بابه ته كانبه شی کوردیبیروڕامطالب جدید

تێڕوانینی مامۆستا ناصر سوبحانی لەسەر فەرموودە

تێڕوانینی مامۆستا ناصر سوبحانی لەسەر فەرموودە

نوسه ر: د.عمر عبدالعزیز

لەم بڕگەیەدا بە کورتیی جەخت لەسەر چەند خاڵێکی تایبەت دەکەمەوە:

١_ هەرگیزو لە هیچ قۆناغێکی ژیانی زانستیدا، مامۆستا ناصر سوبحانی (بیرۆکەی ڕەدکردنەوەی (‌حوجییەتی فه‌رمووده و ئیکتیفا بە قورئان)ی لەلا پەسەند نەبووە، بەڵکو بە چەندین ئایەتی قورئانی پیرۆز دەیسەلماند کە (سوننەتی صەحیح)یش حوججەیەو بۆ هەندیک بواری ئەحکام کارپێکردنی واجیبە.

ڕاستە لە سەرێکەوە هەمان بۆچوونی پێشەوا (ئەبو حەنیفە)و هەندێک لە زانایانی موحەققیقی هەبوو، کە بۆ بواری (عەقیدە)و (عبادات) کەمتر پەنای بۆ ڕیوایاتی (ئاحاد) دەبرد، لە سەرێکی تریشەوە مەرجی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ دروستیی و نادروستیی ڕیوایات، بەڵام ئەوەش بە ڕەهایی نەبوو، وەک لە بڕگەی چوارەمدا بە ژمارەو نمونەو بەلگەی ڕوون دەیسەلمێنین.

٢- بە پێچەوانەوە، ساڵی ١٩٨١ دەنگۆیەک پەیدا بوو بوو، کە گوایە هەندێ کەس لە گەنجانی ئیسلامیی پاش شۆڕشی ئێران، بیرۆکەی (ئیکتیفا بە قورئان)یان بۆ دروست بووە، دەنگۆکە ئەوەشی لەگەڵ بوو، کە لە خۆڕاو بە بێ بەڵگە بە ناوی کاک ئەحمەدی موفتیزادەوە – بەڕەحمەت بێت – ئەو باسە دەوروژێنن، گوایە پشتیان بەوە دەبەست

کە کاک لە وتارەکانیدا کەمتر بەڵگە بە فەرمودە دەهێنێتەوە، هەرچەند زۆربەی وتارەکانی کاک ئەحمەد، پاش قورئانی پیرۆز، هەڵقوڵاوی ڕۆح و جەوهەری فەرموودە بوون. لەبەر ئەوە چەند برایەک پێشنیاریان کرد کە کاک ناصر لەو بارەیەوە تێبینییەک بدات بە کاک ئەحمەد، تا خەڵکی نەشارەزا ئیستیغلالی ناوی بەڕێزی نەکەن. بۆیە کاک ناصر هاوڕێ لەگەڵ کاک مەنصوری برای، سەردانی کاک ئەحمەدی کردو بە ئەدەبێکەوە پێی وت: کاک ئەحمەد، پێم باشە جەنابت تەحقیق و موتالەعەی زیاتر لەسەر سوننەت و فەرمودەی پێغەمبەر(ص) بکەیت، کاک ئەحمەدیش سوپاسی گەرمی کاک ناصری کردبوو لەسەر سەرنجەکەی و وتبووی: “بان چاو، کاک ناصر، ان شاءاللە”.

٣- لێرەدا پێویستە ئەوەش بڵێم کە مامۆستا ناصر کەسایەتییەکی زانستیی کلاسیکی نەبوو، بە واتاو دەستەواژە ئیسلامییەکە (موقەللید) نەبوو، بگرە بە پێی تەعریف و پێناس و مەرجەکانی زانایانی (زانستی ئوصول)، کەسێکی موجتەهید بوو، نەک بە تەنها موجتەهیدی ناو (مەزهەبی شافیعی)، یان مەزهەبە موعتەبەرەکانی تر، بەڵکو موجتەهیدی دەرەوەی مەزهەبەکان بوو. واتە لەسەر بۆچوونە فیقهییەکانی هەموو مەزهەبەکان، ئیزافەو قسەو بۆچوونی نوێی هەبوو.

هەروەها لەسەر بنەماو ڕێسا گشتییەکانی زانستە بنەڕەتییەکانی (اصول الفقە)و (علوم القران)و (علوم الحدیث)، پێشنیارو سەرنجی نوێی هەبوو. لەمانەش گرنگ و سەیرتر ئەوەیە، هەرکەس گوێی لە وانەکانی شەرح و ڕاڤەی کتێبی (شذور الذهب) گرتبێت – کە (٩٧) وانەیەو لە چوار هەزار لاپەڕەی (A4)دا نووسراوەتەو چەند بەرگ کتێب دەردەچێت – تێبینی دەکات کە لە چەندین شوێندا ڕەخنە لە (ابن هشام) دەگرێت، بگرە هەڵەی ڕاست دەکاتەوە، لە کاتێکدا (ابن هشام) بە مامۆستای زمانی عەرەبی و پێشەنگی هەزاران زانای زمانزانی عەرەب دادەنرێت.

بۆیە لەبەر هەمان هۆو لە هەمان سۆنگەوە، لە سەر زانستی (فەرموودە ناسیی)ش قسەی هەبووە، وەک لەسەر زانستە شەرعی یەکانی تریش قسەو سەرنج و تێبینی خۆی هەبووە.

۴- دوا خاڵی ئەم بڕگەیە ئەوەیە کە بڵێم: بە پێی ئەو خاڵەی سەرەوە، مامۆستا ناصر سوبحانی زانایەکی ڕیفۆرمخوازو یەکێک لە پیشەنگانی ڕەوتی (ئیصلاحی فکری ئیسلامیی) بوو، سەرەڕای ڕێزی زۆری لە کلتورو (تراث)ی ئیسلامیی، بەڵام دژی چەقبەستوویی و دەمارگیریی مەزهەبیی بوو. لەگەڵ پێداچوونەوەی بنەما فیقهییەکان و داڕشتنەوەی هەندێک لە ڕێسا شەرعییەکان بوو. لەگەڵ ئەوەی دانان مەرجی بۆ ئیجتیهادو موجتەهید قبوڵ بوو، بەڵام بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ داخستنی دەرگای ئیجتیهاد نەبوو. لەگەڵ ئەوەی بەڕێزەوە دەیڕوانییە زانایانی پێشین و هەوڵ و زەحمەتیانی دەنرخاند، بەڵام سەرنج و ڕەخنەو زیادو کەمکردنیشی لەسەر زۆر شتیان هەبوو.

من پێم وایە ناسینی ئەو پیاوە  گوێلێگرتنی وانەکانی دەوێت، لەبەر گرفتی زمان و شێوەزارو خراپیی جۆری تۆماری دەنگەکانیش، گوێلێگرتنیشی حەوسەڵەو تاقەتی دەوێت، بۆیە زۆرجار پارچە گرتە دەنگییەکانی کە لە (یوتیوب)و (فەیسبووک) دادەبەزێنرێن، یان هەڵبژاردەی قسەکانی، کە لە لایەن هەندێک کەسانی دڵسۆزەوە بڵاو دەکرێنەوە، حەقی تەواوی نادەن و مەبەستەکانی وەکو خۆی ناگەیەنن، بۆیە نابێت زانایان و زانستخوازان و تازە ئاشنایان لەوێوە بیناسن.

کە ئەمە دەڵێین ئەبێ ئاگامان لەوەش بێت کە مامۆستا ناصر نزیکەی (٧٠٠) کاتژمێر وانەو بابەتی تۆمارکراوی دەنگیی هەن، کە زۆر کەمیان سوودیان لێ وەرگیراوە، هەزاران لاپەڕەی نووسراویشی هەن، کە زۆر کەمیان چاپکراون، کە ئەگەر بە ڕێژەیی وەری بگرین، دەتوانم بڵێم: حەفتا لە سەدی بیرو بەرهەمەکانی، نەخراوەتە بەردەستی خوێنەران. کە ئەم خاڵە بۆ خۆی بەڵگەیەکی ترە کە نابێت بە پەلەکردن و بێ بەدواداچوونی وردو وردبوونەوە، بە ناوی ئەو زانایەوە قسە بکرێت.

————————————

 کتێو: پێگه‌ی فه‌رمووده و ‌حوجییەتی سوننەت(لای عەللامە ناصر سوبحانی) / د. عمر عبدالعزیز

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا