‌مه‌زان

بەرنامەیەکی کرداری بۆ مانگی ڕەمەزان

بەرنامەیەکی کرداری بۆ مانگی ڕەمەزان

السلام علیکم و رحمتە اللە و برکاتە ….

سوپاس و ستایشی بێ پایان بۆ خوای گەورە و باڵا دەست وە دروودو سەلام لەسەر کۆتا پەیامبەر (موحەمەد) و هاوەڵان و شوێن کەوتوانی تا ڕۆژی دوایی….بابەتی ئەم جارە بەرنامەیەکی کرداریە کە هەموو یەکێک لە ئێمە دەتوانێت جێبە جێی بکات ، بێگومان بە پابەند بوون بەم بەرنامەیەوە پاداشتێکی زۆرمان دەست ئەکەوێت..بە نووسینەوەی ئەم بەرنامەیە لەسەر پەڕەیەک و چاو پێداخشانەوەی هەموو ڕۆژێک پێش خەوتن زیاتر یاریدەدەر دەبێت بۆ پابەند بوون…

 

بەم شێوەیە :

 

ئامۆژگاری یەکەم : نوێژەکان : ئامۆژگاری پێغەمبەرمان دروودی خوای لێبێت پێش وەفاتی دەیفەرموو " الصلاه الصلاه و ما ملکت أیمانکم".

۱- نوێژکردن لە مزگەوت بە کۆمەڵ بۆ پیاوان ، وە ئافرەتان لە کاتی خۆیدا و لەماڵەوە.

۲- نوێژە سوننەتەکانی پێش و پاش نوێژە فەرزەکان ،وە نوێژی تەراویح.

۳- نوێژی وتر و چێشتەنگا ، وە نوێژی ئیستیخارە و نوێژی پێویستی.

۴- گرنگی دان بە پاڕانەوە لە کاتی کڕنووش بردندا، ملکەچ بوون بۆ خوای گەورە و گرنگی دان بە تەدەبوری ئایەتەکان و تێگەشتن لێیان ،وە خوێندنی دوعاکانی پاش نوێژ.

 

ئامۆژگاری دووەم: قورئان :

 

۱- ڕەمەزان مانگی قورئانە : پێویسته لەم مانگەدا بەلایەنی کەمەوە جارێک خەتم بکرێت ، وه گوێگرتن لێی لە ماڵەوە بێت یان لەناو ئۆتۆمبێل.

۲- هەوڵ بدە ئەو جوزئە بخوێنیت کە ئیمام لە نوێژی تەراویحدا شەو دەیخوێنێت بۆ زیاتر تێگەشتن.

یەک پیت بەرامبەر دە چاکە دەنوسرێت ،وە خوای گەورە بیەوێت پاداشتی زیاتر دەنوسێت ،لە ڕەمەزاندا تەنانەت چرکەش بە فیڕۆ مەدە چونکە زۆر بە نرخە.

 

 ئامۆژگاری سێیەم :  تەراویح

 

۱- لەیەکەم شەوی ڕەمەزانه وه پابەند بە بە تەراویحەوە.

۲- نوێژکردن لەو مزگەوتەی کە لە تەراویحدا جزئێک دەخوێنێت یارمەتیدەرە بۆ خەتم کردنی قورئان .

۳- نوێژ کردن لە مزگەوتێک دا کە گەورەبێت زۆرباشە چونکە لە ناو کۆمەڵێک نوێژ خوێنی زۆردا خشوع و ترس و ملکەچی لەگەڵ دەبێت.

۴- پێویست ناکات دوای نوێژ زۆر بمێنیتەوە… کات بە نرخە و ئەگەر بێ هودە بەفیڕۆت دا ناگەڕێتەوە.

۵- هەوڵبدە لە مزگەوتێک بیت کە نزیکترین بێت لە ماڵەکەتەوە ، بۆ کات باشترە هەروەها بۆ گەیاندنی ئامۆژگاریەک چونکە ئەوانەی دەیانبینیت ناسراون.

 

 ئامۆژگاری چوارەم : بەخشین

 

۱- زۆر ببەخشە هەتا لە تواناتدا هەیە… ڕۆژێک بەسەرتدا تێنەپەڕێت بە بێ بەخشین ئەگەر شتێکی کەمیش بێت.

"اتقوا النار و لو بشق تمره".

۲- ئەگەر توانات هەیە هەوڵ بدە خواردن بۆ ڕۆژوەوانان دابین بکە.

۳- هەژارانت بیرنەچێت بەتایبەتی ئەوانەی کە دەیانناسیت لە خزم و دۆستان و دراوسێکانت ، هەوڵبدە پێش هاتنی جەژن کەسێکی ناسراوت نەبێت کە لە ناخۆشیدا بێت ئەگەر تۆ بتوانی یارمەتی بدەیت.

۴- زەکاتی فترو زەکاتی ماڵت بیرنەچێت و بۆ دوای نوێژی جەژن هەڵیمەگرە،چونکە سەرەڕای بە جێهێنانی زەکاتەکەت پاداشتێکی زۆر وەردەگریت وە دڵی هەژارانیش خۆش دەکەیت.

 

ئامۆژگاری پێنجەم : خزمایەتی و سیلەی ڕەحم

 

۱- بەشداری کردن و ئامادە بوون لە خواردنی بە کۆمەڵ ، یان هاوڕێ و خزمەکانت بانگهێشتی خواردن بکە بەمەرجێک زیادەڕەوی نەکەی لە دروستکردنی خواردنەکەدا.

۳- هەوڵبدە وەڵامی هەموو بانگهێشتەکان بدەیتەوە و پەیوەندی خزمایەتیت بیر نەچێت.

۴- ئەوانەی کە نێوانیان تێکچووە و پەیوەندیان پچراندووە ئاشتیان بکەرەوە.

 

ئامۆژگاری شەشەم : زمانی خۆت بگرە

۱- هەرشتێک خێری تێدا نەبێت مەیڵێ و زمانت بە یادی خوای گەورە سەرقاڵ بکە.

۲- فەرمان کردن بە چاکە و نەهی کردن لە خراپە.

۳- پاڕانەوە و دوعاکانت بیر نەچێت وە هەمیشە بە زەردەخەنەیەکی ئارام لەسەر دەم و چاوت دەربکەوێت.

۴- خۆت لە غەیبەت کردن و قسە هێنان و بردن بەدوور بگرە ، دەنگت بەرز مەکەرەوە و زۆر موناقەشە مەکە .

۵- دوور بە لە درۆکردن ، هەرگیز وشەی نابەجێ بەکار مەهێنە ،پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت : (لیس المؤمن بالطعّان و لا اللعّان و لا بالفاحش و لا بالبذیء).

 

ئامۆژگاری حەوتەم : تۆ و تەلەفزیۆن

 

وەک دەزانین لە ڕەمەزاندا چەندین زنجیرە و بەرنامە دادەبەزێت ، باش وایە کاتێکی زۆر لەوەدا بەسەر نەبەین چونکە ئەو کاتانە زۆر پیرۆزن بە لە دەستمان نەچێت ،بەتایبەتی سەیرکردنی ئەو بەرنامانەی کە لە بنەڕەتدا لە ئیسلامدا نەهی لێکراون.

 

ئامۆژگاری هەشتەم : بانگەواز لە پێناوی گەیاندنی ئەم ئاینە پیرۆزە:

 

۱-         پابەند بە بەبانگکردنی کەسێک بۆ سەر ڕێگەی ڕاست ، دڵەکان لەم مانگەدا زۆر نەرم دەبن و زیاتر گوێڕایەڵی فەرمانی خوا دەبن بۆیە ئەم هەلە بقۆزەرەوە. پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت دەفەرموێت : "لأن یهدی الله بک رجلا واحدا خیر لک من حُمَر النِعَم ".

۲-  بە تەنها مەڕۆ بۆ نوێژی بە کۆمەڵ و تەراویح بە بێ ئەوەی کەسێکت لەگەڵ نەبێت ، بەتایبەتی ئەگەر پابەندی ئەو پەرستشە نەبێت.

۳- مەرج نیە تەنها لەگەڵ خزم و هاوڕێکانت بێت با کەسێکی تریش بێت یارمەتی بدە و بانگی بکە ، چەند خۆش دەبێت ئەگەر هێشتا ڕەمەزان تەواو نەبوە و تۆ زیاتر لە کەسێکت بۆ هیدایەت ڕێنوێنی کردوە.

 

 ئامۆژگاری نۆیەم : ئیعتیکاف

 

۱- دەتوانیت پشوویەک لە کارەکەت وەربگریت بەمەرجێک زیانی بۆ کارەکەت نەبێت ،هەوڵ بدە بۆ دە ڕوژی کۆتایی ئەگەر توانات نە بوو چەند رۆژێک وە ئەگەر هەر نەتتوانی چەند کاژێرێک  هەوڵ بدە بە تەنها بمێنیتەوە.

۲- لە کاتی مانەوەت قسەکردنت کەم بکەرەوە.

۳- لە ڕۆژدا قورئان خوێندن و زیکر و دوعا و نوێژەکان بکە ،بە شەویش نوێژی تەراویح و پاڕانەوەو داوای لێخۆشبوون وشەو نوێژ زیندوو بکەرەوە.

۴- هەلێک دابنێ  بۆ گەشت کردن بۆ لای خوای گەورە …. هەلێک ڕزگارت بکات لە ناخۆشی و ڕێگرەکانی دونیا ، ئەو کاتەت تەنها بۆ خوا بێت بزانە چۆن دوای ئیعتیکافەکەت ئاسوودە دەبیت.

 

 

ئامۆژگاری دەیەم : تەوبە و گەڕانەوە بۆ لای خوا

 

مانگی ڕەمەزان گەورەترین هەلە بۆ گەڕانەوە لە تاوانەکان و تەوبە کردن لە هەموو گوناهەکانی تەمەن..

هەلێکەبۆ کردنەوەو هەڵدانەوەی پەڕەیەکی نوێ لەگەڵ خوای گەورە…  هەلێکە وات لێدەکات پەڕەی کردەوەکانت سپی و پاک بێت.

لە فەرمودەیەکدا کە بوخاری و موسلیم ڕیوایەتی دەکەن پێغەمبەر درودی خوای لێبێت دەفەرموێت : " من صام رمضان إیمانا و احتسابا غُفِر له ما تقدم من ذنبه ".

خوایە گیان بە ناوە جوانەکانت لێت دەپاڕێمەوە لە گوناهەکانمان خۆشبیت و ڕۆژوەکانمان لێ وەربگریت …. بە هیوام سوودی بۆ هەموو موسڵمانێک هەبێت….

و اخر دعوانا ان الحمد للە رب العالمین…

 وەرگێڕان بە دەستکاریەوە : سایە فارس / سه رچاوه : یه‌کگرتوو

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا