ئه‌ی ئێمه‌ش بۆ نه‌گه‌ڕێنه‌وه
ئه‌ی ئێمه‌ش بۆ نه‌گه‌ڕێنه‌وه بو نیشتمانی خۆمان
نوسینی: سه‌ردار شه‌مامی
گۆشه نیگایه‌ک بۆ چیڕۆکی گه‌ڕانه‌وی زمناکۆ هه‌ڵه‌بجه‌یی
کاتێک ڕوانیم، وردبوومه‌وه، سرنجم دا له بارودۆخی وڵاته‌که‌م، چیا‌و نزاره‌که‌م، له تێکه‌ڵاوی کهسو کاره‌که‌م، بینیم واتا‌و وشه‌و هه‌ست و نه‌ست و قسه‌و باسی ده‌ورو به‌رم، ده‌چپێنن به گوێچکه‌مدا، به ناخی دڵمدا، به هه‌ست و ویژدانمدا، که تۆ خه‌ڵکی ئه‌م شاره نیت، له ڕه‌گه‌زی ئه‌م وه‌چه نیت، کوڕی ئه‌م خاک‌و زێده نیت، له‌م دایک‌و نیشتمانه نیت و بۆ ئه‌م وڵاته خزم نیت، به‌ڵام هه‌ی داخی گرانم وه‌ها فریو درابووم، وه‌ها خافڵێندراو سهرلێسهندراو بووم، که نهپڕژام بۆ دۆزینوه‌ی خۆم تێبکۆشم، هه‌وڵ بده‌م و ته‌قه‌للای خۆم وه‌گه‌ڕ بێنم، نه‌پڕژامه سه‌ر ئه‌وه‌ی بڕوانمه خۆم که ئه‌من کێم و له چ تاقمێکم و له چ هۆزێکم؟ ون بووی چ شارێکم؟ جگه‌رگۆشه‌ی چ دایکێکم؟ ده‌رکراوی چ نیشتمانێکم و چ خاک و زێدێک منی هێنایه ڕووپه‌ڕی دنیایه‌وه؟
بیست و چه‌ند ساڵه له هه‌ڕاج خانه‌ی بێگاناندا بێناسنامهو بێ پێناسه ڕادهبورێم، گه‌ڵای عومرم هه‌ڵده‌وه‌رێنم، زمانی زگماکی خۆم له بیر ده‌که‌م و ڕێزمانی بێگانه‌کان «دنبال» ده‌که‌م.
بیست و یه‌ک ساڵه دایکی دڵ هه‌ڵقرچاو و نیشتمانی ده‌رمان لێڕژاوم جێ هێشتوه‌و پێوندیم له‌گه‌ڵدا پچراندوون و به مێشکمدا نهگوزراون! ئاخر چیبکه‌م زۆر شت ده‌وریان ته‌نی بووم، خۆیان بۆ ڕازاندبوومهوه و منیان فریو دابوو؛ ڕاسته که زۆر جار پێیان ده‌گوتم: عه‌لی هه‌ڵه‌بجه‌یی! به‌ڵام وه‌ها تامه‌زرۆی خۆیان کردبووم که لام وابوو هه‌ر ئه‌وه‌م که هه‌موو هه‌رگیز گومبووی هه‌ڵه‌بجه نیم.
به‌ڵێ ئه‌مه چیڕۆکی ئه‌و لاوه نه‌ونه‌مامه بوو که پاش بیست و یه‌ک ساڵ گه‌ڕایه‌و ئامێزی دایکی دڵههڵقرچاو و نیشتمانی خاپوور کراوی، له کاتێکدا که به زمان‌و به هه‌ست و سۆزێکی دیه‌وه خۆی له نێوان خزمانیدا ده‌بینیه‌وه.
ئه‌مه چیڕۆکی زمناکۆ بوو که لام وابێت ئه‌م چیڕۆکه ته‌نیا شایانی باڵای زمناکۆ نییه‌ی و به باڵای هه‌موو لایه‌کمان درواوه.
سه‌رنج بده‌ن: ئه‌گه‌ر سه‌ددامی فاشیست به هێزی شیمیایی زمناکۆی شاربه‌ده‌ر کرد و له ئامێزی دایک‌و نیشتمانه‌که‌ی بڕی و دایه ده‌ست بێگانه‌کان تاوه‌کوو ناوی عه‌لی به سه‌ردا بسه‌پێنێت و ڕێزمانی زگماکی لێ ون بکات، ئاوا شه‌یتانی غهدداریش بۆ شاربه‌ده‌ر کردنی ئێمه، بۆ قه‌ڵاچۆو خاپور کردنی به‌هه‌شتمان، نیشتمانمان، ئاینمان، فیتره‌ت و سروشتی خۆرسکمان، زۆرێک له داوو ده‌رمانه‌کانی خستوه‌ته گه‌ڕ که کانیاوی مه‌عریفه و زانست، سه‌رچاوه‌ی ئایین و دین، خوا‌و بهرنامهکهیمان لا دڕدۆنگ بکه‌ن و به چاوی سوکه‌وه سه‌یری به‌هه‌شته‌که‌ی، په‌یامه‌که‌ی، قوڕئانه‌که‌ی، فه‌رموده و واتا به‌نرخه‌کانی بکه‌ین.
به‌ڵێ شه‌یتان له نیشتمانی ئاین دۆستی ئاواره‌ی کردین و ڕه‌وانه‌ی شاری ڕازاوه‌ی دراو خۆشه‌ویستی و دنیاداری کردین، وای لێ کردین که خۆشه‌ویستی قوڕئان و ئاینمان، خاک و زێدمان، دایک و بابمان و هاوسێ و گه‌لمان له‌لا سوک بێت و هه‌موویان له هه‌ڕاجخانه‌ی شاری ڕازاوی پووڵدا بفرۆشین.
ڕاستی کاکه، خوشکێ، برا! وه‌ته‌نی مه که‌ی وه‌هایه؟ که هه‌ژار له نێوانمان سووک و بێمانایه؛ ناحه‌زه، بێڕێزه، نه‌زانه، جێگه‌ی نییه لای هیچ یه‌ک له‌و خزمانه.
وه‌ته‌نی مه وه‌ها نه‌بوو، هاوسێ ئامانی له‌لای هاوسێ هه‌بوو؛ گفت‌و لفتیان وه‌کو یه‌ک بوو، دڵخۆشییان له‌لای یه‌ک بوو و ناخۆشیشیان هه‌ر وه‌کو یه‌ک بوو.
وه‌ته‌نی مه ڕازاوه بوو، دوور له تاوان، دوور له هه‌ڵه، دوور له درۆ، دوور له ئاکار و خوخده‌ی قیزه‌ون بوو؛ ئه‌وه‌ی ڕه‌وشت و ئاکاری ناحه‌ز و چرچ و له‌وێچ بێ، ئه‌وه‌ی بۆنی ناخۆش و دیمه‌نی ناپه‌سه‌ندو ده‌نگی زڕاو بێ، له‌وێ هه‌ر ناوی نه‌بوو، باوی نه‌بوو، جێگه‌ی به قه‌د مسقاڵێکیش نه‌بوو.
ئیستێ زانیت ئه‌وێ کوێ بوو؟ ئه‌وێ که وه‌ته‌نی من، تۆ، ئه‌م، ئه‌و، هه‌موو هه‌ر له‌وێ بوو؟
به‌ڵێ وایه ڕاستت زانی وه‌ته‌نی ڕاسته‌قینه‌ی مه هه‌ر ئه‌و جێیه بوو که باوک و دایکی هه‌موومانی لێ‌بوو. یانی ئه‌و جێ که هه‌ر چه‌ندێک زۆرتر گوناح بکه‌ی، زیاتر له‌وێ وه‌ده‌ر دهنرێی، به‌ڵام به پێچه‌وانه‌یش هه‌ر چه‌ندێک باشتر، به ڕووی خۆش و دیمه‌نی چاکتر چاکان بکه‌ی، له‌گه‌ڵ خاسان خۆت ڕێک بخه‌ی، زووتر به وه‌ته‌ن ده‌گه‌ی، له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی یاران شادی و خۆشی ساز ده‌که‌ی.
هه‌ر بۆیه‌ش که پێغه‌مبه‌ر، درودی خودای له‌سه‌ر، فه‌رمووی پێمان: ئاگا‌و له خۆ بێ ئامان و هه‌زار ئامان، دنیا و کاروباری نه‌ت خافڵێنن، شتت به درۆ بۆ نهڕازێنن، له ڕاسته ڕێ نهتترازێنن، نیشتمانی خۆشه‌ویستت لێنهسێنن و به‌ره‌و دۆزه‌خی بێ بنه‌وان نهتڕهتێنن. فه‌رمووی پێمان: له دنیادا، له کار‌و باری ڕۆژانه‌تدا، له هه‌ڵسوو که‌وتی ناو خزمانتدا وا بزانه، غه‌ریبه‌یت و له شاری بێگاناندا ده‌ژیت، چه‌ن ڕۆژێ ده‌مێنیه‌وه و ده‌بێ بۆ وه‌ته‌نی خۆت توێشوو به‌ریت. یان خۆ وه‌ها بژی که ڕێبواری سه‌ر سه‌فه‌ریت، نیشتمانت له پێشه‌وه‌یه و به‌ره‌و ئه‌وێیه کۆڵ به‌ریت.
به‌و هیوایه‌ی هه‌موو لایه‌کمان به وه‌ته‌نی ڕاسته‌قینه‌ی خۆمان شاد ببینه‌وه‌و چیتر به ووڵاتانی بیانی دڵخۆش نه‌که‌ین.