سه‌گی دووخاوهن جێی متمانه نییه
سه‌گی دووخاوهن جێی متمانه نییه
ماموستا حسن پێنجوێنی
ئێمێلێكم بۆ هاتبوو چیرۆكێكی تێدا بوو، بێ ئه‌وه‌ی ناوی نووسه‌ره‌كه‌ی له‌سه‌ر بێت، و له‌سایته عه‌ره‌بییه‌كاندا زۆر به‌شوێنیا گه‌ڕام په‌یدام نه‌كرد، به هه‌ر حالَ ئاوێنه‌یه‌كی بالآنمای شه‌ڕی ناوخۆی به‌سره‌بوو، له‌پایزی سالَی 2006 دا، ده‌توانیین بلَێین: چیرۆكێكی مێژوویی سیاسی بوو له چوار چێوه‌یه‌كی په‌روه‌رده‌ییدا، له‌ناو هه‌مانه‌ی چیرۆكه‌كه‌دا مشتهیهكی ره‌قی تیا‌بوو، ونووسهرهكهی ویستوویه‌تی به‌و نووسراوه‌ی شتێك باس بكات كه له‌واقیعی ئه‌مڕۆی عیراقدا زه‌ق بووه‌ته‌وه، ئهلَبهت مه‌به‌ستی من له وه‌رگێڕان و پێشكه‌شكردنی چیرۆكه‌كه‌دا ئه‌و لایه‌نه ته‌نزه سیاسییه نییه، من ته‌نیا لایه‌نه مێژوویی و پهروهردهییهكهم مه‌به‌سته.. و ئه‌وه‌ش به‌جێ دێلَم بۆ راو بۆچوونی خوێنه‌ران.. فه‌رموون لهگهلَ پوخته‌ی چیرۆكه‌كه‌دا..
نووسه‌ر دهلَێ:
جێی شانازیمه من كه‌سێكم گوێ بۆ ئامۆژگاری ده‌گرم، وجێبهجێیشی ده‌كه‌م، هه‌رچه‌ند ئێمه‌ی عیراقی ناوبانگمان وا ده‌ركردووه، كه گوێ بۆ ئامۆژگاری ناگرین و ته‌نانه‌ت پێشمان ناخۆشه ئامۆژگاری بكرێین، و مهسهلێكیان به‌سه‌رماندا بڕیوه كه ده‌ڵێ: عیراقی شۆقی لێ بده وئامۆژگاری مه‌كه!!، بهلاَم من پێم خۆشه ئامۆژگاری له‌گوێ بگرم.. چونكه ناچاربووم گوێی لێ بگرم.. به‌هۆی ئه‌و ترس و شپرزه‌یی وكه‌م خه‌وی و شه‌و نخوونییانهوه كهتووشمان هات به‌هۆی ئه‌و چه‌تانه‌وه كه ده‌ستیان له‌هیچ نه‌ده‌پاراست..ئه‌وه‌ی ماڵ و سامانێكی هه‌بوایه ده‌یان فڕاند و ده‌یانكوشت.. ئه‌وه‌ی بۆچوونێكی دژ به‌بۆچوونی ئه‌وان هه‌بوایه دیسان ده‌كوژرا و سه‌رنگون ده‌كرا.. ئه‌وه‌ش ژنێكی جوانی هه‌بوایه هه‌مان ده‌ستی ره‌ش له‌ناوی ده‌برد!!
منیش تای ترس دای گرتبووم، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه موڵك و ماڵێكی زۆرم نه‌بوو، له ماڵی دنیادا ترومبێلێكی كۆنم هه‌بوو، وه‌ك ته‌كسی كارم پێده‌كرد، ئه‌وه‌ی جارێك له‌ته‌كما سوراببوایه، سوێنێكی قورسی ده‌خوارد جارێكی تر سواری نه‌بێته‌وه، به‌كورتی ترومبێله‌كه تووشی له‌رزۆكی ببوو، هه‌موو پارچه‌یه‌كی ئه‌و داماوه خڕه خڕی ده‌هات هه‌ركه‌س سواربوایه ده‌بوا دوعام بۆبكردایه په‌شیمان نه‌بێته‌وه‌و له‌نێوه‌ی رێدا دانه‌به‌زێ!!
خێزانیشم ناشكوری خوا نه‌بێ ئه‌وه‌ند جوان نه‌بوو لهشارۆنی كار ئه‌كته‌ریش نه‌ده‌چوو!! رای دژه رایشم نه‌بوو، هه‌رچه‌ند بۆچوونه‌كان هه‌مووی دژ به یه‌ك بوون!! له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌شدا شه‌وانه له‌ترسی غه‌در و خیانه‌تی ئه‌و چه‌ته ناپاكانه خه‌وم لێ نه‌ده‌كه‌وت، كه هه‌موو جۆره چه‌كێكیان پێ بوو،و بهترومبێله ده‌وڵه‌تییه‌كانیش ده‌سووڕانه‌وه، و ده‌وڵه‌تیش ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریانا نه‌بوو، له‌لایه‌ن كه‌سانێكی نا مهسئوولیشهوه فتوایان بۆ ده‌درا و پیرۆزباییان لێ ده‌كرا!!
وای لێهاتبوو شه‌ونخوونی ببوه عاده‌تێكی ناچاریم، ناچاری بوو چونكه نهم ده‌ویست وه‌ك به‌رخی جه‌ژن سه‌ر ببڕێم! و ببوه عاده‌تیشم چونكه ناشكوری نه‌بێ كارێكم نه‌بوو تا به‌یانی زوو بۆی راپهڕم!!
هاوه‌ڵه به‌ڕێزه‌كه‌م پێی گوتم: "سه‌گێك په‌یدا بكه تا یارمه‌تیده‌رت بێت بۆ ئێشكی شه‌وانه، وله‌كاتی خهفڵهتیشدا خه‌به‌رت ده‌كاته‌وه "
دیتم ئامۆژگارییه‌كی په‌سه‌نده، و ئه‌نجامی ته‌جروبه‌یه‌كی زۆر، و لێكدانه‌وه‌یه‌كی ته‌واوی وه‌زعه‌كه‌یه . .
بۆیه منیش بڕیارم دا سه‌گێك په‌یدا بكه‌م.. به‌ڵێ، سه‌گێكی گه‌وره‌ی جوانم به‌ده‌ست هێنا، منیش به‌ڕێزه‌وه سه‌یرم ده‌كرد چونكه پێم وابوو له‌مه‌ولا له شه‌ونخوونی رزگارم ده‌كات..
به‌ڵێ، منیش خزمه‌تێكی باشی سه‌گه‌كه‌م كرد و زنجیرێكم كرده ملی و ناوی خانه‌واده‌مان له‌سه‌ر نووسی، و سه‌گه‌كه عاده‌تی پێوه‌گرتین، و كاتێ له‌ماڵ دهربچوومايه ده‌كه‌وته شوێنم و به‌ده‌ورمدا هه‌ڵ ده‌سووڕا و كلكی بۆ دهلهقاندم و شاد و دڵخۆش بوو پێمان.. !!
به‌ڵام كێشه‌یه‌كی له‌ته‌ك خێزانما بۆ دروست كردبووم، ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی پیسی سهگهكهبوو، هه‌ركات سه‌گه‌كه كلكی به‌ده‌ورما بلهقاندایه زۆری لێده‌كردم كه ده‌بێ گڵاوی له‌خۆم ده‌ر بكه‌م!! له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر بهوهزعهكه رازی بووم، چونكه چارێكی ترم نه‌بوو، وه‌ك پێشینان ده‌ڵێن: " ئه‌وه‌ی تامی مردنی چه‌شتبێ به له‌رزوتا رازییه"..گڵاوی ده‌ركردنی دووباره‌م پێ باشتربوو له شه‌ونخوونی به‌رده‌وام.. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه من له‌سه‌ر پیسی سه‌گ قسه‌م هه‌یه، پێم وایه سه‌گ لگه‌ڵ پیسیهتییهكهیدا له‌هه‌ندێ له‌وانه پاكتره كه ده‌یان ناسم!!
له‌گه‌رمه‌ی ئه‌م رووداوانه‌دا له‌بیرم چوو له‌باره‌ی ئه‌م سه‌گه‌وه پرسیار بكه‌م، ئه‌سڵ و نه‌سه‌بی، جۆر و ره‌چه‌ڵه‌كی ، بۆچ خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌ست به‌رداری ده‌بێت؟ گوێم به‌هیچ له‌مانه نه‌دا.. گرنگ ئه‌وه‌یه كه ئێستا من سه‌گێكم هه‌یه و پاسم بۆ ده‌كات.. و ده‌توانم به ئاسانی بخه‌وم..
به‌هۆی ئه‌م سه‌گه بهڕێزهوهكهمێ ترسم ره‌وییه‌وه، هه‌ستم به ئه‌من و ئاسایشێك كرد، بۆچ نا؟ سه‌گه‌كه‌م له‌جیاتی من و خێزانه‌كه‌م شه‌ونخوونی ده‌كات حهرهسێكی باش ده‌بێت بۆمان، هه‌ر له‌ته‌ك پشیله‌ی دراوسێكه‌مان خۆی بخستایه‌ته ئه‌م دیو بۆی ده‌چوو دهیكره ههلڵا!! بهوهڕهوهڕ ئه‌و ناوه‌ی گه‌رم ده‌كرد!! هه‌ندێ جار بۆ ئه‌وه‌ی منداڵه‌كان له خه‌و رانه‌په‌ڕن، خۆم ناچار دبووم بڕۆم سه‌گ و پشیله‌كه له‌یه‌ك بكه‌مه‌وه، به‌ڵام له‌ترسی دروندهیی سه‌گه‌كه ده‌گه‌ڕامه‌وه.. پشیله‌كه گورێزی ده‌دا و به‌زمه‌كه به‌سه‌ركه‌وتنی سه‌گه‌كه‌م كۆتایی ده‌هات، و منیش بزه ده‌كه‌وته سه‌ر لێوه‌كانم.. و ده‌مگوت: به‌ڕاستی سه‌گه‌كه‌م سه‌گی كوڕی سه‌گه!! ئه‌گه‌ر ئه‌م سه‌گه له‌گه‌ڵ پشیله‌یه‌كدا ئه‌و هه‌رایه دروست بكات، ده‌بێ له‌گه‌ل دزو پیاو خراپ‌دا چی بكات؟! به دڵنیاییه‌وه "ئوممول مهعاریك" دروست ده‌كات، به‌نهێنی به‌زه‌ییم به دزهكاندا ده‌هاته‌وه، ودهمهێنا به‌خه‌یاڵی خۆمدا كه‌چۆن قه‌پ لهپشتهرانیان ده‌گرێت، و شهرواڵهكانیان ده‌دڕێنێت، ئیتر ده‌گه‌ڕامه‌وه بۆ ناو جێگه‌كه‌م و به‌دڵنیاییه‌وه ده‌خه‌وتم!!
حه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر ئه‌م باسه‌دا تێپه‌ڕی، و هه‌ستم به‌ئاسووده‌یی ده‌كرد، خه‌وه‌كه‌م باش بووببو، له‌شم گه‌ڕابووه‌وه سه‌ر حاڵی خۆی.. ئه‌وحاڵه ناخۆشه‌م له‌كۆڵ كه‌وت. و گه‌ڕامه‌وه بۆ كاره‌كه‌ی جاران و ته‌كسییه له‌رزۆكه‌كه‌م، نهفهرهكانیش هه‌موو جارێك كهسواردهبوون سوێندیان ده‌خوارد جارێكی تر ئه‌گه‌ر به‌پێش رۆیشتون سوار ئه‌م خهرهكه شكاوه نه‌بن!! په‌یوه‌ندیم له‌ته‌ك پیرهژنهكهمدا باشبوو، وه‌ك جارانی خۆی لێهاته‌وه، سوپاس بۆخوا خه‌ویش له‌ژیانی ئینسانا جادوویه‌كی تایبه‌تی هه‌یه، و وام لێهات وه‌ك جارانی پێشوو خه‌وه خۆشه‌كانم بۆ دروست ببێته‌وه!!
بهیانیيهكيان خێزانم بۆ نانخواردن خه‌به‌ری كردمه‌وه،و پێكه‌وه له‌سه‌ر سفره دانیشتین و ماشه‌ڵڵا خێراتێكی زۆر هه‌بوو، به‌ڵام هه‌مووشتی هێنراو بوو، هیچی به‌رهه‌می ناوخۆ نه‌بوو، منیش له‌به‌ر خۆمه‌وه له‌خۆمم ده‌پرسی: باشه مریشكی عیراقی نهزۆكبووه، وا هێلكه له‌ده‌روه ده‌هێنرێت؟ یا مانگاكان حه‌بێ نه‌زۆكییان پێ دراوه وا شیر له‌ده‌روه دێت؟! بۆچ ئاژه‌ڵ و مریشكی وڵاتانی دراوسێ پڕ به‌رهه‌من و ئاژه‌ڵ و مریشكی ئێمه‌ش تووشی نه‌زۆكی بوون؟! باشه ئه‌گه‌ر خوا نه‌خواسته شتێ رووبدات و رۆژێ له‌رۆژان وڵاتانی دراوسێ سنووریان له‌سه‌رمان دابخه‌ن، ده‌بێ چیمان به‌سه‌ر بێت؟ بێگومان قات و قڕی و برسیه‌تی داده‌كه‌وێت..
ئیتر په‌نام به‌خوا ده‌گرت له‌م فرت وفێلاَنهی شه‌یتان،و له‌خوا پاڕامه‌وه به‌رهه‌می مریشك و مانگاكانمان زۆر بكات و به‌ره‌كه‌ت بخاته كشتوكاڵمانهوه، و له‌و زه‌لیلییه ئابوورییه رزگارمان بكات. ئیتر پشتم به خوا به‌ست و رۆیشتمه ده‌ره‌وه تا ترومبێله له‌رزۆكه‌كه‌م بخه‌مه گه‌ڕ و ده‌رگای رزقی خوایی له‌سه‌ر خۆم بكه‌مه‌وه، به‌ڵام تووشی سهدمهبووم، كاتێ بینیم كه‌چه ترومبێله‌كه‌م له‌به‌ر ماڵماندا نه‌ماوه!!
پاش هێنان و بردن و پرسیار و وه‌ڵام بۆم ده‌ركه‌وت ترومبێله‌كه‌م دزراوه!! منیش سكاڵایه‌كم لای پۆلیس تۆماركرد و تاقمی پۆلیس هاتن تا سه‌ردانی شوێنی دزراوه‌كه بكه‌ن، ناكاو ئه‌فسه‌ری پۆلیس لێی پرسیم: له‌وه‌ده‌چێ سهگیشت هه‌بێ؟! منیش به به‌ڵێ وه‌ڵامم دایه‌وه.. دیسان لێی پرسیم: سه‌گه‌كه‌ت شه‌وێ هیچ نه‌وه‌ڕی؟ گوتم: نه‌خێر!!
تێبینییهكانی ئه‌فسه‌ره‌كه سه‌رنجی راكێشام و منیش له‌به‌ر خۆمه‌وه ده‌مگوت: ده‌بێ بۆ ئه‌م سه‌گه‌ی من شه‌وێ له‌و دزانه نهوهڕیبێ؟! ئه‌فسه‌ره‌كه دیسان لێی پرسیم: ئایا هه‌ر له‌مناڵییه‌وه ئه‌م سه‌گه‌ت لابووه؟ گوتم: نه‌خێر و به‌سه‌رهاته‌كه‌م بۆ گێڕایه‌وه، ئیتر پیاوانی پۆلیس كاری خۆیانیان ده‌ستپێكرد ومنیان به‌ته‌نیا له‌گه‌ل خه‌م و پهژارهكهما به‌جێ هێشت، دوو رۆژ تێپه‌ڕی و له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه بانگكرام، چونكه ترومبێلهكهیان دۆزیبوه‌وه‌و دزهكهشیان گرتبوو، ده‌زانن دزه‌كه كێ بوو؟ برای ئه‌و پیاوه باشهبوو كه سه‌گه‌كه‌ی پێ به‌خشیبووم..
پیاوێكی حه‌كیم پێی گوتم: "خۆت له سه‌گی دوو خاوه‌ن بپارێزه" ده‌زانی بۆچ؟ چونكه ئه‌گه‌ر تۆ سه‌گێكت به‌بچووكی و منداڵی به‌خێوكرد، سهربهتۆدهبێ ولایهنگریش له‌تۆ ده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌گه‌وره‌یی وه‌رت گرت ئه‌وكاته سه‌ربه‌تۆ ده‌بێ، و لایه‌نگری بۆجگه له‌تۆ ده‌بێت.. چونكه باش ده‌زانێ ئه‌گه‌ر خانووه‌كه‌ت بسووتێ یا بدزرێ، هه‌میشه شوێنێكی تری هه‌یه..


