خەتەنەى کچان لەڕوانگەى ئیسلامەوە
خەتەنەى کچان لەڕوانگەى ئیسلامەوە
ماموستا دوکتر أحمدی شافعی *
-خەتەنەکردنى کچان لەڕوانگەى ئیسلامەوە چۆن سەیر دەکرێت؟
-ئەگەر کچێک خەتەنە نەکرێت ئایا گوناهبار دەبێت، یا وەک دەوترێت نانى دەستى حەرامە؟
وەڵام:
+ پێش وەڵامدانەوەى ئەم بابەتە لەڕوانگەى شەریعەتى ئیسلامەوە پێم باشە ئاماژە بە ڕاستیەک بکەم کە بریتییە:
-تائێستا سەرەتایەکى ڕوون نیە بۆ مێژووى سەرهەڵدانى خەتەنەى کچان کەجێگەى متمانەو باوەڕبێت.
-ئەوەى وتراوە یا دەوترێ خەتەنەى کچان شتێکە ئیسلام دایهێناوە لە ڕاستى دوورە و بێ بنەما و بێ بەڵگەیە.
-خەتەنەى کچان نەریتێکى کۆنى پێش هاتنى ئاینى ئیسلامى پیرۆزە، هەر لەچاخە کۆنەکاندا بووە و ئەنجامدراوە.
-هیرۆدۆست مێژوونوسى ناسراوى ئیغریقى ئەڵێت:
ئەوانەى خەتەنەیان ئەنجامداوە لەسەرەتای چاخە کۆنەکان بریتین لە: میسریەکان، ئاشوریەکان، کوسیدیون، حەبەشیەکان ،و گەلانى تر بەزۆرى لە میسریەکانەوە فێربوون.
-شێخ مەحمود شەلتوت شێخى پێشووى ئەزهەر فەرمویەتى:
“کردارى خەتەنە کردن، کردارێکى کۆنە، هەر لەسەرەتایی مێژووى سەرهەڵدانى مرۆڤایەتیەوە بووە و بەردەوام بووە تاهاتنى ئاینى ئیسلامیش”.
-ئەوەى مەبەستمە ئەوەیە:
عەرەبەکان پێش هاتنى ئیسلامیش، خەتەنەیان ئەنجامداوە چ بۆکچان چ بۆ کوڕان بێ جیاوازى، لەناویاندا بەجۆرێک پەرەی سەندو و بڵاوەبویەوە، ببووە داب و نەریتێکى تەواو لە نێویاندا.
“حوکمى خەتەنە لە شەریعەتى ئیسلامدا”
ڕون و ئاشکرایە حوکمەکانى شەریعەتى ئیسلام تەنها لەڕێى سەرچاوەسەرەکیەکانیەءە وەردەگیرێ کە هەموو زانایان لەسەرى کۆکن کەبریتیە:
*قورئانى پیرۆز
*فەرمودە شیرینەکانى پێغەمبەر (د.خ) ئەوانەى کە پلەى ڕاست و ڕەوانى (صحیح) یان هەیە.
*کۆدەنگى زانایان (الاجماع)
*قیاس
-قورئانى پیرۆز:
لە قورئانى پیرۆزدا ئایەتێک نیە نە بە ئاشکرا نە بە شاراوەیی باس لە خەتەنەى کچان بکات.
-فەرموودە شیرینەکانى پێغەمبەر(درودى خوای لێبێت) .
گەر بە ووردى سەیرى هەموو فەرمودە شیرینەکانى پێغەمبەر (درودى خوای لێبێت) بکەین لەمەڕ خەتەنەى کچان ئەگەینە ئەم ئەنجامە:
*فەرمودەیەکى ێحیح نیە کە (قطعی الدلاله ) بێت فەرمان بەکردنى خەتەنەى کچان بکات.
*زۆربەى ئەو فەرمودانەى دەربارەى خەتەنەى مێینە هاتوون لاوازن و نەگەشتونەتە پلەى صەحیح ، وە لەڕووى سەنەدەوە بە هێز نین.
*ئەو فەرمودانەى کەلە ڕووى سەنەدەوە لاواز بن حوکمى شەرعییان لەسەر بنیات نانرێت، بە پێى بۆچوونى زانایان.
-ئەبوداود فەرمویەتى: ” فەرمودەى خەتەنەى مێینە لەچەند ڕوویەکى جیا جیاوە گێڕراوەتەوە، سەرجەمى هەمویان لاوازن، دروست نیە بکرێنە بەڵگە و پیشتیان پێ ببەسترێت”.
-ئیبن مونذیر فەرموویەتی:(لیس فى الختان خبر یعول علیه، ولا سنە تتبع)، واتە: دەربارەى خەتەنەى کچان نە ڕاستە بۆى بگەڕێینەوە وەنە سونەتێکیشە تا دواى بکەوین…
سید سابق لە کتێبى (فقە السنه) فەرمویەتى: “ئەو فەرمودانەى دەربارەى خەتەنەى ژنان هاتووە هەمووى لاوازن و کاریان پێ ناکرێت”.
ڕاى زانایانى فیقهى ئیسلامی:
زانانایان دەربارەى خەتەنەى کچان چەند ڕایەکى جیاوازیان هەیە:
*ڕاى یەکەم:- خەتەنە واجبە بۆ پیاوان و ژنان بە بێ جیاوازى
*ڕاى دووەم:- خەتەنە هەر واجب نیە، نە بۆ پیاوان نە بۆ ژنان، بەڵکو بۆ هەدووکیان سونەتە و بەس.
ئەمەش ڕاى حەنەفیەکان و ڕاى هەندێ لە هاوەڵانى ئیمامى شافیعى و شێخ حەسەنی بەصری وڕایەکى ئیمام مالیکە.
*ڕِاى سێهەم:- خەتەنە بۆ پیاوان واجبە، بەڵام بۆ ژنان مەکرمەیە واتە نە واجبە نە سوننەتە، ئەمەش ڕاى ئیمامى ئەحمەدە.
پوختەى بابەتەکە ئەمەیە:
جەماوەرى زانایان کۆکن لەسەر ئەوەى خەتەنەى کچان سونەتە یا مەکرمەیە، واجب نیە.
شتێکى ڕون و ئاشکرایە: سونەت هەرکات مرۆڤ ئەنجامیدا پاداشتى هەیە، نەشیکرد هیچ تاوانێکى لەسەر نیە و گوناهى ناگات.
بۆیە ئەگەر ئەمرۆ زانستى نوێ دەریخست کە خەتەنەى کچان زیانى هەیە، لەبەرژەوەندى ژناندا نیە، لەڕوانگەى یاسای فیقهى ئیسلامى (لاضرر ولاضرار) فەتوا ئەدرێت بە نەکردنى، چونکە دەقێکى (قطعى الدلاله) ی لەسەر نیە، هەروەک لە لیژنەى باڵاى فەتواى یەکێتى زانایانى ئاینى ئیسلامى کوردستان هەربەم شێوە فەتوا دراوە.
کەوا بوو خوشکى بەڕێزم:
وەک باسمان کرد لەسەر خەتەنەى کچان فەرمودەیەکى (صەحیح) و ڕاست و ڕەوان نیە، هەروەها زانستى پزیشکى سەلماندویەتى ئەم کردارە زیانى هەیە بۆ ژنان ئەو کارە ئەنجام مەدەن.
* رئیس و عضو برجسته دارالافتا کردستان عراق