بابه ته كان

پیاوی گه‌وره‌مان نایه‌ته‌ به‌ردڵ

پیاوی گه‌وره‌مان نایه‌ته‌ به‌ردڵ

ماموستا ئیبراهیم مه ردوخی

بریا ده‌مزانی ھه‌ر ئه‌م گه‌لی کوردی ئێمه ، ئه‌م نه‌خۆشیه‌ دزێوه‌ی له‌ گه‌ڵدایه‌ که‌ گه‌وره‌ پیاوان و ئه‌دیب و شاعیران و زانایانی خۆی له‌ به‌رچاو نیه‌ و به‌ درێژایی ته‌مه‌ن و ژیانیان، لێیان ناپرسێ و بایه‌خ و رێزیان بۆ دانانێ و ناوێکیان لێ نابا و لایه‌کیان لێ ناکاته‌وه‌ و به‌رھه‌م و چالاکییه‌کانیان نانرخێنێ و حسابێکیان بۆ ناکات؟!

به‌ڵام که‌ مردن… خێرا ده‌وریان ده‌ده‌ن و فرمێسکیان بۆ دڕێژن و پیایاندا ھه‌ڵ ده‌ده‌ن و ده‌یان لاوێننه‌وه‌ و ئاخ و ئۆف و ھه‌ناسه‌ی سه‌ردیان بۆ ھه‌ڵ ده‌کێشن و گۆڕ و گڵکۆکانیان ده‌که‌ن به‌ مه‌زار و جێگای راز و نیاز!

ھه‌ر ئه‌م دیارده‌یه‌، که‌ مامۆستا«موفتی پێنجوێنی»  ھێناوه‌ته‌ ده‌نگ و خۆی پێ نه‌گیراوه‌ و به‌ چاوێکی ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ ئه‌م بابه‌ته‌ و سه‌رزه‌نشی ئه‌م شێوه‌ ھه‌ڵوێسته‌ ناشیرینه‌ ده‌کا و ده‌ڵێ:

پیاوی گه‌وره‌مان نایه‌ته‌ به‌ردڵ

تاکو ئه‌و رۆژه‌ی ده‌چێته‌ ژێر گڵ

ئینجا بۆی ئه‌گرین به‌ جۆش و به‌ کوڵ

قه‌بره‌که‌ی ده‌که‌ین به‌ باخچه‌ و به‌ گوڵ

به‌ڵێ خۆزگه‌ ده‌مزانی ھه‌ر ئێمه‌ واینه‌ یا گه‌لانی تریش گیرۆده‌ی ده‌ستی ئه‌م نه‌خۆشیه‌ کوشنده‌ و ده‌رده‌ بێده‌رمانه‌ن؟ ھه‌ر چه‌ن ئه‌گەر واش بن نابێ به‌ پاساو بۆ ئه‌م ھه‌ڵوێسته‌ی ئێمه‌ و چاره‌سه‌ری زام و برینی ناسۆری ئێمه‌ ناکات. مه‌گه‌ر دڵخۆشی خۆمان بده‌ینه‌وه‌ کە:«مه‌رگ له‌ گه‌ڵ ھاوماڵا جه‌ژنە». که‌ ئه‌مەش کورد وته‌نی:«عوزر له‌ قه‌باحه‌ت خراپترە».

ئه‌م گله‌یی و بناشتانه‌ی که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ ئاماژه‌م پێدا به‌م مانا نیه‌ چونکە گه‌وره‌ پیاوانی خۆمان له‌ کاتی ژیانیاندا له‌ به‌رچاو ناگرین و رێزیان بۆ دانانێین، ئیتر که‌ مردنیشن لێیان نه‌پرسین و ناویان بکه‌ین به‌ کۆرکۆره‌ی ئاشدا و وه‌کو سه‌رده‌می ژیانیان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بکه‌ین.

به‌ڵکو ئه‌گه‌ر به‌و شێوه‌ له‌گه‌ڵیاندا بجوڵێنه‌وە، نه‌خۆشینه‌که‌مان دووپات ده‌بێته‌وه‌ و کوشنده‌تر ده‌بێت. به‌ ته‌واوی ده‌بین به‌ خۆره‌ بۆ گیانی گه‌ل و نیشتمانمان و به‌ ته‌واوی ده‌پوکێینه‌وه‌.

که‌ واته‌ ئه‌م باسه‌ له‌م بواره‌دا، بۆ داچڵه‌کاندن و به‌خۆداچونه‌وه‌یه‌ تا له‌مه‌ زیاتر له‌م ھه‌ڵدێره‌دا ھه‌نگاو ھه‌ڵنه‌گرین و سه‌باره‌ت به‌م دیارده‌ دزێوه‌ ھه‌ڵوێسته‌یه‌ک بکه‌ین و له‌ کاتی ژین و مردنی گه‌وره‌پیاواندا رێزیان لێ بگرین و بایه‌خیان بده‌ینێ. رچه‌ و رێبازیان بگرین و که‌ڵک و سودیان لێ وه‌ربگرین با له‌مه‌ زیاتر به‌ مردوپه‌رست نه‌ناسرێین.

سه رچاوه : http://ebrahimmardokhi.blogfa.com

نمایش بیشتر

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا