له سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا چۆن خه‌ڵک ده‌عوه‌ت که‌ین؟ فقه الدعوه
له سه‌ده‌ی بیست و یه‌کدا چۆن خه‌ڵک ده‌عوه‌ت که‌ین؟ فقه الدعوه
نوسه‌ر : ماموستا عه‌لی ره‌حمانی
له کاتی چاوگێڕانم به گرووپی “احیا‌ء فقه الدعوه” له تۆڕی کۆمه‌ڵایه‌تی تهلگرامدا، له ناکاو سه‌رم له ناو کۆمه‌ڵێ براو خوشکی ئازیزمه‌وه ده‌رهێنا و ئاگادار بووم که باسی ئه‌م مه‌سه‌له ئه‌که‌ن.
چاوپێکه‌وتنی ئه‌م سێ وشه‌یه، منی خسته رامان و بیرکردنه‌وه له باره‌یانه‌وه، ئه‌ویش له‌م کاته ناسکه‌دا که بێداری ئیسلامی و بانگه‌وازی ئه‌م دینه له‌قه‌یرانێکدایه. به بیری من مێژووی ئیسلامی قه‌یرانی وای که‌م به‌خۆیه‌وه دیبێ.
چاوپێکه‌وتن و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و نووسراوه‌و ئه‌و وشانه، له‌لایه‌که‌وه دڵخۆشی کردم، له لایه‌کیتره‌وه که بیرم له‌م دۆخه زۆر ئاڵۆزه‌ی جیهانی ئیسلام و بێداری ئیسلامی کرده‌وه، منی زیاتر خسته ناو بیرکردنه‌وه. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه بوو هاتمه سه‌ر ئه‌وه‌ی که بازێ ده‌رده‌دڵ بکه‌م له‌گه‌ڵ ئه‌و ئازیز و خۆشه‌ویستانه‌م که ئه‌و په‌یامانه ئه‌گه‌یه‌نن و باسی ئه‌که‌ن.
- له زۆر مێژه‌وه، باسی ده‌عوه و بانگه‌واز و فه‌هم و تێگه‌یشتن و زیندووکردنه‌وه‌ی هه‌ر کام له‌م وشانه کراوه‌و ئه‌کرێ. نووسه‌ران، بانگخوازان و بیرمه‌ندان، هه‌ریه‌ک به ئه‌ندازه‌ی توانایی خۆیان، به بۆچوون و بهرداشتیان له‌و ده‌قه پیرۆزانه‌ی که ئه‌و که‌لیمه و وشانه‌ی تیایه، ئاساری زۆریان خستوه‌ته به‌رده‌س موسڵمانان و کتێبخانه‌ی فیکری ئیسلامی‌یان پێ رازاندووه‌ته‌وه و ده‌وڵه‌مه‌ندیان کردووه. خوا جه‌زای هه‌موو لایه‌کیان بداته‌وه، که هه‌ریه‌ک دهسهپارهیی خۆیی خستوه‌ته سه‌ر ئه‌و نووره که بۆ رۆشنایی ئه‌و رێگه هه‌ڵکراوه. هیوادارین خوا له نامه‌ی چاکه‌کانیاندا بیان نووسێ.
- له پاش تێپهڕبوونی۱۴۳۶ ساڵ به سه‌ر هه‌ڵهاتنی رۆژی ئیسلامدا، که ئێسته له سه‌ده‌ی ۲۱ له سه‌رده‌می ته‌قینه‌وه‌ی عیلم و زانین و ته‌کنۆلۆژیدا ژیان ئه‌به‌ینه سه‌ر، له کاتێکا به فه‌رمایشتی دوکتور قه‌رزاوی، دونیا وه‌کوو ئاواییه‌کی لێهاتووه. وه له زه‌مانێکا که پهرازیتی زۆر ئه‌خرێته سه‌ر فیکری ئیسلامی و ئیسلام، له که‌ش و هه‌وایه‌کی ئاوادا، به‌کاربردنی ئه‌مجۆره که‌لیمانه و باسکردن له سه‌ر ئه‌م چه‌مکه به‌رزانه، چاوه‌ڕوانی زیاتر دروس ئه‌کات بۆ رۆشن کردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و مه‌فاهیمانه، ئا له‌م رۆژگاره‌دا.
- جێگه‌ی باسه ئه‌مه‌ی که جگه له‌و ده‌قه پیرۆزانه که باسی ده‌عوه‌ت ئه‌کات، هه‌رچی نووسراو هه‌یه، به‌رداشته له‌و مه‌فاهیمانه که زانایان و بانگخوازان و نووسه‌ران و بیرمه‌ندان له درێژایی مێژوودا باسیان کردوه و بۆ ئێمه‌یان به‌جێهێشتوه، هه‌ر هه‌موویان به پێی بۆچوونی خۆیان و له سه‌رده‌می ژیانیانا و له کات و زه‌مانێکی دیاریکراودا وتوویانه. زۆربه‌ی ئه‌و نووسراو و بۆچوونانه به گوێره‌ی نیازی ئه‌و رۆژگاره بووه که تیا ژیاون. هه‌رچه‌ن بازێ له‌و نووسراوانه له‌وانه‌یه ئیسته‌یش کارایی خۆیان له‌ده‌س نه‌دابێ و که‌ڵکیان لێ وه‌رگیرێ، به‌ڵام زۆربه‌یان ئه‌مڕۆ ناتوانن نیازی ئێمه جێبه‌جێ بکه‌ن. چونکه ئه‌وان مرۆڤی رۆژگاری خۆیان بوون به گشت تایبه‌تمه‌ندییه‌که‌وه له‌و کاته‌دا. ئێمه‌یش مرۆڤی زه‌مانی خۆمانین به‌م گشته قه‌یران و گێژاوه فیکری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه که‌واین تیایا و له ناویا ئه‌ژین و ده‌س و په‌نجه‌یان له گه‌ڵ نه‌رم ئه‌که‌ین، که پێشوه‌کان(پێشینیان) به خه‌ویش نه‌یاندیوه تا رێگه‌چاره‌یان بۆ دیاری که‌ن. هه‌ر وه‌کوو ئه‌زانین ڕاو بۆچوونه‌کانیشیان ده‌قه پیرۆزه‌کان نین تا له گشت رۆژگارێکا به پیرۆزی ته‌ماشا کرێن و پارێزگاریان لێکرێ و ده‌سیان لێنهدرێ. که‌وایه به فه‌رمایشتی دوکتور فه‌تحی یه‌که‌ن خوا لێی خۆشبێ، که له گۆڤاری موجته‌مه‌عی کووه‌یتدا نووسراوێکی هه‌یه، ئه‌فه‌رموێ: هه‌ر ده ساڵ جارێ ئه‌بێ قسه و وتار و شێوه‌ی بانگه‌واز بگۆڕیه، چونکه بینه‌ر و بیسه‌ری ئێمه گۆڕاون و ئهگۆڕیهن. هه‌ر له‌مباره‌وه ئه‌ڵێ: نووسراوی ساڵه‌کانی حه‌فتای زایینی که‌متر به‌که‌ڵکی ساڵه‌کانی هه‌شتا و نه‌وه‌تی زایینی دێت. به‌ڕاستی وائه‌زانم ئه‌گه‌ر ئێسته له ژیانا بوایه ئه‌و ده‌ساڵه‌ی ئه‌کرد به چوار پێنج ساڵ. چونکه عیلم و ته‌کنۆلۆژی و زه‌مان و نیازه‌کان و پرسیاره‌کان ئه‌وه‌نده سه‌ریع وئازا و به توندی ئهگۆڕێهن، هه‌ر فرهئاساییه که خه‌ڵکیش له گه‌ڵ ئه‌مانه‌دا بگۆڕیهن. هه‌ر به‌وشێوه و زیاتریش پێویستی به‌و گۆڕانهیش له زوان و وتار و قسه و بانگه‌واز و که‌ره‌سه‌ی دهعوهتا هه‌یه. هه‌ر له‌م زه‌مینه‌دا، دوکتۆر قه‌رزاوی دوو کتێبی زۆر نایابی هه‌یه به‌ناو “خطابنا الاسلامی فی عصر العولمه” و “الصحوه الاسلامیه من المراهقه الی الرشد”. ئه‌م دوو کتێبه به‌ڕاستی ئه‌بێ به وردی ته‌ماشا بکرێن و دیراسه و لێکۆڵینه‌وه‌یان له سه‌ر کرێ و به‌رڕه‌سی بکرێن. وه هه‌ر له‌و زه‌مینه‌دا نووسراوێکی بیرمه‌ندی گه‌وره، دوکتۆر عسام بشیر هه‌یه که له ناوه‌ندی فیکری ئیسلامی وه‌سه‌ت باسی کردووه. ئه‌مانه‌و نموونه‌یان به تایبه‌تی بۆ مامۆستایان و بانگخوازان زۆر پێویسته بیانخوێننه‌وه. له گه‌ڵ چاکی ئه‌و دوو کتێبه‌دا که ئه‌ڵێم، خۆتان ئه‌زانن ئه‌گه‌ر ئائێسته بینووسینایه، ئاڵوگۆڕی تیا ئه‌کردن و به‌م شێوه نه‌ئه‌بوون که ئێسته وان له به‌ر ده‌ستا. چونکه بازێ شت روویداوه که نیاز به رانوومایی تازه‌تر هه‌یه له‌مباره‌وه. پرسیاری تازه وڵامی تازه‌ی ئه‌وێ. ئاڵ و گؤڕی راو بۆچوونه‌کان له مێژووی فیکری ئیسلامی‌دا له ناو زانایانا هه‌ر له ژیانی خۆیاندا شتێ غه‌ریب و نامۆ نیه‌و، بووه و هه‌یه، هه‌ر زۆر ئاساییه بوونه‌که‌ی، وه ئێسته‌یش ئه‌بێ ببێ.
لێره‌دا به پێویستی ئه‌زانم که ئاماژه بکه‌م به فه‌رمایشتێکی بیرمه‌ندی گه‌وره‌ی وڵاته‌که‌ی خۆمان، کاک ناسر، خوا لێی خۆشبێ، که بۆ لابردنی به‌شی عه‌ره‌بی خوتبه‌ی جومعه له کوردوستاندا ئه‌یفه‌رموو:” خوتبه‌و وتار ئه‌وه‌یه به زوانی ئه‌و خه‌ڵکه و دانیشتوان بێ بۆ ئه‌وه لێی حاڵی بن، ئه‌گینه ئه‌وه موتبهیه، خوتبه نیه!”
- هه‌موو لا ئه‌زانین پایه و بنه‌ڕه‌ته‌کانی ده‌عوه‌ت سابتن و ناگۆڕیهن، به‌ڵام شێوه‌کانی ده‌عوه‌ت و بانگکردن نابێ سابت بن، چونکه به زه‌ره‌ره و ئه‌ده‌بیاتی ده‌عوه‌ت ئه‌بێ هه‌میشه ئاڵوگۆڕ بێت به سه‌ریا.
فیقهی ده‌عوه یانێ چاک تێگه‌یشتن له‌و دهقهپیرۆزانهی که باسی ده‌عوه‌ت ئه‌که‌ن و وان له به‌ر دهسمانا و هه‌میشه هه‌ن و که‌ڵکیان لێ وه‌رئه‌گیرێ و کارایی خۆیان هه‌یه و له هه‌موو رۆژگارێکا وه‌کوو ئه‌ساس ئه‌بێ موسڵمانان بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ریان، بۆ ئه‌وه‌ی که بیانخه‌نه کار. کاتێ تێکه‌ڵ به ژیانیان کردن ئه‌و ده‌قانه به زیندوویی رائه‌گرن، به‌ڵام کاتێ به کارمان بردن، ئه‌وه تێکه‌ڵی ئه‌که‌ین له گه‌ڵ بۆچوونی خۆمان و لیباسی به‌شه‌ری ئه‌که‌ین به بهریانا. وه‌کوو محمدبنالمختار الشنقیطی له کتێبی” الخلافات السیاسیه بین الصحابه: رساله فی مکانه الاشخاص و قدسیه المبادئ” ئه‌ڵێ: ته‌نانه‌ت به نیسبه‌تی پێغهممهریشهوه له گه‌ڵ ئه‌و گشته گه‌وره‌ییه‌وه که هه‌یه‌تی، کاتێ ئه‌و ده‌قه پیرۆزانه‌ی قورئان ئه‌خاته کار و جێبه‌جێیان ئه‌کات و تێکه‌ڵی ئه‌کات به ژیان و زه‌مینییان ئه‌کات، بهشهریبوون به‌و دهقهپیرۆزانهوه ده‌رئه‌که‌وێ. له گه‌ڵ ئه‌م جیاوازییه‌دا که به نیسبه‌تی پێغه‌ممه‌ره‌وه هه‌یه، ئه‌مه‌ی که هه‌میشه خوای گه‌وره ده‌ستی پێوه بوه و چاودێری کردوه‌و له هه‌ڵه پاراستوویه‌تی و یادئاوه‌ری پێداوه، به‌ڵام بۆ باقی موسڵمانان ئه‌م تایبه‌تمه‌ندییه نیه. که‌وایه هه‌ر ئه‌مانه‌و نموونه‌یان بوون به ئه‌ساس بۆ دروسبوونی فیکری ئیسلامی، تا گه‌یشتوه‌ته ئێره‌و له‌مه‌و دواش هه‌روا ئه‌ڕوات. وه‌ئه‌م شته هه‌روا په‌ره‌ی سه‌ند، به‌تایبه‌تی له پاش نه‌مانی شوورا و خوله‌فای راشدین تا ئێسته، که بازێ له عورف و عاده‌تی ناله‌بار تێکه‌ڵ بوون به فیکر و فه‌رهه‌نگی ئیسلامی، له هه‌مان کاتا له گه‌ڵ رۆحی دینیشا سازگار نین، که به دوورکه‌وتنه‌وه‌مان له عه‌سری سه‌عاده‌ت ئه‌م شته‌ی زیاتر پێوه دیاره، تا ئه‌و راده گه‌یشتوه هه‌ر وڵاتێ تایبه‌ت به خۆی بازێ شت تێکه‌ڵ بووه به فیکری ئیسلامی، وه‌ها جێگه‌ی گرتووه باسکردن و جیاکردنه‌وه‌یان له ئیسلام زۆر دژوار بووه. ـ ئه‌ڵبه‌ته ئالهگرهدابهجێگهیه بڵێم له باسی عورفا، که ئیسلام عورفی سه‌حیح و ره‌سه‌ن و پاک و خاوێن و دوور له خهڕافات به ره‌سمی ئه‌ناسێ و ده‌ستووری پێداوه، وه‌کوو ئه‌فه‌رموێ:”… … “
[ئه‌عراف/۱۹۹ ][…فه‌رمانیش به باو و نه‌ریتی چاک بده…]
ته‌نانه‌ت بازێ له زانایانی ئوسووڵ، به یه‌کێ له به‌ڵگه‌کانی شه‌ریعه‌ت دایانناوه. تاییدی عورفی سالم و پاڵافته کردن و پاککردنه‌وه‌یان له عورفی ناسالم له مێژووی ئایینه ئاسمانیه‌کان و ئیسلامدا شتێکی غه‌ریب نیه. سه‌ره‌ڕای ئه‌میشه تاییدی عورفی سالم نرخدانانه بۆ عه‌قڵی ئه‌و خه‌ڵکه. هه‌ر وه‌کوو ئه‌میشه ئه‌زانین که عورف و عه‌قڵه‌کان و سه‌مه‌ره‌کانیان و ئاسه‌واره‌کانیان له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێکیتر، وه له کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه تا نیشتمانێکیتر جیاوازی زۆر به‌دی ئه‌کرێ. که‌وایه عورفی سالم هه‌م دین تاییدی ئه‌کات، هه‌م عه‌قڵ. که باسی ئه‌مه ئه‌بێ به جیا کرێ.ـ.
به‌ڵام هه‌ر وه‌کوو وتم تێکه‌ڵ بوونی شتی بێئهساس به‌و مه‌فاهیمه راست و پاکانه ئه‌وه‌نده ئاڵۆزی دروس کردووه، بیسراوهو وتراوه که ئه‌ڵێن: ئیسلامی خه‌لیج[که‌نداو]، ئیسلامی عه‌ره‌بستان، ئیسلامی پاکستان و تاڵه‌بان، ئیسلامی ئێران، و هه‌روه‌ها بۆ هه‌رکام له‌مانه بازێ فه‌رهه‌نگی خه‌ڵکی و خۆماڵی ئه‌و وڵاتانه‌ی پێوه ئاڵاوه، به روونی پێوه دیاره، تا ئه‌و راده گه‌ییوه بازێ شت تێکه‌ڵ بووه به دین بۆ بازێ له موسڵمانان وه‌کوو ئه‌سڵی دینی لێهاتووه و به نرخه‌وه ته‌ماشایان ئه‌کرێ، نه‌ک ته‌نیا ئه‌مه، به‌ڵکه ره‌نگدانه‌وه‌ی بازێ شتی حه‌ره‌کی و بۆچوونی حه‌ره‌کی که‌سایه‌تیه حهرهکیهکانیش بۆ بازێ له شوێنکه‌وتوانیان خه‌ریکه جێگه‌ی ده‌قه پیرۆزه‌کان بگرێته‌وه‌و باسکردنیان بڤه بێت!
برایه‌ک بۆی گێڕامه‌وه که له سه‌فه‌رێکی یه‌ک مانگه‌دا، له گه‌ڵ چه‌ن برای موسڵماندا ئه‌چێ بۆ پاکستان، له دانیشتنی ساڵانه‌یاندا به‌شداری ئه‌کات. ئه‌و برا فه‌رمووی به چاوی خۆم بینیم و درۆ ناکه‌م که له جێگه‌یه‌کدا سیواکی دهسهجهمعییان دانابوو. په‌تێکی پێوه به‌سرابوو، ئه‌و سه‌ری په‌ته‌که به‌سرابوو به مێخێکهوه له جێگه‌ی دهسنوێژا، هه‌ر که‌س ئه‌هات سوڕی ئه‌دا له دهمیو ئه‌ڕۆیشت.
ئه‌مه نموونه‌یه‌ک له‌و هه‌زاران نموونانه که چووه‌ته ناو فیکری ئیسلامیه‌وه که بۆ باسکردن ناشێن و که‌سانێک ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن، ئه‌یانه‌وێ له سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌کدا لاوان و خه‌ڵک و خوێنه‌واران بانگ که‌ن بۆ لای ئه‌و ئیسلامه‌ی به‌بۆچوونی خۆیان!
ئه‌نجامدانی کارێکی وا له سه‌رده‌می عیلم و زانین و پێشکه‌وتنی پزشکیو ته‌ندورستیدا به ناوی ئیسلام و سوننه‌تی پێغه‌ممه‌ره‌وه، ئه‌وه‌نده ناشیرینه که به هیچ شێوه‌یه‌ک سیواک کردنی وا نابهسرێ به پێغه‌ممه‌ره‌وه. جا ئه‌وه‌ش که زۆر جێگه‌ی سه‌ر سڕمانه ئه‌و کاره دزێوانه که لکێنراوه به ئیسلام و پێغه‌ممه‌ره‌وه، به ئیهانهتیش ته‌ماشا ناکرێ!
خوانه‌خواسته، له‌م به‌سه‌ر هاته ئه‌وه‌م مه‌به‌ست نیه که ته‌حقیری ئه‌و موسڵمانانه بکه‌م. “په‌نا به‌خوا”. به‌ڵام ئه‌بێ ئه‌مه قه‌بووڵ که‌ین که عورف و عاده‌تی ناله‌بار تێکه‌ڵ بووه به ئیسلام. به ناوی ئیسلامه‌وه و له سه‌ر حه‌سابی ئیسلامیش ئه‌نووسرێ.
- «إحیا‌ء فقه الدعوه»: فیرووزئابادی له قامووسه‌که‌یدا ئه‌ڵێ: ریشه‌ی فقه له جێگه‌یه‌کدا به‌کار ئه‌برێ که دژوارتر و ده‌قیقتر و عهمیقتر بێ.
راغیب ئه‌ڵێ: فقه خاستره له عیلم. له سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه ئه‌کرێ مانای جۆراوجۆریان لێکرێ. هه‌ر چه‌ن بازێ لهماناکان پێچه‌وانه‌ی ئهساسو ریشه‌ی کهلیمهکانیش بێ. به‌ڵام هه‌ر باسی ئه‌که‌م. بۆ رۆشن بوونه‌وه‌ی شته‌که و زه‌مینه فه‌راهه‌مکردن بۆ ئه‌وه‌ی که ئه‌مه‌وێ له‌م نووسراوه‌دا باسیکه‌م.
«إحیا‌ء فقه الدعوه» یانێ چاک تێگه‌یشتن له‌و ده‌قه پیرۆزانه و جێ به‌جێ کردنیان له ژیانی رۆژانه‌دا و بانگ کردنی خه‌ڵک بۆ لای.
«إحیا‌ء فقه الدعوه» یانێ زیندووکردنه‌وه‌ی ئه‌و وهساییل و که‌ره‌سانه‌ی که له سه‌رده‌می پێغه‌ممه‌ر و یاران و شوێنکه‌وتووانی ئه‌وانا به‌کاریان بردون بۆ بانگه‌واز، ئێمه‌ش هه‌ر ئه‌وانه بگرین به‌ده‌سته‌وه،_ که‌ئه‌م مانایه جێگه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه و دوورمان ئه‌خاته‌وه له رۆحی مه‌سه‌له‌که._
«إحیا‌ء فقه الدعوه» یانێ زیندوو کردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌خلاقه جوان و ئاکاره به‌رزانه‌یه که یاران و شوێنکه‌وتوانی ئه‌وان بوویانه، که هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه بوو، بوون به هۆی ئه‌وه چوونه ناو دڵی خه‌ڵکه‌وه‌و هیدایه‌تیان کردن و ئه‌و ئیسلامه‌یان گه‌یاند.
«إحیا‌ء فقه الدعوه» یانێ خۆمان به‌ینه‌وه ئه‌و که‌ش و هه‌وایه‌ی که ئه‌و گهورهگهلهی تیا ژیاون، له لایه‌نی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و شێوه‌کانی ئیداری و ژیان و ئاوه‌دانی و زۆر شتی‌تر، که ئه‌میشه زۆر دوورمان ئه‌خاته‌وه له خه‌ڵک و ژیان و له کاروان زیاتر دوور ئه‌که‌وینه وه.
«إحیا‌ء فقه الدعوه» یانێ زیندوو کردنه‌وه‌ی شێوه ی قسه‌کردن و ئه‌ده‌بیاتی وتاری و گوفتاریان و هه‌ر به‌و شێوه خه‌ڵک ده‌عوه‌ت که‌ین که ئه‌وان کردوویانه. که ئه‌م مانایه زۆر دوورمان ئه‌خاته‌وه و کارایی ده‌عوه‌ت که‌م ئه‌کاته‌وه و موسڵمانان غه‌ریب ئه‌که‌ون.
هه‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌و زیاد لهمانیشه جێگه‌ی بیرکردنه‌وه‌یه و ئه‌بێ به‌وردی لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بکرێ و شی بکرێنه‌وه و کاری پسپۆڕی و کارناسییان له سه‌ر بکرێ.
- خوای گه‌وره ئه‌فه‌رموێ:« ودخلوا البیوت من ابوابها»، وائه‌زانم ئه‌م ئایه‌ته زۆر یارمه‌تیمان ئه‌دات بۆ چوونه‌ناو ئه‌م باسه‌وه. ئه‌وه‌ی که‌زۆر گرینگه له‌مباره‌وه، گه‌یاندن و جێبه‌جێ کردنی په‌یامی خوایه، به هه‌ر شێوه‌یه‌کی موناسب و مه‌شرووع و حه‌کیمانه له سه‌ر ئه‌ساسی چاوڕۆشنی.
هه‌موولا ئه‌زانین موسڵمان ئه‌بێ بگه‌ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی چۆن زه‌مینه‌ی هیدایه‌تی خه‌ڵک فه‌راهه‌م کات و چۆن ئه‌م دینه بگه‌یه‌نێ و کارێ بکات که کۆمه‌ڵگه گوێی بۆ بگرن و قه‌بووڵی که‌ن.
له‌مباره‌وه ئه‌توانین دوو شتی زۆر ئه‌ساسی و سه‌ره‌کی باسکه‌ین.
یه‌که‌م: خۆشه‌ویستی بۆ خه‌ڵک، سه‌رفه‌نه‌زه‌ر له ره‌نگ و نه‌ژاد و ره‌گه‌ز و عه‌قیده و بیروباوه‌ڕ، وه پیشاندانی ئه‌و خۆشه‌ویستییه و خستنه‌کاری به زوان و ئه‌خلاقی ئیجتیماعی، له‌به‌ر ئه‌وه که خۆشه‌ویستی و سۆز شتێکی ده‌روونییه و به کرده‌وه و گوفتار نه‌بێ نابینرێ و نازانرێ.
دووهه‌م: به ده‌م خه‌ڵکه‌وه بوون و خزمه‌ت پێیان به ئه‌ندازه‌ی توانایی و لابردنی سته‌م له سه‌ریان. ده‌رمان کردنی ده‌ردوو ئاسان کردنی گرفت و ناڕه‌حه‌تیه‌کانیان. ئه‌مانه‌و نموونه‌یان کۆمه‌ک ئه‌که‌ن به‌وه‌ی که موسڵمان بچیته‌ناو دڵی خه‌ڵکه‌وه. وه ئه‌وه‌ش ئه‌زانین که کۆمه‌ڵگه نیازیان به‌م شتانه هه‌یه. هه‌ر وه‌کوو له قورئانیشه‌وه ئه‌مه به روونی و رۆشنی ده‌ر ئه‌که‌وێ. وه‌کوو ئه‌فه‌رمێ:« » ئه‌م ئایه‌ته راسته‌وخۆ ئاماژه ئه‌کات به‌و شتانه‌ی که پێوه‌ندی هه‌یه به ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه، وه جه‌خت ئه‌کات له سه‌رئه‌نجامدانی ئاسایش و ئارامش بۆ کۆمه‌ڵگا. قورسایی و سه‌نگینی ئه‌م دوو دێوه‌زمه‌یه، یانێ هه‌ژاری و نه‌بوونی ئازادی و ئه‌منییه‌ت، که هه‌میشه له درێژایی مێژوودا پشتی خه‌ڵکیان شکاندووه، فه‌قیری و هه‌ژاری و ژێرده‌سته‌بوونی ئه‌م و ئه‌و کارێکی کردووه، ئه‌گه‌ر بزانن و ببینن که‌سێ دێ به هاواریانه‌وه، وه دڵسۆزانه و بێتهماع، ئه‌م دوو به‌ڵا له سه‌ریان لائه‌بات، یان لانی که‌می هاودهردییان له گه‌ڵ ئه‌کات،ئارامش بۆ ده‌روون و ئاوه‌دانی بۆ ناو ماڵ و کۆمه‌ڵگایان درووس ئه‌کات، زه‌مینه‌ی قه‌بووڵکردنی ئیسلام چاکتر فه‌راهه‌م ئه‌بێ. به‌ڵام به بوونی ئه‌م دوو به‌ڵایه له کۆمه‌ڵگه‌دا، به‌تایبه‌تی ئاله‌م رۆژگاره‌دا و له وڵاتانی ناوهڕاستو به ناو ئیسلامییه‌کاندا،خه‌ڵکی فه‌قیر ناتوانن له سه‌ر پێی خۆیان بوه‌ستن. به‌ڵێ گرفت زۆره و ناڕه‌حه‌تیه‌کان له ئه‌ژمار نایه‌ن، به‌ڵام زۆربه‌ی گرفته‌کان له‌م دوو به‌ڵا ره‌شه‌وه سه‌رچاوه ئه‌گرن و ئه‌ته‌نێته‌وه.
- مه‌علوومی هه‌موولایه‌که نه‌خۆشین و ده‌رده‌کانی ئه‌ندام و لاشه و جیسم جیاوازن، هه‌ر وه‌کوو ده‌ردوو نه‌خۆشینه ده‌روونییه‌کانیش وان و جیاوازی به‌دی ئه‌کرێ له نێوانیانا، وه هه‌ر ئه‌م ئافه‌ت و نه‌خۆشینه فیکری و کۆمهڵایهتیانیشه به نیسبه‌تی کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کانیشه‌وه جیاوازی هه‌یه، هه‌ر وه‌کوو به نیسبه‌تی زه‌مان و رۆژگارهکانیشهوه هه یه ئه‌م شته به‌ته‌واوی روون و ئاشکرایه.
کاتێ ئه‌مه‌مان زانی، به ئاسانی قه‌بووڵی ئه‌که‌ین که ده‌رمانه‌کان و شێوه‌ی ده‌رمانکردن و ره‌وشی به‌رگری له‌و ئافه‌ت و ده‌ردانه زۆر جیاوازن و ئه‌بێ به پێی زه‌مان و رۆژگار‌و کۆمه‌ڵگا و تاکه‌کان و بنه‌ماڵه‌کانه‌وه جیاوازی ببێ.
که‌وایه ئه‌بێ چاک بزانین هه‌ر به‌و نیسبهتیشه بۆ ئاڵوگۆڕی شێوه‌ی وتار و ده‌عوه‌ت و بانگه‌واز پێویست ئه‌کات. چونکه بیسه‌ر و بینه‌ره‌کانمان گۆڕاون، هه‌ر وه‌کوو رۆژگار گۆڕاوه. ئه‌بێ ئه‌ده‌بیاتی ده‌عوه‌ت و شێوه‌کانی بانگکردن گۆڕان بێ به‌سه‌ریا.
هه‌موولا ئه‌زانین خه‌ڵک و زه‌مان و شێوه‌ی ژیان و بیرکردنه‌وه‌و ده‌رده‌کان و نه‌یارانی دین و که‌ره‌سه‌ی به‌ربه‌ره‌کانێ و رووبه‌ڕوو بوون له گه‌ڵ دینا و زۆرێکیتریش گۆڕاوه. وه ئاڵوگۆڕ هه‌موو شتێکی گرتوه‌ته‌به‌ر و پرسیارهکانێش گۆڕاون. ته‌نانه‌ت پرسیاری ئه‌مڕۆ هینی دوێنێ نییه،چ جای ئه‌وه زۆر بچینه دواتره‌وه.
ئه‌گه‌ر به‌وردی ته‌ماشایه‌کی مێژووی فیکری پڕ له هه‌وراز و نشێوی ئیسلامی بکه‌ین و دیققه‌ت بکه‌ین له‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که له درێژایی زه‌ماندا هاتووه به‌سه‌ریا، به‌چاکی بۆمان ده‌رئه‌که‌وێ که هه‌ر نووسراوێکی فیکری، به رۆشنی نیازی سه‌رده‌می خۆیی پێوه ده‌رئه‌که‌وێ. ئه‌و بیرمه‌ندو نووسه‌ره، مرۆڤی سه‌رده‌م و رۆژگاری خۆی بووه و وڵام پرسیار‌و نیازه‌کانی سه‌رده‌می خۆیی پێوه دیاره. وه ئه‌و ئاڵوگۆڕه له ته‌واوی سه‌ده‌کان و نووسراوه‌کان و شێوه‌ی نووسینه‌کان و فیکری و بیر‌و بۆچوونه‌کان به چاکی ده‌رئه‌که‌وێ، جیاوازییه‌کان.
له سه‌ره‌تای هه‌ڵهاتنی رۆژی ئیسلامه‌وه، خوێنه‌واره‌کانی ناو کۆمه‌ڵگا و که‌سانێ که نووسینیان بزانیبایه، ئه‌ویش به‌و شێوه زۆر سه‌ره‌تاییه، به په‌نجه‌ی ده‌س ئهژمێریان. به‌ڵام ئێسته سه‌ده‌ی بیست‌و یه‌که. خوێنه‌واری و ئاساره‌کانی عیلم و زانین هه‌موو جێگه و شوێن و کون و قوژبنێکی داگرتووه. وشکایی و به‌رزایی و نزمایی و بان و خوار، شه‌و و رۆژ، ده‌روون و بێروون، قووڵایی ده‌ریاکان، ئا له‌م رۆژگاره‌دا به هه‌زاران رشته‌ی ته‌خه‌سوسی عیلمی هه‌یه و ئه‌خوێندرێ که رۆژگارانی رابردوو و سه‌ده پێشوه‌کان نه زانیویانه، نه بیستوویانه. له‌وانه‌یه به خه‌ویش نه‌یاندیبێ.
ئه‌گه‌ر به‌مشێوه بڕوا، به فه‌رمایشتی یه‌کێ له زانایان، ئه‌گه‌ر به‌شه‌ر نه‌بێ به به‌ڵا بۆ گیانی خۆی، هێشتا گڕوگاڵ ئه‌کات. که‌وایه وڵامی پرسیاره‌کانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌و چاره‌ی ده‌رده‌کانی ئه‌مڕۆ له ئاسار و شوێنه‌وار و نووسینی نووسه‌رانی رابردوا که‌م ده‌س ئه‌که‌وێ.
له سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه، دروشمی ئه‌مڕۆمان بکه‌ین به‌مه که: ئه‌مڕۆ و ئێسته له سه‌ده‌ی بیستویه‌ک، چۆن خه‌ڵک بانگ بکه‌ین بۆ لای دینی خوا؟ باسی چی بکه‌ین وه له کوێوه ده‌س پێ بکه‌ین؟
- گرفت و ده‌رده‌کان زۆرن. کێشه‌ی ئه‌مڕۆ نه‌بوونی ئه‌منییه‌ت و ئازادییه، نه‌بوونی عه‌داڵه‌ت و داده له کۆمه‌ڵگه‌دا و فه‌قیری و هه‌ژاری و برسیه‌تییه. بوونی چینایه‌تی و ته‌به‌قات و بان و خواری ناو کۆمه‌ڵگایه، ژێرپێ خستنی مافی مرۆڤ و زوڵم و سته‌مه. گرفتی ئه‌مڕۆ نه‌زانانه دیفاع کردنه له دین. ناشیرین پیشاندانیه‌تی. گرفتی ئهمڕۆئهوهیه که موسڵمانان رووبه‌روون له گه‌ڵ هه‌زاران پرسیاردا، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و پرسیارانه، راو بۆچوونی لاوازی ناو فیکری ئیسلامی درووسی کردوون. له ناو دڵی خۆمانه‌وه هاتوونه‌ته ده‌ره‌وه‌و بوون به به‌ڵا بۆ گیانی خۆمان و هه‌ڵقوڵاوی ته‌ئریخی فیکری ئیسلامه‌تییه، ئیسلامه‌تی مێژوویی ئێمه‌ی گه‌یاندووه به‌م رۆژه ناخۆشه، نه‌ک ئیسلام و قورئان. وه بازی ریوایه‌تی لاوازیش پاڵپشتیانه، وه ئه‌گه‌ر خوانه‌خواسته که‌سێکیش ده‌م کاته‌وه و بڵێ ئه‌مشته لاوازانه په‌یوه‌ندی به ئیسلامه‌وه نییه، ئه‌وه ئیتر مه‌گه‌ر خوا بیپارێزێ!
- گرفتی ئه‌مرۆ ئه‌وه‌یه که بازێ که‌سایه‌تی ئیسلامی و نووسه‌رانی ئیسلامی هه‌ن، له‌باره‌ی ژنه‌وه، که نیوه‌ی کۆمه‌ڵگان، هه‌ر وه‌کوو ده‌وره‌ی به‌رد(عه‌سری حه‌جه‌ر) بیر ئه‌که‌نه‌وه.
هه‌ر حه‌ره‌که‌تێ ژن له مه‌یدانی ژیانا بکاته ده‌ره‌وه‌و به‌شداری نه‌کات له کاره‌کانی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئیداری و ئابووری و چاکسازیدا و به‌شدار نه‌بن له‌م لایانه‌دا و جێگه ده‌ستیان دیار نه‌بێ، ئه‌و حه‌ره‌که‌ته دواکه‌وتووه، له لایه‌نی فیکرییه‌وه قسه‌ی له‌سه‌ره‌و به ده‌ردی ژیان ناخوات له‌م رۆژگاره‌دا و زه‌مانێ ئه‌بێ که کوێر بێته‌وه.
- گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی جوانه‌کان و لاوان به‌بۆنه‌ی ناشیرین پیشاندانی ئیسلامه‌وه، له ئیسلام و موسڵمانان رائه‌که‌ن. وه ئه‌وه‌یه که بازێک له بانگخوازان ئه‌ده‌بیات و زوانی لاوان نازانن و حاڵی نابن و تێناگه‌ن له یه‌کتر وه له‌م رووه‌وه، لاوان ناتوانن ده‌رده دڵ بکه‌ن له‌لایان.
- گرفتی ئه‌مڕۆ کێشه‌ی په‌روه‌رده‌و بارهێنانی منداڵه، که ئه‌و به‌رنامه‌و ره‌وشته سوننه‌تییانه وه ئه‌و نووسراوه رابردووانه، کاراییان نه‌ماوه و زۆر که‌م جواب ئه‌ده‌نه‌وه.
- گرفتی ئه‌مڕۆو به‌ڵای قه‌ڕن، ماده هۆشبه‌ره‌کانه که خه‌ریکه بناغه‌ی بنه‌ماڵه له بێخ ده‌ردێنێ، وه خه‌ڵکێکی زۆر پێوه گیرۆده‌یه. که به‌داخه‌وه له بڵندگۆی مزگه‌وته‌کانه‌وه به ئه‌ندازه‌ی خۆپاککردنه‌وه و چوونه سه‌رئاو نابیسرێو باسی لێناکرێ، که ئه‌م به‌ڵا ره‌شه چه‌نده مه‌ترسیدارو ماڵوێرانکه‌ره.
- گرفتی ئه‌مڕۆ قه‌یران و بوحرانی خانه‌واده‌و بنه‌ماڵه‌یه، که خه‌ریکه ئه‌ڕووخێ و وێران ئه‌بێ. جیابوونه‌وه‌ی ژن و پیاوو ته‌ڵاق و سه‌رلێشێواوی و سه‌رگه‌ردانی مناڵ خه‌ریکه ببێ به مۆد. به باس‌و دووباسی سه‌رپێیی و ئاماژه‌کردن، بێباسکردنی ریشه‌کانی چاره‌سه‌ر نابێ. وه به‌ڕاسی زۆربه‌ی بانگخوازانیش له‌م زه‌مینه‌دا سه‌ریان ده‌ر ناچێ و کۆڵه‌وارن. که‌وایه ئه‌ڵێمه‌وه ئه‌م دروشمه به‌رز که‌ینه‌وه‌و بڵێین چۆن بانگی خه‌ڵک بکه‌ین بۆ لای ئیسلام له سه‌ده‌ی بیستویه‌ک دا.
- گرفتی ئه‌مڕۆ، دوورکه‌وتنه‌وه‌ی موسڵمانانه له قورئان و ته‌ده‌بور نه کردن تیایا، تا ئه‌و راده گه‌یشتووه که به ئه‌ندازه‌ی ئاگاداریمان و خه‌ریک بوونمان به کتێبی خه‌ڵک و نووسراوی نووسه‌ران و که‌سایه‌تی ئیسلامییه‌وه، یه‌ک ده‌رسه‌دی ئه‌وه ئاگادار نین له قورئان و بیری لێ ناکه‌ینه‌وه‌و وه‌ختی بۆ ته‌رخان ناکه‌ین. به‌ینی خۆمان و خوا، خۆمان قازی خۆمان بین، هینی وامان نییه له ۲۴ ساعه‌تا له‌وانه‌یه پێنج شه‌ش سه‌عات زیاتر یان که‌متر له سه‌ر ئینتێرنێتهو سه‌رگه‌رمی ناو ئه‌و شه‌به‌که کۆمه‌ڵایه‌تیانه‌یه، قسه‌و نووسراوی خهڵکو یه‌کتر ئه‌خوێننه‌وه و زۆرشتیتر،باسی ئه‌وه ناکه‌م کهچهندهی به که‌ڵک بووه، تا له‌قیامه‌تا دیفاعی لێبکات. ئه‌وه هه‌ڵگیراوه بۆ رۆژی خۆی، له‌وێ پێمان ئه‌وترێ:«اقرا کتابک»، یان « » الکهف/۴۹ من ئه‌مه‌وێ ئه‌مه بڵێم، چه‌ن ده‌رسه‌دی ئه‌وه گوێ ئه‌گرین بۆ خوا‌و ئه‌چینه ناو قورئانه‌وه و ته‌ده‌بوری تیا ئه‌که‌ین؟ ئه‌مه بۆ داچڵه‌کان ئه‌ڵێم. با بیرکه‌ینه‌وه که چۆن وه‌ختمان ئه‌گیرێ به په‌یام و گووشیو کورتهپهیامو خوێندنه‌وه‌ی قسه‌ی خه‌ڵک و شتی‌تر!
که له ژماره نایه‌ن ئه‌و شتانه‌ی که کاته‌کانمان زۆرجار به فێڕۆ ئه‌ده‌ن.
شاعیرێکی کورد ئه‌ڵێ:
وه‌کوو بازێ که‌س، من دڵخۆش نابم
کاتێ ته‌قویمی تازه یهنن بۆم
چونکه ئه‌زانم له عومری عه‌زیز
ساڵێ رۆییوهو ئه‌شێ من برۆم
هه‌ی به‌بێ قازانج، دهسمایهکهم رۆ
هه‌ر رۆژێ سه‌دجار بۆ خۆم ره‌نجه‌ڕۆ.
بۆ نموونه: ئه‌گه‌ر نووسه‌ر و دانه‌رێ، کتێبێ، نووسراوێ، به دیاری بده‌ن پێمان، له به‌ر ئه‌وه‌ی که ئه‌و نووسه‌ره به‌مکاره‌ی رێزی بۆ ئێمه داناوه، زۆر سوپاسی ئه‌که‌ین وه هه‌ر کاتێ ئه‌و ههدیهمانه به‌ر چاوکهوێتهوه، یادی خێری ئه‌که‌ین. وه خۆشمان به لێپرسراو ئه‌زانین که ئه‌و نووسراوه بخوێنینه‌وه، بۆ ئه‌وه بزانین چی تیایه. ئه‌گه‌ر هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌ش بێ نه‌وه‌کوو رۆژێ پرسیارمان لێکات و بڵێ: ئه‌رێ ئه‌و نووسراوه‌تان خوێنده‌وه؟ پێم خۆشه بزانم راتان چییه له باره‌ی ناوه‌ڕۆک و بۆچوونهکانمهوه؟
ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بێ هه‌وڵ ئه‌ده‌ین که ئه‌و نووسراوه بخوێنینه‌وه، وه ئه‌گه‌ر که‌سێکیش داوای ئه‌و نووسراوه‌مان لێکات، ئه‌ڵێین ههدییهیه! وه ئه‌گه‌ر نووسراوهکهیش شتی باشی تیا بێ، کاتێ چاومان که‌وت به نووسه‌ره‌که، ده‌ستی خۆمان پێش ئه‌خه‌ین و زۆر سوپاسی ئه‌که‌ین.
ده‌ی ئالهگرهدا به‌جێگه‌یه کڵاوی خۆمان که‌ین به قازی، به‌رابه‌رییه‌کی ئه‌مه بکه‌ین و لێکدانه‌وه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنێکی ده‌قیق بکه‌ین له گهڵقورئانی خوای گه‌وره‌دا که بۆ هیدایه‌تی ئێمه ناردوویه‌تی!
به‌داخه‌وه، مهزههبگرایی و شوێنکه‌وتنی بیروڕای ئه‌م و ئه‌و، چ فیقهی، چ فیکری، چ حه‌ره‌کی و وه‌خت به‌سه‌ر بردنمان به‌مانه، جێگه‌ی قرئانی گرتووه‌ته‌وه. خوا بمانپارێزێ له‌و رۆژه: « » الفرقان/ ۳۰ وه به یارمه‌تی خوا بچینه ریزی ئه‌م کاروانه‌وه:« » الفرقان / ۷۳
- گرفتی ئه‌مڕۆ: په‌ره‌سه‌ندن و بڵاوبوونه‌وه‌ی بیری توندڕه‌وی و کرده‌وه‌ی توندڕه‌وانه‌یه، به ناوی ئیسلامه‌وه، درگای گرتووه به موسڵمان. ئه‌بێ کارناسانی فیکری ئیسلامی کاری له‌سه‌ر که‌ن. وه نامۆ بوون و بێگانه بوونی ئه‌م بیره به ئیسلامه‌وه رۆشن کرێته‌وه، به رۆشنکردنه‌وه‌ی لاوازبوونی ئه‌و بیروبۆچوون و ریوایه‌تانه‌ی که بوون به سه‌رچاوه‌ی ئه‌م بیره. وه ئه‌بێ کاری زۆری له سه‌ر کرێ تا خه‌ڵک به چاکی ئاگادار بنه‌وه. ئه‌م بیره نامۆیه که به که‌ڵکی ژیان ناخوات، گرفت و شپرزی و ئاڵۆزیه‌کی زۆری دروس کردووه له ناو موسڵماناندا. ئه‌بێ موسڵمانانی میانه‌ڕه‌و به ته‌واوی پێناسه‌ی خۆیان و بیروبۆچوونیان بکه‌ن له کۆمه‌ڵگادا. به گوفتارو ره‌فتاریان خۆیان جیاکه‌نه‌وه له‌وانه‌ی که توندڕه‌ون و وا بیرئه‌که‌نه‌وه. بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مجۆره بیره نه‌خۆش و ئاڵۆزانه له ناویانا گه‌را دانه‌نێ! وه له ژێر چه‌تری ئه‌وانا سه‌ر ده‌ر نه‌یه‌نن. ئه‌بێ حه‌ره‌که‌تی میانه‌ڕه‌و به فیکر‌و ته‌ربییه‌ت و بارهێنان، به ده‌عوه‌ت و بانگه‌واز، به قسه‌و وتار، به نووسین و گوفتار، به لیباس و سه‌ر و سیما و شکڵ و شێوه، به هه‌ر شێوه‌یه بۆی بکرێ، به باسی ریشه‌ی په‌یدابوون و له دایکبوونی ئه‌مجۆره بیرانه، میانه‌ڕه‌وی خۆی بسه‌ڵمێنێ و بناسێنێ و خۆی جیاکاته‌وه له‌و بیره توندڕه‌وانه‌ی که نه له گه‌ڵ دین یه‌ک ئه‌که‌ون و نه له‌گه‌ڵ عه‌قڵ و ژیریدا سازگاره.
- گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه که تا ئێسته نه‌مانتوانیوه ئیسلام بوومی که‌ینه‌وه. بوومی کردنه‌وه‌ی ئیسلام و ئیسلامی نیشتمانی، یانێ موسڵمانان له هه‌ر جێگه‌و شوێنێ هه‌ن، وه هه‌ر نهژادو ره‌گه‌زێکیان هه‌یه، هه‌وڵی ئه‌وه بده‌ن بۆ ئه‌وه بزانن گرفتی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه که تیا ئه‌ژین، چییه؟ وه ئه‌و گرفت و کێشانه له چ شتێکه‌وه سه‌رچاوه‌یان گرتووه و هۆیه‌کانی سه‌ره‌کی په‌یدابوونی ئه‌و ئافه‌ت و کێشانه چین و کامانه‌ن. کاتێ ئاشنا بوون به ده‌رده‌کان، به ته‌واوی هێزیانه‌وه، به گه‌ڕاننه‌وه بۆ لای قورئان و ئیسلام و که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و بۆچوونه ئیسلامیانه‌ی که‌وا لهبهردهسیاناو کارایی هه‌یه بۆ ده‌رمانی ئه‌و ده‌ردانه، هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشانه بده‌ن. وه به قسه‌و ره‌فتارو گوفتارو کرداریان له گه‌ڵ خه‌ڵک بن. هاودهردییان بکه‌ن. له حهقو مافی خوادادی ئه‌و خه‌ڵکه دیفاع بکه‌ن. زوانی ره‌سمییان بن‌و به زوانی ئه‌وان قسه بکهنو بنووسن و دوور نه‌گرن لێیان و دڵسۆزانه ده‌رمانی ده‌رده‌کانیان پێ بڵێن و باسیان بکه‌ن. وه به ئه‌ندازه‌ی تواناییان هه‌وڵ بده‌ن که سته‌م له سه‌ریان لابه‌رن و داوای حه‌قیان بۆ بکهنو ئاشنایان بکه‌ن به حه‌قی خۆیان و حه‌قیان بۆ رۆشن که‌نه‌وه، له‌مبارانه‌وه ئاگادار‌و بێداریان که‌نه‌وه، وه فێریان که‌ن داوای حه‌قی خۆیان بکه‌ن و بانگخوازان له پێشیانه‌وه بن. ئابه‌م شێوه ئه‌توانین ئیسلام بوومی که‌ینه‌وه و بیکه‌ین به ئیسلامی نیشتمانی. چونکه هه‌ر وڵاتێ، وه هه‌ر جێگه‌و شوێنێ گرفتی تایبه‌تی خۆیی هه‌یه، که له‌وانه‌یه وڵات و نیشتمانێکیتر ئه‌و گرفتانه‌یان نه‌بێ. بوومی کردنه‌وه‌ی ئیسلام‌و ئیسلامی نیشتمانی په‌نا به‌خوا مانای ئه‌وه نییه که بناغه‌و ئه‌ساس و بنه‌ڕه‌ته‌کانی ئیسلام بگۆڕین. وانازانم هیچ ئیماندارێ شتی وا بڵێ. ئیسلام هاتووه بۆ چاره‌سه‌ری گرفت‌و کێشه‌ی ئاده‌میزاد و له‌هه‌ر کوێ بن‌و هه‌ر نژاد‌و ره‌گه‌زێکیان بێ، ئه‌گه‌ر له‌م جیهانه‌دا کێشه‌ی ئینسان چاره‌سه‌ر نه‌کات، به‌ده‌ردی چی ئه‌خوات؟ وه ئه‌بێ لێره به‌که‌ڵکی بێ و بیگه‌یه‌نێ به حهقو مافه ره‌واکانی. ئازادی کات له ده‌س کۆلکه خوا‌و شیرکو خهڕافات و درۆ‌و ده‌له‌سه و سته‌م. ئه‌منییه‌تی بۆ فه‌راهه‌م کات. رێز و که‌رامه‌تی مهسوهگهر کات. ژیانێکی پڕ له خۆشی و به‌خته‌وه‌ری بۆ دروس کات. وه ده‌ستی سته‌م و زۆردار له سه‌ری لابات و کۆت‌و زنجیر له دهستو پێی بکاته‌وه. پاک و راست‌و دروست باریان بێنێ، وه من وائه‌زانم ئا له‌م رۆژگاره‌دا ئه‌م شێوه ده‌عوه‌تانه جواب ئه‌ده‌نه‌وه، وه ئه‌بێ ئه‌مه زیندوو که‌ینه‌وه و ئه‌م ره‌وشته بانگخوازییه سازگاره له گه‌ڵ که‌ش و هه‌وای ئه‌م وڵاته‌دا وه ئه‌مه‌یه ئیسلامی نیشتمانی. وه ئه‌وه‌ش ئه‌زانین که هه‌ر بانگخوازی به‌رپرسیاریه‌تی زیاتری هه‌یه له باره‌ی خۆی و ماڵ و مناڵ و که‌س و کار و نزیکانی و هاووڵاتانیهوه، به ته‌رتیب.
ئه‌و لێپرسراویهی که له باره‌ی ئه‌مانه‌وه هه‌یه‌تی، به‌و ئه‌ندازه له باره‌ی خه‌ڵکیتر و ڵاتانی دیکه‌وه نیه‌تی و رووی تێناکات. سه‌ره‌ڕای ئه‌میشه، ده‌عوه‌تکردنی خه‌ڵک به زوانی خۆیان کارایی زیاتره له کۆمه‌ڵگه‌دا وه رێزدانانیشه بۆ ئایه‌ته‌کانی خوای عاله‌میان. چونکه هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک پێناسه‌ی خۆی هه‌یه، وه پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌یش، پێناسه‌ی ئایینه، پێناسه‌ی ئایین رێزه له هه‌ڵبژاردنی خۆم‌و ئه‌و ئازادییه‌ی که خوا پێی‌داوم وه هه‌ر وه‌کوو رێزه له هیدایهتو لوتفی خوای گه‌وره، به‌ڵام پێناسه‌ی نه‌ته‌وه‌ییم ته‌نیا رێزه له جه‌عل و خه‌لقی خوای گه‌وره! وه ئه‌بێ ئه‌م دوو پێناسه‌یه وه‌کوو یه‌ک رێزیان بۆ دانرێ. که‌وایه ئیسلامی نیشتمانی یانێ ئه‌مانه‌و نموونه‌یان، نه‌ک یانێ پایه‌کانی دین بگۆڕین.
هه‌ر وه‌کوو له‌وانه‌یه ئه‌و کۆمه‌ڵگایه وه ئه‌و نیشتمانه بازێ عورف و عاده‌تی پاکیان بێ که دژایه‌تییه‌کیان له گه‌ڵ ئیسلامدا نه‌بێ، له لایه‌ن بانگخوازانه‌وه جه‌خت کرێته سه‌ری و له عورف و عاده‌تی خراپ و ناسالم جیا کرێنه‌وه. ته‌ئییدی عورفی سالم و پاڵفته‌کردن و پاککردنه‌وه‌یان له مێژووی ئیسلام و ئایینه ئاسمانییه‌کان هه‌ر فره ئاشکرایه و غه‌ریب نییه، وه هه‌ر ئه‌میشه نرخ دانانه بۆ عه‌قڵ و عورفی ئه‌و خه‌ڵکه. چونکه شتێ روونه که عه‌قڵ و عورفه‌کان، سه‌مه‌ره‌کان و ئاسه‌واره‌کانیان له که‌سێکه‌وه بۆ که‌سێک وه له کۆمه‌ڵگایه‌که‌وه تا نیشتمان و کۆمهڵگایهکیتر جیاوازی زۆر به‌دی ئه‌کرێ. که وایه، ئه‌گه‌ر که‌سێ باسی ئیسلامی نیشتمانی کرد، مانای وانییه ره‌گه‌زپه‌رسته. له روانگه‌ی فیکری ئیسلامه‌وه، ره‌گه‌زپه‌رست که‌سێکه که سته‌م لهرهگهزێ بکات، له به‌ر خاتری قازانجی ره‌گه‌زو چینه‌که‌ی خۆی، وه نه‌ته‌وه‌و ره‌گه‌زه‌که‌ی خۆی به‌لاوه گه‌وره‌تر بێت. وه هه‌میشه هه‌وڵبدات که ره‌گه‌زه‌که‌ی خۆی سه‌رخات به‌ناڕه‌وا به سه‌ر گهلانیترا و خۆپه‌رست بێت و مافی گهلانیتر تاڵان کات. وه خۆیان له هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کیتر به ماقووڵتر بزانن و خۆیان کهنه ئاغا‌و کاربه‌ده‌ست و خاوه‌نی رهگهزهکانیتر. جا هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک ئاوا بن، ئه‌وانه‌ن ره‌گه‌زپه‌رست.
- گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه که زۆربه‌ی بانگخوازان له ئه‌مڕۆدا ناژین. به فه‌رمایشتی ابن قیم که له‌باره‌ی موفتییه‌وه ئه‌ڵێ: موفتی ئه‌بێ چاک ئیسلام بزانێ و بناسێ‌و له رۆژگاری خۆیشیا بژی. له گرفت‌و ده‌رده‌کانی ئاگادار بێ، بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزێته‌وه. له کاتێکا ئه‌م مه‌رجه بۆ موفتی پێویست بێ، بۆ داعی و بانگخواز چه‌ن به‌رابه‌ر پێویسته.
به جێگه‌یه ئالهگرهدا به‌سه‌رهاتێ باسکه‌م، ئه‌ویش ئه‌مه‌یه:
مامۆستا نووری حه‌مه‌خان که موخته‌سه‌ری بوخاری وه‌رگێڕاوه‌ته سه‌ر زمانی کوردی، له جڵدی چوار، لاپه‌ڕه‌ی ۲۵۸-۲۵۷ دا ئه‌گێڕێته‌وه، که‌ئه‌مه کورتهیهکیهتی. ئه‌ڵێ: له پاش جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مدا، کاتێ سوپای ئینگلیس به‌نده‌ری به‌سره‌ی گرت، مامۆستا مه‌لا حوسێنی پیسکه‌ندی به مامۆستاکانی شاری سلێمانی ئه‌فه‌رموێ: مه‌لاینه زوو یان دره‌نگ ئه‌مانه ده‌گه‌نه ئێره‌ش، وه به‌بێ گومان بۆ ساردکردنه‌وه‌ی ئێمه له دین و نیشتمان جۆره‌ها پڕوپاگه‌نده‌ی ژهراویمان له دژ ده‌که‌ن. یه‌کێ له‌و بابه‌تانه خولانه‌وه‌ی زه‌وییه به ده‌وری خۆیدا و چۆنیه‌تی روودانی دیارده‌ی خۆرگیران و مانگگیران و زۆر دیاردهیتر لهمبابهتانه، که له‌کتێبه‌کانی ئێمه‌دا به چه‌ن شێوه باسیان لێکراوه. جا ئه‌گه‌ر شتێ لهمبابهتانه روویدا، مهپهشۆکێن و واز له‌و درۆ و ده‌له‌سانه بێنن که وان له دقائقالاخبار و نزههالناظرین و ریوایه‌ته لاوازه‌کانی خازن و … به‌ڵکوو بڵێن له کتێبه‌کانی ئێمه‌شدا هه‌ر وا ده‌ڵێن و به دوورودرێژی باسی ئه‌مجۆره دیاردانه کراوه، ئه‌م زانستانه ئێوه له ئێمه‌تان دزیوه و کردووتانه به هی خۆتان.
کاتێ مامۆستا مه‌لا حوسێنی پیسکه‌ندی ئه‌م قسه جوانه‌و ئه‌م وڵامه دهمکوته پێشنیار ئه‌کات بۆ مه‌ڵاکان بۆ ئه‌و قۆناغه، مه‌لاکان به یه‌ک ده‌نگ ئه‌ڵێن: ” په‌کوو له‌م حه‌لاماته‌ی “!! ئینگلیز هێشتا له فاوه، مه‌لا حوسێن هه‌ر له ئێستاوه چووته سه‌ر دینه‌که‌ی!
- گرفتی ئه‌مڕۆ بێ‌کاری و چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی ته‌مه‌نی هاوسه‌رگیرییه، که به داخه‌وه هه‌ر ئه‌مه خۆی گرفتی زۆری دروس کردوه له کۆمه‌ڵگادا.
به‌ڵێ راسته ئێمه ناتوانین ته‌واوی ئه‌و گیروگرفتانه چاره‌سه‌ر که‌ین. به‌ڵام باسکردنی موسڵمانان و به ئه‌ندازه‌ی توانایی و دانانی رێگه‌چاره و هه‌ڵنانی موسڵمانان بۆ ئاسانگیری بۆ دامه‌زراندنی بنه‌ماڵه، هه‌ر ئه‌مه خۆی ئه‌و خه‌ڵکه دڵخۆش ئه‌که‌ن به موسڵمانان که هاودهردییان ئه‌که‌ن و وان به ده‌میانه‌وه و شه‌ریکی خه‌م و خهفهتیانن و دڵسۆزیانن و ئه‌مانه و شتانیتر، زۆر کۆمه‌ک ئه‌کات که کۆمه‌ڵگا گوێ بگرن بۆ بانگخوازان.
- گرفتی ئه‌مڕۆ خراپ که‌ڵک وه‌رگرتنه له ره‌سانه.به‌ڕاستی ئاسه‌وارو شوێنه‌واری خراپی کۆمه‌ڵگای گرتوه‌ته‌به‌ر و ده‌سه‌ڵآتی له ده‌س ئه‌هلی خێرا نه‌هێشتوه. موسڵمانان ئه‌بێ له‌مباره‌وه هه‌وڵبده‌ن که فه‌رهه‌نگی چاک که‌ڵک وه‌رگرتن باسکه‌ن و بڵاوکه‌نه‌وه، به‌ڵام زۆر ئارام و حه‌کیمانه. نابێ قه‌ده‌غه کرێ و بوترێ گشتی خراپه. ره‌سانه وه‌کوو زوان و ده‌س و چاو وایه. ئه‌کرێ چاک که‌ڵکی لێ وه‌رگیرێ وه ئه‌یشکرێ خراپ به‌کار ببرێن. جا که‌وایه نابێ بوترێ گشتی دروس نییه، چونکه نه به گوێمان ئه‌که‌ن وه نه دروسیشه بوترێ، وه‌کوو ئه‌وه وایه بوترێ به هیچ شێوه قسه مه‌که‌ن، له به‌ر ئه‌وه‌ی له‌وانه‌یه تووشی غه‌یبه‌ت ببن!
وتنی شتی وا نه خۆت به گوێی خۆت ئه‌که‌ی، وه نه له ماڵیشتانا به گوێت ئه‌که‌ن، وه نه خه‌ڵکیش گوێت بۆ ئه‌گرن. ئه‌بێ له ناو موسڵمانانا کارناسان باسی له سه‌ر بکه‌ن، له سه‌ر چاکه‌و خراپییه‌کانی بکۆڵنه‌وه،هه‌موو لایه‌نه‌کانی رۆشن که‌نه‌وه. له‌م رووه‌وه بانگخوازان به که‌ڵک وه‌رگرتن له رێنوێنی کارناسه‌کان ده‌عوه‌تی خه‌ڵک بۆ شێوه‌ی راست و پاکی ره‌سانه بکه‌ن وه ده‌ڵیل و بهڵکهکانیشیان رۆشن که‌نه‌وه.
به‌ڕاستی ئاساری خراپی وه‌خت به فێڕۆدانه، جێگه‌ی شه‌و و رۆژ گۆڕینه‌وه‌یه، به‌ره‌ڵایی و بێ ئه‌خلاقی و بێ ره‌وشتیه، و… هه‌ر وه‌کوو ئاساری چاکیشی هه‌یه بۆ بانگخوازان، ئه‌مه‌ی که له چوار دیواری ماڵی خۆی تێته ده‌ره‌وه، ئه‌ڕواته ناو دونیا، زۆر شتی چاک ئه‌بینێ، ئه‌بیسێ، که‌ڵک له زۆر شت و زۆر که‌س وه‌ر ئه‌گرێ، وه بۆ ده‌عوه‌ت ئه‌یانخاته کار.
بانگخواز ئه‌بێ زیندوو بن و ئاگایان له دونیا و رووداوه‌کان بێ. زۆر ناخۆشه داعی هه‌میشه پرسیاری دهنگو باس و ئاگاداری له رووداوه‌کان له خه‌ڵک بکات، وه ئه‌وان خه‌به‌ری بۆ باس که‌ن و به ده‌می خه‌ڵکا بڕوانێ و سه‌ر بۆ ئه‌وان بله‌قێنێ. له‌مڕۆژه‌دا که‌سێ وابێ به که‌ڵکی ده‌عوه‌ت نایه و سه‌رئه نجام وه‌کوو یارانی کهف “اصحاب الکهف” بارگه‌و بنه‌ی پێ ئه‌پێچنه‌وه و ئه‌چێته‌وه بۆ ناو ماڵ و چواردیوارییه‌که‌ی خۆی. بانگخواز ئه‌بێ له کاری خۆ‌یا هه‌میشه له پێشه‌وه بێ و ده‌س پڕبێ له ناو کۆمه‌ڵگادا به که‌ره‌سه‌ی ده‌عوه‌ت، زیندوو بێت و باسی ژیانێ کات که به که‌ڵکی هه‌ردوو جیهان بێ، به‌هه‌شتی ئێره بیگه‌یه‌نێ به به‌هه‌شتی پاشه‌ڕۆژو ره‌زامه‌ندی خوا، وه هه‌ر لێره به‌هه‌شتێکی وه‌کوو به‌هه‌شتی ئاده‌م – سه‌لامی خوای لێ بێ – بۆ دروس کات. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه‌شی تیابکات، به تۆبه و گه‌ڕانه‌وه بۆ لای خوا بگاته‌وه. به ئارامی و خۆشبه‌ختی و سه‌عاده‌تی پێش هه‌ڵه‌که‌ی و له جایهگای که‌منه‌بێته‌وه و بڕواته‌وه جێگه‌که‌ی خۆی.
- گرفتێ ترسێنه‌رو تاقیکارییه‌کی دژوار که له رێگه‌ی بانگخوازانایه له ئه‌مڕۆدا و له ژیاندا، له‌م سێ شته‌دا ئه‌کرێ کۆ بکرێنه‌وه:
یه‌که‌م: سروه‌ت و دارایی
دووهه‌م: فێڵ و ته‌له‌که و هه‌ڵخڵه‌تاندن و چاوبهسکردن
سێهه‌م: ترساندن و هه‌ڕه‌شه‌و تۆقاندن
بانگخواز ئه‌بێ به چاوڕۆشنی و خۆگرییهوه رووبه‌ڕوو بێ له به‌رابه‌ری ئه‌م به‌ڵایانه‌وه، بۆ ئه‌وه سه‌رکه‌وێ به سه‌ریانا. ئه‌مشتانه هه‌میشه وه‌کوو ماره تۆپیو ئه‌خرێنه به‌ر پێی داعی، بۆ ئه‌وه‌ی پشت کاته ده‌ستووری خوا و ئیمانی لاواز که‌ن یان له ده‌ستی بدات و ئه‌م ژیانه کورت و کۆتایه هه‌ڵبژێرێ و بیترازێنن له رێگه‌ی راست. ئاوه‌دانی دڵی وێران که‌ن و بیکه‌ن به که‌لاوه. به فه‌رمایشتی دوکتۆر فه‌تحی یه‌کن، ئه‌گه‌ر دونیا‌و ئیمان جێگه‌یان بگۆڕیه، گرفت بۆ خاوه‌ن بڕوا دروس ئه‌بێ. چونکه دونیا ئه‌وه‌یه له گیرفانا بێ، ئیمانیش ئه‌بێ له دڵا بێ. هه‌ر وه‌کوو کاک ناسر ئه‌فه‌رموێ: وه‌کوو ئه‌م نموونه پاره ئه‌بێ له گیرفانا بێ، نه‌ک له دڵا بێ.
ئالهگرهدا به‌جێگه‌یه شتێ بگێڕمه‌وه:
یه‌ک نه‌فه‌ر بوو له مه‌ریوانا به ناوی کاک موحه‌ممه‌د و… له زه‌مانی شادا له سه‌ر تووده‌یی بوون چه‌ن ساڵێ له به‌ندیخانه‌دا بوو. هه‌ر له‌و سه‌رده‌مه‌دا که هاتبوه ده‌ره‌وه، ئه‌ڵێ به براده‌رێک ئه‌مه‌وێ سه‌رێ بده‌م له کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده و چاوم پێکهوێ، به‌ڵکه کارئاسانیم بۆ بکه‌ی له‌و باره‌وه. ئه‌و برایه زه‌مینه‌ی چاوپێکه‌وتنه‌که‌ی بۆ فه‌راهه‌م ئه‌کات و دێت بۆ سنه. شه‌وێ له خزمه‌ت کاک ئه‌حمه‌ددا ئه‌بێ. کاتێ گهڕابوهوهو، ئه‌و برایه‌ی چاوی پێئه‌که‌وێ، ئه‌ڵێ پێی: کاک ئه‌حمه‌دت چۆن دی و چۆن هاته پێش چاوت و رات چییه له باره‌یه‌وه؟
له وهڵامیا به کورتی ئه‌مه ئه‌ڵێ:
کاک ئه‌حمه‌د سواری دونیا بووه‌و زاڵه به سه‌ریا. به‌ڵام ئێمه‌ومانان دونیا سوارمان بوه‌و زاڵ بووه به‌سه‌رمانا.
- گرفتی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه، به‌داخه‌وه بازێ له بانگخوازان کاتێ باسی شارستانییه‌تی رۆژئاوا ئه‌که‌ن، هه‌موو شته‌کان تێکه‌ڵ ئه‌که‌ن به‌سه‌ر یه‌کاو چاک و خراپیان جیا ناکه‌نه‌وه له یه‌ک. بێ لێکۆڵینه‌وه‌و شه‌ل و کوێرم ناپارێزم، هه‌رچییان به‌ر ده‌س ئه‌که‌وێ دایئهپاچن. وه زۆر جار بیستوومانه “اکثرهم لا یعقلون” ئه‌خوێننه‌وه به سه‌ریانا، بێ ئه‌وه‌ی بیرکه‌ینه‌وه له ده‌قی ئایه‌ته‌که و په‌س و پێشی و داواکاریه‌کانی و شێوه‌ی جێبه‌جێ کردنی به‌سه‌ر ئه‌وانا!
عه‌قڵ و ئاوه‌ز هێزێکه که خوای گه‌وره له وجوودی ئینسانا داینیاوه و گه‌وره‌ترین به‌خشراوی خوایه و داوای ئه‌وه‌ی کردووه که چاک به‌کاری ببه‌ن. جایهگای عه‌قڵ و فیکر و نه‌زه‌ر و ته‌ده‌بور و اولوالالباب له قورئانا به رۆشنی دیاره و هه‌وجه‌ی به ئه‌نگوست نییه.
قورئان باسی فعلی عه‌قڵ ئه‌کات هه‌ر به له‌فزی خۆی، ۴۹ جار.
باسی عه‌قڵانییه‌ت ئه‌کات به له‌فزی قه‌لب له ۱۳۲ جێگه‌دا.
باسی عه‌قڵانییه‌ت ئه‌کات به له‌فزی اللب، له ۱۶ جێگه‌دا.
باسی عه‌قڵانییه‌ت ئه‌کات به له‌فزی النهی، له ۲ جێگه‌دا.
باسی عه‌قڵانییه‌ت ئه‌کات به له‌فزی فیکر و ته‌فه‌کور له ۱۸ جێگه‌دا.
باسی عه‌قڵانییه‌ت ئه‌کات به له‌فزی فقه، له ۲۰ جێگه‌دا.
باسی عه‌قڵانییه‌ت ئه‌کات به له‌فزی تدبر، له ۴ جێگه‌دا.
باسی عه‌قڵانییه‌ت ئه‌کات به له‌فزی اعتبار، وه‌کوو فاعتبروا، له ۷ جێگه‌دا.
باسی عه‌قڵانییه‌ت ئه‌کات به له‌فزی حیکمه‌ت، له ۱۹ جێگه‌دا.
باسی عه‌قڵانییه‌ت ئه‌کات به له‌فزی برهان، له ۸ جێگه‌دا.
باسی عه‌قڵانییه‌ت ئه‌کات به له‌فزی نظر، زیاد له ۵۰ جێگه‌دا.
ته‌نانه‌ت له بازێ جێگه‌دا که‌لیمه‌ی ئه‌مری بۆ به‌کار بردووه.
وه هه‌ر ئه‌مه وه‌ڵامه بۆ ئه‌و کهسانیشه له رووی نائاگاهییه‌وه، چاووڕاوی ئه‌وه ئه‌که‌ن که ئیسلام رێزی بۆ عه‌قڵ دانه‌ناوه!
له ئیسلامدا خوای گه‌وره به عه‌قڵ ئه‌دۆزرێته‌وه. به عه‌قڵه ئه‌زانرێ که قورئان هینی خوایه. ئه‌گه‌ر که‌سێ عه‌قڵی نه‌بێ، نوێژ‌و رۆژوو و زهکاتو حه‌جی له سه‌ر پێویست نییه. وه ته‌نانه‌ت پووڵی گیرفانی پێ نادرێ، چونکه نازانێ چۆن خه‌رجی کات. وه له قورئانا عه‌قڵ شانبه‌شانی وه‌حی باسی لێکراوه، وه‌کوو له سووره‌تی الملکدا، ئایه‌تی ۱۰ ئه‌فه‌رمێ« »
به‌داخه‌وه ئه‌م بوختانه بۆ ئیسلام به شێوهیهکیتر بازێ موسڵمانی سه‌تحی و زاهیرگرا به کرده‌وه ئه‌یده‌نه پاڵ ئیسلام. بۆ نموونه له کاتی دهعوهتیانا ئه‌گه‌ر که‌سێ بڵێ: ئه‌م شته به عه‌قڵم وایه، خێرا هه‌ڵئه‌چن و عه‌قڵ مه‌حکووم ئه‌که‌ن و نیسبه‌تی بێعه‌قڵیش ئه‌ده نه لای ئه‌و که‌سه هه‌ژاره!
ئه‌مه وه‌ڵامیشه بۆ ئه‌و دۆسته نائاگایانه‌ی لای خۆمان که ئه‌مانیش به‌شێوه‌یه‌کیتر ئیسلام له‌مه‌یدان ده‌رئه‌که‌ن و له‌به‌ر چاوی ئه‌خه‌ن.
وه‌ئه‌وه‌ش ئه‌زانین که له شێوه‌ی به‌کاربردنی عه‌قڵا جیاوازیه‌کی زۆر له نێوانی خه‌ڵکا به‌دی ئه‌کرێ. هینی وا هه‌یه چاک به‌کاری ئه‌بات، که‌سی واش هه‌یه چاک به‌کاری نابات، یان بۆ چاکه به‌کاری نابات، یان بۆ بازێ شت عه‌قڵی چاک به‌کار ئه‌بات، به‌ڵام بۆ بازێ شتی‌تر چاک به‌کاری نابات. وه‌کوو که‌سێ رژدوو به‌خێڵ و چرووک که زۆر ده‌وڵه‌مه‌ند بێ، به‌ڵام له برسا بمرێ. وه ئه‌م جیاوازیانه له دونیای ئه‌مڕۆدا و له ناو کۆمه‌ڵگاو تاکهکانداو له ناو شارستانیه‌ته‌کاندا، به چاکی به‌دی ئه‌کرێ. وه به چاوپێکه‌وتنی ئاسارو شوێنه‌واری به‌کاربردنی ژیری‌و ئاوه‌ز، بۆمان روون ئه‌بێته‌وه. وه ئه‌وه‌ش ئه‌زانین که زۆربه‌ی خه‌ڵک تووشی هه‌ڵه بوون، هه‌ریه‌ک له لایه‌نێکه‌وه.
غه‌رب به‌و گشته پێشکه‌وتوویی عیلم و زانینه‌وه له مه‌سه‌له‌ی په‌یوه‌ندی به‌رقه‌رارکردن له گه‌ڵ خاوه‌ن و دروسکراوی خۆیانا، تووشی هه‌ڵه‌بوون به ئاشکرا، وه به کرده‌وه‌و ره‌فتاریانه‌وه به‌ڕوونی دیاره و به باشی ئه‌بینرێ. وه‌هه‌روه‌ها ئه‌م به‌کار نه‌بردنی ئاوه‌زو عه‌قڵیشه له لایهنێکیترهوه به ئاشکرا دیاره به موسڵمانانه‌وه و پێویستی به ئاماژه نیه.
بۆ نموونه هه‌ر ئه‌و غهربهی که له لایه‌نێکه‌وه وان له هه‌ڵه‌دا، له به‌کاربردنی عه‌قڵا جیهان به‌ره‌و هه‌ڵدێر ئه‌به‌ن له‌وباره‌وه، وه هه‌ر ئه‌وانه به هه‌زاران وه‌سیله و که‌ره‌سه‌ی ژیان و پێشکه‌وتی عیلم و زانیاری‌و ته‌کنۆلۆژی، ئه‌بینی که به‌زه‌حمه‌ت و ههوڵو ته‌قالای ئه‌وان و به کاربردنی عه‌قڵ و ئاوه‌زیان له‌و زه‌مینه‌دا دونیایان ئاوه‌دان کردوه‌ته‌وه‌و له‌مباره‌وه گه‌وره‌ترین خزمه‌تیان کردووه به مرۆڤایه‌تی.
ئه‌مه گشتی سه‌مه‌ری عه‌قڵه، که به‌داخه‌وه موسڵمانان له‌م زه‌مینه‌دا کۆڵه‌وارین، وه چاو له ده‌ستی ئه‌وانین و به‌ده‌ستی ئه‌وانا ئه‌ڕوانین. وهلهوانهیشه له زۆر شتی تریشا هه‌ر بێئهمری خوا بکه‌ین و عه‌قڵیشمان هه‌یه و هیچ موسڵمانێ رازی نییه پێی بوترێ بێ عه‌قڵ.
به‌کاربردنی که‌لیمه‌ی بێ عه‌قڵ له لایه‌ن بانگخوازێکه‌وه، بێ بیرکردنه‌وه بۆ شارستانییهتێ ئاوا، که ئێمه ئێسته دهسهنهخواری ئه‌وانین، جێگه‌ی داخه وه گران ته‌واو ئه‌بێ بۆمان وه له‌وانه‌یه هه‌ر له‌و جێگه‌دا که ئه‌و بانگخوازه ئه‌و که‌لیمه به‌کار ئه‌بات، له‌ناو موسڵمانانا، که‌سانێ ببن پێمان پێکه‌نن له‌وکاته‌دا. چونکه هه‌ر ئه‌و وه‌سیله و که‌ره‌سانه‌ی ژیان که ئه‌وان درووسیان کردووه، ئه‌گه‌ر کهتهلۆگوو ده‌ستووری به‌کاربردنی له‌گه‌ڵا نه‌بێ، ناتوانین و نازانین به‌کاریان ببه‌ین.
به فه‌رمایشتی موحه‌ممه‌د غه‌زالی میسری، خوا لێی خۆشبێ، که ئه‌فه‌رموێ، غه‌رب له به‌شی ئاوه‌دانی ئه‌م زه‌ویه‌دا خه‌ڵیفه‌ی خوایه! به‌ڵام ئێمه ناشوکری نه‌بێ له هه‌ر دوو بهشهکهیا دواکه‌وتووین! وه هه‌ر له‌م زه‌مینه‌دا ئه‌فه‌رموێ: داعییهک له هێندووستانا ئه‌ڵێت: خوا ئه‌و کافرانه‌ی بۆ ئێمه گه‌ردنکه‌چ کردوه که وه‌سیله‌و که‌ره‌سه‌ی ژیانمان بۆ دروس که‌ن و ئێمه‌ش خه‌ریکی عیبادهت ئه‌بین!
ئه‌م فه‌قیره نه له ئیسلام و نه له ده‌عوه‌ت و نه له عیبادهت و نه‌له ژیان حاڵی نه‌بووه، بۆیه شتی وائه‌ڵێ. ئه‌مه‌یش بانگخوازه! به‌داخه‌وه موسڵمانان لهمزهمینهدا دواکه‌وتووین و له کاروان جێماوین.
به فه‌رمایشتی دوکتۆر تاها جابرعلوانی که ئه‌ڵێ: ئه‌گه‌ر موسڵمانان هیچ گیروگرفتێکیان نه‌بێ، وه هه‌موو زه‌مینه‌یه‌کیان بۆ فه‌راهه‌م بێ، ئالهئیستهوه ده‌س به‌کار بن، به ۳۰۰ ساڵ ناگه‌نه ئێسته‌ی غه‌رب. که‌ئه‌وان ۳۰۰ ساڵتر پێشئهکهونو مه‌گه‌ر هه‌ر له‌دووره‌وه ته‌ماشایان که‌ین.
به‌کاربردنی که‌لیمه‌ی بێعه‌قڵ، بێروونکردنهوه، تهپو تۆزی ئهچێبهچاوی خۆشمانا! با ئێمه‌ش وه‌کوو ئه‌و سێکۆلارانهی وڵاتی خۆمان نه‌که‌ین. له‌گه‌ڵ رێزم بۆیان، که زۆربه‌یان مه‌گه‌ر وێنه‌ی قورئانیان چاو پێکهوتبێ، ئه‌گینه نهخوێندوویانهتهوه، نه ته‌ماشایان کردووه، نه ئه‌یزانن وه نه ئاگایان له ئیسلامه، ئابه‌م وه‌زعه‌وه به‌راوه‌ردی ئیسلام و مه‌سیحییه‌ت وه‌کوو یه‌ک ئه‌که‌ن و به یه‌ک چاو ته‌ماشایان ئه‌که‌ن و ئه‌ڵێن ئیسلام به‌رنامه‌ی ژیانی نییه و ئیسلام و ژیان کوجا مه‌رحه‌با.
ئه‌و سکۆلارانه که به مافی ره‌وای خۆیان ئه‌زانن به‌رنامه‌و یاسای ژیان دیاری که‌ن بۆ خۆیان و خه‌ڵکیش، وه ئه‌مکاره به بناغه‌ی دیموکراسی دائه‌نێن، به‌ڵام هه‌ر ئه‌مکاره بۆ ئێمه به ره‌وا نازانن که به‌رنامه‌ی ژیان بۆ خۆمان دیاری که‌ین له سه‌ر ئه‌ساسی ئیسلام و قورئان. ئه‌گه‌ر ئێمه بیکه‌ین دواکه‌وتوویی و کۆنه‌په‌رستییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان ئه‌نجامی بده‌ن، رێزدانان بۆ رای خه‌ڵکه. بۆ نموونه ئه‌وان له په‌رله‌مانی فه‌رانسه‌دا یاسای ههمجینس بازی به زۆرینه‌ی ئارا ده‌نگی پێ ئه‌ده‌ن و ره‌سمییه‌ت په‌یدا ئه‌کات. خوانه‌خواسته ئه‌وه ئه‌گه‌ر موسڵمانان کاری وایان به‌ڕه‌وا بزانیایه، بۆقو که‌ڕه‌نایان گوێی دونیای که‌ر ئه‌کرد و هه‌زاران به‌ڵگه‌یان ئه‌تاشی له سه‌ر دواکه‌وتوویی ئێمه و ئه‌یان بردینه‌وه بۆ ده‌ورانی به‌رد!
- به بۆنه‌ی نووسینی ” احیا‌ء فقه الدعوه” به عه‌ره‌بی، سه‌رنجی ئه‌و ئازیزانه‌م رائه‌کێشم بۆ چه‌ن شتێ:
- گومان نییه له‌وه‌دا که زوانی عه‌ره‌بی، زوانی ئیسلامه، موسڵمانان له هه‌ر ره‌گه‌زو نه‌ژادێ بن، به رێزه‌وه ته‌ماشای زوانی عه‌ره‌بی ئه‌که‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که زوانی قورئانه، وه بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندکردن و خزمه‌تکردنی ئه‌و زوانه، له درێژایی مێژوودا و تا ئێسته هه‌وڵیان داوه و تێکۆشاون. به هه‌زاران زانای گه‌وره له هه‌موو ره‌گه‌زێ، ژیان و وه‌خت و قه‌ڵه‌میان له‌و پێناوه‌دا به کار بردووه. وه ئه‌و خزمه‌ته‌ی غه‌یره عه‌ره‌ب کردوویه‌تی، به تایبه‌تی زانایانی گه‌وره‌ی خه‌له‌ف، که‌هه‌ر هه‌موویان وه‌کوو ئه‌ستێره‌یه‌کی پرشنگدار له ئاسمانی مێژووی فیکری ئیسلامی‌دا ئهدرۆشێنهوه، وه‌هه‌ر یه‌ک له‌لایه‌نێکه‌وه شوێنه‌واری پیرۆزیان هه‌یه، زانیارییه‌کانی فقه، ته‌فسیر، ئوسوول، حه‌دیس، ئه‌ده‌بییات و به‌لاغه و که‌لام و باقی.
به‌مبۆنه‌وه جێگه‌ی ده‌سیان دیاره و هه‌وه‌جه‌ی به ئه‌نگوست نییه.
جا ئه‌م خزمه‌ته نه‌بڕاوانه که ئه‌م زانا گه‌ورانه کردوویانه، له به‌ر خاتری چاوی کاڵی عه‌ره‌به‌کان نه‌بووه! به‌ڵکه له‌به‌ر خاتری گه‌وره‌یی ئه‌و قورئانهبووه و بۆ پارێزگاری ئه‌و په‌یمانه بووه که داویانه به‌و پێغه‌ممه‌ره ئازیزه‌ی که ئه‌و قورئانه‌ی هێناوه بۆ هیدایه‌تی مرۆڤایه‌تی. وه ئه‌مه ده‌ری ئه‌خات ئه‌و خه‌ڵکه چه‌نده نمه‌ک شناس بوون، وه چه‌نده ئه‌و دینه به‌ڕێز بووه له پێش چاویان و به گه‌وره ته‌ماشایان کردووه.
به سه‌دان زانای غه‌یره عه‌ره‌بی وا بووه، وه‌ها تواوه‌ته‌وه و تێکه‌ڵ بوو له ناو ئیسلام و قورئان و زوانی عه‌ره‌بیدا، مێژووش باسی غه‌یره عه‌ره‌ببوونی نه‌کردووه‌و که‌س نازانێ له چ ره‌گه‌زێکه. ئه‌م شانازییه بڕاوه به شانی ئه‌و ره‌گه‌زانه‌ی که دڵسۆزانه له خزمه‌تی قورئان و ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا بوون و له‌و پێناوه‌دا سه‌ریان ناوه‌ته‌وه، وه بۆ ئه‌وه‌ش نه‌بوه که عه‌ره‌به‌کان پاداشی چاکه‌کانیان بده‌نه‌وه به خۆیان و بهڕهگهزهکهیان. به‌ڵکه به‌ته‌مای پاداشی نه‌بڕاوه‌ی خوای گه‌وره سه‌ریان ناوه‌ته‌وه و خوای گه‌وره له ریزی خۆشه‌ویستانی کۆیان کاته‌وه.
- وه ئه‌وه‌ی که موسڵمان بێ، به تایبه‌تی بیه‌وێ کارێکی چاک بکات له زه‌مینه‌ی دهعوهتا، ئه‌بێ هه‌وڵبدات به ئه‌ندازه‌ی توانای، فێری زوانی عه‌ره‌بی ببێ، که زوانی ئیسلامه. بۆ ئه‌وه‌ی چاک تێبگات له قورئان و ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نێ. وه پێویسته ئه‌و که‌سانه‌ی ئه‌یانه‌وێ ته‌خه‌سوسی فێری زوانی عه‌ره‌بی بن و ئاگادار بن له رێزهکاریهکانی، ئه‌بێ به‌تایبه‌تی کاتی بۆ دیاری که‌ن. به‌ڵام جێگه‌ی تایبه‌تی هه‌یه‌و بۆ گشت شوێنێ ناشێ. له‌م رووه‌وه چه‌ن تێبینیم هه‌یه له سه‌ری:
ا) ئه‌گه‌ر فێربوونی ته‌خه‌سوسی مه‌به‌ستتانه، ئه‌وه ناوێکی تری بۆ دیاری که‌ن و هه‌رکه‌سیش ئاره‌زووی بێ دێته ناو گرۆپهکهتانهوهو له‌وێ که‌ڵک وه‌ر ئه‌گرێ له به‌رنامه و نووسراوه‌کانتان.
ب) ئه‌گه‌ر ئه‌م فقهالدعوه بۆ ئه‌و که‌سانه ئه‌نووسن که عه‌ره‌بن به‌ره‌گه‌ز، عه‌ره‌بی ئه‌زانن. له‌گه‌ڵ رێزم بۆتان وائه‌زانم ئه‌وکه‌سانه سه‌رچاوه‌ی زۆر هه‌یه له‌به‌ر ده‌ستیانا و له جێگهیترهوه که‌ڵک وه‌ر ئه‌گرن. وه‌ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌و که‌سانه‌یش باسی ئه‌که‌ن عه‌ره‌ب نین به‌ڵام عه‌ره‌بی ئه‌زانن، بۆ ئه‌مانیشه هه‌ر سه‌رچاوه هه‌یه که بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ریان. هه‌روه‌کوو له‌به‌ر ده‌سی جه‌نابتانا هه‌یه.
پ) ئه‌گه‌ر ئه‌فه‌رموون ئێمه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به بیروبۆچوونی خۆمان‌و گه‌ڕاننه‌وه بۆ ئه‌و سه‌رچاوه ره‌سه‌نانه‌ی ده‌عوه‌ت، بازێ گوڵچین بکه‌ین و بیخه‌ینه به‌رده‌س خوێنه‌ران و دڵسۆزانی ده‌عوه‌ت و که‌سانێ که له‌وانه‌یه ده‌سیان نه‌گات به‌و سه‌رچاوانه، یان کاتی بیرکردنه‌وه‌یان له‌و زه‌مینه‌دا که‌م بێ، ئه‌میشه هه‌ر جێگه‌ی قسه‌یه و ئه‌کرێ بیری لێ کرێته‌وه. چونکه ئه‌میشه ئه‌کرێ بکرێ به کوردی و به کوردی بیاننووسن و باسیان که‌ن.
ج) هه‌ر وه‌کوو له پێشه‌وه عه‌رزم کردن، ئه‌وه‌ی که زۆر گرنگه جێبه‌جێ کردنی ئه‌و په‌یامه و گه‌یاندنیه‌تی به شێوه‌یه‌ک رێکوپێک، وه ئه‌وه‌ش ئه‌زانین که ئێمه له‌م وڵاتا ئه‌ژین. خوێنه‌رانی ئێوه غه‌یره عه‌ره‌بن‌و له سه‌دا، ۹۹ عه‌ره‌بی نازانن، یان ئه‌گه‌ر بیزانن، زۆر که‌م و نیوه‌و ناته‌واوه‌و هیچ ده‌ردێ ده‌وا ناکات.
چ) احیا‌ء فقهالدعوه، هه‌ر وه‌کوو له پێشه‌وه وتم یانێ چاک تێگه‌یشتن له‌و ده‌قه پیرۆزانه و جێبه‌جێ کردنیان له ژیانی رۆژانه‌دا و بانگکردنی خه‌ڵک بۆ لای و زیندووکردنه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌خلاقه جوان و ئاکاره به‌رزانه‌ی یاران و شوێنکه‌وتوانی ئه‌وان، که هه‌ر ئه‌و تایبه‌تمه‌ندیانه بوو، بوون به هۆی ئه‌وه چوونه ناو دڵی خه‌ڵکه‌وه و رانوماییان کردن و ئه‌و ئیسلامه‌یان گه‌یاند به کرده‌وه.
ح) ئه‌وه‌ش ئه‌زانین که ئێمه‌ی کورد له کوردستاندا بیسه‌ر و بینه‌ر و خوێنه‌رمان کوردن، وه بانگخوازانی ئه‌م نیشتمانه، زیاتر به‌رپرسیارن له به‌رابه‌ری ئه‌مانه‌وه. چونکه ئه‌یانه‌وێ په‌یامی پاکی خوا بگه‌یه‌نن به‌م گه‌له، وه دڵسۆزانه بانگیان که‌ن بۆ لای ئیسلام. وه ئێسته‌یش عیلم چاکتر رۆشنی کردوه‌ته‌وه که خه‌ڵک ئه‌گه‌ر به‌زوانی خۆیان قسه‌یان له گه‌ڵ که‌ی، زیاتر هه‌ستی نزیکی ئه‌که‌ن به ئینسان، وه چاکتر گوێ ئه‌گرن و ئارام و هێدیترن له به‌رابه‌ری ئه‌و که‌سه‌وه که ئه‌دوێ له گه‌ڵیان وه باشتر دڵی بۆ ئه‌که‌نه‌وه. ئه‌مه قسه‌ی من نییه، قسه‌ی عیلمه، وه ده‌ری ئه‌خات که خوای عه‌لیم و حه‌کیم کاره‌کانی گشتی بهجێگهیهو بێهووده نییه.
هه‌ر وه‌کوو مه‌علوومی هه‌موو لایه‌که به کوردی قسه‌کردن و به کوردی نووسین، هه‌ر وه‌کوو هه‌ر زوانێکیتر پێچه‌وانه‌ی قورئان و ئیسلام نییه. له‌سه‌ر ئه‌م ئه‌ساسه ئه‌توانین قورئان و ئیسلام و مه‌فاهیمه جوانه‌کانی وه ئه‌و رانوماییه به‌رزانه‌ی خوای گه‌وره که وان له لووتکه‌دا، بیانخه‌ینه ناو قاڵب و چوارچێوه‌ی زوانی شیرینی کوردیه‌وه و باسیان که‌ین بۆ گه‌لی کورد. ئه‌و کورده‌ی که جه‌عل و خه‌لقی خوایه، ئه‌و کورده‌ی که له گه‌ڵ ئه‌و گشته سته‌م و کوێرهوهریهی که له درێژایی مێژوودا هاتوه به سه‌ریا و لێی کراوه له به‌ر کورد بوون! په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ خوای خۆی نه‌بڕیوه، به شێوه‌یه‌ک که ئیسلام هه‌ر ده‌وری یه‌که‌م ئه‌بینێ له ناویانا و قسه‌ی یه‌که‌م ئه‌کات.
هیچ فیکر‌و هیچ ئایینێ وه‌کوو ئایینی ئیسلام نه‌چوه‌ته ناخی ئه‌و گه‌له‌وه.
با ئێمه‌یش وه‌کوو کوردی موسڵمان و موسڵمانێکی کورد، بچینه ناو ئه‌و گه‌له‌ی خۆمانه‌وه، به زوان و ئه‌ده‌بیاتی خۆمان قسه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ین. رێز دابنین بۆ فهرههنگو که‌لتووری ره‌سه‌نی ئه‌و گه‌له. با به زوانی خۆیان بانگیان که‌ین بۆ لای قورئان و ئیسلام. با وه‌کوو غه‌ریبه‌یه‌ک له گه‌ڵیان نهدوین. با وا قسه‌یان له گه‌ڵ بکه‌ین که مناڵی ئه‌و گه‌له‌ین، له‌و نیشتمانه‌دا بار هاتوین. خوای گه‌وره به ئاو‌و هه‌وای پاکی ئه‌و نیشتمانه، ژیاندوینی و باری هانیوین. به داره‌داره‌ی دایکه کورده‌کانمان که‌وتووینه‌ته سه‌ر پێ، به ده‌نگی خۆشی لایهلایهکانیان و گۆرانیه ره‌سه‌نه‌کانیان چاومان چووه‌ته خه‌و. وه به دواندنی ئه‌و دایکه جه‌رگ سووتاوانه زوانمان به‌ر بوه و کوردی فێر بووین. بۆ وابکه‌ین که‌سێکیتر به بیرێکی نامۆ و بێگانه به‌و خه‌ڵکه و به‌م نیشتمانه، خۆی کات به داشدیار و خاوه‌نیان، به‌ڵام ئێمه له دووره‌وه ته‌ماشایان که‌ین. بۆچی پێمان بڵێن ئه‌م موسڵمانانه ئه‌یانه‌وێ بتانکه‌ن به عه‌ره‌ب! به عه‌ره‌بی له گه‌ڵتان قسه ئه‌که‌ن و به عه‌ره‌بی دینتان بۆ باس ئه‌که‌ن. بۆچی پێمان بڵێن بانگخوازانی کوردوستان یه‌ک له سه‌دی ئه‌وه‌ی عه‌ره‌بی و فارسی ئه‌زانن، کوردی نازانن قسه بکه‌ن و بنووسن و ته‌نانه‌ت ناوی مناڵه‌کانیشیان هه‌ر ناوی عه‌ره‌بییه‌و به ره‌چه‌ڵه‌ک عه‌ره‌بن و له عه‌ره‌بستانه‌وه هاتوون به زۆر داگیریان کردووین و ئه‌وه نییه هه‌ر به عه‌ره‌بی قسه ئه‌که‌ن و زوانیان پاک نه‌بوه‌ته‌وه و له‌هجه‌یان هه‌یه؟! ئه‌وه نیه به هیچ شێوه‌یه‌ک باسی سته‌م لێکراوی گه‌لی کورد ناکه‌ن و دیفاع ناکه‌ن له حه‌ق و مافه ره‌واکانتان و خۆیشیان به لێپرسراو نازانن له‌و باره‌وه و مهتقیان له خۆیان بڕیوه!
ئه‌مانه‌و نموونه‌ی تریش که پێمان وتراوه‌و ئێسته‌یش پێمان ئه‌ڵێن و زۆربه‌شی راس ئه‌که‌ن!
سنه، عه‌لی ره‌حمانی
۸/۱۲/۱۳۹۳ هه‌تاوی