به شی کوردیمطالب جدیدناودارانی کورد

گفتوگۆیەکی فیکری و مەعنەوی لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕی ڕێزدار دکتۆر “مەحموود وەیسی” ئێـران

گفتوگۆیەکی فیکری و مەعنەوی لەگەڵ نووسەر و وەرگێڕی ڕێزدار دکتۆر “مەحموود وەیسی” ئێـران
دیمانە: عەبدووڵڵاهـ عەلیپوور

ئاماژە:

بنچینه و بناغەی زۆرێک له دژە‌نۆرم و داڕمان و ئاڵۆزی و بێ سەروبەرییەکان له گۆڕەپانی جۆراوجۆری ژیانماندا پێوەندی به لاوازی و هەژاری له لایەن ئاکار و بەها مەعنەوییەکانەوە هەیه، کە چارەسەر کردنی ئەم کۆسپ و گرفتەش تەنیا به گەڕانەوەیەکی پێداگرانە و جیددی بۆ ئەو سەرچاوە بایەخ هێنەرەی کلتوورییە کەوا گرنگترینیان قورئانی پیرۆزە، بە دەست دێت.

لەوانەیە دروشمی گەڕانەوە بۆ قورئان و ژیانێکی حزووریانە و مەعنەوی کاتێک کاریگەر بێت کە: به تێڕامانێکی قووڵ حزوزورمان هەبێت و هەوڵ بدەین پردگەلێکی زۆر لەنێوان قوڕئان و ژیاندا ساز بکەین. قوڕئانی مەزن گەلێ جار به زمانە جیاوازەکان وەرگێڕدراوەتەوە و سەرەڕای گرنگی و پێویستییەک کەوا هەیەتی نابێت له وه‌رگێڕانی قوڕئان بۆ سەر “زمانی ژیان” خافڵ بین.

جا ئەگەر بکرێ چۆنیەتی هەڵسوکەوت و ڕووبەڕوو بوونەوە لەگه‌ڵ قوڕئانی پیرۆزدا کەوا زۆرتر ڕوانگەیە‌کی فێربوون و جوانی‌ناسییانەیه ببێتە بەرەنگاربوونەوەیەکی بێ خەوش و بە تەواو مانا، به جۆرێک کە بایەخە مەعنەوی و ئەخلاقییەکانی قوڕئان، ورە و تین و ئاکار و ڕەوشتەکانمان سەر لەنوێ بڕازێنێتەوە و نیگا و بەرەبەیانمان، پاراویی ئاسمان و زوڵاڵی ئایەتەکان و تاسەباریی ژیان و تێراوی بڕفێنێت، ئەو کاتە توانیومانە قوڕئان به زمانی ژیان وەرگێڕین. سەرکەوتن بۆ دووبارە دەربڕینی قوڕئانی پیرۆز بۆ سەر زمانی ژیان له گرەوی ئەوەدایه کەوا دوور له ناکۆکی و دووبەرییەکانی ئاخاوتەیی و مێژوویی هەوڵ بۆ سڕینەوەی لێڵی و تاریکی له هەموو لایەنە جۆراوجۆرەکانی ژیانی تاک و کۆمەڵی خۆمان بدەین و بە شوێن تیشک و پرشنگێکدا بگه‌ڕێین کەوا ڕووناکی قوڕئان بە سەر هەرێمی گیان و ئاسۆکانی جیهاندا، دەدرەوشێتەوە: وەک سەیدد قوتب دەفەرموێ: ئەوکات بابەتەکە چیرۆکی ژیان نییە، بەڵکوو دەبێت بە خودی ژیان، واتە جۆرێک بە ئاگاهاتنەوە! لەڕاستیدا بیر و هزری مەعنەویەت گەوهەر و ڕوحی  قوڕئانە، هه‌ر له‌و بواره‌دا دیمانه‌یێکمان سه‌باره‌ت به‌ مەعنەویەت و ژیان لەخزمەت قوڕئان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. مامۆستا مەمحموود وەیسی پێک هێناوه‌. بە هیوای ئەوەی ژین له سێبەری قوڕئاندا، ژیان دڵخوازتر و خاوێنی و پاکی بۆنەگەل و پێوەندییەکانمان زۆرتر بکات…

پرسیار: سەرەتا حەز دەکەین کورتەیەک لەسەر ژیانی خۆتان بۆ خوێنەران و بەردەنگانی “پەیامی ڕاستی” بدوێن، قۆناغی تەمەنی منداڵی، گەنجی و خوێندنمان بۆ باس بکەن؟

بە نێوی خوای گەورە و بێهاوتا

سەرەتا دەستخۆشی و سوپاس و پێزانین بۆ ڕێکخستنی ئەم دەرفەت و وتووێژە و ماندوونەبوونی لە سەرجەم ئەندامان و بەڕێوەبەرانی گۆڤاری “پەیامی ڕاستی”، خوای گەورە سەرکەوتوو و پایەدارتان کات لەسەر خێر و بەرەکەت بخاتە قەڵەم و پێنووس و تەمەنتان لە ڕێگەی بانگەوازی دین و کۆمەڵگە.

وه‌ڵام: لە ساڵی ١٣۴٢ی هەتاوی لە شاری کرماشان لەدایک بووم و قۆناغی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندیم له‌وێ تێپەڕ کرد و هەر لەوێش بڕوانامەی دیپڵۆمی بیرکاریم بە پلەیەکی باش وەرگرت.

دواتر بە پێی هۆگری و گیرۆدەیی بە حوجرە و وانەی دینی چوومە حوجرە. بەهۆی ئەوەیکە پێشتر تا ڕادەیەک شارەزا بووم بەسەر “سەرف و نەحو و…”دا، زۆر زوو توانیم قۆناغەکانی سەرەتایی تێپەڕێنم.

دواتر بۆ درێژەپێدان بە خوێندن و وەرگرتنی زانست و زانیاری زیاتر، هەر وەک داب و نەریتی ئەو سەردەمەی حوجرە، سەردانی شار و شارۆچکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانم کرد و لە خزمەت زانایانی ناوداری وەک:

خواڵێخۆشبوو حاجی مامۆستا موحەممەد ئیمامی و مامۆستا عەبدوڵقادری فائیز بەهرە و توێشوویەکی باشم کۆ کردەوە. هەڵبەت هاورێ لەگەڵ ئەوەدا پێوەندی زۆرم بووە لە خزمەت خواڵێخۆشبوو حاجی مامۆستا موحەممەدی بەردەڕەشی و لەبواری ڕوحی و مەعنەوی و ئەخلاقی کاریگەری زۆری بووە لەسەر من. لە ماوەی خوێندنی زانستی ئایینی بۆ ماوەیەکی باش لە خزمەت مامۆستای شەهید مامۆستا ناسر سوبحانیدا فێری تەفسیر و فیقهـ و… بووم و هاوکات لەگەڵ ئەوە لە بواره‌کانی ڕەوشت و تەقوا و جوامێری و زانستی جۆراوجۆر لە خزمەت بەڕێز مامۆستا ناسردا فێری وانەی گرینگ بووم.

لە کۆتاییدا لە ساڵی ١٣۶٧ له‌ خزمەت حاجی مامۆستا ئیمامی لە شاری سەقز توانیم خوێندنی فەقێیەتی کۆتایی پێ بێنم و گەڕامەوە شاری پاوە و گوندی خانەگا “خانقا ” و له‌ حوجرەی علوومی دینی خەریکی وتنەوەی وانەی فەقێیەتی بووم و لەو ماوەیەدا فەقێی زۆر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دەرەوەی کوردستان دەهاتن بۆ ئاوایی خانەقا… دواجار لە ساڵی ١٣۶٩ لە خزمەت مامۆستا زاهید زیایی هەر لە شاری پاو بە شێوەی ڕەسمی ئیجازەنامە و بڕوانامەی زانستیم وەرگرتووە.

لە ڕاستیدا من وێڕای وتنەوەی وانە لە حوجرە، لە زانکۆ و زانستگاش خەریکی درێژەپێدان بە خوێندن بووم و لە ساڵی ١٣٧۴ لە ئەدەبیاتی فارسی بڕوانامەی “کارناسی”م بە پلەیەکی باش وەرگرت و دواتر لە ساڵی ١٣٧۶ دەرچووم بۆ زانکۆی تاران بۆ فیقهی شافیعی و لە ساڵی ١٣٧٩ بڕوانامەی “مەستەرم” وەرگرت و هاوڕێ لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام لە خانقای پاوە خەریکی وتنەوەی وانە بووم و زۆر جار نزیک بە “۴٠” فەقێی دەبوون، لەگەڵ هەبوونی گرفت و کێشەیەی زۆر، بەڵام لەو ئەرکە هەستم بە ماندووبوونی نەدەکرد و شوکر بۆ خوا ئێستا بەشێکی زۆر لەو دۆستانە خەریکی ئەرکی مامۆستایی و بانگخوازین. دواتر لە ساڵی( ١٣٨۵ ) دەرچووم بۆ دکتۆڕا لە زانکۆیه‌کی وڵاتی “سوودان” دوای ماوەیەک مانەوە له‌ سوودان توانیم زانستی (فقە مقارن) یا وەک زاراوەی ئێستای ئێران بڵێن (فقە تطبیقی) به‌باشی تەواو بکەم و دوای وەرگرتنی بڕوانامەی دکتۆڕا گەڕامەوە ئێران. دواجار بەپێی پێشنیار و داوای دۆستان مەدرەسەی “خانەقا”م جێ هێشت و چوومە تاران. بەپێی ئەو پێوەندییەی کە پێشتر هەمبوو لەگەڵ زانستگا و زانکۆی ئیلاهیات و زانکۆی مەزاهیبی ئیسلامی، خەریکی وتنەوەی وانه بووم و تا ئێستا هەر لە تاران نیشتەجێم.

پرسیار: دوور و نزیک دکتۆر مەحموود وەیسی وەک نووسەر و وەرگێڕ دەناسن، تکایە بفەرموون چۆن ئەم ڕێگایەتان تاقی کردەوە؟ بفەرموون تا ئێستا چەند کتێبی بەرێزتان چاپ و بڵاو بوونەتەوە؟

وه‌ڵام: له‌ڕاستیدا دوای ئەوە ماوەی (١۴) ساڵ لە حوجرەی گوندی خانەقا لە خزمەتی فەقێ و دۆستانی‌تر کۆمەڵێک وانەی فێرکاری و زانستی تەفسیری قوڕئانی پیرۆزمان بە بەردەوامی هەبوو، کە کۆی وانەوتنەوەی تەفسیری ئەو چەند ساڵەش نزیک بە (٢٠) جزووە لە قوڕئانی پیرۆز بوو کە ئێستا بە شێوەی دەنگ لە چوارچێوەی کاسێت بوونی هەیە و دواتر کە چوومە تاران دووبارە ئەو کارەم لەوێش دەست پێ کردەوە. بەردەوامی من لەسەر وتنەوەی تەفسیری قوڕئان، بوو بە هۆکاری ئەوەی کە تەفسیری جوزئی (٢٩ و ٣٠) چاپ و بڵاوبکرێتەوە، هەڵبەت لە جوزئی سی ڕاڤه‌ی سووڕەتی “حه‌مد”م پێوە زیاد کردووە.

کۆی ئەو کتێبانەی من کە وەک وەرگێڕان و نووسین چاپ و بڵاو کراونەتەوە، بریتین لە:

۱- تفسیر جزء سی‌ام به انضمام سوره‌ی حمد

۲ ــ تفسیر جزء ۲۹ بیست نهم

۳- حیات پس از مرگ

۴- الأخلاق فی (فی ظلال القرآن) عربی

۵- شرح اربعین نووی

۶ـ فرازهایی از زندگی صالحان

۷- اصول اساسی در فهم قرآن، نوشته‌ی امام ابوالأعلی

مودودی (ترجمه فارسی)

٨- بوستان اهل دل

۹- گلچین غزلیات منسوب به امام عبدالقادر گیلانی -رحمه‌ الله‌ـ

بەرهەمی بڵاونەکراوە و ئامادەی چاپ و بڵاوکرانەوە بریتین لە:

۱-تفسیر سوره‌ی نحل

۲-قصص قرآن

۳-تفسیر آیات احکام

۴-قواعد فقه.

پرسیار: ئاراستە و کارکردنتان لەسەر قوڕئان چ وەک بانگخواز، چ وەک نووسەر و وەرگێڕ بۆ هەموو لایەک ئاشکرا و ڕوونە؛ ژیان لەژێر سایەی قوڕئان چی پێ بەخشیوی؟ قوڕئان بۆ کوێت دەبات، ئایا دەتباتە ئەو شوێنەی کە دەتەوێ؟

وڵام: لە یەک ڕەستەدا دەتوانم بڵێم کە: ژیان لە خزمەت قوڕئان، متمانە و ئارامی و ئاسوودەیی و ئۆقرەیی ڕوح و ڕەوان و بیر و هزری پێ بەخشیووم، تاکوو بتوانم باشتر لە هەموو کات و ساتەکانی شەو ڕۆژ لە ژیانی خۆم کەڵک وەرگرم و هیچ چرکە و خولەکێک لە ژیانی خۆم بێ کەڵک و سوود وەرگرتن و بێ مەبەست تێ نەپەڕێ. بێگومان هاوڕێیەتی لەخزمەت قوڕئان بەرەو ئەو ئاراستەیەم دەبا کە ڕەزامەندی خوای گەورە و پێغەمبەری ئازیزە؛ گەیشتن بەو ڕاستییە بە توێژینەوە و بیرکردنەوە لە قوڕئان و فەرموودە دانسقەکانی پێغەمبەر تێگەیشتووم کە ئەویش بەرەو ئەو ئامانج و ئاواتە کە بەختەوەری و ئاسوودەییە دەمانگەیێنێ لە دونیا و دواڕۆژ. هەر وەک شاعیرێکی فارس سەنایی غەزنەوەی دەڵێ: «عروس حضرت قرآن نقاب آنگە براندازد کە دارالملک ایمان را مجرد بیند از غوغا» و سەید دەفەرموێ: «ان هذالقران یعطیک بقدرما تعطیه» ئەم قوڕئانە بە ئەندازەیەک کە تۆ خۆتی پێشکەش کەی، لە بەرامبەردا ئەو خێر و بەرەکەتت پێ دەبەخشێ. گەر ورد بینەوە لە هۆنراوەی ئەو شاعیرە بەڕێزە کە لای هەموو کەس ناسراوە، لە ڕاستیدا لێکچوون و شوبهاندنێکی جوانی قوڕئان دەکا بە بوک؛ واتە بوکێک کە زۆر جوان و خاوەنی جەماڵ و جوامێری و پڕیەتی لە شەرم و حەیا و لە هەقیقەتدا تەنها خۆی نیشانی ئەو کەسانە دەدا کە مەحرەم و ڕازپارێزی ئەوە. کاتێک قۆناغی مەحرەمی و ڕازداری لەنێوان مرۆڤ و قوڕئان دروست بوو و مرۆڤ گەیشتە ئەو سنوورە، ئەو کات قوڕئان ئەو ڕەحمەت و بەرەکەتە بە مرۆڤ دەبەخشێ و دەری دەخا، کەوابێ مرۆڤ خۆی دەبێ تێبکۆشێ تا بگاتە ئەم ئاستە کە قوڕئان دڵۆڤانی خۆی پێ ببەخشێت.

پرسیار: ئەمڕۆ ژیانی مرۆڤەکان بە گشتی پڕە لە کێشە و ترس و دڵەڕاوکێ، بەڕای بەڕێزتان ژیان لەگەڵ قوڕئان تا چ ئاستێکی ئەم بەشەی ژیانی مرۆڤەکان چارەسەر دەکات؟ ئایا قوڕئانی پیرۆز دەتوانێ ئەو بۆشاییە ناخهەژێنەی ڕوحی و مەعنەوی مرۆڤەکان پڕ کاتەوە؟

وه‌ڵام: بەنیسبەت ئەم پرسیارە گرینگ و هەستیارە، بە بۆچوونی من قوڕئان وەک پێغەمبەری ئازیز ئاماژەی پێداوە دەکرێ بڵێین: سفرە و خوانێکی پەروەردگارە کە بەسەر زەویدا ڕاخڕاوە، هەر کەسێک دەتوانێ لەم سفرە و خوانە بە پێی پێویستی دڵ و ڕوح و جەستەی داخوازی خۆی لێی هەڵبگرێ و بە دەستی خاڵی هەڵناستێ و بێگومان دەتوانێ زۆرێک لەو کێشە و گرفتە ڕوحی و مەعنەوییەی کە مرۆڤ پێوە هەراسانە چارەسەری بکا، بەڵام دانیشتن و کەڵک‌وەرگرتن لەم سفرە و خوانە کۆمەڵێک گریمانەی تایبەت بە خۆی هەیە کە ئەویش لە وه‌ڵامی پێشوو کەمێ ئاماژەم پێ کرد، واتە ئەم قوڕئانە کاتێ جوانی و دڵۆڤانی و ڕەحمەتی خۆی دەردەخا بۆ بەردەنگانی خۆی کە لەسەر سفرەی: (دارالملک ایمان را مجرد بیند از غوغا)، واتە دڵ و قەلب و دەروونی پاک و بێگەرد بێ لە هەر قڕەقڕ و کێشە و هاڵۆزی کە فیتنە و ئاژاوە دروست دەکا. لەڕاستیدا مرۆڤ دەبێ بۆ گەیشتن بەو قۆناغە خۆی ماندوو بکا تا لە ڕەحمەت و بەرەکەتی قوڕئانی بەرکەوێ، چونکە گەیشتن بەو قۆناغە بێ ئەوەی زەحمەت و ماندوویەتی تێدابێ، بێگومان ڕێگەکە ڕێگەیەکی دروست و تەواو نییە. ئەگەر چی ئەم ڕێگەیە کات و زەمەنی زۆری دەوێ و بە جۆرێک زەمانبەرە و دەخایەنێ، بەڵام کاتەکە ئەوەندە شەکەتکەر و قورس نییە کە مرۆڤ تێیدا بێ‌توانا و دەستەوەستان بمێنێتەوە، بەڵکوو دەتوانێ وێڕای تێپەڕبوونی کات خۆی زیاتر هەڵکێشێ و ئاستی ڕوحی خۆی بەرز کاتەوە، بەڵام وەکوو گریمانەی یەکەم دەبێ لە کات و ساتەکانی شەو و ڕۆژ کەڵک وەرگرێ، بەتایبەت کە ئێستا وەرزی زستانە و کاتێکی گونجاوە بۆ گەیشتن بە ئامانج و مەبەستەکان، چونکە خەڵوەت و سەحەرخیزی لەو شەو و ڕۆژە بەنرخ و بەهادارانەدا مەعنەوییەتی مرۆڤ بەرز دەکاتەوە و مرۆڤ پەروەردە دەکا و دەیباتە ئەو قۆناغە کە هەرچی پیسی و چەپەڵی کە لەسەر دڵی کۆبۆتەوە ڕایماڵێ، هەر وەک مامۆستا شەمس دەفەرموێ: (عاشقی کوڵمی بە ڕەنگی ئەشقی چاوی سووڕ نەبێ ڕۆژ نەسووتێ شەو نەناڵێ تا سەحەر من نامهەوێ، یا ڕۆژ نە ناڵێ و شەو نەسووتێ تا سەحەر من نامهەوێ، شۆڕی فغان و گرینت گەر نەبێ نابێ سەمەر، مەزرەعەی ئەعماڵی تۆ بێ ڕەعد و باران ناکرێ).

ئیستفادە و کەڵکوەرگرتن لە خەڵوەتی ئەو شەوانە وەک دەرفەتێک دەبێ سوودی لێوەرگرین بۆ ئەوەی بەهرەیەکی باشی لێ بکەوێتەوە لە پێوەندی و تێکەڵبوون و ژیان لەگەڵ قوڕئان بە جۆرێک هیچ لەحزەیەک نەبێ لە ژیانمان بەبێ هاوڕێیەتی لەگەڵ قوڕئان و بەردەوام بە شەو ڕۆژ ژیانێکی حزووریانەمان لەخزمەتیدا هەبێ؛ هەر وەک حافز ڕەحمەتی خوای لەسەر بێ دەفەرموێ: (دلا بسوز کە سوز تو کارها کند نیاز نیمە شبی دفع صد بلا کند)، لەڕاستیدا سووتیان لە دڵی شەودا و دەربڕینی ئێش و ڕاز و نیاز و ڵاڵانەوە و پارانەوە لە خەڵوەتی سەحەردا ئەویش لەگەڵ یاری حەقیقی دەبێتە هۆکاری دوورخستنەوەی بەڵا و خەفەتی دڵ، بۆ نموونە ئەو کێشە ناخهەژێنەی ئێستا کە خەڵک بە دەستیەوە ماندووە وەک: دڵەڕاوکێ و بێ‌هیوایی و خەفەت و داڕمانی مەعنەویەت و زۆرشتی‌تر…بێگومان دەتوانین بڵێن کە: مەعنەویەت و ڕوحانییەتی قوڕئان جۆرێک هەناسەدانی مرۆڤە، هەر وەک چۆن مرۆڤ بۆ زیندوومانەوەی حەیاتی جسمی پێویستی بە نەفەس کێشان و کەڵک وەرگرتن لە” ئوکسیژن  ” هەیە، بۆ حەیاتی ڕوحی پێویستی بە نەفەس کێشان هەیە، واتە ئەوەی کە بتوانێ لەبواری ڕوحی نەفەس بکێشێ لەڕاستیدا ئاستی مەعنەوی بەهێز دەبێ. ئەو ئوکسێژێنەی کە ئێمە بۆ ڕوح و جەستە دەبێ کەڵک و سوودی لێوەربگرین فەزای قوڕئانی و دانیشتن و تێکەڵ بوون و هاورێیەتی لە خزمەت قوڕئاندا، بەرهەمی ئەم هاوڕێیەتییە، کەش و هەوایەک دروست دەکا کە ڕوحی ئێمە بە ئاسوودەیی نەفەس بکێشێ، ئەو کات کە ڕوحی مرۆڤ هەستی بە ئارامی ده‌کرد، بێگومان مرۆڤ بە ئاسانی دەتوانێ هاوڕێ لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی کەڵک و سوودی هەبێ بۆ دەورووبەری خۆی، هەر وەک عەللامە ئیقباڵی لاهووری دەڵێ: (بسوزد مٶمن از سوز وجودش گشود هرچە بستند از گشودش) کاتێ بڕوادار بوو بە ساحیبی سکاڵای دەروونی وجودی دوو خێری دەست دەکەوێ، نەک هەر کێشەی خۆی، بەڵکوو هەرچی گرێی خەڵکیش هەیە چارەسەری دەکا. هەڵبەت ئەو بابەتە قسە زۆر هەڵدەگرێ، واتە بابەتی مەعنەوییەتی قوڕئان، بەهۆی ئەوەی من لە تاران نیشتەجێم بۆ دۆستانی‌تر قسەم زۆر کردووە و بۆ ئەوە ئێوە دۆستان و خوێنەرانی پەیامی ڕاستی ماندوو نەکەم کۆتایی بە ئەم باسە دێنم.

پرسیار: مامۆستای هێژا، بەڕێزتان ماوەیەک لە حوجرە خەریکی وتنەوەی زانستی شەرعی بوون و لە حوجرە ژیانت بەسەر بردووە، هەرچەند ئێستا بەڕێزتان مامۆستای وانەوتنەوەی زانکۆی لە تاران، بە کورتی بفەرموون جیاوازی پەروەردەی مەعنەوەی ئەم دوو قۆناغە لەچیدا دەبینن؟

وه‌ڵام: لە وه‌ڵامی ئەو پرسیارەدا دەمهەوێ بەپێی ئەزموونێک کە (١۴) ساڵ بێ وچان و ماندووبوون لە حوجرە، واتە هاوڕێیەتی بەشێکی زۆر لە دۆستان و فەقێیەکانی ناوخۆی وڵات و دەرەوەی وڵات کە تەمەنی مناڵی و گەنجی کە قۆناغی گوڕ و هێز و وزەی جەستەیی من واتە دەورانی “قوت” «اللَّهُ الَّذِی خَلَقَکُمْ مِنْ ضَعْفٍ» بوو تێپەرم کرد: «ثُمَّ جَعَلَ مِنْ بَعْدِ ضَعْفٍ قُوَّهً» قۆناغی پێگەیشتنی من هاوڕێ لەگەڵ بوونم لە حوجرە «ثُمَّ جَعَلَ مِنْ بَعْدِ قُوَّهٍ ضَعْفًا وَشَیْبَهً» کە دواتر لە تەمەنی (۴٠) ساڵی کە بەرەو تاران چووم، واتە قۆناغی پێگەیشتن و وردبوونەوە کە خۆی قۆناغێکی هەستیار و گرینگ بووە کە ئەویش ماوەی(١٨) ساڵ کە خۆی ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی زانکۆ و گەشت و گەڕان بۆ وڵاتە جۆراوجۆرەکان کە کۆم کردۆتەوە لەگەڵ دۆستان و هاوڕێیان دەیخەمە ڕوو، هیوادارم بتوانم ئەمەی کە کۆم کردۆتەوە کەڵک و سوودی هەبێ بۆ خوێنەر. بێگومان ئەو دڵخوازی و ئاسوودەیی ڕوحی و مەعنەوییەی کە لە حوجرەدا بەدواداچوونی بۆ دەکرێ زۆر جیاوازە لەو دڵخوازی و ئەو شوێنکەوتنەی کە لە زانکۆ بوونی هەیە، بەتایبەت ئەو مەعنەوییەت و دڵپاکی و ڕاستگۆیی و هەرچی ڕەوشتی بەرز و جوامێری کە مرۆڤ دەیهەوێ لە خۆیدا دەنگ و ڕەنگی پێ‌بدا، جەمسەر و جێگەی گەشەکردنی حوجرەیە نەک زانکۆ و زانستگا. لەڕاستید زانکۆ کۆمەڵێک تایبەتمەندی خۆی هەیە کە ناکرێ لەبەرچاو نەگیرێ کە ئەویش مرۆڤ بەهۆی تێکەڵبوونی لەگەڵ کۆمەڵگەیەکی جیاواز و دونیایەکی فراوانتر کە ئەمە خۆی دەکرێ ئەزموونێکی باش لەبواری کۆمەڵایەتی و… کۆ بکرێتەوە کە لەوانەیە لە حوجرە نەکرێ دەستی کەوێ. بە بڕوای من هەردووک پێویستن و دەتوانن وەک دوو باڵ بن بۆ یەکتری، بەڵام باڵێک زۆر پتەوتر و بەهێزترە کە ئەویش باڵی حوجرەیە؛ ئەگەر مرۆڤ بتوانێ لە کەش و هەوای حوجرە کەڵک و سوود وەرگرێ دەتوانێ تا کۆتایی ژیانی لەو پاشکەوتی کە کۆی کردۆتەوە کەڵک وەرگرێ.

واتە ئەو تێفکرین و ڕامان و وردبوونەوەی تەنانەت لەبواری وتنەوە بۆ خوێندکار کە لە کەش و هەوای حوجرەدا بوونی هەیە لە فەزای زانکۆدا بوونی نییە، بارودۆخی زانکۆ بە جۆرێکە کە لەبواری پێوەندی تاک و کۆمەڵ و فکری و زانستی و بابەتگەڵێکی‌تر پانتاییەک و پێشکەوتنی زۆری پێوە دیارە، بەڵام لەحاند مەعنەوییەت و ڕوحانییەتەوە ناتوانێ ئەو بۆشاییە پڕکاتەوە و ڕەنگە مرۆڤ بە پێچەوانە تووشی داڕمانی مەعنەوییەت بێ، چونکە کەش و هەوای زانکۆ کەش و هەوای مەعنەوییەت نییە کەچی فەزای حوجرە فەزایەکی مەعنەوییە.  بە بۆچوونی من یەکێک لە ڕێگەکانی گەیشتن بەو قۆناغە گرنگ و هەستیارە، واتە وەدەستخستنی ترۆپکی مەعنەوییەت کەش و هەوا و فەزا و شوێنی نیشتەجێی بوونی مرۆڤە و فەزا دەتوانێ مرۆڤ پەروەردە بکا، تەنانەت جوانتر لەهەر فێرکار و ڕاهێنەرێکی لێهاتووش. لە ڕاستیدا ئەو کەش و هەوایەی کە مرۆڤ لەناویدا بوونی هەیە ئەگەر فەزایەکی سالم بێ، بێگومان مرۆڤ پەروەردەیەکی جوانی دەبێ. ئەگەرچی مەعنەوبیەت بە جۆرێک لە حوجرە باشتر خۆی دەنوێنێ، هەڵبەت ئەویش ئەگەر ڕه‌چاوی هێندێک شتی تێدا بکرێ، نەک مەبەست لە بوونی حوجرە تەنیا وتنەوەی وانە بە قوتابیی بێت، بەڵکوو حوجرەیەک بەتەواوی مانا حوجرە بێ کە دووربێ لە هەموو ڕەوشتێکی قێزەوەن و ناشیرین و دەرگاکانی مەعنەوییەت کراوە بێ و بتوانێ لە بواری جواروجۆری کەسایەتی خۆی بەهێز بکات. کۆتا قسەم: ئێمە دەتوانین لەهەر شوێن و جێگەیەک ژیان تێپەڕێنین دەتوانین کەش و هەوایەکی وەک حوجرە بۆ خۆمان ڕێک بخەین تا بتوانین  ئاسوودەیی و معنەوییەت و ڕوحانییەتی قوڕئان کە لە شوێنی‌ تر دەستمان ناکەوێ بۆخۆمانی مسۆگەر کەین.

پرسیار: لە ژیانی خۆتاندا چ کەسانێک کاریگەری دەروونی و مەعنەوی هه‌بووه‌؟

وه‌ڵام: لەڕستیدا حەیات و ژیانی من هەر لەسەرەتای مناڵی تا ئێستا پڕ بووە لە کوێرەوەری و مەینەت و کەموکوڕی ئابووری و تەنانەت کوێرەوەری لە ڕۆژانی خوێندنی وانەی علوومی دینی و ئاکادیمی، بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەوانە من کەڵک و سوودم وەرگرتووە بۆ پەروەردەکردن و ڕاهێنانی ڕوح و جەستەی خۆم و ڕێگەم نەداوە ببنە بەربەست بۆ گیان و ژیانی خۆم، دیارە ئەمە ژیانە و ژیانیش پڕیەتی لەو کۆسپ و ئازارانە کە مرۆڤ دەبێ بە باشی هەوڵ بدات و تێیدا سەرکەوێ. بەڵام دەکرێ ئاماژە بە چەند نەفەر بکەم کە کاریگەری و سوودیان هەبووە بۆ نموونە:

یەکەم ــــ بەڕێز مامۆستا شێخ عەبدولعەزیز حوسێینی (لە سەردەمی دەسەڵاتی شای ئێران) ئیمام و پێشنوێژی شاری قەسری شیرین بوو و بەڵام نیشتەجێی شاری کرمانشان بوو و ماوەیەک لەسەر دەمی خوێندنی وانەی ئاکادیمی من، وانەی سەرف و نەحو و… لە خزمەتی بەرێزیان خوێند و بەڕاستی کاریگەری جوامێری و ڕەوشت‌بەرزی هەبووە لەسەر من.

دووەم ـــ بەرێز خواڵێخۆشبوو مامۆستا موحەممەد ڕەبیعی، ئەگەر چی من لە خزمەتی دەرفەتی خوێندنم نەبوو، بەڵام دانیشتن و هەستان لە کۆڕی ئەم مەزنە پیاوە کاریگەری ڕوحی و دینداری و بوێری و جوامێری و خاکیبوون هه‌بووه‌ لەسەر قۆناغەکانی ژیانمدا.

سێهەم ـــ لە خزمەت مامۆستا ناسری سوبحانی، بۆ ماوەیەک خەریکی خوێندنی تەفسیری قوڕئان، بەڵاغەتی قوڕئان و… بووم، هاوڕێ لەگەڵ ئەوەدا لەبواری ڕوحی و مەعنەوی سوودی زۆرم وەرگرت، بۆ نموونە بە شێوەی کرداری و عەمەلی، تام و چێژی تایبەتم لە شەونوێژ و تێکەڵاوی و ژیانێکی حزووریانەی لەگەڵ قوڕئانی ئەو مەزنە پیاوە وەرگرتووە و بێگومان دەتوانم بڵێم کە: ئەو تام و چێژ و لەززەتی چێژوەرگرتنی شەونوێژ و تێکەڵاوی لەگەڵ قوڕئان و ژیانی حزووریانەی لە خزمەت قوڕئانی مامۆستای شەهید تا ئێستاش لەبواری مەعنەوەی و ڕوحی کاریگەری هەیە لەسەر من و گرینگترین بەشێک کە لە مامۆستای سوبحانی فێر بووم ئەوە بوو (  کیف نفهم القران ) کە ئێستاش هەر بەو شێوازە لەخزمەت قوڕئان دادەنیشم.

چوارەم ــ بەرێز مامۆستا سەلاحەددین بەهائەددین، کە بەڕاستی لە خزمەتی بەڕێزیان فێری تەقوا و حیکمەتی کردەوەیی بووم و زۆرێک لەو مامۆستا بەڕێزانەی کە ئێستا کاتی ئەوە نییە ناوی هەموویان بەرم و تەنیا دوعای خێریان بۆ دەکەم کە لەسەر سفرەی ڕەوشت بەرزی ئەوان فێری وانەی ژیان بووم.

سەرچاوە: گۆڤاری پەیامی ڕاستی

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا