ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! ئه‌ی رابه‌ری ماندوونه‌ناس و پێشه‌وا
ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! ئه‌ی رابه‌ری ماندوونه‌ناس و پێشه‌وا
ماموستا ئیبراهیم مه‌ردۆخی
ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! ئه‌ی رابه‌ری مرۆڤایه‌تی! سڵاوی خودای گه‌وره‌ت له‌سه‌ر، پێش خه‌ڵاتی پێغه‌مبه‌ری، پێش گه‌یشتنت به‌سه‌روه‌ری، له به‌ر ناباری بارودۆخی ئاڵۆزی کۆمه‌ڵگاکه‌ت، له‌به‌ر بێوێڵی و نه‌زانی گه‌ل و هۆزه بێئاگاکه‌ت، کۆمه‌ڵگاکه‌ت به‌جێهێشت و روت کرده ئه‌شکه‌وتی حیرا، له‌و ته‌نیایی و به‌بێزڵه و ئارامیه‌دا، راده‌مایت و بیرت له‌وه ده‌کرده‌وه، ئاخۆ ئه‌م بوونه‌وه‌ره پان و به‌رینه، ئا ئه‌م جیهانه ئاڵ و واڵ و ره‌نگینه، ئه‌م ئاسمانه به‌رفراوان و به‌رز و شینه، تریفه‌ی ئه‌م هه‌تاو و مانگ و ئه‌ستێرانه، ئه‌م هه‌موو زینده‌وه‌ر و گیانله‌به‌رانه، چین و چۆنن و بۆ دروست کراون؟!
ئاخۆ ده‌ستی ره‌نگینی کێ ئه‌م تابلۆیه نه‌خشاندوه؟! ئه‌م هه‌لومه‌رجه فراوانه‌ی بۆ ئه‌م مرۆڤه ره‌خساندوه؟! ئاخۆ ئه‌م مرۆڤه هه‌روه‌ها ره‌ها کراوه؟! له‌م گۆڕه‌پانی ژیانه‌دا مۆڵه‌ت دراوه هه‌رچی که که‌یفی لێیه‌تی ئه‌نجامی بدا؟! چاوه‌کان پڕ له فرمێسک و زام و برینه‌کان ناسۆر کا؟! تام و چێژ له خوێن مژین و خوێن رشتن و چه‌وسانه‌وه و هه‌نسک و ئاخ و ئۆف ببا؟!
ئاخۆ رۆژی لێپرسینه‌وه‌یه‌ک نه‌بێ سه‌ره‌نجامی ئه‌م هه‌رچی و په‌رچیه چی لێدێ؟ خۆزگا و بریا بمزانیبا، ئه‌م بارودۆخه پیس و پڵۆخه تاکه‌ی و چه‌نده بڕ ده‌کا؟! که‌ی گێژه‌ڵوکه‌ی ئاه و نزوله و دووکه‌ڵی ده‌رونی سته‌م‌لێکراوه‌کان، زلهێز و چه‌وسێنه‌ران و سته‌مکاره‌کان قڕده‌کا؟! خۆزگه و بریا بم زانیبا؟!! …
که‌ی حه‌ق و مافی بزنی کۆڵ، له بزنی شاخدار ده‌سنرێ؟ که‌ی ریشه و ره‌گه‌زی سته‌م له‌بنج و بێخ ده‌رده‌هێنرێ؟ له‌زه‌ریای قووڵ و بێ بنی ئه‌م بیر و بگره و به‌رده‌دا رۆچوبویت و نقوم بوبویت.
له‌پڕ ده‌هه‌نده‌یی و دلۆڤانی یه‌زدانی به‌به‌زه‌وی، سه‌رڕێژی کرد، ره‌هێڵه و رێژنه‌ی سروشی گه‌یه زه‌وی، به ووشه‌ی (اقرا باسم ربک الذی) ته‌خت و تاجی زلهێزانی زه‌وی، له‌رزی و دڵیان ته‌زی، تیشکی په‌یامی پیرۆزی په‌روه‌ردگارت، شه‌وه‌زه‌نگی ئه‌نگوسته چاوی نه‌زانی شڵه‌قاند، سه‌ره‌تای پێغه‌مبه‌رایه‌تی و به‌رپرسیه‌تی ئه‌تۆی به‌رێزی راگه‌یاند، وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌و بریا و ئاخۆ وخۆزگایانه‌ت درایه‌وه، ده‌روازه‌ی خێر و بێر له مرۆڤ کرایه‌وه، به‌هۆی وه‌حی و سرووشی خوداوه، قورئانی پیرۆزت خه‌ڵات کرا، بانگی یه‌کتاپه‌رستی و بیر و بڕوای راسته‌قینه درا، خێرا له ئه‌شکه‌وتی حیرا دابه‌زیت، به‌ره‌و کۆمه‌ڵگا ژڵه‌ژاو و وێرانه‌که‌ت که‌وتیته رێ، قوناغ به‌قوناغ پێ به پێ، له‌ترسی هیچ که‌س نه‌له‌رزیت، له‌خه‌باتکردن نه‌به‌زیت، هه‌ستت به لێپرسراوی کرد، سوژده و کڕنوشت ته‌نیا بۆ په‌روه‌ردگار برد، بڕیارتدا ئه‌م په‌یامه راگه‌یه‌نیت، واز له هه‌موو کاڵای ئاڵ و واڵی ئه‌م دنیایه بێنیت، به‌دروشمی “لااله الا الله” ده‌نگت هه‌ڵبڕی، یه‌کتاپه‌رستی له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا چڕی.
ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! ئه‌ی رابه‌ری ماندوونه‌ناس و پێشه‌وا، ئه‌ی هه‌ڵگر و پارێزه‌ر و راگه‌یه‌نه‌ری په‌یام و خه‌ڵاتی خودا! (یاایها المزمل) له‌شیرین خه‌ودا دای چڵه‌کاندی، به‌ندایه‌تی و شه‌و نوێژکردنت کرد به قه‌ڵغان و نه‌سروتی، له‌ترسی خودا هه‌رگیز پڕ به چاوه‌کانی خۆت نه‌خه‌وتی، (یاایها المدثر) و (ق‌م فانذر) رایپه‌ڕاندی، تاکو ئه‌و رۆژه‌ی که‌وا، بوی به میوانی په‌روه‌ردگارت، خۆشی و ئیسراحه‌ت و سره‌وتنی لێ ستاندی، شه‌وت له گه‌ڵ رۆژ گرێ ده‌دا و، رۆژیشت ده‌دایه ده‌م شه‌و، ئه‌م قورئانه پیرۆزه‌ی خودات، به‌هه‌ڵسو که‌وت و کرده‌وه، به‌ده‌رس ووتنه‌وه و خوێندنه‌وه، به گوتار و راڤه و شرۆڤه و توێژینه‌وه، به گه‌ل و هۆزه‌که‌ت گه‌یاند، به‌ئاکار و کرده‌وه‌ی جوان، چین و توێژێکی زۆر چاک و پاک و به‌رز و به‌ڕێزت تێگه‌یاند و پێ گه‌یاند، کردنت به سه‌رمه‌شق و نمونه‌ی لێهاتویی بۆ داهاتوو، گوێت به‌و هه‌موو ئه‌زیه‌ت و ئازاره نه‌دا، بانگه‌وازه ناوازه‌که‌ت درێژه پێدا. ( واصبرعلی مایقولون. واهجر هم هجرا جمیلا )ت کرد به‌ریبازی پیرۆز و رێگای نه‌جات، هه‌تاکو دنیا دنیایه ،ئه‌م رچه و رێبازه جوانه‌ت له بره‌ودایه و، شوێنکه‌وتوانی ئه‌م قورئانه، سڵاوات و درودی خودات له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، هه‌ر دۆعای خێرت بۆ ده‌که‌ن.
جاکه واته ئه‌ی پێغه‌مبه‌ر! درودی خوای گه‌وره‌ت له‌سه‌ر، خودا پاداشی باشی شایانی شان و شکۆت له‌بریتی ئێمه پێ‌بدا، وه‌سیله و فه‌زیله و مه‌قامی مه‌حمودت پێشکه‌ش بکا، لێزمه‌ی بارانی ره‌حمه‌تی په‌روه‌ردگار، هه‌ر وه‌کو شه‌ست ره‌هێڵه و وه‌شتی به‌هار، به‌سه‌ر ئه‌تۆی خۆشه‌ویست و یاره وه‌فاداره‌کانتا بڕژێته خوار.