ڕەوتی ئیسلامی و ئەرکەکانی ئایندەی
ڕەوتی ئیسلامی و ئەرکەکانی ئایندەی
نوسه ر: د. هادی عەلی
?ڕەوتی ئیسلامی میانڕەو ئەو بەشە سەرەکیەیە لە حاڵەتی ئیسلامی هاوچەرخ کەبە ئیسلامی سیاسیش ناوزەد دەکرێت ، ئەم ڕەوتە بڕوای بەپڕۆسەی دیموکراتی و دەوڵەتی مەدەنی هەیە و ئامادەیە لەڕێگای بەشداریکردنی کارا لەهەڵبژاردنە گشتیەکاندا بەشداری پڕۆسەی سیاسی بکات و پڕۆژەی خۆی بۆ چاکسازی و گۆڕانکاری بە ئامانج بگەیەنێت .
?ئەم ڕەوتە بەشێکی زیندوو و کاریگەرە لەپێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی گەلانی موسڵمان لە سەرتاسەری وڵاتانی ئیسلامیداو خاوەنی مێژویەکی دەیان ساڵەیە لە خەبات و قوربانیدان لە پێناو ئازادی و دادپەروەری و جێگیرکردنی دیموکراسیەتدا، هەوڵەکان ئێستا بۆ بەدەستهێنانی شەرعیەتی مومارەسەکردنی کاری سیاسی و گەیشتن بە دەسەڵات، بۆ هەستی ئامانجی سەرەوە بووە هەر لەو بوارەدا ڕۆڵی کاریگەریشی هەبوو لەسەرخستنی شوڕش و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبیدا دژ بە ڕژێمە گەندەڵ و دکتاتۆرەکانی ناوچەکە، بەڵام مەخابن ئەوە بوو لە لایەن هێزە دژو نەیارەکانی چاکسازی و دیمۆکراسی لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی، ڕووبەڕووی دژایەتی گەورە و دژوار بویەوە کە بوە هۆی شکستهێنان بە شۆڕشەکان و دورخستنەوەی ڕەوتە ئیسلامیەکە لە دەسەڵات ، بەتایبەتی لە میسر کە مەڵبەندی سەرەکی ڕەوتی ئیسلامی سیاسیە لەناوچەکەدا.. دەرئەنجام حاڵەتێکی نائاسایی و ناسەقامگیر ڕووی کردۆتە وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی بە هۆی پێکدادانی توند لە نێوان جەماوەرو لایەنە گۆڕانخواز و چاکسازیخوازەکان لە لایەک و دەسەڵاتە ستەمکارەکان و دەستێوەردانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لە لایەکی ترەوە..
?بێگومان ئەم حاڵەتە نائاسایی و ناسەقامگیرەی کە ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت، تاسەر نابێت و درەنگ یان زوو کۆتابی دێت و بە دڵنیایی گۆڕانکاری بە سەر هاوکێشە سیایەکاندا دێت..
چونکە جەماوەری ئەم وڵاتانە بەگشتی و نەوەی نوێ بەتایبەتی بێدارو هۆشیار بونەتەوە و تامەزرۆی ئازادی و دادپەروەرین و سەرەنجام هێزە ئیسلامیە ئیصلاحخوازو گۆڕانخوازەکان بە پشتیوانی جەماوەر سەرکەوتن بە دەست دەهێنن و لە هەموو حاڵەتێکدا دیارە ڕەوتی ئیسلامی میانڕەو بەشێکی کاراو سەرەکی دەبێت لەنەخشەی سیاسی ئایندەی وڵاتانی ناوچەکە، چونکە بەبێ بەشداری ڕاستەقینەی ئەم ڕەوتە لەپڕۆسەی سیاسیدا حاڵەتی سەقامگیری سیاسی هەرگیز نایەتە دی.
?ئەوەی کە پەیوەستە بەخودی ڕەوتە ئیسلامیەکەوە بۆ ئەوەی لەم دۆخە دژوارو چەقبەستووە دەربچێت و شکست و ڕوداوە کارەساتبارەکانی ڕابوردوو دوبارە نەبنەوەو لە ئایندەدا بتوانێت ڕۆڵی کاریگەرو بنیاتنەرانەی چاوەڕوانکراوی هەبێت ، پێویستی بە خۆداچونەوەی ڕیشەیی هەیەو گەرەکە ئاڕاستەی قیبلەنمای خۆی ڕاست بکاتەوەو گۆڕانکاری جیددی لە دیدگا و ستراتیژیەتی خۆیدا ئەنجام بدات لە سەر ئاستی ناوخۆی ڕەوتەکە و چۆنێتی مامەڵەکردنی لەگەڵ دەرەوەی خۆَیدا .. لێرەدا بەکورتی ئاماژە بەچەند خاڵێکی سەرەکی لەو بارەیەوە دەکەین:
?یەکەم/
ڕەوتی ئیسلامی پێویستە جارێکی تر پێناسەی خۆی ڕاستبکاتەوە چونکە پێش ئەوەی تەنها ئەوەی تەنها بزافێکی سیاسی بێت و ئامانجەکەی دەسەڵات بێت، بزافێکی گۆڕانخواز و چاکسازیخوازە و ئامانجەکەی کۆمەڵگەیەو تەوەرەکەی مرۆڤە، چونکە ڕەوتی ئیسلامی لەبنەڕەتدا پڕۆژەی هەستانەوەو چاکسازی کۆمەڵگە موسڵمانەکانە، کاری ڕێکخراوەیی و دەسەڵات هۆکارن بۆ بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژە ئیصلاحیەکەی نەک بە پێچەوانەوە، هۆکاری ئەم راستیە ئەوەیە کە ململانێی نێوان هێزە سیاسیەکان لە یاریگای دیموکراسیدا تەنها ڕواڵەتی شەڕەکەیە، ئەگینا شەڕی ڕاستەقینە ئەوەیە کە لە جیهانی ئەفکارو پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکاندا دەگۆزەرێت کە مەرجەعیەت و ژێرخانی مەعریفی و مەعنەوی هەر سیستەمێکی سیاسیە، لەڕوانگەی ئیسلامەوە دیارە ئەولەویەت بۆ ئەم لایەنە گرنگەیە..
?دووەم/
ڕەوتی ئیسلامی پێویستە پڕۆسەیەکی خۆ نوێکردنەوەیی ناوخۆیی هەمەلایەنە ئەنجام بدات و مامەڵەی دروست لەگەڵ پێشکەوتن و پەرەسەندنەکانی سەردەمدا بکات ، بەڵکو پێویستە رۆڵی پیشەنگ و ڕێبەرایەتی ببینێت یەکێک: لەو شتە سەرەکیانەی ئەم قۆناغە بریتیە لە بەدامەزراوەیی کردنی بوارە سەرەکیەکانی کارو ئەرکی ڕەوتەکە ، بەتایبەتی هەردوو بواری سەرەکی بانگەواز و سیاسەت لەسەر بنەمای جیاکردنەوەی وەزیفی و پسپۆڕێتی ومۆسساتی تایبەتمەند بەهەردوو بوارەکە بەلەبەر چاوگرتنی پەیوەندی تەواوکاری نێوان هەردوو پڕۆسەکە کەوەک پەیوەندی نێوان گیان و جەستەیە، چونکە سیاسەتی دروست و دادپەروەرانە، گومانی تێدانیە کە پارێزگاری لە پڕۆسەی بانگەواز و چاکسازی کۆمەڵایەتی دەکات، هەروەک بانگەوازی دروست و میانڕەوانەش پارێزگاری لەتاک و کۆمەڵگە دەکات و لە ڕوانگەی ئیسلامەوە هەردوو پڕۆسەکە هاوکار و تەواوکاری یەکترن.
?سێیەم/
گۆڕینی فەلسەفەی ململانێکان لەگەڵ دەرەوەی خۆیدا بەشێوەیەک کەتەنها کورت نەکرێتەوە لە شەڕو ململانێی نێوان کوفر و ئیمان یان هەق و باتڵ دا.. چونکە ئەم حاڵەتە دەبێتە هۆکارێک بۆ لەدەستدانی هاوسۆزی و پشتیوانی جیهانی و شەڕەکە وەک شەڕی ئاینی و تائیفی وێنا دەکرێت، دیارە گەلانی جیهان بێزارن لە شەڕی ئاینی و دەرهاوێشتە نەخوازراوەکانی.. لەو سۆنگەیەوە پێویستە لەسەر لایەنەکانی ڕەوتی ئیسلامی کە پەیامی خۆیان بەشێوەیەک ئاڕاستە بکەن کە شەڕەکە شەڕی نێوان ستەمکارو ستەملێکراوە و ئەمان لەپێناو ئازادی و دادپەروەریدا خەبات دەکەن و بەرگریکاری ڕاستەقینەی دیموکراتیەتی لە وڵاتانی خۆیاندا. بۆیە پێویستە ڕەوتی ئیسلامی زیاتر بکرێتەوە بەسەر دەرەوەی خۆیدا و دیالۆگ لەگەڵ هەموولایەک بکات لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەکە بەگشتی و وڵاتانی ڕۆژئاوا بەتایبەتی و بۆئەوەی هەموولایەک دڵنیا بکاتەوە لەڕێبازی میانڕەوانە و ئاشتیخوازانەی خۆی، هاوکات لەگەڵ هێز و لایەنە گۆَڕانخواز و چاکسازیخوازەکاندا پێکەوە کاری هاوبەش بکەن لە پێناو جێگیرکردنی پایەکانی دیموکراتی و هێنانە کایەی سیستەمی سیاسی دادپەروەر و حوکمی ڕەشید کە گەلانی ناوچەکە لەسایەیدا بحەسێنەوە و کۆتایی بەم نەهامەتی و ئاڵۆزی و ناسەقامگیریە بهێنڕێت کە دەیان ساڵە یەخەی گەلانی ئەم وڵاتانەی گرتووە.
? @eslahe