بابه ته كان
پیرۆزبایی کریسمس له نامۆسڵمانێك گوناه؟!
پیرۆزبایی کریسمس له نامۆسڵمانێك گوناه؟!
نوسه ر: حه‌سه‌ن پێنجوێنی
يا جه‌ژنی لهدایکبوونو سه‌ری ساڵ
ئه‌گه‌ر مرۆڤی موسڵمان به‌بۆنه‌ی جه‌ژن، یا سه‌ری ساڵه‌وه پیرۆزبایی له نامۆسڵمانێك بكات پێی گوناهبار ده‌بێ؟!
جه‌ژنی له‌دایكبوون و سه‌ری ساڵ:
له‌م رۆژانه‌دا به‌ره‌و رووی جه‌ژنی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی عیسا سڵاوی خوای لێبێ و سه‌ری ساڵی زاینی ده‌بینه‌وه، و موسڵمانانێكی زۆریش له وڵاتانی رۆژئاوا ده‌ژین و په‌یوه‌ندی جۆراو جۆریان له‌ته‌ك خه‌ڵكی ئه‌و شوێنانهندا هه‌یه، به‌هۆی تێكه‌ڵی و دراوسێیه‌تی له خانه‌و لانه‌دا، و هاوكاری له كارگه و دایهرهكاندا، یا له‌قوتابخانه‌و زانكۆكاندا، یا له‌نێوان نه‌خۆش و پزیشكه دڵسۆزهكهیدا.. به حوكمی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و چه‌نده‌ها شتی تریش پرسیارێكیان بۆ دێته پێش كه: ئه‌گه‌ر مرۆڤی موسڵمان به‌بۆنه‌ی جه‌ژن، یا سه‌ری ساڵه‌وه پیرۆزبایی له نامۆسڵمانێك بكات پێی گوناهبار ده‌بێ؟!
له‌راستیدا ئه‌م پرسیاره پرسیارێكی نوێ نییه، زانایانیش له‌و باره‌وه راو بۆ چوونی جیاوازیان هه‌یه، هه‌ندێك پێیان وایه دروست نییه‌و حه‌رامه، و هه‌ندێكی تریشیان مه‌رج داده‌نێن، ئه‌گه‌ر ئه‌و مه‌رجانه هاتنه دی دروسته، و ده‌نا نه.
ئه‌وانه‌ی پێیان حه‌رامه:
بێگومان ئیمام ئیبنو ته‌یمییه‌و قوتابییه‌كه‌ی ئیمام ئیبنوقه‌ییم له‌وباره‌وه زۆر سه‌ختگیر بوون و پێان وایه ئه‌وه‌ی پیرۆزباییان پێ بڵێ، وه‌ك ئه‌وه وایه به كافربوونهكهیان رازی بێ، خۆئه‌گه‌ر كه‌سێكیش به‌كافر بوونه‌كه‌یان رازیی بێ پێی كافر ده‌بێ. ئه‌مه‌ش فتوای یه‌كێكه له‌و زانایانه‌ی سعوودی له‌وه‌ڵامی كه‌سێكا كه له‌وباره‌وه پرسیاری لێكردووه و ئه‌ویش به‌قسه‌ی ئیمام ئیبنو قه‌ییم فتوای داوه‌و وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه، سه‌یری بكه بزانه رای چۆنه؟
ده‌ڵێت: زانایان یهكران له‌وه‌دا كه پیرۆزیایی كردنی كریسمس و جه‌ژنی تریش له‌كافران حه‌رامه، هه‌روه‌ك ئیبنو قه‌یم له كتێبی ئه‌حكامی زیممه -احكام الذمه_ دا باسی ده‌كات. ئه‌وه‌ته ده‌فه‌رموێ: (زانایان یهكران له‌وه‌دا كهپیرۆزبایی وتن به دروشمی تایبه‌ت به كوفر حه‌رامه، وه‌ك پیرۆزبایی لێكردنیان به جه‌ژن یا به رۆژوویان، و بڵێ: جه‌ژنتان پیرۆزبێ، یاخۆشحاڵی به‌و جه‌ژنه‌یان ده‌ربرێ، ئه‌وه‌ی كه واده‌ڵێ ئه‌گه‌ر پێی كافر نه‌بێ كارێكی حه‌رامی كردووه، وه‌ك ئه‌وه وایه كاتێ سوژده بۆ خاچ ده‌بات پیرۆزبایی پێ بڵێت، به‌ڵكو ئه‌وه تاوانی لای خوا گه‌وره‌تره، و له‌وه گوناه تره كه شه‌راب بخواته‌وه یا بێتاوانێك بكوژێ، یا زینا و شتێكی وا بكات و پیرۆزبایی پێ بڵێت، زۆرێ له‌وانه‌ی رێزێ بۆ ئاین لایان نییه، ده‌كه‌وێته ئه‌و تاوانه‌وه، و نازانێ چ خراپه‌یه‌كی كردووه، ئه‌وه‌ی به‌هۆی گوناهێكهوه، یا بیدعهیهكهوه، یا كوفرێكهوه پیرۆزبایی له‌كه‌سێك بكات، ئه‌وه خۆی خستۆته به‌ر غه‌زه‌ب وخه‌شمی خوا) قسه‌كه‌ی ئیبنو قه‌ییم به‌ره‌حمه‌ت بێ ته‌واو بوو. ئینجا ده‌ڵێ: پیرۆزباییكردن له‌كافران به‌بۆنه‌ی جه‌ژنه ئاینییهكانیانهوه بۆیه حه‌رامه چونكه وه‌ك جێگییر كردنیانه له‌سه‌ر ئه‌و دروشمه كوفرییانه و رازیبوون پێی بۆیان. هه‌رچه‌ند ئه‌و به‌و كوفره رازی نه‌بێ بۆخۆی، به‌ڵام له‌سه‌ر موسوڵمان حه‌رامه به دروشمی كوفر رازی ببێ، یا پیرۆزبایی له‌غه‌یره موسڵمان بكات .
پاشان ده‌ڵێ: هه‌روه‌ها بۆموسڵمان حه‌رامه: خۆی وه‌ك كافران لێ بكات، به‌ئاهه‌نگ گێران به‌و بۆنه‌وه، یا دیاری گۆرینه‌وه له‌ته‌كیانا یا شیرینی گێران، یا خوان ئاماده‌كردنی خواردن، یا واز له‌كار هێنان، و جگه له‌وانه‌ش
ئه‌مه فتوای یه‌كێكه له‌و موفتیانه‌ی له‌باره‌ی جه‌ژنه‌پیرۆزه بهناموسڵمانانهوه یا دیاری وه‌رگرتن لێیان و دیاری بۆ بردنیان خستمانه روو.. له مه‌زه‌بی حهنهفیشدا شێخ ئه‌بو حه‌فسی نه‌سه‌فی حه‌نه‌فیی رای وه‌ك ئه‌مان وایه..
له موغنیدا ئیبنوقودامه‌ی حه‌نبه‌لی باسی جه‌ژنی سه‌ری ساڵ ولهدایكبونی مه‌سیح ناكات، به‌ڵكو باسی حوكمی ئه‌وه ده‌كات ئه‌گه‌ر موسڵمانان له‌ناوخۆیانا پیرۆزباییان له یه‌كتر كرد حوكمه شه‌رعیه‌كه‌ی چییه؟ ئه‌ویش رای ئیمام ئه‌حمه‌د له‌وباره‌وه دێنێ و ده‌فه‌رموێ:
له‌باره‌ی پیرۆزبایی خه‌ڵكییه‌وه له‌رۆژی جه‌ژنا كه به‌یه‌كتر ده‌ڵێن: خوا قبوڵی بكات و له‌ئێوه‌ش ؟ پرسیاریان له‌ئیمام ئه‌حمه‌د كرد، ئه‌ویش فه‌رمووی: خراپه‌یه‌كی تیا نییه. پاشان ده‌فه‌رموێ: موحه‌ممه‌دی كوری زیاد وتویه‌تی: له‌ته‌ك هاوه‌ڵه‌كانی پێغه‌ممه‌ردا دروودی خوای لێبێ بووم وه‌ك ئهبوئومامهی باهیلی و جگه له‌ویش، كاتێ له‌جه‌ژن ده‌گه‌رانه‌وه هه‌ندێكیان به‌هه‌ندێكی تریانی ده‌گوت:خوا له ئێمه‌و ئێوه‌شی قبووڵ بكات. ئه‌حمه‌د فه‌رمووی سه‌نه‌دی فه‌رمووده‌كه سه‌ندێكی چاكه، وعه‌لی كوری سابیت ده‌ڵێ سیی و پێنچ ساڵ ده‌بێ له‌مالیكی كوری ئه‌نه‌سم پرسیوه كه فه‌رمووی: تا ئێستاش ئه‌وه له‌ناو خه‌ڵكی مه‌دینه‌دا هه‌یه. له ئیمام ئه‌حمه‌ده‌وه ده‌گێرنه‌وه كه فه‌رموویه‌تی: من خۆم به‌كه‌س ناڵێم، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێیان وتم، وه‌ڵامیان ده‌ده‌مه‌وه. ( 1).
زانایانی شافیعی به‌لایانه‌وه كه‌راهه‌تی هه‌یه:
زانایانی شافیعی به‌لایانه‌وه كه‌راهه‌تی هه‌یه ئه‌وه‌ته: شیخی ئیبنوحه‌جه‌ر له (فه‌تحولباری)دا له شه‌رحی ئه‌و فه‌رموده‌یه‌دا لكل قوم عيد ده‌فه‌رموێ:
ئه‌م فه‌رمووده‌یه ئه‌و حوكمه‌ی لێ وه‌ر ده‌گیرێ كه شادی ده‌ر برین له جه‌ژنی موشریكاندا و وه‌ك ئه‌وان كردن كه‌راهه‌تی هه‌یه . ده‌بینین شێخی ئیبنو حه‌جه‌ر رای وایه: ئه‌گه‌ر له‌جه‌ژنی موشریكاندا شادی بكات و وه‌ك ئه‌وان بكات كه‌راهه‌تی هه‌یه، ئه‌گه‌ر نا كهراههتیشی نییه..
پاشان شێخی ئیبنو حه‌جه‌ر ده‌فه‌رموێ: شێخ ئه‌بو حه‌فسی نه‌سه‌فی له مه‌زه‌بی حهنهفییدا زیاده‌ره‌وی له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا كردووه‌و گوتوویه‌تی: ئه‌وه‌ی هێلكه‌یه‌كی به‌دیاری تیاببات بۆموشریكێ بۆرێز وگه‌وره‌یی ئه‌ورۆژه ئه‌وه كافر بووه به‌خوای ته‌عالا(2). به‌ڵام ده‌بینین ئه‌م قسه‌ی ئه‌بو حهفسهش به‌ستراوه به مه‌رجی: رێزگرتن و به‌گه‌وره‌یی سه‌یركردنی جه‌ژنه‌كه‌یان، نه‌ك بۆ موجامه‌له‌و خاتری چاكه‌و پیاوه‌تی ناسراوه ناموسوڵمانهكهی.. واته: ئه‌گه‌ر له‌به‌ر ئه‌و هۆیه بوو ئه‌وكاته كافر ده‌بێ به خوای ته‌عالا. هێشتا ئه‌م له بۆچوونه‌كه‌یدا له‌ئیبنو قه‌ییم ئه‌هوه‌ن تره..
زانایانی شه‌رعزان و موفتی له‌غه‌یری قوتابخانه‌كه‌ی ئیمام ئیبنو ته‌یمییه‌دا: رایان هه‌روه‌ك رای شێخی ئیبنو حه‌جه‌ره و پێیان وایه مادام له‌به‌ر ته‌قدیسی جه‌ژنه‌كه، و دروشمه ئاینییه‌كه‌یان نه‌بێت هیچ گوناهێكی تیا نییه، ئه‌مه‌ش پاڵفته‌ی فتواكانیانه:
ئه‌وانه‌ی پێیان گوناح نییه:
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌زانایان ده‌فه‌رموون: حه‌زره‌تی مه‌سیح سڵاوی خودای لێ بێت له‌بیرو باوه‌ری ئیسلامی ئێمه‌دا پێغه‌ممه‌رێكی گه‌وره‌یه و یه‌كێكه له خاوه‌ن عه‌زمه‌كان، لای ئێمه‌ش به‌رێز و هێژایه، و ئه‌وان سه‌رپه‌ری ده‌كه‌ن و به‌خوای ده‌زانن، مانای وانییه ئێمه رێزی لێنه‌گرین و بههێژای نه‌زانین.. ئه‌وه‌ی پێی وابێ كه پیرۆزبایی پێ گوتنیان به‌بۆنه‌ی له‌دایكبوونی حه‌زره‌تی مه‌سیحه‌وه سڵاوی خوای له‌سه‌ربێ حه‌رامه، چونكه په‌یوه‌ندی به‌وه وه هه‌یه كه‌باوه‌ریان وایه عیسا خوایه، بێگومان به‌هه‌ڵه‌دا چووه. چونكه ئه‌م پیرۆزباییه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به بیروباوه‌ر، یا توندره‌وی و سهرپهریانهوه نییه.
له‌بوخاریدا بۆمان باس ده‌كات كه پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێبێ له‌به‌ر جه‌نازه‌ی ئافره‌تێكی جوو هه‌ستاوه‌ته سه‌رپێ، ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێبێ له‌به‌ر عه‌قیده‌و بیر‌و باوه‌ری ئه‌و یه‌هوودییه هه‌ستاوه‌ته سه‌رپێ، به‌ڵكو ئه‌مه دهربرینێك بووه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ری بخات كه مردن چ هه‌یبه‌ت و گه‌وره‌ییه‌كی هه‌یه.
جا پیرۆزبایی پێ گوتنیان به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی زایینییه‌وه هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به عهقیدهیانهوه نییه، به‌ڵكو ته‌نیا سه‌ره‌تایه‌كه بۆ مێژوو، له‌كاتێكا حه‌زره‌تی عومه‌ر خه‌ڵكه‌كه‌ی كۆكرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی رووداوێك هه‌ڵبژێرن تا بیكه‌نه سه‌ره‌تایه‌ك بۆ حسابی ساڵانه و مێژوو، چه‌ندان رایان پێشنیازكرد، وه‌ك: مێژووی زاینیی، و مێژووی جووله‌كه، و …تاد، ئه‌گه‌ر به‌حه‌رامیان بزانیبا باسیان نه‌ده‌كرد..
دیاری وه‌رگرتن:
زانایان ده‌فه‌رموون: دیاری وه‌رگرتن له ناموسوڵمانان و پاداشت دانه‌وه‌یان هیچ حهرامییهكی تیا نییه، چونكه پێغه‌ممه‌ری خوا دروودی خوای لێبێ دیاری له ناموسوڵمانان وه‌رگرتووه، وه‌ك ئه‌و دیارییه‌ی له پادشای میسری وه‌رگرت(3)، وه‌ك ئه‌و دیارییه‌ی له پاشای (دهومهتول جه‌نده‌ل)ی وه‌رگرت (4)، وه‌ك ئه‌و دیارییه‌ی له‌پاشای (ئیله)ی وه‌رگرت، (5) به مه‌رجێ ئهودیارییه شتێكی حه‌رام نه‌بێ له‌دینی ئێمه‌دا وه‌ك: شه‌راب، یا گۆشتی به‌راز، یاوێنهی ئافره‌تێكی رووت..
راسته هه‌ندێ له‌زانایان وه‌ك شێخولئیسلام ئیبنوتهیمییهو قوتابییه‌كه‌ی به ره‌حمه‌ت بن، سهختگیرییان له‌مه‌سه‌له‌ی جه‌ژنی ناموسڵماناندا كردووه، ئێمه هاو رایانین له‌وه‌دا كه موسڵمان نابێ جه‌ژنی ئه‌وان به‌جه‌ژنی خۆی بزانێ، و شایی وشادی تیا بكات، چونكه ئێمه جه‌ژنی خۆمان هه‌یه، و ئه‌وانیش جه‌ژنی خۆیان هه‌یه، به‌ڵام هیچ خراپه‌یه‌ك له‌وه‌دا نابینین كه ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی دراوسێیه‌تی، یا خزمایه‌تی، یا هاورێیه‌تی، یاپهیوهندی كۆمه‌ڵایه‌تی تریان به‌وانه‌وه هه‌یه له‌كاتی جهژنهكانیانا پیرۆزباییان پێ بڵێن، كه‌ئه‌مه‌ش ده‌بێته هۆی پته‌وكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی.
به‌شی زۆری زانایانی شه‌رعزان پیرۆزباییكردن لهنامۆسڵمان به‌هۆی جه‌ژنیانه‌وه به دروست ده‌زانن به‌پێی ئه‌م به‌ڵگانه‌ی خواره‌وه:
یه‌كه‌م: قورئانی پیرۆز ده‌ستوری په‌یوه‌ندی نێوان موسڵمان وناموسڵمانی له‌م دوو ئایه‌ته‌ی سووره‌تی مومتهحینهدا دیاری كردووه كه ده‌فه‌رموێ:
لا يَنْهَاكم اللَّه عَن الَّذينَ لَمْ يقَاتلوكمْ في الدّين وَلَمْ يخْرجوكم مّن ديَاركمْ أَن تَبَرّوهمْ وَتقْسطوا إلَيْهمْ،إنَّ اللَّهَ يحبّ الْمقْسطينَ. إنَّمَا يَنْهَاكم اللَّه عَن الَّذينَ قَاتَلوكمْ في الدّين، وَأَخْرَجوكم مّن ديَاركمْ، وَظَاهَروا عَلَى إخْرَاجكمْ أَن تَوَلَّوْهمْ، وَمَن يَتَوَلَّهمْ فَأوْلَئكَ هم الظَّالمونَ (6).
واته: خوا جڵه‌وگیری ئه‌وه‌تان لێ ناكات كه چاكره‌فتار و دادپه‌روه‌ربن له‌ته‌ك ئه‌و كه‌سانه‌دا كه جه‌نگیان له‌دژ نه‌كردوون، ودژایه‌تی ئاینیان نه‌كردوون،و له‌جێ و شوێنی خۆتان ده‌ریان نه‌كردوون، بیگومان خوا دادپه‌روه‌رانی خۆش ده‌وێت. به‌ڵكو خوا ته‌نیا ئه‌وه‌تان لێ قه‌ده‌غه ده‌كات پشتیوانی لهوانهبكهن كه شه‌ریان له‌دژی ئاینتان كردووه، و له‌جێ و شوێنی خۆتان ده‌ریان كردوون، و به‌زه‌قی ده‌وریان له ئاوارهكردنتانا هه‌بووه، ئه‌وه‌ی له ئێوه پشتیوانی له‌وانه بكات بێگومان زاڵم و سته‌مكاره.
ده‌بینین ئایه‌ته‌كان جیاوازییان له‌نێوان شه‌رخواز و چاكه خوازیاندا داناوه..
ئایه‌ته‌كه رێی چاكه و دادگه‌ری به‌رامبه‌ر جۆری یه‌كه‌م داناوه، دادپه‌روه‌ری ئه‌وه‌یه نه مافی خۆت به‌و بده‌یت، و نه‌مافی ئه‌ویش بخۆیت وه‌ك ترازوو به‌رامبه‌ربێ.. به‌ڵام چاكرهفتاری (البر) ئه‌وه‌یه كه واز له‌هه‌ندێ مافی خۆیشت بۆ به‌رامبه‌ره‌كه‌ت بێنی، و به‌زیاده‌وه مافی خۆی بده‌یتێ و چاكه‌ی له‌ته‌كا بكه‌یت.خوا رێی به عه‌دل و چاكه{بیرر} داوه له‌ته‌كیانا.
جا ئه‌وانه‌ی ئایه‌ته‌كه نه‌هی له لایه‌نگرییان كردووه، كه‌سانێكی دیندوژمن و شه‌رخوازن، رقیان له‌هه‌موو موسڵمانێكه وههوڵیش بۆ له‌ناوبردن و ئاواره‌كردنیان ده‌ده‌ن. وه‌ك كاره‌كانی قوره‌یش به‌رامبه‌ر موسڵمانانی مه‌ككه..
دووه‌م :بهڵگهشيان لهسوننهتا ئه‌وه‌یه: عن أسماءَ بنت أبي بكر قالتْ: قدمَتْ عَليَّ أمّي وَهيَ مشْركة في عَهْد قرَيْش، إذْعَاهَدوا رَسولَ الله ومدَّتهمْ مَعَ أبيهَا، اسْتفتَتْ رَسولَ الله صلى الله عليه وسلم فَقلت: يَا رَسولَ الله! إنَّ أمّي قدمَتْ عَليَّ وَهيَ راغبَة، أفَأصلهَا؟ قالَ: نَعَمْ، صليها.(7) ئه‌سمای كچی ئهبوبهكرهات بۆلای پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێبێ گووتی: ئه‌ی پێغه‌ممه‌ری خوا! دایكم بت په‌رسته، و هاتووه بۆ سه‌ردانم، و ئاره‌زووی لێیه سه‌ردانی بكه‌م، و دیاری بۆببهم، ئایا سه‌ردانی بكه‌م و په‌یوه‌ندیم له‌ته‌كیا هه‌بيت؟ فه‌رمووی:(صليهَا)سه‌ری لێ بده. له‌ریوایه‌تێكی ترا فه‌رمووی: (صلي أمَّك) سه‌ر له‌دایكت بده‌و په‌یوه‌ندیت له‌ته‌كیا هه‌بێ ..
سێ هه‌م: دایكی ئه‌سما بتپه‌رست بوو، خۆ هه‌ڵویستی ئیسلام به‌رامبه‌ر ئه‌هلی كتێب زۆر ئاسانتره تا به‌رامبه‌ر موشریك و بت په‌رسته‌كان. ته‌نانه‌ت قورئان رێی ئه‌وه‌ی داوه مرۆڤی موسڵمان نانیان بخوات و ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ری سهربراویشیان به‌حه‌ڵال بزانێ، وَطَعَام الَّذينَ أوتواْ الْكتَابَ حلٌّ لَّكمْ، وَطَعَامكمْ حلّ لَّهمْ، ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن كتێبن خواردنیان حه‌ڵاڵه بۆتان، و خواردنی ئێوه‌ش حه‌ڵاڵه بۆیان. كۆرای زانایانی ته‌فسیر له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه مه‌به‌ست له {طَعام} سه‌ربراوی ده‌ستیانه.
چواره‌م: زیاد له‌وه دروسته ژنیان لێ بخوازرێ و هه‌ر له‌سه‌ر دینی خۆیشیان بن.. ئه‌وه‌ته له سووره‌تی مائیده‌دا پاش دروستبوونی خواردنیان ده‌فه‌رموێ: وَطَعَام الَّذينَ أوتواْ الْكتَابَ حلٌّ لَّكمْ، وَ…. وَالْمحْصَنَاتُ منَ الْمؤْمنَات وَالْمحْصَنَاتُ منَ الَّذينَ أوتواْ الْكتَابَ من قَبْلكمْ (8).
ئه‌وانه‌ی خاوه‌ن كتێبن خواردنیان حه‌ڵاڵه بۆتان، و خواردنی ئێوه‌ش حه‌ڵاڵه بۆیان، و ماره‌كردنی ئافره‌تانی پاكداوێن له‌ئیمانداران، و نیكاحی ئافره‌تانی پاكداوین له‌وانه‌ی پیش خۆتان كه‌خاوه‌ن كتێب بوون حه‌ڵاڵه بۆتان.
پێنجه‌م: بێگومان خۆشه‌ویستی و سۆزی نێوان ژن ومێرد شتێكی سروشتیه، و به‌ڵكو یه‌كێكه له‌به‌رهه‌مه‌كانی وه‌ك خوای باڵاده‌ست ده‌فه‌رموێ: وَمنْ آيَاته أَنْ خَلَقَ لَكم مّنْ أَنفسكمْ أَزْوَاجًا لّتَسْكنوا إلَيْهَا وَجَعَلَ بَيْنَكم مَّوَدَّةً وَرَحْمَةً (9) یه‌كێك له‌نیشانه‌كانی ده‌سه‌ڵاتی خوا ئه‌وه‌یه كه له‌خودی خۆتان هاوسه‌ری بۆ دروست كردون، تا له په‌نایاندا ئارام بگرن، و له‌نێوانتانا خۆشه‌ویستی و سۆزی به‌دیهێناوه.. چۆن پیاو خێزانی خۆی خۆش ناوێ كه هاوبه‌شی ژیان و دایكی منداڵ و ماڵداریهتی؟ له‌باره‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ی نێوان ژن ومێرده‌وه خوا فه‌رموویه‌تی: هنَّ لبَاسٌ لَّكمْ وَأَنتمْ لبَاسٌ لَّهنَّ (10) واته: ئه‌وان به‌رگ و پۆشاكن بۆئێوه، و ئێوه‌ش به‌رگ و پۆشاكن بۆ ئه‌وان.
شه‌شه‌م: داخوازییه‌كانی ئه‌م جووتبوون و هاوسه‌رییه، دروستبونی په‌یوه‌ندیه‌كی بنه‌ره‌تی و سروشتییه له‌نێوان خه‌ڵكیدا، كه ئه‌ویش خزمایه‌تییه به‌هۆی ژنخوازییه‌وه، له ئه‌نجامی ئه‌مه‌وه دایك و خاڵ و پوور و نه‌نك و باپیره، و خاڵۆزا و پورزا دروست ده‌بێت، ئه‌مانه‌ش له‌ئیسلاما مافی ره‌حم و خزمایه‌تیان هه‌یه، خوایش ده‌فه‌رموێ: وَأوْلواْ اڵارْحَام بَعْضهمْ أَوْلَى ببَعْض في كتَاب اللّه (11). له به‌رنامه‌ی خوادا ئه‌وانه‌ی په‌یوه‌ندی خزمایه‌تی ره‌حمیان هه‌یه هه‌ندێكیان له‌پێشترن بۆهه‌ندێكیان له‌خه‌ڵكی تر.. هه‌روه‌ها خوا فه‌رموویه‌تی: إنَّ اللّهَ يَأْمر بالْعَدْل وَالإحْسَان وَإيتَاء ذي الْقرْبَى (12). بیگومان خوا فه‌رمان ده‌كات به‌دادگه‌ری و چاكرهفتاری و به‌خشنده‌یی له‌ته‌ك خزماندا.. ئهگهردهڵێیت ئایه‌ته‌كه‌ی پێشوو بۆ مه‌سه‌له‌ی میراته و میراتیش له‌نێوان موسوڵمان وكافردا نییه، ده‌ڵێم: باقسه‌ی تۆبێ، و منیش ده‌زانم له‌باره‌ی میراته‌وه هاتووه، به‌ڵام بۆ چاكه ككردن حه‌دیسه‌كه‌ی ئه‌سما خوا لێی رازی بێ باشترین تهفسیریهتی..
حه‌وته‌م: جگه له‌وه‌ی ئیسلام موسڵمانان هان ده‌دات له‌ته‌ك دایك و خزمانی خویانا – باكاریش بن – چاكه كار و خۆش رهتاربن، و هانیشیان ده‌دات تا خۆشرهفتار و جوانكار بن به‌رامبه‌ر ئاده‌مزاد به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، ئه‌وه‌ته پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێبێ ئامۆژگاری ئه‌بوزه‌ر ده‌كات و ده‌فه‌رموێ: اتَّق اللهَ حَيْثمَا كنْتَ، وَأتبع السَّيئَةَ الحَسَنَةَ تَمْحهَا، وَخَالق الناسَ بخلق حَسَن (13) واته: له‌هه‌ركوێ بوویت له‌خوا بترسه، و به‌شوێن خراپه‌دا كرده‌وه‌ی چاكه بكه پاكی ده‌كاته‌وه، به‌ره‌وشتی جوان له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا مامه‌ڵه بكه.. نافه‌رموێ له‌ته‌ك موسوڵماناندا..به‌ڵكو ده‌فه‌رموێ: له‌گه‌ڵ خه‌ڵكیدا كافربێ یا موسوڵمان..
هه‌شته‌م: له‌م باره‌وه فه‌رموده‌یه‌كی دروست هه‌یه، كه له‌ژیانی كرده‌وه‌یی رۆژانه‌دا هاتووه، ئه‌وه‌بوو هه‌ندێك له جووه‌كان رۆیشتن بۆ ماڵ پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێبێ و له‌باتی ئه‌سسه‌لامو عه‌له‌یكوم، وتیان: ئهسسامو عه‌له‌یكوم، واته: مردن و تیاچون بۆ ئێوه‌بێ.. كه حه‌زره‌تی عائیشه گوێی لێ‌بوو، فه‌رمووی: ئه‌ی دوژمنانی خوا! سام و له‌عنه‌ت لهئێوهبێ. پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێبێ له‌سه‌ر ئه‌وه سه‌ركۆنه‌ی كرد بۆچ وایان پێ ده‌ڵێ؟!
ئه‌ویش عه‌رزی پێغه‌ممه‌ری كرد دروودی خوای لێبێ: ئه‌ی پێغه‌ممه‌ری خوا! گوێت لێ نه‌بوو چیان گوت؟ فه‌رمووی: با، گوێم لێ بوو، و منیش گوتم: وهعهلهیكوم. واته: بۆ خۆیشتان. ئه‌ی عائیشه! خوا له‌هه‌موو كارێكا نه‌رم و نیانی پێ خۆشه(14) ..
خوێنه‌ری به‌رێز!
ئه‌مانه هه‌موو ئایه‌ت بوون له‌ته‌ك فه‌رمووده‌و نموونه‌ی سیره‌تی پێغه‌مه‌ری خۆشه‌ویست دروودی خوای لێبێ. زیاد له‌هه‌موو ئه‌مانه خوا ده‌فه‌رموێ: وَإذَا حيّيْتم بتَحيَّة فَحَيّواْ بأَحْسَنَ منْهَا أَوْ ردّوهَا (15) ئه‌گه‌ر سڵاوتان لێكرا، به‌جوانتر له‌وه یاوه‌ك خۆی سڵاویان لێ بكه‌نه‌وه.
ده‌شێ موسڵمان لهرێزگرتندا له خه‌ڵك خوارتر نه‌بێ، و له‌ره‌وشت به‌رزیدا كه‌متر نه‌بێ، بگره ده‌بێ موسوڵمان له‌و باره‌وه باڵاده‌ست تربێ، و ره‌وشت كامڵتربێ، هه‌روه‌ك پێغه‌ممه‌ر دروودی خوای لێبێ ده‌فه‌رموێ: أكمَل المؤمنينَ إيمَانًا أحْسَنهمْ خلقاً (16) كامڵترینی كه‌س لهئیماندا ره‌وشت جوانترینیانه.
ئه‌مانه هه‌موو ره‌وشتی به‌رزی ئیسلامین به‌شێوه‌یه‌كی گشتی. هاوسێش له‌ئیسلامدا موسوڵمان بێ یان نه، مافی تایبه‌تی خۆی هه‌یه، ئه‌گه‌ر موسوڵمان و خزم بوو، ئه‌وه سێ مافی هه‌یه. مافی خزمایه‌تی، و مافی ئیسلام، و مافی هاوسێیی. ئه‌گه‌ر موسڵمان بوو خزم نه‌بوو، ئه‌وا مافی دراوسێیه‌تی و مافی ئیسلامی هه‌یه. ئه‌گه‌ر نه خزم بوو نه موسڵمان، ئه‌وا مافێكی هه‌یه كه‌ئه‌ویش مافی دراوسێیه‌تییه. ئهومافهش مافێكی پیرۆزه وپێغهممهر دروودی خوای لێبێ لهفهرموودهیهكا موسڵمانانی لێ ئاگادار كردۆته‌وه تا ئاگایان له‌و مه‌سه‌له‌یه هه‌بێ، و فه‌رموویه‌تی: مَا زالَ جبْريل يوصيني بالجَار حَتىَ ظننْت أنَّه سَيوَرّثه (17) جبریل له‌باره‌ی هاوسێوه ئه‌وه‌نده‌ی بۆ باس كردم تا گومانی ئه‌وه‌م برد ده‌یكاته میراتگر.واته: یه‌كێك له ئه‌ندامانی خێزانه‌كه. ئیسلام ئاوا موسوڵمانان هان ده‌دات تا چاكره‌فتار وخۆش مامهڵهبن له‌ته‌ك هاوسێی ناموسڵمانیاندا..
خوایش ده‌فه‌رموێ: لا يَنْهَاكم اللَّه عَن الَّذينَ لَمْ يقَاتلوكمْ في الدّين وَلَمْ يخْرجوكم مّن ديَاركمْ أَن تَبَرّوهمْ وَتقْسطوا إلَيْهمْ،إنَّ اللَّهَ يحبّ الْمقْسطينَ. (6) یه‌كێ له نیشانه‌ی چاكه‌كردن به‌رامبه‌ریان: سه‌ردانیان، و هه‌واڵپرسین، و پیرۆزبایی پێ گوتنیانه به‌بۆنه‌ی خۆشی و شادیانهوه، به‌ڵكو هاوبه‌شی كردنیشیانه ئه‌گه‌ر كاری حه‌رامی تیا نه‌كرێ، وه‌ك ئاوێته‌بوونی ژن و پیاوی نامه‌حره‌م به‌شێوه‌یه‌كی نادروست، یاشهرابخواردنهوه..تاد..
ئه‌م ره‌وشته ئیسلامییه‌یه كه ده‌بێته هۆی هیدایه‌ت و رێنوێنی خه‌ڵكی.. چه‌ندان وڵات هه‌ن سوپای ئیسلامی رووی تێنه‌كردوون، و به‌جوانترین شێوه‌ش ئیسلامیان تیا بڵاوبوه‌ته‌وه، ئه‌نده‌نووسیا كه له‌باره‌ی سه‌رژمێرییه‌وه ئه‌مرۆ به‌گه‌وره‌ترین ده‌وڵه‌تی ئیسلامی دا ده‌نرێت یه‌كێكه له‌و ده‌وڵه‌تانه، به‌هۆی ره‌وشت به‌رزی بازرگانانی موسڵمانه‌وه موسوڵمان بوون..