مناڵ و ڕاهێنانی له‌سه‌ر ڕۆژو گرتن..
مناڵ و ڕاهێنانی له‌سه‌ر ڕۆژو گرتن..
بورهان به‌رزنجی
مناڵ ئه‌م دیاریه به‌نرخه‌ی خودای گهرهورهیه که ده‌بێته ڕوناک که‌ره‌وه‌ی دڵ و ماڵ و ژیانی هه‌موو دایک و باوکێك به تایبه‌تی بۆ ئێمه‌ی موسوڵمان گه‌ر بێت ومناڵه کانمان خاوه‌نی ره‌وشتی ئیسلامی و باوه‌ڕی پته‌و و خودا په‌رست بن ده‌بن به مایه‌ی خێر و خۆشی له ژیانی دونیا‌و دوا ڕۆژمان.
وه ئه‌بێت بزانین دایك باوك ئه‌رکێکی زۆر گه‌وره‌یان له‌سه‌ر شانه له ئاست په‌روه‌رده کردن و پێگه‌یاندنی مناڵ .
یه‌کێك له ئه‌رکه هه‌ره‌گه‌وره‌کان په‌روه‌رده کردنی مناڵه له سه‌ر خودا په‌رستی و شاره‌زابون له ئاینی پیرۆزی ئیسلام و ڕاهێنانیان له‌سه‌ر خودا په‌رستی .
به‌ڵێ ئیسلام به‌گشتی فه‌رمانمان پێده‌کات که هه‌وڵ بده‌ین بۆ به جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌رکه وه ده‌بێت دڵنیاش بین به جێگه‌یاندنی ئه‌م ئه‌رکه واجبه‌و وه پاداشتی بێ سنوری خودای له‌سه‌ر وه‌رده‌گرین و سودی دونیا‌و دوا ڕۆژ له مناڵه‌کانمان ده‌بینین وه به پێچه‌وانه‌وه گه‌ر ئه‌م ئه‌رکه پشت گوێ بخه‌ین ڕوبه‌روی لێپرسینه‌وه‌ی خودایی ئه‌بین له دوا ڕۆژدا وه سود له مناڵه‌کانمان نابینین نه له دونیا وه نه له دواڕۆژ .
وه یه‌کێك له‌م عیبادهت و خودا پهرستیانهی که ده‌بێت بیری لێبکه‌ینه‌وه که مناڵهکانمانی له‌سه‌ری ڕابێنین ڕۆژو گرتنی مانگی ڕه‌مه‌زانی پیرۆزه .
چۆن پێویسته که مناڵه‌کانمان له 7 ساڵیه‌وه فێری نوێژ بکه‌ین و فه‌رمانیان پیبکه‌ین به نوێژ کردن ئه‌بێت ئاواش بیر له ڕاهێنانیان له سه‌ر ڕۆژو گرتن بکه‌ینه‌وه .جا له‌م بابه‌ته‌دا تیشك ده‌خه‌ینه سه‌ر گرنکی ڕاهێنانی مناڵ له‌سه‌ر ڕۆژو گرتن وه چۆنیه‌تی و شێوازی ڕاهێنان و فه‌رمان پێکردنیا.
بۆ چی ڕاهێنانی مناڵ بۆ ڕۆژوو گرتن.
سه‌ره‌تا ده‌بێت بزانین که ڕۆژو یه‌کێکه له پێنچ بنچینه‌کانی ئیسلام .
وه ڕۆژو هه‌میشه پێویستی به سه‌بر و هێز و خۆڕاگری چه‌سته‌یی و ئیمانێکی پته‌و هه‌یه .
جا ره‌نگه ئه‌گه‌ر که‌سێك له مناڵیه‌وه رانههێندرێت و ئامده نه‌کرێت به ته‌دریجی و هێدی هێدی له‌سه‌ر ئه‌م خودا په‌رستیه ئه‌وه بۆی قورس و زه‌حمه‌ت ده‌بێت که گه‌وره بوو له ناکاو ده‌ست پێ‌بکات .
بۆیه پێویسته وه گرنگه هه‌ر له مناڵیه‌وه ڕاهێنانی بۆ بکرێت . هه‌روه‌کو نوێژ له مناڵیه‌وه پێغه‌مبه‌ر درودی خودای له‌سه‌ر بێت فه‌رمانی کردوه که مناڵ فێر بکرێ وه فه‌رمانی پێ بکرێت که نویژ بکات .
بۆ ئه‌وه‌ی که گه‌وره‌بوو ڕۆژو گرتن به‌ڵایه‌وه قورس نه‌بێت و به ئیمانێکی به هێزه‌وه خوی پێوه بگرێت ڕاهێنان و به‌ڕۆژو بون له مناڵیه‌وه پێویسته .
کورد گوته‌نی (خوی شیری هه‌تا پیری)ئه‌گه‌ر ئه‌م په‌نده بۆ کاری خه‌راپ زیاتر به‌کار بێت به‌ڵام ده‌توانین وا بکه‌ین مناڵه‌کانمان خو به‌کاری چاکه بگرن و تاپیری و تا مردن له خوا په‌رستی به‌رده‌وام بن.
له چ ته‌مه‌نێك مناڵ ڕابهێنرێت له‌سه‌ر ڕۆژوو گرتن؟؟؟
سه‌باره‌ت به ته‌مه‌نی مناڵ بۆ نوێژ کردن ئه‌وه فه‌رموده‌ی پێغه‌مبه‌رمان درودی خوای له‌سه‌ر بێت هه‌یه که له 7ساڵیه‌وه ده‌بێت فه‌رمانیان پێبکه‌ین و وا بکه‌ین ده‌ست به نوێژ کردن بکه‌ن هتد…
به‌ڵام ڕۆژوو گرتن هیچ ته‌مه‌نێکی بۆ دیاری نه‌کراوه که که‌ی فه‌رمان بکرێت یان ڕاهێنان بکرێت به‌و مناڵانه‌ی که نه گه‌یشتۆتنه ته‌مه‌نی بلوغ واته ڕۆژویان له‌سه‌ر پێویست نه‌بوه .
به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی لهشو لار و بونیه هه‌ر مناڵێك تایبه‌ت مه‌ندی خۆی هه‌یه و هێز و خۆڕاگری و تواناکان جیاوازن له مناڵیك بۆ مناڵێکی تر به‌ڵام وا به‌باش ده‌زانرێت که هه‌ر له ته‌مه‌نی 6 یان 7 ساڵیه‌وه ده‌ست بکرێت به ڕاهێنانی مناڵ له‌سه‌ر ڕۆژوو گرتن . که ده‌ڵیین ڕاهێنان مه‌به‌ستمان ئه‌وه نیه زۆر له مناڵ بکرێت که تا ئێواره به ڕۆژوو بێت و به‌مه زیانی پێبگه‌یێنین چ له‌لایه‌نی ده‌رونی وه چ له لایه‌نی چه‌سته‌ی به‌ڵکو ڕاهێنان جیاوازه‌و باسی ده‌که‌ین وه ئه‌م راهێنانه ده‌بێته بناغه‌یه‌کی به هێز بۆ ئه‌وکاته‌ی که رۆژووی له‌سه‌ر واجب ده‌بیت .
پێش ده‌ست کردن به ڕاهێنان
1.خۆشه‌ویست کردنی ڕۆژو و مانگی ڕه‌مه‌زان لای مناڵ.
سه‌ره‌تا پێویسته له‌سه‌ر دایکان و باوکان هه‌ر پێش هاتنی ڕه‌مه‌زان.هه‌وڵ بده‌ن ره‌مه‌زان و ڕۆژو گرتن خۆشه‌ویست بکه‌ن لای مناڵه‌کانیان ئه‌ویش به پێناسه‌یه‌کی جوان بۆ ڕه‌مه‌زان و ڕۆژو گرتن لای مناڵه‌کانیان که چ سودێکی هه‌یه وه چ پاداشتێکی هه‌یه وه موسوڵمانی ڕۆژوه‌وان چ ڕێزێکی هه‌یه لای خودا به چ ده‌رگایه‌ك ده‌چێته به‌هه‌شت وچ به‌روبومێکی خۆش هه‌یه له‌به‌هه‌شت بۆ ڕۆژوه‌وان واته پێویسته وانیشان بده‌ن که ئه‌وان چاوه‌ڕوانی مێوانێکی زۆر ئازیز و به ڕێز‌و خۆشه‌ویست و پڕ له خێر‌و خۆشی ده‌که‌ن که ڕه‌مه‌زانه.
باسی ئه‌وه بکه‌ن چ ڕوداوێکی گرنکی وه‌کو شه‌وی قه‌در و شه‌ڕی به‌در و هتد… ڕویداوه له‌ڕه‌مه‌زان وه ڕه‌مه‌زان خۆشه‌ویست بکه‌ن به گۆڕانکاری و دڵخۆشیتان له ماڵه‌وه و زۆری خودا په‌رستی وه قورئان خوێندن وه گوێگرتن له قورئان و هیچ نه‌بێت ته‌له‌فیزیۆن و ڕادیۆ ئهنتهرنیتهکهت هه‌میشه ڕازاوهبیت به‌ده‌نگی قورئان و دوعا‌و ذکری خودا و ووتاری ئاینی له‌م مانگه‌دا وه خۆ دورخستنه‌وه له گوێ گرتن له گۆرانی و شتی بێ سود بۆ ئه‌وه‌ی مناڵه‌که‌ت بزانێت ئه‌م مانگه جیاوازه له‌گه‌ڵ مانگه‌کانی تر‌و هه‌میشه له داهاتودا گرنکی پێبدات .
2.پێناسه‌ی ڕۆژو وه شاره‌زاکردنی مناڵ.
پێویسته پێش ڕاهێنان مناڵه‌که‌ت شاره‌زا بکه‌یت له ڕۆژو ..هه‌مو ئه‌م پرسیارانه‌ی بۆ وه‌ڵام بده‌یته‌وه که لای دروست ده‌بێت.
ڕۆژوو چیه ؟گرنکی و پایه‌ی ڕۆژو له ئیسلام ؟ کێ ڕۆژوی واجب کردوه ؟ بۆ کێ به‌ڕۆژو ده‌بین؟ به‌چی ڕۆژو ده‌شکێت؟سونه‌ته‌کانی ڕۆژو ؟پاداشتی بێسنوری رۆژو چیه ؟.هتد…. به جۆرێك هه‌ر له‌مناڵیه‌وه شارهزابکرێت له‌م خودا په‌رستیه .
شێوازی ڕاهێنان
1.ڕاهێنان به گوێره‌ی هێز و توانا و ته‌مه‌ن و بونیه بێت.
بۆ ئه‌وه‌ی له هه‌وڵه‌که‌مان سه‌رکه‌وتو بین ئه‌توانین دوای هه‌ڵسنگاندی توانای مناڵه‌که‌و ته‌مه‌نی . ڕاهێنان ئه‌نجام بده‌ین بۆ نمونه ئه‌گه‌ر مناڵه‌که ته‌منی 6 یان 7 ساڵان بوو وه بونیه مام ناوه‌ندی بوو وا بکه‌ین یه‌که‌م ڕۆژ مناڵه‌که تا سه‌عات 11 به‌ڕۆژ وبێت خۆی بگرێت له خواردن و خواردنه‌وه وه گه‌ر زانیمان توانای زیاتری هه‌یه با تا سه‌عات 1 بێت یان با زیاتر یان که‌م تر به‌م شێوه‌یه ڕۆژ دوای رۆژ توانا‌و هێزی ده‌رده‌که‌وێت و کاته‌که گۆرانکاری به‌سه‌ر بێنین به‌گوێره‌ی توانای مناڵه‌که هه‌وڵی له‌گه‌ڵ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بێت له‌یه‌که‌م ساڵی ده‌ست کردن به ڕاهێنان هێزێکی مهعنهویو چه‌سته‌یی بۆ دروست بێت .
.هاندانی به‌رده‌وام.
هاندان گرنگ ترین فاکته‌ره بۆ سه‌رکه‌وتن له ڕاهێنانه‌که‌مان.
ا…بۆ ئه‌م مه‌به‌سته ده‌بێت زۆر وریا بین و هه‌میشه ببینه هانده‌رێکی به هێز بۆ نمونه ئه‌گه‌ر مناڵه‌که 1 سه‌عاتیش خۆی گرت له خواردن و خواردنه‌و به ناوی به‌ڕۆژو بون ئه‌وه هه‌میشه بڵێن ئه‌مرۆ زۆر ئازا بو به ڕۆژو بوه و له نێوان یه‌کتر به‌سه‌ریدا هه‌ڵبده‌ین به ئازا‌و به به هێز ناوی ببه‌ین و ببینه هانده‌رێکی به‌هێزو ڕاسته‌قینه .
ب…وه‌ك هاندان مناڵ پاداشت و خه‌ڵات بکرێت .
بۆنمونه به مناڵه‌که‌ت بڵێ ئه‌گه‌ر بتوانی به‌ڕۆژوو بیت تا نیوه‌ڕۆ ئه‌وه من هێنده پاره یان فڵان شتت بۆ ده‌کڕم وه ئه‌گه‌ر تا عه‌سر به ڕۆژو بیت ئه‌وه خه‌ڵاتێکی زیاترت ده‌که‌م وه ئه‌گه‌ر گه‌وره‌تربوو ده‌توانی بڵێین هه‌ر ڕۆژێك بهرؤژو بیت تا ئێواره ئه‌وه هێنده خه‌ڵاتت دکه‌م هتد،،،
به‌ڵام با وریابین درۆیان له‌گه‌ڵ نه‌که‌ین ئه‌م به‌ڵێنه‌ی پێیان ئه‌ده‌ین به جێی بێنین .
ج…گرنکی دان به‌و مناڵه‌ی به‌ڕۆژو ده‌بێت .
وه‌ك هاندان پێویسته زیاترگرنگیدان به‌م مناڵه‌ی که به‌ڕۆژو ده‌بێت بۆئه‌وه‌ی بزانێت که کارێکی گه‌وره‌ی ئه‌نجامداوه وه ئه‌و مناڵه‌ی به ڕۆژو نه‌بوه بزانێت که ڕۆژو گرنگه بۆ نمونه گه‌ر بکرێت مناڵی به‌ڕۆژو له‌کاتی نان خواردن و ڕۆژو شکاندن له‌گه‌ڵ دایك و باوك نان بخوات وه زوو زوو بی لاوێنهوهو به ئازا‌و و به‌هێز نیشانی بده .
3.پارشێوکردن بۆ مناڵ.
هه‌وڵبدرێت ئه‌گه‌ر بگونجیت ئه‌و مناڵه‌ی ئه‌مانه‌وێت رای بێنین له‌سه‌ر ڕۆژوو گرتن به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی له سه‌روی 9 یان 10 ساڵانن پارشێوان هه‌ڵی سێنین چونکه پارشێوکردن و خواردنی پارشێو ده‌بێته هێزێک بۆ به‌رده‌وام بونی له ڕۆژو گرتن .وه پارشێو به‌ره‌که‌تی تێدایه وه‌ك پێغه‌مبه‌ر درودی خودای له‌سه‌ر بێت ده‌فه‌رموێت.(تسحرو فاءن فی السحور برکة)واته پارشێو بکه‌ن له پارشێودا به‌ره‌که‌ت هه‌یه.
جا بۆ ئه‌وه‌ی مناڵه‌که هه‌ست به خۆشی بکات وه بزانیت که پارشێوکردن گرنگه ئه‌گه‌ر بکرێت هه‌ڵی سێنین بۆ پارشێو زۆر چاکه بۆ ئه‌وه‌ی نوێژی به‌یانیش له‌کاتی خۆیدا بکات .
به‌مه‌رجێك گه‌ر گونجاو بێت به‌ڵام ئه‌گه‌ر مناڵێك له قوتابخانه بێت و هه‌ڵسانه‌وه‌ی ببێته هۆی که‌م خه‌وی و کار بکاته سه‌ر هێز و توانای له خوێندن ئه‌وه جیاوازه ،یان زۆر بچوک بێت و سود نه‌بینێ له پارشێو کردن و خواردن وه کاریگه‌ری خه‌راپی هه‌بیت بۆ خه‌وو ده‌رون و جه‌سته‌ی یان هه‌ر ڕێگرێکی تری پێویست هتد….
4.پێدانی خۆراگی باش.
بۆ ئه‌وه‌ی مناڵه‌کانمان توانایان باشتر‌و به‌هێز تربێت وه ڕۆژو گرتنیان نه‌بێته هۆی زیان بۆ چهستهیان پێویسته که هه‌میشه بیر له‌مه بکه‌ینه‌وه خواردنی به سود و به هێزیان بۆ ئاماده بکه‌ین چ له کاتی پارشیو یان له کاتی ڕۆژو شکاندن .
بۆ نمونه هه‌وڵبدرێت خواردنه‌کان ده‌وڵه‌مه‌ندبن به پرۆتین و فیتامین و چه‌وریه بێ زیانه‌کان و هتد…
وه فێری خورما خواردن بکرێن به‌تایبه‌تی له هه‌ر دوو کاتی پارشێوکردن و فتار کردن …
چونکه خۆشه‌ویستمان درودی خودای له‌سه‌ر بێت ده‌فه‌رموێت..
(نعم السحور الموءمن التمر)واته باشترین پارشێوکردنی موسوڵمان خواردنی خورمایه..
وه هه‌روه‌ها زانست ده‌ریخستوه که خواردنی خورما له دوای برسیبون ده‌بێته ڕێگر له بێهێزبون و کزبونی چاو .بۆیه به‌گشتی باشه که هه‌میشه مناڵه‌کانمان فێری خورما خواردن بکه‌ین..
5.فێری خۆڕاگریان بکه‌ین.
کاتێك که مناڵه‌که‌مان گوتی برسیمه ڕاسته‌وخۆ نه‌ڵێین فه‌رمو نان بخۆ خێرا ببینه هانده‌ر بۆ کۆتایی هێنان به ڕۆژو گرتنه‌که‌ی به پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵبده‌ین وره‌ی بهرزکهینهوهو بڵێین تۆ به‌هێزی تۆ پیاوی خۆڕاگربه زۆرمان نه‌ماوه به‌م شێوه‌یه هتد …یان هه‌وڵبده‌ین که سه‌رقاڵی بکه‌ین به شتێکه‌وه بۆ ئه‌وه‌یی له‌بیری چێت و خۆی بگرێت جا یاریێك بێت یان کار پێسپاردنێك بێت یان هتد…
هه‌روه‌كو ڕه‌بیعی کچی معوذ ده‌گێرێته‌وه.
("کنا نصوم و نصوم صبياننا الصغار منهم، ونذهب إلى المسجد، فنجعل له‌م اللعبة من العهن (أي الصوف) فإذا بكى أحدهم من الطعام أعطيناه إياه، حتى يكون عند الإفطار" (الحديث رواه البخاري ومسلم).
واته ره‌بیعی کچی معوذ ده‌فه‌رموێ .ئێمه به‌ڕۆژ و ده‌بوین وه له مناڵانی بچوكیش به‌ڕۆژو ده‌بون .وه ده‌چوین بۆ مزگه‌وت .وه یاریمان بۆ مناڵه‌کان دروست ده‌کرد له صوف ئه‌گه‌ر یه‌ك له مناڵه‌کان بگریابان بۆ خواردن یاریه‌کانمان ئه‌دا پێیان بۆ ئه‌وه‌ی پێی سه‌رقڵ بن تا کاتی ئیفتار ده‌هات .
جا بۆیه ده‌بێت ئێمه‌ش سه‌ره‌تا هه‌وڵی به‌رده‌وامی بده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژوه‌که‌ی ته‌واو بکات ئه‌گه‌ر زانرا له توانای دانیه ئه‌وه هه‌ر تهشجعی بکهینو به ئازا ناوی ببه‌ین که به‌ڕۆژو بوه ئه‌گه‌ر سه‌عاتێکیش بووبێت.
وه به هیج شیوه‌یه‌ك نه‌ی شکێنینهوه به قسه‌ی ناخۆش که گوایه نه‌ی توانیوه وه زۆریشی لێنه‌که‌ین له‌سه‌ر به‌رده‌وام بون که له‌توانای دانیه .
به‌ڵام به گوێری ته‌مه‌نی ساڵ دوای ساڵ زیاتر هه‌وڵی به‌رده‌وام بونی له‌گه‌ڵ بده‌ین به‌تایبه‌تی دوای ته‌مه‌نی 11 ساڵی تا 14 ساڵی مناڵ توانای هه‌یه تا ئێوه‌ره به ڕۆژو بێت و ده‌بێت زیاتر هه‌وڵی له‌گه‌ڵ بدرێت بۆ به ڕۆژوبون .
6.گرنکی دان به نوێژه‌کان.
زۆر پێویسته کاتێک مناڵه‌کانمان ڕاهێنانی ڕۆژو گرتن ده‌ست پێده‌کات زیاتر گرنکی بده‌ین به کردنی نوێژه‌کان بۆ ئه‌وه‌ی مناڵ نوێژه‌کان له کاتی خۆی بکات بۆ ئه‌وه‌ی بزانێت که ڕۆژو بێ نوێژ بی سوده وه چۆن ڕۆژو واجبه و گرنگه نوێژیش به هه‌مان شێوه .
7. مزگه‌وت و ته‌راویح.
زۆر گرنگه که مناڵه‌کانمان دڵبه‌ست بکه‌ین به مزگه‌وت جا له مانگی ڕه‌مه‌زان به هۆی ئه‌م هه‌موو ووتار و قهرهبالغیهی که له مزگه‌وته‌کان هه‌یه پێویسته ئه‌گه‌ر بگونجێت مناڵه‌کان به‌رین بۆ مزگه‌وت بۆ ئه‌وه‌ی به‌شدار بن له‌م خێر و خۆشی و به‌ره‌که‌ته‌ی له‌م مانگه و له مزگه‌وت هه‌یه وه ئه‌گه‌ر بکرێت بیان به‌ین بۆ نوێژی ته‌راویح و ڕایان بهینین له‌سه‌ر زندو کردنه‌وه‌ی ئه‌م سونه‌ته .
له کۆتایدا خودا مناڵی ئێمه‌ش و ئێوه‌ش بپارێزێ‌و سه‌رکه‌وتوی دونیا و دوا ڕۆژمان بکات ره‌مه‌زانیش له‌هه‌موو لایه‌ك پیرۆزبێت و ببێته مایه‌ی خیرو به‌ره‌که‌ت و خۆشی دونیا‌و دوا ڕۆژمان به‌ر لێبوردنی خودا بکه‌وین..
هیوادارم خۆمان و مناڵیشمان له دوعای خێر بێ به‌ش نه‌که‌ن له‌م ڕه‌مه‌زانه پیرۆزه‌دا و له‌شه‌وانی قه‌دردا..
سه رچاوه : یه کگرتوو
