بابه ته كانبه شی کوردیمطالب جدید

غەیبەت کارێکی قێزەونە

غەیبەت کارێکی قێزەونە
بدیع الزمان سعید النورسی
خواى گەورە دەفەرموێ: [أیُحِبُّ أحَدُکُمْ أن یَأْکُلَ لَحْمَ أخیهِ مَیْتاً فَکَرِهْتُمُوهُ] (الحجرات:۱۲).
ئەم ئایەتە پیرۆزە، لە شەش پلەدا، نەهى لە “غەیبەت” دەکات و، بە سەرزەنشتێکى توندوتیژ مرۆڤى لێ دوور دەخاتەوە.
جا مادەم ڕووى گوفتار لەم ئایەتەدا ئاراستەى غەیبەتکاران کراوە، ئەوا واتاکەى بەم جۆرە دەبێت:
ئەو “هەمزە”یەى کە لە سەرەتادایە بۆ “ئیستیفهامى ئینکارى”یە، چونکە حوکمى ئەم ئیستیفهامە وەک لافاو دەڕژێتە ناو سەرجەم وشەکانى ئەم ئایەتەى کە هەموو یەکێ لە وشەکانى حوکمێکى لەخۆ گرتو وە..
ئەوەتا ئەم ئایەتە پیرۆزە لە وشــەى یەکەمـدا بە “هەمزە” ڕووى گـوفتار دەکاتە ئادەمیزاد و پێیان دەفەرموێ:
ئایا ئێوە خاوەنى “ژیرى” نین -کە جێى لێپرسینەوەیە– تا لەم کارە چەپەڵە تێ بگات؟
لە وشەى دووهەمیشدا: [أیُحِبُّ ] بە “هەمزە” پێیان دەفەرموێ:
ئایا ئێوە “دڵ”تان -کە جێى ڕق و خۆشەویستىیە- سەرى لێ شێواوە، کە واى لێ هاتووە بێزراوترین شتى پێ خۆشە و سڵى لێ ناکاتەوە؟
هەر بە “هەمزە” لە وشەى سێهەمیشدا: [أحَدُکُمْ ] پێیان دەفەرموێ:
ژیانى کۆمەڵایەتیتان -کە لە ژیانى کۆمەڵەوە بەهرەمەندى ژیان و حەیەوییەت دەبێت- چیى لێ قەوماوە؟ بۆچى شارستانێتىیەکەتان هێندە لە کاروان جێ ماوە کە بە شتانێک ڕازى دەبێت ژیانتان ژەهراوى و ئاسوودەییشتان لێڵ بکات!
لە وشەى چوارەم: [أن یَأْکُلَ لَحْمَ أخیهِ]یشدا، بە “هەمزە” پێیان دەفەرموێ:
چ تیرێک مرۆڤایەتیى ئێوەى پێکاوە، تا واتان لێ هاتووە بە وێنەى دڕندە، هاوڕێ خۆشەویستەکەتان بە نێچیر دەزانن و پەلامارى دەدەن؟
ئەم ئایەتە لە وشەى پێنجەمیشدا: [أخیهِ] بەو “هەمزەیە” ڕوویان تێ دەکات و دەفەرموێ:
ئایا بەزەیىتان بە هاوڕەگەزى خۆتاندا نایەتەوە؟ ئایا هیچ پەیوەندىیەکى سۆز و میهرەبانى نىیە کە بە یەکەوە بتانبەستێت؟ تا واتان لێ هاتووە بەردەبنە گیانى کەسێک کە لە چەند ڕوویەکەوە براتانە و، بە دڵڕەقى گۆشتى کەسى مەعنەوى و ستەم لێکراوى ئەو دەخۆن؟ گەر کەسێک گاز لە ئەندامێکى خۆى بگرێت ئایا بە مرۆڤێکى هۆشمەند و ژیر دادەنرێت؟ یان بە شێتێکى نەفام؟!
هەر بەو “هەمزە”یە لە وشەى شەشەمیشدا: [مَیْتاً] پێیان دەفەرموێ:
ویژدانتان لە کوێیە؟ ئایا فیترەتى ئێوە هێندە گەنیوە پەلامارى چەپەڵترین شتى نەفرەت لێکراو بدات، کە خواردنى گۆشتى براکەتانە، لە کاتێکدا کە شایانى هەموو ڕێزێکە؟
لەم ئایەتە پیرۆزەوە و لەو بەڵگە جۆراوجۆرانەى وشەکانیشى کە باسمان کردن، دەردەکەوێت “غەیبەت” لە ڕووى: ژیرى و، دڵ و، مرۆڤایەتى و، ویژدان و، فیترەت و، ئایینەوە، کارێکى خراپ و ناڕەوایە.
دە فەرموو بۆ خۆت بیر لەم ئایەتە پیرۆزە بکەرەوە و، بزانە کە چۆن بە ئیعجازێکى لە ڕادەبەدەر و کورتکردنەوەیەکى زۆر پوخت و لە شەش پلەدا، نەهى لە تاوانى “غەیبەت” دەکات!

بەڵێ ڕاستە، غەیبەت چەکێکى نزم و چەپەڵە و، کەسانى حەسوود و سەرسەخت و دوژمنى یەکتر بەکارى دەهێنن، چونکە مرۆڤى خاوەن دەروونى بەرز دانابەزێتە ئاستى بەکارهێنانى چەکى وا نزم و بێنرخ. هەر لە مێژە شاعیرێک وتوویەتى:
وأُکبِرُ نفسـی عن جزاءٍ بغیبه        فکل اغتیابٍ جهدُ من لا له جهدُ
واتە: خۆم لەوە بە گەورەتر ڕادەگرم کە بە غەیبەتکردن تۆڵەم بسێنمەوە، چونکە “غەیبەت” داڵدەى کەسانى بێتوانایە.

—————————–
سه رچاوه : مەکتووبات
@payamakani_noor

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا