بابه ته كانبه شی کوردیمطالب جدید

١۵ وەسیەت بۆ یارانی قورئان … (حافظان وخوینه رانى قورئان)

١۵ وەسیەت بۆ یارانی قورئان … (حافظان وخوینه رانى قورئان)

ئەم چەند خاڵەی بەردەست ١۵ وەسیەتن بۆ قورئان خوێنانی خۆشەویستم، دەربارەی ئادابی خوێندنەوەی کتێبی خوای پەروەردگار؛ شوکور بۆ خوا سوود و نەفعیان بوو، ئەمساڵیش جارێکی دی لەبەردەستی ئێوەدا بڵاوی دەکەمەوە:

١- کاتی زیادی خۆت بۆ قورئان تەرخان مەکە، بەڵکو وەختێکی دیاریکراوی بۆ دانێ و مەهێڵە کەس لەم کاتە هاوبەشت بێت و لێتی بسەنێت.

٢- بەر لە قورئان خوێندن، دەستنوێژت نوێ بکەوەو، ڕوو بکە قیبلە و، بە پەنا گرتن بە خودا لە شەیتان و بە ناوی خواوە دەست پێ بکە و، با پاداشت و گەورەیی خوێندنەوەی قورئانت لەبەر چاو بێت.

٣- با دەنگت لە کاتی خوێندنەوەدا نە زۆر بەرز بێت، هەم خۆت ماندوو بیت و هەم خەڵکی تر ئەزیەت کەیت، نە زۆر کزیش بێ بێزار بیت و ماندوو بی؛ خێراییشت با مام ناوەند بێ، نە زۆر خێرا بیت و حاڵی نەبی چی دەخوێنیتەوە، نە زۆر لەسەرخۆش بیت و تووشی بێ تاقەتی و بێزاری بیت.

۴- قورئان هەیبەت و سامی خۆی هەیە، هەر کەسیش قورئان مەزن بێ لە نێو دڵ و دەروونیدا، خوای پەروەردگار لە نێو خەڵکی بەرزی دەکاتەوە؛ بۆیە کە قورئانت خوێندەوە، بە قسە و باس لەگەڵ فڵان و فیسار خوێندنەوەکەت مەپچڕێنە.

۵- سەلەفی ساڵح کاتێک کە سوورەتێکیان دەخوێندەوە، تا کۆتایی سوورەتەکە بەردەوام دەبوون و نەیاندەپچڕاند، ئەمەش جۆرێکە لە ئەدەب و ڕێز لەگەڵ کەلامی خوای پەروەردگار؛ ئێستاش خەڵکانێک هەن تاقە ئایەتیش دەپچڕێنن و تەواوی ناکەن!

۶- کە دەستت بە خوێندنەوە کرد، ڕوو لە کەس مەکە، هەر کەسیش ویستی قسەت لەگەڵ بکات بە دەست ئیشارەتێکی بۆ بکە و داوای لێبووردنی لێ بکە، ئەمەش ڕێزێکە بۆ کتێبی خوای پەروەردگار.

٧- ئەگەر هەر ئەبوو قسە لەگەڵ کەسێک بکەیت و خوێندنەکەت بپچڕێنی، دەستبەجێ وەڵام مەدەوە، بەڵکو با چاوەڕوانت بێت تا دەگەیتە سەری ئایەت و لە شوێنێکی گونجاو دا دەوەستیت.

٨- پێویستە لە کاتی خوێندنەوەدا زمانت بجووڵێنیتەوە، تەنها بە چاو خوێندنەوە کافی نییە و بە خوێندنەوەی قورئان هەژمار ناکرێت، ئەمەش فەتوای شیخ ابن بازە ڕەحمەتی خوای لێ بێت.

٩- شیاو نییە چەند ئایەتێکی کەم بخوێنیتەوەو بچیتە سەر تویتەر و تیلیگرام (و فەیسبووک) و ئەمجار بگەڕێیتەوە بۆ تیلاوەت و دیسان بچیتەوە و ئاوەها… ئەمە شێوازی ڕێز و حورمەت دانان نییە بۆ کەلامی خوای پەروەردگار.

١٠- پێم باشە کە بچیتە مزگەوتێکی دوور، کە ناسیاو و نزیکی خۆتی لێ نەبێ، هەروا بۆ خوشکانیش بچنە ژوورێکی خاڵی، تا بە تەنیا و دوور لە خەڵک تام و چێژ لە قورئان وەربگرن و لە ئایەتەکانی تێڕابمێنن.

١١- گرنگە:
خراپترین ڕەفیق لە کاتی خوێندنەوەی قورئاندا مۆبایل و گووشییە!

بۆیە پێم باشە لە ماڵەوە یا لە نێو ئۆتۆمبێلدا جێی بهێڵیت و بە تەنیا بڕۆیت بۆ خوێندنەوەی قورئان، بۆ ئەوەی ئەمە نەبێتە دەرگایەک شەیتان لەوێوە بێت بۆ لات.

١٢- لە کاتی خوێندنەوەدا بێ گومان بە ئایەتانێک تێپەڕ دەبیت کە باس لە ڕەحمەت و فەزڵ و بە زەیی خودا دەکەن، بە ئایەتی تریشدا تێپەڕ دەبیت کە باس لە هەڕەشە و سزای خوای گەورە دەکەن؛ جار جار لای ئەم ئایەتانە پشوویەک بدە و دەست بەرز کەرەوەو داوای فەزڵ و خێر و بەخششی خودا بکە، ئەمە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر دڵ و دەروون جێ دەهێڵێت.

١٣- ئەگەر لەسەرخۆ بوویت لە کاتی قورئان خوێندنەوەدا، یا زۆر باشت نەدەزانی بخوێنیتەوە، بزانە کە ئەجر و پاداشتەکەت دووبەرامبەرە… پێشم باشە کە قورئان بە دەنگ دابەزێنیتە سەر مۆبایلەکەت و گوێی لێ بگریت و موتابەعەی بکەیت.

١۴- ڕاوەستان لە کۆتایی سوورەت دا، باشترە لەوەی کە لە کۆتایی جوزئەکان دا ڕاوەستیت… ئیبنو عومەر -ڕەزا و ڕەحمەتی خوای لێ بێ- کە دەستی بە خوێندنەوەی سوورەتێک دەکرد، تا تەواوی نەکردبا ڕانەدەوەستا.

١۵- خوێندنەوەی جوزئی زۆرتر و پێشبڕکێ کردن بۆ زۆر ختم کردن، سەرقاڵت نەکات لەوەی کە لە ئایەتەکانی قورئان تێڕابمێنیت، جار وا هەیە ئایەتەکە دوو بار و سێ بار و دە باریش دووبارە بکەیتەوە شتێکی باشە، هەتا ئەو کاتەی کە دڵت نەرم دەبێت و سوودی لێ وەردەگری… خوای پەروەردگار لە ئێمە و لە ئێوەش قەبووڵ بکات.

داواکارم لە خوای پەروەردگارم خۆم و ئەوەی کە دەیخوێنێتەوە و ئەوەی کە بڵاویشی دەکاتەوە، هەموومان سوودمەند بکات.

مافی بڵاوکردنەوەی بۆ هەموو موسوڵمانێکە. @mamostaebrahimmaryami

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *

پاسخ دادن معادله امنیتی الزامی است . *

دکمه بازگشت به بالا