ئه‌مه‌ریکا.. چه‌ندت ڕاسته‌و چه‌ندت خه‌ڵه‌تاندنه؟
ئه‌مه‌ریکا.. چه‌ندت ڕاسته‌و چه‌ندت خه‌ڵه‌تاندنه؟
فازڵ قه‌ره‌داغی
ده‌بێت (دان براون)، نووسه‌ری ڕۆمانی (کۆدی داڤینچی)، ئێستا چۆن بیر بکاته‌وه؟ ڕه‌نگه بڵێت (خاڵی خه‌ڵه‌تاندن)م نه‌نووسیایه ئێستا ده‌منووسی، به بابه‌تێکی جیاواز‌و ناوبانگێکی گه‌وره‌تر.
کوشتنی ئوسامه بن لادن، ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریکی بیه‌وێت یان نه‌یه‌وێت، گومانێکی له هه‌ردوو به‌ره‌دا دروست کرد: ئه‌مه‌ریکاو نه‌یارانی. له‌و به‌ینه‌شدا زۆرێکی تر هه‌ن گومانیش نه‌که‌ن ئاماده‌ن باوه‌ڕ به ورته‌ورتی باوه‌ڕنه‌کردن بکه‌ن.
پیشاننه‌دانی وێنه‌کانی کوشتنی ئوسامه پاساوی مه‌عقوولی هه‌یه، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ردا زیانی باوه‌ڕنه‌کردنی به‌دواوه بوو، ئه‌وه‌ی گومانه‌کانی زیاتر کرد، یان ئه‌وه‌ی گومانه‌کانی دروست کرد، فڕێدانی لاشه‌ی ئوسامه له‌ناو ده‌ریادا بوو. ڕه‌نگه وێنه‌کان بڵاویشبکرێنهوه که‌سانێک هه‌ر بمێنن گومان بکه‌ن، به‌لای که‌مه‌وه گومان له چۆنێتیی مردنه‌که بکه‌ن: به چالاکییه سه‌ربازییه تایبه‌ته‌که یان ئوسامه پێشتر مردبوو؟ ئه‌ی ته‌ئکیدی قاعیده‌و تاڵیبان بۆ کوژرانی ئوسامه چه‌ند کافییه؟ ئه‌ی ناکرێت ئه‌و دوو رێکخراوه به‌شداربن له خهڵهتاندنهکهو بیانه‌وێت ته‌وزیفی چیرۆکه ئه‌مه‌ریکییه‌که بکه‌ن؟ ئایا ڕاستیی شاردراوه هه‌ن له کوژرانی ئوسامه به‌که‌ڵکی ئۆباما‌و هه‌ڵمه‌ته نزیکه‌که‌ی هه‌ڵبژاردنی ئه‌مه‌ریکا نه‌یه‌ن؟ ئه‌ی نابێت ئوسامه گیرابێتو دوای وه‌رگرتنی زانیاری لێی ئینجا فڕێبدرێته ناو ده‌ریا؟
دڵنیایی که‌مه، ئۆباما بۆ خۆی‌و به‌وته‌ی خۆی دڵنیا نه‌بوو ئه‌و که‌سه‌ی ناو خانووه‌که ئوسامه‌یه یان که‌سێکی تره، تا ئه‌و کاته‌ش هێزی (سیڵز) نه‌چووه خانووه‌که‌و ئوسامه‌یان نه‌کوشت له‌وه ده‌ترسا نیشته‌جێی خانووه‌که که‌سێکی تر بێت.
خودی ئوسامه به‌که‌ڵکی به‌رهه‌می ئهدهبیو هونه‌ری دێت چ جای ئه‌وه‌ی مردنه‌که‌ی به‌و شێوه‌یه بێت. مردنه گوماناوییه‌که، که باوه‌ڕم وایه ڕاستییه نه‌ک گومان، ڕۆمانێکی که‌متر ناسراوی دان بڕاونی بیرخستمه‌وه که تێیدا باسی ژیانی پشتپه‌رده‌ی سیاسییه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ده‌کات له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له‌و فێڵ‌و چاڵههڵکهندنانهی له کاتی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردندا دهکرێنو چۆن شتی گشتیی تایبه‌ت به میلله‌ت بۆ بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردن به‌کاردێن.
ڕۆمانه‌که ناوی (خاڵی خه‌ڵه‌تاندن) یاخود (ئامانجی خه‌ڵه‌تاندن)ـه Deception Point(ساڵی ۲۰۰۱) و به‌ناوی (حقیقه الخدیعه) کراوه‌ته عهرهبیو ئه‌مه کورته‌یه‌کی زۆر چڕی ئه‌و ڕۆمانه‌یه:
وه‌کاله‌تی ئه‌مه‌ریکیی بۆشایی ئاسمان (ناسا)و ده‌زگاکانی سه‌ر به‌و تووشی چه‌ند فه‌شه‌لێک ببوون. له‌پڕیش ده‌زگایه‌کی سه‌ر به ناسا نه‌یزه‌کێک له‌ژێر کێوێکی سه‌هۆڵ له جه‌مسه‌ری باکووردا ده‌دۆزێته‌وه گوایه ئه‌و نه‌یزه‌که زینده‌وه‌ری به‌به‌ردبووی تێدایه‌و ئه‌وه ده‌ردیده‌خات ژیان له ئاسماندا هه‌یه. دوایی ده‌رده‌که‌وێت به‌رده‌که له‌ژێر ده‌ریاوه ده‌رهێنرابوو و خرابووه ناو به‌فره‌که، ئه‌و کاره‌ش سه‌رۆکی ده‌زگایه‌کی هه‌واڵگری به‌ناوی (نوسینگه‌ی نه‌ته‌وه‌یی توێژینه‌وه) کردبووی، ئه‌و که‌سانه‌ش ئه‌و درۆیه ئاشکرا ده‌که‌ن کچێکی سه‌ر به‌و ده‌زگایه‌یه که باوکه‌که‌ی سیناتۆرێکهو مونافسی سه‌رۆکه بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆکایه‌تی، هه‌روه‌ها دهریاناسێک له‌گه‌ڵ دوو زانای تر. له‌و کاته‌دا تیمێکی سه‌ر به هێزی (ده‌لتا فۆرس)، که هێزێکی ئه‌مه‌ریکیی دژه‌تیرۆری سه‌رووی به‌رپرسیارێتیی یاساییه‌و چاودێریی گومه‌زه‌که‌ی ناسا له‌و سه‌هۆڵبه‌ندانه‌دا ده‌کات هه‌وڵی کوشتنیان دهداتو دواتر له‌سه‌ر پاپۆڕی دهریاناسهکه هه‌وڵێکی تر ده‌دات. ڕاستییه‌کانی پشتپهردهش ئه‌وه‌یه ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌کان هه‌وڵی ئه‌وه‌یان ده‌دا ناسا بخرێته سه‌ر ده‌زگاکانیان بۆ ئه‌وه‌ی کاره‌کانی نهێنی بن‌و ئه‌منی قه‌ومی بپارێزرێت بۆیه ویسترا ناسا سه‌رکه‌وتنێک به‌ده‌ست بهێنێت ئه‌گه‌رچیش درۆ بێت چونکه باوکی کچه‌که بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی چه‌ند کۆمپانیایه‌ک کار ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی ناسا بدرێته که‌رتی تایبه‌ت، له‌و به‌ینه‌شدا په‌نا بۆ کاری ناڕه‌وا ده‌برێت بۆ سه‌رکه‌وتن له هه‌ڵبژاردن، سه‌رۆکی لێ ده‌رچێت که قبووڵی ئه‌و جۆره کارانه ناکات.
لاوازییه‌کی ڕۆمانه‌که ئه‌وه‌یه دان بڕاون میزه‌ڵدانێکی گه‌وره‌ی دروست کرد به‌ڵام هه‌ر خۆی فشی کرده‌وه، دیاره چونکه فراوانکردنی بازنه‌ی پیلانگێڕان ڕۆمانه‌که وه‌کو به‌رهه‌مێکی نانیشتمانی پیشان ده‌دات. پیلانه‌که له پیلانی چه‌ند ده‌زگاو بهرپرسێکو ته‌نانه‌ت خودی سه‌رۆک ده‌چێت که‌چی ده‌رده‌که‌وێت هی یه‌ک که‌سه. هه‌وڵدانی بڕاون بۆ بێتاوانکردنی ناسا‌و سهرۆکهکهیو سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکاو ڕاوێژکاره‌که‌ی ده‌گاته ئه‌وه‌ی ته‌نانه‌ت به‌ڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێت سه‌رۆکی ئه‌مه‌ریکاو سه‌رۆکی ناسا ته‌واو بێتاوانن‌و زۆر میسالینو ڕازی نابن به هیچ فێڵێکو تاکه تاوانی سه‌رۆکی ناسا‌و ڕاوێژکاری سه‌رۆک ئه‌وه بوو سه‌رۆکی به‌رنامه‌ی (پۆدس)یان ناچار کرد درۆ بکات که نیزامه‌که چاک کراوه‌ته‌وه تا وابزانرێت ئه‌و ده‌زگایه به‌رده‌که‌ی دۆزییه‌وه‌و ئه‌وه درۆیه‌کی بچووکه. هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ش له‌پڕ ویژدانی سه‌رۆکی ناسا وریا ده‌بێته‌وه‌و به سه‌رۆک ده‌ڵێت به‌رنامه‌ی پۆدس نه‌بوو به‌رده‌که‌ی دۆزییه‌وه(لاپه‌ڕه 350). ئه‌و هه‌وڵه‌ی بێتاوانکردنی ناساش ده‌گاته ئه‌وه‌ی هه‌ست به هه‌ڵه‌یه‌کی زه‌ق نه‌کات ئه‌ویش که ئه‌و به‌رده له‌ناو تاقیگه‌یه‌کی نهێنیی ناسا سووتێنرابوو بۆ ئه‌وه‌ی له نه‌یزه‌ک بچێت(لاپه‌ڕه 285)، ئه‌ی چۆن ناسا بێ‌ئاگا ده‌بێت؟ بڕاون هه‌مان شتی کردبوو له ڕۆمانی کۆدی داڤینچی (۲۰۰۳) که وێنه‌یه‌کی زۆر گه‌وره‌ی پیلانێکی گه‌وره‌ی کێشا به‌جۆرێک فه‌زایه‌کی فراوانی وای دروست کرد مێژوویه‌کی کۆن‌و دوورودرێژ بگرێته‌وه که‌چی دوایی کردییه پیلانی که‌سێک، ڤاتیکانو تایفه‌ی (ئۆپوس دای)یشی بێ‌تاوان ده‌رکرد، ته‌نانه‌ت قه‌ناعه‌تی به بێتاوانییهکه له‌ڕێگه‌ی ڕووداوه‌کانه‌وه نه‌کردو به‌شێوه‌یه‌کی ساده‌و ڕاسته‌وخۆ بێتاوانیی ئه‌و دوانه‌ی خسته‌ڕوو (کۆدی داڤینچی، لاپه‌ڕه 467ی وه‌رگێڕانی عه‌ره‌بی)، به‌ڵام ئه‌و ئه‌نجامه کاری له سیحر‌و جوانیی‌و فه‌زای فراوانی ڕۆمانه‌که نه‌کردووه چونکه هه‌موو ئه‌و هێماو نهێنییانه هه‌ر ماون له‌کاتێکدا له (خاڵی خه‌ڵه‌تاندن)دا ده‌رکه‌وتنی ئه‌وه‌ی پیلانه‌که هی که‌سێک بوو به‌سه بۆ بچووککردنه‌وه‌ی ڕۆمانه‌که. بڕاون هه‌مان کاری کردووه له ڕۆمانێکی تری‌دا (فریشتهگهلو شهیتانگهل-۲۰۰۰) که دیسان باس له پیلان ده‌کات، پیلانێکی تێکه‌ڵ به ئاین‌و نهێنیو مێژوو به‌ڵام له‌کۆتاییدا ده‌بینین پیلانی یه‌ک که‌سه‌و ئه‌و نهێنیو ئه‌و مێژووه ڕابوردوویه‌کی مردوون. دواتریش‌و له نوێترین ڕۆمانیدا (هێمای ونبوو-۲۰۰۹) هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه هه‌ست ده‌که‌ی که پیلانی تاکه که‌سێک هه‌یه، هه‌رچه‌نده له‌گه‌ڵ به‌ره‌وپێشچوونی ڕۆمانه‌که نه‌بوونی پیلانێکی جیهانیو فراوان گرنگ نابێت، به‌تایبه‌ت به‌به‌راورد له‌گه‌ڵ ئه‌و په‌یامه‌ی بڕاون ویستی بیگه‌یه‌نێت.
ئه‌گه‌ر واز له باسی ڕۆمانه‌که‌و ئوسامه بهێنینو ئاوڕێک بۆ چوارده‌ورمان بده‌ینه‌وه ڕێگه‌که به‌ناچاری ده‌مانباته شوێنی تر، وڵاته‌کانی ڕۆژهه‌ڵات، له‌هه‌مووشیان نزیکتر کوردستانه. واقع‌و ئه‌زموون ده‌ڵێن خه‌ڵه‌تاندن زۆره، خاڵه لاوازه‌کانیش که‌من، ئه‌مه‌ی خواره‌وه یهکێکیانهو به‌کورتی ده‌یبڕینه‌وه:
ئه‌مه‌ریکا، ئه‌وروپاش له‌گه‌ڵیدا، هه‌میشه دوو دیوی هه‌بووه: بانگه‌شه بۆ ئازادی‌و دیموکراسی لهلایهکو پشتگیریکردنی دیکتاتۆرو نیمچه دیکتاتۆره پاشکۆکان له‌لاکه‌ی تر. ئه‌مه خاڵێکی خه‌ڵه‌تاندنه که له مێژووی نوێ‌دا زۆر ده‌بینرێت. ئه‌و مێژووه زۆرترین بانگه‌شه‌ی به‌ها باڵاکانی تێدایه‌و له‌هه‌مان کاتدا زۆرترین شوێنکه‌وتنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیشی تێدایه. ئه‌مه‌ریکا تا دڵنیا نه‌بوو کاتی سه‌ره‌مه‌رگه بۆ ئه‌و چه‌ند ده‌سه‌ڵاته‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب نه‌چووه پاڵ گه‌ل، بۆیه بۆ کوردستان‌و سه‌رباری هه‌موو زانیارییه‌کانی سه‌باره‌ت به دهسهڵاتهکهیو سه‌رباری هه‌موو بانگه‌شه‌کانی به‌ها باڵاکان هێشتا پشتگیریی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌کات. کورد پێویستی به ڕۆماننووسو شیکه‌ره‌وه‌ی سیاسی نییه چونکه ڕاستییه‌که ساده‌یه‌و له‌به‌رچاودایه، که‌سیش ناتوانێت ((پیلانه‌که)) بکاته بڕیاری تاکه که‌سێک. بمانه‌وێت وه‌زعی خۆمان بکه‌ینه ڕۆمان چیرۆکه‌که ده‌شێوێنین ئه‌گه‌ر پیلانه‌که بکه‌ینه به‌رهه‌می ده‌ستی که‌سێک یان چه‌ند که‌سێک، به‌ڵێ! چیرۆک دهشێوێتو ڕۆمان ده‌بێته گاڵته‌جاڕی.
سه رچاوه: زاگرس