بابه ته كان

شارستانیه‌تى گه‌مارۆ و ئابڵوقه‌ى ئاب

شارستانیه‌تى گه‌مارۆ و ئابڵوقه‌ى ئابورى

 یه‌حیا
عومه‌ر رێشاوی: ماسته‌ر له‌ راگه‌یاندن

ئه‌و ده‌مه‌ى سه‌رانی قوره‌یش گه‌مارۆى ئابووریان
ده‌خسته‌ سه‌ر په‌یامبه‌ر وهاوه‌لاَنی ،ئه‌و سه‌رده‌مانه‌ى ده‌وڵه‌ته‌ شه‌رِخوازه‌کانی
جه‌نگه‌ جیهانیه‌کان درِندانه‌ په‌لامارى جه‌سته‌ى یه‌کدیان ده‌داو هه‌ریه‌که‌و به‌بیانوویه‌ک
منداڵ وپیر وپه‌ککه‌وته‌ ونه‌خۆشه‌کانیان له‌برسان وله‌سه‌رمان ده‌خسته‌ حاڵه‌تى گیانه‌ڵلا
ومردن… ئه‌و شه‌وانه‌ى سیربه‌کان شوارى پولاَینیان به‌ده‌ور بۆسنه‌ وخه‌ڵکه‌ سڤیله‌که‌یدا
ده‌کێشاو رێیان نه‌ده‌دا ته‌نانه‌ت باڵنده‌ش به‌سه‌ر ئاسمانی دوکه‌لاَوى ئه‌و شاره‌دا
له‌شه‌قه‌ى باڵ بدا ،ئه‌و رۆژانه‌ى چه‌ک به‌ده‌ستان له‌برى جه‌نگاوه‌ره‌کانى به‌رامبه‌ریان
خه‌شم وقینیان به‌سه‌ر کۆرپه‌ی نێو بێشکه‌ وقوتابیانى نێو پۆله‌ساردو سره‌کان ودایکانى
جه‌رگ سوتاودا ده‌رژاند !

 

ئه‌و ساتانه‌ى مێژوو بێزى له‌تۆمارى رووداوه‌
قێزه‌ونه‌کانى خۆى ده‌هاته‌وه‌ ونه‌فره‌تى له‌ ئینسانه‌ دڵ به‌ردین وئه‌ژدیهاکانى
جه‌نگ ده‌هاته‌وه‌ وله‌تاو ئازارى سکه‌ برسیه‌کان وگیرفانه‌ به‌تاڵه‌کان وجه‌سته‌
شه‌که‌ته‌کان عاره‌قی شه‌رمه‌زارى ده‌تکاند ،له‌و رۆژو شه‌وه‌ تاریکانه‌دا و ئێسته‌شى
له‌گه‌ڵ بێت مرۆڤایه‌تى  به‌شوێن وه‌لاَمی
ئه‌و پرسیاره‌دا  وێڵه‌ که‌ داخۆ پاساوی
دووباره‌ وسه‌دباره‌ بوونه‌وه‌ى گه‌مارۆخستنه‌ سه‌ر هاولاَتیانى بێ دیفاع چى بێت !؟
له‌ حاڵێکدا بازرگانانى جه‌نگ به‌درێژایى مێژوو بزیسکه‌ى سمێڵیان هاتوه‌ وله‌ نێو
ژووره‌ گه‌رم وگورِه‌کاندا شه‌رابی خوێنینیان نۆشیوه‌ وده‌نگى ده‌هۆڵی جه‌نگیان خێرا
وبه‌رزتر کردۆته‌وه‌ .

 

مرۆڤایه‌تى به‌درێژای مێژووى خۆى په‌ناى بردۆته‌
به‌ر ئه‌م “چه‌که‌” دزێو و ناشارستانیه‌ وبه‌رده‌وامیش پاساوی بۆ هێناوه‌ته‌
وبه‌تاکه‌ فاکته‌رى چوَکپێدانانی به‌رامبه‌ره‌کانی داناوه‌ وله‌ وپێناوه‌شدا به‌سه‌دان
که‌س بوونه‌ته‌ قوربانیی ئه‌م سیاسه‌ته‌ نامۆیه‌ ،له‌هه‌مووشى سه‌یرتر به‌رده‌وام
ئه‌م سیاسه‌ته‌ تاقی ده‌کرێته‌وه‌ وگه‌لانیش ده‌کرێنه‌ هۆڵى تاقیگه‌! ،په‌پێى سه‌رده‌میش
گۆرانکارى وپه‌ره‌ به‌ میکانیزمه‌کانی ده‌درێت وهونه‌رى نوێى تێدا به‌کار ده‌هێنریت
،گه‌مارۆکانیش جۆراوجۆرن: هه‌ر له‌ گه‌مارۆو ئابلووقه‌ى راگه‌یاندنه‌وه‌ تا گه‌مارۆى  داو وده‌رمان و سووته‌مه‌نى تا ده‌گاته‌
ئابلووقه‌ى شیرى قوتووى مندالاَن ونان وقووتى رۆژانه‌ى هاولاَتیان ودانیشتوانی
گوندێکى دووره‌ ده‌ست یاخود شارێکى یه‌ک ملیۆن که‌سی!

 

ره‌نگه‌ شارستانیه‌تى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ش “جوانترین”
نموونه‌ و”باشترین” ئه‌زموونى خۆى له‌گه‌مارۆى ئابوورى سه‌ر گه‌لانى عێراقدا  تاقی کردبێته‌وه‌ ،کاتێک ولاَتانى به‌رگریگه‌ر
له‌مافى ئاژه‌لاَن ونه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کانی پارێزه‌رى ژینگه‌ى دارستانه‌کان! هه‌ناسه‌یان
له‌ ولاَتیکى ۲۵ ملیۆن که‌سی برى وبۆخاترى چۆک دادان به‌یه‌ک که‌س په‌نایان برده‌
به‌ر ئه‌م چه‌که‌ “شارستانیه‌ !” و۱۳ ساڵ شه‌رِیکى بێ هه‌واده‌یان له‌گه‌ڵ
ئه‌م گه‌له‌ به‌سته‌زمانه‌دا به‌رپا کرد ،پاش رووخانى رژێمیش به‌ ۵ ساڵ هێشتا به‌ده‌یان
گوند وشارى ئه‌م ولاَته‌ به‌ده‌ست ئاسه‌وارى ئه‌و سیاسه‌ته‌ چه‌وت وبێ مانایه‌وه‌
ده‌نالێنن.

 

له‌نموونه‌کانى ترى ئه‌م سه‌رده‌مه‌ “زێرینه‌”
-که‌ به‌ سه‌رده‌می به‌ جیهانی بوون وچه‌سپاندنی مافه‌کانى مرۆڤ ناسراوه‌- نموونه‌ى
گه‌مارۆ خستنه‌ سه‌ر گه‌لی فه‌له‌ستینه‌ به‌ بیانووى دژایه‌تى حه‌ماس وگه‌مارۆى
سووته‌مه‌نى چه‌ند ساڵه‌ى رژێمى به‌عس بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان وگه‌مارۆى ئه‌مریکا
بۆ سه‌ر گه‌لانى سودان وئێران ولیبیا وکوبا..هتد ،له‌حاڵێکدا رژێمه‌کانى ئه‌م
ولاَتانه‌ رۆژ به‌رۆژ قه‌ڵه‌وتر ده‌بن وقوربانیی یه‌که‌میش هه‌ر هاولاَتى سه‌رجاده‌یه‌
.

 

ره‌نگه‌ ده‌سه‌لاَتى کوردیش بیه‌وێت له‌م سیاسه‌ته‌
جیهانیه‌دا به‌شدار بێت وشه‌ره‌فی بونیاد نانی ئه‌م “شارستانیه‌ته‌”ى به‌رکه‌وێت
،هه‌ر بۆیه‌ رۆژانی شه‌رى ناوخۆ هونه‌رمه‌ندانه‌ یه‌کێتى وپارتی گه‌مارۆى ئابووریان
ده‌خسته‌ سه‌ر جلیکانه‌ نه‌وت وبه‌نزینى نێوان هه‌ردوو ده‌ڤه‌ر ورۆژانیک هه‌بوو نه‌یانده‌هێشت
فه‌رده‌ برنج وته‌نه‌که‌ رۆن !! به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان ئاودیو ببێت!؟ ،زۆرجار
هه‌ر به‌بیانووى شه‌رى ناوخۆ ولوت شکاندنى به‌رامبه‌ره‌کانیان کاره‌بایان له‌ شارو
شارۆچکه‌کانى یه‌کتر ده‌برِى و ئۆتۆمبیله‌کانیان به‌باره‌وه‌ ده‌گه‌رانده‌وه‌ !،ره‌نگه‌
هه‌ر له‌ میانه‌ى دووباره‌کردنه‌وه‌ى ئه‌م سیاسه‌ته‌ بێت ئه‌وه‌ته‌ ئابلووقه‌ى
راگه‌یاندن وئازووقه‌ خراوه‌ته‌ سه‌ر ده‌ڤه‌رى قه‌ندیل ورێگه‌ نادرێت به‌ئاسایى
زانیارى و ئازووقه‌ ئه‌مدیوئه‌ودیو بکات !؟ وهه‌ر بژی سه‌رده‌می ئازادی ویه‌کسانی
ومافه‌کانی مرۆڤ !!

 

 

 

yreshawy@yahoo.com

سه رچاوه : یه کگرتووی یسلامی کوردستان

 

نمایش بیشتر

مطالب مرتبط

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا