عەلی قەرەداخی : دەبوو هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر دەسەڵاتی ئەسەد بووایە نەک عەفرین
عەلی قەرەداخی : دەبوو هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر دەسەڵاتی ئەسەد بووایە نەک عەفرین
عەلی قەرەداخی رایگەیاند، نیگەرانن لە هێرشی سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد بۆ سەر عەفرین و دەبوو ئەو هێرشە بۆ سەر رژێمی سووریا بووایە نەک کوردی سووریا.
لەکاتی بەشداری لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی تۆڕی میدیایی رووداو، پڕۆفیسۆر عەلی قەرەداخی، ئەمینداری یەکێتیی جیهانی زانایانی ئیسلامی رایگەیاند “نیگەرانین لەو هێرشە دڵتەزێنەی لەلایەن تورکیا و سوپای سووریای ئازادەوە بۆ سەر عەفرین دەستیپێکردووە، حەزمان دەکرد بۆ سەر رژێمی سووریا بێ نەک کوردی رۆژئاوای کوردستان لە دژی داعش قوربانیان داوە”.
عەلی قەرەداخی دەڵێت “دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بەرپرسیارێتی دەکەوێتە ئەستۆ کە ئەو فیتنەی دروستکرد و گوتی سوپایەک لەسەر سنووری سووریا دروستدەکەین، ئێستاش بێدەنگە لە ئاست هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین، هەروەها رووسیا و ئێرانیش بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە ئەستۆ”.
بەگوتەی عەلی قەرەداخی، ئەو کێشەیە بە رێگەی سەربازی چارەسەر نابێ بەڵکو پێویستە گفتوگۆ بکرێت. داواشدەکات لە شاندێکی گەورە لە کوردستانەوە دروستبکرێ بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندێکی تورکیا کۆببێتەوە و رێگەچارەیەکی ئاشتییانە بۆ ئەو پرسە بدۆزنەوە.
لەبارەی بەکارهێنانی ئایینی ئیسلام و دوعاکردن لەلایەن هەندێ مامۆستای ئایینی تورکیاوە بۆ پشتگیری هێرشەکە، عەلی قەرەداخی “ئەو هێرشە سیاسییە و بۆ بەرژەوەندییە، ئێمە دژی ئەوەین بەناوی ئیسلامەوە ئەو کارە بکرێت”.
لە هەمان بەرنامەدا، د. سەید ئەحمەد، مامۆستای ئایینی رایگەیاند “ناڕەزایی تووندی خۆمان دژی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین دەدەبڕین، کە ئەوە گۆڕینی نەخشەیەکە کە خودا دایناوە. هەروەها بەکارهێنانی درووشمی ئایینی بۆ بەرژەوەندی سیاسی خۆت خراپترین جۆری ئیستیغلالە و رێگەپێدراو نییە”.
لەبارەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ هێرشکردنە سەر عەفرین رایگەیاندووە، د. سەید ئەحمەد پێنجوێنی گوتی “ئەوەی ئێستا بۆ سەر عەفرین دەکرێت لە ۱۰۰% هەڵەیە، بۆیە سەرکۆنەی دەکەین و پڕ بە دەم و ویژدانمان، پڕ بە ناخی هەموو کوردێک و خاوەن ویژدانێک دەڵێین ئەو کارە خراپە وەکو کارەکانی دیکەی کە باری نائاسایی دادەنێت و خەڵکی دیکە راودەنێت و ئەزیەتی خەڵک دەدات”.