بابه ته كانبه شی کوردیمطالب جدید

جیا کردنه‌وه‌ی ئیسلام له‌ سیاسه‌ت له‌ نێوان وه‌هم و واقیع‌دا

جیا کردنه‌وه‌ی ئیسلام له‌ سیاسه‌ت له‌ نێوان وه‌هم و واقیع‌دا

نوسه­ ر : یبراهیم مهردوخی

له‌مێژه‌ سه‌باره‌ت به‌ئایینی پیرۆزی ئیسلام ده‌وترێ و، ره‌خنه‌ی بێ جێ و پڕوپا گه‌نده‌ی درۆ بڵێ و ده‌کرێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌م ساڵا نه‌ی دوایی‌دا، هه‌ندێ به‌ناو رۆشنبیرو بیرمه‌ند و، ئازادی خوازه‌وه‌، قۆڵیان لێ هه‌ڵماڵیوه‌ و، به‌په‌له‌ و هه‌ڵپه‌یه‌کی ئێجگار له‌ ڕاده‌ به‌ده‌ر ده‌ستیان داوه‌ته‌ پێنووس و، له‌ رووپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌ و گۆڤار و حه‌فته‌نامه‌ و نامیلکه‌کاندا، ته‌نانه‌ت له‌ مێزگرد و کاناڵه‌ ئاسمانییه‌کانیشدا به‌وپه‌ڕی دڵپڕی و رق و کینه‌ و بێ ئینسافییه‌وه‌، هێرش و شاڵاوێکی به‌ربڵاو و بێ سنور، ده‌به‌ نه‌سه‌ر ئیسلام و مسوڵمانان و به‌خه‌یاڵی خۆیان ده‌یانه‌وێ به‌و گڕ و پف و هاشاووڵانه‌، مه‌سه‌له‌که‌ دامرکێنن و به‌بۆچونی خۆیان ئه‌و کۆسپه‌ گه‌وره‌ و به‌ربه‌سته‌پته‌وه‌ له‌ سه‌ره‌ ڕێی، گه‌یشتن به‌ ئامانج و ئاوات و ویست و خواسته‌ دێرینه‌کانیاندا لابه‌رن و، به‌ بێ خه‌م ده‌ستی حه‌سانه‌وه‌ بخه‌نه‌ ژێر سه‌ریان و، پڕ به‌پێستیان پشویه‌کی تێرو ته‌سه‌ل بده‌ن. بۆ نمونه‌ له‌م ماوه‌ پێشووه‌دا (به‌هاری۱۳۸۳)، سی‌دی یه‌ک له‌ ژێر ناو نیشانی ئیسلامی سیاسی دا بڵێ وکراوه‌ ته‌وه‌و، نووسه‌ر و وێژه‌ری وتاره‌که‌، به‌ خه‌یاڵی خاوی خۆی، واده‌زانێ  به‌ڵگه‌کانی هێنده‌پته‌ و به‌جێ و راست وره‌وایه‌، هه‌ر که‌س جارێ گوێ له‌م سی‌دی‌یه‌ بگرێ، به‌ هه‌ڵه‌ده‌وان به‌ره‌وپیری ئه‌م بیروبۆ چونه‌ی ده‌چێ و، ئه‌ڵقه‌ی خوڵامی بۆ له‌گوێ  ده‌کات.
هه‌ر چه‌ند ناوه‌رۆ که‌که‌ی زۆر ژڵه‌ ژاو و بێ بنه‌ما و پوچه‌ڵه‌ و، زۆر به‌ی بۆچون و کاکڵه‌ی بابه‌ته‌که‌ی دژ به‌یه‌کن، به‌ڵام ئه‌مه‌وێ به‌ په‌له‌ تیشکێک بخه‌مه‌ سه‌ر چه‌ند بڕگه‌یه‌کی و، خاڵه‌ دژبه‌یه‌ که‌کانی باشتر و روون‌تر بخه‌مه‌ سارا، تا چاک بۆ وتارنوسی به‌رێز ده‌رکه‌وێ ئیتر ئه‌م جۆره‌ فڕوفێڵ و چاوبه‌س و خه‌ڵک به‌گێل و نه‌فام زانینانه‌، ره‌نگیان هه‌ڵبڕسکاوه‌ و، بایه‌خ وباۆیکی ئه‌و تۆیان نه‌ماوه‌.

وتاره‌ که‌ له‌ سه‌ره‌تاوه‌ به‌خۆیندنی ئایه‌تی «اقرا باسم ربک» ده‌س پێ ده‌ کات و له‌ گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌ی ده‌قه‌که‌دا به‌گوێره‌ی بابه‌ته‌که‌، بڕگه‌ بڕگه‌ی فیلم پیشان ده‌دا و، به‌ تاریف کردن و پیاهه‌ڵدانی ئیسلام قاپی وتاره‌که‌ ده‌خاته‌ سه‌رگازی پشت و ده‌ڵێ:
«گومانی تێدا نییه‌ که‌ ئه‌م ئایینه‌ هه‌ندێ په‌یامی بۆ مرۆڤایه‌تی هێنا که‌ له‌ زۆر بواردا خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی کردووه‌ و مێژوی مرۆڤی به‌ره‌و قۆناغێکی نوێتر و پێشکه‌وتووتر گواسته‌وه‌».
پاشان نووسه‌ر به‌ هێوری رچه‌ خۆش‌‌ده‌کا بۆ به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ و هه‌ڵخڵه‌تاندن و چاو به‌س و چه‌واشه‌ کردنی مه‌به‌سته‌که‌ و، په‌نا ده‌باته‌ به‌ر دابه‌ش کردنی بیروڕا سه‌باره‌ت به‌ ئیسلام و ده‌لێ:
«هه‌ندێ که‌س له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن که‌ ئایینی ئیسلام بۆ ئه‌وه‌ ره‌وانه‌ کراوه‌، که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ ده‌سه‌ڵات  بگرێته‌ ده‌س و له‌ هه‌موو کاروبارێکی کۆمه‌ڵگادا، ده‌خاڵه‌ت بکات. به‌ڵام کۆمه‌لێ بیرمه‌ندی موسوڵمان، که‌ به‌ شێوه‌یه‌کی وردتر و قووڵتر له‌ شێوه‌ی فه‌لسه‌فه‌ی دین کۆڵیونه‌ته‌وه‌، باوه‌ڕیان وایه‌ که‌ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام، بۆ ئه‌وه‌ ره‌وانه‌ کراوه‌ که‌ په‌یوه‌ندی تاکه‌کان له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگار رێک بخا…»
لێره‌دا وتار نووسی به‌رێز بۆ ئه‌و به‌شه‌ی که‌ به‌ دڵی نییه‌ و به‌بێبایه‌خیان ده‌زانێ ، ده‌لێ«هه‌ندێ که‌س»، به‌ڵام بۆ به‌شه‌که‌ی دیکه‌ که‌ به‌پاڵه‌وانی مه‌یدانه‌که‌یان داده‌نێ و وه‌کو قه‌ڵایه‌کی پۆڵا یین پاڵیان پێوه‌ ده‌دا، پله‌ی بیرمه‌ندیان پێ ده‌دا و جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌کا که‌ وردتر و قووڵتر له‌ فه‌لسه‌فه‌ی دین کۆڵیونه‌ته‌وه‌؟!
ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ ده‌لێن فه‌لسه‌فه‌ی هاتنی ئیسلام په‌یوه‌ندی تاکه‌ که‌سه‌کانه‌ له‌ گه‌ڵ په‌روه‌ردگاردا و به‌س، که‌ واته‌ ئیتر به‌ هیچ کلۆجێ ، خۆ ناگه‌یه‌نێته‌ هیچ بارودۆخ و بیروبڕوا و کێشه‌ و گیر و گرفته‌ کۆمه‌ڵا یه‌تیه‌کان، که‌چی هه‌ر له‌ سه‌ره‌ تاوه‌ وتی:
«گومانی تێدا نییه‌ که‌ ئه‌م ئایینه‌ هه‌ندێ په‌یامی بۆ مرۆڤایه‌تی هێناوه‌ که‌ له‌ زۆر بواردا خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی کردووه‌».
به‌روونی دیاره‌ ئه‌م دوو ده‌قه‌ دژ به‌یه‌کن و ناتوانن پێکه‌وه‌ بگونجێن، باگوێ بگرین له‌ نوسه‌ر که‌ له‌مه‌ پته‌وتر و تێرو ته‌سه‌لتر ئه‌م نه‌گونجاویه‌مان بۆ زه‌ق ده‌کاته‌وه‌ و به‌رپه‌رچی خۆی ده‌داته‌وه‌، ده‌لێ :
«ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ ده‌لێن، پێش هاتنی ئیسلام عه‌ره‌به‌کان له‌ نیوه‌ دورگه‌ی عه‌ره‌بیدا، له‌ رێگای بته‌کانه‌وه‌، به‌ په‌روه‌ردگاره‌وه‌ په‌یوه‌ندیان ده‌کرد و، هه‌ندێ له‌ بازرگانه‌ کۆیله‌داره‌کانیش ئه‌و بتانه‌یان بۆ قازانجی خۆیان و کۆکردنه‌وه‌ی سامان به‌کار ده‌هێنا، له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا کچان زینده‌ به‌ چاڵ ده‌کران و مرۆڤه‌ هه‌ژار و کۆیله‌کان، به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ ده‌چه‌وسانه‌وه‌، له‌ هه‌ل و مه‌رجێکی وه‌هادا په‌روه‌ردگار قورئانی بۆ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ره‌وانه‌ کرد تا کۆتایی به‌ چه‌و سانه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ ده‌ستی مرۆڤ بهێنێ ».
با لێره‌دا خۆمان بێ ده‌نگ بین و نووسه‌ر بکه‌ین به‌ قازی و قسه‌ و بیرو بۆچوونی ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ له‌ یه‌ک بداته‌وه‌ و بزانێ چۆن جه‌مسه‌ری ئه‌م ورد بینی و فه‌لسه‌فه‌ بافییه‌یان له‌یه‌ک ده‌داته‌وه‌ و، چۆن ئه‌م دوو ئه‌ڵقه‌ دژ به‌یه‌که‌ له‌ یه‌ک هه‌ڵده‌پێکێ و جۆشیان ده‌دا؟!
ئه‌گه‌ر ئیسلام ته‌نیا بۆ په‌یوه‌ندی نێوان تاک و په‌روه‌ردگار هاتووه‌، ئیتر چیه‌تی له‌م هه‌موو کێشه‌ و چه‌رمه‌سه‌رێ و گیر و گرفته‌ و، چۆن ده‌ست ده‌خاته‌ نێو بیروباوه‌ڕی کومه‌ڵگا و شیرک و بت په‌رستی ریشه‌که‌ن ده‌کا و له‌سه‌ر کچه‌ زینده‌ به‌ چاڵکراوه‌کان ده‌کاته‌وه‌و، دژی کۆیله‌دار و بازرگانی کۆیله‌ و چه‌وسێنه‌ران ده‌وه‌ستێ و ده‌بێته‌ یارمه‌تی ده‌ری هه‌ژاران و ده‌توانێ کۆتایی به‌چه‌وساندنه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ده‌ستی مروڤ بهێنێ ؟! ئێمه‌ هیچ نالێین به‌ڵام تۆخۆت ئه‌م باره‌ لاره‌ راست که‌ره‌وه‌ و، ئه‌م هه‌موو شته‌ دژ به‌یه‌که‌ یه‌ک خه‌ره‌وه‌.
له‌ هه‌موو ئه‌مانه‌ سه‌یر و سه‌مه‌ره‌تر، نووسه‌ر هێشتا له‌م قوڕه‌ رزگار نه‌بووه‌ خۆی چه‌قاندووه‌ته‌ زه‌لکاوێکی تر و، دژایه‌تی نێوان بۆ چونی بیرمه‌نده‌کانی خه‌ست و  خۆڵتر ده‌کاته‌وه‌وه‌، ده‌لێ :
«ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ ده‌لێن: ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌یری فه‌رموده‌‌کانی قورئان بکه‌ین، ئه‌و راستییه‌مان به‌ جوانی بۆ ده‌رده‌ که‌وێ له‌ ئایه‌ته‌کانی قورئاندا، فه‌لسه‌فه‌ی ره‌وانه‌ کردنی پێغه‌مبه‌ر به‌ ئاشکرا روون ده‌کاته‌وه‌: لقد من الله علی المومنین اژ بعث فیهم رسولاً یتلو علیهم ایاته و یزکیهم و یعلمهم الکتاب والحکمه‌.به‌ پێی ئه‌م بۆچونه‌ ره‌وانه‌ کردنی پێغه‌مبه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ مرۆڤه‌کان خۆیان بناسن و دڵ و ده‌رونیان له‌ دوژ منایه‌تی و فیتنه‌ و نه‌فره‌ت و رق و کینه‌ و خراپه‌کاری پاک بکه‌نه‌وه‌».
ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌مان، ئه‌ڵێی هه‌نگی له‌ کولوره‌ گوێزدا دۆزیوه‌ته‌وه‌ و  ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ی ئه‌و نه‌بێ  تا ئێسته‌ که‌س ئه‌م ئایه‌ته‌ی نه‌بیستووه‌. له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئه‌یه‌وێ بلێ: ئه‌ی خه‌ڵکینه‌ داواتان لێ ده‌که‌م په‌رده‌یه‌کی ئه‌ستور بده‌ن به‌سه‌ر چاوتاندا و گوێی خۆتان که‌ڕ و کپ که‌ن و ئاوه‌ز و بیر و هۆش و گۆشتان له‌ کار خه‌ن و، له‌م نیوه‌ ئایه‌ته‌ زیاتر مه‌بینن و مه‌بیسن و، بیر له‌ هیچی تر مه‌که‌نه‌وه‌ و، هه‌ر وا بزانن ئه‌م ۶۶۰۰ و ئه‌وه‌نده‌ ئایه‌ته‌که‌ی تر نه‌هاتوه‌ته‌ خواره‌ و، قورئان هه‌ر ئه‌م نیو ئایه‌ته‌یه‌ و به‌س. با ئه‌م بیرو بۆ چوون و وردبینی و قووڵ بۆ داچوون و فه‌لسه‌فه‌ده‌رخستنه‌ی ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ی من تووشی گیر و گرفت و پوچه‌ڵی و بێ  بایه‌خی و بێ  بنه‌مایی نه‌یه‌ن!
له‌ راستیدا ئه‌م نوسه‌ر و بیرمه‌ندانه‌ وه‌ک ئه‌و کابرایه‌یان لێ هاتووه‌ که‌ ئایه‌تی (و لا تقربوا الصلاه)ه‌یان بۆ خوێنده‌وه‌ و، به‌په‌له‌ به‌ خوێنه‌ره‌که‌ی ووت تکایه‌ ئه‌و نیوه‌ که‌ی مه‌خوێنه‌وه‌، چونکه‌ من هه‌ر هێنده‌م به‌سه‌، که‌ خودا ده‌فه‌رموێ توخنی نوێژ مه‌که‌ون، به‌راستی ئه‌مه‌ به‌ڵگه‌یه‌کی باشه‌ و ئیتر من نوێژم له‌ کۆڵ ده‌که‌وێ! کاکی برام هه‌ر وا به‌م سوک و ئاسانیه‌، بۆت نالوێ ئه‌م باسه‌ به‌م شێوه‌ چه‌واشه‌ که‌یت و ده‌س بگری به‌ سه‌ر چاو و هۆش و گۆشی ئه‌م هه‌موو زانا و خوێنده‌وار و بیرمه‌ند و ئیسلام ناس و قورئان زانانه‌دا و، ئه‌م پاروه‌ ژه‌هراویه‌یان له‌ گه‌رو ئاخنی و، به‌ ناو بردنی بیرمه‌ند و فه‌لسه‌فه‌ و چی ‌و چی دیکه‌ی بریقه‌دار، بیان خڵه‌تێنی و خۆت و بیرمه‌نده‌کانت به‌ تۆێژه‌ر و راڤه‌که‌ری گه‌وره‌ی قورئان دانێیت و هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ گێل و گه‌وج و نه‌زان بده‌یته‌ قه‌ڵه‌م.
ئه‌مه‌ له‌ لایه‌که‌وه‌ و له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر له‌ هه‌موو ده‌قه‌کانی ئیسلام شاره‌زایت و به‌‌ وردی هه‌موو قورئان و فه‌رمووده‌کانی پێغه‌مبه‌رت خوێندوه‌ته‌وه‌و، له‌ ناوه‌رۆک و مه‌به‌سته‌کانیان تێگه‌یشتووی و، به‌ڵام له‌ به‌ر هه‌ندێ به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌ت به‌ خۆت و کون و قوژبنی تر، ئه‌م رچه‌ و رێبازه‌ت گرتووه‌ته‌ به‌ر، با به‌ دۆستانه‌ و راشکاوی پێت بلێم ئه‌م چه‌شنه‌ به‌ ناو توێژینه‌وه‌ و، نووسین و باس کردنه‌، جگه‌ له‌ خۆ خڵه‌تاندن، هیچی دی ده‌سته‌ به‌ر ناکا و به‌رهه‌م و ئاکامێکی ئه‌و تۆی نییه‌ و، له‌وانه‌یه‌ خۆشت بزانی تازه‌ ئه‌مرۆ کاتی ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ به‌م جۆره‌ به‌ڵگه‌ بن‌شڕ و بێ بنه‌ما و نه‌گونجاوانه‌،ته‌نانه‌ت خه‌ڵکی ساده‌ و ساویلکه‌شت بۆ بخڵه‌تێ و له‌ راستیدا ئه‌م هه‌ورازه‌ هه‌ڵدێری زۆری له‌ رێدایه‌ و ئه‌نجامه‌ که‌ی گلان و نخون بونه‌وه‌یه‌…
ئه‌گه‌ر سه‌باره‌ت به‌ ئیسلام و قورئان و فه‌رموده‌کانیش، جگه‌ له‌و نیو ئایه‌ته‌ و ئه‌و فه‌رموده‌یه‌ی که‌ له‌ مه‌ودوا باسی ده‌که‌ی، هیچی تر نازانی و هه‌روا شه‌لم کوێرم ناپاڕیزم، شۆین ئه‌م به‌ ناو بیرمه‌ندانه‌ که‌وتویی و به‌چاو ساقیان ده‌زانی، با دڵسۆزانه‌ پێت بلێم ئه‌مه‌ی که‌ تۆی لێوه‌ ده‌به‌ن کوێره‌ رێگایه‌ و هه‌زاران که‌ند و کۆسپ و چاڵی تێدایه‌ و به‌ ساغی ناگه‌یته‌ مه‌نزڵ. که‌واته‌ بۆ چرکه‌ساتێکیش بووه‌ چاوت هه‌لێنه‌ و ده‌س له‌و به‌ ناو چاو ساقانه‌ به‌رده‌ و هیچ نه‌بێ  جارێ سه‌ر له‌ به‌ر، چاوێ به‌ قورئان و فه‌رموده‌ و یاسا و رێسا و مێژووی ئیسلام‌دا بخشێنه‌ و شتێکیان لێ هه‌ڵکڕێنه‌ و ئینجا خۆت له‌م بواره‌ بده‌ و له‌م باسه‌ بدوێ.
نازانم خۆت و بیرمه‌نده‌کانت چۆن ئیزنتان به‌ خۆتان داوه‌، به‌م رۆژی رووناکه‌ چاو له‌و هه‌موو ئایه‌ت و فه‌رمودانه‌ بنوقێنن که‌ سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵات  و حکوومه‌ت داری و، یاساو رێساو به‌رنامه‌ و پلانی جه‌نگ و ئاشتی و په‌یمان به‌ستن له‌ گه‌ڵ دۆست و دوژمن و ئاوسێ و دراوسێ و دورو نزیکدا دواون و، چۆن ئه‌وێرن گوێی خۆتان له‌و هه‌موو حیوار و گوفت و گۆ و ئاڵ و  گۆڕ کردنی بیروڕا و ئه‌زمونانه‌ که‌ڕ که‌ن که‌ به‌ درێژایی مێژوی ئیسلام له‌ نێوان مسوڵمانان و نه‌یاراندا روی داوه‌، ئایا ئه‌مانه‌ش تێکڕا سه‌ر له‌ به‌ریان، هه‌ر په‌یوه‌ندی تاک بووه‌ له‌ گه‌ڵ په‌روه‌ردگاردا و به‌س؟! ئایا ئه‌مه‌ خۆگێل کردن و بایه‌خ دانه‌نان نییه‌ بۆحه‌ق و راستی و مێژو و واقع؟!
نووسه‌ر ئه‌م جاره‌ ده‌سته‌ داوێنی یه‌کێ له‌ فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ر(د.خ) ده‌بێ و ده‌یکاته‌ بنه‌ما و پاڵپشتی بۆچوونی خۆی و بیرمه‌نده‌کانی و ده‌یه‌وێ به‌م فه‌رموده‌یه‌ گسک له‌بن خه‌رمانی هه‌موو یاسا رامیاری و کۆمه‌ڵا یه‌تی و ئابوری بیروبڕواکانی ئیسلام بدا و به‌ باشی کۆته‌ڵی بکوتێ و بێ  خه‌م پاڵی لێ بداته‌وه‌، بۆیه‌ به‌په‌له‌ ده‌لێ:
«ئه‌وانه‌ پشتیوانی ئه‌م بۆچوونه‌ ده‌که‌ن له‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن، له‌ زۆرێک له‌ فه‌رموده‌کانی پێغه‌مبه‌ردا، ئاماژه‌ به‌ هۆی ره‌وانه‌ کردنی پێغه‌مبه‌ر کراوه‌، بۆ نمونه‌ له‌ووته‌یه‌کدا، ده‌لێ: {انما} بعثت لاتمم مکارم الاخلاق، واته‌ من بۆته‌واو کردنی بایه‌خه‌ ئه‌خلاقییه‌کان ره‌وانه‌ کراوم».
له‌ هه‌موو سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌، به‌ هێنانی ئه‌و نیوه‌ ئایه‌ته‌ و ئه‌و تاقه‌ فه‌رموده‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ و بیروبۆچوونی خۆیه‌، ئه‌یه‌وێ ئه‌و مه‌به‌سته‌ بچه‌سپێنێ که‌ ئیسلام فڕی به‌ سه‌ر حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداری و سیستمی رێخستنی کۆمه‌ڵگاوه‌ نییه‌. هه‌ر بۆ لایه‌نی ده‌رونی و ئاکار و ره‌فتاری چاک و په‌یوه‌ندی تاک له‌ گه‌ڵ په‌روه‌ردگار دا هاتووه‌ و به‌س، که‌چی هه‌رخێرا بابه‌ته‌که‌ی لێ ده‌شێوێ و قسه‌که‌ی خۆی له‌ بیرده‌چێته‌وه‌ و، باده‌داته‌وه‌ سه‌ر هه‌ندێ روون کردنه‌وه‌ که‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وی پێشودا ئاسمان و رێسمانه‌ و جه‌مسه‌ریان یه‌ک ناگرێته‌وه‌، ده‌لێ:
«… شتێکی ئاشکرایه‌، که‌ ئه‌خلاق چمکێکی فه‌ردی و تاکه‌که‌سی یه‌و، به‌م پێیه‌ تا مرۆڤه‌کان دڵ و ده‌رونیان له‌ خراپه‌ و گه‌نده‌ڵی پاک نه‌که‌نه‌وه‌ کۆمه‌ڵگا له‌ ده‌س خراپه‌ رزگاری نابێ، ئه‌گه‌ر ته‌واوی تاکه‌که‌سه‌کان ده‌رونی خۆیان پاک کرده‌وه‌، کۆمه‌ڵگاش له‌ خراپه‌ دور ده‌که‌وێته‌وه‌، چونکه‌ کۆمه‌ڵگا له‌ کۆی تا که‌که‌سه‌کان پێک هاتووه‌، ئێمه‌ ناتوانین پێش ئه‌وه‌ی تاکه‌که‌سه‌کان ده‌رونیان له‌ تاریکی نه‌فامی پاک کردبێته‌وه‌، قسه‌ له‌ سه‌ر پاک‌کردنی سیستمی رێخستنی کۆمه‌ڵگا بکه‌ین».
نوسه‌ر له‌م بڕگه‌یه‌دا ئاماژه‌ی به‌ چه‌ند شتی بناغه‌یی و سه‌ره‌کی کردووه‌ :

یه‌که‌م: ئه‌بێ  بۆ دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگا له‌ تاکه‌وه‌ ده‌س پێ  بکرێ ، له‌ راستیدا ئه‌مه‌ بناغه‌یه‌کی پته‌وه‌ و جێگای باس و کێشه‌ نیه‌ و بیروڕای ئیسلامیش هه‌ر وایه‌ و هه‌ر واشی کردووه‌ و، هه‌ر واش ده‌کا.
دوهه‌م: ده‌لێ  ئه‌بێ  پاش دروس کردنی تا که‌ که‌سه‌کان، قسه‌ و باس له‌ به‌رپا کردنی سیستمی رێخستنی کۆمه‌ڵگا بکرێ ، ئه‌مه‌ش هه‌ر شتێکی راسته‌ و یه‌کێکه‌ له‌ بنه‌ما نه‌گۆڕدراوه‌کانی ئیسلام و به‌و په‌ڕی هێزه‌وه‌ جه‌ختی له‌ سه‌رده‌کا، به‌ڵام نوسه‌ری هه‌ژار به‌ خۆی نازانێ  و به‌ هه‌ر دوو پێیه‌وه‌ ده‌که‌وێته‌ ته‌پکه‌ و دیان به‌وه‌دا ده‌نێ  که‌ ئیسلام به‌و مه‌رجه‌ بۆی هه‌یه‌ ده‌سه‌ڵات  و حکوومه‌تی هه‌بێ  و قسه‌ له‌ سیستمی رێخستنی کۆمه‌ڵگا بکا. ئیتر لێره‌دا هه‌موو ریسه‌که‌ی ده‌بێته‌وه‌ به‌ خوری و بنه‌مای به‌ڵگه‌کانی خۆی ده‌دا به‌ ئاوا و ده‌ستی له‌ بن هه‌مانه‌ که‌وه‌ ده‌رده‌چێ .
پاشان بۆ باش چه‌سپاندنی ئه‌م مه‌به‌سته‌ ده‌لێ :

«چونکه‌ ئه‌گه‌ر تاکه‌که‌سه‌کان بتوانن به‌ ئه‌خلاقێکی شیاو خۆیان په‌روه‌رده‌ بکه‌ن شتێکی سروشتیه‌ که‌ ئه‌وان ئه‌توانن کۆمه‌ڵگاکه‌یان به‌شێوه‌یه‌کی گونجاو و شیاو رێک بخه‌ن».
خۆ ئه‌مه‌ش شتێکی به‌ڵگه‌نه‌ویست و حاشاهه‌ڵنه‌ گره‌ که‌ مسوڵمانان نایانه‌وێ  به‌ ئه‌خلاق و خو و ره‌وشتی ناشیرین و ناپه‌سه‌ند کۆمه‌ڵگاکه‌یان رێخه‌ن و به‌ڕێوه‌ی به‌رن. رونتر بلێین کۆمه‌ڵگایه‌ک ئاکار چاک و ره‌وش به‌رز نه‌بێ ، ئیسلام به‌ کۆمه‌ڵگایه‌کی ئیسلامی نازانێ  و رێ  به‌ مسوڵمانان نادا ته‌نانه‌ت هه‌ر بیریش له‌ ده‌سه‌ڵات  و حکوومه‌ت بکه‌نه‌وه‌.

له‌ هه‌موو سه‌یرتر ئه‌وه‌یه‌، وه‌کو تا ئێسته‌ رونمان کردۆته‌وه‌- هه‌موو نوسین و به‌ڵگه‌کانی به‌ دژی خۆی بووه‌ و، نه‌یتوانیوه‌ بیرو بۆچونه‌کانی خۆیشی پینه‌ کا، که‌چی هه‌رپێ  له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌که‌ داده‌گرێ  و ده‌یه‌وێ  به‌ زۆره‌ ملێ و پڕوپاگه‌نده‌ بیسه‌پێنێ  که‌ ئیسلام په‌یوه‌ندی تاکه‌که‌سه‌ له‌ گه‌ڵ په‌روه‌ردگاردا و، پۆی به‌ حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ نیه‌، بۆیه‌ خۆی جیڕ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌لێ :«به‌پێی ئه‌م بۆچوونه‌ ئیسلام نه‌هاتووه‌ حکوومه‌ت بکا». به‌لای خۆیه‌وه‌ ئه‌مجاره‌ به‌ڵگه‌یه‌کی دۆزیوه‌ته‌وه‌ که‌ به‌ هیچ با و بۆرانێ  بن که‌ن ناکرێ  و که‌س ناتوانێ  به‌ره‌نگاری بوه‌ستێ ، به‌ڵام له‌ راستیدا له‌وانی پێشتر بن شڕتر و بێ  ره‌گ و ریشه‌تره‌ ده‌لێ : «چونکه‌ پێش هاتنی ئیسلامیش حکوومه‌ت هه‌بووه‌ و مرۆڤه‌کان توانیویانه‌ کار و باری کۆمه‌ڵا یه‌تی و سیاسی خۆیان به‌ڕیوه‌ ببه‌ن».

کورد وته‌نی درۆزن ده‌بێ  بیرتیژبێ ، نازانم نووسه‌ر له‌ بیری چووه‌ یا له‌ بیری خۆی ده‌باته‌وه‌، ماوه‌ یه‌ک له‌مه‌وپێش به‌ جه‌خته‌وه‌ پێ ی له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ داگرت که‌ «کۆمه‌ڵگای عه‌ره‌بی پێش ئیسلام، کۆمه‌ڵگایه‌کی سه‌ر لێ‌شێواو بوو… له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا کچان زینده‌ به‌ چاڵ ده‌کران و مرۆڤه‌ هه‌ژار و کۆیله‌کان، به‌ دڕندانه‌‌ترین شێوه‌ ده‌چه‌وسانه‌وه‌ له‌ هه‌ل و مه‌رجێکی وه‌هادا په‌روه‌ردگار، قورئانی بۆ پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ره‌وانه‌ کرد تا کۆتایی به‌ چه‌و سانه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ ده‌ستی مروڤ بهێنێ ».ئایا ئه‌م دوو وته‌ دژ به‌ یه‌ک نین و، ناهه‌قمانه‌ بلێین ئه‌م وتاره‌ داری به‌سه‌ر پردویه‌وه‌ نیه‌ و که‌س سه‌رو بنی له‌ یه‌ک ناکاته‌وه‌ و له‌وا نه‌یه‌ نووسه‌ریش ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌یری کا، بکه‌وێته‌ گۆمانه‌وه‌ و حاشای لێ بکا!
هه‌ر به‌م پێودانگه‌ له‌ ووتار نوسی به‌ڕێز ده‌پرسین ئایا بونی حکوومه‌ت له‌ پێش ئیسلامدا ده‌بێته‌ هۆکار بۆحکوومه‌ت نه‌کردنی ئیسلام؟! هه‌ر به‌پێ ی ئه‌و روون کردنه‌وه‌ی پێشوی خۆت ئه‌گه‌ر حکوومه‌تیشیان بوبێ ، ئه‌وه‌نده‌ شه‌ق و شڕ و زۆردار بووه‌، نه‌یتوانیوه‌ پشتیوانی هه‌ژار و بێ  ده‌س و بێ  که‌س بێ  و، کۆتایی به‌چه‌و سانه‌وه‌ی مرۆڤ به‌ ده‌ستی مرۆڤ بهینێ ، یا ئه‌و حکومه‌ته‌ خۆی سته‌مگه‌ر و چه‌وسێنه‌ر و مل هوڕ بووه‌ و هه‌ق و مافی هه‌ژار و لاوازه‌کانی پێ  شیل کردووه‌، ئیتر ئه‌مه‌ که‌ی ئه‌بێته‌ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ که‌ ئیسلام نابێ  حکوومه‌تی هه‌بێ ؟! روون‌تر بلێین، ئه‌ی بۆچی ئێسته‌ ئه‌و هه‌موو حکوومه‌ته‌ هه‌یه‌ و که‌چی خه‌ڵکی هه‌ر هه‌وڵ ده‌ده‌ن حکوومه‌تی له‌ سه‌ر شێوازی جۆرا و جۆر وه‌کو دیموکراسی و چی‌ و چی دیکه‌ بێننه‌ سه‌ر کار و ئه‌و هه‌موو ده‌هۆڵ و زوڕنایه‌شی بۆلێده‌ده‌ن و، ره‌خنه‌شیان لێ ناگیردرێ  و به‌ڵگه‌ له‌ سه‌ر پوچه‌ڵیه‌که‌ی ناهێنرێته‌وه‌، ئه‌گه‌ر بیشلێن ئاخر ئه‌و شێوه‌ حکوومه‌تانه‌ی پێشوو سته‌مکار و زلهێزبوون و ئه‌مانه‌ی ئێمه‌ داد خواز و دڵسۆز و خه‌مخۆری خه‌ڵکن، ئێمه‌ش ئه‌لێین هه‌ر به‌ گۆیره‌ی لێ دوانه‌که‌ی خۆت ئیسلامیش هه‌ر به‌و جۆره‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌و ئاسته‌ هاتۆه‌ته‌ خواره‌وه‌، مه‌گه‌ر بلێن دروست نییه‌ ئێوه‌ به‌م پێوه‌ره‌ بی پێون چونکه‌ بانێکه‌ و دوو هه‌وا. له‌ وانه‌یه‌ ئیتر ئێمه‌ش قسه‌مان نه‌مێنێ  و بلێین وادیاره‌ ئێوه‌ راست ده‌که‌ن؟!

وا دیاره‌ نووسه‌ر خۆیشی ئه‌م به‌ڵگه‌ شل و ولانه‌ دڵنیای ناکا و هه‌ر خه‌ریک پینه‌ په‌ڕۆ کردنه‌ و له‌ عه‌زره‌تا ده‌ست بۆ هه‌موو پووش و په‌ڵاشێ  ده‌ماشێنێ  و په‌نا ده‌باته‌ به‌ر هه‌موو وتراو و نووسراوێکی لاواز و ده‌لێ :


«… ئه‌وان واته‌ بیرمه‌ندان، له‌ سه‌ر ئه‌م باوڕه‌ن، که‌ دین له‌وه‌ پیرۆزتره‌ که‌ خۆی به‌ حکوومه‌ت کردنه‌وه‌ خه‌ریک بکا
چونکه‌ ئه‌گه‌ر که‌سانێک به‌ ناوی ئیسلامه‌وه‌ حکوومه‌تیان کرد و حکوومه‌ته‌که‌ به‌ باشی به‌ڕێوه‌ نه‌چوو، زیان له‌ ئیعتیباری  ئیسلام ده‌دا و ئایینی پیرۆزی ئیسلام له‌ به‌ر چاوی خه‌ڵک ده‌که‌وێ ».

لێره‌دا ده‌بێ  مسوڵمانان به‌ تێکڕایی سوپاس و پێ  زانینی خۆیان ئاراسته‌ی نوسه‌ر و ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ بکه‌ن بۆ ئه‌و هه‌سته‌ خاوێن و خه‌مخۆری و دڵسۆزیه‌ی که‌ سه‌باره‌ت به‌ ئیسلام نواندویانه‌ و له‌ خه‌م و په‌ژاره‌ی ئابڕو نه‌چوون و بێ  ئیعتیبار نه‌بوونی ئیسلامدان! به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ چاوێکی ورد بینانه‌ بڕوانینه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌، ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خواره‌وه‌ خۆیان زه‌ق ده‌که‌نه‌وه‌ و وه‌کو پرسیار خۆیان ده‌سه‌پێنن به‌سه‌رماندا.

یه‌که‌م: بۆ ئیسلام به‌ خراپ حکوومه‌ت پێ  کردنی ناشیرین ده‌بێ  و له‌ پیرۆزی ده‌که‌وێ  و له‌که‌دار ده‌بێ ، ئه‌ی بۆ به‌ په‌یڕه‌وی کردنی لایه‌نه‌ ئه‌خلاقیه‌که‌ی ئه‌گه‌ر خراپیش به‌ڕێوه‌ ببرێ ، گه‌رد له‌داوێنی نانیشێ  و خه‌م و په‌ژاره‌ی ناوێ ؟!

دوهه‌م: ئه‌ی ئه‌و شێوه‌ حکوومه‌تانه‌ی که‌ وه‌کوو بتێکی گه‌وره‌ ده‌په‌رسترێن بۆچی به‌ خراپ به‌ڕێوه‌ بردنیان له‌ به‌ر چاو خه‌ڵک ناکه‌ون و له‌ ڕێز و پیرۆزییان که‌م نابێته‌وه‌؟!

سێهه‌م: ئه‌گه‌ر ئێمه‌ باوه‌ڕمان به‌وه‌ هه‌بێ  ئایینی ئیسلام لای خوداوه‌ هاتووه‌ و پیرۆزه‌ و ئه‌بێ  باوه‌ڕیشمان به‌وه‌ هه‌بێ ، خوا له‌ نووسه‌ر و بیرمه‌ندان و هه‌موو ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌م ئایینه‌ دڵسۆزتره‌ و ده‌یزانی ئه‌م مه‌ترسیه‌ دێته‌ ڕێ  و به‌ حکومه‌ت کردن ناشیرین و له‌که‌دار ده‌بێ  و ئاده‌میزاد ناتوانێ  به‌ خاوێنی رای گرێ ، بابه‌تی حکوومه‌ت‌داری نه‌ده‌نارد بۆ پێغه‌مبه‌ر و له‌ده‌قه‌کاندا به‌ راشکاوی ده‌یفه‌رموو ئه‌ی خه‌ڵکینه‌ ئه‌م ئایینه‌ پیرۆزه‌ و ئامان سه‌د ئامان به‌ سیاسه‌ت و حکوومه‌ت پێ  کردنی له‌که‌دار و ناشیرینی مه‌که‌ن و هه‌ر له‌ سنوری ره‌ووشت و ئه‌خلاقدا بیهێڵنه‌وه‌. ئیتر مسوڵمانان مل که‌چی ئه‌م فه‌رمانه‌ ده‌بوون و باری ئه‌م نووسه‌ر و بیرمه‌نده‌ دڵسۆزانه‌ش سوک ده‌بو و پێویستی به‌م هه‌موو گێره‌ و کێشه‌ و خۆماندو کردن و به‌ڵگه‌ لار و له‌وێرانه‌ نه‌ ده‌کرد و قاڵی مه‌سه‌له‌که‌ ده‌بڕایه‌وه‌.
یا ئه‌م نووسه‌ر و بیرمه‌ندانه‌ ده‌یانه‌وێ  خۆیان بکه‌ن به‌ براگه‌وره‌مان و دڵسۆزانه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌مان بۆبه‌ش که‌ن و مۆسڵمانان بنێرنه‌ کونجی مزگه‌وت و ده‌س به‌ کڵا وه‌ شڕه‌ی خۆیاندا بگرن و هه‌ر خه‌ریک خاوێن کردنه‌وه‌ی دڵ و ده‌روونی خۆیان بن و ئیتر خۆیان نه‌گیرێننه‌ گێره‌وکێشه‌ی سیاسه‌ت و حکوومه‌تداری و خۆیان ئه‌و باره‌ قورسه‌ هه‌ڵده‌گرن و ئابڕوو چوون و ناشیرینی و له‌که‌داری بگرنه‌ ئه‌ستۆی خۆیان و جه‌خاری ئێمه‌ش کێشن. له‌ راستیدا ئه‌م به‌شکرانه‌ ده‌ق به‌ ده‌ق وه‌ک ماڵ به‌ش کردنه‌ که‌ی مامۆستا قانیعه‌ که‌ده‌لێ :

ئه‌و هێسره‌ شێته‌ی جووته‌ وه‌شێنه‌               دای بنێ  بۆ من، هیچ دامه‌مێنه‌.
ئه‌و پشیله‌ جوانه‌ی پڕ خه‌ت و خاڵه‌                 چش با بۆ تۆ بێ ، ره‌ونه‌قی ماڵه‌.
هه‌روا به‌م پێودانگه‌ ماڵه‌ که‌ی له‌ گه‌ڵ برا بچووکه‌که‌ی به‌ش ده‌کا و ئینجا ده‌لێ :
هه‌ر چه‌ند مه‌غدور بووم، به‌شی تۆ زۆره‌           له‌ به‌ر تانه‌ی عام رازیم به‌م جۆره‌
باخه‌ڵکی نه‌لێن بڕوانه‌حاڵی                            ته‌ماعی کرده‌ برای منداڵی
ئیمه‌ش ده‌لێین خوا له‌ برایه‌تی که‌متان نه‌کا، به‌راستی برا له‌ پشت برا بێ  مه‌گه‌ر قه‌زا، لای خودا بێ .
ئه‌گه‌ر ده‌ش لێن وا نیه‌ ئه‌ی ئه‌م هه‌موو راو و رێوی و بگره‌ و به‌رده‌یه‌ بۆ چییه‌ و بۆ وا خۆ ده‌ که‌ن به‌ دڵسۆزی دین و ده‌لێن «دین له‌وه‌ پیرۆزتره‌ که‌ خۆی به‌ حکوومه‌ت کردنه‌وه‌ خه‌ریک بکا» له‌ راستیدا ئه‌گه‌ر حکوومه‌ت ناپیرۆز و حه‌یا به‌ر و دزێوه‌، بۆ ئه‌و رۆشنبیر و بیرمه‌ندانه‌ یه‌خه‌ی بۆ داده‌دڕن و خۆیانی بۆ ده‌کوژن و به‌ هه‌زار و یه‌ک پێچ و په‌نا ئه‌یانه‌وێ  هه‌ر له‌ ژێر رکێفی خۆیاندا بێ  و جگه‌له‌ خۆیان هه‌ر که‌س توخنی که‌وێ  چاویان پێیدا هه‌ڵنایه‌ و به‌ دوژمنی سه‌ر سه‌ختی خۆیانی ده‌زانن؟!فارس ووته‌نی:

ئێمه‌ گیرمان کردوه‌ نازانین به‌کلکی که‌ڵه‌شێره‌که‌ بڕوا بکه‌ین، یا به‌ سوێند خواردن به‌ حه‌زره‌تی عه‌باس.
جگه‌ له‌مانه‌ی که‌ باسمان کرد، ئه‌مه‌ی که‌ ده‌یڵێن: ئه‌گه‌ر دین حکوومه‌تی کرد و خراپ به‌رێوه‌ برا، ناشیرین و له‌ که‌دار ده‌بێ  ئه‌گه‌ر دڵسۆزی بێ  و له‌ ناخی دڵیشیانه‌وه‌ هه‌ڵقولێ ، هه‌ر نابێته‌ به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر حکوومه‌ت نه‌کردن و واز له‌ سیاسه‌ت هێنان، چونکه‌ ره‌خنه‌گری ره‌سه‌ن و راسته‌ قینه‌ ریشه‌ و ناوه‌رۆک و کاکڵه‌ی ده‌ق و بابه‌ته‌که‌ له‌ پێش چاو ده‌گرێ  و ده‌یداته‌ به‌ر توێژینه‌وه‌ و له‌ هێڵه‌کی ده‌دا و هه‌ڵی ده‌سنگێنێ ، نه‌ک سه‌یری رواڵه‌ت و دیوی ده‌ره‌وه‌ی بابه‌ته‌که‌ بکا.

که‌واته‌ له‌ هه‌ر بار و دۆخ و چه‌رخ وخوڵیکدا دینی خودا بکه‌وێته‌ به‌ر توێژینه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندن، چونکه‌ پیرۆزه‌ و له‌ لایه‌ن خوداوه‌ هاتووه‌، له‌ که‌دار نابێ  و له‌ به‌ر چاوی که‌س ناکه‌وێ، ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بێته‌ سه‌ر کۆزه‌ره‌ی ئه‌و هێڵه‌که‌ یا ده‌بێته‌ بن‌پاژینه‌، ئه‌و که‌سانه‌ن که‌ خراپ به‌رێیانه‌وه‌ بردووه‌ و نه‌یان توانیوه‌ وه‌ک خۆی بایه‌خی بده‌نێ  و هه‌ر خۆیان له‌که‌دار و ناشیرین ده‌بن که‌واته‌ لێره‌شدا جێگای مه‌ترسی نییه‌ و با لێی بێ  خه‌م بین و شین و گریانی ناوێ .
نووسه‌ر له‌ به‌شێکی دیکه‌ی وتارکه‌یدا، پله‌یه‌کی دیکه‌ ده‌بڕێ  و چینێکی‌تر رۆده‌نێ ، به‌بۆ چوونی خۆی وه‌ڵامی که‌سکونی ئه‌و پرسیاره‌ ده‌داته‌وه‌ که‌ خۆی ده‌سه‌پێنێ  به‌سه‌ریا و، بنج و بناوانی به‌ڵگه‌کانی شل ده‌کا و ده‌لێ :

«ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ له‌ وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره‌دا که‌ بۆچی پێغه‌مبه‌ر حکوومه‌تی دامه‌زراندووه‌ و، بۆچی ئێمه‌ ناتوانین له‌سه‌ر پایه‌ی ئیسلام حکوومه‌ت دامه‌زرێنین؟!ده‌لێن: پێغه‌مبه‌ر به‌ شێوه‌ی راسته‌ و خۆ له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگار په‌یوه‌ندی هه‌بووه‌، چونکه‌ خۆی له‌ ژیاندا بوو، نه‌ی ده‌هێشت کاری ناڕه‌وا بکرێ  و دینی ئیسلام له‌که‌دار ببێ ، به‌ڵام ئێستا دوای پێغه‌مبه‌ر که‌س ئه‌و شایسته‌گی یه‌ی نییه‌، که‌ ئه‌و کاره‌ گرنگه‌ راپه‌ڕێنێ ».

لێره‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌چه‌ند خالێک بکه‌ین:

یه‌که‌م: با جارێ  له‌ بیرمان نه‌چێ ، لێره‌دا نووسه‌ر به‌و په‌ڕی راشکاوییه‌وه‌ دیانی به‌وه‌دا ناوه‌ که‌ له‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا حکوومه‌ت هه‌بووه‌، چونکه‌ له‌مه‌و پاش ئیشمان پێیه‌تی و له‌ کاتی خۆیدا ده‌چینه‌وه‌ سه‌ری و به‌ تێرو ته‌سه‌لی باسی لێ ده‌‌که‌ین.

دووهه‌م: وه‌ک پێشتر ئاماژه‌مان پێدا، ئه‌گه‌ر ئه‌م ئایینه‌ به‌ ئایینی خوای گه‌وره‌ ده‌زانین و خواش به‌دانا و زانا و کار به‌جێ  داده‌نێین، ئه‌بێ  بیرو بڕواشمان وا بێ  ئه‌م خودایه‌ زانیویه‌تی پاش ماوه‌یه‌ک پێغه‌مبه‌ری کۆچی دوایی ده‌کا و ئه‌م ئایینه‌ ده‌که‌وێته‌ ده‌س خه‌ڵک و وه‌ک ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ ده‌لێن: کاری ناڕه‌وا ده‌کرێ  و ئیسلام ناشیرین و له‌ که‌دار ده‌بێ  که‌واته‌ ئه‌بوا ئه‌م دینه‌ی به‌م شێوه‌ نه‌ناردایه‌ و له‌ قورئاندا به‌ ووشه‌ی یا ایها الژین ێ منوا، یا ایهاالناس خه‌‌ڵکی بانگه‌شه‌ نه‌کردایه‌ بۆ به‌ڕێوه‌ بردنی و دابین کردنی ئایین و جێ  به‌جێ  کردنی ئایه‌ته‌کانی و، هه‌ڕه‌شه‌ی نه‌ کردایه‌ له‌و که‌سانه‌ی که‌ حوکم به‌ نێرراوی خودا ناکه‌ن و، موژده‌ی نه‌دایه‌ به‌وانه‌ش که‌ هه‌موو فه‌رمانه‌کانی به‌جێ  دێنن. ئه‌مه‌ له‌لایه‌ک و له‌ لایه‌کی تر یشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت هه‌ر به‌ ساکاری و سه‌ره‌رێیشه‌وه‌ چاوێک به‌ قورئان و ره‌وشتی ۲۳ ساڵه‌ و فه‌رمووده‌کانی پێغه‌مبه‌ردا بخشێنین و خۆمان گێل نه‌که‌ین و چاوی ئاوه‌ز و بیر و هۆشمان نه‌نووقێنین، به‌روونی بۆمان ده‌رده‌که‌وێ که‌ئه‌م ئایینه‌ ئایینی ده‌سه‌ڵات  و سیاسه‌ت و حکوومه‌ت دارییه‌ و، داوا له‌ هه‌موو خه‌ڵک ده‌کا بیکه‌ن به‌ به‌رنامه‌ و یاسا و په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی هه‌مه‌ لایه‌نه‌ی ژیانی رۆژانه‌ی خۆیان و، هه‌ر له‌ بیرو بڕوا و پاک کردنه‌وه‌ی دڵ و ده‌روون و یاسای خێزان و کۆمه‌ڵا یه‌تی یه‌وه‌ بگره‌ تا به‌رنامه‌ی رامیاری و ئابوری، ئاماژه‌ی پێ  کردووه‌ و، هیچ نه‌بێ  هێڵه‌ گشتیه‌کانی داڕشتووه‌ و، جه‌خت له‌سه‌ر دابین کردن و به‌ڕێوه‌ بردنیان ده‌کات. تۆ بڵێی ئه‌م هه‌موو به‌رنامه‌ و یاسا و رێسا و حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ هه‌مووی هه‌ر بۆ ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی پێغه‌مبه‌ر بووبێ  و به‌س؟!

سێهه‌م: تۆ بڵێی ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ له‌ خودا و پێغه‌مبه‌ر خه‌مخۆر و دڵسۆزتر بن بۆ ئه‌م دینه‌ و بیانه‌وێ  ئه‌م دینه‌ خاوێن و پیرۆزه‌ ناشیرین نه‌بێ  و تا زووه‌ فه‌ریای که‌ون؟!

ئه‌گه‌ر وایه‌ خه‌مخۆریان نه‌مرێ ! به‌ڵام له‌ راستیدا ئه‌گه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌ وردی شی‌که‌ینه‌وه‌، به‌ پێی بیروڕای ئه‌و بیرمه‌ندانه‌ ده‌گه‌ینه‌ ئه‌و ئاکامه‌ که‌ خودا و پێغه‌مبه‌ر، هه‌ستیان به‌م مه‌ترسییه‌ نه‌کردووه‌و! هه‌ر نه‌ چوون به‌جاڕ ئه‌م مه‌به‌سته‌دا، ئه‌گینا هیچ نه‌بێ  هه‌ر چاره‌یه‌کیان بۆ ده‌دۆزیه‌وه‌ و ئاوا لێی بێ  خه‌م نه‌ده‌بوون.

نازانم بۆ چی نووسه‌ر و بیرمه‌نده‌کانی، له‌ به‌شی پاک و خاوێن کردنه‌وه‌ی دڵ و ده‌روون و په‌روه‌رده‌که‌دا، خه‌م و په‌ژاره‌ی ئه‌وه‌ ناخۆن ئایینه‌ که‌ی خودا ناشیرین و له‌که‌دار بکرێ  و، به‌و شێوه‌ی که‌ خودای گه‌وره‌ فه‌رموویه‌تی خۆیان په‌روه‌رده‌ نه‌که‌ن،؟!

خۆ ئه‌مه‌ش به‌شێکه‌ له‌ دینی خودا و، ته‌نانه‌ت، ئه‌وان ده‌لێن دینی خودا هه‌ر ئه‌م به‌شه‌یه‌ و به‌س به‌ وته‌ی خۆشیان خۆ پێغه‌مبه‌ریش نه‌ماوه‌ به‌ هۆی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگاردا بۆیان راست بکاته‌وه‌؟! که‌واته‌ ئه‌گه‌ر فێڵ و پێچ و په‌نایه‌ک له‌ ئارادا نیه‌ و شتێک له‌ ژێر سه‌ریاندا نیه‌، بۆ له‌سه‌ر ئه‌م به‌شه‌ ناکه‌نه‌وه‌ و فرمێسکی بۆ ناڕێژن و ده‌ستی خه‌م و په‌ژاره‌ له‌به‌ر ئه‌ژنۆیان هه‌ڵ ناێکن؟! به‌ڵکوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌، به‌هه‌موو هێز و بیر و هۆش و زمان و پێنووسیان، دنه‌ی مسوڵمانان ده‌ده‌ن و خه‌ڵکی به‌ره‌و ئه‌و رێبازه‌ هه‌ڵده‌نێن و به‌شی حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات  و سیاسه‌ت به‌ بڤه‌ و هه‌ڵدێر داده‌نێن و خه‌ڵکی لێ ده‌تۆقێنن.

به‌ڵام با باش بینێم به‌ کونجی دڵیانه‌وه‌، مۆسلمانان ئه‌ونده‌ ساف و ساویلکه‌ نین له‌م لایه‌لایه‌ تێنه‌گه‌ن و به‌م گڕو گاڵانه‌ بخڵه‌تێن و، ئه‌م جۆره‌ ماره‌ تۆپیوانه‌رایان چڵه‌کێنێ ، با ئه‌وه‌ش بزانن ئه‌م جۆره‌ بیر و بۆ چوون و پڕوژه‌ و تاکتیکانه‌ کۆن بوون و ته‌نانه‌ت منداڵانیشی پێ  ناخڵه‌تێ  و ئێسته‌ خه‌ڵکی قاقه‌زی سپی و نامه‌ی نه‌نووسراو ده‌خوێننه‌وه‌ و تازه‌ ده‌فی ئه‌بوزه‌ید و، ئه‌رگون و، حه‌سه‌ن حه‌نه‌فی و، کێ و کێی دیکه‌ ده‌نگ نادا و، دێو جامه‌یان که‌س به‌شه‌واره‌ ناخا.

نووسه‌ر جارێکی‌تر باده‌داته‌وه‌ سه‌ر بیر و بۆ چوونی بیرمه‌نده‌کانی و، وادیاره‌ ئه‌م جاره‌ زۆر دڵی به‌م به‌ڵگه‌یه‌ خۆشه‌ و واده‌زانێ  وه‌ک هه‌ژدیها هه‌موو بیر و بۆ چونه‌کانی‌تر هه‌ڵده‌لوشێ  و به‌ ئاسانی زاڵ ده‌بێ  به‌سه‌ر نه‌یارانیدا، بۆیه‌ به‌ گه‌رم و گوڕ یه‌وه‌ ده‌لێ :

«خالێکی گرنگی که‌، که‌ ئه‌م بیرمه‌ندانه‌ ئاماژه‌ی پێ  ده‌که‌ن، ئه‌وه‌یه‌ که‌ سیاسه‌ت و حکوومه‌ت‌داری زانستێکه‌ که‌ مرۆڤ خۆی دایهێناوه‌، چونکه‌ ‌داهێنانی مرۆڤه‌ ناتوانێ  له‌ هه‌ڵه‌ و چه‌وتی به‌ دوور بێ  به‌ڵام ئایین خه‌ڵاتێکی خواییه‌ و تێکه‌ڵاو کردنی ئایین و ده‌وڵه‌ت له‌بنه‌ره‌تدا کارێکی نابه‌جێیه‌ ئه‌گه‌ر ئیسلام بیه‌وێ  ده‌وڵه‌ت به‌رێوه‌به‌رێ ، جگه‌له‌وه‌ی ئایین له‌ ئامانجی راسته‌ قینه‌ی خۆی لاده‌دا، هه‌ر هه‌ڵه‌یه‌ک که‌ کار به‌ ده‌ستان بیکه‌ن به‌ سه‌ر ئیسلام دا ده‌شکێته‌وه‌ و ئه‌و ئایینه‌پیرۆزه‌ له‌ به‌ر چاوی خه‌ڵک ده‌که‌وێ ».

ئه‌گه‌ر به‌وردی سه‌یرێکی ئه‌م بڕگه‌یه‌ش بکه‌ین، زۆر به‌ی هه‌ر دووپات کردنه‌ وه‌ی به‌ڵگه‌ پێشووه‌کانیه‌تی و ئه‌وه‌ی که‌ تۆزێ  تازه‌بێ  ئه‌و دوو خاڵه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێ  یه‌که‌م: سیاسه‌ت و حکوومه‌ت داری زانستێکه‌ که‌ مرۆڤ خۆی دایهێناوه‌ و ناتوانێ  له‌ هه‌ڵه‌ و چه‌وتی به‌دور بێ . دووهه‌م: به‌ڵام ئایین خه‌ڵاتێکی خواییه‌ و تیکه‌ڵاو کردنی ئایین و ده‌ڵه‌ت له‌ بنه‌ڕه‌تدا کارێکی نابه‌جێیه‌.جارێکی‌تر به‌م دووخاڵه‌ ئه‌یه‌وێ  مسوڵمانان بچڵه‌کێنێته‌وه‌ و بیان تۆقێنێ  له‌ توخن که‌وتنی سیاسه‌ت و حکوومه‌ت داری و وایان لێ بکا هه‌ر له‌ دڵ و ده‌روون و مێشکی خۆشیاندا نه‌وێرن بیری لێ بکه‌نه‌وه‌.

به‌ڵام نازانم نووسه‌ر چۆن پێناسه‌ی سیاسه‌ت و حکوومه‌ت داری ده‌کا که‌ وه‌ک هه‌ژدیهای حه‌وسه‌ر وایه‌ و له‌گه‌ڵ ئایینێ  که‌ خه‌ڵاتی خودایه‌ ناگونجێ  و تێکه‌ڵاوکردنیان له‌ بنه‌ڕه‌تدا کارێکی نابه‌ جێیه‌؟!


له‌ ناوه‌ رۆک و کاکڵه‌ی با سه‌که‌یه‌وه‌ وادیاره‌ سیاسه‌ت و حکوومه‌ت داری چونکه‌ زانستێکه‌ مرۆڤ خۆی دای هێناوه‌، به‌ قه‌واره‌ و تاپۆیه‌ک پێناسه‌ی ده‌کا که‌ له‌ ره‌نگ و رواڵه‌ت و تام و بۆن و، شلی و تنی و، خۆشی و ناخۆشی و، پانی و درێژی و، به‌رزی و  نزمیدا، له‌ سه‌تاسه‌ت، له‌گه‌ڵ ئایین دا دژبه‌یه‌کن و به‌ هیچ شێوه‌ و کلوجێ  ناتوانن توخنی یه‌ک بکه‌ون و، به‌ هیچ جۆرێ  به‌ یه‌کدا ناشێلرێن. ئه‌و بۆ ئاسمان دروست کراوه‌ و، ئه‌میش ده‌بێ  له‌ زه‌ویدا به‌کار بهێنرێت.به‌ڵام ئه‌توانین به‌و په‌ڕی دڵنیاییه‌وه‌ بڵێین: پێناسه‌ی ئاوا هه‌ڵه‌یه‌ و له‌ هیچ  فه‌رهه‌نگ و بیر و بۆچوونێکدا ناگۆنجێ  و، ئیتر ئه‌م هه‌موو خۆ جیڕ کردنه‌وه‌ و تین بۆ خۆهێنانه‌ی پێناوێ  و ناتوانرێ  به‌م شێوه‌ پێناسه‌ و لێ دوانانه‌، ئه‌م باسه‌ چه‌واشه‌ بکرێ  و له‌سه‌ر ته‌وه‌ره‌ی خۆی بترازێنرێت.

که‌واته‌ سیاسه‌ت و حکوومه‌ت‌داری، به‌ هه‌موو پێوه‌رێکی ئاسمانی و زه‌مینی و خوایی و مرۆیی ئیداره‌کردن و به‌رێوه‌ بردنی کۆمه‌ڵگای مرۆڤه‌، له‌ هه‌موو لایه‌ نه‌کانی ژیانیه‌وه‌، به‌شێوه‌یه‌کی شیاو و گونجاو و له‌بار، بۆ دابین کردنی ئاسایش و به‌خته‌وه‌ری مرۆڤ له‌ هه‌موو پله‌کانی ژیانیدا.
له‌م بواره‌ شدا به‌ درێژایی مێژوی مرۆڤایه‌تی، هه‌زاران بیر و بۆ چوون و شێوه‌ و جۆر و رواڵه‌ت و هۆکار و ئامێر، خۆیان نواندووه‌ و له‌جه‌غزی ئه‌زموون و تاقی کاریدا به‌ خۆ ڕه‌تاندن و کێ  به‌رکێ  ئاره‌قی زه‌رد و سووریان رشتووه‌، بۆ بڕینی ئه‌م هه‌ورازه‌ و گه‌یشتن به‌ لوتکه‌ی سه‌ر که‌وتن.

به‌ڵام له‌ئاکامدا ئه‌وانه‌یان له‌ ئه‌زموون و تاقی کاریه‌که‌دا سه‌ر که‌وتوو بوون که‌ له‌ گه‌ڵ بارو دوخ و رۆح و سروشتی مرۆڤدا شێلراون و توانیویانه‌ دابینکه‌ری پێویستی و داخوازیه‌ سه‌ره‌ کییه‌کانی مرۆڤ بن و زامی ده‌روونیان ساڕێش که‌ن.

که‌واته‌ ته‌نیا به‌ پیرۆزی و ناپیرۆزی و خوایی و مرۆیی و دروشمی بریقه‌دار و غه‌ڵبه‌غه‌ڵب، مه‌سه‌له‌که‌ سه‌قامگیر نابێ  و  له‌وانه‌یه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی کورت چه‌واشه‌ بکرێ  و به‌ زرق و برق بخڵه‌تێنرێت به‌ڵام له‌ ئاکامدا ئه‌م هێلکه‌ به‌ سه‌ر ئه‌م گورێسه‌وه‌ ناوه‌ستێ  و ئه‌م وشکه‌ که‌ڵه‌که‌ سه‌ر ناگرێ .

له‌ لایه‌کی تریشه‌وه‌، ئه‌گه‌ر نووسه‌ر ئه‌یویست خۆی له‌ ده‌س ئیسلام و به‌رنامه‌ی ئایین قوتار کا و، له‌جه‌غزی سیاسه‌ت و حکوومه‌ت داری وه‌ده‌ری نێ ، نه‌ده‌بوو مل له‌م رێبازه‌ بنێ  و ئه‌م شانۆگه‌ریه‌ بگرێته‌ ئه‌ستۆ و به‌جل و به‌رگی شینگێڕیه‌وه‌ بێته‌ مه‌یدان و خۆی به‌خه‌مخۆر و دڵسۆز و جه‌رگ سوتاوی ئایین له‌قه‌ڵه‌م بدا و بۆ له‌که‌دار بوون و ئابڕوو چوونی فرمێسکی به‌خوڕ هه‌ڵڕێژێ .
به‌ڵکوو ئه‌بوا له‌ مه‌یدانی به‌راوردکاری و کێشان و پێوان و هه‌ڵسه‌ نگاندن و تاقی کاریدا، خۆی ماندووکردایه‌ و، پێوه‌ری زانستی و مێژویی و بار و دۆخ و واقیع و سروشتی مرۆی به‌کار هێنایه‌ و، به‌ڵگه‌کانی له‌ سه‌ر گونجاوی و نه‌گونجاوی و له‌باری و ناله‌باری هێنایه‌ته‌وه‌ چوونکا زیاتر ئه‌مانه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌قڵ و ئاوه‌ز و زانستدا ده‌گونجێن و له‌وانه‌ش بوو بارێکی لاریان بۆ راست بکرادیه‌ته‌وه‌.
به‌ڵام با ئێمه‌ش هێنده‌ ره‌ش بین نه‌بین و وانه‌ زانین ئه‌م رێگا و بانه‌شی شک نه‌بردووه‌ و بیری له‌م رێبازه‌ش نه‌کردوه‌ته‌وه‌. من دڵنیام هیچ نه‌بێ  له‌ ئێمه‌ باشتر شاره‌زای ئه‌م رچه‌و رێبازه‌یه‌ و، به‌ڵام تاقه‌ گرفت و کۆسپی سه‌ر رێگای ئه‌وه‌بووه‌ چاوی له‌ ریچه‌ی برای بووه‌ و، چاک زانیویه‌تی به‌ درێژایی مێژوو زۆر که‌س خۆی له‌م کوێستان و هه‌ڵدێره‌ داوه‌ و، سه‌ره‌نجام هه‌ره‌سی رێبه‌ندان دای ماڵیوه‌ و خۆی و بیر و بیرۆکه‌ی سه‌رنوخون بونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام وا دیاره‌ ئه‌م بواره‌ی به‌تازه‌ترین و ته‌نگ ترین بوار وه‌به‌ر چاو  که‌وتووه‌ و وای زانیوه‌ به‌بێ  خۆهه‌ڵکردن، هه‌ر به‌ به‌رده‌ باز بۆی ده‌رباز ده‌بێ  و، قولیشی ته‌ڕ نابێ .
نووسه‌ر دیسان له‌ وتاره‌ که‌یدا، په‌نا ده‌ باته‌وه‌ به‌ر بیرمه‌نده‌کانی و به‌گه‌رمی ده‌سته‌ داوێنیان ده‌بێ  بوئه‌وه‌ی به‌ڵکو ئه‌م جاره‌ ئیتر بۆ دواجار سه‌رقه‌باغی ئه‌م مه‌سه‌له‌ی بۆ بنێنه‌وه‌ و نه‌یارانی بۆ ببه‌زێنن و به‌م به‌ڵگه‌ به‌هێزه‌ ده‌میان بکه‌ن به‌ته‌ڵه‌ی ته‌قیو.بۆیه‌ ده‌ڵێ :

«ئه‌م بیرمه‌نده‌ مسوڵمانانه‌، باوه‌ڕیان وایه‌، خوا هه‌ندێ  ده‌ستووری بۆ به‌ختیاری و سه‌عاده‌تی مرۆڤ، به‌ رێگای پێغه‌مبه‌رندا، ناردووه‌ته‌ خواره‌وه‌ تا مرۆڤه‌کان، ئه‌و ده‌ستورانه‌ بۆ باشتر بوونی ژیانیان به‌ رێوه‌ ببه‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌و ده‌ستوراته‌یان به‌رێوه‌ نه‌برد، هیچکه‌س بێجگه‌ له‌ یه‌زدان، هه‌قی نییه‌ سزایان بدات، چونکه‌ یه‌زادن دۆزه‌خی بۆ ئه‌و که‌سانه‌دا ناوه‌ که‌ نافه‌رمانی له‌ ده‌ستووره‌کانی خوا ده‌که‌ن هیچ مرۆڤ و تاقم و ده‌سته‌ یه‌ک هه‌قی نییه‌ به‌ ناوی ئایین و شه‌رع و ئیسلامه‌وه‌ دونیا بکاته‌ دۆزه‌خێکی گه‌وره‌. ئه‌م بیرمه‌نده‌ مسوڵمانانه‌ بۆ سه‌لماندنی بۆ چوونه‌کانیان ئه‌م ئایه‌ته‌ به‌نموونه‌ ده‌هێننه‌وه‌:”لا اکراه فی الدین قد تبین الرشد من الغی.واته‌ هیچ داسه‌پاندنێک له‌ ئیسلامدا نییه‌ چونکه‌ باش و خراپ له‌ لایه‌ن په‌روه‌ردگاره‌وه‌ له‌ یه‌ک جیا کراوه‌ته‌وه‌”. به‌ پێی ئه‌م بیر و بۆچوونه‌ ئیسلام نایه‌وێ  به‌ زۆر ئایین به‌ سه‌ر هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌کدا بسه‌پێنێ ، چونکه‌ فه‌لسه‌فه‌ی دین بریتیه‌ له‌ جیا کردنه‌وه‌ی چاکه‌له‌خراپه‌».
ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌یری ئه‌م بڕگه‌یه‌ش بکه‌ین، نه‌ نووسه‌ر و نه‌ بیرمه‌نده‌کانی مه‌سه‌له‌که‌یان نه‌پێکاوه‌ یا ویستوو یانه‌ چاو به‌س بکه‌ن. چونکه‌ ده‌ق و ناوه‌رۆک و کاکڵه‌ی ئایه‌ته‌ که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وشته‌دا که‌ ئه‌وان خۆیان بۆ داداوه‌ و ویستوویانه‌ بیچه‌سپێنن، یه‌ک ناگرێته‌وه‌ و زۆر له‌ یه‌ک دوورن و به‌ گوریسی حه‌و باڵیش پێکه‌وه‌ نابه‌سرێنه‌وه‌.

ئایه‌ته‌ که‌ به‌راشکاوی باسی ئه‌وه‌ ده‌کا که‌ به‌ زۆر و مل هوڕی داسه‌پاندنی بیرو بڕوا له‌ ئاییندا نیه‌ و هه‌ر بیر و بڕوایه‌ک به‌زۆره‌ ملێ داسه‌پێنرێت له‌ لای خودا هیچ بایه‌خێکی نیه‌ و وه‌رناگیرێت. ئه‌م مه‌به‌سته‌ش یه‌کێکه‌ له‌ بنه‌ما به‌هێز و پته‌وه‌کانی ئایینی ئیسلام و مسوڵمانان له‌ هه‌موو چه‌رخ و خولێکدا، له‌بواری ئازادی بیروڕادا شانازیان پێوه‌ کردووه‌ و وه‌ک مه‌شخه‌لێک له‌ به‌رابه‌ر هه‌موو بیر و بۆچونێکی زۆره‌ملیه‌وه‌ نواندوویانه‌.

ئه‌و به‌شه‌ش که‌ ئه‌وان هه‌ڵه‌یان کردووه‌ ولێیان شێواوه‌، سزادان و تۆله‌ سه‌ندنه‌وه‌یه‌ که‌ گرێیان داوه‌ به‌ پاشه‌ڕۆژه‌وه‌ و وتوویانه‌ هیچ مرۆڤ و تاقم و ده‌سته‌ یه‌ک هه‌قی نییه‌ به‌ ناوی ئایین و شه‌رع و ئیسلامه‌وه‌، دنیا بکاته‌ دۆزه‌خ و، واته‌ با نافه‌رمانیش بکرێ و ده‌ستووراتی خوداش به‌ڕێوه‌ نه‌برێت له‌م جیهانه‌دا که‌س بۆی نییه‌ که‌س سزا بدا و تۆڵه‌ له‌که‌س بسێنێته‌وه‌.

له‌ راستیدا ئه‌مانه‌ له‌ خۆیانه‌وه‌ خۆیان کردووه‌ به‌ نوێنه‌ر و ده‌مڕاسی ئیسلام و هه‌روا له‌ خۆشیانه‌وه‌ به‌ ناو ئایین و شه‌رع و ئیسلامه‌وه‌ فه‌رمان و فتوا ده‌رده‌که‌ن و چاو له‌م هه‌موو ئایه‌ت و فه‌رموودانه‌ ده‌نووقێنن که‌ سه‌باره‌ت به‌ سته‌مگه‌ران و لاده‌ران و ئاژاوه‌ چیان و سنورشکێنان هاتووه‌ و، شێوه‌ و چوار چێوه‌ ئه‌ندازه‌ی سزا و تۆڵه‌ و جه‌زره‌به‌ی هه‌ر له‌م جیهانه‌دا بۆ دیاری کردوون و له‌ سه‌ر حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتی ئیسلامی پێویستی کردووه‌ به‌ گۆیره‌ی هه‌ل و مه‌رج و بار و دۆخ و سنوری دیاری کراو جێ  به‌جێی کا و مل هوڕ و نافه‌رمانان ته‌مێ  بکا و ئاسایش و دامرکاوی  بۆناو کۆمه‌ڵ و کۆمه‌ڵگا و وڵا ت دابین بکات.
ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ ئایینی ئیسلامدا بابه‌تێکی نامۆ نییه‌ و ئه‌وه‌ی ئه‌لف و بێ  یه‌ک له‌ ئایینی ئیسلام بزانێ  ئه‌م شته‌ی لا روونه‌ و پێویستی به‌ به‌ڵگه‌ و چه‌سپاندن نیه‌. شایانی باسه‌ ئه‌م سزا و تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ و ته‌مێ کردنه‌، ته‌نیا تایبه‌تمه‌ندی ئایینی ئیسلام نیه‌ و هه‌موو حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و ته‌نانه‌ت حیزب و رێکخراوه‌ و گرۆپه‌کانیش ئه‌م یاسای سزادان و ته‌مێ  کردنه‌ی هه‌یه‌ و هه‌ر له‌م جیهانه‌شدا ده‌یبات به‌ رێوه‌. جارێکی تر جه‌خت له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌که‌م که‌ ئه‌مانه‌ چۆن ئه‌وێرن و رویان هه‌یه‌ به‌م راشکاویه‌ تۆمه‌تی وا ده‌ده‌ن له‌ ئایین و درۆی وا به‌ ده‌م ئیسلام و خوداوه‌ هه‌ڵده‌به‌ستن و هیچ نه‌بێ  شه‌رم له‌و هه‌موو ئایه‌تانه‌ ناکه‌ن که‌ له‌م بواره‌دا له‌ قورئاندا به‌ راشکاوی و تیر و ته‌سه‌ل باسی ئه‌م به‌شه‌ی کردوه‌.

پێده‌چێت ئه‌م براده‌ره‌ شه‌ڕی هه‌ر له‌ سه‌ر لێفه‌ شڕه‌که‌ی مه‌لا بێ  و ته‌وه‌ره‌ی باسه‌که‌ی هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌و چه‌قه‌ بخولێته‌وه‌، که‌ نابێ  ئیسلام و موسڵمانان توخنی سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵات  و حکوومه‌ت داری بکه‌ون و، به‌ که‌له‌پوور و میراتی ره‌وای خۆی ده‌زانێ  بۆیه‌ خێرا خێرا له‌ خرنگه‌که‌دا ده‌یباته‌وه‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌ و ده‌ڵێ : «ئیسلام ئایینێکی ئاسمانیه‌ و بۆ رێکخستنی پێوه‌ندی نێوان تاکه‌کان هاتووه‌ و هیچ په‌یوه‌ندیه‌کی به‌ ده‌سه‌ڵات  و ده‌سه‌ڵات داریه‌وه‌ نییه‌».

هه‌ر وه‌ک له‌ پێشه‌وه‌ بۆمان روون بووه‌وه‌، نووسه‌ر بۆ چه‌سپاندنی ئه‌م مه‌به‌سته‌ی خۆی، جگه‌ له‌ دڵسۆزی و خه‌مخۆری نواندنه‌که‌ی له‌و دوایه‌شدا ده‌ستی ئاڵاند به‌ چه‌‌ند به‌ڵگه‌یه‌کی‌تردا و، په‌نای برده‌ به‌ر هه‌ندێ  شتی‌تر، به‌ڵام وادیاره‌ به‌وانه‌ش دڵی ئاوی نه‌خواردوه‌ته‌وه‌ و سوسه‌ی شل و وولی و، بن‌شڕی به‌ڵگه‌کانی خۆی کردووه‌ و پێیان قایل نیه‌ بۆیه‌ بای داوه‌ته‌وه‌ سه‌ر شینگێڕی و کوڕوزانه‌وه‌که‌ی پێشوی و ده‌ڵێ :


«چونکه‌ سیاسه‌ت و ده‌وڵه‌ت داری چمکێکی زه‌مینیه‌ و له‌ سه‌ر پایه‌ی ئه‌زمونی مرۆڤ به‌رهه‌م هاتووه‌، تێکه‌ڵ کردنی دین و ده‌وڵه‌ت تێکه‌ڵ کردنێکی نابه‌جێیه‌ و سته‌مێکی گه‌وره‌یه‌ له‌ ئایین».


ئه‌م بادانه‌وه‌ش ئه‌وه‌ده‌ گه‌یه‌نێ ، که‌ نووسه‌ر پێ ی وایه‌، هه‌ر خێر له‌م شین و شه‌پۆڕه‌دایه‌ و ده‌ڵێ  به‌ڵکو هیچ نه‌بێ  به‌م له‌ سه‌ر چوون و درێژه‌ پێدانه‌، کسپه‌ له‌ دڵ و ده‌روونی مسوڵمانان هه‌ڵسێنم و هه‌ستیان ببزوێ  و دڵیان نه‌رم ببێ  و بڵێن ئه‌م پیاوه‌ له‌ خۆڕا ئه‌وه‌نده‌ له‌ سه‌ر ئه‌م مه‌سه‌له‌ داکۆکی ناکا و هه‌بێ  و نه‌بێ  شتێک هه‌ر هه‌یه‌ و له‌ وانه‌یه‌ راست کا و، با سته‌م له‌ ئایین نه‌که‌ین و له‌ که‌دار و ناشیرینی نه‌که‌ین و، واز له‌ سیاسه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداری بێنین و خێری به‌خشینه‌وه‌.
لێره‌دا ئه‌و رووداوه‌م وه‌بیرهاته‌وه‌: پیاوێکی شاری، خزمێکیان له‌لادێ  ده‌مرێ  و که‌سی ده‌س ناکه‌وێ  له‌ گه‌ڵی بڕوا بۆ پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی و، به‌ ته‌نیا خۆشی له‌ رووی هه‌ڵنایه‌ بڕوا، ناچار ده‌چێته‌ مه‌یدانی کرێکاران و سێ  چوار کرێکار بانگ ده‌کا و  پێیان ده‌ڵێ  ئیشی ئه‌مڕۆی من ئه‌وه‌یه‌، له‌ گه‌ڵم وه‌رن بۆ پرسه‌ی ئه‌و خزمه‌مان و پاره‌ی خۆتان وه‌رگرن. ده‌چنه‌ ئه‌وێ  و پاش پرسه‌ و سه‌ره‌ خۆشی یه‌کێ  له‌ کرێکاره‌کان، به‌کوڵ ده‌گری و به‌م ده‌س و به‌و ده‌س فرمێسک ده‌رێژێ  و، به‌هه‌زار ئه‌ڵا  ئه‌ڵا  و ناوی خوا ژیری ده‌که‌نه‌وه‌ و پاشان کابرای خاوه‌ن پرسه‌ ده‌ڵێ  ئه‌وه‌ تۆ ئه‌و خزمه‌ی ئێمه‌ت ده‌ناسی وا به‌ کوڵ بۆی ده‌گریای؟ وتی نه‌وه‌ڵا . وتی ئه‌ی ئه‌و شین و شه‌پۆڕه‌ت له‌ چی بوو؟! وتی ئاخر ئه‌مویست رۆژانه‌که‌م حه‌ڵال که‌م.

وادیاره‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ شینگێڕه‌ی خۆشمان بیه‌وێ  به‌م شین و شه‌پۆڕه‌ به‌شه‌که‌ی خۆی حه‌ڵال کا،ئه‌گینا هێنده‌ش پشتی به‌ ئایینه‌وه‌ نه‌یه‌شاوه‌و به‌ خه‌میه‌وه‌ ناتلێته‌وه‌.
پاشان دێته‌وه‌ سه‌رمۆرکردن و چه‌سپاندنی ئه‌و بیروبۆ چوونه‌ و، ئه‌شه‌نووبیلای بۆ ده‌کێشێ  و ده‌ڵێ:
«ئه‌م بیروو بۆ چوونه‌ بیر و بۆچوونێکی باش و مه‌نتیقیه‌ و تا ئه‌ندازه‌یه‌ک له‌ سکولاریزمه‌وه‌ نزیکه‌ و له‌گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و نه‌ریتی کوردیشدا تا ئه‌ندازه‌یه‌ک یه‌ک ده‌گرێته‌وه‌ و هیچ هێزێکی سکۆلار و پێشکه‌وتو دژایه‌تی ئه‌م بۆ چوونه‌ناکا».

ئه‌مه‌ی که‌ له‌ سکولاره‌وه‌ نزیکه‌ جێگای باس و کێشه‌ نیه‌و، نووسه‌ریش ئه‌و هه‌مووسکه‌دڕێ و په‌‏له‌قاژێیه‌ی هه‌ر له‌ سه‌ر ئه‌م نزیکیه‌یه‌ و ئه‌یه‌وێ  ئیسلام بکا به‌ سکولار و مه‌سه‌له‌که‌ یه‌کلا بکاته‌وه‌. به‌ڵام مه‌نتیقی بوون و رێکه‌وتنی له‌ گه‌ڵ فه‌رهه‌نگ و باوونه‌ریتی کورده‌واریدا کاڵایه‌کی ته‌نگ وتروسک و نه‌گونجاوه‌ و نووسه‌ر به‌ بۆچوونی خۆی به‌ باڵای کورده‌واری ده‌یبڕێ و هیچ پێگه‌ و بنه‌مایه‌کی ده‌روونی و مێژوویی نیه‌ و ئه‌یه‌وێ به‌ زۆره‌ملێ بیچه‌سپێنێ  و رچه‌ بۆ ویست و حه‌زه‌کانی خۆی خۆشکا.
وادیاره‌ نووسه‌ر زۆر له‌ ئیسلام و ده‌سه‌‏ڵات و حکوومه‌تی ئیسلامی تۆقیوه‌ و به‌ له‌مپه‌رێکی گه‌وره‌ی ده‌زانێ  له‌ به‌رده‌م ئاوات و ئاماجه‌کانی خۆیداو ده‌یه‌وێ به‌ هه‌ر شێواز و پلان و نه‌خشه‌یه‌ک بووه‌، نه‌هێلێ سه‌ر به‌رز کاته‌وه‌ و بنه‌بڕ و زیده‌ به‌چاڵی کا، بۆیه‌ ده‌ڵی:
«ئه‌وه‌ی جێگای مه‌ترسییه‌، ئه‌و ره‌وته‌یه‌ که‌ به‌ ئیسلامی سیاسی یا رادیکالیسمی سیاسی ده‌ناسرێ
و ئه‌م بۆ چوونه‌ بۆ چوونێکی تازه‌یه‌ و ته‌‏مه‌نی له‌ سه‌ده‌یه‌ک که‌متره‌ و دوائامانجی پێش هه‌موو شتێک گه‌یشتن به‌ته‌ختی ده‌سه‌ڵاته‌. لێره‌وه‌ بۆمان روون ده‌بێته‌وه‌ که‌ ئیسلامی سیاسی چ مه‌عنایه‌ک ده‌به‌خشێ . ئیسلامی سیاسی ئه‌و ئایدولۆژیه‌یه‌ که‌ ده‌یه‌وێ، به‌که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ئیسلام رێگا بۆ به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌یشتن خۆش بکا».

له‌ راستیدا نووسه‌ر لێره‌شدا جگه‌ له‌ چه‌واشه‌کردن و ئالۆزاندنی بابه‌ته‌که‌ و چاوبه‌س کردن، هیچ مه‌به‌ستێکی تری نیه‌ و به‌م ناسنامه‌ ده‌رهێنانه‌ی و ته‌مه‌ن دیاری کردنه‌ی بۆ ئیسلامی سیاسی ده‌یه‌وێ  بڵێ تاکه‌متر له‌ سه‌ده‌یه‌ک له‌ مه‌و پێش واته‌ تا هه‌زار و سێسه‌د و ئه‌وه‌نده‌ ساڵ ئیسلام ئایینی ده‌رونی بووه‌ و جگه‌له‌ په‌یوه‌ندی تاک له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگاردا، که‌س له‌ کوله‌که‌ی ته‌ڕیشدا باسی حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلامی نه‌کردووه‌ و، ئه‌مه‌ که‌متر له‌ سه‌ده‌یه‌که‌ ئه‌م درۆ و ده‌له‌سه‌ی بۆ هه‌ڵبه‌سراوه‌ و ئه‌م تۆمه‌ته‌ ناڕه‌وایه‌ له‌ ئیسلام دراوه‌، ئه‌م پیلان و نه‌خشه‌ داڕێژراوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ته‌ختی دسه‌‏ڵات! ئیتر ئه‌م نووسه‌ره‌ بیرتیژه‌مان له‌ بیری چووه‌ته‌وه‌ له‌ سه‌ره‌تای وتاره‌که‌یه‌وه‌ دیانی نا به‌وه‌دا که‌ له‌ سه‌رده‌می پێغه‌مبه‌ردا حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و فه‌رمانڕه‌وایی هه‌بووه‌ و، ئه‌م بیرۆکه‌یه‌ هینی که‌متر له‌ یه‌ک سه‌ده‌نییه‌. دیسان ئه‌وه‌شی له‌ بیر خۆی بردوه‌ته‌وه‌ و قه‌ڵه‌مێکی سووری هێناوه‌ به‌سه‌ر پانتایی مێژووی ئه‌و هه‌زارو سیسه‌د و ئه‌وه‌نده‌ ساڵه‌که‌ی تری ته‌مه‌نی ئیسلامدا و تون‌تون چاوی له‌ ئاستی ئه‌و هه‌موو حکوومه‌ت و ده‌سه‌ڵات و خه‌لافه‌ت و فه‌رمانڕه‌وایانه‌ی ئیسلام نووقاندووه‌ و، ئه‌و هه‌موو کێشه‌ و چه‌قڵه‌جه‌نگێ و ته‌نانه‌ت کوشت و بڕه‌ی له‌ بیرخۆی بردوه‌ته‌وه‌ که‌ له‌ مێژووی ئیسلامدا روویان داوه‌ و خۆی وته‌نی هه‌مووشی هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی ئیسلامی سیاسیدا بووه‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌ڵات روی داوه‌، نه‌ک له‌ سه‌ر په‌یوه‌ندی تاک له‌گه‌ڵ په‌روه‌ردگاردا!

لێره‌دا من نه‌ ده‌مه‌وێ هێرش به‌رمه‌ سه‌ر ئه‌و بارودۆخ و روداو و کاره‌سات و هه‌ڵوێستانه‌ و، نه‌ ده‌شمه‌وێ پاکانه‌یان بۆ بکه‌م و به‌ ئیسلامی راسته‌ بیان ده‌مه‌ قه‌ڵه‌م، چونکه‌ ئه‌م هه‌ویره‌ ئاوی زۆر ده‌با و ئه‌م باس و بابه‌ته‌ جێگای تایبه‌تی خۆی هه‌یه‌، به‌ڵکوو ئه‌مه‌وێ  بڵێم چ راست و چ چه‌وت، چه‌ هه‌ق و چه‌ ناهه‌ق، ئه‌م دیارده‌یه‌ له‌ مێژوودا له‌ لایه‌ن دۆست و دوژمن و یار و نه‌یاره‌وه‌ چه‌سپێنراوه‌ و له‌ رووپه‌ڕه‌ی هه‌زاران کتێب و کتێبۆڵکه‌دا، ده‌سه‌ڵات  و حکوومه‌ت‌داری و فه‌رمانڕه‌وایی ئیسلام به‌ درێژایی هه‌زار و چوار سه‌د ساڵه‌ی تۆمارکراوه‌، ئیتر تاقه‌ بڕیاردان و پێناسه‌ و ته‌مه‌ن دیاری کردنێکی لاواز و لار و له‌وێر و بێ‌بنه‌مای ئاوه‌ها ناتوانێ  دای پۆشێ و له‌بیری بباته‌وه‌ و له‌ روپه‌ره‌ و مێشکه‌کاندا بیسڕێته‌وه‌. دڵنیاشم ئه‌م جۆره‌ په‌له‌قاژێ و گڕوگاڵ و هه‌وڵدانانه‌، جگه‌ له‌ ماندوو بوون و ئابڕو چوون هیچ به‌رهه‌م و ئاکامێکی دیکه‌ی نیه‌.

نووسه‌ر به‌شی زۆری پاشماوه‌ی وتاره‌که‌ی ته‌رخان کردووه‌ بۆ به‌سه‌ر کردنه‌وه‌ و ئاوه‌ژو و پێناسه‌ کردن و سه‌ر و گوێلاک شکاندنی بزووتنه‌وه‌ ئیسلامیه‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌‏ی ئه‌خیر و بێ ئینسافانه‌ هاتووه‌ به‌ وێزه‌یاندا و په‌ل و پۆی داپاچیون و سه‌روپۆرتکی ناونه‌ته‌ یه‌ک و ورد و درشتی پێکه‌وه‌ هاڕیوون.لێره‌دا چونکه‌ من نامه‌وێ  له‌ سه‌ر هیچ که‌س و هیچ لایه‌نێک بکه‌مه‌وه‌ و خۆم بده‌م له‌و بواره‌ و ئه‌و بابه‌ته‌ بووروژێنم، باسه‌که‌ ده‌ده‌مه‌ ده‌س لایه‌ن و لێ‌پرسراوی خۆی.

له‌ کۆتاییدا راشکاوانه‌، داواده‌ که‌م له‌و که‌سانه‌ی که‌ خۆیان به‌ نووسه‌ر و رۆشنبیر و بیرمه‌ند و دڵسۆز ده‌زانن، کاتێ  پێنووس به‌ ده‌سته‌وه‌ ده‌گرن و سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تێکی ئاوه‌ها ده‌نووسن، له‌ پێش هه‌موو شتێکدا خۆیان له‌ چه‌مبه‌ره‌ی بیرته‌سکی و به‌رچاوته‌نگی و خڵه‌تاندن و فێڵ و فریو، رزگار که‌ن و بێنه‌ مه‌یدانی پان و به‌رینی واقیع و سنگ فراوانی و ئه‌قڵ و لۆژیک و له‌ده‌لاقه‌ی ته‌سک و ترووسکه‌وه‌ سه‌یری ئه‌م جیهانه‌ به‌ر فراوانه‌ نه‌که‌ن و، خۆیان به‌هه‌ندێ  بیرۆکه‌ی بێ  بنه‌ما و پواو نه‌خڵه‌تێنن.
چونکه‌ ئه‌بێ  دڵنیا بن ئیتر ئێستا ناتوانن به‌م شێوازه‌ پووا و سواوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ق و واقیع و راسته‌قینه‌دا بکه‌ن و به‌ گاگۆڵکێ  ئه‌م هه‌ورازه‌ تونده‌ ببڕن. له‌ راستیدا به‌ ملنان له‌م رچه‌ و رێبازه‌ لار و خێچه‌ و به‌ ئاراسته‌ کردنی ئه‌م چه‌شنه‌ بیر و بۆ چوونه‌ پووچه‌ڵا نه‌، ململانێ  و شه‌ڕه‌ قۆچ له‌ گه‌ڵ بیرۆکه‌ی دیموکراسیدا ده‌که‌ن و راسته‌وخۆ یا ناراسته‌وخۆ، بنه‌ ماکانی کۆشکی دێموکراسی هه‌ڵه‌ده‌ته‌کێنن و رچه‌ و رێباز و پێگه‌ بۆ دیکتاتۆری و مل هوڕی و چه‌وساندنه‌وه‌ خۆش ده‌که‌ن و خه‌رمانی ئازادی و فره‌لایه‌نی و پێکه‌وه‌ گونجان و برایه‌تی و ئاشتی به‌ باده‌ده‌ن و بانگه‌شه‌ بۆ شه‌ڕ و دووبه‌ره‌کی و کێشه‌ و ململانێ  و ئاژاوه‌ ده‌که‌ن و بره‌و به‌ خۆپه‌رستی و زل‌هێزی و خۆویستی و که‌س نه‌ویستی و فسفس پاڵه‌وانی ده‌ده‌ن و کۆیرانه‌ هه‌نگاو به‌ره‌ و هه‌ڵدێر و شه‌وه‌ زه‌نگی براکوژی و کورد کوژی هه‌ڵده‌گرن و، تۆوی دڵپیسی و رق و کینه‌ و ناته‌بایی له‌ پانتایی ده‌رونه‌کاندا ده‌چێنن.
که‌واته‌ با ئیتر به‌س بێ  و ده‌س له‌م جۆره‌ بابه‌تانه‌ هه‌ڵگیرێ  و بێینه‌وه‌ مه‌یدانی واقیع و راسته‌قینه‌ و خۆمان نه‌که‌ین به‌ وه‌زیر و گزیر و ده‌مڕاسی خه‌ڵکی و ناوبژی و قه‌زاوه‌ت بده‌ینه‌ ده‌س ده‌نگ و هه‌ڵبژاردن و واز له‌ هێزی بازو و لوله‌ی تفه‌نگ و زه‌بروزه‌نگی میلیشیا بهێنین و برایانه‌ و دڵپاکانه‌ کێشه‌ی فیکر و بیرو بۆچوونه‌کانمان له‌ سه‌ر مێزی حیوار و گفتوگۆدا چاره‌سه‌ر که‌ین و، چرکه‌ساتێک له‌ ژێر سێبه‌ری ئازادی بیروڕادا وچانێک بده‌ین. ئیتر به‌ هیوای ئه‌و رۆژه‌.

نمایش بیشتر

یک دیدگاه

  1. مشکل دخالت دادن دین در سیاست نیست مشکل تبدیل کردن دین به ابزار برای پیشبرد اهداف سیاسیه!!!

    ۹۵% موارد هم بخاطر همین بوده استفاده ابزاری از دین برای بدست آوردن منافع مادی و قدرت و سلطه

    مارکس حرفی داره که فوق العاده ریز و پر از نکته و تلنگره … در مقدمه کاپیتال چنین می نویسد : اگر از سی ونه اصل کلیسا سی و هشت اصلش را زیر سوال ببری شاید ارباب کلیسا را چندان نرنجانی ولی اگر منافع و عواید کلیسا رو مورد پرسش قرار دهی آنگاه زلزله بپا خواهد شد …

    متاسقانه بسیاری از جنبش های اسلامی چه شیعی و چه سنی ازین قاعده مستثنی نیستند! یعنی اگر عقاید و جهانبینی های کلامی شان را زیر سوال ببرند خیلی کمتر دچار ناراحتی و عصبانیت می شوند تا اینکه دست روی فعالیت های سیاسی و اقتصادی شان بگذارند … مثلا جنبش های سلفی و جهادی بعنوان نمونه منحرفان فکری و عقیدتی را خیلی کمتر دشمن بشمار می اورند تا سکولارها و کانون توجهاتشون روی سکولارهاست تا فرقه های منحرف … دلیلش هم کاملا روشن است زیرا پای منافع و ثروت و قدرت و نفوذ در میان است.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا