بابه ته كانبه شی کوردیمطالب جدید

شێوازی دەوڵەتداری لە سەردەمی خولەفادا….

شێوازی دەوڵەتداری لە سەردەمی خولەفادا….

نوسه‌ر : حسن محمود حەمەکریم

 

ئیسلام (چواردە)سەدە حوکمی زۆرترین خەڵکی سەرزەوی کرد…

ئەم ماوە دورو درێژە بێگومانین کە باش و خراپی تێ دەکەوێت..ئنصاف نیە کە خاڵێکی لار و خراپ لەو ھەموو ساڵانەدا ھەڵ گۆزی و بیخەیتەڕوو ھەزار و چوار سەد ساڵی پێ ناشرین بکەیت…!!

ئەگەر یەکێک خراپەی چواردەسەدە کۆبکاتەوە لە مێژووی نەتەوەی ئیسلامدا و بیەوێت موسوڵمانانی پێ ناشرین بکات،ئەوە دەتوانێت و زۆریشی بۆ کۆدەبێتەوە..تەنھا ساویلکەکانی پێ دەخەڵەتێ،بەڵام مرۆڤی ژیر با بێ بڕواش بێ وەکو (ویل دیورانت)و(کارل بروکلمان)و دەیانی تر بە شکۆوە مجلداتی ھەزار لاپەڕەییان لە سەر شارستانی و عەدالەتی سەردەمەکانی ئیسلام تۆمار کردوە،ھەندێ لاوازی باس دەکەن،بەڵام بە ئنصافەوە وەک ویل دیورانت مێژوونوس ولێکۆڵەرەوەی ئەمریکی لە باسە درێژە(۳۳)مجلدەکەیدا بە ناوی(قصه الحضاره)  دا دەڵێ:

(..لە گەڵ ئەوانەدا،ناچارین تەسلیمی ئەوە بین و بڵێن،کە خەلیفە سەرەتاییەکانی ئیسلام،لە(ئەبوبەکر)ەوە ھەتا(مامون)..یاسای چاک و رێک و پێکیان داناوە کە بە ئاسانی بگونجێ بۆ ژیانی مرۆڤایەتی لە پارچەیەکی فراوانی ئەم جیھانەدا..ئەوانە دەیان توانی ھەمووشت بەرن بۆ خۆیان،یان ھەمووشت کاول بکەن،وەک ھێرشە دڕندەکانی تەتەر و مەغۆل و مەجەر و ئەوانەی باکوری ئەوروپا کردیان..بەڵام ھیچ خراپ کاریەکیان نەکرد،جگە ئەواندە کەباج (ضریبه)یان لە سەر خەڵک دانا..لەسەردەمی عومەردا کە میسر رزگار کرا،(زبیر)ووتی با ھەموو زەویە بە پیتەکان دابەش بکەین بەسەر ئەو سەربازانەی رزگاریان کرد..عومەر ووتی باھەر بە دەست میللەتەوە بێت و بەرھەم بدات.لە سەردەمی خولەفای راشدین دا زەوی دابەش کرا حکومەت سجیلەکانی خۆی پاراست،رێگاوبانێکی زۆر کرایەوە،جۆگە ئاودێریەکان چاک کران،جسری گەورە دروست کران بۆ گلدانەوە و بەربەست کردنی لافاوی روبارەکان.

عێراق پێش فەتحی ئیسلامی بیابانێکی روت و قوت و ووشک بوو،دوای فەتح بو بە باخ و باخات و شینایی فراوان،زۆر لە خاکی فەلەستین پێش فەتح لم و چەو و بەرد و چۆڵ بوو،پاشان گۆڕا بە خاکی بە پیت و بەرەکەت و دەوڵەمەند و قەرەباڵغ و پڕ لە خەڵک،حکومەتی ئیسلام سودی لە شارەزا و بەھێز و پسپۆڕەکانی وەرگرت،میللەتانیان ئەمین کردەوە و ژیانی ئارامیان بۆ رەخساندن و ھانیان دان بەرھەمی دەستی خۆیان بچننەوە،فرسەتی ئامادە کرد بۆخاوەن مەوھبەکان و خێروخۆشیان بڵاو کردەوە،بۆ ماوەی شەش سەدە میللەتانیان لە بەستەڵەک و نەھامەتی پێشو رزگار کرد،ھیچ سەر دەمێک ئەو میللەتانە خێروخۆشی و ئاوەدانی وایان نەدیبوو،ئەمەش بە فەزڵی ھاندان و یارمەتی دان و دەست گیرۆیی کردن بوو،زانست بڵاوەی کرد و گەشایەوە،زانست و ئەدەب و فەلسەفە و کارە ھونەریەکان پێش کەوتن بە جۆرێک کە ئاسیای رۆژئاوا بۆ ماوەی پێنج سەدە،پێشکەوتوترین ھەرێمەکانی جیھان بوو لە رووی شارستانیەوە..

ئەوانەن فەیلەسوفی شارەزا و بە ئنصاف که لە بەرامبەر حەقیقەت دا بە شانازیەوە وەستاون و چەند بەرگیان لە مێژوویان ھۆنیوەتەوە….

مێژووی موسوڵمانان ئەو ژیانەیە کە رایان بواردوە،ئەو روداوانەی کە دروستیان کردوە،بە تاک بێ یان بە کۆمەڵ،دەوڵەت بێ یان حکومەت،حاکم بێ یان محکوم….

ئەو چواردە سەدەیەی مێژووی ئیسلام،خێروشەڕ و ھەڵە و پێکان و تاریک و رونی تیایە..تیایەتی پیاو شەرم دەکات باسی بکات،لاپەڕەی سپی وایشی تیایە کە سەربەرز دەکاتەوە،غیرەتی پیاو دەھێنێتەجوش،روداوی وای تیایە کە مرۆڤ ناتوانێ خۆی بگرێ و نەگری و موی راست نەبێتەوە..لە ھەمان کاتدا لاوازی و سەری نەوی و ترس و بیم و گوێ پێ نەدانیشی تیایە..ئا ئەم ژیانەی ئەمڕۆ گەلانی موسوڵمانانی جیھانی تێ کەوتوە و توشیان ھاتوە،لاپەڕەیەکی رەش و تاریک و نزمیە و مێژوش شاھیدە..ھەرچەندە چەکەرەی رۆژێکی رون لە ئافاقەوە ھەواڵ دەدات…!!

موسوڵمانانیش بەشەرن وەک ھەموو مروڤێکی تر،چاک دەکەن و خراپ دەکەن،راست دەکەن وھەڵە دەکەن،لا دەدەن ودێنەوە سەر رێ،لاواز دەبن وبەھێز دەبن..

توندوتۆڵی خەڵک بە ئیسلامەوە ومێژویانە‌‌..گەر لاواز بون،ئەوا مێژویان لاواز بوە..مێژوی ئیسلام ھەموی ھی موسوڵمانانە،بە چاک وخراپ وبەھێز ولاوازیائەوە..

ئەگەر یەکێک دەستی دایە قەڵەم،وەفا بۆ  قەڵەم وایە کە لەسەر چاک و خراپ بنوسێ وبە تەنھا ھیچیانی لێ ھەڵنەبژێرێ،دەبێ ھەردووکیان ھەڵبسەنگێنرێ وشی بکرێنەوە،ھەموو مێژووی موسوڵمانان پیرۆز نیە و مەقبول نیە،ھەروعکو،چۆن ھەموو کردەوەکانی مڕوڤێک پیرۆز و مەقبول نیە..!!

سەردەمی خولەفای راشدین،زێڕینترین سەردەمەکانی ئیسلامە..فتوحات،بڵاوبونەوەیەکی فراوانی بە خۆیەوە بینی،لە کەمترین ماوەدا زۆرترین خاک و،گەلانی ناوچەکەیان گێڕایەوە ژێر سایەی ئیسلام،لەبەر ئەوە بە پیرۆزترین فەتەراتی حوکمی ئیسلامی دادەنرێت،ئەوەی ئەنجامیان دا،نمونەی ئاوێنەیەکی بەرز وپاکە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان..پێشەنگن بۆ موسوڵمانان ھەتا زەوی لە خولانەوە دابێت..!!

خولفای راشدین (۳۰)ساڵ حوکمیان کرد،ئەوەندەیان تیا ئەنجام دا،کە زۆر لە کاری معجیزە دەچێت..

ئەبوبکر                                  دووساڵ وھشت مانگ وسێ روژ حوکمی کرد

عومەر                                    دە ساڵ وشەش مانگ ونیو بوو.

عوسمان                               دوانزە ساڵ ودە رۆژ بوو.

 عەلی کوڕی ئەبی طالب             پێنج ساڵ بوو.

بە ماوەی ھەموویانەوە پێشبینی فەرمودەکەی پێغەمبەریان ھێنایە دی کە فەرموی:(الخلفا بعدی ثلاثون سنه،ثم تکون ملکا..)واتە:(خەلیفایەتی جێ نیشینی دوای من سی ساڵە وپاشان دەبێتەپاشایەتی…)یان لە جێ یەکی تردا فەرموی(خلافه النبوه سنه ثم یؤتی الله الملک او ملکه می یشاء…)

ئەوە بوو رێک وا دەرچوو،بەڵکو دوای خولەفا دەسەڵات کەوتە دەست (بنی امیە)وبە زۆر پچڕاندیان بۆ خۆیان و،پایتەختیان لە مەدینەوە گواستەوە بۆ (دمشق)،وە سستەمی شورا کە ئایەتی لەسەر بوو،گۆڕیان بۆ پشتاوپشت بەڵکو لە باوکەوە دەمایەوە بۆ کوڕ وبرا..دوای سی ساڵە کە(معاویە کوڕی ئەبی سوفیان)بویە پاشا..وەک خۆی ھەموو جارێک دەیگوتان اخر الخلفا واول الملوک)…

ئەوەی لەو سی ساڵە دا کرا مێژوونوسان و لێکۆڵەرەوان دەستەوسانن لەبەر دەمیدا…دووئمپراتۆریەتی زلھێزی جیھانی ئەو کاتەیان بە چۆکا ھێنا…دەوڵەتی ئیسلامی سوپایەکی جەربەزەی ھەبوو،سوار چاکێکی شارەزا بوون،فارس ورۆم نەیدە گرتنەوە،ھیچ کەس بەرگەی ناڵە ونرکە ونەعرەتەو ودەنگ وھەرای نەدەگرتن…ھەتوچۆی خێرا وجوڵە سەیرەکانیان،بەرامبەرەکانی ھێنا بویە لەرزە وگەشکە…زۆرجار حەزیان دەکرد، لەدورەوە سەیری جوڵە و حەرەکاتی موسوڵمانان بکەن…

سوپای ئیسلامیش زۆر تامەزروی ئەوە بوون دابەزنە مەیدانی جەنگ و،خۆیان بۆ  بێ بڕواکان بنوێنن و،دڵسۆزیان بۆ خوا دەربخن…کارەکانیان خێرا بوو،زەوی لە ژێر قاچیاندا دەھاتەوە یەک… ساڵی۶۳۵ زاینی دمشق وساڵی ۶۳۶ ئەنطاکیە و ساڵی ۶۳۸شاری قودس رزگار کرا،ھێشتا ساڵی ۶۴۰ نەھاتبوو،کە ھەموو شام ئازاد کرا،کە گیشتە ۶۴۰ ئمپراتۆریەتی فارس روخا و،وڵاتی میسریش ئازاد کرا،بطریقی قودس(سفرو نیوس)ووتی کلیل نادخم ھەتا خەلیفەتان نەیەت،عومەر ھات،سادەیی پێوە دیار بوو،ئەوە فەخرتر بوو لە فەخامەت و گەورەیی ودەست وپێوەند،کیسەیەک خورما ودۆڵیانێک ئاوی پێ بوو،کە خالید وئەبوعبیدە چونە پێشوازی،توڕە بوو کە جل وبەرگە سەیرەکان و،گوڵنک و شاخ شاخە وکورتان وزینی عەجایە بی وڵاخە رازاوەکانی بینین…!!مشتێ قوڕو خۆڵی بۆ ھەڵدان…ووتی:ئا بەم جۆرە پێشوازیم لێ دەکەن…بەڵام کە قسەی لەگەڵ (سفرونیوس)کرد،پڕ بوو لە لوتف ومجاملە،جگە جریەکی زۆر کەم،ھیچی لەسەر ئەو ھێزە شکاوە فەرز نەکرد…ئەمینی کردن کە کەنیسەکانیان پارێزراوە وناڕوخێ و،داگیر ناکرێ،بێ ترس بەندایەتی خۆتان بکەن،مێژوونووسە گاورەکان دەڵێن:

لەگەڵ بطریقی قودس دا بە شەردا گەڕان،دە رۆژ مایەوە،جێگەی مزگەتێکی دۆزیەوە،پاشتر بە ناوی خۆیەوە ناونرا…خەڵکی مەدینە ترسان عومەر قودس بکاتە پایتەخت و نەگرێتەوە…!!کە عومەر ھەستی کرد،دەست بە جێ خۆی پێچایەوە وگەڕایەوە پایتەختە بچکۆلەکەی ناو بیابان…عومەر نەیدە ھێشت کۆچ بکەن بۆ دەرەوەی نیوەدورگە و زەوی بکڕن…لەگەڵ ئەوەشدا ھەتا ساڵی۶۴۲ زاینی نیو ملیون کەس لە نیوەدورگەوە کۆچیان کرد بۆ دەرەوە،عومەر حەزی دەکرد لە دەرەوەی نیوە دورگە کۆمەڵێک سەباز ھەبێت،دەوڵەت یارمەتیان بۆ  بنێرێ و پێویستیان دابین بکات،رەوشتی سەربازی خۆیان بپارێزن…بەڵام دوای مردنی پشت گوێ خرا،عومەر۱/۵ی داھاتی لە سوپادا خەرج دەکرد…

ئەبوبەکر لەسەر رێ و ڕەسمی پێغەمبەر دەچوو بەڕێوە و،وەسیەتەکانی ئەوی جێ بە جێ دەکرد،بەڵام خەلیفە عومەر برەوی دایە دەقەکانی ئەوان و بەشێوەیەکی پێشکەوتووتر کاری کرد کە لەگەڵ واقعی سەردەمەکەی دا وفراوانی سنورەکەی دا بگونجێ،مەبەستەکانی ئەوانی دابەش کرد و ئیداراتی تری لێ جیا کردەوە.

————————

سه رچاوه: کوردستان لەبەردەم فتوحاتی ئیسلامی دا / نوسه‌ر : حسن محمود حەمەکریم

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا