به شی کوردیڕه‌مه‌زان

رۆژوو ڕه‌مه‌زان ‌کات زانست سه‌عات ته‌مه‌ن

رِۆژوو وانه‌یه‌ک بۆ پابه‌ندبوون به‌کاته‌وه‌!

د.ئاراس محمد صالح

ئێمه‌ى موسڵمان کێشه‌مان ئه‌وه‌یه‌ زۆر شت به‌ قسه‌ ده‌ڵێن و به‌کردوه‌ نایکه‌ین، یان وته‌کانمان رِه‌نگدانه‌وه‌ى نییه‌ له‌سه‌ر کردوه‌کانمان، بۆ نمونه‌ باس له‌زانست و زانیارى ده‌که‌ین و ده‌ڵێین زانست له‌ ئیسلامدا زۆر پیرۆزه‌و خواى گه‌وره‌ سوێندى به‌ پیت وقه‌ڵه‌م و نووسین خواردوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ ساڵێکدا ئاماده‌ نین ته‌نها یه‌ک کتێب بخوێنینه‌وه‌، زۆرجار مامۆستایه‌ک باس له‌گرنگى زانست ده‌کات له‌ ئیسلامدا و له‌به‌رکه‌مته‌رخه‌مى خۆى کۆمه‌ڵێک کورِو کچى نه‌خوێنده‌وارى هه‌یه‌، کىَ هه‌یه‌ له‌ ئێمه‌ باس له‌وه‌ نه‌کات کات زۆر پیرۆزه‌ له‌ رِوانگه‌ى ئیسلامه‌وه‌و نه‌ڵێین خواى گه‌وره‌ سوێندى به‌کات خواردوه‌و زۆر شتى تریش، به‌لاَم کامان وه‌ک پێویست رِێز له‌کاته‌کانمان ده‌گرین و به‌فیرِۆى ناده‌ین؟ کامه‌ کۆرِو کۆبونه‌وه‌مان هه‌یه‌ نیوسه‌عات وسه‌عات دواناکه‌وێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر که‌سێکمان کۆرِێکى هه‌بێت له‌سه‌ر گرنگى کات به‌لانى که‌مه‌وه‌ نیوسه‌عات کۆرِه‌که‌ى دواده‌که‌وێت، ئه‌گه‌ر خۆشى له‌کاتى خۆیدا ئاماده‌بێت، ئه‌وا گوێگره‌کانى نیوسه‌عاتێک دوا ده‌که‌ون و ده‌بێت چاوه‌رِوانى ئه‌وان بکات و ئه‌وانه‌ى له‌کاتى خۆیدا ئاماده‌ بوون ده‌بێت له‌ چاوه‌رِوانیدا وه‌رِس ببن بۆ جارى داهاتوو ئه‌وانیش دره‌نگ ئاماده‌ ده‌بن هه‌تا به‌ده‌ردى جارى پێشوو نه‌چن، ئه‌م کولتووره‌ زاده‌ى چییه‌و چاره‌ى چییه‌؟ ئێمه‌ که‌ رِه‌هه‌ندێکى ئاینى ده‌ده‌ین به‌ کات و پیرۆزى ده‌که‌ین و برِوامان وایه‌ کات لاى خوا پیرۆزه‌ ئه‌ى بۆچى به‌ پیرۆز سه‌یرى ناکه‌ین و به‌هه‌ده‌رى ده‌ده‌ین؟ باشه‌ ترسی ئه‌وه‌مان نییه‌ خواى گه‌وره‌ لێپرسینه‌وه‌مان له‌گه‌ڵدا بکات؟ به‌ڵىَ هه‌موومان ئیمانمان به‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ته‌مه‌نمان هه‌مووى کاته‌و به‌رِۆیشتنى کات ژیانمان که‌م ده‌بێته‌وه‌و له‌مردن نزیک ده‌بینه‌وه‌و پاش مردن خواى گه‌وره‌ پێش ئه‌وه‌ى قاچ بخه‌ینه‌ به‌رقاچ پرسیارمان لێ ده‌کات ته‌مه‌نت که‌ چه‌ند چرکه‌و سه‌عات و رِۆژو هه‌فته‌و مانگێک بوو چۆن گوزه‌راندت؟ به‌هه‌ده‌رت دا یان به‌پێى نه‌خشه‌و پلانێک هه‌موویت له‌کارى باشدا به‌سه‌ربرد؟ به‌م ئاکارو مامه‌ڵه‌ى ئه‌مرِۆى کۆمه‌ڵگاى موسڵمانان له‌گه‌ڵ کاتدا ده‌یکه‌ن به‌زاهیرى هه‌موومان یان زۆربه‌مان تووشى لێپرسینه‌وه‌ ده‌بین لاى خوا له‌ به‌ فیرِۆ دانى ساته‌کانى ته‌مه‌نمان، بۆیه‌ جێگه‌ى خۆیه‌تى لێره‌دا رِۆژوو بکه‌ینه‌ قوتابخانه‌یه‌کى به‌خۆداچوونه‌وه‌و خۆپه‌روه‌رده‌کردنمان له‌ سه‌ر پابه‌ند بوونمان به‌کاته‌وه‌و به‌هه‌ده‌رنه‌دانى، له‌وانه‌یه‌ هیچ خوا په‌رستیه‌ک وه‌ک رِۆژوو کاته‌کى وردو هه‌ستیار نه‌بێت، بۆ نمونه‌ هه‌ر نوێژێک ده‌توانیت له‌ ماوه‌ى چه‌ند کاتژمێرێکدا ئه‌نجامى بده‌یت، به‌لاَم رِۆژوو له‌کاتى ده‌ست پێکردنیه‌وه‌ ناتوانیت ته‌نها یه‌ک چرکه‌ کاته‌که‌ى ببه‌زێنیت له‌کاتى ده‌رکه‌وتنى تیلماسکى کازیوه‌دا:[ وَکُلُواْ وَاشْرَبُواْ حَتَّى یَتَبَیَّنَ لَکُمُ الْخَیْطُ الأَبْیَضُ مِنَ الْخَیْطِ الأَسْوَدِ مِنَ الْفَجْرِ ثُمَّ أَتِمُّواْ الصِّیَامَ إِلَى الَّلیْلِ] البقره: ۱۸۷.. کاتێک ئه‌و تیلماسکه‌ رِوون بوه‌وه‌ ئیتر بۆت نییه‌ته‌نها یه‌ک چرکه‌ پابه‌ند نه‌بیت به‌کاته‌وه‌ ئه‌گه‌رنا رِۆژووه‌که‌ت دروست نابێت، له‌کاتى ئیواره‌شدا ته‌نها یه‌ک چرکه‌ پێش بانگى ئێواره‌ رِۆژووه‌که‌ت بشکێنیت ئه‌وا رِۆژووه‌که‌ت ناته‌واوه‌، هیچ که‌س بۆی نییه‌ یه‌ک چرکه‌ پێش کاتى خۆى رِۆژووه‌که‌ى بشکێنێت، ته‌نانه‌ت هه‌موومان وه‌ها پابه‌ندین به‌کاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بانگى مزگه‌وته‌که‌ى دراوسێمان چه‌ند خوله‌کێک دوابکه‌وێت دڵمان برِوایى نادات رِۆژووه‌که‌مان بشکێنین هه‌رچه‌ند کاتژمێرمان پێیه‌و ئیمساکیه‌ى رِه‌مه‌زانیشمان هه‌ڵواسیه‌وه‌و ده‌شزانین ئه‌وکه‌سه‌ى له‌مزگه‌وت بانگ ده‌دات که‌سێکى وه‌ک ئێمه‌یه‌و ئه‌ویش سه‌یرى کاتژمێرو ئیمساکیه‌ ده‌کات بۆ بانگ دان، لێره‌دایه‌ کات پیرۆزى وه‌رده‌گرێت و ته‌واو ورد ده‌کرێته‌وه‌وپابه‌ندین به‌ چرکه‌کانیه‌وه‌، باشه‌ بۆنه‌توانین ئه‌مه‌ بکه‌ینه‌ وانه‌یه‌ک و هه‌مووکاته‌کانى ژیانمان به‌هه‌ده‌ر نه‌ده‌ین وپابه‌ند نه‌بین به‌چرکه‌و خوله‌کانیه‌وه‌، چونکه‌ ته‌مه‌نمان هه‌مووى کاته‌و ده‌رِوات و گه‌رِانه‌وه‌ى نییه‌و کورد گوته‌نى هه‌موو ساته‌کانى ماڵه‌ له‌سه‌رمان وحسابمان له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت له‌سه‌رى ونمره‌مان بۆ داده‌نرێت لاى خواى گه‌وره‌ هه‌تا چه‌ند ده‌سته‌به‌رمان کردوه‌و خۆمان گوته‌نى نه‌مان کوشتوه‌ به‌شتى بێکه‌ڵک و پوچه‌وه‌، چونکه‌ له‌هه‌موو ساتێکدا بانگخوانێک بانگمان ده‌کات و ده‌فه‌رموێت: [ یَا أَیُّهَا الَّذِینَ آمَنُوا اتَّقُوا اللَّهَ وَلْتَنظُرْ نَفْسٌ مَّا قَدَّمَتْ لِغَدٍ وَاتَّقُوا اللَّهَ إِنَّ اللَّهَ خَبِیرٌ بِمَا تَعْمَلُونَ] الحشر: ۱۸..ئه‌ى که‌سانێک که‌ ئیمانتان هێناوه‌ ته‌قواوخواپه‌رستى خوا بکه‌ن، برِوانن چیتان بۆ سبه‌ینىَ ئاماده‌کردوه‌، خواناسی خوابکه‌ن، خوا ئاگاى له‌ کرده‌وه‌کانتانه‌. ده‌با کاته‌کانى ئه‌مرِۆ بخه‌ینه‌ خزمه‌تى سبه‌ینىَ کارى چاکى تێدا بکه‌ین ونه‌یکوژین، چونکه‌ سبه‌ینىَ سه‌فه‌رمان له‌به‌ره‌و ده‌بینه‌ رِێبوارى رِێگاى هه‌تا هه‌تایى و گه‌رِانه‌وه‌ى نییه‌و توێشووى ئه‌و سه‌فه‌ره‌ ئه‌مرِۆ ئاماده‌ ده‌کرێت ئه‌گه‌رنا سبه‌ینىَ رِێبوارێکى ده‌ستبه‌تاڵى په‌شیمانى رِه‌نج بێوه‌رین. 

نمایش بیشتر

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا