معماری
خانه ---> به شی کوردی ---> بابه ته كان ---> با هەموومان یارمەتی پارتی بدەین ئەگینا تێداچووە!!
نووسینی: جەلال مەعرووفیان هەروەک زۆرکەس ئاگادارە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لە شاری زاخۆی دەڤەری بادینان،لەدوای خوێندنەوەی وتاری هەینی لەلایەن مامۆستای مزگەوتێک،چەند دوکانێکی مەیفرۆشی و مەیخواردنەوە و شوێنی ڕابواردن،کەوتنە بەر پەلاماری خەڵک و ئاگریان تێبەر دەدەن و دەیانسووتێنن!هەر دوابەدوای ئەم ڕوداوە، نووسینگە و بارەگاکانی «‌‌یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان» کەوتنە بەرهێرش و پەلاماری کەسانێکی نەناسراو و هاندراو!

با هەموومان یارمەتی پارتی بدەین ئەگینا تێداچووە!!

پارتی دێموکڕاتی کوردستانبا هەموومان یارمەتی پارتی بدەین ئەگینا تێداچووە!!

نووسینی: جەلال مەعرووفیان

 ‌ ‌ ‌ هەروەک زۆرکەس ئاگادارە، ڕۆژی هەینی ڕابردوو، لە شاری زاخۆی دەڤەری بادینان،لەدوای خوێندنەوەی وتاری هەینی لەلایەن مامۆستای مزگەوتێک،چەند دوکانێکی مەیفرۆشی و مەیخواردنەوە و شوێنی ڕابواردن،کەوتنە بەر پەلاماری خەڵک و ئاگریان تێبەر دەدەن و دەیانسووتێنن!

هەر دوابەدوای ئەم ڕوداوە، نووسینگە و بارەگاکانی «‌‌یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان» کەوتنە بەرهێرش و پەلاماری کەسانێکی نەناسراو و هاندراو! کە لە ئاکامدا سووتێندران و کاول کران!! بۆ ڕاڤە و شیکردنەوەی باس و بابەتەکە، ئاماژە بەم خاڵانەی خوارەوە دەکەم:

•       هێرش و پەلامار بۆسەر شوێن و دووکانی ڕابواردن و مەی فرۆشتن و مەی خواردنەوە،لەبەر دوو هۆکار، شتێکی ناحەزو ناڕەوایە:

یەکەم)لەکاتێکدا خوای مەزن مرۆڤ و ئادەمیزادی ئازادو سەربەخۆ کردووە لە هەڵبژاردنی بیروباوەڕەکەی و فەرموویەتی:"لااکراه فی الدین"(بقرە٢٦٥) لااکراه فی الدین"(بقرە٢٦٥) وَلَوْ شَاءَ رَبُّكَ لَآمَنَ مَنْ فِي الْأَرْضِ كُلُّهُمْ جَمِيعًا أَفَأَنْتَ تُكْرِهُ النَّاسَ حَتَّى يَكُونُوا مُؤْمِنِينَ (یونس 99)وَقُلِ الْحَقُّ مِنْ رَبِّكُمْ فَمَنْ شَاءَ فَلْيُؤْمِنْ وَمَنْ شَاءَ فَلْيَكْفُرْ(کهف29)دیارە کارو کردەوەی وەکوو مەی خواردن‌و مەی فرۆشتن،بەستراوەتەوە بە بیروباوەڕی ئەوکەسەی ئەوکارە دەکات. جا لەکاتێکدا زۆرەملی و تووندووتیژی بۆ ڕاگەیاندن و وەرگرتنی خودی باوەڕ و ئایین،ناڕەوایە،هێرش و پەلامار و زەبروزەنگ لەئاست مەیخواردنەوەو،مەیفرۆشتن و ڕابواردنیش،ناحەزو ناڕەوایە! بەڵام بەو مەرجەی کە زۆرینەی خەڵکەکە،لەڕووی ئایینی و یاسایی،ڕازی بن بەو کارانە!!

دووهەم) ملکەچ کردن بۆ یاسا و ڕێسای کۆمەڵگا،ئەرکی سەرشانی هەر هەمووی هاوڵاتییەکە،با هەر پلە و پایە و ‌بیروباوەڕ و،زمان و ڕەنگ و ڕەچەڵەکێکی هەبێت. ئەوکەس و دەستە و تاقم و گرۆپانەش کە بە یاسا ناڕازین و،لە دژی بەرژەوەندیەکانی تاک و کۆمەڵی دەبینن،با لە ڕێگای چالاکی مەدەنی و خەباتی سیاسی،بە وتارونووسین و وتووێژ،دەنگی جەماوەرو قەناعەتی خەڵک وەدەست بێنن و یاسا بگۆڕن و،مەیخواردنەوە و مەیفرۆشی بەئاشکراو بەڕۆژی ڕوون، لە ناو کۆمەڵگای کوردەواریدا، ببێتە شتێکی نایاسایی!!

 

•       چەند پرسیارێکی سەرەکی و سەرسوڕهێنەر بۆمن و زۆرێک لە چالاکوانانی کۆمەڵگای تازەپێگەیشتووی کوردەواری هەن،کە وەڵام دەخوازن:

 

١- چ پێوەندیەک هەبوو لەنێوان هێرش و پەلاماری نایاسایی و هەست بزوێنی چەند کەسێکی سەرەڕۆ و گێرەشێوێن،له‌تەک سووتاندن و ئاگرتێبەردانی نووسینگە و بارەگاکانی حیزبێکی سیاسی کە یاسایی و فەرمییەو،بۆ هەمووکەس ناسراوە و،چەندین نوێنەر و پارلمانتاری لە بەغداو هەرێمی کوردستاندا هەیە؟

 

٢- دەڤەری بادینان،کە جاری یەکەمیش نییە ڕووداوی ئاوا بەخۆیەوە دەبینێت، لە ڕوی زمانەوانی و ئاخافتن،لە ڕوی دەسەڵاتی سیاسی و تەقسیماتی جووگڕافیایی،لەڕوی مێژوویی و لە هەموانیش گرنگتر،لەڕوی دابەشکردنی پووڵ و پارەو دەسەڵاتەوە،لەژێر ڕکێف و چاوەدێریی «پارتی دێموکڕاتی کوردستان» دایە و دەتوانم بڵێم: لەئاستی ئاژاوەگێڕان و ناحەزانی خۆی،زۆر بەهێزو توانایەو،کەسیش چەنەبەری نایە! ئەدی بۆ پێشی بەو ئاژاوه‌یه‌ نەگرت؟!

 

٣- لەگەڵ ئەو هەمووه‌ هێز و دەسەڵاتەی«پارتی» هەیەتی،لەبەرچی تاوانبار و ئاژاوەگێڕه‌کان ناداتە دەستی یاسا و سزایان به‌سەردا ناسەپێنن،با بۆ هەموو کەس ئاشکرا بێت کێ لەسەریان وەدەنگ دێت؟!

 

٤- بۆ هەموو کەس و لایەنەکانی هەرێمی کوردستان، زۆر ڕوون و ئاشکرایە کە «یەکگرتوو» لە ڕۆژی ئیعلان و خۆناساندنییەوە تاکوو ئێستا، بە لایەنێکی ئاشتیخواز و خزمەتکار و هێدی و هێمن و مامناوەندی و میانەڕەو ناسراوە و،بە حەیاتی خۆی گووللەیەکی نەهاویشتوەو تەنیا لایەنێکە دەستی بە خوێنی برای کوردی خۆی سوور نەبووە. زۆر جاریش کەوتۆتە بەر توانج و پلاری کەسێکی وەکوو مامۆستاکرێکار کە بە پەپوولە و بێ‌هێز و بێدەسەڵاتیان نازناو و پێناسە دەکات. پرسیارەکە ئەوەیە: «پارتی» بۆ تەنیا دەگژ «یەکگرتوو» ڕادەچێت؟!!

 

٥- ئەرێ «پارتی»دەتوانێ ڕێگا بە ڕاپرسیەکی گشتی لە دەڤەری بادینان بدات کە ئایا خەڵکی ئەم دەڤەرە بەمەیفرۆشتن و،مەیخواردنەوە بەو پان و پۆڕە ڕازین یان ناڕازین؟!!

 

•       بەڕای من،«پارتی» تووشی دوو گرفت و قەیران هاتووە و،پێشم وایە ئەم حیزبە کۆن و مێژووییە،بە تایبەت بنەماڵەی بارزانی،دەورو شوێنەواری تایبەتی لە شۆرش و خەباتی گەلی کورددا هەبوە و،وا باشە یارمەتی بدرێت لەو گرفت و قەیرانە،خۆی دەرباز بکات!!

 

 ‌ ‌ ‌ یەکەم) گرفت و قەیرانی ناوەوەی«پارتی»یه‌ کە ڕەگ و ڕیشەی لە کۆنەوە داکوتاوە و،خۆیشیان و خەڵکیش، لێی ئاگادارە. ئەم کێشە دەروونییەی ناو «پارتی» ناخۆشی و ناحەزی بۆخۆیان و،بۆهەرێمیشی لێدەکەوێتەوە!!

 

 ‌ ‌ ‌دووهەم) قەیران و گرفتی تێپەڕبوون و دەرچوون لە «سووننەت»ـەوە بۆ«مۆدێڕنیتە»، کە لە ڕۆچوون و چەقینومانەوە لە کەش و هەوای عەشیرەت و بنەماڵەدا،خۆی دەبینێتەوەو،«پارتی» نەیتوانیوە،جل و بەرگی عەسری و ئەوڕۆیی و نوێخوازانە لەبەر بکات و وەکوو پارت و ڕێکخراوەیەکی سیاسی، لەگەڵ ئەندام و لایەنگرانی خۆی و، جەماوەر و،لایەن و پارتەکانی تر لە هەرێمدا،هەڵسووکەوت بکات.

بەشێکی زۆری کاربەدەستان و کاڕگێڕانی«پارتی»خۆیان بە باوکی خەڵک و جەماوەر دەزانن و ‌مناڵەکانیش بۆیان نییە لە هەڵسووکەوتی باوکیان ‌پرسیار بکەن!

 

کاربەدەستانی«پارتی» ئێستاش نەیانتوانیوە لە نەوەی نوێی کورد تێبگەن کە قۆناغی گاگۆڵکەو دارەدارەی تێپەڕ کردووە و دەتوانێ لەسەر پێی خۆی ڕابوەستێ. لەوەش زیاتر، نەوەی نوێی کورد، فێری کایەی سیاسی بووەو دەزانێت لە کایەکاندا دۆڕاندن هەیەو بردنەوەش هەیە! دواکەوتن و،پێشکەوتنیش هەیە!

کاربەدەستانی«پارتی»،ئێستاش نەیانتوانیوە لە نەوەی نوێی کورد تێبگەن کە نەوەی ئەوڕۆ، باوەڕی بە مافی خۆگۆڕین و گۆڕینەوەی بیروڕا هەیە و، دەرچوون لە چوارچێوەی بنەماڵە و عەشیرەت و حیزب و ڕێکخراوی کۆن و خووپێگرتوو،بە مافی خۆی دەزانێت!

 

کارگێڕان و کاربەدەستانی«پارتی»، ئێستاش ئەم هەواڵەیان پێنەگەیشتووە کە مرۆڤی ئەم سەردەمە، نە تەنیا لەهەر چوار گۆشەی خاک و زێد و نیشتمانی خۆی بۆی هەیە ڕێکخراوە پێکبێنێت و چالاکی سیاسی و مەدەنی و … بکات،بەڵکوو لە هەندەرانیش،مافی خۆپاڵاوتن و بەئەندام پارلەمان بوون و،هەرجۆره چالاکییەکی پێدراوە! تا ئەو جێیەی کابرایەکی ڕەشپێستی وەکوو «ئۆباما» کە لەدایکبووی خێزانێکی موسڵمانی ئەفریقیایییە،لە «وڵاتە یەکگرتووەکان»ی بە ئایین مەسیحی، دەبێتە سەرەک کۆمار! بەڕاستی ئەرکی هەر کوردێکی دڵسۆزە بەزووترین کات ئەم هەموو هەواڵە تازانە، بە کارگێڕانی پارتی بدات! ‌

 

 من تێناگەم کارگێڕانی «پارتی» بۆچی «گۆڕان»ی ناو یەکیەتی و،لێک جیابوونەوەی «بزووتنەوە» و «کۆمەڵ» لە یەکتر و،گۆڕانکارییەکانی ناو «یەکگرتوو» نابینن؟! ئەرێ تەحالوف و،دابەزینی بەیەک لیستی پارتە ئیسلامی و عەلمانیەکان [چوارپارتەکە] هەڵگری هیچ پەیامێک نەبوو بۆ کارگێڕانی«پارتی» کە تەنیایی و دەسەڵاتی ڕەها و بێسنوور،بەس بۆخوا باشە و،بۆ مرۆڤەکان نەماوە و ناگونجی؟ ئەرێ برادەرانی «پارتی» ئێستاش پێتان وایە دەبێ بە تەنیا و لە هۆدەو دیوه‌خانی تایبەت و لەسەر سینی نان بخۆن و نەیەنە سەر سفرە و لەته‌ک خه‌ڵکا دابنیشن؟!!

برادەرانی «پارتی» تاکو ئێستاش، هەرپێیان وایە حیزب بۆی هەیە یارمەتی لە خەڵک بستێنیت! لام وایە ئاگایان لەوە نەبێ کە هەر دەستە و گروپ و حیزبێك، خەزمەتی بۆ خەڵک و، بەرنامەی بۆ ئاوەدانی نیشتمانەکەی پێ نەبێت، متمانەی پێ ناکرێت و لانیکەم، سەروەری لێ دەستێننەوە! دیاره‌ سەروەری شتێکە و، خۆداسەپاندن و،سوڵتە و دەسەڵاتیش، شتێکی ترە! لەوکاتەدا، کە بەخۆداهاتنەوە و نوێخوازی، سەرتاسەری وڵاتانی ئیسلامی و، هەموو هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، نازانم بۆ کارگێڕانی «پارتی» خۆ گێل دەکەن و ئەدرەسی نادرووست دەدەن و لاڕێ درۆن؟

 

•       ئالەم تەنگانە و بێدەرەتانی و قەیرانی ناو«پارتی»دا، لە پەنا دەستی ئەوان،پارتێکی نوێخوازی مامناوەندی، بەشێوازێکی عەسری و ئەوڕۆیی و،تەمەنێکی درێژ،و ئەزموونێکی زۆر، کار دەکات؛ کە تاکو ئێستا،خاڵ و پەڵەیەکی بچووک و وردیشی بە داوێنی کاربەدەست و،کارگێڕانییەوە،نەلکاوە. ‌ ‌ ئەم پارتە، نەکەوتە زەلکاوی براکوژییەوە. بۆ لەڕووبردن و دەرکردنی ڕەقیب، پشتی بە کوردکوژان و خوێنمژانی گەل نەبەست. گاڵتەی بە داب و نەریت و،بیر و باوەڕ و دین و ئایینی گەلەکەی نەکرد. خەڵکیان فێر کرد و ڕایان هێنا لەسەر داوێنپاکی،جیرانەتی،خزمدۆستی و،خزمەتکردن.

ئەم پارتە،لەناوخۆیدا،باوەڕی بە هەبوونی بیر و ڕای جیاواز هەیە. باوەڕی بە داد و یەکسانی هەیە. کەس بۆی نیە بە هیچ بیانوویەک خۆی بە زۆرتر و زیاتر لەوانیتر دابنێت. لێپرسینەوە و لێپێچانەوە هەیە.

«یەکگرتوو»ڕۆڵێکی تایبەتی هەبووە لە داهێنانی چەمک و شێوازی تازە،لە گۆڕەپانی سیاسی و مەدەنیدا ‌وەکوو: چاکسازی،ناڕەزایی و دژایەتی گەندەڵی و،ئاراستەکردنی پڕۆژە و بەرنامەش لەو ڕاستایەدا، سەروەری بۆ یاسایە و بەس؛ ئیتلاف و پێکەوە دابەزین لەتەک عەلمانیەکاندا و هتد. ئەمانە هەمووی لەلایەک و،کارە خێرخوازییەکانی یەکگرتوو،لەلایەکی تر، وەکوو: سەرپەرستی و پێڕاگەیشتن بە مناڵانی هەتیو،ژنانی بێکەس و بێئەنوا و بێدەرەتان،دامەزراندنی دەیان و سەدان ڕێکخراوە و سەنتەری بارهێنان و گەشەپێدانی مرۆیی بۆ نەوەی نوێی کورد و…

 

بەم خیتاب و شێوازە،لە بۆچوون و کردەوە و هەڵسوکەوتیدا،«یەکگرتوو» توانیویەتی لە دەڤەری بادینان سرنجی خەڵکانێکی زۆر لەو دەڤەرە،بۆلای خۆی ڕاکێشێ و جەماوەری دەڤەرەکە بکاتە ئەندام و دۆست و لایەنگری خۆی.

جا بەڕای من «پارتی» لە گەشە و نەشە و پەرەسەندنی «یەکگرتوو» لە دەڤەری بادینان توڕەیە و دەیهەوێ مەیدان و گۆڕەپانەکە بۆخۆی قۆرخ و قەدەغە بکات!! ئەم کارە،لە دونیای نوێدا،چ لەڕوی نەزەری و تیوریەوەو،چ لەڕوی پڕاکتیک و لەسەر ئەرزی واقیعدا،جیا لە هەڵە و نادروست بوونی، جێبەجێبوونیشی مەحاڵە و دەرئەنجامی خراپیشی لێدەکەوێتەوە!

 

•       جارێکیتر،دەگەڕێمەوە بۆ ئەوبۆچوونە کە دەبێ هەموومان یارمەتیی «پارتی» وەکوو یەکێک لە ڕێکخراوە کۆن و لەمێژنەکانی کوردستان بدەین،کە بەڕاستی ئەزیەتیان بینیوەو،هەوڵیان زۆر داوە بۆ ڕزگاری ئەم هەرێمە. ئێستاش لەناو پارتیدا،کەسانێکی زۆر لیهاتوو و پێگەیشتو هەن،کە جێی متمانەی جەماوەر و،ڕەمزی خەبات و شۆرشی گەلی کورد و هەموو کوردستانن. دەبێ یارمەتیان بدرێت تا بەخۆیاندا بێنەوە. با ئەو مێژوویەی هەیانه،بە ناتێگەیشتوویی سیاسی و کێبەرکێی مناڵانە و مەکیاڤیلی قێزەون نەبێ. بۆ هەموو کوردێکی تێگەیشتووی ئەمەگناس،زۆر ناخۆشە لە مێژووی ئایەندەی کورددا بنوسرێت و بخوێندرێتەوە کە نەوەکانی بارزانی لە ماوەی دەسەڵاتداریەکەیاندا،لاواز و ناشارەزا بوون و،لەوانەش ناخۆشتر،ئەوەیە کە لەبەر چاوی ڕۆڵەکانی بارزانی،کە دەسەڵاتداری ئەو کاتە بوونە،قورئانەکان ئاگریان تێبەردرا!!

بە ئەئکید،من زۆرتر لەوەی بۆ «یەکگرتوو» لەگەڵ ئەو هەموو زووڵمەی کە لێیکراوە و،بەپەرۆش بم، بۆ «پارتی» بەپەرۆشم؛ چوونکی عەقڵانیەتێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە «یەکگرتوو»دا دەبینم،کە ئەو هەلومەرجە غەمناک و ترسناکە،بەرەو گەشەونەشەی زۆرتری خۆی و هەرێم دەقۆزێتەوەو،هەروەک جاری پێشوو،لای تەرازوو، بەسوودی ئەو،گرانتر دەبێت؛ بەڵام وا نابینم پارتی، ئەو سەنگینی و ڕێز و قەدرەی ساڵانی کۆنی بۆ ڕاگیرێت!! هەر بۆیە دووپاتی دەکەمەوە و ده‌ڵێم:

با هەموومان یارمەتی«پارتی» بدەین ئەگینا تێداچووە!! ‌

پاسخ دهید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

تلگرام نوگرا »»» مطالب سایت + عکس + کلیپ + نوشته های کوتاه متنوع + با ما همراه باشید . eslahe@

قالب وردپرس