بیروڕامقالات ارسالی

توندڕه‌ویى له‌ ئایندا مه‌ترسیدارترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر خودى ئاین

توندڕه‌ویى له‌ ئایندا مه‌ترسیدارترین هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر خودى ئاین

د. عمر عبد العزیز

۱- به‌پێى دیراسه‌یه‌کى وردم بۆ قورئان و ژیاننامه‌ى پێغه‌مبه‌ران (درودى خوایان له‌سه‌ر بێت), به‌درێژایى ۲۵ ساڵ, دڵنیا بومه‌ته‌وه‌ که‌ مه‌ترسیدارترین هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر ئاین, خودى ڕؤچوون و زیاده‌ڕه‌وییه‌ له‌ ئایندا. بۆیه‌ قورئانى پیرؤز پێغه‌مبه‌رى ئیسلامیى ئاگادار کردۆته‌وه‌ که‌ خاوه‌ن ئاینه‌کان ئاگادار بکاته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زیاده‌ڕۆیى و توندڕه‌وى له‌ ئایندا نه‌که‌ن. ده‌فه‌رموێ: (قل یا أهل الکتاب لا تغلوا فی دینکم). واته‌: ئه‌ى خاوه‌ن کتێبه‌کان! زۆر ڕۆ مه‌چن له‌ ئایندا.
2- ئه‌و دیارده‌یه‌ له‌ قورئاندا پێى ده‌گوترێت (الغلو فی الدین) واته‌: زیاده‌ڕۆچوون له‌ ئایندا. وه‌صفه‌که‌ى قورئان زۆر وردو به‌ مه‌به‌سته‌, چونکه‌ ئه‌وانه‌ى تووشى ئه‌و ده‌رده‌ ده‌بن, وا ده‌زانن که‌ له‌ خه‌ڵکى زیاتر دیندارن, واته‌: له‌ بازنه‌ى ئایندا ده‌سوڕێنه‌وه‌, بۆیه‌ نه‌یفه‌رمووه‌: ده‌رمه‌چن له‌ ئاین, چونکه‌ ئه‌و ده‌سته‌و تاقمانه‌ نه‌ک خۆیان به‌ ده‌رچوو نازانن, به‌ڵکو خه‌ڵکانێک که‌ له‌گه‌ڵیان نین, به‌ ده‌رچوو له‌ ئاین ده‌زانن.
3- ئه‌م ده‌سته‌و تاقمانه‌ له ‌سه‌ده‌ى یه‌که‌مى ئیسلامه‌وه‌ په‌یدا بوون و, پێغه‌مبه‌رى ئیسلام یاوه‌رانى لێ ئاگادارکردنه‌وه‌و, پێشبینى کرد بۆیان که‌ دواى خۆى سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن. بۆیه‌ وه‌صفه‌کانى بۆ وتن. له‌ وه‌صفیانا فه‌رمویه‌تى: (( قورئان ده‌خوێنن, به‌ڵام له ‌قوڕگیانه‌وه‌ ده‌رده‌چێ. (واته‌ له‌ دڵیانه‌وه‌ نایه‌ت). هه‌رزه‌کارن. کاڵفامن. چه‌ک هه‌ڵئه‌گرن, بێ وه‌عدو به‌ڵێنن. سه‌رکرده‌کانیان نه‌فام و نه‌زانن. خراپترینى خه‌ڵکن. هه‌ر له‌ناو موسڵماناندان. دڵیان دڵى شه‌یتانه‌, له‌ لاشه‌ى مرۆڤدا. ئیماره‌تیان ئیماره‌تى منداڵانه‌. شه‌وبێداریى ده‌که‌ن. به‌ڕۆژ به‌ڕۆژوو ده‌بن. په‌رستشى زۆر ده‌که‌ن, به‌ ڕاده‌یه‌ک ئێوه‌ په‌رستشى خۆتان له‌چاو ئه‌وان به‌ که‌ه‌م ده‌زانن. له‌ ده‌م وچاویان ئاسه‌واى سوجده‌ دیاره‌!!. (به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌و وه‌صفانه‌ ده‌فه‌رموێ): ده‌رئه‌چن له‌ ئاین, هه‌روه‌ک تیر له‌ که‌مان ده‌رده‌چێت!!!
ئه‌مه‌ش ده‌قى ئه‌و وه‌صفانه‌یه‌ له‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه که‌ ده‌قاو ده‌ق له‌ ده‌یان فه‌رموده‌وه‌ ده‌رم هێناون و, فه‌صلێکن له‌ دیراسه‌که‌م که‌ له‌نامه‌ى ماسته‌ره‌که‌مدا له‌سه‌ر ئاکاره‌کانیان کردوومه‌. ئه‌وه‌ش ده‌قى وه‌صفه‌کانه‌‌ له‌ فه‌رموده‌کانه‌وه‌ به‌بێ ده‌سکاریى:‌ (غِلْمه)، (أحداث الأعمار)، (أحداث الأسنان)، (سفهاء الأحلام)، (سیماهم التحلیق)، (یحملون السلاح)، (دعاه على أبواب جهنم)، (مشوا- بعد- رسول الله على القهقری). بۆ سه‌رۆکه‌کانیشیان ده‌فه‌رموێ: (رؤوس جهاّل)، (شِرار الناس)، (مرجت عهودهم وأماناتهم)، (من بنی جلده المسلمین)، (قلوبهم قلوب شیاطین فی جثمان إنسان). بۆ ئیماره‌ته‌که‌شیان ده‌فه‌رموێ: (إماره الصبیان)، (یقرءون القرآن، لا یجاوز حلاقیمهم) أو(حناجرهم)، (یقولون من قول خیر البریه)، ویحقّر المؤمنون (صلاتهم عند صلاتهم، وصیامهم عند صیامهم، وأعمالهم عند أعمالهم)، (یصومون النهار)، (یقومون اللیل)، (یتعبدون)، (وجوههم معلمه من آثار السجود).. به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌: (یمرقون من الدین کما یمرق السهم من الرمیه)!.
به‌ڕاستى من ده‌ڵێم: ده‌بوایه‌ ئه‌و فه‌رمودانه‌ بکرانایه‌ به‌ یه‌کێ له‌ نیشانه‌کانى پێغه‌مبه‌رایه‌تى ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ (درودى خواى له‌سه‌ر بێت), که‌ هێنده‌ به‌ وردیى وێناى ئه‌و ده‌سته‌و تاقمانه‌ى پێش ۱۴۰۰ ساڵ زیاتر کردووه‌. ده‌ڵێى ئه‌مڕؤ به‌رامبه‌ریان وه‌ستاوه‌.!!
4- ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییانه‌ هه‌موو پێچه‌وانه‌ى په‌یامه‌ سه‌ره‌کییه‌که‌ى ئیسلامن,‌ که‌ په‌یامى هیدایه‌ت و ڕه‌حمه‌ت و میهربانى و مرۆڤدۆستى و سه‌ماحه‌ت و لێبوردن و خۆشه‌ویستییه‌. پێچه‌وانه‌ى پێناسه‌ى ئوممه‌تى ئیسلامیشن که‌ خوا ناساندویه‌تى به‌ ئوممه‌تى میانه‌ڕه‌وو, داواشى له‌ بانگخوازانى کردووه‌ که‌ به‌ حیکمه‌ت و ئامۆژگارى جوان په‌یامه‌که‌ى بگه‌یه‌نن و, دوور بن له‌ توندو تیژیى. خواى گه‌وره‌ ڕوو به‌ پێغه‌مبه‌ره‌که‌ى ده‌فه‌رموێ: (فبما رحمه‌ من الله لنت لهم ولو کنت فظا غلیظ القلب لانفضوا من حولک)!.
5- هه‌رگیز ڕاست و ڕه‌وا نیه‌ ناحه‌زانى ئاین هه‌ڵه‌کانى ئه‌وانه‌ بقۆزنه‌وه‌و بۆ دژایه‌تى ئاینى ئیسلام. چونکه‌ له‌ ناو په‌یڕه‌وانى هه‌موو ئاینه‌ ئاسمانى و زه‌مینییه‌کاندا, لادان و توندڕه‌ویى به‌ناوى خواو پێغه‌مبه‌ران و ئاینه‌کان و دامه‌زرێنه‌رانى حزب و ڕه‌وته‌کانه‌‌وه‌ کراوه‌و ده‌کرێت. مه‌گه‌ر ئه‌وروپاى مه‌سیحى که‌ – مه‌شهوره‌ به‌ ئاینى سه‌ماحه‌ت- چیان نه‌کرد به‌ مرۆڤایه‌تى؟ مه‌گه‌ر هه‌زراران حزبى لیبرال و دیموکرات و ڕاستڕه‌وو چه‌پڕه‌و له‌ دونیادا به‌رنه‌بونه‌ته‌ گیانى یه‌کترو, میلله‌تان به‌ ئیددیعاى هه‌مان ئایدیۆلۆژیاو بیرو باوه‌ڕى یه‌کتر. مه‌گه‌ر ده‌یان حزبى کۆمۆنیستى دونیا نه‌فره‌تیان نه‌کرد له‌ (پۆل پۆت) ى سه‌رکرده‌ى حزبى شیوعى که‌مبۆدیا, که‌ به‌ناوى کۆمۆنیستییه‌وه‌ سێ ملیۆن که‌سى کوشت, له‌ پێناوى جێبه‌جێکردنى مه‌بادئى کۆمۆنیستیدا..
6- که‌واته‌ ئه‌و بۆچوونانه‌ زۆر هه‌ڵه‌ن که‌ ده‌ڵێن:‌ له‌ بازنه‌ى هه‌ر ئاین یان هه‌ر ئایدیاو بیرکردنه‌وه‌یه‌کدا تونڕه‌ویى دروست بوو, ئه‌و ئاینه‌ یان ئه‌و ئایدیۆلۆژیایه‌ هۆکارو به‌رپرسه‌. نه‌خێر, به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ لادان له‌ پره‌نسیبه‌کانى و, شێواندنى واتاو مه‌دلوله‌کانى, هۆکارن, نه‌ک خودى ده‌قه‌کان. له‌مه‌دا ئاین و حزب و ڕه‌وته‌کان فه‌رقیان نیه‌.
7- من لێره‌دا ڕاستییه‌کى تاڵ ده‌ڵێم: به‌ حوکمى ئیختیصاصه‌که‌م و موتاڵا کردنم بۆ هه‌زاران لاپه‌ڕه‌ له‌ کتێبه‌کانى توراسى ئیسلامیى, ناتوانم بیشارمه‌وه‌و نه‌یڵێم: دڵنیابوومه‌ته‌وه که‌ هۆکارى سه‌ره‌کیى سه‌رهه‌ڵدانى دیارده‌ى توندڕه‌ویى له‌ ئاینى ئیسلامدا, ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زۆرێک له‌و بابه‌تانه‌ى که‌ له‌و کتێبانه‌دا هه‌ن که‌ له ‌سه‌ده‌کانى ڕوبه‌ڕبونه‌وه‌ى موسلمانان له‌گه‌ڵ دوژمنانى داگیرکه‌ر‌دا نوسراون, وه‌ک ئه‌وانه‌ى له‌ کاتى په‌لاماره‌کانى ڕۆم و فه‌ره‌نگییه‌کان بۆ سه‌ر شام و سه‌روى ئه‌فریقیا, نوسراون. یان ئه‌وانه‌ى دواتر له‌ سه‌رده‌مى په‌لاماره‌کانى ته‌ته‌رو مه‌غۆلدا بۆ سه‌ر عیراق و دورگه‌ى عه‌ره‌بیى نوسراون. ئه‌م تاقم و گروپه‌ هاوچه‌رخانه‌ دێن ده‌ق و فتواکاى ئه‌و کاته,‌ داده‌به‌زێننه‌ سه‌ر ئه‌م سه‌رده‌مه‌ هاوچه‌رخه‌, به‌بێ ئه‌وه‌ى که‌مترین خاڵى هاوبه‌ش و کۆکه‌ره‌ له‌ نێوانیاندا هه‌بێت. بۆیه‌ تۆ ئایه‌ت و فه‌رموده‌ى بۆ دێنیته‌وه‌, ئه‌و ده‌ڵێت: (ابن تیمیه‌) واى فه‌رموو! یان له‌ (الاحکام السلگانیه‌)داو ا هاتووه‌. له‌ کاتێکدا (ابن تیمیه) که‌ باسى موبته‌دیع ده‌کات باسى ئه‌و ته‌ته‌ره‌ داگیرکه‌رانه‌ ده‌گات که‌ پاش جه‌نگه‌کان له‌ناو موسڵماناندا مانه‌وه‌و, زۆرێکیان به‌ درۆوه‌‌ ئیسلامه‌تى خۆیان ڕاگه‌یاند. به‌ڵام ئه‌م تاقمانه‌ دێن بانگخوازان و خه‌ڵکى موسوڵمانى ئه‌مڕؤ ده‌به‌نه‌ ڕیزى ئه‌وان. به‌بێ ئه‌وه‌ى ئه‌و ڕاستییه‌ ڕه‌چاو که‌ن که‌ حوکمه‌کان و فتواکان به‌ گۆڕانى شوێن و کات و حاڵه‌ت و ژینگه‌ ده‌گؤرێت, چ جاى تێپه‌ڕینى زیاتر له‌ هه‌زار ساڵ.
8- بۆیه‌ خۆزگه‌و خولیایه‌کى زانستیى به‌نده‌یه‌ که‌ هه‌ڵمه‌تێکى خاوێنکردنه‌وه‌ ده‌ستى پێ بکردایه‌ له‌ دوو جه‌مسه‌ره‌وه‌: له‌ لایه‌که‌وه‌ خورافات و ریوایاتى بێ بنه‌ماو پێچه‌وانه‌ى قورئان و ژیاننامه‌ى پێغه‌مبه‌رى ئیسلامیان تێدا بۆ هه‌میشه‌ ده‌ربهێنرایه‌. له‌ سه‌رێکى تره‌وه‌ ئه‌و فتواو بۆچونه‌ فیقهییانه‌ که‌ کاتیان به‌سه‌ر چووه‌و بۆ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ناشێن دیارى بکرانایه‌و, خه‌ڵکییان لێ ئاگادار بکرایه‌ته‌وه‌.
9- من ئه‌زانم ئه‌م بابه‌ته‌ ئاوکێشه‌و, بگره‌و به‌رده‌ى زۆریشى تێدایه‌, به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێنه‌ران لێم قبوڵ که‌ن له‌ تێزى ماسته‌ره‌که‌مدا به‌ناوى (الغلو والتطرف فی الدین) که‌مێک حه‌قم به‌م باسه‌ داوه‌, چونکه‌ جگه‌ له‌ توێژینه‌وه‌یه‌کى وردى قورئان و فه‌رموده‌و ژیاننامه‌ى پێغه‌مبه‌رى خوا, ده‌یان سه‌رچاوه‌شم بۆ موتاڵا کردووه‌.
10- به‌هه‌رحاڵ, له‌م بۆنه‌یه‌دا که‌ توندڕه‌ویى له‌ ئایندا بۆته‌ دیارده‌, به‌ پێویستم بینى که‌ ئه‌م بابه‌ته‌ بنوسم. مژده‌ به‌و به‌ڕێزانه‌ش ده‌ده‌م که‌ تامه‌زرۆى درێژه‌ى باسه‌که‌ن, که‌ ئه‌و نامه‌یه‌‌ى ماسته‌رى به‌نده‌ زیاتر له‌ ۵۰۰ لاپه‌ڕه‌یه‌و به‌ سوپاسه‌وه‌ براى به‌تواناو پارێزه‌رى سه‌رکه‌وتوو کاک (به‌کر حمه‌مه‌ صدیق) په‌رله‌مانتار خانه‌نشین, خه‌ریکى وه‌رگێڕانیه‌تى بۆ کوردیى, به‌ناوى: (توندڕه‌ویى له‌ ئایندا. هۆکاره‌کانى. نیشانه‌کانى. ڕێگاکانى چاره‌سه‌رى). هیوادارم به‌زوترین کات ته‌واوى بکات و, چاپى بکه‌ین.

http://bzavpress.com/Detail.aspx?id=12081&LinkID=15

نمایش بیشتر

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا