له سه‌ده‌ی بيست و يه‌كدا چۆن خه‌ڵک ده‌عوه‌ت که‌ين؟ فقه الدعوه
له سه‌ده‌ی بيست و يه‌كدا چۆن خه‌ڵک ده‌عوه‌ت که‌ين؟ فقه الدعوه
نوسه‌ر : ماموستا عه‌لی ره‌حمانی
له کاتی چاوگێڕانم به گرووپی “احياء فقه الدعوه” له تۆڕی کۆمه‌ڵايه‌تی تهلگرامدا، له ناکاو سه‌رم له ناو کۆمه‌ڵێ براو خوشکی ئازيزمه‌وه ده‌رهێنا و ئاگادار بووم که باسی ئه‌م مه‌سه‌له ئه‌که‌ن.
چاوپێکه‌وتنی ئه‌م سێ وشه‌يه، منی خسته رامان و بيرکردنه‌وه له باره‌يانه‌وه، ئه‌ويش له‌م کاته ناسکه‌دا که بێداری ئيسلامی و بانگه‌وازی ئه‌م دينه لهقهيرانێکدايه. به بيری من مێژووی ئيسلامی قه‌يرانی وای که‌م به‌خۆيه‌وه ديبێ.
چاوپێکه‌وتن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسراوه‌و ئه‌و وشانه، لهلايهکهوه دڵخۆشی کردم، له لايهکیترهوه که بيرم له‌م دۆخه زۆر ئاڵۆزه‌ی جيهانی ئيسلام و بێداری ئيسلامی کرده‌وه، منی زياتر خسته ناو بيرکردنه‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه بوو هاتمه سه‌ر ئه‌وه‌ی که بازێ ده‌رده‌دڵ بکه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازيز و خۆشه‌ويستانه‌م که ئه‌و په‌يامانه ئهگهيهنن و باسی ئه‌که‌ن.
- له زۆر مێژه‌وه، باسی ده‌عوه و بانگه‌واز و فه‌هم و تێگه‌يشتن و زيندووکردنهوهی هه‌ر کام له‌م وشانه کراوه‌و ئه‌کرێ. نووسه‌ران، بانگخوازان و بيرمه‌ندان، هه‌ريه‌ک به ئه‌ندازه‌ی توانايی خۆيان، به بۆچوون و بهرداشتيان له‌و ده‌قه پيرۆزانهی که ئه‌و کهليمه و وشانه‌ی تيايه، ئاساری زۆريان خستوه‌ته به‌رده‌س موسڵمانان و کتێبخانه‌ی فيکری ئيسلامييان پێ رازاندووه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌مه‌نديان کردووه. خوا جه‌زای هه‌موو لايه‌کيان بداته‌وه، که هه‌ريه‌ک دهسهپارهيی خۆيی خستوه‌ته سه‌ر ئه‌و نووره که بۆ رۆشنايی ئه‌و رێگه هه‌ڵکراوه. هيوادارين خوا له نامه‌ی چاکهکانياندا بيان نووسێ.
- له پاش تێپه‌ڕبوونی1436 ساڵ به سه‌ر هه‌ڵهاتنی رۆژی ئيسلام‌دا، که ئێسته له سه‌ده‌ی 21 له سه‌رده‌می ته‌قينه‌وه‌ی عيلم و زانين و تهکنۆلۆژيدا ژيان ئهبهينه سه‌ر، له کاتێکا به فهرمايشتی دوکتور قهرزاوي، دونيا وه‌کوو ئاواييهکی لێهاتووه. وه له زه‌مانێکا که پهرازيتی زۆر ئه‌خرێته سه‌ر فيکری ئيسلامی و ئيسلام، له که‌ش و هه‌وايه‌کی ئاوادا، به‌کاربردنی ئه‌مجۆره کهليمانه و باسکردن له سه‌ر ئه‌م چه‌مکه به‌رزانه، چاوه‌ڕوانی زياتر دروس ئه‌کات بۆ رۆشن کردنه‌وه‌ی زياتری ئه‌و مهفاهيمانه، ئا له‌م رۆژگاره‌دا.
- جێگه‌ی باسه ئه‌مه‌ی که جگه له‌و ده‌قه پيرۆزانه که باسی ده‌عوه‌ت ئه‌کات، هه‌رچی نووسراو هه‌يه، به‌رداشته له‌و مهفاهيمانه که زانايان و بانگخوازان و نووسه‌ران و بيرمه‌ندان له درێژايی مێژوودا باسيان کردوه و بۆ ئێمه‌يان به‌جێهێشتوه، هه‌ر هه‌موويان به پێی بۆچوونی خۆيان و له سه‌رده‌می ژيانيانا و له کات و زه‌مانێکی دياريکراودا وتوويانه. زۆربه‌ی ئه‌و نووسراو و بۆچوونانه به گوێره‌ی نيازی ئه‌و رۆژگاره بووه که تيا ژياون. هه‌رچه‌ن بازێ له‌و نووسراوانه له‌وانه‌يه ئيستهيش کارايی خۆيان له‌ده‌س نه‌دابێ و که‌ڵکيان لێ وهرگيرێ، به‌ڵام زۆربه‌يان ئه‌مڕۆ ناتوانن نيازی ئێمه جێبه‌جێ بکه‌ن. چونکه ئه‌وان مرۆڤی رۆژگاری خۆيان بوون به گشت تايبهتمهندييهکهوه له‌و کاته‌دا. ئێمه‌يش مرۆڤی زه‌مانی خۆمانين به‌م گشته قه‌يران و گێژاوه فيکری و کۆمهڵايهتيهوه کهواين تيايا و له ناويا ئهژين و ده‌س و په‌نجه‌يان له گه‌ڵ نه‌رم ئه‌که‌ين، که پێشوه‌کان(پێشينيان) به خه‌ويش نهيانديوه تا رێگهچارهيان بۆ دياری که‌ن. هه‌ر وه‌کوو ئهزانين ڕاو بۆچوونهکانيشيان ده‌قه پيرۆزه‌کان نين تا له گشت رۆژگارێکا به پيرۆزی ته‌ماشا کرێن و پارێزگاريان لێکرێ و دهسيان لێنهدرێ. که‌وايه به فهرمايشتی دوکتور فه‌تحی يهکهن خوا لێی خۆشبێ، که له گۆڤاری موجته‌مه‌عی کووهيتدا نووسراوێکی هه‌يه، ئه‌فه‌رموێ: هه‌ر ده ساڵ جارێ ئه‌بێ قسه و وتار و شێوه‌ی بانگه‌واز بگۆڕيه، چونکه بينه‌ر و بيسهری ئێمه گۆڕاون و ئهگۆڕيهن. هه‌ر له‌مباره‌وه ئه‌ڵێ: نووسراوی ساڵه‌کانی حه‌فتای زايينی که‌متر به‌که‌ڵکی ساڵه‌کانی هه‌شتا و نه‌وه‌تی زايينی دێت. به‌ڕاستی وائه‌زانم ئه‌گه‌ر ئێسته له ژيانا بوايه ئه‌و ده‌ساڵه‌ی ئه‌کرد به چوار پێنج ساڵ. چونکه عيلم و ته‌کنۆلۆژی و زه‌مان و نيازهکان و پرسياره‌کان ئه‌وه‌نده سهريع وئازا و به توندی ئهگۆڕێهن، هه‌ر فرهئاساييه که خه‌ڵکيش له گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا بگۆڕيهن. هه‌ر به‌وشێوه و زياتريش پێويستی به‌و گۆڕانهيش له زوان و وتار و قسه و بانگه‌واز و که‌ره‌سه‌ی دهعوهتا هه‌يه. هه‌ر له‌م زهمينهدا، دوکتۆر قه‌رزاوی دوو کتێبی زۆر نايابی هه‌يه به‌ناو “خطابنا الاسلامی فی عصر العولمه” و “الصحوة الاسلامية من المراهقة الی الرشد”. ئه‌م دوو کتێبه به‌ڕاستی ئه‌بێ به وردی ته‌ماشا بکرێن و ديراسه و لێکۆڵينهوهيان له سه‌ر کرێ و به‌رڕه‌سی بکرێن. وه هه‌ر له‌و زهمينهدا نووسراوێکی بيرمه‌ندی گه‌وره، دوکتۆر عسام بشير هه‌يه که له ناوه‌ندی فيکری ئيسلامی وه‌سه‌ت باسی کردووه. ئه‌مانه‌و نموونه‌يان به تايبه‌تی بۆ مامۆستايان و بانگخوازان زۆر پێويسته بيانخوێننهوه. له گه‌ڵ چاکی ئه‌و دوو کتێبه‌دا که ئه‌ڵێم، خۆتان ئه‌زانن ئه‌گه‌ر ئائێسته بينووسينايه، ئاڵوگۆڕی تيا ئه‌کردن و به‌م شێوه نه‌ئه‌بوون که ئێسته وان له به‌ر ده‌ستا. چونکه بازێ شت روويداوه که نياز به رانوومايی تازه‌تر هه‌يه له‌مباره‌وه. پرسياری تازه وڵامی تازه‌ی ئه‌وێ. ئاڵ و گؤڕی راو بۆچوونه‌کان له مێژووی فيکری ئيسلاميدا له ناو زانايانا هه‌ر له ژيانی خۆيان‌دا شتێ غه‌ريب و نامۆ نيهو، بووه و هه‌يه، هه‌ر زۆر ئاساييه بوونهکهي، وه ئێسته‌يش ئه‌بێ ببێ.
لێره‌دا به پێويستی ئه‌زانم که ئاماژه بکه‌م به فهرمايشتێکی بيرمه‌ندی گه‌وره‌ی وڵاته‌که‌ی خۆمان، کاک ناسر، خوا لێی خۆشبێ، که بۆ لابردنی به‌شی عه‌ره‌بی خوتبه‌ی جومعه له کوردوستاندا ئه‌يفه‌رموو:” خوتبه‌و وتار ئه‌وه‌يه به زوانی ئه‌و خه‌ڵکه و دانيشتوان بێ بۆ ئه‌وه لێی حاڵی بن، ئهگينه ئه‌وه موتبهيه، خوتبه نيه!”
- هه‌موو لا ئهزانين پايه و بنه‌ڕه‌ته‌کانی ده‌عوه‌ت سابتن و ناگۆڕيهن، به‌ڵام شێوه‌کانی ده‌عوه‌ت و بانگکردن نابێ سابت بن، چونکه به زه‌ره‌ره و ئه‌ده‌بياتی ده‌عوه‌ت ئه‌بێ هه‌ميشه ئاڵوگۆڕ بێت به سه‌ريا.
فيقهی ده‌عوه يانێ چاک تێگه‌يشتن له‌و دهقهپيرۆزانهی که باسی ده‌عوه‌ت ئه‌که‌ن و وان له به‌ر دهسمانا و هه‌ميشه هه‌ن و کهڵكيان لێ وهرئهگيرێ و کارايی خۆيان هه‌يه و له هه‌موو رۆژگارێکا وه‌کوو ئه‌ساس ئه‌بێ موسڵمانان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ريان، بۆ ئه‌وه‌ی که بيانخه‌نه کار. کاتێ تێکه‌ڵ به ژيانيان کردن ئه‌و ده‌قانه به زيندوويی رائه‌گرن، به‌ڵام کاتێ به کارمان بردن، ئه‌وه تێکه‌ڵی ئه‌که‌ين له گه‌ڵ بۆچوونی خۆمان و ليباسی به‌شه‌ری ئه‌که‌ين به بهريانا. وه‌کوو محمدبنالمختار الشنقيطی له کتێبی” الخلافات السياسيه بين الصحابه: رساله فی مکانه الاشخاص و قدسيه المبادئ” ئه‌ڵێ: ته‌نانه‌ت به نيسبهتی پێغهممهريشهوه له گه‌ڵ ئه‌و گشته گهورهييهوه که هه‌يه‌تي، کاتێ ئه‌و ده‌قه پيرۆزانهی قورئان ئه‌خاته کار و جێبه‌جێيان ئه‌کات و تێکه‌ڵی ئه‌کات به ژيان و زهمينييان ئه‌کات، بهشهريبوون به‌و دهقهپيرۆزانهوه ده‌رئه‌که‌وێ. له گه‌ڵ ئه‌م جياوازييهدا که به نيسبهتی پێغه‌ممه‌ره‌وه هه‌يه، ئه‌مه‌ی که هه‌ميشه خوای گه‌وره ده‌ستی پێوه بوه و چاودێری کردوه‌و له هه‌ڵه پاراستوويهتی و يادئاوهری پێداوه، به‌ڵام بۆ باقی موسڵمانان ئه‌م تايبهتمهندييه نيه. که‌وايه هه‌ر ئه‌مانه‌و نموونه‌يان بوون به ئه‌ساس بۆ دروسبوونی فيکری ئيسلامي، تا گه‌يشتوه‌ته ئێره‌و له‌مه‌و دواش هه‌روا ئه‌ڕوات. وه‌ئه‌م شته هه‌روا په‌ره‌ی سه‌ند، به‌تايبه‌تی له پاش نه‌مانی شوورا و خوله‌فای راشدين تا ئێسته، که بازێ له عورف و عاده‌تی ناله‌بار تێکه‌ڵ بوون به فيکر و فه‌رهه‌نگی ئيسلامي، له هه‌مان کاتا له گه‌ڵ رۆحی دينيشا سازگار نين، که به دوورکه‌وتنه‌وه‌مان له عه‌سری سه‌عاده‌ت ئه‌م شته‌ی زياتر پێوه دياره، تا ئه‌و راده گه‌يشتوه هه‌ر وڵاتێ تايبه‌ت به خۆی بازێ شت تێکه‌ڵ بووه به فيکری ئيسلامي، وه‌ها جێگه‌ی گرتووه باسکردن و جياکردنهوهيان له ئيسلام زۆر دژوار بووه. ـ ئه‌ڵبه‌ته ئالهگرهدابهجێگهيه بڵێم له باسی عورفا، که ئيسلام عورفی سه‌حيح و ره‌سه‌ن و پاک و خاوێن و دوور له خهڕافات به ره‌سمی ئه‌ناسێ و ده‌ستووری پێداوه، وه‌کوو ئه‌فه‌رموێ:”… … “
[ئه‌عراف/199 ][…فهرمانيش به باو و نه‌ريتی چاک بده…]
ته‌نانه‌ت بازێ له زانايانی ئوسووڵ، به يه‌كێ له به‌ڵگه‌کانی شه‌ريعه‌ت دايانناوه. تاييدی عورفی سالم و پاڵافته کردن و پاککردنهوهيان له عورفی ناسالم له مێژووی ئايينه ئاسمانيه‌کان و ئيسلام‌دا شتێکی غه‌ريب نيه. سه‌ره‌ڕای ئهميشه تاييدی عورفی سالم نرخدانانه بۆ عه‌قڵی ئه‌و خه‌ڵکه. هه‌ر وه‌کوو ئهميشه ئهزانين که عورف و عه‌قڵه‌کان و سهمهرهکانيان و ئاسهوارهکانيان له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکیتر، وه له کۆمهڵگايهکهوه تا نيشتمانێکیتر جياوازی زۆر به‌دی ئه‌کرێ. که‌وايه عورفی سالم هه‌م دين تاييدی ئه‌کات، هه‌م عه‌قڵ. که باسی ئه‌مه ئه‌بێ به جيا کرێ.ـ.
به‌ڵام هه‌ر وه‌کوو وتم تێکه‌ڵ بوونی شتی بێئهساس به‌و مهفاهيمه راست و پاکانه ئه‌وه‌نده ئاڵۆزی دروس کردووه، بيسراوهو وتراوه که ئه‌ڵێن: ئيسلامی خه‌ليج[که‌نداو]، ئيسلامی عه‌ره‌بستان، ئيسلامی پاکستان و تاڵه‌بان، ئيسلامی ئێران، و هه‌روه‌ها بۆ هه‌رکام له‌مانه بازێ فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی و خۆماڵی ئه‌و وڵاتانه‌ی پێوه ئاڵاوه، به روونی پێوه دياره، تا ئه‌و راده گهييوه بازێ شت تێکه‌ڵ بووه به دين بۆ بازێ له موسڵمانان وه‌کوو ئه‌سڵی دينی لێهاتووه و به نرخه‌وه تهماشايان ئه‌کرێ، نه‌ک ته‌نيا ئه‌مه، به‌ڵکه ره‌نگدانه‌وه‌ی بازێ شتی حه‌ره‌کی و بۆچوونی حه‌ره‌کی که‌سايه‌تيه حهرهکيهکانيش بۆ بازێ له شوێنکهوتوانيان خه‌ريکه جێگه‌ی ده‌قه پيرۆزه‌کان بگرێته‌وه‌و باسکردنيان بڤه بێت!
برايهک بۆی گێڕامه‌وه که له سه‌فه‌رێکی يه‌ک مانگه‌دا، له گه‌ڵ چه‌ن برای موسڵماندا ئه‌چێ بۆ پاکستان، له دانيشتنی ساڵانهياندا به‌شداری ئه‌کات. ئه‌و برا فه‌رمووی به چاوی خۆم بينيم و درۆ ناکه‌م که له جێگهيهکدا سيواکی دهسهجهمعیيان دانابوو. په‌تێکی پێوه به‌سرابوو، ئه‌و سه‌ری په‌ته‌که به‌سرابوو به مێخێکهوه له جێگه‌ی دهسنوێژا، هه‌ر که‌س ئه‌هات سوڕی ئه‌دا له دهميو ئه‌ڕۆيشت.
ئه‌مه نموونهيهک له‌و هه‌زاران نموونانه که چووه‌ته ناو فيکری ئيسلاميهوه که بۆ باسکردن ناشێن و که‌سانێک ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن، ئه‌يانه‌وێ له سه‌ده‌ی بیست‌و يه‌کدا لاوان و خه‌ڵك و خوێنه‌واران بانگ که‌ن بۆ لای ئه‌و ئيسلامهی به‌بۆچوونی خۆيان!
ئه‌نجامدانی کارێکی وا له سه‌رده‌می عيلم و زانين و پێشکه‌وتنی پزشکیو تهندورستيدا به ناوی ئيسلام و سوننه‌تی پێغه‌ممه‌ره‌وه، ئه‌وه‌نده ناشيرينه که به هيچ شێوه‌يه‌ک سيواک کردنی وا نابهسرێ به پێغه‌ممه‌ره‌وه. جا ئه‌وه‌ش که زۆر جێگه‌ی سه‌ر سڕمانه ئه‌و کاره دزێوانه که لکێنراوه به ئيسلام و پێغه‌ممه‌ره‌وه، به ئيهانهتيش ته‌ماشا ناکرێ!
خوانه‌خواسته، له‌م به‌سه‌ر هاته ئه‌وه‌م مه‌به‌ست نيه که تهحقيری ئه‌و موسڵمانانه بکه‌م. “په‌نا به‌خوا”. به‌ڵام ئه‌بێ ئه‌مه قه‌بووڵ که‌ين که عورف و عاده‌تی ناله‌بار تێکه‌ڵ بووه به ئيسلام. به ناوی ئيسلامه‌وه و له سه‌ر حه‌سابی ئيسلاميش ئه‌نووسرێ.
- «إحياء فقه الدعوه»: فيرووزئابادی له قامووسهکهيدا ئه‌ڵێ: ريشهی فقه له جێگهيهکدا به‌کار ئه‌برێ که دژوارتر و دهقيقتر و عهميقتر بێ.
راغيب ئه‌ڵێ: فقه خاستره له عيلم. له سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه ئه‌کرێ مانای جۆراوجۆريان لێکرێ. هه‌ر چه‌ن بازێ لهماناکان پێچه‌وانه‌ی ئهساسو ريشهی کهليمهکانيش بێ. به‌ڵام هه‌ر باسی ئه‌که‌م. بۆ رۆشن بوونه‌وه‌ی شته‌که و زه‌مينه فه‌راهه‌مکردن بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌مه‌وێ له‌م نووسراوه‌دا باسیکه‌م.
«إحياء فقه الدعوه» يانێ چاک تێگه‌يشتن له‌و ده‌قه پيرۆزانه و جێ به‌جێ کردنيان له ژيانی رۆژانه‌دا و بانگ کردنی خه‌ڵک بۆ لای.
«إحياء فقه الدعوه» يانێ زيندووکردنهوهی ئه‌و وهساييل و که‌ره‌سانه‌ی که له سه‌رده‌می پێغه‌ممه‌ر و ياران و شوێنکه‌وتووانی ئه‌وانا به‌کاريان بردون بۆ بانگه‌واز، ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌وانه بگرين به‌ده‌سته‌وه،_ که‌ئه‌م مانايه جێگه‌ی بيرکردنه‌وه‌يه و دوورمان ئه‌خاته‌وه له رۆحی مه‌سه‌له‌که._
«إحياء فقه الدعوه» يانێ زيندوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌خلاقه جوان و ئاکاره بهرزانهيه که ياران و شوێنکه‌وتوانی ئه‌وان بوويانه، که هه‌ر ئه‌و تايبه‌تمه‌نديانه بوو، بوون به هۆی ئه‌وه چوونه ناو دڵی خه‌ڵکه‌وه‌و هيدايه‌تيان کردن و ئه‌و ئيسلامهيان گه‌ياند.
«إحياء فقه الدعوه» يانێ خۆمان به‌ينه‌وه ئه‌و که‌ش و ههوايهی که ئه‌و گهورهگهلهی تيا ژياون، له لايه‌نی کۆمه‌ڵايه‌تی و ئابووری و شێوه‌کانی ئيداری و ژيان و ئاوه‌دانی و زۆر شتی‌تر، که ئهميشه زۆر دوورمان ئه‌خاته‌وه له خه‌ڵک و ژيان و له کاروان زياتر دوور ئهکهوينه وه.
«إحياء فقه الدعوه» يانێ زيندوو کردنه‌وه‌ی شێوه ی قسه‌کردن و ئه‌ده‌بياتی وتاری و گوفتاريان و هه‌ر به‌و شێوه خه‌ڵک ده‌عوه‌ت که‌ين که ئه‌وان کردوويانه. که ئه‌م مانايه زۆر دوورمان ئه‌خاته‌وه و کارايی ده‌عوه‌ت که‌م ئه‌کاته‌وه و موسڵمانان غه‌ريب ئه‌که‌ون.
هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌و زياد لهمانيشه جێگه‌ی بيرکردنه‌وه‌يه و ئه‌بێ به‌وردی لێکۆڵينهوهيان له‌سه‌ر بکرێ و شی بکرێنه‌وه و کاری پسپۆڕی و کارناسييان له سه‌ر بکرێ.
- خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێ:« ودخلوا البیوت من ابوابها»، وائه‌زانم ئه‌م ئايه‌ته زۆر يارمه‌تيمان ئه‌دات بۆ چوونه‌ناو ئه‌م باسه‌وه. ئه‌وه‌ی که‌زۆر گرينگه له‌مباره‌وه، گه‌ياندن و جێبه‌جێ کردنی په‌يامی خوايه، به هه‌ر شێوه‌يه‌کی موناسب و مه‌شرووع و حهکيمانه له سه‌ر ئه‌ساسی چاوڕۆشنی.
هه‌موولا ئهزانين موسڵمان ئه‌بێ بگه‌ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی چۆن زه‌مينه‌ی هيدايه‌تی خه‌ڵك فه‌راهه‌م کات و چۆن ئه‌م دينه بگهيهنێ و کارێ بکات که کۆمه‌ڵگه گوێی بۆ بگرن و قه‌بووڵی که‌ن.
له‌مباره‌وه ئهتوانين دوو شتی زۆر ئه‌ساسی و سه‌ره‌کی باسکهين.
يه‌که‌م: خۆشه‌ويستی بۆ خه‌ڵك، سه‌رفه‌نه‌زه‌ر له ره‌نگ و نه‌ژاد و ره‌گه‌ز و عه‌قيده و بيروباوه‌ڕ، وه پيشاندانی ئه‌و خۆشهويستييه و خستنه‌کاری به زوان و ئه‌خلاقی ئيجتيماعي، له‌به‌ر ئه‌وه که خۆشه‌ويستی و سۆز شتێکی ده‌روونييه و به کرده‌وه و گوفتار نه‌بێ نابينرێ و نازانرێ.
دووهه‌م: به ده‌م خه‌ڵکه‌وه بوون و خزمه‌ت پێيان به ئه‌ندازه‌ی توانايی و لابردنی سته‌م له سه‌ريان. ده‌رمان کردنی ده‌ردوو ئاسان کردنی گرفت و ناڕهحهتيهکانيان. ئه‌مانه‌و نموونه‌يان کۆمه‌ک ئه‌که‌ن به‌وه‌ی که موسڵمان بچيتهناو دڵی خه‌ڵکه‌وه. وه ئه‌وه‌ش ئهزانين که کۆمه‌ڵگه نيازيان به‌م شتانه هه‌يه. هه‌ر وه‌کوو له قورئانيشهوه ئه‌مه به روونی و رۆشنی ده‌ر ئه‌که‌وێ. وه‌کوو ئه‌فه‌رمێ:« » ئه‌م ئايه‌ته راسته‌وخۆ ئاماژه ئه‌کات به‌و شتانه‌ی که پێوه‌ندی هه‌يه به ژيانی کۆمه‌ڵايه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه، وه جه‌خت ئه‌کات له سه‌رئه‌نجامدانی ئاسايش و ئارامش بۆ کۆمه‌ڵگا. قورسايی و سهنگينی ئه‌م دوو دێوهزمهيه، يانێ هه‌ژاری و نه‌بوونی ئازادی و ئهمنييهت، که هه‌ميشه له درێژايی مێژوودا پشتی خه‌ڵکيان شکاندووه، فهقيری و هه‌ژاری و ژێرده‌سته‌بوونی ئه‌م و ئه‌و کارێکی کردووه، ئه‌گه‌ر بزانن و ببينن که‌سێ دێ به هاواريانهوه، وه دڵسۆزانه و بێتهماع، ئه‌م دوو به‌ڵا له سه‌ريان لائه‌بات، يان لانی که‌می هاوده‌ردييان له گه‌ڵ ئه‌کات،ئارامش بۆ ده‌روون و ئاوه‌دانی بۆ ناو ماڵ و کۆمهڵگايان درووس ئه‌کات، زه‌مينه‌ی قه‌بووڵکردنی ئيسلام چاکتر فه‌راهه‌م ئه‌بێ. به‌ڵام به بوونی ئه‌م دوو به‌ڵايه له کۆمه‌ڵگه‌دا، به‌تايبه‌تی ئاله‌م رۆژگاره‌دا و له وڵاتانی ناوهڕاستو به ناو ئيسلامييهکاندا،خه‌ڵکی فه‌قير ناتوانن له سه‌ر پێی خۆيان بوه‌ستن. به‌ڵێ گرفت زۆره و ناڕهحهتيهکان له ئه‌ژمار نايه‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی گرفته‌کان له‌م دوو به‌ڵا ره‌شه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرن و ئه‌ته‌نێته‌وه.
- مه‌علوومی ههموولايهکه نه‌خۆشين و ده‌رده‌کانی ئه‌ندام و لاشه و جيسم جياوازن، هه‌ر وه‌کوو ده‌ردوو نه‌خۆشينه دهروونييهکانيش وان و جياوازی به‌دی ئه‌کرێ له نێوانيانا، وه هه‌ر ئه‌م ئافه‌ت و نه‌خۆشينه فيکری و کۆمهڵايهتيانيشه به نيسبهتی کۆمه‌ڵگا و تاکهکانيشهوه جياوازی هه‌يه، هه‌ر وه‌کوو به نيسبهتی زه‌مان و رۆژگارهکانيشهوه هه یه ئه‌م شته به‌ته‌واوی روون و ئاشکرايه.
کاتێ ئه‌مه‌مان زاني، به ئاسانی قه‌بووڵی ئه‌که‌ين که ده‌رمانه‌کان و شێوه‌ی ده‌رمانکردن و ره‌وشی به‌رگری له‌و ئافه‌ت و ده‌ردانه زۆر جياوازن و ئه‌بێ به پێی زه‌مان و رۆژگار‌و کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کان و بنه‌ماڵه‌کانه‌وه جياوازی ببێ.
که‌وايه ئه‌بێ چاک بزانين هه‌ر به‌و نيسبهتيشه بۆ ئاڵوگۆڕی شێوه‌ی وتار و ده‌عوه‌ت و بانگه‌واز پێويست ئه‌کات. چونکه بيسه‌ر و بينهرهکانمان گۆڕاون، هه‌ر وه‌کوو رۆژگار گۆڕاوه. ئه‌بێ ئه‌ده‌بياتی ده‌عوه‌ت و شێوه‌کانی بانگکردن گۆڕان بێ به‌سه‌ريا.
هه‌موولا ئهزانين خه‌ڵک و زه‌مان و شێوه‌ی ژيان و بيرکردنهوهو ده‌رده‌کان و نه‌يارانی دين و که‌ره‌سه‌ی به‌ربه‌ره‌کانێ و رووبه‌ڕوو بوون له گه‌ڵ دينا و زۆرێکیتريش گۆڕاوه. وه ئاڵوگۆڕ هه‌موو شتێکی گرتوه‌ته‌به‌ر و پرسيارهکانێش گۆڕاون. ته‌نانه‌ت پرسياری ئه‌مڕۆ هينی دوێنێ نييه،چ جای ئه‌وه زۆر بچينه دواتره‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌وردی ته‌ماشايه‌کی مێژووی فيکری پڕ له هه‌وراز و نشێوی ئيسلامی بکه‌ين و ديققهت بکه‌ين له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که له درێژايی زه‌ماندا هاتووه به‌سه‌ريا، به‌چاکی بۆمان ده‌رئه‌که‌وێ که هه‌ر نووسراوێکی فيکري، به رۆشنی نيازی سه‌رده‌می خۆيی پێوه ده‌رئه‌که‌وێ. ئه‌و بيرمه‌ندو نووسه‌ره، مرۆڤی سه‌رده‌م و رۆژگاری خۆی بووه و وڵام پرسيارو نيازهکانی سه‌رده‌می خۆيی پێوه دياره. وه ئه‌و ئاڵوگۆڕه له ته‌واوی سه‌ده‌کان و نووسراوه‌کان و شێوه‌ی نووسينهکان و فيکری و بيرو بۆچوونه‌کان به چاکی ده‌رئه‌که‌وێ، جياوازييه‌کان.
له سه‌ره‌تای هه‌ڵهاتنی رۆژی ئيسلامه‌وه، خوێنه‌واره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا و که‌سانێ که نووسينيان بزانيبايه، ئه‌ويش به‌و شێوه زۆر سه‌ره‌تاييه، به په‌نجه‌ی ده‌س ئهژمێريان. به‌ڵام ئێسته سه‌ده‌ی بيستو يه‌که. خوێنه‌واری و ئاساره‌کانی عيلم و زانين هه‌موو جێگه و شوێن و کون و قوژبنێکی داگرتووه. وشکايی و به‌رزايی و نزمايی و بان و خوار، شه‌و و رۆژ، ده‌روون و بێروون، قووڵايی دهرياکان، ئا له‌م رۆژگاره‌دا به هه‌زاران رشته‌ی ته‌خه‌سوسی عيلمی هه‌يه و ئه‌خوێندرێ که رۆژگارانی رابردوو و سه‌ده پێشوه‌کان نه زانيويانه، نه بيستوويانه. له‌وانه‌يه به خه‌ويش نهيانديبێ.
ئه‌گه‌ر به‌مشێوه بڕوا، به فهرمايشتی يه‌کێ له زانايان، ئه‌گه‌ر به‌شه‌ر نه‌بێ به به‌ڵا بۆ گيانی خۆي، هێشتا گڕوگاڵ ئه‌کات. که‌وايه وڵامی پرسياره‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌و چاره‌ی ده‌رده‌کانی ئه‌مڕۆ له ئاسار و شوێنه‌وار و نووسينی نووسه‌رانی رابردوا که‌م ده‌س ئه‌که‌وێ.
له سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه، دروشمی ئه‌مڕۆمان بکه‌ين به‌مه که: ئه‌مڕۆ و ئێسته له سه‌ده‌ی بيستويهک، چۆن خه‌ڵک بانگ بکه‌ين بۆ لای دينی خوا؟ باسی چی بکه‌ين وه له کوێوه ده‌س پێ بکه‌ين؟
- گرفت و ده‌رده‌کان زۆرن. کێشه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌بوونی ئهمنييهت و ئازادييه، نه‌بوونی عه‌داڵه‌ت و داده له کۆمه‌ڵگه‌دا و فه‌قیری و هه‌ژاری و برسيهتييه. بوونی چينايه‌تی و ته‌به‌قات و بان و خواری ناو کۆمه‌ڵگايه، ژێرپێ خستنی مافی مرۆڤ و زوڵم و سته‌مه. گرفتی ئه‌مڕۆ نه‌زانانه ديفاع کردنه له دين. ناشيرين پيشاندانيهتی. گرفتی ئهمڕۆئهوهيه که موسڵمانان رووبه‌روون له گه‌ڵ هه‌زاران پرسياردا، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و پرسيارانه، راو بۆچوونی لاوازی ناو فيکری ئيسلامی درووسی کردوون. له ناو دڵی خۆمانه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌و بوون به به‌ڵا بۆ گيانی خۆمان و هه‌ڵقوڵاوی ته‌ئريخی فيکری ئيسلامهتييه، ئيسلامه‌تی مێژوويي ئێمه‌ی گه‌ياندووه به‌م رۆژه ناخۆشه، نه‌ک ئيسلام و قورئان. وه بازی ريوايه‌تی لاوازيش پاڵپشتيانه، وه ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته که‌سێکيش ده‌م کاته‌وه و بڵێ ئه‌مشته لاوازانه په‌يوه‌ندی به ئيسلامه‌وه نييه، ئه‌وه ئيتر مه‌گه‌ر خوا بيپارێزێ!
- گرفتی ئه‌مرۆ ئه‌وه‌يه که بازێ که‌سايه‌تی ئيسلامی و نووسه‌رانی ئيسلامی هه‌ن، له‌باره‌ی ژنه‌وه، که نيوه‌ی کۆمه‌ڵگان، هه‌ر وه‌کوو ده‌وره‌ی به‌رد(عه‌سری حه‌جه‌ر) بير ئه‌که‌نه‌وه.
هه‌ر حه‌ره‌که‌تێ ژن له مه‌يدانی ژيانا بکاته ده‌ره‌وه‌و به‌شداری نه‌کات له کاره‌کانی سياسی و کۆمه‌ڵايه‌تی و ئيداری و ئابووری و چاکسازيدا و به‌شدار نه‌بن له‌م لايانهدا و جێگه ده‌ستيان ديار نه‌بێ، ئه‌و حه‌ره‌که‌ته دواکه‌وتووه، له لايه‌نی فيکرييهوه قسه‌ی له‌سه‌ره‌و به ده‌ردی ژيان ناخوات له‌م رۆژگاره‌دا و زه‌مانێ ئه‌بێ که کوێر بێته‌وه.
- گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌يه که زۆربه‌ی جوانه‌کان و لاوان به‌بۆنه‌ی ناشيرين پيشاندانی ئيسلامه‌وه، له ئيسلام و موسڵمانان رائه‌که‌ن. وه ئه‌وه‌يه که بازێک له بانگخوازان ئه‌ده‌بيات و زوانی لاوان نازانن و حاڵی نابن و تێناگه‌ن له يه‌کتر وه له‌م رووه‌وه، لاوان ناتوانن ده‌رده دڵ بکه‌ن له‌لايان.
- گرفتی ئه‌مڕۆ کێشه‌ی په‌روه‌رده‌و بارهێنانی منداڵه، که ئه‌و به‌رنامه‌و ره‌وشته سوننهتييانه وه ئه‌و نووسراوه رابردووانه، کاراييان نه‌ماوه و زۆر که‌م جواب ئه‌ده‌نه‌وه.
- گرفتی ئه‌مڕۆو به‌ڵای قه‌ڕن، ماده هۆشبه‌ره‌کانه که خه‌ريکه بناغه‌ی بنه‌ماڵه له بێخ ده‌ردێنێ، وه خه‌ڵكێکی زۆر پێوه گيرۆدهيه. که به‌داخه‌وه له بڵندگۆی مزگه‌وته‌کانه‌وه به ئه‌ندازه‌ی خۆپاککردنه‌وه و چوونه سه‌رئاو نابيسرێو باسی لێناکرێ، که ئه‌م به‌ڵا ره‌شه چه‌نده مهترسيدارو ماڵوێرانکه‌ره.
- گرفتی ئه‌مڕۆ قه‌يران و بوحرانی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌يه، که خه‌ريکه ئه‌ڕووخێ و وێران ئه‌بێ. جيابوونه‌وه‌ی ژن و پياوو ته‌ڵاق و سه‌رلێشێواوی و سه‌رگه‌ردانی مناڵ خه‌ريکه ببێ به مۆد. به باس‌و دووباسی سهرپێيی و ئاماژه‌کردن، بێباسکردنی ريشهکانی چاره‌سه‌ر نابێ. وه به‌ڕاسی زۆربه‌ی بانگخوازانيش له‌م زهمينهدا سه‌ريان ده‌ر ناچێ و کۆڵه‌وارن. که‌وايه ئه‌ڵێمه‌وه ئه‌م دروشمه به‌رز کهينهوهو بڵێين چۆن بانگی خه‌ڵک بکه‌ين بۆ لای ئيسلام له سه‌ده‌ی بيستويهک دا.
- گرفتی ئه‌مڕۆ، دوورکه‌وتنه‌وه‌ی موسڵمانانه له قورئان و ته‌ده‌بور نه کردن تيايا، تا ئه‌و راده گه‌يشتووه که به ئه‌ندازه‌ی ئاگاداريمان و خه‌ريک بوونمان به کتێبی خه‌ڵك و نووسراوی نووسه‌ران و که‌سايه‌تی ئيسلامييه‌وه، يه‌ک ده‌رسه‌دی ئه‌وه ئاگادار نين له قورئان و بيری لێ ناکهينهوهو وه‌ختی بۆ ته‌رخان ناکه‌ين. بهينی خۆمان و خوا، خۆمان قازی خۆمان بين، هينی وامان نييه له 24 ساعه‌تا له‌وانه‌يه پێنج شه‌ش سه‌عات زياتر يان که‌متر له سه‌ر ئينتێرنێتهو سه‌رگه‌رمی ناو ئه‌و شه‌به‌که کۆمهڵايهتيانهيه، قسه‌و نووسراوی خهڵکو يه‌كتر ئه‌خوێننه‌وه و زۆرشتیتر،باسی ئه‌وه ناکه‌م کهچهندهی به که‌ڵک بووه، تا لهقيامهتا ديفاعی لێبکات. ئه‌وه هه‌ڵگیراوه بۆ رۆژی خۆي، له‌وێ پێمان ئه‌وترێ:«اقرا کتابک»، يان « » الکهف/49 من ئه‌مه‌وێ ئه‌مه بڵێم، چه‌ن ده‌رسه‌دی ئه‌وه گوێ ئه‌گرين بۆ خوا‌و ئهچينه ناو قورئانه‌وه و ته‌ده‌بوری تيا ئه‌که‌ين؟ ئه‌مه بۆ داچڵه‌کان ئه‌ڵێم. با بيرکهينهوه که چۆن وه‌ختمان ئه‌گيرێ به په‌يام و گووشیو کورتهپهيامو خوێندنه‌وه‌ی قسه‌ی خه‌ڵک و شتی‌تر!
که له ژماره نايه‌ن ئه‌و شتانه‌ی که کاته‌کانمان زۆرجار به فێڕۆ ئه‌ده‌ن.
شاعيرێکی کورد ئه‌ڵێ:
وه‌کوو بازێ که‌س، من دڵخۆش نابم
کاتێ تهقويمی تازه يهنن بۆم
چونکه ئه‌زانم له عومری عه‌زيز
ساڵێ رۆييوهو ئه‌شێ من برۆم
هه‌ی به‌بێ قازانج، دهسمايهکهم رۆ
هه‌ر رۆژێ سه‌دجار بۆ خۆم ره‌نجه‌ڕۆ.
بۆ نموونه: ئه‌گه‌ر نووسه‌ر و دانه‌رێ، کتێبێ، نووسراوێ، به دياری بده‌ن پێمان، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و نووسه‌ره به‌مکاره‌ی رێزی بۆ ئێمه داناوه، زۆر سوپاسی ئه‌که‌ين وه هه‌ر کاتێ ئه‌و ههديهمانه به‌ر چاوکهوێتهوه، يادی خێری ئه‌که‌ين. وه خۆشمان به لێپرسراو ئهزانين که ئه‌و نووسراوه بخوێنينه‌وه، بۆ ئه‌وه بزانين چی تيايه. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش بێ نه‌وه‌کوو رۆژێ پرسيارمان لێکات و بڵێ: ئه‌رێ ئه‌و نووسراوه‌تان خوێنده‌وه؟ پێم خۆشه بزانم راتان چييه له باره‌ی ناوه‌ڕۆک و بۆچوونهکانمهوه؟
ته‌نيا له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بێ هه‌وڵ ئهدهين که ئه‌و نووسراوه بخوێنينه‌وه، وه ئه‌گه‌ر که‌سێکيش داوای ئه‌و نووسراوه‌مان لێکات، ئه‌ڵێين ههدييهيه! وه ئه‌گه‌ر نووسراوهکهيش شتی باشی تيا بێ، کاتێ چاومان که‌وت به نووسه‌ره‌که، ده‌ستی خۆمان پێش ئهخهين و زۆر سوپاسی ئه‌که‌ين.
ده‌ی ئالهگرهدا بهجێگهيه کڵاوی خۆمان که‌ين به قازي، بهرابهرييهکی ئه‌مه بکه‌ين و لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی دهقيق بکه‌ين له گهڵقورئانی خوای گه‌وره‌دا که بۆ هيدايه‌تی ئێمه ناردوويهتی!
به‌داخه‌وه، مهزههبگرايی و شوێنکه‌وتنی بيروڕای ئه‌م و ئه‌و، چ فيقهي، چ فيکري، چ حه‌ره‌کی و وه‌خت به‌سه‌ر بردنمان به‌مانه، جێگه‌ی قرئانی گرتووه‌ته‌وه. خوا بمانپارێزێ له‌و رۆژه: « » الفرقان/ 30 وه به يارمه‌تی خوا بچينه ريزی ئه‌م کاروانه‌وه:« » الفرقان / 73
- گرفتی ئه‌مڕۆ: په‌ره‌سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی بيری توندڕه‌وی و کرده‌وه‌ی توندڕهوانهيه، به ناوی ئيسلامه‌وه، درگای گرتووه به موسڵمان. ئه‌بێ کارناسانی فيکری ئيسلامی کاری له‌سه‌ر که‌ن. وه نامۆ بوون و بێگانه بوونی ئه‌م بيره به ئيسلامه‌وه رۆشن کرێته‌وه، به رۆشنکردنه‌وه‌ی لاوازبوونی ئه‌و بيروبۆچوون و ريوايهتانهی که بوون به سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بيره. وه ئه‌بێ کاری زۆری له سه‌ر کرێ تا خه‌ڵک به چاکی ئاگادار بنه‌وه. ئه‌م بيره نامۆيه که به که‌ڵکی ژيان ناخوات، گرفت و شپرزی و ئاڵۆزيهکی زۆری دروس کردووه له ناو موسڵماناندا. ئه‌بێ موسڵمانانی ميانه‌ڕه‌و به ته‌واوی پێناسه‌ی خۆيان و بيروبۆچوونيان بکه‌ن له کۆمه‌ڵگادا. به گوفتارو رهفتاريان خۆيان جياکهنهوه له‌وانه‌ی که توندڕه‌ون و وا بيرئهکهنهوه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مجۆره بيره نه‌خۆش و ئاڵۆزانه له ناويانا گه‌را دانه‌نێ! وه له ژێر چه‌تری ئه‌وانا سه‌ر ده‌ر نهيهنن. ئه‌بێ حه‌ره‌که‌تی ميانه‌ڕه‌و به فيکرو تهربييهت و بارهێنان، به ده‌عوه‌ت و بانگه‌واز، به قسه‌و وتار، به نووسين و گوفتار، به ليباس و سه‌ر و سيما و شکڵ و شێوه، به هه‌ر شێوه‌يه بۆی بکرێ، به باسی ريشهی په‌يدابوون و له دايکبوونی ئه‌مجۆره بيرانه، ميانهڕهوی خۆی بسه‌ڵمێنێ و بناسێنێ و خۆی جياکاتهوه له‌و بيره توندڕه‌وانه‌ی که نه له گه‌ڵ دين يه‌ک ئه‌که‌ون و نه له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و ژيريدا سازگاره.
- گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌يه که تا ئێسته نه‌مانتوانيوه ئيسلام بوومی که‌ينه‌وه. بوومی کردنه‌وه‌ی ئيسلام و ئيسلامی نيشتماني، يانێ موسڵمانان له هه‌ر جێگه‌و شوێنێ هه‌ن، وه هه‌ر نهژادو رهگهزێکيان هه‌يه، هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن بۆ ئه‌وه بزانن گرفتی ئه‌و کۆمه‌ڵگايه که تيا ئهژين، چييه؟ وه ئه‌و گرفت و کێشانه له چ شتێکه‌وه سهرچاوهيان گرتووه و هۆيه‌کانی سه‌ره‌کی په‌يدابوونی ئه‌و ئافه‌ت و کێشانه چين و کامانه‌ن. کاتێ ئاشنا بوون به ده‌رده‌کان، به ته‌واوی هێزيانه‌وه، به گه‌ڕاننه‌وه بۆ لای قورئان و ئيسلام و که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و بۆچوونه ئيسلاميانهی که‌وا لهبهردهسياناو کارايی هه‌يه بۆ ده‌رمانی ئه‌و ده‌ردانه، هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه بده‌ن. وه به قسه‌و ره‌فتارو گوفتارو کرداريان له گه‌ڵ خه‌ڵک بن. هاوده‌ردييان بکه‌ن. له حهقو مافی خوادادی ئه‌و خه‌ڵکه ديفاع بکه‌ن. زوانی رهسمييان بن‌و به زوانی ئه‌وان قسه بکهنو بنووسن و دوور نه‌گرن لێيان و دڵسۆزانه ده‌رمانی دهردهکانيان پێ بڵێن و باسيان بکه‌ن. وه به ئه‌ندازه‌ی تواناييان هه‌وڵ بده‌ن که سته‌م له سه‌ريان لابه‌رن و داوای حهقيان بۆ بکهنو ئاشنايان بکه‌ن به حه‌قی خۆيان و حهقيان بۆ رۆشن که‌نه‌وه، له‌مبارانه‌وه ئاگادار‌و بێداريان که‌نه‌وه، وه فێريان که‌ن داوای حه‌قی خۆيان بکه‌ن و بانگخوازان له پێشيانه‌وه بن. ئابه‌م شێوه ئهتوانين ئيسلام بوومی که‌ينه‌وه و بيکه‌ين به ئيسلامی نيشتمانی. چونکه هه‌ر وڵاتێ، وه هه‌ر جێگه‌و شوێنێ گرفتی تايبه‌تی خۆيی هه‌يه، که له‌وانه‌يه وڵات و نيشتمانێکیتر ئه‌و گرفتانهيان نه‌بێ. بوومی کردنه‌وه‌ی ئيسلام‌و ئيسلامی نيشتمانی په‌نا به‌خوا مانای ئه‌وه نييه که بناغه‌و ئه‌ساس و بنه‌ڕه‌ته‌کانی ئيسلام بگۆڕين. وانازانم هيچ ئيماندارێ شتی وا بڵێ. ئيسلام هاتووه بۆ چاره‌سه‌ری گرفت‌و کێشه‌ی ئادهميزاد و له‌هه‌ر کوێ بن‌و هه‌ر نژاد‌و رهگهزێکيان بێ، ئه‌گه‌ر له‌م جيهانه‌دا کێشه‌ی ئينسان چاره‌سه‌ر نه‌کات، به‌ده‌ردی چی ئه‌خوات؟ وه ئه‌بێ لێره به‌که‌ڵکی بێ و بيگهيهنێ به حهقو مافه ره‌واکانی. ئازادی کات له ده‌س کۆلکه خوا‌و شيرکو خهڕافات و درۆ‌و ده‌له‌سه و سته‌م. ئهمنييهتی بۆ فه‌راهه‌م کات. رێز و که‌رامه‌تی مهسوهگهر کات. ژيانێکی پڕ له خۆشی و به‌خته‌وه‌ری بۆ دروس کات. وه ده‌ستی سته‌م و زۆردار له سه‌ری لابات و کۆت‌و زنجير له دهستو پێی بکاته‌وه. پاک و راست‌و دروست باريان بێنێ، وه من وائه‌زانم ئا له‌م رۆژگاره‌دا ئه‌م شێوه ده‌عوه‌تانه جواب ئه‌ده‌نه‌وه، وه ئه‌بێ ئه‌مه زيندوو که‌ينه‌وه و ئه‌م ره‌وشته بانگخوازييه سازگاره له گه‌ڵ که‌ش و هه‌وای ئه‌م وڵاته‌دا وه ئه‌مه‌يه ئيسلامی نيشتمانی. وه ئه‌وه‌ش ئهزانين که هه‌ر بانگخوازی به‌رپرسياريه‌تی زياتری هه‌يه له باره‌ی خۆی و ماڵ و مناڵ و که‌س و کار و نزيکانی و هاووڵاتانيهوه، به ته‌رتيب.
ئه‌و لێپرسراويهی که له باره‌ی ئه‌مانه‌وه هه‌يه‌تي، به‌و ئه‌ندازه له باره‌ی خه‌ڵکیتر و ڵاتانی ديکه‌وه نيه‌تی و رووی تێناکات. سه‌ره‌ڕای ئهميشه، ده‌عوه‌تکردنی خه‌ڵک به زوانی خۆيان کارايی زياتره له کۆمه‌ڵگه‌دا وه رێزدانانيشه بۆ ئايه‌ته‌کانی خوای عالهميان. چونکه هه‌ر نه‌ته‌وه‌يه‌ک پێناسه‌ی خۆی هه‌يه، وه پێناسه‌ی نهتهوهيش، پێناسه‌ی ئايينه، پێناسه‌ی ئايين رێزه له هه‌ڵبژاردنی خۆم‌و ئه‌و ئازادييه‌ی که خوا پێيداوم وه هه‌ر وه‌کوو رێزه له هيدايهتو لوتفی خوای گه‌وره، به‌ڵام پێناسه‌ی نهتهوهييم ته‌نيا رێزه له جه‌عل و خه‌لقی خوای گه‌وره! وه ئه‌بێ ئه‌م دوو پێناسه‌يه وه‌کوو يه‌ک رێزيان بۆ دانرێ. که‌وايه ئيسلامی نيشتمانی يانێ ئه‌مانه‌و نموونه‌يان، نه‌ک يانێ پايهکانی دين بگۆڕين.
هه‌ر وه‌کوو له‌وانه‌يه ئه‌و کۆمه‌ڵگايه وه ئه‌و نيشتمانه بازێ عورف و عاده‌تی پاکيان بێ که دژايهتييهکيان له گه‌ڵ ئيسلام‌دا نه‌بێ، له لايه‌ن بانگخوازانه‌وه جه‌خت کرێته سه‌ری و له عورف و عاده‌تی خراپ و ناسالم جيا کرێنه‌وه. تهئييدی عورفی سالم و پاڵفته‌کردن و پاککردنهوهيان له مێژووی ئيسلام و ئایينه ئاسمانييه‌کان هه‌ر فره ئاشکرايه و غه‌ريب نييه، وه هه‌ر ئهميشه نرخ دانانه بۆ عه‌قڵ و عورفی ئه‌و خه‌ڵکه. چونکه شتێ روونه که عه‌قڵ و عورفه‌کان، سه‌مه‌ره‌کان و ئاسهوارهکانيان له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێک وه له کۆمهڵگايهکهوه تا نيشتمان و کۆمهڵگايهکیتر جياوازی زۆر به‌دی ئه‌کرێ. که وايه، ئه‌گه‌ر که‌سێ باسی ئيسلامی نيشتمانی کرد، مانای وانييه ره‌گه‌زپه‌رسته. له روانگه‌ی فيکری ئيسلامه‌وه، ره‌گه‌زپه‌رست که‌سێکه که سته‌م لهرهگهزێ بکات، له به‌ر خاتری قازانجی ره‌گه‌زو چينهکهی خۆي، وه نه‌ته‌وه‌و ره‌گه‌زه‌که‌ی خۆی به‌لاوه گه‌وره‌تر بێت. وه هه‌ميشه هه‌وڵبدات که ره‌گه‌زه‌که‌ی خۆی سه‌رخات به‌ناڕه‌وا به سه‌ر گهلانیترا و خۆپه‌رست بێت و مافی گهلانیتر تاڵان کات. وه خۆيان له هه‌ر نهتهوهيهکیتر به ماقووڵتر بزانن و خۆيان کهنه ئاغا‌و کاربه‌ده‌ست و خاوه‌نی رهگهزهکانیتر. جا هه‌ر نه‌ته‌وه‌يه‌ک ئاوا بن، ئه‌وانه‌ن ره‌گه‌زپه‌رست.
- گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌يه که زۆربه‌ی بانگخوازان له ئه‌مڕۆدا ناژين. به فهرمايشتی ابن قيم که له‌باره‌ی موفتييهوه ئه‌ڵێ: موفتی ئه‌بێ چاک ئيسلام بزانێ و بناسێ‌و له رۆژگاری خۆيشيا بژی. له گرفت‌و ده‌رده‌کانی ئاگادار بێ، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ريان بۆ بدۆزێته‌وه. له کاتێکا ئه‌م مه‌رجه بۆ موفتی پێويست بێ، بۆ داعی و بانگخواز چه‌ن به‌رابه‌ر پێويسته.
به جێگه‌يه ئالهگرهدا به‌سه‌رهاتێ باسکه‌م، ئه‌ويش ئه‌مه‌يه:
مامۆستا نووری حه‌مه‌خان که موخته‌سه‌ری بوخاری وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردي، له جڵدی چوار، لاپه‌ڕه‌ی 258-257 دا ئه‌گێڕێته‌وه، که‌ئه‌مه کورتهيهکيهتی. ئه‌ڵێ: له پاش جه‌نگی جيهانی يه‌که‌مدا، کاتێ سوپای ئينگليس به‌نده‌ری به‌سره‌ی گرت، مامۆستا مه‌لا حوسێنی پيسکهندی به مامۆستاکانی شاری سلێمانی ئه‌فه‌رموێ: مهلاينه زوو يان دره‌نگ ئه‌مانه ده‌گه‌نه ئێره‌ش، وه به‌بێ گومان بۆ ساردکردنه‌وه‌ی ئێمه له دين و نيشتمان جۆره‌ها پڕوپاگه‌نده‌ی ژهراويمان له دژ ده‌که‌ن. يه‌کێ له‌و بابه‌تانه خولانه‌وه‌ی زه‌وييه به ده‌وری خۆي‌دا و چۆنيه‌تی روودانی ديارده‌ی خۆرگيران و مانگگيران و زۆر دياردهیتر لهمبابهتانه، که له‌کتێبه‌کانی ئێمه‌دا به چه‌ن شێوه باسيان لێکراوه. جا ئه‌گه‌ر شتێ لهمبابهتانه روويدا، مهپهشۆکێن و واز له‌و درۆ و ده‌له‌سانه بێنن که وان له دقائقالاخبار و نزههالناظرين و ريوايهته لاوازه‌کانی خازن و … به‌ڵکوو بڵێن له کتێبه‌کانی ئێمه‌شدا هه‌ر وا ده‌ڵێن و به دوورودرێژی باسی ئه‌مجۆره دياردانه کراوه، ئه‌م زانستانه ئێوه له ئێمه‌تان دزيوه و کردووتانه به هی خۆتان.
کاتێ مامۆستا مه‌لا حوسێنی پيسکهندی ئه‌م قسه جوانه‌و ئه‌م وڵامه دهمکوته پێشنيار ئه‌کات بۆ مه‌ڵاکان بۆ ئه‌و قۆناغه، مه‌لاکان به يه‌ک ده‌نگ ئه‌ڵێن: ” په‌کوو له‌م حه‌لاماته‌ی “!! ئينگليز هێشتا له فاوه، مه‌لا حوسێن هه‌ر له ئێستاوه چووته سه‌ر دينهکهی!
- گرفتی ئه‌مڕۆ بێ‌کاری و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ته‌مه‌نی هاوسه‌رگيرييه، که به داخه‌وه هه‌ر ئه‌مه خۆی گرفتی زۆری دروس کردوه له کۆمه‌ڵگادا.
به‌ڵێ راسته ئێمه ناتوانين ته‌واوی ئه‌و گيروگرفتانه چاره‌سه‌ر که‌ين. به‌ڵام باسکردنی موسڵمانان و به ئه‌ندازه‌ی توانايی و دانانی رێگه‌چاره و هه‌ڵنانی موسڵمانان بۆ ئاسانگيری بۆ دامه‌زراندنی بنه‌ماڵه، هه‌ر ئه‌مه خۆی ئه‌و خه‌ڵکه دڵخۆش ئه‌که‌ن به موسڵمانان که هاوده‌ردييان ئه‌که‌ن و وان به دهميانهوه و شه‌ريکی خه‌م و خهفهتيانن و دڵسۆزيانن و ئه‌مانه و شتانیتر، زۆر کۆمه‌ک ئه‌کات که کۆمه‌ڵگا گوێ بگرن بۆ بانگخوازان.
- گرفتی ئه‌مڕۆ خراپ که‌ڵک وه‌رگرتنه له ره‌سانه.به‌ڕاستی ئاسه‌وارو شوێنه‌واری خراپی کۆمه‌ڵگای گرتوه‌ته‌به‌ر و ده‌سه‌ڵآتی له ده‌س ئه‌هلی خێرا نه‌هێشتوه. موسڵمانان ئه‌بێ له‌مباره‌وه هه‌وڵبده‌ن که فه‌رهه‌نگی چاک که‌ڵک وه‌رگرتن باسکه‌ن و بڵاوکه‌نه‌وه، به‌ڵام زۆر ئارام و حهکيمانه. نابێ قه‌ده‌غه کرێ و بوترێ گشتی خراپه. ره‌سانه وه‌کوو زوان و ده‌س و چاو وايه. ئه‌کرێ چاک که‌ڵکی لێ وهرگيرێ وه ئهيشکرێ خراپ به‌کار ببرێن. جا که‌وايه نابێ بوترێ گشتی دروس نييه، چونکه نه به گوێمان ئه‌که‌ن وه نه دروسيشه بوترێ، وه‌کوو ئه‌وه وايه بوترێ به هيچ شێوه قسه مه‌که‌ن، له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وانه‌يه تووشی غه‌يبه‌ت ببن!
وتنی شتی وا نه خۆت به گوێی خۆت ئهکهي، وه نه له ماڵيشتانا به گوێت ئه‌که‌ن، وه نه خه‌ڵکيش گوێت بۆ ئه‌گرن. ئه‌بێ له ناو موسڵمانانا کارناسان باسی له سه‌ر بکه‌ن، له سه‌ر چاکه‌و خراپييهکانی بکۆڵنه‌وه،هه‌موو لايه‌نه‌کانی رۆشن که‌نه‌وه. له‌م رووه‌وه بانگخوازان به که‌ڵک وه‌رگرتن له رێنوێنی کارناسه‌کان ده‌عوه‌تی خه‌ڵک بۆ شێوه‌ی راست و پاکی ره‌سانه بکه‌ن وه دهڵيل و بهڵکهکانيشيان رۆشن که‌نه‌وه.
به‌ڕاستی ئاساری خراپی وه‌خت به فێڕۆدانه، جێگه‌ی شه‌و و رۆژ گۆڕينهوهيه، بهرهڵايی و بێ ئه‌خلاقی و بێ رهوشتيه، و… هه‌ر وه‌کوو ئاساری چاکيشی هه‌يه بۆ بانگخوازان، ئه‌مه‌ی که له چوار ديواری ماڵی خۆی تێته ده‌ره‌وه، ئه‌ڕواته ناو دونيا، زۆر شتی چاک ئه‌بينێ، ئهبيسێ، که‌ڵک له زۆر شت و زۆر که‌س وه‌ر ئه‌گرێ، وه بۆ ده‌عوه‌ت ئهيانخاته کار.
بانگخواز ئه‌بێ زيندوو بن و ئاگايان له دونيا و رووداوه‌کان بێ. زۆر ناخۆشه داعی هه‌ميشه پرسياری دهنگو باس و ئاگاداری له رووداوه‌کان له خه‌ڵک بکات، وه ئه‌وان خه‌به‌ری بۆ باس که‌ن و به ده‌می خه‌ڵکا بڕوانێ و سه‌ر بۆ ئه‌وان بله‌قێنێ. له‌مڕۆژه‌دا که‌سێ وابێ به که‌ڵکی ده‌عوه‌ت نايه و سه‌رئه نجام وه‌کوو يارانی کهف “اصحاب الکهف” بارگه‌و بنه‌ی پێ ئه‌پێچنه‌وه و ئه‌چێته‌وه بۆ ناو ماڵ و چوارديوارييهکهی خۆی. بانگخواز ئه‌بێ له کاری خۆيا هه‌ميشه له پێشه‌وه بێ و ده‌س پڕبێ له ناو کۆمه‌ڵگادا به که‌ره‌سه‌ی ده‌عوه‌ت، زيندوو بێت و باسی ژيانێ کات که به که‌ڵکی هه‌ردوو جيهان بێ، به‌هه‌شتی ئێره بيگهيهنێ به به‌هه‌شتی پاشه‌ڕۆژو ره‌زامه‌ندی خوا، وه هه‌ر لێره به‌هه‌شتێکی وه‌کوو به‌هه‌شتی ئاده‌م – سه‌لامی خوای لێ بێ – بۆ دروس کات. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌شی تيابکات، به تۆبه و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خوا بگاته‌وه. به ئارامی و خۆشبه‌ختی و سه‌عاده‌تی پێش هه‌ڵه‌که‌ی و له جايهگای که‌منه‌بێته‌وه و بڕواته‌وه جێگه‌که‌ی خۆی.
- گرفتێ ترسێنه‌رو تاقيکارييهکی دژوار که له رێگه‌ی بانگخوازانايه له ئه‌مڕۆدا و له ژياندا، له‌م سێ شته‌دا ئه‌کرێ کۆ بکرێنه‌وه:
يه‌که‌م: سروه‌ت و دارايی
دووهه‌م: فێڵ و ته‌له‌که و هه‌ڵخڵه‌تاندن و چاوبهسکردن
سێهه‌م: ترساندن و هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندن
بانگخواز ئه‌بێ به چاوڕۆشنی و خۆگرييهوه رووبه‌ڕوو بێ له به‌رابه‌ری ئه‌م بهڵايانهوه، بۆ ئه‌وه سه‌رکه‌وێ به سهريانا. ئه‌مشتانه هه‌ميشه وه‌کوو ماره تۆپيو ئه‌خرێنه به‌ر پێی داعي، بۆ ئه‌وه‌ی پشت کاته ده‌ستووری خوا و ئيمانی لاواز که‌ن يان له ده‌ستی بدات و ئه‌م ژيانه کورت و کۆتايه هه‌ڵبژێرێ و بيترازێنن له رێگه‌ی راست. ئاوه‌دانی دڵی وێران که‌ن و بيکهن به که‌لاوه. به فهرمايشتی دوکتۆر فه‌تحی يه‌کن، ئه‌گه‌ر دونياو ئيمان جێگه‌يان بگۆڕيه، گرفت بۆ خاوه‌ن بڕوا دروس ئه‌بێ. چونکه دونيا ئه‌وه‌يه له گيرفانا بێ، ئيمانيش ئه‌بێ له دڵا بێ. هه‌ر وه‌کوو کاک ناسر ئه‌فه‌رموێ: وه‌کوو ئه‌م نموونه پاره ئه‌بێ له گيرفانا بێ، نه‌ک له دڵا بێ.
ئالهگرهدا بهجێگهيه شتێ بگێڕمه‌وه:
يه‌ک نه‌فه‌ر بوو له مهريوانا به ناوی کاک موحه‌ممه‌د و… له زه‌مانی شادا له سه‌ر توودهيی بوون چه‌ن ساڵێ له به‌نديخانه‌دا بوو. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا که هاتبوه ده‌ره‌وه، ئه‌ڵێ به براده‌رێک ئه‌مه‌وێ سه‌رێ بده‌م له کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده و چاوم پێکهوێ، به‌ڵکه کارئاسانيم بۆ بکه‌ی له‌و باره‌وه. ئه‌و برايه زه‌مينه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی بۆ فه‌راهه‌م ئه‌کات و دێت بۆ سنه. شه‌وێ له خزمه‌ت کاک ئه‌حمه‌ددا ئه‌بێ. کاتێ گهڕابوهوهو، ئه‌و برايه‌ی چاوی پێئه‌که‌وێ، ئه‌ڵێ پێی: کاک ئه‌حمه‌دت چۆن دی و چۆن هاته پێش چاوت و رات چييه له باره‌يه‌وه؟
له وهڵاميا به کورتی ئه‌مه ئه‌ڵێ:
کاک ئه‌حمه‌د سواری دونيا بووه‌و زاڵه به سه‌ريا. به‌ڵام ئێمه‌ومانان دونيا سوارمان بوه‌و زاڵ بووه به‌سه‌رمانا.
- گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌يه، به‌داخه‌وه بازێ له بانگخوازان کاتێ باسی شارستانييه‌تی رۆژئاوا ئه‌که‌ن، هه‌موو شته‌کان تێکه‌ڵ ئه‌که‌ن به‌سه‌ر يهکاو چاک و خراپيان جيا ناکه‌نه‌وه له يه‌ک. بێ لێکۆڵينهوهو شه‌ل و کوێرم ناپارێزم، ههرچييان به‌ر ده‌س ئه‌که‌وێ دایئهپاچن. وه زۆر جار بيستوومانه “اکثرهم لا يعقلون” ئه‌خوێننه‌وه به سهريانا، بێ ئه‌وه‌ی بيرکهینهوه له ده‌قی ئايه‌ته‌که و په‌س و پێشی و داواکاريه‌کانی و شێوه‌ی جێبه‌جێ کردنی به‌سه‌ر ئه‌وانا!
عه‌قڵ و ئاوه‌ز هێزێکه که خوای گه‌وره له وجوودی ئينسانا داينياوه و گه‌وره‌ترين به‌خشراوی خوايه و داوای ئه‌وه‌ی کردووه که چاک به‌کاری ببه‌ن. جايهگای عه‌قڵ و فيکر و نه‌زه‌ر و ته‌ده‌بور و اولوالالباب له قورئانا به رۆشنی دياره و هه‌وجه‌ی به ئه‌نگوست نييه.
قورئان باسی فعلی عه‌قڵ ئه‌کات هه‌ر به له‌فزی خۆي، 49 جار.
باسی عهقڵانييهت ئه‌کات به له‌فزی قه‌لب له 132 جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ئه‌کات به له‌فزی اللب، له 16 جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ئه‌کات به له‌فزی النهي، له 2 جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ئه‌کات به له‌فزی فيکر و ته‌فه‌کور له 18 جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ئه‌کات به له‌فزی فقه، له 20 جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ئه‌کات به له‌فزی تدبر، له 4 جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ئه‌کات به له‌فزی اعتبار، وه‌کوو فاعتبروا، له 7 جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ئه‌کات به له‌فزی حيکمه‌ت، له 19 جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ئه‌کات به له‌فزی برهان، له 8 جێگه‌دا.
باسی عهقڵانييهت ئه‌کات به له‌فزی نظر، زياد له 50 جێگه‌دا.
ته‌نانه‌ت له بازێ جێگه‌دا کهليمهی ئه‌مری بۆ به‌کار بردووه.
وه هه‌ر ئه‌مه وه‌ڵامه بۆ ئه‌و کهسانيشه له رووی نائاگاهييهوه، چاووڕاوی ئه‌وه ئه‌که‌ن که ئيسلام رێزی بۆ عه‌قڵ دانه‌ناوه!
له ئيسلام‌دا خوای گه‌وره به عه‌قڵ ئه‌دۆزرێته‌وه. به عه‌قڵه ئه‌زانرێ که قورئان هينی خوايه. ئه‌گه‌ر که‌سێ عه‌قڵی نه‌بێ، نوێژ‌و رۆژوو و زهکاتو حه‌جی له سه‌ر پێويست نييه. وه ته‌نانه‌ت پووڵی گيرفانی پێ نادرێ، چونکه نازانێ چۆن خه‌رجی کات. وه له قورئانا عه‌قڵ شانبه‌شانی وه‌حی باسی لێکراوه، وه‌کوو له سووره‌تی الملکدا، ئايه‌تی 10 ئه‌فه‌رمێ« »
به‌داخه‌وه ئه‌م بوختانه بۆ ئيسلام به شێوهيهکیتر بازێ موسڵمانی سه‌تحی و زاهيرگرا به کرده‌وه ئهيدهنه پاڵ ئيسلام. بۆ نموونه له کاتی دهعوهتيانا ئه‌گه‌ر که‌سێ بڵێ: ئه‌م شته به عه‌قڵم وايه، خێرا هه‌ڵئه‌چن و عه‌قڵ مه‌حکووم ئه‌که‌ن و نيسبهتی بێعهقڵيش ئه‌ده نه لای ئه‌و که‌سه هه‌ژاره!
ئه‌مه وهڵاميشه بۆ ئه‌و دۆسته نائاگايانهی لای خۆمان که ئه‌مانيش بهشێوهيهکیتر ئيسلام لهمهيدان ده‌رئه‌که‌ن و له‌به‌ر چاوی ئه‌خه‌ن.
وه‌ئه‌وه‌ش ئهزانين که له شێوه‌ی به‌کاربردنی عه‌قڵا جياوازيه‌کی زۆر له نێوانی خه‌ڵکا به‌دی ئه‌کرێ. هينی وا هه‌يه چاک به‌کاری ئه‌بات، که‌سی واش هه‌يه چاک به‌کاری نابات، يان بۆ چاکه به‌کاری نابات، يان بۆ بازێ شت عه‌قڵی چاک به‌کار ئه‌بات، به‌ڵام بۆ بازێ شتی‌تر چاک به‌کاری نابات. وه‌کوو که‌سێ رژدوو به‌خێڵ و چرووک که زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بێ، به‌ڵام له برسا بمرێ. وه ئه‌م جياوازيانه له دونيای ئه‌مڕۆدا و له ناو کۆمه‌ڵگاو تاکهکانداو له ناو شارستانيهتهکاندا، به چاکی به‌دی ئه‌کرێ. وه به چاوپێکه‌وتنی ئاسارو شوێنه‌واری به‌کاربردنی ژيریو ئاوه‌ز، بۆمان روون ئه‌بێته‌وه. وه ئه‌وه‌ش ئهزانين که زۆربه‌ی خه‌ڵک تووشی هه‌ڵه بوون، هه‌ريه‌ک له لايه‌نێکه‌وه.
غه‌رب به‌و گشته پێشکهوتوويی عيلم و زانينهوه له مه‌سه‌له‌ی په‌يوه‌ندی به‌رقه‌رارکردن له گه‌ڵ خاوه‌ن و دروسکراوی خۆيانا، تووشی هه‌ڵه‌بوون به ئاشکرا، وه به کرده‌وه‌و رهفتاريانهوه به‌ڕوونی دياره و به باشی ئهبينرێ. وه‌هه‌روه‌ها ئه‌م به‌کار نه‌بردنی ئاوه‌زو عهقڵيشه له لايهنێکیترهوه به ئاشکرا دياره به موسڵمانانه‌وه و پێويستی به ئاماژه نيه.
بۆ نموونه هه‌ر ئه‌و غهربهی که له لايه‌نێکه‌وه وان له هه‌ڵه‌دا، له به‌کاربردنی عه‌قڵا جيهان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ئه‌به‌ن له‌وباره‌وه، وه هه‌ر ئه‌وانه به هه‌زاران وه‌سيله و که‌ره‌سه‌ی ژيان و پێشکه‌وتی عيلم و زانياریو تهکنۆلۆژي، ئه‌بينی که به‌زه‌حمه‌ت و ههوڵو ته‌قالای ئه‌وان و به کاربردنی عه‌قڵ و ئاوهزيان له‌و زهمينهدا دونيايان ئاوه‌دان کردوه‌ته‌وه‌و له‌مباره‌وه گه‌وره‌ترين خزمه‌تيان کردووه به مرۆڤايه‌تی.
ئه‌مه گشتی سه‌مه‌ری عه‌قڵه، که به‌داخه‌وه موسڵمانان له‌م زهمينهدا کۆڵهوارين، وه چاو له ده‌ستی ئه‌وانين و به‌ده‌ستی ئه‌وانا ئهڕوانين. وهلهوانهيشه له زۆر شتی تريشا هه‌ر بێئهمری خوا بکه‌ين و عهقڵيشمان هه‌يه و هيچ موسڵمانێ رازی نييه پێی بوترێ بێ عه‌قڵ.
به‌کاربردنی کهليمهی بێ عه‌قڵ له لايه‌ن بانگخوازێکه‌وه، بێ بيرکردنه‌وه بۆ شارستانييهتێ ئاوا، که ئێمه ئێسته دهسهنهخواری ئه‌وانين، جێگه‌ی داخه وه گران ته‌واو ئه‌بێ بۆمان وه له‌وانه‌يه هه‌ر له‌و جێگه‌دا که ئه‌و بانگخوازه ئه‌و کهليمه به‌کار ئه‌بات، له‌ناو موسڵمانانا، که‌سانێ ببن پێمان پێکه‌نن له‌وکاته‌دا. چونکه هه‌ر ئه‌و وه‌سيله و که‌ره‌سانه‌ی ژيان که ئه‌وان درووسيان کردووه، ئه‌گه‌ر کهتهلۆگوو ده‌ستووری به‌کاربردنی له‌گه‌ڵا نه‌بێ، ناتوانين و نازانين به‌کاريان ببه‌ين.
به فهرمايشتی موحه‌ممه‌د غه‌زالی ميسري، خوا لێی خۆشبێ، که ئه‌فه‌رموێ، غه‌رب له به‌شی ئاوه‌دانی ئه‌م زهويهدا خهڵيفهی خوايه! به‌ڵام ئێمه ناشوکری نه‌بێ له هه‌ر دوو بهشهکهيا دواکهوتووين! وه هه‌ر له‌م زهمينهدا ئه‌فه‌رموێ: داعیيهک له هێندووستانا ئه‌ڵێت: خوا ئه‌و کافرانه‌ی بۆ ئێمه گه‌ردنکه‌چ کردوه که وه‌سيله‌و که‌ره‌سه‌ی ژيانمان بۆ دروس که‌ن و ئێمه‌ش خه‌ريکی عيبادهت ئه‌بين!
ئه‌م فه‌قيره نه له ئيسلام و نه له ده‌عوه‌ت و نه له عيبادهت و نه‌له ژيان حاڵی نه‌بووه، بۆيه شتی وائه‌ڵێ. ئه‌مه‌يش بانگخوازه! به‌داخه‌وه موسڵمانان لهمزهمينهدا دواکهوتووين و له کاروان جێماوين.
به فهرمايشتی دوکتۆر تاها جابرعلوانی که ئه‌ڵێ: ئه‌گه‌ر موسڵمانان هيچ گيروگرفتێکيان نه‌بێ، وه هه‌موو زهمينهيهکيان بۆ فه‌راهه‌م بێ، ئالهئيستهوه ده‌س به‌کار بن، به 300 ساڵ ناگه‌نه ئێسته‌ی غه‌رب. که‌ئه‌وان 300 ساڵتر پێشئهکهونو مه‌گه‌ر هه‌ر له‌دووره‌وه تهماشايان که‌ين.
به‌کاربردنی کهليمهی بێعه‌قڵ، بێروونکردنهوه، تهپو تۆزی ئهچێبهچاوی خۆشمانا! با ئێمه‌ش وه‌کوو ئه‌و سێکۆلارانهی وڵاتی خۆمان نه‌که‌ين. له‌گه‌ڵ رێزم بۆيان، که زۆربه‌يان مه‌گه‌ر وێنه‌ی قورئانيان چاو پێکهوتبێ، ئهگينه نهخوێندوويانهتهوه، نه تهماشايان کردووه، نه ئهيزانن وه نه ئاگايان له ئيسلامه، ئابه‌م وه‌زعه‌وه به‌راوه‌ردی ئيسلام و مه‌سيحييه‌ت وه‌کوو يه‌ک ئه‌که‌ن و به يه‌ک چاو تهماشايان ئه‌که‌ن و ئه‌ڵێن ئيسلام به‌رنامه‌ی ژيانی نييه و ئيسلام و ژيان کوجا مه‌رحه‌با.
ئه‌و سکۆلارانه که به مافی ره‌وای خۆيان ئه‌زانن به‌رنامه‌و ياسای ژيان دياری که‌ن بۆ خۆيان و خه‌ڵکيش، وه ئه‌مکاره به بناغه‌ی ديموکراسی دائه‌نێن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مکاره بۆ ئێمه به ره‌وا نازانن که به‌رنامه‌ی ژيان بۆ خۆمان دياری که‌ين له سه‌ر ئه‌ساسی ئيسلام و قورئان. ئه‌گه‌ر ئێمه بيکه‌ين دواکهوتوويی و کۆنهپهرستييه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌نجامی بده‌ن، رێزدانان بۆ رای خه‌ڵکه. بۆ نموونه ئه‌وان له په‌رله‌مانی فه‌رانسه‌دا ياسای ههمجينس بازی به زۆرينه‌ی ئارا ده‌نگی پێ ئه‌ده‌ن و رهسمييهت په‌يدا ئه‌کات. خوانه‌خواسته ئه‌وه ئه‌گه‌ر موسڵمانان کاری وايان به‌ڕه‌وا بزانيايه، بۆقو کهڕهنايان گوێی دونيای که‌ر ئه‌کرد و هه‌زاران به‌ڵگه‌يان ئه‌تاشی له سه‌ر دواکهوتوويی ئێمه و ئهيان بردينهوه بۆ ده‌ورانی به‌رد!
- به بۆنه‌ی نووسينی ” احياء فقه الدعوه” به عه‌ره‌بي، سه‌رنجی ئه‌و ئازيزانهم رائه‌کێشم بۆ چه‌ن شتێ:
- گومان نييه له‌وه‌دا که زوانی عه‌ره‌بي، زوانی ئيسلامه، موسڵمانان له هه‌ر ره‌گه‌زو نه‌ژادێ بن، به رێزه‌وه ته‌ماشای زوانی عه‌ره‌بی ئه‌که‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که زوانی قورئانه، وه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و خزمه‌تکردنی ئه‌و زوانه، له درێژايی مێژوودا و تا ئێسته هه‌وڵيان داوه و تێکۆشاون. به هه‌زاران زانای گه‌وره له هه‌موو ره‌گه‌زێ، ژيان و وه‌خت و قهڵهميان له‌و پێناوه‌دا به کار بردووه. وه ئه‌و خزمه‌ته‌ی غهيره عه‌ره‌ب کردوويهتي، به تايبه‌تی زانايانی گه‌وره‌ی خه‌له‌ف، که‌هه‌ر هه‌موويان وه‌کوو ئهستێرهيهکی پرشنگدار له ئاسمانی مێژووی فيکری ئيسلاميدا ئهدرۆشێنهوه، وه‌هه‌ر يه‌ک لهلايهنێکهوه شوێنه‌واری پيرۆزيان هه‌يه، زانيارييه‌کانی فقه، تهفسير، ئوسوول، حه‌ديس، ئهدهبييات و به‌لاغه و که‌لام و باقی.
به‌مبۆنه‌وه جێگه‌ی دهسيان دياره و هه‌وه‌جه‌ی به ئه‌نگوست نييه.
جا ئه‌م خزمه‌ته نه‌بڕاوانه که ئه‌م زانا گه‌ورانه کردوويانه، له به‌ر خاتری چاوی کاڵی عه‌ره‌به‌کان نه‌بووه! به‌ڵکه له‌به‌ر خاتری گه‌وره‌يی ئه‌و قورئانهبووه و بۆ پارێزگاری ئه‌و پهيمانه بووه که داويانه به‌و پێغه‌ممه‌ره ئازيزهی که ئه‌و قورئانه‌ی هێناوه بۆ هيدايه‌تی مرۆڤايه‌تی. وه ئه‌مه ده‌ری ئه‌خات ئه‌و خه‌ڵکه چه‌نده نمه‌ک شناس بوون، وه چه‌نده ئه‌و دينه به‌ڕێز بووه له پێش چاويان و به گه‌وره تهماشايان کردووه.
به سه‌دان زانای غهيره عه‌ره‌بی وا بووه، وه‌ها تواوه‌ته‌وه و تێکه‌ڵ بوو له ناو ئيسلام و قورئان و زوانی عه‌ره‌بيدا، مێژووش باسی غهيره عه‌ره‌ببوونی نه‌کردووه‌و که‌س نازانێ له چ ره‌گه‌زێکه. ئه‌م شانازييه بڕاوه به شانی ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی که دڵسۆزانه له خزمه‌تی قورئان و ئايينی پيرۆزی ئيسلام‌دا بوون و له‌و پێناوه‌دا سه‌ريان ناوه‌ته‌وه، وه بۆ ئه‌وه‌ش نه‌بوه که عه‌ره‌به‌کان پاداشی چاکهکانيان بده‌نه‌وه به خۆيان و بهڕهگهزهکهيان. به‌ڵکه به‌ته‌مای پاداشی نه‌بڕاوه‌ی خوای گه‌وره سه‌ريان ناوه‌ته‌وه و خوای گه‌وره له ريزی خۆشهويستانی کۆيان کاته‌وه.
- وه ئه‌وه‌ی که موسڵمان بێ، به تايبه‌تی بيه‌وێ کارێکی چاک بکات له زه‌مينه‌ی دهعوهتا، ئه‌بێ هه‌وڵبدات به ئه‌ندازه‌ی تواناي، فێری زوانی عه‌ره‌بی ببێ، که زوانی ئيسلامه. بۆ ئه‌وه‌ی چاک تێبگات له قورئان و ئه‌و پهيامه بگهيهنێ. وه پێويسته ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌يانه‌وێ ته‌خه‌سوسی فێری زوانی عه‌ره‌بی بن و ئاگادار بن له رێزهکاريهکانی، ئه‌بێ به‌تايبه‌تی کاتی بۆ دياری که‌ن. به‌ڵام جێگه‌ی تايبه‌تی ههيهو بۆ گشت شوێنێ ناشێ. له‌م رووه‌وه چه‌ن تێبينيم هه‌يه له سه‌ری:
ا) ئه‌گه‌ر فێربوونی ته‌خه‌سوسی مه‌به‌ستتانه، ئه‌وه ناوێکی تری بۆ دياری که‌ن و ههرکهسيش ئاره‌زووی بێ دێته ناو گرۆپهکهتانهوهو له‌وێ که‌ڵک وه‌ر ئه‌گرێ له به‌رنامه و نووسراوه‌کانتان.
ب) ئه‌گه‌ر ئه‌م فقهالدعوه بۆ ئه‌و که‌سانه ئه‌نووسن که عه‌ره‌بن به‌ره‌گه‌ز، عه‌ره‌بی ئه‌زانن. له‌گه‌ڵ رێزم بۆتان وائه‌زانم ئه‌وکه‌سانه سه‌رچاوه‌ی زۆر هه‌يه له‌به‌ر دهستيانا و له جێگهیترهوه که‌ڵک وه‌ر ئه‌گرن. وه‌ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و کهسانهيش باسی ئه‌که‌ن عه‌ره‌ب نين به‌ڵام عه‌ره‌بی ئه‌زانن، بۆ ئهمانيشه هه‌ر سه‌رچاوه هه‌يه که بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ريان. هه‌روه‌کوو له‌به‌ر ده‌سی جه‌نابتانا هه‌يه.
پ) ئه‌گه‌ر ئه‌فه‌رموون ئێمه هه‌وڵ ئهدهين به بيروبۆچوونی خۆمان‌و گه‌ڕاننه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رچاوه ره‌سه‌نانه‌ی ده‌عوه‌ت، بازێ گوڵچين بکه‌ين و بيخه‌ينه به‌رده‌س خوێنه‌ران و دڵسۆزانی ده‌عوه‌ت و که‌سانێ که له‌وانه‌يه دهسيان نه‌گات به‌و سه‌رچاوانه، يان کاتی بيرکردنهوهيان له‌و زهمينهدا که‌م بێ، ئهميشه هه‌ر جێگه‌ی قسه‌يه و ئه‌کرێ بيری لێ کرێته‌وه. چونکه ئهميشه ئه‌کرێ بکرێ به کوردی و به کوردی بياننووسن و باسيان که‌ن.
ج) هه‌ر وه‌کوو له پێشه‌وه عه‌رزم کردن، ئه‌وه‌ی که زۆر گرنگه جێبه‌جێ کردنی ئه‌و پهيامه و گهياندنيهتی به شێوه‌يه‌ک رێکوپێک، وه ئه‌وه‌ش ئهزانين که ئێمه له‌م وڵاتا ئهژين. خوێنه‌رانی ئێوه غهيره عه‌ره‌بن‌و له سه‌دا، 99 عه‌ره‌بی نازانن، يان ئه‌گه‌ر بيزانن، زۆر که‌م و نيوهو ناته‌واوه‌و هيچ ده‌ردێ ده‌وا ناکات.
چ) احياء فقهالدعوه، هه‌ر وه‌کوو له پێشه‌وه وتم يانێ چاک تێگه‌يشتن له‌و ده‌قه پيرۆزانه و جێبه‌جێ کردنيان له ژيانی رۆژانه‌دا و بانگکردنی خه‌ڵک بۆ لای و زيندووکردنهوهی ئه‌و ئه‌خلاقه جوان و ئاکاره به‌رزانه‌ی ياران و شوێنکه‌وتوانی ئه‌وان، که هه‌ر ئه‌و تايبه‌تمه‌نديانه بوو، بوون به هۆی ئه‌وه چوونه ناو دڵی خه‌ڵکه‌وه و رانوماييان کردن و ئه‌و ئيسلامهيان گه‌ياند به کرده‌وه.
ح) ئه‌وه‌ش ئهزانين که ئێمه‌ی کورد له کوردستاندا بيسه‌ر و بينه‌ر و خوێنه‌رمان کوردن، وه بانگخوازانی ئه‌م نيشتمانه، زياتر به‌رپرسيارن له به‌رابه‌ری ئه‌مانه‌وه. چونکه ئه‌يانه‌وێ په‌يامی پاکی خوا بگه‌يه‌نن به‌م گه‌له، وه دڵسۆزانه بانگيان که‌ن بۆ لای ئيسلام. وه ئێسته‌يش عيلم چاکتر رۆشنی کردوه‌ته‌وه که خه‌ڵک ئه‌گه‌ر به‌زوانی خۆيان قسه‌يان له گه‌ڵ که‌ي، زياتر هه‌ستی نزيکی ئه‌که‌ن به ئينسان، وه چاکتر گوێ ئه‌گرن و ئارام و هێدیترن له به‌رابه‌ری ئه‌و که‌سه‌وه که ئه‌دوێ له گه‌ڵيان وه باشتر دڵی بۆ ئه‌که‌نه‌وه. ئه‌مه قسه‌ی من نييه، قسه‌ی عيلمه، وه ده‌ری ئه‌خات که خوای عهليم و حه‌کيم کاره‌کانی گشتی بهجێگهيهو بێهووده نييه.
هه‌ر وه‌کوو مه‌علوومی هه‌موو لايهکه به کوردی قسه‌کردن و به کوردی نووسين، هه‌ر وه‌کوو هه‌ر زوانێکیتر پێچه‌وانه‌ی قورئان و ئيسلام نييه. له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه ئهتوانين قورئان و ئيسلام و مهفاهيمه جوانه‌کانی وه ئه‌و رانوماييه به‌رزانه‌ی خوای گه‌وره که وان له لووتکه‌دا، بيانخه‌ينه ناو قاڵب و چوارچێوه‌ی زوانی شيرينی کورديه‌وه و باسيان که‌ين بۆ گه‌لی کورد. ئه‌و کورده‌ی که جه‌عل و خه‌لقی خوايه، ئه‌و کورده‌ی که له گه‌ڵ ئه‌و گشته سته‌م و کوێرهوهريهی که له درێژايی مێژوودا هاتوه به سه‌ريا و لێی کراوه له به‌ر کورد بوون! په‌يوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوای خۆی نه‌بڕيوه، به شێوه‌يه‌ک که ئيسلام هه‌ر ده‌وری يه‌که‌م ئه‌بينێ له ناويانا و قسه‌ی يه‌که‌م ئه‌کات.
هيچ فيکرو هيچ ئايينێ وه‌کوو ئايينی ئيسلام نه‌چوه‌ته ناخی ئه‌و گه‌له‌وه.
با ئێمه‌يش وه‌کوو کوردی موسڵمان و موسڵمانێکی کورد، بچينه ناو ئه‌و گه‌له‌ی خۆمانه‌وه، به زوان و ئه‌ده‌بياتی خۆمان قسه‌يان له‌گه‌ڵ بکه‌ين. رێز دابنين بۆ فهرههنگو که‌لتووری ره‌سه‌نی ئه‌و گه‌له. با به زوانی خۆيان بانگيان که‌ين بۆ لای قورئان و ئيسلام. با وه‌کوو غهريبهيهک له گه‌ڵيان نهدوين. با وا قسه‌يان له گه‌ڵ بکه‌ين که مناڵی ئه‌و گهلهين، له‌و نيشتمانه‌دا بار هاتوين. خوای گه‌وره به ئاو‌و هه‌وای پاکی ئه‌و نيشتمانه، ژياندوينی و باری هانيوين. به داره‌داره‌ی دايکه کورده‌کانمان کهوتووينهته سه‌ر پێ، به ده‌نگی خۆشی لايهلايهکانيان و گۆرانيه رهسهنهکانيان چاومان چووه‌ته خه‌و. وه به دواندنی ئه‌و دايکه جه‌رگ سووتاوانه زوانمان به‌ر بوه و کوردی فێر بووين. بۆ وابکهين که‌سێکیتر به بيرێکی نامۆ و بێگانه به‌و خه‌ڵکه و به‌م نيشتمانه، خۆی کات به داشديار و خاوهنيان، به‌ڵام ئێمه له دووره‌وه تهماشايان که‌ين. بۆچی پێمان بڵێن ئه‌م موسڵمانانه ئه‌يانه‌وێ بتانکه‌ن به عه‌ره‌ب! به عه‌ره‌بی له گه‌ڵتان قسه ئه‌که‌ن و به عه‌ره‌بی دينتان بۆ باس ئه‌که‌ن. بۆچی پێمان بڵێن بانگخوازانی کوردوستان يه‌ک له سه‌دی ئه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی ئه‌زانن، کوردی نازانن قسه بکه‌ن و بنووسن و ته‌نانه‌ت ناوی مناڵهکانيشيان هه‌ر ناوی عهرهبييهو به ره‌چه‌ڵه‌ک عه‌ره‌بن و له عه‌ره‌بستانه‌وه هاتوون به زۆر داگيريان کردووين و ئه‌وه نييه هه‌ر به عه‌ره‌بی قسه ئه‌که‌ن و زوانيان پاک نه‌بوه‌ته‌وه و لههجهيان هه‌يه؟! ئه‌وه نيه به هيچ شێوه‌يه‌ک باسی سته‌م لێکراوی گه‌لی کورد ناکه‌ن و ديفاع ناکه‌ن له حه‌ق و مافه ره‌واکانتان و خۆیشيان به لێپرسراو نازانن له‌و باره‌وه و مهتقيان له خۆيان بڕيوه!
ئه‌مانه‌و نموونه‌ی تريش که پێمان وتراوه‌و ئێسته‌يش پێمان ئه‌ڵێن و زۆربه‌شی راس ئه‌که‌ن!
سنه، عه‌لی ره‌حمانی
8/12/1393 هه‌تاوی



