به شی کوردیبیروڕاکۆ مەڵایەتی کلتووری سیاسیمطالب جدید

د.عەلی قەرەداغی: لە بەرژەوەندی تورکیایە بە گفتوگۆ کێشەی لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی سوریا چارەسەربکات

د.عەلی قەرەداغی: لە بەرژەوەندی تورکیایە بە گفتوگۆ کێشەی لەگەڵ دەسەڵاتی کوردی سوریا چارەسەربکات

 

له ‌گفتوگۆیەکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا پـرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری زانایانی ئیسلامی جیهانی باس له ‌چەندین پرسی گرنگ دەکات، لەوانە ئەو ئۆپراسیۆنانەی بەناوی ئیسلام و سورەتەکانی قورئانەوە دەکرێن، هەروەها هەڵوێستیان له ‌بارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەرعەفرین.

پرۆفیسۆر عەلی قەرەداغی لە سەرەتای گفتوگۆکەدا دەڵێت ئاینی ئیسلام ئاینی ئاشتیە بۆ هەموو جیهان، هەتا ئازادی بیروباوەڕ و دینی کەسەکانی تێدا پارێزراوە و ڕێزی لێ‌گیراوە.

دەنگی ئەمەریکا لە پرۆفیسۆر عەلی قەرەداغی پرسی هەتا چەندە ڕێگە پێدراوە کە هەندێک دەوڵەت سورەتەکانی قورئان بۆ ئۆپراسیۆنەکانیان بەکاربهێنن، بۆ نمونە لە ڕابردودا سورەتی ئەنفال بۆ پرۆسەی ئەنفال بەکارهات، وە ئێستاش سەرچاوە میدیاییەکان باس لەوە دەکەن هێرشی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرین لەژێر ناوی سورەتی(فەتح)ە؟

پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی وتی “ئەوەی کە لە ڕابردوودا لە عێراق ڕوویدا شتێکی زۆر غەریب و نەگونجاو بوو چونکە ئەوەی ئەو سورەتەی بەکارهێنا ئایدۆلۆژیاکەی عیلمانی بوو زۆر دوور بوو لە ئیسلامەوە تەنانەت خۆشیان وەهایان دەوت، وە هیچ پەیوەندی بە ئیسلامەوە نەبوو چونکە کاتێک هاتنە سەر شەڕی کورد ئەو سورەتەیان بەکارهێنا، ئەوەش غەشێک بوو لە ئیسلام وە لە کورد و تەنانەت نەتەوەی عەرەبیش، ئەو ئایەتە کاتی خۆی لە کاتی جەنگی پێغەمبەر(د.خ) لەگەڵ موشریکەکان دابەزی.”

پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی وتیشی”ئێمە ئەوکاتە و ئێستاش دژی ئەوەین کە سورەت و ئایەتەکانی قورئان بۆ بەرژەوەندیەکی سیاسی یا قەومی بەکاربهێنرێت، نابێت ئیسلام بەکاربێت بۆ ئەوەی گەڵێک لە گەلێکی تری پێبدات یا حکومەتێک لە گەلێکی تری پێبدات بە ڕاستی ئەمانە هەمووی نەگونجاون.”

بۆچی هەندێک جار پاساوی لێدان لە کورد بەوە دەهێننەوە کە کورد قەومێکی جولەکەیە یا دەڵێن ئیسرائیلی دووەمە؟ پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی ئەو قسانەی بە تۆمەت ناوبرد و وتی”بەڕاستی ئەوە تۆمەتێکی ناشرینە زۆر دورە لە ڕاستیەوە چونکە گەلی کورد گەلێکی موسڵمانە، وە بۆچی ئەگەر کورد داوای مافی خۆی بکات یەکسەر دەبێتە ئیسرائیلی یەکەم یا دووەم؟ کورد و ئیسرائیل زۆر لە یەک جیاوازن جگە لەدین، ئیسرائیل زۆربەی ئەو زەویانەی هەیەتی هی خۆی نیە و دەستی بەسەردا گرتووە، بەڵام کوردستان خاکی کورد خۆیەتی هەزارەها ساڵە کورد هەر لەوێ بووە و خاکی خۆیەتی، جگە لەوەی ئەمە تۆمەتێکە لە ناوخۆ بەکاردەهێنرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوانەی ئەو تۆمەتەش دروست دەکەن زۆربەیان بۆ خۆیان پەیوەندی باشیان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە، نەک هەر وەک کوردێک بەڵکو وەک موسڵمانێک ئەوانە درۆ و بوختان و تۆمەتە.”

هەروەها وتیشی”بەداخەوە تا ئێستاش ئەمەریکا لەگەڵ کورد نیە بە ڕاستی، هەموو کات ئەمەریکا کوردی بەشووداوە، هەر لە(١٩٧۵) ئەمەریکا بوو لەگەڵ شای ئێران شۆڕشی مامۆستا بارزانیان پوچکردەوە، وە هەتا ڕۆڵی هەبوو لە بابەتی ڕیفراندۆم، هەتا ئێستاش لە سوریا ترامپ هات بە کوردی وت من هێز دروست دەکەم، بەڵام لە هەمان کاتدا هات تورکیای جوڵاند و هیچ یارمەتی کوردیشی نەدا، جا بە ڕاستی نە ئیسرائیل نە ئەمەریکا هیچیان لەگەڵ کورد نین ئەوانە تەنها لەگەڵ بەرژەوەندی خۆیانن.”

دەربارەی ڕای ئەو وەک زانایەکی ئاینی ئیسلام لەسەر هێرشکردنە سەر عەفرین لەلایەن سوپای تورکیاوە؟

پرۆفیسۆر د. عەلی قەرەداغی وتی”ئێمە بۆ ئەم بابەتە داوامان لە هەردولا کرد کە ئەم کێشەیە بەشەڕ چارەسەرناکرێت ئەمە تەنها بە گفتوگۆ چارەسەردەکرێت، ئێمە ئامادەیی خۆمان پیشاندا لەگەڵ نوێنەرانی گەلی کورد کە لەگەڵ تورکیا دابنیشن هەتا ئەو ناوچانە وێران نەکرێن، چونکە ئێستا ئەوەی کە ماوەتەوە تەنها ئەو ناوچانەیە خوا ڕەوا نادات ئەو ناوچانەش وێرانبکرێن لەبەر هەر هۆکارێک، بۆیە ئەوە بۆچونی ئێمەیە کە ئەو شەڕە بوەستێنرێت و لە هەمانکاتدا گفتوگۆ دەستپێبکات، وە هیچ ڕێگرییەکیش نیـیە، ئەگەر ژمارەیەکی زۆر لە نوێنەرانی گەلی کورد ئەگەر لە چاودێری یەکێتی جیهانی یان ئێمە بۆ ئەوەی بگەینە ئەنجامێکی باش.”

پرۆفیسۆر عەلی قەرەداغی وتیشی” لە جیاتی ئەوەی سەربازی تورک بکوژرێت یان کوڕی کورد بکوژرێت گفتوگۆی جدی بکرێت و گرەنتی بدرێت بە تورکیا کە کورد نابێتە هۆی ئەوەی زیانتان پێبگەیەنێت من لەگەڵ گفتوگۆدام نەک لەگەڵ شەڕدا.”

سەبارەت بەوەی هەتا چەند وەک یەکێتی جیهانی زانایان هەوڵی نێوەنگیرییان داوە بۆ وەستانی ئەو شەڕە؟

پـرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی ئەمینداری زانایانی ئیسلامی جیهانی وتی”بێگومان لە هەوڵداین بۆ وەستانی ئەو شەڕە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێمە هەتا ئێستاش پەیوەندیمان نیە لەگەڵ ئەو جەماعەتەی پەیەدە و ئەوانە جا کێشەکە لەوەدایە، لەگەڵ ئەوەشدا پرۆژەکە هێشتا نەچۆتە پێشەوە بەڵام هیوام وایە ئینشەڵا بچێتە پێشەوە.”

هەروەها لە بارەی وەڵامی حکومەتی تورکیا بۆ دەسپێشخەری زانایانی ئیسلامی بۆ وەستانی شەڕی عەفرین؟

ئەمینداری زانایانی ئیسلامی جیهانی وتی”تا ئێستا پرۆژەکەش نەگەیشتووە بەوان بەڵام داوادەکەین و هەوڵ دەدەین بەڵکو ئینشەڵا ئەو هەوڵەمان سەرکەوتوو بێت.”

رۆژی ڕابردوو میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە کە لە(٩٠) مزگەوتی تورکیادا نزای سەرکەوتن بۆ سوپای تورکیا لە عەفرین کراوە و بە وتەی ئیمامەکانی تورکیا شەڕەکە(جیهاد)ە، لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا ئەو شەڕە جیهادە، وە هەڵوێستی ئیسلام لەسەر نزای ئەو مزگەوتانە چیە؟

پرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی بە دەنگی ئەمەریکای وت”ئەم شەڕە بۆ هەردوولا واتە بۆ تورکەکان و کوردەکانیش شەڕێکە بۆ بەرژەوەندیە. تورکیا شەڕ دەکات بۆ بەرژەوەندی خۆی، کوردیش لەوێدا بەرگری دەکات لە نەفسی خۆی، بۆیە بەرژەوەندییەکە بۆ حکومەتی تورکیا ئەوەیە کە بە گفتوگۆ ئەم کێشەیە چارەسەر بکات چونکە ڕەنگە بە گفتوگۆ بگەنە چارەسەرێکی ئیجابی.”

یک دیدگاه

  1. علت اینک پروفسور علی قره داغی را :پـرۆفیسۆر دکتۆر عەلی قەرەداغی می نویسید چیه .لطفن راهنمایی کنید.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا